له فیلمی “قه‌نده‌هار”دا، هاوڵاتییه‌کی ئه‌فغانی له ژێر زه‌بر و زه‌نگی تاڵه‌بانه‌کاندا، ئاواتده‌خوازێت ببێت به مێرووله:” هێنده ڕووبه‌ره‌کانی ژیانییان ته‌سکترکردۆته‌وه که به چاوی ئاسایی ئینسانه‌وه، هه‌ستناکه‌یت له‌م دنیا‌یه‌ی ئێره‌دا جێگاتده‌بێته‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر مێرووله‌یه‌ک بوایه‌م، ئه‌و کات له چاوی ئه‌وه‌وه سه‌یری دنیاکردن، شته‌کانی گه‌وره‌تر ده‌هێنایه پێش چاوم”
له حه‌فتاکانی کوردستاندا، خانووه‌کان زۆر گه‌وره نه‌بوون، لانی که‌م ئه‌گه‌ر به چاوی ئێستای گه‌وره‌ساڵانه‌وه سه‌رنجبدرایه. به‌ڵام بۆ زه‌مه‌نی منداڵی و نه‌وجه‌وانیمان، نه‌ک هه‌ر بچووک نه‌بوون، به‌ڵکه جێگای زۆر شتیان تێدا ده‌بوویه‌وه.
له یه‌کێک له گه‌ڕه‌که ساده‌کانی شاری سلێمانیدا، مالێکی زۆر بچکۆله هه‌یه. هۆده‌یه‌ک و جامخانه‌یه‌ک و حه‌وشه‌یه‌کی سێ به دوو. که‌نتۆرێک و ته‌له‌فزیۆنێکی یوگوسلافی ڕه‌ش و سپی گه‌وره. باوک شانی داداوه‌ته سه‌ر سه‌رینه پووشه باگردێنه‌که‌ی خۆیی و دایكیش له‌گه‌ڵ هاڕه‌کردنی شۆڕشی بارزانیدا، له یه‌کێک گۆڕستانه دووره‌ده‌سته‌کانی هه‌وراماندا ڕاکشاوه و بۆ چه‌ند ساڵ ده‌چێت گوڵ و گژوگیای تازه له‌سه‌ر گۆڕه‌که‌ی شینده‌بێت. برایه‌کی بچکۆله که یاریکردنی کۆڵان هێنده ماندوویکردووه ده‌مێکه له پرخه‌ی خه‌وی خۆیدایه. منیش ته‌جیلێکی “سانییۆی” یابانیم لای خۆمه‌وه داناوه و دوا گۆرانی فیلمی “شوور”ی به‌کزی له‌سه‌ره. کتێبێکی زینده‌وه‌رزانی له‌سه‌ر کۆش و هه‌ر دوو چاویش له‌سه‌ر فیلمه نیمچه ڕووته‌کانی سه‌هره. قاپێک گووڵه‌به‌ڕۆژه لای ده‌ستی ڕاسته‌وه و چایه‌کیش به ده‌ستی چه‌په‌وه. باوکم سه‌رنجێکم ده‌داتێ و به نیگایه‌کی زۆر میهره‌بانانه روومتێده‌کات؛” گوو به شه‌ره‌فی ئه‌و عیلمه‌ی له مێشکی تۆدا جێیده‌بێته‌وه، کوڕی خۆم، تۆ گوێ له گۆرانیده‌گریت، گوڵه‌به‌ڕۆژه ده‌خۆیت، سه‌یری سنگڕووته‌کانی ته‌له‌فزیۆن ده‌که‌یت، کتێبێکیشت له باوه‌شی خۆتا داناوه و ده‌ته‌وێت پێمبڵێیت سه‌عی ده‌که‌م” ئه‌گه‌ر به‌و نه‌غمه باوکانه‌ی خۆی وای پێنه‌وتبومایه و ته‌پڵه‌کی گووڵه‌به‌ڕۆژه‌که‌ی تێبگرتمایه، ده‌کرا ده‌مێک بوایه واز له‌وه بێنم که کۆمه‌ڵیک شت پێکه‌وه بکه‌م. به‌ڵام ئه‌و واینه‌کرد و ئه‌و نه‌خۆشییه‌ی که له منداڵی‌دا تووشی بووم تا ئێستاش به ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنم.
ده‌کرێ خه‌ریکی نووسین بم و هاوکاتیش باوکێکی میهره‌بان. قاچێکم له ڕادیۆی هاوپشتیدا بێت و هه‌ڵسووڕاوێکی سه‌ندیکایی که له شوێنی کاردا و تا دوای کاریش به خۆیه‌وه سه‌رقاڵمده‌کات. قاچێکم له ناو سیاسه‌تدا و ده‌ستێکیشم به رێکخستنی ئه‌و ده‌نگانه‌ی که کۆمه‌ڵگای نوێ له‌به‌رده‌م په‌نابه‌رانی بێئیقامه‌دا ،ده‌نگی لێبڕیوون.
