بۆ مەهابادی لووتکە.

 

 

دەکرێ شاعیر بی و

 کەس لە چایخانەدا کورسیت بۆ نەگرێ

 دەکرێ نووسەر بی و

 پێتوانەبێ خوێنەر دەبێ کۆڵکێشی وشەت بێ.

من لەسەفەرا بینیم، شاعیر کورسی بۆ ناگیرێ

 هیچ کۆڵکێشێکیشم نەبینی، بە دوایەوە نووسەرێک بڕوا.

بەشێک لە شیعری “سەفەر و باپیرەم و کچەکەم”

 

 “من نایەم نووسینەکەی سالار ڕەشید دێڕ دێڕ دووبارە بنووسمەوە  و بەرگری لەخۆم بکەم کە من ئەو قسانەی ئەو دەیکات من نەمگووتوون ، بەڵکە من خوێنەر بە وشیار دەزانم و ئەم هەڵسەنگاندنە بۆ خۆیان بەجێدەهێڵم. خوێنەر ئەگەر مەبەستێتی  بۆی ڕوونبێتەوە بە چاوێکی بێلایەنەوە بڕوانێتە هەر دوو دەقی نووسراو کە لە خوارەوە ئاماژەم بە شوێنی بڵاوکردنەوەیان داوە. “(1) ئەوەی لەم دێڕانەدا دەدوێ مەهاباد قەرەداغییە لە پەیوەند بە ڕەخنەیەکی سالار ڕەشیدەوە کە لە نووسینێکدا ئاماژە بە وتاری “ڕۆژی لە دایکبوونی فاتیمەی زەهرا ڕۆژی ژنی عێراقە” ی مەهاباد  دەکات. 

بەڵام بۆ ئەوەی خوێنەر ئاگاداری ئەوە بێت کە مەهاباد چی وتووە و سالار ڕەشید چۆن ڕەخنەی لێگرتووە، من ناچارم گرنگترین پەرەگرافەکانی مەهاباد و سالار بنووسمەوە.

مەهاباد لە وتاری  “ڕۆژی لە دایکبوونی فاتیمەی زەهرا ڕۆژی ژنی عێراقە” دا دەنووسێت:” ژنانی عێراقی هاوچەرخ بۆ دەبێت ژنێک بکەن بە سیمبوڵی خۆیان کە بەهۆی باب و هاوسەرەکەیەوە دەناسرێت نەک لەبەر ڕەفتار و داهینانی خۆی”(2)  هەر بۆیەش مەهابادی ڕووناکبیر” بانگەوازی ژنانی (ڕووناکبیری) عەرەبی عێراق دەکات کە :” پێویستە ئەو مەهزەلەیە ڕاگرن و ڕێگە نەدەن ژنانێ بڕیاریان بۆ بدەن کە داشی دامەن بە دەستی مەلا و ئایەتوڵاکانەوە.”

پاشن دەنووسێت:” ژنانی کوردیش پێویستە ئیدی هیچ بەندیوارێک (ئینتیما) یان بە عێراقەوە نەبێت و هیچ سیمبوڵێکی هاوبەش  لەگەڵ ئەو وڵاتەدا قبوڵنەکەن.” (3) جا ئیتر ئەگەر خوا جوانەکانی خۆشەویستی سۆمەر کە هەمویان ژنن و گەورەترین جێگایان لە لێکۆڵینەوەکانی فێمێنیزمی ڕادیکاڵی ئەوروپادا  داگیرکردووە  بۆ سەرنجدان لە پەیوەندییەکانی نێوان پیا و ژن و بەسەرچاوەیەکی گەورەی سیمبۆڵی کولتووری جیهان و ئەم چوارچێوە جوگرافیایە(عێراق)  دادەنرێت لەمڕۆدا،  دەبێ بە وتەی مەهاباد قەرەداغی، توڕبدرێنە دەرەوە. بۆیەش مەهاباد  پێشنیار دەکات:” ژنانی کورد دەبێ ڕۆژێکی تایبەت و سیمبۆڵێکیان بۆ خۆیان هەبێت. بۆ نموونە ڕۆژی لە دایکبوونی مەستوورەی کوردوستانی کە شاعیرێکی داهێنەر و یەکەمین مێژوونووسی ژنە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، یان ڕۆژی لەدایکبوونی لەیلا زانا کە سیمبوڵی ئازادیخوازییە…، یان لەیلا قاسمی تێکۆشەری لە سێدارە دراو یان ڕۆژی لە دایکبوونی هەر ژنە ئەنفالێک.” (4)

جا ئەگەر مەهاباد لە وتارەکەیدا لەبەرانبەر سالاردا خوازیاری ڕوونکردنەوەی سترەکچەری کارکردنی سیستەمی خێلە (خێڵی کۆمۆنیستی سەر بە تەریقەتی مەنسووری)  و ڕەخنەگری ئەوەیە کە :” خێڵ سترووکتۆرێکی هەڕەمی هەیە و سەرەک خێڵ کە لەسەرەوەی هەڕەمەکەدا جێدەگرێت و لە جیاتی هەمووان بیردەکاتەوە و بۆ هەمووان بڕیاردەدات و لە جیاتی هەمووان دەبینێ و دەبیستێ”(5) و یەک کۆمەڵ ڕوونکردنەوە لەسەر وشکەباوەرچی و دۆگماتیستەکان دەخاتە بەردەست بۆ ئەو کەسانەی کە ئەم سیستەمە بەرهەمی دەهێنێت و ئەوان دەکاتە پێڕەوانی “تەریقەتێکی” سیاسی، ئەوە بۆ چۆنێتی کارکردنی ئەم سیستەمی خێلە لەناو خێڵی ڕووناکبیراندا، ناڕەزایەتییەک نییە.

  بۆیەش کاتێک مەهاباد دەنووسێت:” پێویستە ئەو مەهزەلەیە ڕاگرن و ڕێگە نەدەن ژنانێ بڕیاریان بۆ بدەن کە داشی دامەن بە دەستی مەلا و ئایەتوڵاکانەوە.” یاخود :” ژنانی کوردیش پێویستە ئیدی هیچ بەندیوارێک (ئینتیما) یان بە عێراقەوە نەبێت و هیچ سیمبوڵێکی هاوبەش  لەگەڵ ئەو وڵاتەدا قبوڵنەکەن.”  یاخود :” ژنانی کورد دەبێ!” هەر یەکە لەو دەربڕینانەی سەرەوە کە بە “پێویستە و دەبێ”َ دەمدەکاتەوە، هیچ جیاوازییەکییان لەگەڵ پێویستە و دەبێی سەرەک خێڵێکدا نییە. تاکە جیاوازییەک کە هەبێت ئەوەیە لە پەیوەند بە (پێویستە و دەبێ)کانی مەهاباددا ئێمە خۆمان لەبەرانبەر خێلێکی تردا دەبینینەوە کە خێڵێکی (ڕووناکبیریی)یە و لەسەر لووتکەی ئەم خێڵەدا ژنێک دانیشتووە و بۆ ژنەکانی دیکەی خێڵ  و” لە جیاتی هەمووان بیردەکاتەوە و بۆ هەمووان بڕیاردەدات و لە جیاتی هەمووان دەبینێ و دەبیستێ”.  قسە لەسەر ئەوە نییە کە فرمانی پێویستەی سەرەک خێڵ لە دۆخی خێڵی سیاسیدا خراپە و لە خێڵی ڕووناکبیراندا دروستە، قسە لەسەر چۆنێتی کارکردنی ئەم سیستەمی (پێویستە) دەکردنەدایە. ئەوەشمان لەیاد نەچێت کە بەرجەستەکردنەوەی ناو و کەسایەتییە بەرجەستەکانی بزووتنەوەیەکی سیاسی و کردنی ڕۆژی لەدایکبوونیان بە ڕۆژێکی سیاسی گەورە، هیچ کاردانەوەیەکی تاوانبارکردنی خێڵەکییانە لای مەهاباد پێکناهێنێت و ئەگەرهێزێکی سیاسی تر بەرجەستەی ڕابەرە سیاسییەکەیان بکەنەوە، ئەوە ئیتر پەیڕەویکردنە لە کولتوری خێڵ. 

بەڵام سالار ڕەشید چی درکاندووە کە بە هۆیەوە نەک بۆچوونەکانی دەبوایە بخرێتە بەر ڕەخنە، بەڵکو جامی غەزەبی ڕووناکبیرێکی فێمێنیست بەسەر  حککعدا بڕێژێت. ؟ با سەرنجێک لە وتەکانی سالار ڕەشید بدەین. سالار لەبەرانبەر بۆچوونە کانی مەهاباددا کە من لەسەرەوە گرنگترین بڕگەکانیم نووسییەوە، دەنووسێت:” مەهاباد هاتووە نەک هەر داکۆکی لە ڕۆژی 8ی مارس  ناکات بەڵکو هاتووە ئەویش بەهەمان ڕەوشتی ئیسلامی سیاسی شیعە مەزهەب بەڵام لە ڕوانگەی ناسیۆنالیزمێکی ئوێوڵییەوە ئەیەوێت لەشەڕی تیرە و تایەفە و مەزهەبی نێو ئەنجوومەنی حوکم ، ئەمیش بۆ قەومپەرەستانی کورد بەشێک بپچڕێ. ئەویش بەوەی ڕۆژی لەدایک بوونی ژنانی کورد بە ڕۆژی ژن لە کوردستان دابنرێ. هەر بەوەشەوە ناوەستێ بۆ ژنانی عێراقی دراوسێیشی پێشنیاردەکات کە ئەوانیش ڕۆژی لەدایک بووونی ژنێکی عەرەب بکەنە ڕۆژی ژن. لە کاتێکدا لە دانانی 8ی مارسدا ئەوەی بیری لێنەکرابێتەوە وڵات، قەوم، ڕەگەز، دین و مەزهەبە.”(6) سالار لەبەرانبەر دەربڕینی مەهاباددا کە دەنووسێت: ” ژنانی هاوچەرخ بۆ دەبێت ژنێک بکەنە سیمبوڵی خۆیان کە بە هۆی باب و هاوسەرەکەیەوە دەناسرێت نەک لەبەر ڕەفتار و داهێنانی خۆی” ئاماژە بەوە دەکات کە :” مەهاباد ئەوە پیشان دەدات کە فاتیمە بۆ خۆی هیچ کارێکی نەکردووە کە بەهۆی ئەوەوە بناسرێتەوە ، بەڵکو فەزڵی ناسراوی ئەو و جێگایەک کە پێی بڕاوە ئەگێڕێتەوە بۆ بۆ باوک و بۆ هاوسەرەکەی ، ئەمەش یانی کار و کردەوەی محەمەد و عەلی بە پۆزەتیڤ نرخێنراوە. “(7)

یانی ئەگەر فاتیمە خاوەنی مێژوویەکی وەک عەلی و محەمەد  ببوایە، واتا “ڕەفتار و داهێنانی خۆی” بە وتەی مەهاباد

 بە و مێژوووەدا ببردایە  کە عەلی و محەمەد بەهۆیە لە مێژوودا ناودەردەکەن،  پرسیارێکی هێندە لەسەر هەڵبژاردنی ڕۆژی لەدایکبوونی فاتیمە پێکنەدەهات. ئاخر ئیتر فاتمە بە ڕەفتار و داهێنانی خۆی توانیویەتی خۆی لە مێژوودا بسەپێنێت، جا ئەو ڕەفتار و داهێنانانە چی بوون، گرنگ نییە. بەڵکو گرنگ ئەوەیە فاتمە ژنە و خاوەنی ڕەفتار و داهێنانێکە، ئەمە ئەو پرسیارەیە کە سالار دەیەوێ لە مەهابادی بکات.

من تا ئێرە بە شوێن کرۆکی ئەو جەدەلەوەم کە مەهاباد و سالاری گیرۆدەکردووە . مەهاباد لە وەڵامیدا بۆ سالار بە هیچ شێوەیەک نایەتە سەر کرۆکی باسەکە و ئەم داوەرییە بە خوێنەری (وشیار) دەسپێرێت. 

بەڵام حەمە سەعی حەسەن لە کورتیلە وتارێکدا ئاماژە بە هەمان بابەت دەکات و دەنووسێ:” لەخۆشەویستی ڕۆزا لۆکسەمبۆرگ  لە مێژە ژن و پیاوی کورد ، ناوی (ڕۆزا) لە کچەکانیان دەنێن. “(8)

حەمە سەعیش وەک سالار ، پێی وایە جیهانی بوونی 8ی مارس لەوە گەورەترە کە بە سیمبوڵێکی ئیسلامی ئاسەواری کوێربکرێتەوە. 

بەڵام  قسەیەک لەبەرانبەر خوێندنەوەکەی حەمە سەعیددا نییە. 

ئەگەر بە زمانێکی ئەکادیمیکانە و ڕووناکبیرانە لەو دەرئەنجامانەی کە مەهاباد بە دەستی هێناون ووردبینەوە لە وتاری ناوبراویدا کە لە جەنگی ئەڵتەرناتیڤی بزووتنەوە سیاسییە جیاوازەکاندا ، ئیسلامی سیاسی سیمبوڵێکی ئایینی دەکاتە  سیمبۆڵی ڕۆژی جیهانی ژن و لەبەرانبەر ئەمەدا ژنێکی فێمێنیستی کورد قاچی دەبێ بە تەڵەی هەر هەمان دیدە و لەبەرانبەردا بە سیمبوڵەکانی میللەتی خۆوە هەڵوێستدەگرێت و ئەوەیشی کە جێگایەکی بۆ ناهێڵرێتەوە یونیڤێرسیاڵ بوونی ئەم ڕۆژەیە،  ئەوا دەتوانرێت ئەو سیستەمە فیکرییەی کە مەهاباد بۆی دەگەڕێتەوە  و پێوەرە لەلای، بە “ئەتنۆسەنتریزم” بناسێنرێت.

  ئەتنۆسەنتریزم بریتییە لەوەی کە :” ئینسان کولتوری خۆی دەخاتە سەنتەرە وە و سەرنجدان و داوەریکردنی خۆی لەسەر جیهان لە پۆزیشێۆنی خۆیی و تاقیکردنەوەکانی خۆیەوە هەڵدەهێنجێنێت. ئینسان بە جۆرێک سەرنج لە شوێنی تایبەتی خۆی دەدات وەک ئەوەی گەردوونی بێت و پێی وایە کە بەشەکانی دیکەی زەوی دەبێ هاوبەشی دیدوبۆچوونە کولتوریەکان و نۆرمەکانی ئەو بن. لایەنێکی گرنگ لە جیهانبینی ئەتنۆسەنتریزم ئەوەیە کە ئینسان پێیوایە کە ئەو پەیوەندی و دید و بۆچوونە کولتووریانەی کە بۆ گروپی خۆدەشێن، لە هەموو شوێنێکدا هەیە، بەڵام ئەتنۆسەنتریزم دەکرێ بە مانای ئەوەش لێکبدرێتەوە کە ئینسان وا دادەنێت کە ئەو جیهانبینی و بەهایانەی کە خۆی خاوەنێتی، تاکە جیهانبینی ڕاست و دروستن و هەموو ئەوانی دیکە دەبێ پەیڕەوی لێبکەن.” (9)

واتا کاتێک ئیسلامی سیاسی ئامانجدارانە ناوەڕۆکە جیهانییەکەی ڕۆژی ژنان لە عێراقدا دادەتەکێنێت و ڕۆژێکی دی پێشنیار دەکات بۆ بە کردنی بە ڕۆژی ژن، پەیامە سیاسییەکانی بزووتنەوەی سیاسی خۆی بە گوێی کۆمەڵدا دەدات و پۆششێکی ئیسلامییانە دەکاتە بەری ژن، ئەمە نووسەرێکی فێمێنیست تووڕە دەکات و لەبەرانبەر ئەم پەیامە سیاسیەیە و سیمبوڵەکانیدا، نەک داکۆکی لە پەیامە جیهانییەکانی ژنان ناکات، بەڵکو ئەویش بە جووڵەکردن لە پەیامە کولتورییەکانی ئەتنییەتی خۆ و سیمبوڵە کولتوری و سیاسییەکانی نەتەوەی خۆوە، پۆششێکی دیکەی میللی دەکاتە بەری ژنان. 

ئەگەر ئیسلامی سیاسی مەرجەعێکی لە سەنتەردا داناوە و لە یادکردنەوەی ڕۆژی ژندا،  دەبێ ئەم ڕۆژە کیشبکاتەوە بۆ ناو ئایین ، مەهاباد و پیشنیارەکەی، ڕۆژی ژن کیشدەکاتەوە بۆ سەنتەرێکی دی کە نەتەوە و سیمبولەکانی ئەو لە سەنتەردان. ئەم جەدەلی بە ئیسلامیکردن یان بە میللیکردنی ڕۆژی ژن لە عێراقدا، نزیکایەتییەکی گەورەی لەگەڵ   َ جەدەلی زیاترکردنی ڕۆژێکی پشوودایە لە سویددا. هێزە کۆنسەرڤاتیزەکانی سوید خوازیارن کە 6ی حوزەیران بکرێتە ڕۆژی نەتەوەیی لەم وڵاتەدا.  تا ئێرە کێشەیەک پێکنەهاتووە، بەڵام کاتێک لەسەرجەمی پێشنیارەکەی ئەو هێزانە وورددەبیتەوە، ئەو کات لە مەرامی سیاسی و نیەتی ئەم هێزانە ئاگادار دەبیت. 6ی حوزەیران دەبێ بکرێتە ڕۆژی پشوو، بەڵام لەبەرانبەردا یەکی ئایار دەبێ وەک ڕۆژی پشوو لە ڕۆژژمێری سوییددا بسڕێتەوە. لابردنی یەکی ئایار و جێگرتنەوەی بە ڕۆژی نەتەوەیی سوید، بە جۆرێک لە جۆرەکان هاوتا دەبێتەوە بە لابردنی 8ی مارس و جێگرتنەوەی بە ڕۆژی لەدایکبوونی فاتیمە و یان هەر ناوێکی دیکەی کوردیدا. لە پشت هەردوولایانەوە، کۆششێکی ئامانجدارانە لە کاردایە بۆ کردنەوەی”ئینسان” بە “ئینسانێک” کە بوردی بناغە و گرنگترین پەیامەکانی ئەم دوو ڕۆژەن. 

بڕیار نەبوو فێمێنیستێکی گەردوونگەرا( بەوەی فێمێنیزم سیستەمێکی فیکری جیهانگەرایە) لەبەرانبەر داتەکاندنی پەیامە گەردوونییەکەی ڕۆژی ژناندا و بە ئیسلامی کردنی ئەم ڕۆژەدا ، ناڕەزایەتی دەرنەبڕێت،  بەڵام کاتێک پێشنیارێکی دیکە بۆ گۆڕینی ئەم ڕۆژە لەبەرگێکی کوردانەدا دەخاتە بەر دەست، ئیتر ئەوە عوزرە کە لە قەباعەت خراپترە. لەم جیهانبینییەی ئەتنۆسەنتریزمدا دەبێ سبەینێ ” هیچ سیمبوڵێکی هاوبەش  لەگەل”نەک عێراقدا، بەڵکو لەگەڵ ئەمریکاشدا قبوڵنەکەین،  کاتێک بۆش و نەوەکانی دیکەی بۆش بەتەنگ نەتەوەی خۆوە نین.

جگە لە ئەتنۆسەنتریزم کە پانتاییەکەی گەورەی سیستەمی فیکری مەهابادی داگیرکردووە،  “ژنپەرەستی” ڕەگێکی گەورەی فێمێنیزمی ئەو پێکدەهێنێت. مەهاباد دەنووسێت:” ژن پێویستە بەشداری سیاسەت بێت، بەڵام نەک وەک بەشدارێکی بەکارهێنراو و بێکاریگەری. ژن پێویستە لە هەموو ئەو بەڵێنانە بکەوێتە گوومانەوە کە سەرکردە و سکرتێر و لێدەری حزبەکان دەیدەن. ژن خۆی بیرکەرەوەیە. بەڵام بوار نادرێت. ئەرکی ژنانی وشیار ئەوەیە هەموو جۆرە هێزێک کە سالارێتی خۆی دەسەپێنێت بەسەریاندا، جا ئەو هێزە ناسیۆنالیست بێت یان کۆمۆنیست، ڕەتی بکەنەوەوە  و بوار بۆ خۆیان دروستبکەن. ژن دەبێت خۆی دارێژەری فەلسەفە و داهێنەری ڕێبازێک بێت کە ژن ئازاد بکات.” (10)

ژن لەم دەربڕینانەدا ئەو موقەدەسەیە کە لەسەرووی هەموو بەرژەوەندی و دابەشبوونە گەورەکانی کۆمەڵگاوەیە ، ئەم ژنە لەم دەربڕینانەدا کائینێکە لە خەیاڵ، نەک لە کۆمەڵگادا بوونی نییە، بەڵکو وەک ڕۆحێکی موتڵەق لە ئاسماندا هەڵواسراوە. تاتچەریزم کە لەگەڵ ڕەوتی ڕیگانیزمدا بە گۆڕهەڵکەنەی دەوڵەتی ڕیفاه  لەقەڵەم دەدرێن، زادەی فیکری مارگریت تاتچەرە و کەسیش گومان لە ژنێتی بوونی ئەو ناکات.

کەمیش نەبوون ئەو ژنانەی کە بوونە پەیامهەڵگری ئەم گوتارەی تاتچە ر و پێیان وابوو ئەم فەلسەفەیە دەکرێ ژن ڕزگار کات.  قسە لەسەر ئەوە نییە کە من  چارەی تاتچەرم ناوێت، بەڵکە قسە لەسەر ئەوەیە کە چەمکی ئازادکردنی ژن لە ژنێکەوە بۆ ژنێکی تر جیاوازی هەیە و ژنبوونی فەیلەسووف ئەگەرچی بانگەوازی ئازادکردنی ژنیش بکات، حەقانییەت بە فەلسەفەکەی نادات. ئەوەشمان لەیاد نەچێت ئاڵاهەڵگرانی تاتچەریزم لە ناو ژنانی ئینگلیزدا تاریکبیر نەبوون و بڵندترین “شەهادەکانی دانشگایان” هەبوو.

فێمێنیزم بۆ ئەوەی دارێژەری فەلسەفە و داهێنەری ڕێبازێک بێت کە” ژن” ئازاد بکات ، دەبێ بێ ژن بێت.

ئەم دەربڕینەی سەرەوە پەیامی “نینا بیۆرک”ە بۆ ئەو ستراتیژییە نوێیەی کە بزووتنەوەی فێمێنیستی سوید دەبوایە ڕەچاوی بکردایە. نینا دەنووسێت:” چۆن سۆسیالیزم جارێکیان چینی کرێکاری خۆشدەویست، لەمڕۆدا فێمێنیزم ئاشقی ژنە، ژنێک کە لەوەوە و لێیەوە  بۆ جارێک دنیایەکی جوان سەردەردێنێ. بەڵام بەوەی کە هیچ کەسێک لەمڕۆدا ناتوانێت بڵێت کە ئینسانێک بە سروشتی وەک کرێکار لەدایکدەبێت بە تایبەتمەندییەکانی کرێکارەوە ، کەچی هێشتا دەوترێت ژنان وەک ژن لە دایکدەبن بە تایبەتمەندییەکی ژنانەوە.” (11)

جەختکردنەوە لەسەر ژنێتی ژن و فەلسەفەکەی بۆ ئازادکردنی ژن، لە دەرئەنجامەکانی خۆیدا لەسەر ئەزەلیکردنەوەی شوناسی ژنێتی کاردەکات. واتا پرسیاری بەرابەری کە لە سادەترین ماناکانی خۆیدا بۆ نەهێشتنەوەی شوناسەکانی ژنێتی و پیاوێتیەکە وەک دەستکردێکی کۆمەڵایەتی  لە کۆمەلگادا دروستدەکریت، لەو فەلسەفەیەدا کە دەبێ و پێویستە ژن خۆی داڕێژەری بێت  بۆ ئازادکردنی ژن، بۆ بە هەمیشەییکردنەوەی شوناسی ژنێتییە.   بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم لایەنە، بیۆرک سەرنجێک لە ڕەخنەکانی “جەی کرێستێڤا” دەدات. کرێستیڤاباس لە سێ قۆناغی فێمێنیزم دەکات و دەنووسێت”   یەکێکیان ژنان تیایدا دەیانەوێت بە ئاستێکی یەکسانی بگەن لەگەڵ پیاواندا لە بوارەکانی ئابووری و سیاسیدا و ئەویش لە ڕێگای ئاماژەکردنەوە بەوەی کە پیاوان وەک ژنانن و هیچ جیاوازییەکی جنسی لە نێوان ئەوان و پیاواندا نییە. ئەوی دیکەیان ژنان تیایدا جەخت لەسەر تایبەتمەندبوونی خۆیان دەکەنەوە لە دەربڕینێکی پۆزەتیڤانەدا وەک ئەوەی کە دەڵێ: ژنان پیاوانێکی جیاوازن، بەڵام ئەوان تەنها جیاوازن. یەکێکی تریان تیایدا، خودی چەمکەکانی (ژنان) و (پیاوان) هەڵدەوەشێنرێتەوە، دۆخێک کە تیایدا ژنان و پیاوان وەک فەنتازیایەکی ڕووت سەرنجدەدرێن ، وەک شتێک کە سەر بە میتافیزیکە.”  (12)

هەر بۆیەش نینا بیۆرک سەرنجی بۆ قۆناغی سێیەمی فێمێنیزمێک ڕادەکێشرێت وەک یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکانی کە بزووتنەوەی   َ فێمێنیزم دەبوایە و دەبێ هەڵیبێنێتەوە. بۆیە نینا دەنووسێت:” من خوازیاری فێمێنیزمێکم کە چیرۆکەکانی خوڵقاندنی پیاوێتی و ژنێتی  هەڵدەوەشێنێتەوە، فێمێنیزمێک کە نایەوێت “ژنێتی ”  بەرزبنرخێنێت، بەڵکو خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی شوناسی جنسییە، فێمێنیزمێک کە جلەکان لەبەری ژندا دادەدڕێت ، نەک بۆ ئەوەی ژنێکی ڕووتی ڕاستەقینە بدۆزێتەوە، بەڵکو بۆ ئەوەی هیچ نەدءزێتەوە یاخود هەموو شتێک. ڕەنگە بۆ دۆزینەوەی ئینسانێک بێت کە دەکرا کەسێکی دیکە بێت نەک ئەو ژنەی ئێمە ئەمڕۆکە دەیناسین، ئەو ژنەی کە بەزۆری لەلایەن چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگاوە شکڵی پێدەبەخشرێت بۆ ئەوەی بکرێتە ژن یاخود (پیاو).”(13)

بەڵام ئەوی جێی تێڕامانە کە چۆن چیرۆکی ناولێنانی منداڵانی کوردستان لەلایەن حەمەسەعیدەوە بۆ جیهانیبوونی 8ی مارس کاردانەوەیک پێکناهێنێت و دووبارە دەربڕینەوەی ئەم بەڵگەیە لەلایەن سالار ڕەشیدەوە دەبێتە هێرشێکی ناڕەوا نەک بۆ سەر خودی سالار، بەڵکو بۆ سەر ئەو حیزبەی کە سالار چالاکی سیاسی تیادەنووێنێت، دەکرێ بووترێت، مەبەستی سەرەکی مەهاباد لەگەڵ ڕەشکردنەوەی چەندین لاپەڕە لە پەیوەند بە نووسین و ئیتیک و موراڵدا و بەرپرسیارێتی نووسەردا، هیچیان تاکە جێگایەک داگیرناکەن و ئامانجی سەرەکی نووسینەکەی، بوغزێکی سیاسییەوە هیچی تر. نووسین لەم وتارەی مەهاباددا نەک هەر نەریت و مورالێکی (رووناکبیرانەی) تیاڕەچاونەکراوە ،  بەڵکو غەریزەیەکی سیاسیانەی ڕووت لە پشتییەوە ڕاگیراوە کە تەواوی چەمکەکانی “ڕەوشت لە نووسیندا، ڕاستگۆیی، بێلایەنی لێکدانەوە” دەکاتە وشەی بێ گیانی ناو وتارەکەی ئەو .  

بە ڕاستی  چ ڕۆژڕەشییەکی ئەکادیمییە کاتێک پێتوابێت کە هەڵبژاردنی کوڕێکی خوێندکاری زانکۆ بۆ کچێکی خوێندکاری هاوڕێی بەوە لێکبدرێتەوە کە مەبەستی هەڵبژاردنەکە ئەوەیە دەبێ کوڕی زانکۆیی کچی زانکۆیی هەڵببژێرێت. نەوەک ئەو چوارچێوە کۆمەڵایەتییەی زانکۆ کە دەرفەتی لەیەکترنزیکبوونەوەی بۆ ڕەخساندوون.  بۆیەش دەربڕینێکی لەم چەشنەی مەهاباد بۆ فراوانبوونی”سیستەمی خێل” لە ناو حککعدا ، هێندە نوکتەیەکی بێ تامە، کە مەگەر لە دەمی فێمێنیستە تازەهەڵکەوتووەکانی دەرەوەی ولاتەوە کڕیارێکی بۆ پەیدا بێت. مەهاباد دەنووسێت:” بە دەگمەن پیاوێکی ئەندامی حککع دەبینیت کە لەگەڵ هاوسەرەکەیدا جیاوازی بیروڕایان هەبێت. هەموو پیاوێکی حککع مەرجە هاوژینەکەیشی ئەو بێت.” (14)

ئەم ئامارە چۆن بەدەستهات؟ لە فەنتازیای چ ئەکادیمیکێکی دەرەجە هەشتی ئەوروپادا دەبێ جێی بۆ بکرێتەوە، هیچ وەڵامێکمان نادرێتەوە.

پاڵەوانی ڕزگاری کردنی ژنی مەهاباد قەرەداغی  ئەو (ژنە) داهێنەرانەن کە شەهادەیان هەیە و وشەیان خستۆتە سەر کاغەز. ژنانی شاعیرن، نووسەرن، ڕۆژنامەوانن، لێکۆڵەرن. ئیتر ئەگەر کەسێکی دی ئەم خەسڵەتانەی تیا نەبوو، چ داما و و چەوساوە و بێبەهرەیەکە؟ سوپاس بۆ گۆرگی کە دەڵێ: من لە ژنە نانفرۆشەکانی سەر جادەوە فێری زمانی ڕوسی بووم.

1-                   مەهاباد قەرەداغی خێڵی کۆمۆنیستی سەر بە تەریقەتی مەنسووری ماڵپەڕی کوردستان نێت

2-                   مەهاباد قەرەداغی ڕۆژی لە دایکبوونی فاتیمەی زەهرا ڕۆژی ژنی عێراقە کوردستان نێت

3-                   هەمان سەرچاوەی پێشوو

4-                   هەمان سەرچاوەی پێشوو

5-                   سەرچاوەی یەکەم

6-                   سالار ڕەشید  گۆرینی هەسنی مارس، هێرشێک بۆ سەر ژنان مالپەری دەنگەکان

7-                   هەمان سەرچاوەی پیشوو

8-                   حەمە سەعید حەسەن فاتە گوڵێ ماڵپەڕی دەنگەکان

9-                    www.sverigemotrasism.nu 

 10-                 سەرچاوەی یەکەم

11-                  Nina Björk Under det rosa täcket 2003 sid 13

 12-                 هەمان سەرچاوەی پیشوو لا 13

 13-                 هەمان سەرچاوە لا 14

         14- سەرچاوەی یەکەم

 
 

 

  
 

Check Also

سیناریۆی ڕەش، سیناریۆی سپی

سیناریۆی ڕەش، سیناریۆی سپی باسێک دەربارەی ڕەوەندی هەڵومەرجی سیاسی لە ئێراندا نووسینی: مەنسور حیکمەت وەرگێڕانی: …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *