ئایا فێمێنیزم یەکسانە بە ژنێکی سەرکەوتوو؟

 

    هەڕەشەی کانیبالیزمێکی کولتوری

 

وەرگێڕدراو لە ڕۆژنامەی بەیانیانی سوید ” داگێنز نیهێتەر” رۆژی 5 ی مایسی 2002

نووسینی نینا بێۆرک

 وەرگێرانی: بەکر ئەحمەد

 

پێشەکییەکی کورت

 ئەم وتارە لەلایەن نینا بیۆرک، یەکێک لە دەنگە ڕادیکاڵەکانی بزووتنەوەی ژنانی سویدییەوە نووسراوە. نینا لە ڕێگەی “لەژێر لێفە پەمەییەکەوە” وەک نووسەرێک خۆی دامەزراند و بوو بە دەنگێکی رادیکاڵی بزووتنەوەی “فێمێنیستی”. فێمێنیزمێک کە نینا بە شوێنیەوەیەتی، جیاوازییەکی گەورەی لەگەڵ ڕەوتە جۆراوجۆرەکانی تری فێمێنیزمی باودا هەیە. بۆ نینا فێمێنیزم دەبێ بێ ژن بێت. بە کورتییەکی شەڕ لەبەرانبەر نەهێشتنەوەی شوناسی جنسیدایە و گەرانەوەیەکە بۆ ئینسان. هەر ئەمەشە کە تایبەتمەندییەکی ئەوتۆ بە نینا و لێکۆڵینەوەکانی ئەو دەدا

“Who will you be in the next 24 hours ” ، ئەم پرسیارە لە گۆڤاری “جیهانی خانمان”ی زستانی 2001 دا و لە گۆشەی ڕیکلامێکەوە خۆی دەردەخات. لە ڕووی ساف و لووسی بەرگی گۆڤارەکەوە، ژنێکی ڤژڕەش، بە کراسێکی ئاودامانی بێ قۆڵی تەنکەوە سەرنجدەهاوێ. بە مەچەکی دەستی چەپییەوە، کاتژمێرێکی  ئاڵتوونی لە مارکەی  Patek Philippe دەبینرێت.

تاوانێکی ڕیکلامی. بەڵام شتێکی تریش. ئاماژەیەک بەوەی کە ئێمە چەند ئینسانێکی مۆدێرنین. دەرفەتی کردنی پرسیارێکی واهی: “دەتەوێت کى بیت لە ماوەی یست و چوار کاتژمێری تردا”، لە کۆمەڵگایەکی پێش مۆدێرنیتەدا نەبوو. لە و کۆمەڵگایەدا تۆ نەک هەر لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێری داهاتوودا، بەڵکو بە درێژایی هەموو تەمەن و لە ڕۆژی لەدایکبوونەوە، لەو خانەیە دەنرایت کە بۆت دانرابوو. تۆ کچی کابرای جووتیار بوویت. کوڕی قەشە بوویت یان کارەکەری ژنی پاشا بوویت. تۆ ئینتیمات بۆ شارۆچکەیەکی بچووک هەبوو، بۆ ئایینێک، جنسێک یان چینێکی کۆمەڵگا. تۆ دەتزانی کێیت ئەگەر چی زۆریش بیرت لەوە نەکردایەتەوە . 

لە ڕۆژگارەکانی شوناسی ئەسڵ و فەسلدا، هیچ کاتژمێرێک توانای فرۆشتنی نەدەبوو ئەگەر بەڕێوەبەری بەڕێزی کارخانەش داوای لە حەز و ئارەزووەکانی ئێمە بکردایە تا کەسایەتییەکی ترمان ببێت. تەنانەت هیچ ژنێکیش بە خۆی نەدەوت فێمینیست. ئاخر هەردوو دیاردەکە ئەو ئاڵوگۆرەی دەخواست کە ئێمە ئەمڕۆ پێیدەڵێین مودێرنێتە. هەردووکیان وایان دەخواست کە “ئەسڵ و فەسڵ” بگۆڕدرایە بە “خوڵقاندن” و ژیانی تۆش ببوایەتە  شتێک کە تۆ خۆت، وەک دەڵێن، بڕیاری بەسەردا دەدەیت. هەردووکیان ئەوەیان دەخواست کە تاکگەرایی ببێتە ئایدۆلۆژیایەکی باڵادەست.

