ئەم وتارەی بەردەستتان، بڕیار بوو وەک وەڵامێک بۆ وتاری”نامەی ئەعمالی مامۆستایانی پرۆلیتاریا”ی حەمەسەعید، لە گۆڤاری هانادا بڵاوبکرێتەوە. بەڵام کۆمەڵێک گرفت رێگای لە دەرچوونی گۆڤاری ناوبراو گرت و نەتوانرا لەوێدا بڵاوبکرێتەوە. خۆشم نیازم نەبوو بۆ شوێنێکی تری بنێرم. ئەگەرچی ماوەیەکی زەمەنی لەنێوان بڵاوبوونەوەی وتارەکەی حەمەسەعید و وەڵامەکەی مندا هەیە، بەڵام هیچ لە بڵاوکردنەوەی لە ئێستادا ناگۆڕێت. چونکە وتاری ناوبراو، تێڕوانینە لە پرسیارێک کە تا ئەمڕۆش گرنگی خۆی لەدەست نادات.
لە گەرمەی سەما و شادی دوای رووخاندنی دیواری بەرلیندا، لە جەرگەی جار وجەنجالی قسەکەران و پیغەمبەرانی بازاری ئازاددا، “ژان ڤیرا”، گۆرانیبژی بەناوبانگی فەرەنسی، “جەنگەلڕ و باخچەی ئاژەل” ی خۆی دەچریت . جەنگەلیک کە ڤیرا ئیمە دەباتە تەماشای، سیستەمی ئابووری بازاری ئازادە کە تیایدا ئینسانەکان لە سەر سوود و قازانجی زیاتر، خەریکی دادۆشین و کەولکردنی یەکترین.
“باخچەی ئاژەل”یک کە ڤیرا ئیمە لە بەرانبەر قەفەسەکانیدا رادەگریت، سیستەمی ئابووری سەرمایەداری دەولەتی خورهەڵاتە کە تیایدا ئینسانەکان لەقەفەس نراون و کەمیک خواردنیان لە بەردەمدا راگیراوە. بەڵام ژان ڤیرا لە نیشاندانی نمایشەکانی ناو جەنگەلڕ و باخچەی ئاژەلدا، هەروا بە تەنیا جیمان ناهیلیت. ئەوەتانآ لە بەشی کوتایی گۆرانییەکەیدا بانگمان دەکات:”ناکرآ لە نێوان ڕێگاکانی باخچەی ئاژەلڕ و جەنگەلدا، ریگایەکی تر ئیمە بە شوینیکی تر بگەینیت کە لەویدا ئینسان بین؟”
سالی 1999 لە پروژەیەکی فەرەنسی گەورەدا “کتیبە رەشەکەی کومونیزم” دەخریتە بەر دەستی خوینەران. پروژەیەک کە ناوەرۆکە سەرەکییەکەی لەناو دوو توویی ناونیشانی کتیبەکەدا خۆی حەشارداوە. سەیر لەوەدایە لەبواری هەلسەنگاندن و رانانی کتیبەکەدا، ئەو چاوەروانییەی لینەکرا کە داریژەرانی پرۆژەکە بە شوینیەوە بوون. رانانی “ئۆلریکا میلیس”، نووسەر و رۆژنامانووسی بەشی ئەدەبی رۆژنامەی راستی ئیوارانی سوید، ئێکسپرێسن، جیگای تیرامان و سەرنجیکی تایبەتییە. “لە گەنجیمدا و لە گەشتیکی چەند مانگەدا بۆ ئەمریکای لاتین، قەشەم دەدی کومونیست بوو، قوتابی زانکو، روناکبیر، جووتیارم دەدی کومونیست بوو. کاتیکیش دەمپرسی بۆچی؟ بەتەنها وەڵامیکم دەستدەکەوت: لە ناو سەروەت و سامانی بیشوماری ئەم وڵاتەدا، ئیمە نایەکسانی دەچنینەوە. کومونیزم بۆ من، خەونی گیرانەوەی یەکسانییە بۆ ئینسانەکانی ئەم کیشوەرە. کەچی لە تەواوی پرۆژەی کتیبە رەشەکەی کومونیزمدا، ئەم خەونە وونە.”
تاکە ئامانجیک کە هیرشەکانی دژی کومونیزم بە شوینیەوەیەتی، لە رەشکردنی خەونی بەرابەری و سووکایەتی پیکردنی ئەم ئومیدەی ئینساندایە. کۆششیکی گەورەی پیغەمبەرانی بازارە بۆ هیشتنەوەی ئینسان لە ناو سنوورەکانی جەنگەلدا. هاوکاتیش بە پیرۆزراگرتنی یاساکانی جەنگەلە وەکو یاسایەکی ئەزەلی و ئەبەدی و تاکە مۆدیلی ریکخستنی ئابووری کۆمەلگا.
ئەوەی لیرەدا جیگای سەرنجە ئەوەیە کە رووخاندنی دەسەڵاتی فاشیزم و نازیزم و لیکولینەوە لەم دەسەڵاتە تۆتالیتارە، نابیتە هوکاریک بۆ خویندنەوەی سەرچاوە ئایدیۆلۆژیەکانی ناسیونالیزم و خودی سەرمایەدارییەک کە بەرهەمی هیناوە، کەچی لە رووخاندنی سیستەمی سەرمایەداری دەولەتی خۆرهەڵاتدا کە لەگەلڕ سەرمایەداری بازاری ئازاددا تەنها جیاوازی لە شکڵی مولکایەتییەکەیدایە، خەونی بەرابەری و یەکسانی خوازانەی ئینسان دەکەویتە ژیر پرسیار.
بەڵام لەمڕۆدا، هێرشەکانی دژی کومونیزم وە بە تایبەت چەندین سالڕ لە دوای ڕووخانی دیواری بەرلینەوە، هەروا بە گەرم و گوڕی کارناکات. بە تایبەت لە کاتێکدا کە تەواوی دەسەڵاتی سیاسی لە ئەوروپادا دەبێتەوە بە سوسیال دیموکراتی؛ جۆرێک لە سۆسیالیزم کە تائێستاش کەمێک وەفاداری خۆی بە بەرابەری و مۆدیلی ڕیفاهەوە راِگەیاندووە تەنانەت بە تۆنی بلایەری بەریتانیاشەوە کە لەسەر پەرچەمی حیزبە کرێکارییەکەی دەنووسآ”We are the bussnis patrty”، لە ناو ئەم کەش و هەوا سیاسییەی ئەمڕۆکەی دنیادایە، کە پێغەمبەرانی سەرکەوتووی بازاڕی ئازاد، لە بەرانبەر دۆزەخەکانی شەڕ و ماڵ وێرانی و مەرگی بەکۆمەڵی ئینسانەکاندا لە ژێر دەسەڵاتی تاکڕەوانەی دیکتاتۆری بازاڕدا، کلینتۆن و بلایەر و شرۆیدەر لە دەوری ئەڵتەرناتیڤی “The third way” ی “ئەنتۆنی گدین” کۆدەکاتەوە تاکو ڕووخسارێکی تری ئینسانی بۆ سیستەمی جەنگەلی ئابووری بدۆزنەوە، لە هەلومەرجێکی ئاواهیدا کە ڕاستی سەرکەوتووی بازاڕ حورمەتێکی بۆ ئینسان نەهێشتۆتەوە، حەمەسەعیدحەسەن “نامەی ئەعمالی مامۆستایانی پرۆلیتاریا”؛ پەیام: ژ.29_30 سالی 2000دەنووسێتەوە. حەمە سەعید لەم وتارەیدا، بە کۆمەڵێک بیروبۆچوونی جەنگی ساردەوە دەچێتە وێزەی خوێندنەوەی بلۆکی سۆسیالیزمی خۆرهەڵات و پەیامی”بە موقەدەس سەرنجنەدانی دەق” بە گوێی خوێنەراندا دەدات. وەک ئەوەی بە موقەدەس سەرنجدانی دەق بەرهەمی جەنگی دنیای جەنگی سارد بێت و مێژووی دەستپێکردن و کۆتاییەکەی بە داڕمانی بلۆکی خۆرهەڵاتەوە، دەبێ کۆتایی بێت.
