دەستووری هەرێمی کوردستان: مەغزایەکی سیمبوڵی نەک سیمبوڵی پەیوەندییەکانی هاوڵاتییان و دەسەڵات پێکەوە

 
 

ڕەنگە سەرنجدان لە دەستووری هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی کە بڵاوکراوەتەوە، لە توانای وتارێکی کورتدا نەبێت کە لە ئێستادا من مەبەستمە دەربارەی بنووسم. ئەو تێکستەی کە لەبەر دەستدایە و لە ڕۆژنامەی مێدیای  ژ 216ی 15ی نۆڤێمبەری 2006 دا بڵاکراوەتەوە، فرە ڕەهەندە و کۆمەڵێک تەوەری جیاواز لە خۆی دەگرێت کە هەریەکەیان بۆ خۆی جێگای تێڕامان و وردبوونەوەی تایبەتە. بەڵام لەگەڵ ئەو هەمە تەوەرییەی کە خودی تێکستەکەی دەستوری هەرێمی کوردستان لە خۆی دەگرێت، کۆمەڵێک پێوە ر و چوارچێوەی گشتی هەن کە دەکرێ  باسی لێبکرێت. من ئەو چوارچێوە گشتییەم بەلاوە گرنگە کە دەستنیشانی بکەم و دواتریش دێمە سەر ئەو خاڵانەی کە جێگای پرسیارن. هەر بۆیەش دەسپێکردن لەو جێگەیەوەی کە نزیکی بە کاری خۆمەوە هەیە، دەکەمە سەرەتایەک بۆ ئەم وتارە. 

بۆ زیاتر لە نۆ ساڵ دەچێت  بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە بواری یەکێتییە کرێکارییەکانی سوییددا کار دەکەم. هەر بۆیەش مامەڵەکردن لەگەڵ “یاسای کاری سوید”دا چالاکییەکی ڕۆژانەیە و خودی کتێبی یاسای کارم دەبێت وەک “ئاو و دۆ” لەبەر بێت. بەڵام لە ماوەی ئەم چەندین ساڵەدا، دەیەها بڕگە و تێکستی ناو یاسای کاری سوید ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت و دەبێتە جێگای سەرسوڕمان. ڕەنگە سەرنجدانێک لە یاسای کاری سوید لە خۆیدا باشترین ئاوێنەی ئەو ئاڵوگۆڕە سیاسی و کولتوری و کۆمەڵایەتیانە بێت کە ئەم کۆمەڵگایە لە ماوەی ئەم چەندین ساڵەدا پیایدا تێپەڕیوە. هۆکاری سەرەکی ئەم ئاڵوگۆڕانەش، لە سادەترین دەربڕینی خۆیدا، لەو هاوکێشە “بێزراوەدا” چڕ بێتەوە کە بە پەیوەندییەکانی نێوان کار و سەرمایە لە قەڵەم دەدرێت. هاوکێشەیەک کە لە دەربڕینە ئابوورییە تەجریدکراوەکەیدا، ئەو ململانێیەمان پیشان دەدات کە لە نێوان کار و سەرمایەدایە و لە ئاستە بەرینە کۆمەڵایەتییەکەیدا سەنگەر بەستنی ئەو هێزە سیاسییە کۆمەڵایەتییانەن کە لە ململانێی کار و سەرمایەدا لە سەنگەری جۆراوجۆرەوە بۆ کۆمەڵگا دەڕوانن. دیارە ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بەرژەوەندییە جیاوازانەی کە لە دەوری ئەم ململانێیەوە تەوەرییان بەستووە. بۆ ئەو هێزە سیاسییانەی کە پێیان وایە فرۆشتنی ئەم هێزی کارە دەبێت هاوشان بێت بەو مافە مەدەنی و ئینسانییانەی کە گروپی “فرۆشی کار” دەبێ لێی بەهرەمەند بێت و سەنگەری ئەو بەریش هەر ئاوا بە ئاسانی خوازیاری دەستبەرداربوونی بەرژەوەندییە ئابووریەکانی خۆی نابێت. 

ئەوەی ئاستی بەهرەمەندبوون یا نەبوونی کرێکار یان فەرمانبەر لە مافە ئینسانییەکانی خۆی لە بازاڕی کاردا دەستنیشان دەکات، سەنگ و سوکی و پارسەنگی ئەو پەیوەندی دەسەڵاتەیە کە لە نێوان بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکانی هەر دوو سەنگەرەکانی دەوری پەیوەندی نێوان کار و سەرمایەدان.

تا توانای یەکێتییە کرێکارییەکان بەهێز بێت و لە تەرازوویەکی هێزی گەورەتر بەهرەمەند بن کە لە بڕگە جیاوازە مێژوویەکانی سەدەی بیستدا دەبینرێت، ئەوا یاسای کارێک  بەرهەم دێت کە مۆری ئەم باڵادەستییەی پێوەیە. کاتێک ئەم پارسەنگیی هێزە تێک دەچێت بە تایبەت لە ناوەڕاستی هەشتا و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە، ئەوا ئیتر یاسایەکی کارمان لەبەردەستدایە، کە کەمترین بەرژەوەندییەکانی هێزفرۆشانی ناو بازاڕی کاری تێدایە.

بە کورتییەکەی ئەم بەرابەرکێیەی کە لە نێوان کرێکار و ڕێکخراوەکانی و خاوەنکار و ڕێکخراوەکانیاندایە، لە یەک بەیەکی بڕگە یاساییەکانی یاسای کاردا خۆی دەبینێتەوە. دەرکردنی کرێکار لەسەر کار، کارێکی هێندە ئاسان نەبووە لە حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردووی سوییددا. بەڵام لە نەودەکان بە دواوە، کارێکی گران نییە لە ڕوانگەی یاسای کارەوە. هەر ئاڵوگۆڕێک لە دەسەڵاتی پەرلەمانی سویددا پێک هاتبێت، چەپ گۆڕدرابێت بە ڕاست، بە ڕۆشنی لە یاسای کاردا ڕەنگی داوەتەوە. هەر بۆیەش من ئەم تێڕوانینەی کە تیایدا یاسای کار دەبێت بە تابلۆیەک تا دیدوبۆچوونە جیاوازەکانی بزووتنەوە سیاسییەکانی تیا بخوێنرێتەوە، دەکەمە ئەو چوارچێوەیەی کە لێیەوە سەرنجی دەستوری هەرێمی کوردستان دەدەم.

کامەن ئەو هێزانەی لە پشت نووسینی دەستوری هەرێمی کوردستانەوەن

 بەبڕوای من، ئەگەر خودی تێکستی نووسراوی دەستوورەکەش نەخوێنرێتەوە، ناسینی ئەو هێز و بزووتنەوانەی کە لە پشت ئامادەکردن و نووسینەوەی دەستوورەوەن، لانی کەم چوارچێوەیەکی گشتی ئەو بنەما فیکری و گوتارە سیاسییەمان پیشاندەدات کە ئەم هێزانە لە پراکتیکی ڕۆژانەیاندا بەرهەمی دەهێننەوە.

بۆ نموونە ناسینی چوارچێوە سیاسی و فیکرییەکانی هێزێکی کۆنسێرڤاتیڤ، هیچ کەسێک تووشی شۆک ناکات کاتێک ئەم تێڕوانینەی ئەوان لە تێکستێکدا دەبێتە بنەمای هەڵوێستوەرگرتنێکی سیاسی بۆ نموونە لە پەیوەند بە پەیوەندییە خێزانییەکاندا.

هەر بۆیەش ناسینی ئەو بزووتنەوە سیاسییەی کە لە باری عەمەلییەوە بە باوکی ئەمەکداری دەستوور لە قەڵەم دەدرێت، ئاسان بە دەرئەنجامە بەدەستهاتووکانی ناو دەستوورمان ئاشنا دەکات.

بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کورد و چیرۆکی دەستور

 یەکێک لەو دیدە باوانەی کە زۆربەی ڕووناکبیرانی کورد تیایدا شەریکن، سەندنەوەی ناوی ناسیونالیزم لە بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردە. هۆکاری سەرەکی ئەم کردەیەش ئەوەیە کە ناسیونالیزمی کوردی خوازیاری دروستکردنی دەوڵەتی کوردی نییە و هیشتاش لە خەونی قەبیلەئاسای سەدەکانی هەژدە و نۆزدەدایە. ئەم دووکەرتبوونەی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کوردی و دوورەدەستبوونی خەونی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی و گۆڕینەوەی نەتەوە بە حیزب، بەشێک لەو ڕەخنە باوانەن کە شوناسی ناسیونالیستبوون لەم هێزانە دەکەنەوە.

من سەرنجدانێک لەم دیدە باوەم بەلاوە گرنگە تاکو بە ڕاشکاوانە تر جەخت لەسەر بەرهەقبوونی ئەم پرۆژەی دەستورە بدەم کە ئەم بزووتنەوەیە باوکی داڕێژەی ئەم پرۆژەیەیە.

ڕەنگە دەربڕینەکەی شێرزاد حەسەن لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی ڕادیۆی هاوپشتیدا کە خۆم ئەنجامم دا لە چەند مانگی ڕابردوودا، بە چڕترین شێوە، ئەم دیدەی سەرەوەمان بۆ ڕۆشن بکاتەوە.  ِشێرزاد دەڵێ:” ئەم هێزانە بە قەدەر حەسەن زیرەکیش ناسیونالیست نین و نەبوون. ئاخر ئەو پیاوە بە گۆرانی توانییویەتی سابڵاخییەک و سلێمانییەک و بۆتانییەک لە یەکدی نزیک بکاتەوە.”

لەبەر ڕۆشنایی ئەم وتەزایەدا، ئاسانتر لە نەبوونی دەوڵەتی کوردی و دووکەرتبوونی ئەم دوو دەسەڵاتە تێدەگەین کە ناسیونالیزمی کوردی بێ تاوانبار دەکرێن.

بەڵام ئەگەر دروستکردن ویەکپێگرتنی نەتەوە یە یەکێک لە خەسڵەتە بنەڕەتییکانی ناسیونالیزم بناسرێتەوە، ئەوە دەیەها خەسڵەتی دیکە هەیە کە لە پرۆژەی دروستکردنی نەتەوەدا کارسازن و ناسیۆنالیزمی کورد هیچی کەمتر نییە لە بزووتنەوە هاوشانەکانی خۆی.

لە هیچ زەمەنێکی مێژوویدا، بە جیا لە ساتەوەختی کورتی ئەم بزووتنەوەیەدا، ناسیونالیزمی کورد خاوەنی خەونی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی نەبووە. ئەوەیشی ئەم خەونە دەکاتە دەرەوەی ئاسۆکانی ئەم بزووتنەوەوە، نا ناسیونالیستبوونی ڕابەرانی سیاسی ئەم بزووتنەوەیە نییە،  بەڵکو هەڵبژاردنی ئەڵتەرناتیڤێکی دیکەی چارەسەری مەسەلەی میللی بووە لە ڕێگەی شەریکبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتە مەرکەزییەکاندا.

پەکەکە بە چوارپارچەییەوە دێتە ناو بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کوردییەوە و بە مافە کولتوری و زمانییەکانی خەڵکی کوردستان لە تورکیادا ڕازییە، بەڵام خەونی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی لە ئاستێکی بەرینی کۆمەڵایەتیدا بە تەواوی هێزی خۆیەوە زیندووە. ئەوەی لەم نموونەیەی سەرەوەدا گرنگە، دەرخستنی ناوەڕۆکی ئەو ڕابەرایەتییە سیاسییەیە کە باڵادەستی خۆی بەسەر بزووتنەوەی حزبی هێزەکانی ناو ناسیونالیزمی کوردەوەن. هەموو ئەحزابێکی سیاسی، درێژکراوەی ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەیە کە لە کۆمەڵگادا بوونی هەیە. حزبی سیاسی، کۆی ڕێکخستنی ئیلیتە سیاسییە چالاکەکەی ناو بزووتنەوەی کۆمەڵایەتین و رەوتی سیاسی و ئامانجی ئەم حزبە سیاسییە وەک نوێنەری بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی، لە قامەتی ڕابەرایەتی حزبی سیاسیدا بەرجەستە دەبێتەوە.

ئەوە نا ناسیونالیستبوونی تاڵەبانی و بارزانی نییە کە کورد دەوڵەتی کوردی نییە،  بەڵکە ئەوە قبوڵکردنی ئەو جەماوەرە بەرینەی کوردییە کە لە پشت پراکتیزەکردنی سیاسەتی”چارەسەری کێشەی کورد لە بەغدا و ئەنقەرە و تاراندایە” کە زەخیرەی بەر هەمهێنانەوەی هێشتنەوەی دەسەڵاتی ئەم حزبە سیاسیانەن.

دەسەڵاتی حزبی ئەم دوو هێزە، لە ماوەی کەمترین لە شەو و ڕۆژێکدا توانای هەیە کە هەر هەمان زەخیرەی ئینسانی بکاتە مەتریاڵی بزووتنەوەی دەوڵەتی کوردی، بەڵام نایکات. چونکە لە ئاسۆی ئەم دەسەڵاتە حزبییە و ڕابەرایەتییەکەیدا، جۆرێکی دی لە تێڕوانین بۆ چارەسەری کێشەی کورددا هەیە. ئەو ڕێگاچارەیەی کە ئێستا زۆربەی زۆری خەڵکی کوردستان قبوڵی کردووە.

ئاخاوتنی چەند دەقیقەیی تاڵەبانی لە نیویۆرک و دەرکەوتنی بارزانی بە جلی کوردییەوە گەورەترین نمایشی سیمبۆلیکی ڕابەرایەتی ئەم بزووتنەوە سیاسییەیە لە ئاستێکی بەرینی کۆمەڵایەتیدا. هەڵبژاردنی تاڵەبانی بۆ سەرەککۆماری عێراق، جەماوەرێکی بەرینی خەڵکی کوردستان لە مەهاباد و دیاربەکر دەخاتە سەر شەقام. ئەم کردەوە بێ بایەخانەی کە ڕووناکبیرانی کوردی وای ناو دەنێن، پراکتیکی ئامانجدارانەی بزووتنەوەیەکی سیاسییە کە لە دەرەوەی حزبی سیاسی ئەم ڕابەرانەدا، هەزارەها ئینسان دەخاتە سەر شەقام. بەڵام ئەم ڕابەرایەتییە ئەم جۆرە بڕیارە سیاسییەی داوە کە “خوازیاری شەریکبوونە لە دەسەڵاتی سیاسیدا”. ئەگەر ناسیونالیزمی کوردی لە پرۆسەی سیاسیدا بە شوێن ئەو بەرژەوەندییە سیاسییەوەیە کە ڕابەرایەتی ئەم هێزە سیاسییانە خوازیارین کە جێگای ڕەخنەی ڕووناکبیرانی کوردە، ئەوا لە تەواوی بوارە کۆمەڵایەتییە کولتورییەکانی دیکەدا، قارەمانێکی سەرسەختی بردنە پێشەوەی گوتارێکی ناسیونالیستییە. جا ئەگەر کەسێک دەیەوێت بە دیدێکی لیبرالانەترەوە ئەم گوتارە ناسیونالیستییە بخاتە بەر ڕەخنە، ئەوە لە مێشکی خۆیدا بە شوێن  شتێکی دیکەوەیە کە ناسیونالیزم نییە. تاکە ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسی کە تاکە تیۆریسینێکی لە سەرتاپای دنیادا دروستنەکردووە، ناسیونالیزمە. ئیتر بۆچی گلەیی لە ناسیونالیزمی کورد دەکرێت کە لە بواری فیکر و مەعریفەدا کەمی هێناوە.  بەعس و بزووتنەوەی کۆسۆڤاکانی ئەلبانییا و ناسیونالیزمی عەرەبی، دەیەها بزووتنەوەی ناسیونالیستی دیکەی دنیا، ئەگەر وەربگێڕدرێنە سەر هەر زمانێک، یەک گوتارە و “خەڵکی خۆ”، “کولتوری خۆ”، “ئایینی خۆ” و تەنانەت “نەژادی پاکی خۆ” بە شێوازی جۆراوجۆر دێتە ئاخاوتن.

کاتێک زۆرینەی نوێنەرانی حزبی مۆدێراتەکانی سوید لە کۆنگرەی ساڵانەی ئەم ساڵیاندا، خوازیاری توڕهەڵدانی یاسای کاری سویدن و خوازیارن وەک ئەمریکا خاوەنکار ئازاد بێت لە هەر کردەوەیەکی تایبەت بە کارخانەوە، ئەوە ڕابەرایەتی مۆدێراتەکانە کە هەڵوێستێکی دیکەی سیاسی تەواو پێچەوانەی ئەم هەڵوێستە زۆرینەیە هەڵدەبژێرێت. هیچ حزبێکی سیاسی کە بە جۆرێک نوێنەرایەتی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی دەکات لە ئاستی کۆمەڵگادا، لە باڵای بزووتنەوەی حزبی و ئیلیتە سیاسییەکەی زیاتر واوەتر ناچێت.

هەر بۆیەش لە پاش ئەم ڕوونکردنەوە کورتەوە، باشترە سەرنجێک لەم پرۆژەی دەستوورەی هەرێمی کوردستان بدەین.

پرۆژەی دەستوری هەرێمی کوردستانی عێراق، هیچ شتێک نییە جگە لە کارنامەی ئەو بزووتنەوە سیاسییەی کە لە بەغدادا بەشێکی دەسەڵاتی سیاسی ئەمڕۆی عێراق پێکدەهێنێت. هەر بۆیەش ناوەڕۆکی یەک بە یەکی بەندەکانی لەم چوارچێوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەدا دەسوڕێتەوە کە بزووتنەوەی حزبی ناسیونالیزمی کورد لە چەند ساڵی ڕابردوودا پێشکەشی کردووە. ئەم پرۆژەیە یەک زەڕڕە پەیوەندی بە ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی هاوڵاتییان و دەسەڵاتەوە نییە. بەڵکو لە گشتییەتی خۆیدا تەنها ئاماژەیەکی سیمبۆڵییە بۆ شەرعییەتدانێکی یاسایی بەو دەسەڵاتەی کە چەندین ساڵە بە بێ یاساش پراکتیزەی دەسەڵاتی خۆی دەکات. بۆیە ناوەڕۆکی بەندەکانی هیچ پەیوەندییەکی بە زیادبوونی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی هاوڵاتییانەوە نییە. ئەوەی کە ئەم دەستوورە پێماندەڵێت، تەنها هەڵکردنی پەرچەمێکی سیاسییە لەبەرانبەر ڕەقیبەکانی خۆدا و شەرعییەتدانێکی یاساییە بەم دەسەڵاتەی کە تا ئێستا هیچ شەرعییەتێکی یاسایی نەبووە. 

ئەگەر ڕوونکردنەوەیەکی زیاتر لەسەر ئەم دەرئەنجامە سیاسییە بدەم، ئەوا چۆن چۆن هەڵبژاردنی تاڵەبانی لە ئاستی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی ناسیونالیزمدا بە دەسکەوتێکی گەورە بۆ ئەم بزووتنەوەیە تەواو دەبێت و بوونی بارزانی بە سەرۆکی حوکمەتی هەرێمی کوردستانیش بە هەمان شێوە، ئەوا ئەم دەستوورەش لە پلەی یەکەمدا ئەم مەرامە سیاسییە تەواو دەکات. واتا مانیفێستێکی سیاسییە کە بەها سەرەکییەکەی هێندە سیمبوڵییە، هێندە پرۆژەیەکی پراکتیکی نییە تا بەهۆیەوە بە شوێن مافە مەدەنییەکانی خەلکەوە بیت لە دەستووردا.

بۆیە با بە کورتی بێمە سەر وەڵامی ئەو پرسیارانەی کە سایتی بەڕێزی دەنگەکان پێی باشە ئاخاوتنی لەسەر بکرێت.

1.   لە پەیوەند بە شوناسی “گەلی کوردستانەوە”، قسە لەسەر ئەوەیە کە کێ و کامە هێز ئەم شوناس و پێناسینە هەڵدەبژێرێت. ئەو شوناسەی کە لە دەستوردا ئاماژەی پێکراوە، ڕێک لە چوارچێوەی ئەو هاوکێشە سیاسییەدایە کە سازشی هێزەکانی ناسیونالیزمی کورد لە بەغداد لەسەری ڕێککەوتوون. دەکرێ دەیەها پاشگر و پێشگری دیکەی فیدراڵ، دیموکرات، فرەیی و چەندەها چەمکی دیکەی سیاسی بۆ زیاد بکرێت. بەڵام هیچیان لە ناوەڕۆکی ئەم پرۆژەیە کەم ناکاتەوە، چونکە ئەم دەستورەی هەرێمی کوردستان وەک پاشکۆیەکی دەستووری عێراق، لەم هەلومەرجە تایبەتییەی ئێستادا کە دەستووری تیا دەنووسرێتەوە دەکرێ بەم شێوازەی ئێستایەوە بێت. بێ گومان بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دیدە سیاسییەی ئەم جۆرە لە ئەلتەرناتیڤی سیاسی هەڵدەبژێرێت.

2.  لە پەیوەند بە دەستنیشانکردنی سنووری کوردستانەوە، دەکرێ سنووری ئەمڕۆی کوردوستان بگرێتەوە، دەشکری بە ئاماژەدان بە یەکێک لەسەرژمێرە ڕەسمییەکانی عێراق کە تیایدا ژمارەی کوردزمانانی ئەو ناوچەیە لە ئاستێکی تردا بووبێت تا لە ریفراندۆمێکدا خەڵک بتوانێت بۆی بگەڕێتەوە کارێکی دیکە بێت.  سنووری کوردوستان دەکرێ لەم سنوورەی ئەمڕۆی گەورەتر بێت و دەشکرێ بچووکتر بێت.  

3.  لە ماددەی حەڤدەی پرۆژەی دەستووری کوردوستاندا ئاوا دەڵێ:” ئازادی بیڕو ڕا و داب و دەستووری ئایینی دەستەبەرە بە مەرجێ لەگەڵ حوکمەکانی دەستووری کۆماری فیدراڵی عێراق و ئەم دەستوورە و پێڕۆی گشتی و ئادابی گشتیدا پێچەوانە نەبن.”

کاتێک دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد لە بەغدادا بەهۆی ئیمتیازاتیکەەوە کە بەدەستی دێنێ چاو پۆشی لە ئیسلامیزەکردنی کۆمەڵگای عێراق دەکات، ئیتر کارێکی دژوار نییە لەبەر ڕۆشنایی دەستووری عێراقدا پەرەگرافێکی ئاوا تەمومژاوی و پڕ لەمینی سیاسی بۆ ئاییندە لە کوردستاندا بێتە بەرهەم. خواستی جیای دین لە دەوڵەت، داواکارییەکی سیاسی هەروا سادە نییە تا لە دەستوردا من و تۆ بمانەوێ جییی بکەینەوە. ئەمڕۆ بۆرژوازی لە ئاستێکی نێونەتەوایەتیدا لەم خواستەی زەمەنی شۆڕشی خۆی بە ئاشکرا پاشەکشێی کردووە و لە پەیوەند بە دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردییەوە، لێدان لە ئایین بەو پێناسەیی شیعاری ناوبراو ئاماژەی پێدەکات، لە یەکێک لە کۆڵەکە گرنگەکانی بوونی خۆی دەدات، هەر بۆیەش نەک هەر ئایین بەڵکو “ئادابی گشتیش” وەک چەمکێکی تەمومژاوی دەکاتە پشتیوانی ئەم ئازادییەی ئایین لە دەستوردا بەدەستی هێناوە.

4. ئەگەر چی لە دەستووردا نەنوسراوە ئیسلام بنچینەی یاسادانانە، بەڵام زۆر بە ڕاشکاوانە ئەو کارە دەکات. ڕوونکردنەوەی خاڵی پێشوو ئاماژە بەم لایەنە دەدات.

5. سەبارەت بە چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراتی ئاماژەیەکی ئەوتۆ لە پرۆژەی دەستوورەکەدا نییە، چونکە خودی دارێژەرانی پرۆژەکەش بە شوێن جێخستنی بنەماکانی دیموکراتییەوە نین و پێشیانوا نییە  کە جەنگی ئەم بنەما دیموکراتییانە لە کوردوستاندا لە ڕێگەی بڕگە دەستورییەکانەوەیە. کاتێک ئەمریکا دەسەڵات لە عێراقدا ئەتنیزە دەکات، ئەوە دیموکراتییە لە مەنگەنە دەدرێت. کاتێک کۆمەڵگایەک لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون هەڵدەوەشێنێتەوە و شیعە و سونەو کورد و عەرەب لە بەرانبەر هاوڵاتیانی مافیەکساندا دادەنرێن، کاتێک دەسەڵاتی گەڕەک و ناوچە و دائیرە و شارەکان لەسەر ئەساسی میلیشیای چەکداری ناوچەیی دابەشدەکرێت  قسەیەک لەسەر دیموکراتی نییە. ئیتر ناتوانیت گلەیی لە نەبوونی پرەنسیپێکی دیموکراتی بکەیت بۆ ئیدارەی کارخانەیەکی وەک شەریکەی نەوت. چونکە دەسەڵات پێشووتر لەسەر ئینتیما عەرقی و ئایینی و تایەفەییەکان دابەشکراوە. بۆیە کێشەکە دەبێتە کەمبوونی کورد لە شەریکەی نەوتدا و ئالێرەوەیە کە دەبێ  بۆ نادیموکراتیبوونی کردەوەیەکی نادیموکراتی بچیت.

 6. لە دەروازەی دووەمی دەستوردا و ماددەی نۆیەمدا ئەم چەند دێڕە دەخوێنرێتەوە:” خێزان شیرازە و(بنچینە)ی کۆمەڵگایە و لە چوارچێوەی یاساشدا پاراستنی دایکایەتی و منداڵیش دەستەبەرە و دەسەڵاتەکان و  کۆمەڵگاش پابەندن بە چاودێریکردنی هەرزە و لاوان و پاراستنی دروشمە بەرزەکانی نەریت و نیشتیمانپەروەریی ڕەسەن و کلتووری مێژووی گەلی کوردوستان.” لەم بڕگە چەند دێڕییە زیاتر ، من هیچ ئاماژەیەکی دیکە بە پرسیارەکانی یەکسانی لە پرۆژەی دەستوردا نابینمەوە. گۆڕستانی ڕەشەکوژی ژنان لە کوردستاندا، بە ڕاشکاوی بەڵگەی ناڕەسەنبوونی دروشمە بەرزەکانی نەریت و کلتوری باڵادەستی کوردوستانە. هەر بۆیەش بێگومان لە پشت چەمکی “ڕەسەنبوون”ی نەریت و کلتورەوە، مەبەستێکی زۆر ناڕەسەن لە پەیوەند بە ژنانەوە، لە کەمیندایە.

7.  لە پەیوەند بە یاسای کارەوە، کە نەک تەنها کرێکار دەگرێتەوە بە دیدی من، بەڵکو تەواوی توێژوچینەکانی دیکەش دەگرێتەوە کە بە جۆرێک هێزی کاری خۆیان دەفرۆشن، لە چەند بڕگەیەکی کورت بەولاوە، هیچ ئاماژەیەکی ئەوتۆ نییە. نە سەعاتکار جێی پرسیارە، نە پشووی ساڵانە و نەچۆنێتی پرۆسەی ئەم کڕین و فرۆشتنەی هێزی کار.

8.   سەبارەت بە قانوونی چاککردنی زەوی، بە بڕوای من ئەگەر ئاماژەیەکی لەو چەشنەش نییە باشترە. ئەم یاسایە مۆری زەمەنێکی گەشەی سەرمایەداری عێراقی پێوە دیارە و ئەو چوارچێوەیە سەرمایەداری لە عێراقدا تێیپەڕاندووە و هیچ  گومانێکی گەورە لە ئارادا نەماوەتەوە کە پەیوەندییەکانی زەوی لەمڕۆدا لە چوارچێوەی پەیوەندییە سەرمایەدارییەکاندا دەچێتە پێش و ئەوەی بە کێشەی زەوی ناودەبرێت، ناچێتە خانەی جەنگی ئاغا و جوتیاری ناوەڕاستی سەدەی ڕابردووە وە لە عێراقدا.

لە کۆتاییدا کۆمەڵێک پرسیاری دیکە هەن کە جێگایان ناو دەستوور نییە و پرسیارێکی سیاسین کە دەکرێ لە ڕێگای کەناڵە سیاسییەکانەوە گفتوگۆی لەسەر بکرێت. بەڵام دوا وتەی خۆم لەم چەند دێڕەدا چڕدەکەمەوە. 

ئەو پرۆژەی دەستورەی ئەمڕۆ دەدرێتە دەر وەک بنەمایەک بۆ دەستوری هەمیشەیی هەرێمی کوردستان، یەک مەبەستی سیاسی لە پشتییەوە کاردەکات نەوەک ئەوەی  ناوەڕۆکی یەک بە یەکی بەندەکانی چی دەڵێت. 

چ یەکێتی و چ  پارتی و چ ئەمریکاش، لەگەڵ ئەم دابەشکردنە سیاسی و ئیدارییانەی ئەمڕۆدا ڕازین. تەنانەت بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراقیش. واتا لە باری عەمەلییەوە، ئەم دەسەڵاتە کاری ڕۆتینی خۆی دەکات و دەستوریش هیش شتێک نییە جگە لە وەرگرتنی پسوڵەیەکی قانوونی بەم دەسەڵاتە لە ڕێگای ڕاپێچکردنی جەماوەرەوە بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان. ئەویشی کە ئەم دۆخە جەهەنەمییە بە مێژووی عێراق و کوردوستان دەبەخشێت، ئەو پێداویستییە ئەمریکییەیە کە خوازیارە هەر شکلِێکی دەسەڵات لە عێراقدا پێک بێت،  بۆ ئەوەی باری قورسی چەمکی “داگیرکرن” لە ئاستی نێونەتەوایەتیدا ئیدارەی بۆش قورستر نەکات.  جا ئیتر دوو سیستەمی باجی جیاواز لە سلێمانی و هەولێر چەندە مەنتیقییە یاخود نا، پرسیاری ئیدارەی بۆش نییە،بەڵکو پرسیاری سەرەکی ئەم ئیدارەیە ئەوەیە کە دەستور و یاسا هەیە. ناوەڕۆکی ئەو یاسایە چۆنە؟ پرسیاری خەڵکی عێراق و بزووتنەوە سیاسییەکانی دیکەیە تا بە دیدێکی تەواو پێچەوانەی ئەو گوتارە سیاسییەوەی کە ڕۆحی پرۆژەی دەستوور پێکدەهێنێت، ئەڵتەرناتیڤێکی ئینسانی تر بخاتە بەردەم. 

 

 
 

 
 

Check Also

سیناریۆی ڕەش، سیناریۆی سپی

سیناریۆی ڕەش، سیناریۆی سپی باسێک دەربارەی ڕەوەندی هەڵومەرجی سیاسی لە ئێراندا نووسینی: مەنسور حیکمەت وەرگێڕانی: …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *