ئەم وتارە لەلایەن “یۆران گرێیدەر”وە نووسراوە و لە ڕۆژنامەی “مێترۆ”ی بەیانیانی ستۆکهۆڵم و یۆتۆبۆریدا لە 17 ی ئۆکتۆبەردا بڵاوکراوەتەوە. یۆران گرێیددەر، نووسەر، شاعیر، رۆژنامەنووس و یەکێک لە دەنگە ڕادیکالە چەپەکانی سویدە و سەرنووسەری ڕۆژنامەی “داڵا دێموکراتین”ە کە ڕۆژنامەی بەیانیانی باکووری سویدە.
وەرگێڕانی بۆ کوردی بەکر ئەحمەد
هەندێک جار وا ڕوودەدات کە ئینسان پەیامێکی لە شوێنێکەوە پێدەگات کە دەکەوێتە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیەوە و واشت لێدەکات کە بتگۆڕێت. لەم شەوانەدا دانیشتبووم و سەرنجێکم لەو نوسراوە بەرگ زەردە دەدا کە لە مێژە بۆم نێردراوە. بەو بڕوایەی کە ئەمیش ڕەنگە نووسراوێکی جەنگییانەی یەکڕەهەندیی “تیۆرییەکانی پیلانگێڕان” بێ، لێیگەڕام بۆ ماوەیەکی زۆر لە شوێنی خۆیدا بمێنێتەوە. نووسراوەکە بەناونیشانی: “دنیا لە دوای یانزەی سێپتێمبەرەوە؛ هەڵکشان و ئاوابوونی ئیسلامی سیاسی”ە.
بەڵام لە کۆتاییدا سەرنجێکم دایە و ئەم وشانە دیلیانکردم:” تۆو من و ئەو ملیۆن ئینسانەی کە بۆ ئازادی و بەرابەری و ژیانێکی باشترتێدەکۆشن وە لەبەرانبەر ئیمپریالیزم و تیرۆیزمی ئیسلامی سیاسیدا خەباتدەکەین جێگایەکمان لەو دنیایەدا نییە کە ئەوان وێنەی دەکێشن. ئێمەیەک کە زۆر دڕندانە دەکوژرێین، زیندانی دەکرێین و دەچەوسێینەوە، لە دنیایەکدا کە ئەوان دەینەخشێنن، بوونی ئێمەی تیادانییە.”
کێیە ئاوا هاواردەکات؟ وەڵام؛ ئەو ڕۆشنبیرەی لە ئێران لەدایک بووە، مەنسوور حیکمەت. لە چەند لاپەڕەیەکی تەنکدا کە لە زمانی فارسییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی سویدی، ڕەخنە لە چەپی ئەوروپا دەگرێت کە چۆن لە ڕەخنەی پێویستی خۆیدا لە ئەمریکا، بەرچاوانی تاریکدەبێت بەوەی کە بە هەمان شێوە ڕەخنەی پێویستی خۆی لە تێرۆریزمی ئیسلامی و بزووتنەوەی کۆنەپەرەستی ئیسلامی سیاسی لە کۆمەڵێک لە دەوڵەتەکانی تردا بگرێت.
ئەوەی ئەم لێکۆڵەرەوە درەخشانە مەبەستیەتی ئەوەیە کە ئەوە بەرژەوەندییەکانی خۆرئاوا بوو بە شێوەی جۆراوجۆر کە بزووتنەوەی بوونیادگەرایی ئیسلامی خوڵقاند، چ تاڵەبانەکان و چ بن لادنیش. ئەویش بەوەی لەلایەن ئەمریکاوە فڕێدرانە ناو گۆڕەپانەوە بۆ خەباتکردن لە دژی سۆڤیەتی ئەوسا و ئەو بزووتنەوە چەپە ڕوو لەگەشەکردووەی کە لە جیهانی ئیسلامدا لە ئارادابوو.
لە “بالی”دا کە هیچ کاتێک “دوورگەیەکی بەهەشت” نەبووە، وە لە ساڵەکانی 1960 دا ژمارەیەکی گەورە لە خەڵکی کوژران هەر لەبەر ئەوەی کۆمۆنیست بوون. ئەمریکا پشتیوانی خۆی لەم جێنۆسایدە دەربڕی. ئەوان پێیان وابوو کە حزبی کۆمۆنیست دەیتوانی ڕووبەرێک لە ئەندۆنیسیادا بە دەست بێنێت؛ ئەو وڵاتەی کە پولێکی گەورەی ئەو یاری دۆمینەیەی پێکدەهێنا لە سەردەمی جەنگی سارددا هەروەک چۆن نوام چۆمسکی دەنووسێت. وەک ئامرازێکیش لەم قەسابخانەیەدا هێزە تووندڕەوە ئیسلامییەکان بەکارهێنران.
حیکمەت مەبەستییەتی پێمان بڵێ کە بۆ ئیلیتە سیاسییەکانی واشینتۆن و لەندەن، جیهانی سێ توێندراوەتەوە و کراوە بە بلۆکێکی مەترسی دار. هاوکاتیش لەوسەرەوە کراوەتەوە بە بلۆکێکی نادیاری تر کە بە شێوەیەکی گشتی بەزەیی ئینسانە پێشڕەوەکانی ئەوروپای پێ دەبزووێنرێت.
حیکمەت ڕقی لە تاڵیبانەکان و مەلاکانی ئێرانە و هەر بەهەمان شێوەش ئیدانەی ئیمپریالیزمی ئەمریکی دەکات. ئەو خەو بە کۆمەڵگایەکی سکۆلارەوە دەبینی. هەر لەم پەیوەندەشدا زۆر نیشانپێکەرانە دەربارەی “کارخانەکانی ئایین” دەنووسێت. چ کارخانەی ئایینی مەسیحی بێت یان ئایینی ئیسلام، کە دەسەلاتێکی گەورەتریان لە مافیا و خوا سێ لایەنیەکانی چین هەیە.
مەنسوور حیکمەت لە تەمووزی ئەمساڵدا بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە کۆچی کرد، لە تەمەنێکی کەمێک لەسەر و پەنجاوە. شیکردنەوەکانی ئەو سەرسام ئاوەرە. بەڵام تەنها گرفتێکی گەورە هەیە. ئەو پیاوە کۆمۆنیستێکی تەواو پڕ بوو، یەکێک لە دامەزرێنەرانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران بوو.
وشەی کۆمۆنیزم لە وشیاری گشتیدا بەرابەر کراوەتەوە بە فاشیزم. لەمڕۆدا ئیترئەوەی کۆمۆنیزم پەیامێکی ڕۆشنگەریانە و یونیڤێرسیاڵییانەی بووە و لە دژی ئەوە بووە کە کۆمەڵگا لەلایەن بڕیارە ئایینییەکانەوە بەڕێوەببرێت چەپێنراوە و دەشاردرێتەوە، ئەویش بەهۆی ئەو جینۆسایدانەوەی کە بەناوی کۆمۆنیزمەوە ئەنجامدران .
من گوێم لەو هاوارەیە کە لە ناو ئەو کتێبە بچکۆلەیەوە دێتەدەر: کەسانی ڕادیکاڵی وەک حیکمەت، خەباتکارانی سەندیکایی یاخود ڕەخنەگرانی ئیسلامی سیاسی ، هیچ کامێک لەوانە لەو وێنەدا نین کە خۆرئاوا بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست یان جیهانی سێی کێشاوە. ئێمە وا گۆشکراوین کە پێکدادانەکان بە جەنگی ئایینی و ئەتنی لێکبدەینەوە، نەک وەک بەشێک لە جەنگەکانی دەسەڵات و شەڕە چینایەتییەکان.
ئەوەی کە لە وشیاری سیاسی ئەمڕۆماندا نییە و دەرئەنجامێکی گەورەی سێیەمە ئەوەیە کە: هەردوو لا کۆنەپەرستن چ لە ڕابردوودا و چ لە ئێستاشدا، جا لەبەرگی “بۆش” دا بن یاخود لە بەرگی ئیسلامی سیاسیدا. ئەوان بەسەر سەری ئێمەوە دەجەنگن.
تێرۆر و جەنگی دژی تێرۆر لەسەر یەکتری دەژین. ئەمە ئەو وانەیە بوو کە لەم شەوانەدا بە هۆی کۆمۆنیستێکی کۆچکردووی ئێرانییەوە، دووبارە فێری بوومەوە.