کاتێک دەبینین کە ئەم پەیامە، “بە چاوی رەخنەوە سەرنجی دەق”دان بە شێوەی هێڵێکی سوور بە جەستەی وتارەکەدا دێتە خوار، ئەو کاتە بۆمان ڕووندەبێتەوە بۆچی وتەی نیتشە دەبێتە ناونیشانی دووەمی وتارەکەی حەمەسەعید.
نیتشە دەڵێ:”ئەوە بیروباوەڕی پیرۆزە کە دوژمنی سەرسەختی ڕاستییە نەک درۆ.”
بۆیە من لە ئێستاوە نیتشە دەکەمە رابەرم و دەمەوێت لەبەر ڕۆشنایی وتەکەی ئەودا بچمە شەڕی ئەو راستییەوە: “ڕووخاندنی بلۆکی خۆرهەلات یەکسانە بە مەرگی یەکسانی خوازی ئینسان ” تا لە کۆتایدا ببمە خاوەنی بیروباوەری پیرۆز.
بەڵام ئایا ڕاستی تەنها یەک ڕووی هەیە؟ حەمەسەعید بە “نا” وەڵاممان دەداتەوە. “ڕاستی سەدان ڕووی هەیە.” بەڵام کاتێک لە” نامەی ئەعمالی مامۆستایانی پڕۆلیتاریا” وورددەبیتەوە، ئەو راستییە چەند ڕەهەندە نابینیت کە حەمەسەعید بانگەوازی بۆدەکات، بەڵکو ڕاستییەکی یەک ڕووخسار خۆیمان نیشاندەدات.
“چی لەوە دژوارترە سەراپای ژیانت بە ڕێبازێک ببەخشیت و لە کۆتایدا بۆت دەربکەوێت کە قوربانییەکی فریودراوبووبیت، تۆ لەوە ی گەڕێ کە تیۆری خۆڵەمێشییە و درەختی ژیان سەوز.”
پووختەی هێرشەکانی دژی کۆمۆنیزم لەسەرانسەری دنیادا تەنها بەدوای ئەم پەیامەوەیە: مەرگی کۆمۆنیزم یەکسانە بە مەرگی خەونی یەکسانی ئینسان بە دنیایەکی باشترەوە.
ئەوەتانێ لە زمانی یەکێک لە قوربانییە فریودراوەکانیەوە، ڕووخاندنی بلۆکی خۆرهەلات دەبێتە هەرەسهێنانی هەڵگری ئەو رێبازە ش.
ئەگەر ئەمە ئەو ڕاستییە بێت کە ڕۆژانە سەدبارە دەکرێتەوە و تا ئاستی موقەدەسێک بەرزدەکرێتەوە، کێیە ئەو کەسەی کە دەیەوێت بە وتەکانی نیتشە وەفاداربێت و بچێتە شەڕی ئەو ڕاستییە بە موقەدەسکراوەوە تا ببێتە خاوەنی بیروباوەری پیرۆز؟
ئەمە پوختەی ئەو کارەیە کە من لەم نووسینەدا بە شوێنیەوەم؛ بە کورتییەکەی هەوڵدانێکە بۆ خوێندنەوەی ڕاستی “مەرگی کۆمۆنیزم یەکسانە بە مەرگی خواستی بەرابەری ئینسان.”
ئۆکتۆبەر؛ ئەو شۆڕشەی تەواونەبوو.
گەورەترین ڕووداوی مێژوویی سەدەی بیست، شۆرشی ئۆکتۆبەرە. کاریگەرییەکانی ئەم شۆرشە لەسەر مێژووی مرۆڤایەتی هێندە بەرجەستەیە کە تەنانەت قسەکەرانی بۆرجوازی خۆشیان چەندین بار دانیان بەم راستییەدا ناوە. “ئەگەر ئێمە لەمبەرەوە سازشێکمان قبوڵنەکردایە و بەشێکمان لە کێکەکە لەگەل کریکاردا بەشنەکردایە، چاوەروانی ئۆکتۆبەرێکی تردەبووین.” ئەمە وتەی “ئارنێ ڕووس”ە کە بەرپرسیاری یەکەمی رۆژنامەی داگێنزنیهێتەری سوید بووە لە ماوەی چەند ساڵێکدا. لەبەر ڕۆشنایی تیشکی شۆرشی ئۆکتۆبەردایە کە قانیعی شاعیر “با هەموو جوتیار و پاڵە و ڕەنجدەران” دەنووسێـت. هۆکاری ئەم مەزنییەی ئۆکتۆبەر زۆر سادەیە. ئاخر ئۆکتۆبەر دووهەمین تاقیکردنەوەی مێژووی ئەو چینەیە لە دوای کۆمۆنەی پاریسەوە لەسەر شانۆی سەرمایەداریدا، ئومێدی دامەزراندنی کۆمەلگایەکی ئازاد و بەرابەر دەخاتە بواری پراکتیکەوە و ئەفسانەکانی ئەبەدیەت بوون و ئەزەلییەت بوونی سەرمایەداری دەشکێنێت. هەر بۆیەش شۆرشی ئۆکتۆبەر دەبێتە ناوەندی گەورەترین لێکۆڵینەوەی زانستی و سیاسی لە مێژوودا. ئەوەی لەم وتارەدا بۆ من گرنگە، ئەو لێکۆلینانەوە نین کە تەرمی ئۆکتۆبەر لەپاڵ دیوارە ڕووخاوەکەی بەرلیندا دەدۆزێتەوە، بەڵکو ئەو باس و لێکۆڵینانەوەن کە پڕۆژەی پشکنین و گەران بەدوای تەرمی ئۆکتۆبەردا دەباتەوە بۆ بەردەرگای یەکەمین رۆژەکانی ژیانی ئۆکتۆبەر، واتا ساڵی لەدایکبوونی و رۆژگارەکانی سەرەتایی دەسەڵاتی. ئەم بابەتە هێندەی بەوەی کە بابەتێکی سیاسیە و بۆ گەران بە شوێن ئاکامەکانی شۆڕشدا ئەرکی مێژوویی دەخانە سەر شانی ئەو بزووتنەوانەی کە دەیانەوێت تاقیکردنەوەی ئۆکتۆبەر دووپات نەبێتەوە، کەمتر ئارەزووی ئەو کەس و بزووتنەوە سیاسییانەی تری غەیری چەپ دەبزوێنێت. ئاخر هیچ نەبێت ئەوان بەڵگەیەکی حازربەدەستیان بەدەست هێناوە بۆ تاوانبارکردنی نەیارانی خۆیان، نیشاندانی تەرمی ئۆکتۆبەر بە مانای دوای کلاوی بابردووکەوتنی کۆمۆنیستەکان دەبێت بەرجەستە بکرێتەوە.
هەر بۆیەش لەناو رووناکبیرانی کورددا، جگە لە دووپاتکردنەوەی سروودەکانی مەرگی کۆمۆنیزم، شایەتی هیچ خوێندنەوەیەکی تر نین. بۆیەش کۆمۆنیزمی ڕووسی ڕێک بەمانای بلۆکی سۆسیالیستی دێت و ڕووخاندنی دیواریش کۆتایی ئەم پرۆژەیەیە.
ئەمە لە کاتێکدا چیرۆکی مەرگی ئۆکتۆبەر بە درێژایی مێژووی سەدەی بیست و تەنانەت بەر لە رووخاندنی دیواریش خاوەنی گەورەترین ئەرشیڤی لێکۆڵینەوەیە.
حەمەسەعید لە وتارەکەیدا بەشێک لە وتەکانی “ڕیفڵ بێرنهام” ی مارکسیستی ئەمریکی تۆماردەکات کەمن بۆ کەڵک وەرگرتن لێی ناچارم وەک خۆی بینووسمەوە:”با مێژوو بریتیش بێت لە خەباتی چینایەتی، ئەمە بەو مانایە نییە کە چینی شۆرشگێڕ سوود لە ململانێی چینایەتی دەبینێت. لە سایەی سیستەمی فیوداڵیدا کێشە لە نێوان جوتیار و فیودالدا بوو، کەچی بە قازانجی بۆرژوا کۆتایی هات. بەوەدا چ لە ئەڵمانیا و چ لە سۆڤییەت، بەڕێوەبەران، دەسەڵاتداران، ڕێککەوتنیان کارێکی ئاسانە.”
ئەمجۆرە ڕەخنانە لە تاقیکردنەوەی کۆمۆنیزمی ڕووسی، پانتاییەکی گەورەی لێکۆلینەوەکانی سەردەمی سەبارەت بە ئۆکتۆبەر داگیرکردووە. ڕەخنەیەک کە تیایدا ترۆتسکیزم لەسەری هەڕەمی لووتکەکەیەوە دانیشتووە. ڕەخنەیەک کە ئەگەر سەرجەمی بەرهەمە نووسراوەکانی بخوێنیتەوە، تیایدا چارەنووسی شۆرشی ئۆکتۆبەر و دەسەڵاتی سۆڤییەت دەداتە دەستی سیستەمێکی بیرۆکراتی و نەبوونی دیموکراسیش دەکاتە هەوێنی ئامادەیی ئەم دەستگا پانوپۆرەی بیرۆکراتی. نووکی هەرە تیژی ئەم جۆرە رەخنەگرتنانە لە تاقیکردنەوەی شورەویی کە ترۆتسکی خۆی و دواتریش ئەو قوتابخانەیەی کە بەدوای ئەودا دروست بوو، لەو وتانەی بێرنهایم تێناپەڕێت. واتا دەسەڵاتێک لە روسیادا ئامادەیی هەیە کە تیایدا “بەڕێوەبەران” بڕیاردەرن. لەم خوێندنەوەدا ئێمە لەبەرانبەر کورسییەکی دەسەلاتداین کە بیرۆکراتی لەسەری دانیشتووە. بەڵام هۆی چییە کە بیرۆکراتی و نەبوونی دیموکراتی لەناو دەسەڵاتی شووراکانی ئۆکتۆبەردا جێیان دەبێتەوە، ئەمانە هەمووی پرسیارن و ترۆتسکیزم جگە لە ناوی ستالین هیچ ئاماژەیەکی تر بەجێناهێڵێت. لەم خوێندنەوەیەدا، دروست بوونی دیکتاتۆری هەمووی لە سەردەستی کەسێکدا کۆدەکرێتەوە، ئیتر ئەو پیداویستییە گرنگەی کە دیکتاتۆری و سیستەمی تۆتالیتار وەڵام بە کامە پێداویستی سیاسی و ئابووری دەداتەوە و هۆکاری دووبارە بەرهەمهێنانەوەکانی چین، ئاماژەیەک نابینرێت.
هاوکات ئێمە شایەدی خوێندنەوەیەکی تری دانشگایین بۆ چارەنووسی ئۆکتۆبەر کە بە مارکسیزمی دانشگایی ناوزەددەکرێت و پووختەی باسەکانیان لەسەر لێکۆڵینەوە لە “سەرمایەداری دەوڵەتی” و چۆنێتی کارکردی ئەم سیستەمە ئابوورییەیە . سویزی و شارڵ بەتڵهایم ناودارترین کەسانێکن کە لەم بوارەدا کاریان کردووە.
بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا، ئێمە شایەدی چەندەها ناوی ترین: لێکۆڵینەوەکانی “E.H.CARE” سەبارەت بە مێژووی شۆرشی ئۆکتۆبەر، سووزی وایزمەن، جەعفەری رەسا، ئیرەجی ئازەرین، مەنسوری حیکمەت، ئێمە لەبەرانبەر خوێندنەوەیەکی تردادەنێت کە دەورانە چارەنووس سازەکانی ئۆکتۆبەر دەکاتە خاڵی پشکنین بۆ گەران بە شوێن هۆکارەکانی مەرگی شۆڕشدا.
کورتەیەک لەم خوێندنەوەیە:
پڕۆژەی پیشەسازی کردنی ڕوسیا خاڵی هاوبەش و پلاتفۆرمی نەنوسراوی نێوان چینی کریکارو بۆرژوازی ڕوسیایە. پلاتفۆرمێک کە تاکە وشەیەکی نوسراو چییە لە شوێن خۆیەوە جێناهێڵێت و لە هیچ دۆکومێنتێکی مێژووییدا ناتوانرێت پەیدابکرێت.
هەردوو چینی دەرگیر لە ڕوسیادا، لەتەواوی شەرە خوێناویەکانی خۆیاندا، لە وشیاری کۆلێکتیڤی خۆیاندا هەڵگری خەونی پیشەسازیکردنی روسیای هەژار و دواکەوتووی بەبەراورد لەچاو ئەوسای ئەوروپادا بوون. بۆرژوازی روسی بە خۆیی و بزوتنەوە سیاسییەکەیەوە، چینی کریکاری روسیاش بە ئاسۆ و ئامانجی بزوتنەوەی سۆسیالیستیانەی خۆیەوە. ڕێگاچارەکانی بۆرژوازی بۆ پیشەسازیکردنی روسیا و وەڵامی چینی کرێکاری روسیا بۆ سۆسیالیزم و هاوکاتیش پیشەسازیکردنی ئەم وڵاتە، ئەو بەرابەرکێیە سیاسییەیە کە لەبەرانبەر یەکەمین دەرگانی شۆرشی ئۆکتۆبەردا، مێژووی روسیا لەبەرانبەر دوو ئاراستەی پێچەوانەی سیاسیدا رادەگرێت. ئۆکتۆبەر یەکلاکردنەوەی ئەم دوو ئاراستە سیاسییەیە بە قازانجی چینی کرێکار و بزووتنەوە سیاسیەکەی کە خاوەنی پارسەنگییەکی هێزی سیاسی گەورەترە. چینی کریکاری روسیا لە بەرەبەیانی ئۆکتۆبەردا لە ڕێگای دەسەڵاتدارێتی شوراییەوە، پرسیاری دەسەڵاتی سیاسی یەکلادەکاتەوە. یەکەمین هەنگاوەکانی شۆڕش ئەنجام دەدرێت. بەڵام لە پڕۆسەیەکدا کە خوێناویترین لاپەرەکانی مێژووی روسیایە، گەمارۆی ئابووری سەرتاسەری دنیای سەرمایەداری ئەوساکەی ئەوروپا، دروستکردنی سەدەها باندی ناوخۆیی دژی شۆرش، هاتنەناوەوەی سەربازی دەولەتە بەهێزە سەربازیەکانی ئەوروپا، برسێتی ملێۆنی رۆژگارەکانی شەری جیهانی یەکەم، ئەمانە تەنها دەرخستنی گۆشەیەکی بچکۆلەی ئەو سیناریۆ ڕەشەیە کە ئۆکتۆبەر لە ناویدا، بۆ بەدەستەوەگرتن و هێشتنەوەی دەسەڵاتی سیاسی شەری مان و نەمان دەکات. لەم شەرەدا، چینی کریکار لە روسیادا بە جەستەی خوێن لەبەر ڕۆشتووی خۆیی و قارەمانیەکانیەوە دێتەدەر. بەڵام دەسەڵاتی سیاسی بۆ بزوتنەوەی سۆسیالیستی چینی کرێکار کە پەیامی ئاڵوگۆری ڕیشەیی لە سەرئاڵاکەی خۆی هەڵکردووە، تەنها وەک یەکەمین ئەرکەکانی شۆرش سەرنجی دەدرێتێ. “دەبێ هەنگاوی دووەم چى بێت و چی تر بکرێت؟”، ئۆکتۆبەر لەبەرامبەر سەختترین تاقیکردنەوەی مێژوویدا ڕادەگرێت. کێشەی نەهێشتنی کاری کرێگرتە و بنیاتنانی ئابوورییەکی سۆسیالیستی ئەو تاقیکردنەوەیە کە ئۆکتۆبەر دەبوایە وەڵامی پێبدایەتەوە.
سەرنجدانێکی مێژووی لە کێشەو باسە دەروونییەکانی ناو حیزبی بۆلشەفیکی روسیا لە پەیوەند بەم پرسیارەدا، ئەم حیزبە لە ناو کۆری گەورەترین جەدەلی سیاسی قۆناغەکانی تێپەراندنی شۆرشدا دادەنێت.
دروست بوونی چەندین فراکسیۆنی جیاواز لەم قۆناغە هەستیارەی شۆرشدا، بەڵگەی لێکترازانی حیزبی بۆلشەفیزمی روسیایە بۆوەڵامدانەوە بەم پرسیارەی ئاسۆی شۆرش کە دەبێ شۆرش رووبکاتە کوێ. پرسیارەکانی ئەگەری سەرکەوتنی شۆرشی سۆسیالیستی لەیەک وڵاتدا، یاخود جیهانی بوونی شۆرش، ئەلتەرناتیڤی سەرمایەداری دەولەتی بۆ قۆناغی تێپەراندن، تەنها گۆشەیەکی ئەو باس و جەدەلە گەرمانەی ناو حیزبی بۆلشەفیستە کە لە دوا ئەنجامی خۆیدا بە ئەلتەرناتیڤی ستالین کۆتایی دێت و سەرمایەداری دەولەتی جێگای ئابووری سۆسیالیستی دەگرێتەوە. مۆدێلێک کە نەک کاری بە لابردنی کاری کرێگرتەو لابردنی چەوساندنەوەی ئینسان بە دەست ئینسانەوە نییە، بەڵکو تەنها شکڵی موڵکایەتی لە شێوازی موڵکایەتی تایبەتییەوە دەگۆڕێتەوە بە شێوازێکی تری موڵکایەتی کە دەولەت جێگای ئەو خاوەندارێتییە دەگرێتەوە. بۆیە کاتێک سیستەمی چەوساندنەوە تەنها شکڵی چەوساندنەوەکەی دەگۆڕدرێت، ئاساییە کە تەواوی ئەو دەستگایەنەی کە بۆسەرکوت و دیلکردنی ئینسان بەکاردەهێنرێت درێژە بە ژیانی خۆی بدات و دووبارە سەرلەنوێ سازبدرێتەوە. بە کورتییەکەی بۆ دروستبوونی دەسەلاتێکی تری سەرکوتگەر، کارێکی ئێجگار گەورە پێویست نییە، چونکە هۆکاری بەرهەمهێنانەوەی کۆیلەداری ئینسان ئالوگۆرێکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە. ئەو کاتە با ئیتر لەبری ئایینی ڕەسمی دەوڵەت مارکسیزم دین بێت و لینینیش ئەو پێغەمبەرەی کە دەبێ جێگای قەشە گەورەکانی ئەم کاتیدراڵە نوێیە بێت. ئەو کاتە ئیتر شورایەک کە باڵی کرێکاری و سۆسیالیستی ئەم حیزبە وەک ئەڵتەرناتیڤێک لە بواری دەسەڵاتدا دەیخاتە بەردەست، دەبێت تێک و پێک بشکێنرێت و دەسەڵاتێکی تری دەوڵەتی جێگای بگرێتەوە. سەرکەوتنی باڵی ئەڵتەرناتیڤی بۆرژوازی بەسەر بالی ئەلتەرناتیڤی کرێکاری ناو حیزبی بۆلشەفیزمی روسیادا، دەرفەتی دووبارە دەرکەوتنەوەی چینی بۆرجوازی روسی لەبەرگی کرێکاردا فەراهام دەکات و خەونی دێرینەی بۆرجوازی روسی لە پرۆژوی سەنعەتی کردنی روسیا بە ئەنجام دەگەێنێت. ئەنجامی ئەم چارەنووسە کۆتاییەی شۆرشی ئۆکتۆبەر و زیندوو کردنەوەی سەرمایەداری لە بەرگی سەرمایەداری دەولەتیدا، هەر بە تەنها لە شەر و جەدەلە فیکرییەکانی سەردەمی دوایی کۆتایی هاتنی شەری ناوخۆدا ناخوێنرێتەوە. بەڵکو مێژوویەکی درێژتری هەیە و ڕیشەکەی لە بناغەدا دەگەڕێتەوە بۆ نارۆشنی بەرنامەی ئابووری سۆسیالیستی،بۆلشەفیستەکانی روسیا و بە تایبەتیش بێوەڵامی ئەم حیزبە لە بواری پراکتیزەکردنی ئەم بەرنامەیەدا.
سەرنج ڕاکێشەر ئەوەیە کە دەسەڵاتی نوێی سەرمایەداری دەوڵەتی، بەر لەوەی قوربانییەکانی خۆی لە ناو کۆمەڵگادا بچنێتەوە، لە قەتل و عامی ئەو کۆمۆنیستانەوە دەست پێدەکات کە لەگەڵ لاوازی ئەلتەرناتیڤی کرێکاریشیاندا مەترسیەکی ئەوتۆ لەسەر دەسەلاتی نوێ پێک ناهێنێن. دادگاییەکانی سالانی 30 بە ڕۆشنی روخساری قوربانییەکانی ئەم قەتل و عامەی کۆمۆنیستەکان نیشان دەدات. بە سەقامگیربوونی سیستەمی سەرمایەداری دەولەتی لە روسیادا، ئیتر سۆسیالیزم لەسەرتا سەری دنیادا هاوتا دەبێتەوە بە دەست تێوەردانی دەولەت بۆ رێکخستنی ئابووری کۆمەلگا. ئەوەتانێ لەناوەراستی سالەکانی هەشتادا و لە گەرمەی پرۆسەی بە تایبەتی کردنی کەرتی گشتیدا لە عیراق، یەکێک لە رۆژنامە نووسەکانی بولگاری بە سەدام حسین دەلێت:”عیراق ئابوورییەکی سۆیالیستی هەیە. ئایا ئەم پرۆسەیە بە مانای ڕووکردنە بازاڕ نییە؟”
بەڵام کارایی ئەم سیستەمەی رێکخستنی ئابووری لەلایەن دەولەتەوە وەک شۆکێک بۆ ئابووری ناسانی بۆرجوازی دەردەکەوێت. ئاخر دەمێک بوو لیبرالیزم مەرگی هەر دەست تێوەردانی دەولەتی بۆ کار و باری ئابووری ڕاگەیاندبوو. بەکارایی ئەم مۆدیلەی سەرمایەداری لە روسیادا کە تا ناوەراستی سالەکانی 50 ، روسیا لە یەکێک لە دواکەوتووترین وڵاتەکانی ئەوروپای پیشەسازییەوە، دەگۆردرێت بە بلۆکێکی گەورەی ئابووری و هێزێکی بەرینی سیاسی لە ئاستی نێونەتەوایەتیدا، خودی ئابووری ناسانی بۆرجوازی ناچاردەکات کە بە بۆچوونەکانی خۆیاندا بچنەوە و ڕۆڵی دەولەت بۆ رێکخستنی ئابووری بخەنە ناو هاوکێشە سیاسیەکانی خۆیان. پرۆژەیەکی گەورە کەدواتر لەلایەن هەردوو رەوتی سیاسی ڕیگانیزم و تاتچەریزمەوە، مەرگی دەست تێوەردانی دەولەت بۆ کاروباری ئابووری رادەگەێنێت.
بێگومان پەیوەندییەکانی نێوان، حیزب، چین، دەوڵەت، بەپێی ئەم هەلومەرجەی کە چارەنووسی شۆرشی تێدەکەوێت، هۆکارێکی فەرامءشکردە نییە و لەم خوێندنەوەیەدا جێگایەکی تایبەتی بۆ دادەنرێت کە من لە ئێستا ناتوانم بچمە ورد و درشتی پرۆسەی شکستی ئۆکتۆبەرەوە..
ئۆکتۆبەر لە رۆژگاری سەقامگیربوونی سەرمایەداری دەولەتییەوە، مردووە. ئەوەی کە لەپاڵ دیواری بەرلیندا لە گۆڕ دەنرێت، تەرمی مۆدێلێکی تری سیستەمی سەرمایەدارییە کە لەبەرانبەر میکانیزمەکانی بازاڕدا، توانای ململانێی پێنامێنێت و بە بنبەستی سیاسی خۆی دەگات. ئەمەش خوێندنەوەیەکی ترە کە ئۆکتۆبەر و مەرگی نیهائییەکەی ئەو لە شوێنێکی تردا دەبینێت. بۆیەش شکستی ئەو مۆدیلەی لەپاڵ دیواری بەرلیندا دەنێژرێت، بە مەرگی بەرابەریخوازانەی ئینسان نابینێت
حەمەسەعید لە خوێندنەوەیدا بۆ “نامەی ئەعمالی مامۆستایانی پرۆلیتاریا”، بۆ یەک ساتیش وەفادار نییە بە وتەکەی نیتشە و نەک هەر چوونە شەڕی راستییەوە بە ئەرکی خۆی نازانێت، بەلکو بە بێ هیچ پرسیارکردنێک، ئەم وتی، ئەو دەڵێ، فڵان دەبێژێ، فیسار دەنوسێ، وتەو وتەزای جۆراوجۆر دەخوازێت و چیرۆکی مەرگی کۆمۆنیزممان بە هەمان شێوە بۆ دەگێرێتەوە.
بە پیرۆز سەرنج نەدانی دەق
حەمەسەعید وەک چۆن لە شوێنێکی تری ئەم وتارەدا باسمکرد، “بەپیرۆزسەرنجنەدانی دەق”، دەکاتە دوا ئامانجی نووسینەکەی، هاوکاتیش لە داخوازییەکی “برادۆستانەدا” داوا لە چەپەکانی کوردستان دەکات:”بریا هیچ دەقێکی دێرینیان بە پیرۆز نەدەزانی”. بەڵام سەرنجێکی کورتی وتارەکەی، ئەوەمان نیشتندەدات کە حەمەسەعید هێشتاکە گیرۆدەی تۆرەکانی بە پیرۆزسەرنجدانی دەقە و لێی دەربازنەبووە.
حەمەسەعید لە زمانی جۆرج واتسۆنەوە دەنووسێت:” کە نەمسا هەنگارییەکانی قەڵاچۆدەکرد، ئەنگلس لەو گۆڤارەدا کە مارکس بەڕێوەی دەبرد، پشتگیری خۆی بۆ لەناوبردنی هەنگاری، سەرب، سلاڤی و سکۆتلاندیەکانیش دەربڕی. مارکس خۆیشی ساڵی 1852 لە باسی شۆرش و شۆرشی چەواشەدا دەپرسێت: کەی لەو میللەتە پووتانەی بوهیمیا ڕزگارمان دەبێت. یان لە ڕوانگەیەکی ڕەگەزپەرستانە وە دەڵێت: جولەکە خاوەنی باوەڕێکی عەلمانین کە بازرگانییە، پارە: خوایانە. هەربۆیەش رەنگە هێتلەر سوودی لەم تێزانە وەرگرتبێت.”
ئایا ئەم خوێندنەوەیەکی مەزهەبییانە نییە بۆ دەق؟ ئایا ئێمە لەبەرانبەر مارکسێکداین یان لە بەرانبەر پێغەمبەرێکدا کە وتەکانی زەمان و مەکان هەڵناگرێت و نەخشی سەر بەردە؟
مارکس بەسەر بڵندییەکانی میللەتی ئەلمانیاوە دێتە ناو دنیای فەلسەفە و پێکەنینی بە پۆلۆنییەکان دێت کە خاوەنی کولتورێکی گەورەی وەک کولتوری ئەلمانیا نین. بەڵام هەرهەمان مارکس یەک بەیەکی باوکە گەورەکانی کولتوری ئەلمانی دەخاتە ژێر دیدێکی رەخنەگرانەوە و ئەفسانەکانی شوناسی میللی و ئایینی و کولتوری تێکدەشکێنێت و بە ئینسان دەگات. مارکس لە پێکەنین بە میللەتانی وەک پۆلۆنیاوە دەست پێدەکات و بە “کرێکارانی جیهان یەکگرن” دەگات. کاتێک “گرءندرێسە” ی مارکس بۆ یەکەمین جار لە پەنجاکانی سەدەی بیستدا چاپکرا، لە بواری زانستەکانی سۆسیۆلۆگیدا، مارکسێکیان خوێندەوەکە ئینسادۆستی تیایدا دەریایەکە و دەرفەتی خوێندنەوەیەکی گەورەتری لەبەرانبەر مارکسدا کردەوە.
بەڵام ئایا مارکس ڕەگەزپەرست بووە؟ ئەو وتەیەی کە حەمەسەعید لە وتارەکەیدا دەیهێنێتەوە، چەند دێرێکی کتێبێکی مارکسە کە تایبەتە بە کێشەی جووەکان لە ئەلمانیدا بە ناونیشانی “مەسەلەی جوو”. ئەوەی جێگای سەرنجە لە وەرگێڕانی ئینگلیزی هەمان سەرچاوەدا کە لە ساڵی 1977 دا ئەنجامدراوە و لەلایەن “Rodny Livingstone” و”Berton Gregory” وە وەرگێڕدراوە، ئەم پەراوێزە کورتە دەبینرێت:” وشەی ئەڵمانی یەهودی Judentumبە جۆرێک دەتوانرێت کەڵکی لێوەربگیرێت کە مانای بازرگانیش بدات. مارکس زیرەکانە لە دوو مانایی ئەم وشەیە کەڵک وەردەگرێت.”
ئەو تێڕوانینەی کە لە خوێندنەوەی حەمەسەعیدا دەیبینین لەم چەند نموونەیەی سەرەوەدا، سەرنجدانێکی پیرۆزانەیە لە دەق. ئەو مارکس وەک پێغەمبەرێک دەبینێت کە وتەکانی زەمەن ناگرێتە خۆی و مارکسیزم لە ئامرازی شیکردنەوە و خوێندنەوەوە دەکاتە دەقێکی ئاسمانی و لە هەموو چوارچێوەی مێژوویی خۆی دادەتەکێنێت. بەڵام بە راستی چ نەهامەتییەکی فیکرییە کە لە خوێندنەوەی “المسالە الیهودیە” ی مارکسدا، تەنها یەک وتە ببینیت و بیکەیتە نیشانەی خواستێک کە خۆت لە پێشەوە لە بەردەمی خۆتدا داتناوە؟. چ تراژیدیایەکە پێت وابێت لە ناو ئەو هەموو سەرچاوە فیکرییەی ئەنتی جوودا کە لە کولتوری ئەوروپای رۆشنگەریدا بوونی هەبووە، ئەوە تەنها وتەیەکی مارکسە کە کۆمەک کەر و رێنیشاندەری هێتلەرە بۆ جینۆسایدی جووەکان؟
بەڵام حەمەسەعید کە بڕیار بوو ئامۆژگاری چەپەکانی کوردستان بکات کە بە چاوی رەخنەگرانەوە لە دەق بروانن، لە شوێنێکی تری وتارەکەیدا دەنوسێت:” ئاخۆ ئەگەر کەسێکی وەک مەنسوری حیکمەتی پەروەردەی ئاسیای مەڵبەندی دڕندایەتی، دەستی لە دەولەت گیر بێت، ڕوخساری چاوچیسکۆ سپی ناکاتەوە؟”
ئێمە لێرەدا لەبەرانبەر قسەکەرێکی کۆشکی سپی ئەمریکاداین نەک روناکبیرێکی کورد. ئاخر کەم رۆژ هەیە ئینسان لەو کۆشکە سپییەوە کە بۆتە کۆمپانیای دروستکردنی ڕووداوە ڕەشەکان، گوێی لەم جۆرە دەربڕینانە نەبێت: “ئێمە لە جیهانی شارستانێتییەوە”. وەک ئەوەی جیهانێکی تر لەدەرەوەی ئەمریکا و ئەوروپادا لە ناو جەنگەڵەکانی دڕندەیەتی و ناشارستنانێتیدا نوقم بوو بێت. وێنەی ئاسیای دڕندە کە رۆژانە لە مێدیاکانی ئەوروپا و ئەمریکاوە بەرهەمدەهێنرێتەوە، کراوەتە ئەو وێنە موقەدەسەی کە هیچ گومانێک هەڵناگرێت و تەنانەت بۆ کەسانێکی زۆری ئەمرۆی دنیا کە لە ژێر بۆمبارانی میدیاکاندا خەسێنراون، وەک راستییەکی بێ خەوش قبوڵکراوە، کەچی هەروا سادە و بەبێ هیچ سڵەمینەوەیەک و پرسیارکردنێک لەلایەن نوسەرێکی کوردی پەروەردەی ئاسیاوە، دەخرێتە سەر کاغەز. بەراستی کێ بەرپرسیارێتی ئاسیای دڕندەیە؟ تالیبانەکان یان خەڵکی ئەڤغانستان؟ خومەینی یان خەڵکی ئێران؟ ناسیونالیزمی بەعس یان خەڵکی عێراق؟ ئایا هەریەکێک لەو دەسەڵاتانەی کە ناوم بردن دەتوانن بۆ یەک رۆژیش درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن ئەگەر پشتیوانی غەرب و ئەمریکایان نەبێت؟ بەڵام سەیر لەوەدایە کە مەنسوری حیکمەتی پەروەردەی ئاسیای مەلبەندی درندایەتی لە کاتی سەرە مەرگی ئەحمەدی شاملۆدا کە تەواوی هێزە سیاسییەکانی ئێرانی بە چەپ و ڕاست و شاهپەرست و ئیسلامیەوە، لە کەرنەڤالی سینەکوتاندا بۆ شاملۆ عاشورا دەگرن؛ حیزبەکەی مەنسوری حیکمەت بێدەنگی هەڵدەبژێرێت. کاتێکیش تەواوی لەشکری بێ شووماری عاشوراچییانی شاملۆ کراسەکانیان دادەڕن و هاواردەکەن:”ئەوە چ شەیتانێکە لە مەرگی ئازیزی ئێمەدا سنگ ناکوتێ و لە خۆی نادات؟” لە کاتێکی ئاوادا مەنسوری حیکەتی “خۆرهەڵاتی” دەنوسێت:” حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ، حزبێکی سیاسییە و هیچ بەخۆی ڕەوانابینێت بۆ خەڵکی و تەنانەت ئەندامەکانیشی، هونەرمەندی باش یاخود خراپ؛ شیعری رێپێدراو و ڕێپێنەدراو، پێناسە بکات. ئەوەی لەمڕۆدا حیزبێکی سیاسییە، دەتوانێ و دەکرێ لە سبەێنێدا دەولەت دابمەزرێنێ. حیزبێکی سیاسی کە لەمڕۆدا بۆ خەڵکی هونەرمەندی “حەڵاڵ و حەرام” دیاریدەکات، پاڵەوان دەسازێنێت، ناتوانێت لە دووسبەی گرتنە دەستی دەسەڵاتیدا، پارێزەری ئازادی خەیاڵ و ڕادەربڕین بێت.” ئەم تێروانینە بۆ سیاسەت، تێروانینی حیزبێکی خۆرهەڵاتە کە ئامادە نییە لە خەلکی و ئەندامەکانیشی هاوڵاتییانیکی کۆیلە دروست بکات و پێیان بڵێت کە حیزب بریادەر و باوک و دنیای رۆشنبیرییە.
بەڵام بۆ رووناکبیرێکی کورد کە بریارە ئامۆژگاری کەسانی تر بکات و نیتشە بکاتە رابەری خۆی و بچێتە شەڕی راستییەکانەوە، ئەم وێنە و راستییە بە موقەدەسکراوە:”خۆرهەڵاتی دڕندە” دەخاتە سەر پەرەی کاغەز. بەراستی کێ داوا دەکات بە چاوێکی رەخنەگرانەوە لە دەق بڕوانرێت؟
حەمەسەعید حەسەن بڕیار بوو لە بەر رۆشنایی وتەکەی نیتشەدا:”ئەوە بیروباوەری پیرۆزە کە دوژمنی سەرسەختی ڕاستییە، نەک درۆ” بچێتە خوێندنەوەی “نامەی ئەعمالی مامۆستایانی پرۆلیتاریا”وە و وەفاداری خۆی بۆئامۆژگارییە کەی نیتشە لە پەیوەند بە ” بە پیرۆز سەرنجنەدانی دەق”وە رابگەێنێت. بەڵام لە کۆتایی وتارەکەیدا ئەوەی هەتا ئێستاکە بە پیرۆزکراون و وەک راستییەکی رەها بەرهەم دەهێنرێنەوە، لای حەمە سەعید هەر وەکو راستییەکی رەها سەرنجی دەدرێتێ. چ ئەفسانەی مەرگی کۆمۆنیزم و ئەو حەکایەتەی کە رۆژانە لە مێدیا رەسمیەکانی دنیاوە دەیبیستین، چ ئەو دید و بۆچوونانەی تر کە من ئاماژەم پێکردن، وەکو ئەو راستییانە دەخرێنەوە سەر کاغەز کە بە خەرمانەی موقەدەسەوە نیشان دەدرێن.
من لای خۆمەوە چوومە شەری ئەو “راستییە بە ڕەهاکراوان”ەی کە تەوەری بابەتەکەی ناو وتاری نامەی ئەعمالی مامۆستایانی پرۆلیتاریا بوو. ئەویش لەبەر رۆشنایی وتەکەی نیتشەدا کە بڕیار بوو ڕێنیشاندەر و خالی دەستپێکردنی من بێت. بەڵام پێم وایە ئیشکالییەتێکی گەورەش لە خودی تێروانین و دەستەواژەکەی نیتشەدا شاراوەیە کە ناکرێت تەنها لەبەر ئەوەی لە لایەن نیتشەوە داڕێژراوە، هەروا بە ئاسانی بەسەرمانا تێپەڕێت. ئەو ئیشکالیەتەش لەوێدایە کە گوایە ئەو بیروباوەڕەی دەچێتە شەری راستییەوە، پیرۆزی و”نەمری” بەدەست دەهێنێت. بەڵام کێشەکە لێرەوە دەست پێدەکات. لەو خالەوەی کە ئێمە خۆمان لەبەرانبەر راستییەکی تردا دەبینینەوە کە بە خەرمانەکانی “تەقەدوس”، پیرۆزی، دەوریدەگیرێت. ئاخر ئەو باوەرەی کە چووە شەری راستییەوە بریارە پیرۆز بکرێت. ئێمە ئیتر لە ئێستاوە کێشەمان لە جەنگی راستییەکاندا لەگەل خودی راستییە کۆنەکاندا نییە، بەڵکو کێشە لەگەل خودی ئەو باوەرەدایە کە پیرۆزی بەدەست هێناوە و تا ئاستی رەهایەکی تر بەرزکراوەتەوە.
کێشانی خەرمانەی موقەدەس بە دەوری هەر چەمکێکدا، بەهایەکدا، بیروباوەڕێکدا لە تایبەتمەندێتی خۆیدا یانی داخستنی دەرگاکانی پرسیار لەسەری؛ بە مانای بە پلەی کەمالڕ گەیشتن و بێ خەوش بوونی و شایەنی رەخنەلێنەگرتنی. هەر بۆیە من ناچارم کە لەبەرانبەر نیتشە دا بڵێم:” ئەو بیروباوەرەیشی کە دەچێتە شەری راستییەوە، ناکرێت شایەنی پیرۆزی بێت.”
ئاخر سەرەتاییترین ئەرکێک کە رەخنە دەبێت لێیەوە دەست پێبکات، داماڵینی دەمامکەکانی پیرۆزییە وە بە تایبەت لەمرۆدا کە چەمکەکانی پیرۆزی لە هەموو کاتێک زیاتر بازاری گەرمە. ئەمرۆ ئێمە تەنها رووبەروی پیرۆزییەک نین کە لە ئاییندا بە پلەی کەمالڕ گەێنراوە، بەڵکو بە پیرۆزڕاگرتنی بەها و چەمکەکانی وەکو، خاک، نیشتیمان، پارە، نەتەوە، بازاڕی ئازاد تا ئاستی ئاینی تر بەرجەستەکراونەتەوە و ڕۆڵی ئایینە سەرزەمینییەکانی ئەمرۆکە دەبینن.
دوا وتە:
وتاری حەمەسەعید دەکرێ لە زۆر گۆشە نیگای جۆراوجۆرەوە بخوێنرێتەوە، بەڵام ئەوەی بۆ من جێگای گرنگیە خودی دوا پەیامی حەمەسەعیدە:”بە پیرۆز سەرنجنەدانی خوێندنەوە”ی دەقە. جێی داخە حەمە سەعید لەسەرەتای خوێندنەوەیدا بۆ نامەی ئەعمالی مامۆستایانی پرۆلیتاریا تا کۆتاییەکەی، بە هەمان ئاراستەی سەرنجدانێکی بە پیرۆزئاساییانەی دەقەوە کاردەکات. حەمە سەعید لە وتارەکەیدا، گەشتێکی سامناکی ناو قەفەسەکانی باخچەی ئاژەڵمان پێدەکات و لە بەرانبەر قوربانییەکانی جەنگەلدا کە ڕێژەی بەرزی تاوانەکانی هەر لەمڕۆدا جیهانداگیرە ، لە بێدەنگییەکی گەورەدا بە جێماندەهێڵێت. یان ئەوەتانی بانگەوازماندەکات کە سیستەمی بەرهەمهێنانەوەی یاساکانی جەنگەڵ، شایەنی گۆران نین و با هیچ کەسێک بیر لەوە نەکاتەوە. بۆیەش لە زمانی کارلڕ پۆپەرەوە پێماندەڵێت:”کۆمەڵگا داروبەرد نییە، تا بە پێی خواستی ئەم دەسەڵاتدار یان ئەو بیروباوەڕ پۆڵێن بکرێت. بەڵکو زیندەوەرێکە بە پێی توانای خۆی هەمیشە لەگەشەسەندندایە.”
بەڵام بەراستی کۆمەڵگای بەشەری تا چەند سەدەی تر خەریکی چارەسەرکردنی کێشە میللیەکانی ئەمڕۆکەی سەرزەوی بێت و تا کەی کورد و ئەلبانی و دەیەها نەتەوەی تر بە هۆی شوناسی میللیانەوە لە سوکایەتیدا ڕابگیرێن؟ پرسیاری بەرابەری نێوان ژن و پیاو تا کەی مرۆڤی سەردەم گیرودە بکات؟
حەمەسەعید لەگەلڕ کارلڕ پۆپەردا پێمان ناڵێت کە ئەم زیندەوەرە ی کە خودبەخود لە گەشەکردندایە، بۆچی لە ناوەراستی نەوەدەکانی ئەڤغانستاندا بە هاتنەسەرکاری تالیبانەکان، چەندین ساڵ لەدوای حەفتاکانی ئەم وڵاتەوەیە؟ بۆچی ئاستی ریفاهی کۆمەڵایەتی لە ژێر سایەی دەولەتی ریفاهدا لە حەفتا و هەشتاکاتی ئەوروپادا زۆر بەرزترە لە هەمان ئاستی ریفاهێک کە لە ساڵی دوو هەزاری ئەمرۆدا هەیە؟ چی وادەکات کە ئەم کۆمەڵگا زیندووەی ئێمە بەرەو گەشەسەندنێکی بە دژی خواستی ئینسانەکان ئاراستەبکرێت؟
ئەمانە و دەیەها پرسیاری تر بێوەڵام دەهێڵرێنەوە. ئاخر تاکە پەیامێک کە لە دوای مەرگی کۆمۆنیزمەوە بە ئینسانی ئەمرۆ دەوترێت، ئەم بێ ئیرادە کردنەی ئینسانە لە نواندنی هێزی خۆیدا بۆ خوڵقاندنی کۆمەڵگایەکی باشتردا. لە تێزی:” کۆمەڵگا زیندەوەرێکە بە پێی توانای خۆی هەمیشە لە گەشەسەندندایە”، ئەوە پراکتیکی شۆرشگێرانەی ئینسانە بۆ خوڵقاندنی ئالوگۆر لە کۆمەڵگادا کە دەبێت لە مەنگەنە بدرێت و کۆمەڵگای لێ پڕ لە ترس بکرێت. حەمەسەعید لە دووبارە نووسینەوەی وتەکانی کارلڕ پۆپەردا، ئاگایانە باوەش بە “TINA” ی کچە شۆخی مارگرێت تاتشەردا دەکات و لەسەر کەلاوە ڕووخاوەکانی دیواری بەرلینەوە هاواردەکات: “There Is No Alternative “
دەستەواژە بەناوبانگەکەی تاتشەر کە بە کیژۆلەی بەرهەقی ئەو دەناسرێت ناوی تینایە و لەو چوار وشەیەدا کۆدەبێتەوە کە کوردییەکەی بریتییە: “هیچ ئەڵتەرناتیڤێک بوونی نییە” . ئەمە دوا پەیامی تاتشەرە لە بەرانبەر ئەو کەسانەدا کە ناتوانن و نایانەوێت دنیای ئابووری جەنگەڵ قبووڵبکەن. حەمەسەعید بە دووپاتکردنەوەی تێزی” کۆمەڵگا زیندەوەرێکە بە پێی توانای خۆی هەمیشە لەگەشەسەندندایە”، جگە لە قبوڵکردنی هیچ ئەلتەرناتیڤێک بوونی نییە، دەیەوێت لەناو دەقی” موقەدەس بوونی سەرمایەداریدا” هیچ پرسیاریک نەکەین.
حەمەسەعید حەسەن لە نامەی ئەعمالی مامۆستایانی پرۆلیتاریادا، لەپالڕ هەر نییەتێکی ترەوە کە خۆی خوازیاریەتی، پەیامەکەی تاتشەر بە کوردییەکی رەوان دەداتەوە بە گوێماندا. بەڵام ناکرێت لە نێوان ڕێگاکانی جەنگەلڕ و باخچەی ئاژەڵدا، توانای هەڵبژاردنی ڕێگایەکی ترمان هەبێت کە تیایدا ئێمە بە ئینسان بینەوە؟
حەمەسەعید لە نامەی ئەعمالی مامۆستایانی پرۆلیتاریادا، ئەم پرسیارەی “ژان فێرا” وندەکات و لە ناو تەپ وتۆزی”بە پیرۆزسەرنجنەدانی دەق”دا، کە خۆی دووبارە لە بەرگێکی تردا زیندووی دەکاتەوە، ڕۆڵی ئەو مامۆستایە دەبینێت کە بریارە ئامۆژگاری قوتابییەکانی، “چەپەکان”ی کوردستان بکات، بەڵام ئامۆژگارییەک کە پوختەی ناوەرۆکەکەی، گێرانەوەی تاقیکردنەوەی قوربانیەکی فریودراوە بۆ ئەوقوتابیانەی کە کەڵکەڵەی ڕۆیشتنی سەر ڕێگای دێرینی مامۆستایان لەسەردایە، نەبادا وەک “مامۆستاکەیان” پەنجەی پەشیمانی بگەزن.