بەڵێ بۆ شەڕ، بەڵام بە شەرت!

  

لەگەڵ دەستپێکردنی ئەزمەی عێراقدا، باس و جەدەلی شەڕ و سیستەمی نوێی جیهانی سەرتاپای ڕۆژنامەکانی دنیای داگیرکرد. ئەم جەدەلە تەنها ئاخاوتنی بەرپرسیارانی سیاسی و ئەحزابەکانیان نەبووە لە پلەی یەکەمدا، بەڵکو تەواوی ڕووناکبیرانی جیهان، هەریەکە و بە پێی دیدوبۆچوونی خۆی ئەم پرسیارەیان کردە تەوەری نووسینەکانیان. بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێشەر بوو لەم ناوەدا، بێدەنگی ڕووناکبیری کورد بووە. تاک و تەرا نەبێ، لەم سایت و لەو گۆڤارەدا، قەڵەمە ناسراوەکانی ڕوشنبیری کوردی، بۆ مێژوویش بێت، دێڕێکیان تۆمار نەکرد. کەچی لە پەیوەند بە ئەڤغانستان و جەنگی باڵکاندا، شایەدی دەیەها باسی جۆراوجۆرین. گرنگ ئەوە نییە کە هەڵوێستەکان بە دژی شەڕن یاخود لەگەڵ شەڕدان، گرنگ  ئەوەیە کە کەسانێک هەن و وتەکانی خۆیان لە پەیوەند بە چارەنووسی کۆمەڵگایەکدا  تۆماردەکەن.

هۆکاری سەرەکی ئەم بێدەنگییەش ئاشکرایە. ڕووناکبیری کورد لە پشت تێزی ڕزگاری نەتەوەکانەوە لە دەست دیکتاتۆری  دەوەستێت کە دەستگای ئیداری بۆش بانگەوازی بۆدەکات. سەرنجڕاکێشەریش ئەوەیە کە هیچ شەڕێک بەقەدەر ئەم شەڕەی ئێستا کە لەبەردەرگاکانماندایە، موتیڤەکانی ئاشکرانەبوون، بە تایبەتیش بۆ ئەو ڕووناکبیرەی کە زۆر ئاسان دەستی بە تازەترین لێکۆڵینەوەکانی سەردەمدا دەگات.

ئەحزابی کوردی بەوەی کە دەسەڵاتی سیاسییان لە پلەی یەکەمدا بە بوونی  ناوچەی ئارامەوە دەستدەکەوێت، نەک وەک ئیعتیرافێکی نێونەتەوەیی بە کێشەی ستەمی میللی خەڵکی کوردستان، بەڵکو وەک بەرپرسیارانێکی ئیداری ئەو  ناوچەیەی کە لە بناغەدا وەک هۆکارێکی فشاری ئەمریکیە بۆسەر بەغدا و لەگەڵ لەدەستدانی زەمینەکانی مانەوەی ئەم ناوچەیەدا دەسەڵاتی ئەوانیش کۆتایی پێدێت، هەڵوێستی خۆیان بەبێ هیچ دوودڵییەک ڕادەگەێنن.   پەیوەستبوونی ئەوان بە سیاسەتی شەڕخوازانەی ئەمریکاوە، نە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پێویستە و نە لە خەڵکی کوردستان پرسین. بەڵکو رێک و ڕەوان پەیوەستبوونە بەو سیاسەتانەوەی کە بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتی سیاسی ئەوانی بەدەستە.  بەڵام بۆ ڕووناکبیرانێک،  بۆچی پەیوەستبوون بەشەڕەوە  هاوتا دەبێتەوە بە ڕزگاری میللییەوە. مەگەر شکستی سیاسەتی ڕووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری هەر بەهۆی ئەم ئۆپۆزسیۆنەوە نەبووە کە ڕۆژێک پیاوانی سەدام دەپارێزێت و ڕۆژێکی دی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی خۆیان لەبەرانبەر یەکتریدا دەبابەکانی بەعس دێنێتە هەولێر و پەلکێشی لەشکری تورکیادەکات. ئەوا با کۆنە بەعسییەکانی ناو ئۆپۆزسیۆنی عێراقیش لەولاوەبوەستێت.

بەڵام لە ماوەی تەنها شەو و ڕۆژێکدا دەمی ڕووناکبیری کورد دەتەقێت و بە زمانەکانی ئەڵمانی و ئینگلیزی و کوردی و عەرەبی هاواردەکات کە لەشگری تورکیا دەبێ لە کوردستاندا بچێتەدەر. واتا ئێمە لەشکری ڕزگارکەری ئەمریکامان دەوێت و لەشکری تورکیامان ناوێت. ئەمە بە کورتییەکەی یانی قبوڵکردنی ئەو بەشانەی جەنگ کە دڵخوازی تۆن و لابردنی ئەوەی تر کە تۆ ناتەوێت.

بەڵام ئامادەیی تورکیا لە خاکی کوردستاندا تەنها بەهۆی جەنگی ئەمریکاوە دەتوانێت لەشکرکێشی هەزاران سەربازی ئەنجامبدات. ئەمڕۆ تورکیا بەشێک لە جەنگە و کۆنتراکتی ملیاردەها دۆلاری ئەمریکی لەگەڵ ئەم ولاتەدا، ئەو دەکاتە یەکێک لە نزیکترین دۆستەکانی ئەمریکا لەم جەنگەدا. من گومانم نییە لەوەی کە لە کۆبوونە نهێنییەکانی واشنتۆن و ئەنقەرەدا لەگەڵ سەرکردایەتی ئەحزابی دەسەڵاتداری کوردیدا، شتێکی تر ووترابێت لەوەی کە ئەمڕۆ لە ڕێگای کەناڵە جیهانییەکانەوە دەیبیستین. “هاتنی برا تورکەکانمان” بە قسەی تاڵەبانی ، شتێکی شاراوە نەبووە. تۆ بڵێی ئەمجارەش کلاوکرابێتە سەریان؟

 بەبڕوای من بانگەوازی ڕاوەستانەوە بەرانبەر بە هاتنی لەشکری توورکیا و پرۆتێستنواندن ، ئەرکێکی دەستبەجێی هەر ئینسانێکە و بوونی جالییەیەکی گەورەی کوردی لەدەرەوە دەتوانێ کاریگەری خۆی دابنێ. بەڵام هێشتاکە خیتابێک نییە کە بتوانرێ ڕەئی جیهانی و پشتیوانی بەهێزی ئەو هێزە ڕادیکاڵە لە خۆی کۆبکاتەوە کە هەتا ئێستا پشتیوان و لایەنگری کێشەی خەڵکی کوردستان بووە.

لەدەرەوی خەڵکی کورد و شەقامی کوردیدا بزووتنەوەیەکی بەرینی دژی جەنگ ئامادەیی هەیە، بزووتنەوەیەک کە ڕووناکبیری کورد و دەسەڵاتی کوردی هەتا ساتەکانی ئێستاش بە پیاوی ڕژێم و نەفام و بێ عەقڵ ناوزەدیدەکات. 

بزووتنەوەیەک کە لەگەڵ هەر کەموکوڕییەک و ناڕۆشنییەکی سیاسیشیدا، توانیویەتی وەک بلۆکێکی سیاسی سێهەم کاریگەری خۆی بەسەر بلۆکە سیاسییە دەرکەوتووەکانی دەسەڵاتی سیاسی ئەمڕۆی دنیادا دابنێت. 

ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر ڕۆشنە ئەو کەسەی لە نیویۆرکدا بە دژی جەنگە، دەزانێت کە نە عێراق یەکسانە بە سەدام و نە ئەمریکاش بریتییە لە جۆرج بۆش. هەڵوێستوەرگرتنیشی هەر بە تەنها هەڵوێستوەرگرتنێکی پاسیفیستی نییە، بەڵکو هەڵوێسوەرگرتنێکە لەبەرانبەر دەسەڵاتێکدا کە دەیەوێ مێژووی نەک هەر ئێستا، بەڵکو مێژووی چەندین دەیەی تری کۆمەڵگای بەشەری دەستنیشانکات. عێراق شوێنی تەقاندنەوەی بۆمبەکانە، بەلام پەیامی شەڕ لە خودی سیاسەتی ڕاگەیاندرا و ڕاشکاوی ستراتیژی تازەی ئەمریکیدا دەرکەوتووە و جەنگێکە بەرانبەر رەِقیبە سیاسییەکانی تری دنیا.  

تورکیا بەبێ ڕەزامەندی ئەمریکا ئاوا بە ئاشکرا مەرامە سیاسییە گلاوەکانی خۆی ڕاناگەێنێت. ئەوە خودی شەڕ و سەهمی هاوکاریکردنی تورکیایە بۆ ئەمریکا کە ئەم پشتئەستوورییە بە تورکیا دەبەخشێت. بۆیە ڕاوەستانەوە بەرامبەر بە تورکیا و بەدەستخستنی هاوپشتییەکی گەورەی جیهانی بۆ خەڵکی کوردستان، بەبێ ڕاوەستانەوە بەرانبەر بەسیاسەتی جەنگی ئەمڕۆ، خەڵکی کورد دەکاتە گاڵتەجارێکی سیاسی. بێنە بەر چاو بچیتە سەر شەقامەکان و بڵێی خەڵکی کورد بپارێزن، لەشکری تورکیا با لە کوردستان بچێتەدەر، بەڵام بۆ شەڕ. ئەمڕۆژانە چارەنووسسازترین ڕۆژگارەکانی تاقیکردنەوەی سیاسی لەبەردەم خەڵکی کوردستاندا دادەنێت. ڕیزی بزووتنەوەی دژی جەنگ لە خۆکۆکردنەوەیەکی گەورەی سیاسیدایە لەبەرانبەر شەڕی دیکتاتۆرەکاندا، چوونە سەر شەقامی خەڵکی کورد و نا وتنیان بە دەسەڵاتی تورکی لە کوردستاندا بەڵێ وتنیان بە دەسەڵاتی ئەمریکی، بە گەورەترین مەهزەلەی سیاسی تەواودەبێت.

بێدەنگبوونی ڕووناکبیری کورد لەبەرانبەر ئەو سیناریۆ ڕەشەی کە کوردستان ڕووبەڕووی دەبێتەوە، گاڵتەجاڕییەکی “ڕووناکبیرییە”، بەڵام دەنگکردنەوەی بەرانبەر بە هاتنی تورکیا و نەبینینی دەستەشاراوەکانی پشت هاتنی لەشکری تورکیا، تاریکستانێکی ڕووناکبیرییە.  
 

 
 

Check Also

سیناریۆی ڕەش، سیناریۆی سپی

سیناریۆی ڕەش، سیناریۆی سپی باسێک دەربارەی ڕەوەندی هەڵومەرجی سیاسی لە ئێراندا نووسینی: مەنسور حیکمەت وەرگێڕانی: …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *