لە فت کردنەوە بۆ گوڵکردن

 

 

 “یۆران پێرسۆن”، سەرۆکی دەولەتی سوید، حوکمەتی سۆسیال دیموکراتەکان، لەسەردانێکیدا بۆ وڵاتی چین لە ساڵی 1999 دا و لە کۆمینتێکی تەلەفیزیۆنیدا کەڵک لە وشەی ”  S tability” وەردەگرێت بۆ دووان سەبارەت بە سەقامگیری ئابووری و سیاسی لەو وڵاتەدا. لە لایەن هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە ئەم دەربڕینەی پێرسۆن دەکەوێتە بەر پەلامارێکی گەورەی مێدیایی. ئاخر کەڵکوەرگرتن لە وشەی “Stability ” بۆ وەسفکردنی سیستەمێکی وەک چین لەلایەن هێزێکی ڕاستەوە کە هێرشی دژی کۆمۆنیستی بەشێک لە پلاتفۆرمی ڕۆژانەیەتی، شتێک نییە جێی قبوڵ بێت. لێرەدا قسە لەسەر کۆمۆنیست بوون یان نەبوونی چین نییە، هێندە قسە لەسەر هەڵبژاردنی وشەی دروستە بۆ دووان لە دۆست و دوژمنەکان. ئەگینا تاکە هێزێک کە لە ناکۆمۆنیست بوونی چین دڵنیایە خودی هێزەکانی ڕاستە.

ئەوەی بۆ من لەم نموونەیەدا جێگای سەرنجدانە، هەڵبژاردنی وشە و دەستەواژەی سیاسییە لەلایەن سیاسەتمەدارانێکەوە کە قسە لەسەریان دەکەوێت و بە نیگایەکی ترەوە لە پەیوەندییە سیاسییەکاندا سەرنجدەدرێن.

هەر لەم پەیوەندەدایە کە جۆرج دەبڵیو بۆشی ئێستای ئەمریکا لەپاش کردەوە تێرۆریستییەکەی 11 ی سێپتێمبەردا بە دەست دەربڕینی ” شەڕی سەڵیبی” وە کە وەک کاردانەوەیەکی ئەمریکی بۆ هێرشی بەرانبەر بەکاری هێنا، تووشی سەرەگێژەیەکی مێدیای گەورەی دەکات و  هەموو ئیدارەی کۆشکی سپی بە کۆمێنتی جۆراوجۆر خوازیاری پەردەپۆشکردنی وتەکانی “بۆش”ن.

بۆیەش سەرنجدانێکی کورت لە وتە و ئاخاوتنەکانی ڕابەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وێستگایەکی کورت دەبێت بۆ من. خاڵی دەستپێکردنیشم بەشێک لە وتەکانی جەلال تالەبانییە کە لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا لە دوکان درکاندی و لە ڕۆژنامەی برایەتی ژ: 3807 ی 3ی ئۆکتۆبەردا بلاوکراوەتەوە.

لە وەڵامی ئەم پرسیارەی یەکێک لە ڕۆژنامە نووسەکاندا:

   بۆ حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، ئایا وەک پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان چ حسابێکتان بۆ کردوون؟

 مام جەلال: وەکو دەزانن کە بڕیارە ئەو پڕۆژەی فیدرالیەت و بۆچوونی هەردوولا دەربارەی عیراق بدرێتە دەست هەموو حزبە کوردستانییەکان و ئەوانیش بیروڕای خۆیان بڵێن. دوای تەتەلەکردنی هەموو ئەو بیروڕایانە، ئینجا بدرێتە ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردستان. واتا ئێمە ڕێز و ئیحتراممان هەیە بۆ هەموو حزبەکانی کوردستان، بۆ هەموو تێکۆشەرێک لە کوردستان و حەزمان لە هاوکاریی و تەباییە و هیچ وەختێک نە پارتی نە یەکێتی بە نیازی ئیحتیکار و ئەوە نییە کە خەڵکی دیکە فت کات، بەڵکو بە پێچەوانەوە پێمان خۆشە وەک هەمیشە هاوکاریان بین و هەتا ئێستاش وابزانم لەو مەیدانەدا درێغیمان نەکردووە.”

بۆ من دەربڕینی لە چەشنی “فت کردن” جێگای تێڕامانێکی ووردترە.  لێرەدا قسە لەسەر ئازادییە سیاسییەکان و ئامادەیی هەمەڕەنگییە لە کایەی سیاسەتدا؛ بە کورتییەکەی وەلانانی ئیحتیکاری سیاسی تەنها مانای وەڵانانی دیاردەی فت کردن دەگرێتەوە.

بەڵام بۆچی فت کردن دەبێتە ئەو دەربڕینەی کە دەبێت لە پەیوەند بە پرسیارێکی وا گرنگدا جێی بێتەوە؟

” فت کردن” لە زمانی کوردیدا یەکێک لە وشانەیە کە بەکارهێنانی چەندین مانای تری لەخۆ گرتووە و لە کەمترین ڕووبەردا بە مەبەستی مانای خۆی بەکاردەبرێت.

لە فەرهەنگی “هەنبانە بۆرینە” ی هەژاردا “فت کردن” بە مانای دەرکردن لە ڕیز؛سەبیلە بە فوو بەتاڵکردن؛لەدەم دەراویشتن؛ شتێ لە ماڵی کڕیاو دەرکردن دێت.      

زۆرترین مانایەک کە ئەم وشەیە لەخۆی گرتبێ بە مانای دەرکردن لە ڕیزە. بە  بیستنی ئەم وشەیە گوێگر خێرا خەیاڵی بۆ یاری کلاوکلاوێنە یان گۆرەوی بازی دەچێت.  فت کردن بەمانای لابردنی ئەو کڵاوەی یان گۆرەویەی کە “موستیلەی”ی شاراوەی؛ یان هەر شتێکی تر کە دەکرێ بشاردرێتەوە، لە ژێردا نیە و لادەبرێت.

بەڵام سەرنج راکێش ئەوەیە کە هەر ئەم وشەیە کۆمەڵێک مانای تری لەخۆگرتووە کە زیاتر کۆمەڵایەتی ترەو لە زەینی ئینسانەکانەدا بە جۆرێک ڕەگی داکوتیوە.

 “ئەو مابوو هەر ئەویشیان فت کرد”، زیاتر بەمانای کوشتنی ئەو کەسە دێت. لە هەندێک ناوچەی تری کوردستاندا فت کردن بە مانای “گایین”یش دێت. وشەیەک هێندە لەناو سەرسەری و هەتیوبازەکاندا بەکارهێنراوە، کە ئێمە زۆر بە ئاسانی لە ناوەڕۆکی ڕستەکە تێدەگەین کاتێک قسەکەر دەڵێت:” هەتیوەکەیان فت کرد”. 

هیچ وشەیەک مانایەکی ئەزەلی و هەمیشەیی نییە. جێکەوتنی وشە لەو دەستەواژەیەدا کە نووسەر بەکاریدەهێنێ مانایەکی تردەبەخشێت بە ناوەڕۆکی وشەکە. زۆر جار مانای سادەی وشەکە هیچ بریندارکردنێک یان شادی بەدڵهێنانێک بە شوێن خۆیدا ناهێنێت، بەڵام کاتێک لە ڕستەیەکی تایبەتیدا جێدەکەوێت، ئەوا بەستەزمانی وشە لەوە دەکەوێت کە هەڵگری مانای سەرەتایی خۆی بێت.

فاوڵکردن تا هێندەی بەمانای سەرپێچیکردن بێت لەو  یاسایەی پەیوەندیەکانی وازیکردن دیاریدەکات شایەنی سەرنجدانێکی ئەوتۆ نییە. بەڵام کاتێک لە دەستەواژەی کوشتنی کۆمەلە پێشمەرگەیەکی لایەنێکدا بەکار دێت؛ وەک ئەو دەربڕینەی “جەبار فرمان” کە لە نامەیەکدا بۆ تالەبانی دەنووسێت، ئیتر فاوڵکردن هەڵگری ماناکانی خۆی نییە و خوێنی لێدەتکێ.

ئەوەی بۆ ئەم نموونەیە دروستە بەهەمان شێوە ڕاستی خۆی دەسەلمێنێ کاتێک ئەوە لەبەرچاو بگرین کە فت کردن تەنها مانای دەرکردنەدەرەوە نییە لە ڕیز .

هەر بۆیەش دەربڕینی لە چەشنی ” هیچ وەختێک نە پارتی و نەیەکێتی بە نیازی ئیحتیکار و ئەوە نییە کە خەڵکی دیکە فت کات” ناکرێ وەک وشەیەکی هەڵبژێردراو بۆ مەبەستی ئازادییە سیاسییەکان جێگای متمانە بێت. بەتایبەتی ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە سیاسەتی هەتا ئێستای ئەم دوو حیزبە بە مانای دروستی وشەکە نەک هەر لە ڕیزەکان دەرکردنی ئەوانی دیکە بووە، بەڵکو بەمانا جەماوەرییە بەرینەکەی “فت کردن”، بەشێک لە پرۆسەی فت کردنی سیاسی بووە.

دەکرێ کەسێ بڵێ: ئەمە گێچەڵکردنە بەسەرکردەیەکی کورد کاتێک کەڵک لە وشەیەکی ناوچەیی وەردەگرێت بۆ دووان سەبارەت بە پرسیارێک. منیش پێم وایە دەکرێ بەکارهێنانی وشەی فت کردن بەلەبەرچاوگرتنی بەکارهێنانی ناوچەیی وشەکە دروست بێت. بەڵام چی بە کەسێکی تر دەڵێی کە مانای وشەکە  تەواو پێچەوانەی ئەو مانایە کە لە ناوچەیەکی تردا هەڵگریەتی. 

بەڵام فت کردنی ناو ڕستەکەی تالەبانی ئەگەر بە مانای خودی وشەکەش بەکار هاتبێت؛ دەرکردنی ئەوانی دیکە لە ڕیز، هێشتاکە هەڵبژاردنێکی دروست نییە. چونکە ئەو پرۆژەی فیدرالیەت و بۆچوونەکانی هەردوولا لە پەیوەندبە عێراقەوە ( بۆچوونەکانی یەکێتی و پارتی) کە بڕیارە بدرێتە “حزبە کوردستانییەکان تا ئەوانیش بیروڕای خۆیان بڵێن لەسەری”، بۆچوونێک نییە کە بخرێتە بەردەمی ئەوانی دی کە لە “دەرەوی ڕیزن”. بەڵکو ئەو حزبە کوردستانیانەی کە لە کوردستاندا هەن لە ڕیزی هەر هەمان بزووتنەوەی سیاسیدا ڕاوەستاون و خاوەنی قسەیەکی جیاواز ترنین کە بە هۆیەوە “لە دەرەوەی ڕیز”دا ڕاوەستابن. ئەوان ئەو فریشتە باڵ سپییانەن بۆ دەسەڵات تا بە هۆیانەوە دەسەڵات سەد هێندەی تر ئاڵای هەمە ڕەنگی و فرەحیزبی لە کوردستاندا بەرزتر ڕابگرێت.

سیاسەتی فت کردنی ئەوی دی کە خاوەنی قسەیەکی تر و بەرنامەیەکی ترە بۆ چارەسەری مەسەلەی میللی لە کوردستاندا دەمێکە بە مانای دروستی “فت کردن”ی سیاسی لە گۆڕێدایە.

تراژیدیا ئەوەیە کە چەمکی “فت کردن” لە گەرمەی گەمەیەکی تردا بەکاردەهێنرێت کە دووبارە یەکخستنەوەی بالەکانی ناو دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی کوردە. هیوادارم ئەوانەی کە ئومێدی ئاڵوگۆڕێکی گەورەیان لەم پرۆسەی یەخستنەوەی دەسەڵاتی کوردیدا بینیوەتەوە لەسەر حەق بن و وەک من پێیان وانەبێت کە چەمکی فت کردن بەشێکی دانەبڕاو لە یارییەکی گەورەی سیاسییە کە یاریزانان دەیانەوێ  بە تاکە “گوڵکردن “ی  خۆیان شاد بن.   

 
 

 
 

Check Also

سیناریۆی ڕەش، سیناریۆی سپی

سیناریۆی ڕەش، سیناریۆی سپی باسێک دەربارەی ڕەوەندی هەڵومەرجی سیاسی لە ئێراندا نووسینی: مەنسور حیکمەت وەرگێڕانی: …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *