بیرۆکەی دروستکردنی ڕادیۆی هاوپشتی چۆن و کەی دروست بوو؟
بەکر ئەحمەد: هۆکاری سەرەکی دروستبوونی ڕادیۆی هاوپشتی ئەو ئازادییە مێدیاییەیە کە لە وڵاتێکی وەک سویددا بۆ هاوڵاتییان لەبەردەستدایە. سوید یەکەمین وڵاتی دنیایە کە ئاستی “ڕێکخراوبوون”ی هاوڵاتییان لە ئاستێکی ئێجگار بەرزدایە. واتا نەک هەر ڕێکخراوبوونی سیاسی، بەڵکو خۆڕێکخستنی هاوڵاتییان لە دەیەها ڕێکخراوی کولتوری و ئایینی و پیشەییدا. مەرجێک بۆ دەستپێکردن بە پەخشی ڕادیۆ، لەبەرچاوگرتنی ئەو چالاکییانەیە کە ڕێکخراوی پیشەیی لە ڕاپۆڕتی ساڵانەی خۆیدا ئەنجامی داوە. بێ لەبەرچاوگرتنی ئەمەیش، هەر گروپێک توانای هەڵسوڕادنی ئیمکاناتە مادییەکانی ڕادیۆی هەبێت، دەتوانێت ئەو داوایە پێشکەش بکات و کاتی پەخشی ڕادیۆ وەربگرێت. لەپاڵ ئەم ئیدارییاتە کورتەدا، هۆکارێکی تر کە پاڵنەری ئێمە بوو بۆ پەخشی ڕادیۆیەک لە شاری یۆتۆبۆری سوید، ئەو یەکدەنگیی و یەکڕەنگییەی میدیای ڕادیۆیی کوردی بوو کە پێش مێژوویەکی درێژتر لە سوید بوون و لە گشتییەتی خۆیدا، ئەو کۆمەڵە کولتورییانە لە پشتییەوە بوون، کە بە جۆرێک لە جۆرەکان، وەک شانەیەکی حزبی حزبە دەسەڵاتدارەکان کاردەکەن. ئەگەر چی لە و ڕادیۆیانەدا، ناکرێت وەک زمانحاڵی یەکێتی، پارتی، یاخود پەکەکە قسە بکرێت، بەڵام گوتاری سیاسی و کولتوری زاڵیش هەر ئەوەیە کە ناسیونالیزم بە زمانێکی تر دەریدەبڕێت. بە مانایەکی دی، دەنگێک کە جیاوازی لەگەڵ ئەم گوتارە ڕەسمییەدا بێت و توانای بینینی دنیای لە گۆشە نیگایەکی ترەوە هەبێت، هۆکارێکی دیکەی پاڵنەری دروستکردنی ڕادیۆی هاوپشتی بووە.
سەبارەت بەوەی لە کەیەوە، ڕادیۆ دەستبەکار بووە، لە ساڵی 1999وە، بە شێوەی بەردەوام پەخشی هەفتانەی خۆی هەبووە. واتا دوو سەعات لە هەفتەیەکدا و چەند ساڵێکیشە بووەتە سێ سەعات لە هەفتەدا. خاێکی تر کە دەمەوێ ئاماژەی پێبدەم ئەو هاوکارانەی ڕادیۆن کە لە مەم ماوە درێژەدا، هەمیشە لەگەڵماندا بوون، کاک کەمال، سالار، عەباس، ئاسۆ، کاروان، ئارام، شنە، زێڕین. واتا ئەم سەفەرە درێژە بە بێ ئەم ئازیزانە، دەکرا سەفەرێکی کورت بووایە.