ئه‌گه‌ر بڵێم تا کۆتایی خوێندنی ئاماده‌یش تاکه دێڕێکی شیعری کلاسیک و شیعری کوردی و عه‌ره‌بیم نه‌خوێندۆته‌وه، درۆ ناکه‌م. به‌ڵام نزیکایه‌تی به ئیحساس و به‌ها ئینسانییه‌کانی تر که نووسین به هه‌موو لقه‌کانییه‌وه پێویستییه‌تی، ئاماده‌ییه‌کی هه‌میشه‌یی ماڵ و چوارچێوه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌وروبه‌رم بووه.
خوێندنه‌کانی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و ئاماده‌ییم له قوتانخانه‌کانی مه‌حویی و کاژاو و ئه‌زمه‌ڕی سلێمانی خوێندوه و ڕشته‌ی ئه‌ندازیاری مه‌ده‌نیم له دانشگای ته‌کنۆلۆژیای به‌غدا له ساڵی 1989دا ته‌واکردووه. له سویدیش 70 پۆینتی خوێندنی باڵام له بواره‌کانی کولتور و کۆمیونیکاسۆن و کۆمه‌ڵگای فره‌کولتوری و یاسا له بواره‌کانی یاسای کاردا خوێندووه. ماوه‌ی هه‌شت ساڵێکه وه‌ک بێژه‌ر و ئاماده‌کاری به‌رنامه ڕادیۆییه‌کانی ڕادیۆی هاوپشتی کارده‌که‌م.
به جیا له دیوانی ته‌ماڵ که له سوییدا به چاپم گه‌یاندووه، هیچ به‌رهه‌مێکی دیکه‌م به چاپ نه‌گه‌یاندووه. له ساڵی 1964دا له دایک بووم و
له سالی 1990وه “شنه”یه‌ک له‌گه‌ڵ خۆیدا بردوومی و تا ئێستاش ده‌مبا
“په‌ریا”یه‌کی شانزه ساڵه و “ئارۆن”ێکی چوارساڵه‌م هه‌یه.
له سه‌ره‌تایی ساڵی 1993وه له یۆتۆبۆری سوید نیشته‌جێم.
ئه‌م بابه‌تانه‌ی له‌م ماڵپه‌ڕه‌دا دانراون، پێشتر له گۆڤار و ڕۆژنامه‌کانی ناوه‌وه و ماڵپه‌ره‌کانی ئینته‌رنێتدا بڵاوکراونه‌ته‌وه. به‌ڵام سوپاس بۆ “بیل گه‌یت” و شۆڕشی ئی تی که له کۆڵ ده‌ردی سه‌ری چاپ وکۆمه‌ڵێک گرفتی تری کردینه‌وه و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان فه‌راهامکردووه که له ئاستێکی به‌رینتر و رووبه‌رێکی نێونه‌ته‌وه‌ییدا ئه‌م ده‌ردیدڵانه دابنرێن. من هیچ کاتێک نووسینم وه‌ک کارێکی پیشه‌یی چاو لێنه‌کردووه و پێشم وایه، ئینسان له خۆیدا شیعرێکی گه‌وره و ڕۆمانێکی پر گڕێیه. ئه‌وه‌ی ئینسان وه‌ک نووسین ده‌یه‌وێ له‌م کائینه ئه‌فسووناوییه نزیکبێته‌وه، کۆششێکه بۆ ڕووناکردنه‌وه‌ی به‌رپێی خۆیی و دۆزینه‌وه‌ی به‌شێکه له‌و بوونه‌ی که له به‌ینی بێشکه و گۆڕدا ئاڵوگۆڕێکی سه‌یری به‌سه‌ردا دێت. نازانم کێیه ده‌ڵێت: ئینسان وه‌ک په‌ڕه‌یه‌کی سپی له دایکده‌بێت و وه‌ک وه‌ره‌قی قۆپییه‌ی ژێر کاغه‌ز کۆتایی به ژیانی دێت”
ئه‌م نووسینانه، به‌شیک له‌و تێکستانه‌ن له ژێر وه‌ره‌قی قۆپییه‌ی ژیانی مندا ده‌رکه‌وتوون و باوکم وته‌نی:” تازه خۆشیم بێ و ترشیم بێ هه‌ر ئه‌وه‌یه” و ناتوانم لێیان په‌شیمان بم و ده‌کرێ که‌سانی تر، سه‌رنجی جۆراوجۆرییان له‌سه‌ری هه‌بێت.