بیری هەڵبژاردنی مارکەی کاتژمێرێکی تایبەتی ئەو کاتە دێتە کایەوە کە ئینسان توانای هەڵبژاردنی “من”ی خۆی بۆ ڕەخسابێ. هەربۆیەش پرسیارەکە  ئەو کاتە دەکرێ بکرێتەوە کە بۆچی هەندێک لە ئینسانەکان دەبێ لەوانی تر لەبانتر بن هەر بە هۆی ئەوەی کە خاوەنی جنسێکی ترن. بۆچی گروپێک لە ئینسان، پیاو، دەبێ بەسەر گروپێکی تری ئینسانەوە کە ژنانن سەردار ڕاگیرین؟

 ئەوەی کە مافی تاکبوون ڕێگری پێکنەهێنێت  بە هۆی هەڵبژاردنی شوناسێکی گشتییەوە، شوناسێکی وەک جنس ، هەمیشە یەکێک لە بنەما فیکرییەکانی بزووتنەوەی ژنان بووە. داخوازی بەرزکراوەی فێمێنیزمی پێشووتر بە شێوەیەکی تەواو کۆنکرێت،  بە شوێن ئەوە بوو کە ژن بکاتە ئینسانێکی ئازاد. لە ساڵی 1792 و لە “دیفاع لە مافی ژنان”دا،” ماری ۆڵستۆنیکرافت” خوازیاری مافی خوێندن بوو بۆ ژنان. لەسەرەتای سەدەی بیستدا و لە ئینگلتەرادا، بزووتنەوەی ژنان خوازیاری مافی دەنگدان بوو. لە ساڵی 1925دا و لە وڵاتی خۆشماندا” قوتابخانەی هاوڵاتی” بۆ ژنان دامەزرا کە ئامانجی پەروەردەکردنی ژنان بووە لەسەر ئەوەی کە چۆن ببنە  هاوڵاتییەکی ئازاد.

بەڵام ئەم ئاخاوتنەی فێمێنیزم سەبارەت بە “ئازادی” و “سەربەخۆبوون” لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا، نەدەکرا لە بۆشاییەکی ئابووریدا ڕووبدات. بەڵکو لە چوارچێوەی سیستەمی سەرمایەداریدا ئیمکانی هەبوو، سیستەمێک کە لۆژیکە بناغەییەکەی بریتیە لە : ڕاوکردنی قازانج. ئەمەش مانای خۆی هەبووە. مافی ئەوەی تۆ وەک تاک بخوازیت چی بیت و چی بکەیت، تەنها پەیامێکی سیاسی نەبووە کە لەلایەن بزووتنەوەیەکی ڕادیکاڵی فێمێنیستییەوە داوادەکرا، بەڵکو بوەتە بیرێکی  قازانجهێنەریش لە چوارچێوەی کۆمەڵگایەکی ئیستیهلاکی سەرمایەداریدا.  

ئەم هەموو کاری شوناسە کە کۆمەڵگایەکی دیموکراتی مۆدێرن دەرفەتی بۆ دەڕەخسێنێ، وەک پرۆسەیەکی سەرسوڕهێنەر دێتە پێش چاو ئەگەر ئەوەی کە پێی دەڵێن بازاڕ شێوازێکی کۆنکرێتی نەدۆزیایەتەوە کە بەهۆیەوە سوودێکی گەورەی لێنەبات. ئایا ئینسان دەتوانێ  ئازادی بکاتە سەرچاوەی قازانجێکی زیاتر، ئایا ئینسان دەتوانێ بەهۆی کاری شوناسی ئینسانەکانەوە بەهرەبەردارییەکی زیاتر بکات، ئەمانە هەمووی لە گۆشەنیگای کۆمپانیاوە وەک کارێکی سروشتی و پڕۆژەیەیکی جوان چاوی لێدەکرێت. ئەوەیشی لێرەدا وەک فاکتێک سەرنجدەدرێت ئەوەیە کە ڕیکلام، خزمەتکارە گەورەکەی سەرمایەداری، هەمیشە و بەردەوام داوامان لێدەکات کە شوناسەکانی خۆمان بەو جۆرە هەڵبژێرین کە لەگەلڕ هەڵبژاردنێکی  ئیستیهلاکیانەدا دێتەوە.

 “Who will you be in the next 24 hours” ، با وەڵامی ئەو پرسیارە ئەوە بێت، وەک ئەو ژنەی کە کاتژمێرێکی مارکەی  Patek Philippe ی لە دەستدایە. با وەڵامی ئەو پرسیارە، با هەموو ئەو شتەی کە پەیوەندی بە شوناسەوە هەیە لە دەوری کاڵاوە جەمسەرببەستێت. ” منی خۆت بکڕە!” ئەمە وەڵامی بازاڕی سەرمایەدارییە بە خەونی ئەو تاکە ئازادەی کە باسکرا.

هەربۆیەش پرسیاری ڕیکلامەکەی گۆڤاری خانمان”  Who will you be in the next 24 hours”، تەنها باسی خۆناسینی مۆدێرنانەی خۆرئاواییانەی خۆمان نییە،  وە هەروەها باسێکیش نییە لە خەونە دێرینەکەی بزووتنەوەی ژنان کە دەیوت خۆمان دەبێ توانای هەڵبژاردنمان هەبێت لەوەی کە چی بین و بەچی بین ، بەڵکو گێڕەرەوەی ئەو شتەیە کە لەبەر چاوە، باسی کاتژمێرێکە کەبە مارکەی  Patek Philippe  دەناسرێت، بەکورتییەکەی کاڵایەک کە ئیستیهلاک دەکرێت. بە واتایەکی تر ئەم پرسیارە ئەو باسەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە کە سیاسەتێکی ڕادیکاڵانەو ئارەزووی قازانجێکی ئابووری زیاتر، دەکرێ شان بە شانی یەکتری بڕۆن و پشت و پەنای یەکتریش بکەن.       

ئەم ڕیکلامەی گۆڤاری خانمان، وە هەموو ڕیکلامەکانی تریش  ئەوەمان نیشاندەدات کە ڕیکلام تەنها پەیامی نێردراوی  مێشکی کەسێکی داهێنەری، جا زۆر یان کەمی کۆمپانیا نییە، بەڵکو دەقێکە کە کتو مت زادەی گەشەکردنی ئەو کەش و هەوا سیاسی و ئابوورییەیە کە کۆمەڵگا بەرهەمی هێناوە. ڕیکلام هاوکات خوڵقێنەرە و لەگەڵ بۆچوون و بەهاکانی ناو کۆمەڵگادا دەچێتە دیالۆگەوە. بە تایبەتی لەگەل ئەو بزووتنەوانەدا کە بە شێوەیەک لە شێوەکان، هەلو مەرجی باو و سیستەمی دەسەڵاتدار دەخەنە ژێر پرسیارەو و لەبەرانبەریدا ڕادەوەستنەوە. ڕیکڵام ئەو توانایەی هەیە و ئەو کاریگەرییە دادەنێت لەسەرمان بە تایبەتی لەو ئاستانەدا کە ئێمە بە شوێن خەونێکەوەین.        

بەڵام ڕیکلام ئەم کارە چۆن دەکات؟ لۆژیکی ئەو چییە؟ لەبەر ئەوەی ئەو بەها جۆراوجۆرانەی ڕیکلام دەیەوێت کەڵکی لێوەربگرێت، بە نموونە بەهاکانی وەک ئازادی، سەربەخۆبوون، نەقاوەت….هتد تەنها لەواقیعدا توانای خوڵقاندنیان هەیە و لەلایەن ئینسانی واقیعییە و بە بوونی هەست و نەستی واقیعییەوە دەکرێ بوونی هەبێت. بۆیە ئینسان دەتوانێ بڵێ کە ڕیکلام بە پلەی یەکەم لەسەر بنەمای مشەخۆرییەکی چالاکانەوە دادەمەزرێنرێت. ڕیکلام بەهاکان لە واقیعەوە  دەگوێزێتەوە بۆ ئەتمۆسفێری کاڵاکان. بە جۆرێک کە ئیتر بەها( نەک بە مانای بەهای کاڵاکان، بەڵکو ئەو بەهایانەی کە پەیامی بزووتنەوە سیاسییەکان، ئازادی ، سەربەخۆبوون- تێبینی وەرگێڕ)  و کاڵاکان لەیەکەوە دەئاڵێنرێن.  بۆ نموونە ئیتر ئازادی یەکسان دەکرێتەوە بە پریپس (جۆرێکە لە بیرە لە سوید)، سەربەخۆبوون دەبێتە ڤۆڵڤۆ. ئەمە کاری بەشێ لەو پیشەسازیەی ئەمڕۆیە کە ئەو بەهایانەی کە ئینسان بە شوێنیوەیەتی و خوازیاریەتی، دەبەستێتەوە بە هەڵبژێردراوێک لە و کاڵایانەی کە بەرهەمی دەهێنن. مەبەستیش ئاشکرایە، تا ئێمە وا لێبکەن کە هەست و ئارەزووی کڕینمان لەگەڵ یەکدا تێکەڵ بکەین.

