لەهەر شوێنێکدا سیستەمی لێبووردنی “تاوانبار”، چ لە شێوەی لێبوردنی تاکە کەسی و گشتیدا بوونی هەبێت، ئیشکالییەتێکی گەورە لە سیستەمی قەزائیدا بوونی هەیە. لەو وڵاتانەدا کە لێبووردن وێردی سەرزاری سەرکردە و بەرپرسیارانی قەراری سیاسی و کۆمەڵایەتین، سیستەمی سزا بە هەموو ماناکانی هەڵگری ئەو چەمکەوە، پانتاییەکی گەورەی کۆمەڵایەتی ژیانی ئینسانەکان داگیردەکات. واتا ئەگەر لێبوردن، ڕوخسارێکی “پۆزەتیڤ” ی کەسی لێببوردوودەرکەر دەداتە دەست، بەڵام بە دیوێکی تریشیدا، دڕندەیی و ڕووخسارێکی تەواو پێچەوانەی ئەو چوارچێوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەش نیشاندەدات کە لێبوردن دەکاتە ڕێگاچارەی ئەو گرفتەی کە هاتۆتە پێش.
لێبوردن، لەگەڵ ئاییندا دەبێتە دژەوێنەی چەمکی سزا. لە هەموو ئایینەکاندا ئینسان ڕووبەڕووی خودایەکی میهرەبان دەبێتەوە کە توانای لێبوردنی ئینسانەکانی هەیە، هاوکاتیش ئەم دڵفراوانی و میهرەبانییەی کە خواوەند بە مەخلوقەکانی خۆی دەبەخشێت، سنوورداردەکرێت بەو مەرجانەوەی کە ئینسان بۆی نییە تێپەڕێنێت. واتا ئەگەر ملکەچی فەرمانەکانی خواوەند نەبوویت، ئەوا دەرگا لەسەر چەمکی سزا لەبەردەمدا ئاواڵەیە.
هەر بۆیەش لە ڕێگەی ڕیتواڵەکانی لێبوردنەوە، سەرکردەی سیاسی، جێگۆڕکێیەکی گەورە بە بوونی زەمینی خۆی دەکات و بەرگێکی تەواو ئاسمانی و ئایینی لەبەردەکات. واتا کاتێک سەرکردەیەکی سیاسی لە ڕێگەی لێبوردنەوە، دڵفراوانی و میهرەبانی و بەتەنگەوەهاتنی کێشەی هاولاتییانی ژێردەسەڵاتەکەی خۆی نمایشدەکات، هاوکاتیش پەیامێکی دیکەی تەواو پێچەوانە بە ژێردەستەکانی خۆی دەبەخشێت. پەیامێک کە پووختەکەی لەوەدا چرَدەبێتەوە:” دەتوانم ژیانتان پێببەخشمەوە و لێشتانی وەربگرمەوە.” ئەوەی لە پرۆسەی لێبوردنێکی فەردی و کۆمەڵایەتیدا خۆی نمایشدەکات، خودی میهرەبانی و دڵفراوانی سەرکردە نییە لە پلەی یەکەمدا، بەڵکو نمایشکردنی کولتوری “سزایە” کە بە گوێی کۆمەڵگادا دەدرێت.
واتا لێبوردن، لێرەیە نەوەک میهرەبانی و دڵگەورەیی سەرکردە بە گویێ کۆمەڵگادا بچرپێنێت، بەڵکو لێرەیە تاکو پەیامی “تێنەپەڕاندنی سنوورەکان و گەورەیی و جەلادەتی دەسەڵات هێندەی تر تۆخکاتەوە”
لەو کۆمەڵگایانەدا کە چەمکی لێبوردن بەشێک لە سیستەمی فەرمانڕەوایی داگیردەکات و لە بەرپرسیاری بچووکی فڵانە کارخانەوە بۆ وەزارەت و دەستگا سیاسییەکان هەر یەکە و بەجۆرێک پەیڕەویدەکات، هاوڵاتییان دەبنە ئەرزوحاڵ نوسی ئەو گرفتانەی کە زۆر سادە ئیمکانی چارەسەریان هەیە و بەڵام ناچارن دەستە و دوعا، “سەرکردە”، جا بەڕیوەبەری قوتابخانەیەک بێت، یان سەرۆکی وڵاتێک ، ئاوڕێک لە ئاهونزاکەی ئەوان باتەوە.
هەر بۆیەش کارێکی هێندە سەرسوڕهێنەر نییە کە سەرتاپای ڕۆژنامەگەری کوردی بە حزبی و غەیری حزبییەوە، جێگایەکی هێندە فراوانی بۆ عەرزوحاڵی هاوڵاتییان تەرخانبکات. عەرزوحاڵێک کە لەلایەن مێدیای دەسەڵاتەوە بە “فراوانی پانتاییەکانی مەملەکەتی ڕادەربڕین و ئازادی هاوڵاتییان لە ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات” ناوزەددەکرێت، بە دیوێکی تریشدا، ئیفلیجبوون و لەکارکەوتنی تەواوی سیستەمی کۆمەڵگای مەدەنی نمایشدەکات.
ئیتر ئاسایی دەبێت کە هاوڵاتییانی شارو شارۆچکەیەکی کوردستان بۆ کێشەی ڕاکیشانی شەقامێک، نامە ئاڕاستەی سەرەککۆمار یاخود سەرۆکی حکومەتی ناوخۆیی بنێرن.
بە واتایەکی دی، لەپاڵ ئەو کاریگەرییانەی کە چەمکی لێبوردن لە زەینی ئینسانەکاندا دایدەنێت و لەسەرەوە بە کورتی ئاماژەم پێدا، لێبوردن، دەبێتە گۆڕهەڵکەنی دامودەستگای مەدەنیش. ئیتر کێشەی نەبوونی کورسی لە قوتابخانەیەکدا، گرفتی بەڕێوەبەرێتی قوتابخانەیەک نییە کە دەبوایە بەڕیوەبەر لە ڕێگەی کەناڵەکانی خۆیەوە بە شوێنییەوە بێت، بەڵکو دەبێتە نامایەک و بۆ سەرۆکی حکومەت بەرزدەکرێتەوە.
لێرەوەیە کە لێبووردنی نێچیرەڤان بارزانی ، ڕووخساری میهرەبانئاسای خۆی وندەکات و ئەو دیوی چەمکی لێبووردن بە تەواوەتی ئاشکرا دەکات. ئەویش خستنە سەر پشتی دەرگای زیندانە بۆ زیندانییەک و دیلکردنی سیستەمی قەزاییە لە شوێنیدا. کردەوەیەک کە ڕەنگە بۆ کەسانێک کە لە ڕووخسارە میهرەبانئاساکەی چەمکی “لێبووردن” گەیشتبێتن، هێندە سەرنجڕاکێشەر نەبێت کاتێک سزادان دەبێتە ڕووخساری دیوەکەی تری چەمکی “لێبوردن”.
بەڵام تراژیدیا ئەوەیە، ئەوەی ئەمجارە لەم لێبووردنەدا سزادەدرێت، خودی سیستەمی قەزایی کوردستانە کە لە نمایشێکی گاڵتەجاڕیدا سزادەردەکات و هاوڵاتییان زینداندەکات، کەچی کاتێک دەبێت بە کۆمەڵگا بڵێت سزاکانم هەڵەبوون و بەو هۆیەوە تاوانبار ئازاد دەکەم، دەستێک لە پشتی ئەوەوە دێت و زیندانی دەردێنێت و ئەو لە زیندانی قوربانیدا دادەنێت. چەند تراژیدیاکەکی گەورەیە، لەبەرانبەر زیندانیکردنی سیستەمی قەزایی کوردستاندا، نە داوەرێک، نە محامییەک، نووزە لە دەمییەوە دەرنەیەت؟