ئامانج لە دروستکردنی ڕادیۆکەتان چییە؟
بەشێکی کورتی وەڵامەکەی سەرەوەم، وەڵامیشە بەم پرسیارە. بەڵام خاڵێکی گرنگتر دانی زانیارییەکی پێویست و بەرجەستەکردنەوەی ئەو پرسیارانەن کە کۆمەڵگای نوێ لەبەرانبەر کۆمەڵگای کوردی دەرەوەدا دایدەنێت. بە تایبەت کە ڕێگرییەکانی زمان بۆ جالییەی کوردی کە هەمیشە لە زیادبووندا بووە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، یەکێک لە گرفتەکانی کوردزمانانی دەرەوە بووە. هاوکات دەشتوانم بڵێم، جالییەی کوردی دەرەوەی وڵات، لە سیاسەتی حزبی و کولتوری ئەو کۆڕوکۆمەڵە کولتورییانیەی کە لە سوییددا هەن، جێگای ئاوڕدانەوە نەبووە، هێندە نەبێت کە زەخیرەیەکی ئەو مەبەستە سیاسییانە بوون کە دەسەڵاتی حزبە کوردییەکان ویستوویانە. واتا هێندە بانگەوازی ئەوان کراوە بۆ بەشداریکردن لە بۆنە نەتەوەیی و خۆپیشاندان و ئاهەنگەکاندا، کەمتر کێشە و گرفتە ڕۆژانەییەکانیان جێگای قسەوباسی ئەوانە بوون. پەنابەر لە کۆمەڵگای تازەدا ڕووبەڕووی دەیەها گرفت دەبێتەوە کە لە گرفتەکانی کۆمەڵگای کۆن ناچن. خێزان تووشی ڕاچڵەکاندنێکی گەورەدەبێت، بێکاری مەسەلەیەکی جدییە، تێکچوونی پەیوەندییەکانی دەسەڵاتی ناو خێزان و کۆمەڵێک ئازادی تر، چوارچێوە ترادیسیۆنییەکانی تاکی کوردی و خێزانی کوردی، ڕووبەڕووی گەلێک گرفتی جدی دەکاتەوە.
بۆ کۆمەڵە کولتورریەکانی ئێرە، هەمان خێزانی کوردی دەکرێ کەرەستەی ئاهەنگگێڕان و خۆپیشاندانێک بێت، نەوەکو ئەوەی کە ئەم کەسانە بەهۆی نەبووونی زانیاریەوە سەبارەت بە کۆمەڵگای نوێ، چ دەردیسەریەک دەچێژن.
بە کورتییەکەی، دروستکردنی پردێک لە نێوان کۆمەڵگای نوێ و هاوڵاتییانی کوردزمانی ئەم شارەدا، ئامانجێکی دیکەی دروستکردنی ڕادیۆ بووە.
چۆنێتی پەخشەکەتان چەندە و تا کوێ دەڕوات؟
ئێمە هەموووڕۆژانێکی شەەمان لە کاتژمێری 9ی سەر لەبەیانییەوە تاکو کاتژمێری 12، لەسەر شەپۆلی 102،2 ئێف ئێم ڕادیۆ پەخشدەکەینەوە. جگە لە شاری یءتۆبۆری کە دووەمین شاری گەورەی سویدە، لە تەواوی شارۆچکەکانی دەوروبەری شاردا دەکرێ گوێبیستی ڕادیۆ بیت. بەڵام سوپاش بۆ ئینتەرنێت و ئەو ئیمکاناتە تەکنیکییەی کە ئەمڕۆ لەبەردەستدایە، دەتوانرێت، لە هەر کونج و کەلەبەرێکی دنیادا، لە کاتی پەخشی ڕادیۆدا، بچیتە سەر سایتی ڕادیۆی هاوپشتی، یاخود ماڵپەڕی بۆپێشەوە، www.bopeshawa.comگوێبیستی بەرنامەکان بیت. بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم، ئەمڕۆ ڕادیۆی هاوپشتی گەورەترین ڕادیۆی دەرەوەی وڵاتە و بەو ماوە کەمەیشی پەخشی ڕادیۆوە کە سێ سەعاتە لە هەفتەیەکدا، دەنگێکی تەواو ئامادە و خۆشەویستی دەرەوەیە.
زیاتر گرنگی بە کام بابەت دەدەن؟
بەبڕوای من، ئەم پرسیارە پەیوەندی بە هەموو کەناڵێکی مێدیایی و ڕۆژنامەگەرییەوە هەیە و بەرپرسی ڕۆژنامە و ڕادیۆکان دەبێت جێگایەکی گەورە بۆ ئەم پرسیارە دابنێن. هۆکارەکەیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بۆمبارانە مێدیاییەی کە ئینسان ڕۆژانە لە سەرتاسەری دنیادا تووشی دەبێت. ئەمڕۆ بەدەستخستنی هەواڵ کارێکی گرنگ نییە، کافییە تۆ بە نێتەوە پەیوەستبووبیت و بزانیت چی لە ئاستی نێونەتەوەیی و لۆکاڵیدا دەگوزەرێت. هەر بۆیە پرسیاری سەرەکی بۆ ئێمە ئەوەیە کە دەبێ شتێک بڵێیت کە نەوتراوە. ڕەنگە ئەمە دژایەتییەک لەگەڵ ئەو وەسفکردنەی مندا پێکبێنێت کاتێک دەڵێم، ئینسان ڕۆژانە لە ژێر بۆمبارانی مێدیایدا، ژیان بەسەر دەبات. بەڵام مێدیا کەناڵێکی سەربەخۆ نییە. بۆ مێدیای دەسەڵات، بۆ نموونە لە ڕووداوەکانی هەڵەبجەدا، گرفتی سەرەکی، “دەستنی نهێنی” پشت سووتاندنی مۆنیومێنتە. بۆ من، دەنگی ئەو کەسانەی کە لە خۆپیشاندا بوون و تەفسیرێکی تر لە ڕووداوەکان دەگێڕنەوە. کوشتنی ژنان لە ئەوروپادا، بەر لە کوشتنی فاتیمە جێگای باسی کەس نییە، ڕادیۆی هاوپشتی نەبێت.
ئەو بابەتانەی کە جێگای گرنگی ڕادیۆن، ئەو بابەتانەن کە نزیکایەتییەکی لەگەڵ ئەو چیرۆکانەدا هەیە کە بە چیرۆکی بێدەنگەکان دەناسرێت. واتا ڕادیۆی هاوپشتی دەیەوێت ببێ بە دەنگی ئەو کەسانەی کە لەدەنگ بێبەشکراون. بەڵام هاوکاتیش کورتی کەمی بەرنامەکان و یەک ڕۆژ لە هەفتەدا، فشارێکی گەورەتر لەسەر ئێمە دادەنێت کە دەبێ شتێک بڵێی پیش تۆ نەوتراوە. دنیاش پڕە لەو دەنگانەی کە لە کەناڵە ڕەسمییەکانەوە، ناتوانن دەنگ هەڵبڕن.
چۆن ئاگاداری ڕوودا و هەواڵەکانی کوردستان دەبن و بڵاویاندەکەنەوە؟
کارێکی زۆر پڕ لە موبالەغە نییە ئەگەر بڵێم، ئاگاداری ئێمە لە دەرەوە بۆ ڕووداوەکانی کوردستان، سەد بەرابەری تواناییەکانی خەڵکی کوردستانە لە ناوەوە، بە تایبەت لە بواری بەدەستهێنانی زانیاری لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە. بەر لەوەی کوردستانی نوێ، بێتە بەردەستی خوێنەران، دەتوانم بیخوێنمەوە.
ئێمە تۆڕێکی گوورەی هەواڵنێری ڕادیۆمان لە هەموو شاروشارۆچکەکانی کوردستان لەبەردەستدایە، کە لە ماوەی هەفتەدا، پەیوەندی تەلەفۆنیمان پێیانەوە هەیە. بەڵام ئیشکالییەتێک کە دەمانەوێت تێیپەڕێنین ئەوەیە، نامانەوێت ڕووداوەکانی ناوەوە، بڕیاردەربێت. واتا ئەگەر کەلار ئەمڕۆ جێگای سەرنجدانێکی مێدیاییە، دەبێت چیرۆکێک لەسەر کەلار ئامادەکەین، کە جێگایەکی تایەتی تری هەیە لەوەی کە مێدیای ڕەسمی باسیدەکات. بۆ هەواڵەکانی دەرەوە، لە ڕێگەی ئیمەیلەکانی ڕادیۆوە، ڕۆژانە دەیەها ئیمەیلمان بۆ دێت.
ئاستی گوێگرتان چۆنە و ڕای کوردان چییە لەسەر ئەم ڕادیۆیە؟
بە بڕوای من، ئەمڕۆ ئێمە تەنها ڕادیۆیەکی لۆکاڵی شارێکی سوید نین کە تەنها کوردزمانانی ئەم شارە گوێیلێدەگرن. بەڵکو لە ڕێگەی تەکنیکی ئینتەرنێتەوە، ڕۆژانە ژمارەی گوێگری ڕادیۆ لە زیادبووندایە. ئەویشت لە بیرنەچێت. دوای تەوابوونی ڕادیۆ، دەتوانیت لە سایتی بۆپێشەوەدا، هەر کاتێک ویستت، گوێ لەوبەرنامانە بگریت، کە پەخشکراونەتەوە.
سەبارەت بە “ڕای کوردان”، ڕوونکردنەوەیەکی کورتم هەیە. “کوردان” بەوەی بە کوردی قسە دەکەن، بەسەر کۆمەڵێکی گەورە لە ئایدیا و ئەفکاری جۆراوجۆردا دابەشدەبن. بۆیە بۆچوونەکانیشیان تا ڕادەیەک هەمە ڕەنگە. تەواوی بەرپرسیارانی ئەحزابی سیاسی لەم ڕادیۆیەوە قسەوباسییانکردووە. بیروبۆچوونی ئەحزابی سیاسی دەکەوێتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. دەکرێ لایەنگری ئەم گروپی سیاسی قسەوباسێکی دیکەی لە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەل هێزەکەی ئەواناندا هەبێت. بەڵام ئیشکالییەتێک کە بەشێکی ئێجگار کەمی کوردان پێیان هەزمناکرێت، بەرنامەی “پشووی هەفتەیە لەگەڵ ئێوە”. لەم بەرنامەیەدا بەشێوەیەکی زۆر ساتیر ئاسا، ڕووداوەکانی هەفتە و قسەی بەرپرسیارانی سیاسی و کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەخرێنە بەر باس کە بۆ زۆر کەس جێگای قبوڵکردن نییە. لێرە و لەوێ دەبیسرێتەوە کە پێشکەرکەری بەرنامە، سنوورە موقەدەسەکان و تابووەکان دەبەزێنێت. بەڵام ئەوەشمان بیرنەچێت، وێنەی بەرنامەپێشکەشکەرێک کە من لەبەرانبەر خۆمدا دامناوە، وێنەی ئەو ڕادیۆ کوردی و مۆدیلە مێدیایەی کە ئێستا لە کوردستاندا هەیە نییە، بەڵکو ئەو ئاستە پێشکەوتووەیە کە چۆنێتی بەرنامە پیشکەشکردن لە ئەوروپادا ئەمڕۆکە پێیگەیشتووە.هەر بۆیەش زۆرجار، پێوەرەکان بۆ هەڵسەنگاندنی بەرنامەکان و چۆنێتی پێشکەشکردنی، ئەسیری ئەو دیدە تەقلیدییەیە کە پێشکەشکەری بەرنامە نابێت بپژمێت و قسەی “هەلەق و مەلەق” دەرنەپەڕێنێت، کە من ئازادانە دەیکەم.
چ نەخشەیەکتان بۆ ئاییندە هەیە؟
لە ئێستادا هەستدەکرێت ئێمە گەیشتووینەتە قۆناغێک کە ئەم کەناڵە ڕادیۆییە بکەین بە داەستگایەکی میدیایی. هەم زیاترکردنی پەخشی بەرنامەکان لە دەستووری کاردایە و هەم کۆمەڵی کاری گرنگی تر. کۆششی ئەوەی کە لە ڕێگەی سەتەلایتەوە، بتوانرێت گوێبیستی بەرنامەکان بیت لە کوردستان و هەموو جیهاندا، بەم زووانە چارەسەر دەبێت. واتا ئەگەر سەتەلایتتان هەبێت، چۆن دەتوانیت تەماشای کەناڵە ئاسمانییەکانی تەلەفیزیۆن بکەیت، ئاواهیش دەتوانیت گوێبیستی بەرنامەکانی ڕادیۆ بیت