لەمڕۆدا کەم شت هەیە کە لە چنگاڵی ئەم کانیبالیزمە کولتورییە سەلامەت دەرچوو بێت. بزووتنەوەی فێمێنیستی بێگومان لەبەرەی ڕزگاربووکانی بەردەمی ئەم پەلامارەدا نییە.  ئاخر لەناو  فێمێنیزمدا  و ئەو بەهایانەی کە فێمێنیزم وتەبێژییەتی،چەمکەکانی  لەسەر پێی خۆڕاوەستان”، “سەربەخۆبوون” خاوەنی کاریزما و تیشکپەخشکردنەوەیەکی گەورەن. ئەوەیشی کە پارادۆکسە ئەوەیە کە کە ئەو بەهایانە بە هەمان شێوە جومگەیەکی گەورەی ئەو کولتوری  “زیادلەپێویست شت کڕین ” ە یە کە لە ناو ئێمەدا بوونی هەیە. بۆیەش کاتێک کۆمپانیایەکی وەک  Elisabeth Aeden ڕیکلام بۆ بۆنی 5th Avenue خۆی دەکات، زیاتر ئاشکرا دێتە پێش چاو کە کایەکردن بە چەمکەکانی ئازادی ژنان و خوددروستکردن و لەسەر پێی خۆڕاوەستان چەند ڕەهەندێکی تر بەو کاڵایە دەبەخشێت و چۆن لەمسێکی تر دەبەخشێتە بەرهەمەکە. 

لەسەر وێنەیەکی ڕەش و سپی کە وێنەی ئافرەتێکە و لەشەقام دەپەڕێتەوە لە یەکێک لە شەقامەکانی نیویۆرکدا دەبینرێت،  ئەم دێڕانە دەخوێنرێتەوە: “I am the leader of my own free world”. ئەمە دەربارەی ئەو خەونە ئەمریکییە کە دەیزانین، بەڵام نەک هەر بە تەنها ئەوە، بەڵکو ئەم وێنەیە بە هیچ شێوەیەک نەیدەتوانی کاری خۆی بکات ئەگەر وێنەکە پیاوێک بوایە و بنووسرایە: “برسی دەسەڵات” یان” خۆدامەزراو”. ئاخر ئەم پەیامە لەگەل ژندا بە جۆرێکی تر کاردەکات چونکە بزووتنەوەی ژنان وێنەی  ژنێکی ئازاد و بەهێزی بە دەیەها وەسفی پۆزەتیڤانە بارگاویکردووە و ئەوەشمان لەیاد نەچێت کە ژن لە جێگاو شوێنێکی  ژێرەوەییانەی کۆمەڵگاوە دەنگهەڵدەبڕێت. 

کاتێک کۆمپانیا بەم شێوەیە مشەخۆری بەسەر بزووتنەوەیەکی سیاسی و بەهاکانیانەوە دەکات، ئەو بەهایانەی کە بۆ خاوەنی کارخانەکان هیچ شوێنێک داگیرناکات، نەک بەمە هەر کاڵاکانیان بارگاویدەکەن بە بەهاکانی ئەو بزووتنەوە سیاسیەوە کە هی ئەوان نییە، بەڵکو خودی بزووتنەوە سیاسییەکە و بەها سیاسییەکانیشی لە بناغەوە دەگۆڕن. کاتێک ئینسان دەیەوێت لە خیتابی ڕیکلام بکۆڵێتەوە لە گۆشەنیگای ئەوەوەی کە چی لە فێمێنیزم دزیوە، ئەوا بۆمان ڕۆشندەبێتەوە کە هەندێک لە بەهاکان لەلایەن ڕیکلامەوە دەستی بەسەردا گیراوە و هەندێکی تریشی وەک خۆی هێڵراوەتەوە. ئایدیاکانی “سەربەخۆبوون”، مافی شوناسی کار و خەونی خۆدروستکردن ئەو لایەنانەن کە دنیای ڕیکلام دەستی بەسەردا گرتووە  نەوەک ئەو سیستەمی شیکردنەوەیەی کە فێمێنیزم بە شوێنیەوەیەتی و باس لە  خوشکایەتی، بونیاد، ڕێگاچارە کۆلێکتیڤییەکان یاخود هاوپشتی لە نێوان ژناندا دەکات. ئەو فێمێنیزمەی کە بەبەرەکەتە بۆ کۆمپانیاکان و دنیای ڕێکلام، فێمێنیزمێکە کە تا ئاستێکی ئێجگار گەورە ئیندیڤیچوالیزە کراوە.     

ئەوەی تۆقێنەرە ئەوەیە کە تەنها لەم کولتوری ڕیکلامسازیەدا نییە کە فێمێنیزم بەم شێوازە بەرجەستەدەکرێتەوە، بەڵکو ئەو فێمێنیزمەیشی کە لەم ساڵانەی دواییدا لە مێدیا و کتێبی لێکۆڵینەوەکانیشدا  سەری دەرهێناوە هەر هەمان شتە. شێوازێک لە فێمێنیزم کە نەک هەر مۆری پەسەندکردنی لێدراوە، بەڵکو بووەتە جۆرێک لە مۆدە. ئەوەتانێ کاتێک نووسەری ئەو کتێبە فێمێنیستییانەی کە باس و لێکۆڵینەوەیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، بۆ نموونە لە پێشەکی کتێبی “Fittstim” دا، نووسەرەکانی دەڵێن:” ئێمە جوانین، داناین، قسەخۆشین، جەربەزەین وە لەگەڵ ئەوانەشدا فێمێنیستین.”

لێرەدا ئەو مەترسییەی کە فێمێنیزم دەکرێ تووشی بێ ئاشکرا دەبێت، مەترسی ئەوەی کە فێمێنیزم بگۆڕدرێت بە پرسیاری ئەو سیفەتە شەخسییانەی  کە لە ژنێکدا دەکرێ هەبێت. بەمەش وەک لە هەندێ فێمێنیزمەکانی تردا هەیە، پرسیارەکە دەبێت بەوەی کە کەمتر قسە لەسەر گۆڕینی هەلومەرج بێت و زیاتر ببێت بەوەی کە ژن وەک “خودێک” خۆی بگۆڕێت.

ئەوەی کە لەمڕۆدا فاکتێکە ئەوەیە کە لەیەکچوونێکی سەرسوڕهێنەرانە هەیە لە نێوان ئەو ژنە ئایدیاڵەی کە لە خیتابی ڕیکلامەوە دێتەدەر و ئەو فێمێنیستەیشی کە لەسەر شانۆی کولتۆردا خۆیدەردەخات.  بۆ هەردووکیان ئامانج یەکە: هەستی خۆ، کۆنترۆڵ، سەربەخۆ و ئازادکراو. کچان دەبێ بزانن چییان دەوێت، دەبێ دەمەوەربن، کار لەسەر خۆیان بکەن و بەشوێن کارێکی خاوەن پلەوپایەی “مستقبل”ییەوە  بن. بە شێوازێکی نیگەران ئامێزەوە فێمێنیزم و خەونەکانی دنیای کاڵا، ئیدیاڵ و دیدوبۆچوونەکانی ئینسان زیاتر لەیەک نزیکبوونەتەوە.

بەڵام  ئەوەش ڕاستییەکە کە سەربەخۆیی ژن وەک تاک  ئامانجێکی هەمیشەیی  بزووتنەوەی ژنان  بووە، بەڵام بۆ گەیشتن بەوە، رێگا بریتی بووە لە هاوپشتی و خەباتێکی پێکەوەیی. فێمێنیست بوون بریتی بووە لە کۆششی بەردەوام بۆ گۆڕینی بونیاد نەک بەوەی سەرکەوتوو بیت لەکردنی شتێکدا بۆ خۆ. جا ئەو شتە گەورەکردنی مەمک بێت یان بوون بە بەڕێوەبەری باڵای کارخانەیەکی گەورە.

لە بزاوتێکی سەرسوڕهێنەردا، ئەوەی کە “خود” چی بێت، یان هەڵدان بە باڵای ژنێکی بەهێز و چووەپێشەوە و سەرکەوتوو لە بواری کاردا بووەتە هاوتازای فێمێنیست. بەمەش پرسیاری سەرەکی و مەقسەد کەمدەکرێتەوە بۆ ئاستی پرسیارێکی “شەخسی” و  ئەو بابەتە هاوبەشەش دەگۆڕدرێت بۆ ئاستی پرسیاریکی تایبەت بە تاک.

لەوە دەچێت کە بناغەی ئەم کێشەیە لەوێوە سەرچاوەیی گرتبێت کە ئێدیاڵی ئینسانی بزووتنەوەی ژنان نەیتوانی بێت  لە کۆمەڵگایەکی کۆمێرسیاڵی بازاڕدا  بە زیندوویی بمێنێتەوە. ئاخر ئەمە شتێکی حاشاهەڵنەگر بووە کە کاتێک فێمێنیزم بە درێژایی مێژوو قسەی لەسەر خۆپێگەیاندن و سەربەخۆبوون کردووە، ئەوە بەشێوەیەکی شاراوە بەشێکی لە “خود” لە خەیاڵدا بووە.؛ ئەو خودەی کە دەنگی خۆی دەبینێتەوە ، حەقیقەتی خۆی دەبینێتەوە وەو  نووسرەوەی  واقعیەتی خۆیشیەتی.

لەوانەیە هەر ئەم  “خۆ”یەش بێ، ئەم شوناسە بێت، ئەو شتەی کە ئابووری سەرمایەداری دەبوایە دووبارە سازی بداتەوە بە پێی دیدی زیاتر کەڵەکەکردنی قازانجی خۆی: “کە  هەموو شتێک ئیمکانی هەیە هەر هێندەی دەربارەی پارە بێ”

ئەمەش بەپێی ئەو لۆژیکەی کە دەڵێ: بەهاکان، ئینسانەکان، بیروڕاکان ، کەرەستەخاوەکان و تەنانەت خەونەکانیش دەبێ خۆی لەگەڵ کەشوهەوای ئابووریدا بگونجێنێت و هاوڵاتیانیش  ببنە کڕیار.      

ئەگەر ئەم ڕەوتە فیکرییە دروست بێت، ئەوا دەریدەخات کە چۆن ئەوەی کەئینسان بین پابەندە بەوەی کە چۆن کۆمەڵگاو ئابووری رێکدەخەین. ئەمەش بەمانای ئەوە دێت کە ئێمە چۆن لەکەنارەوەنراوین و لە ناخی خۆماندا بریندارین.  ئەمەش بەو مانایە دێت کە چەند دەبێت بەئاگا بین لەوەی رێ بە کێ بدەین تاکو ئایدیاڵە ئینسانییەکانمان بۆ بکێشێت. 

ئەوەی من لێی دەترسم ئەوەیە کە لەهەر جێیەک لەم سەر زەویەماندا ئینسانێک پەیدا بێت و خەون بە ئازادییەوە ببینی، ئەوا کەسانێکی ترپەیدا ببن؛ کەسانێک  کە ئیمکاناتێکی ئابووری هێندەیان هەیە تا ئەو خەونە بگۆڕنەوە بە خەون بە  کاتژمێرێکەوە  کە هەڵگری مارکەی   Patek Phillippe. 

 
 

 
 

Check Also

ئاپۆکالیپس لە “سەرما و بەرد”ی دلاوەر قەرەداغیدا

بەکر ئەحمەد: لە فیستیڤاڵی فیلمی ٢٠١٨ ی یۆتۆبۆریدا، چەترێک وەک ناونیشان کۆمەڵێک تەوەری ناوەرۆکی فیلمەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *