شێرکۆ بێکەس لە” کوردستانی نوێ”ی ڕۆژی 24ی تەمووزی 2003دا دەنووسێ:” دیسانەوە ڕیفراندۆم”
ئاسۆس هەردی لە هاوڵاتی ژ 133ی 23ی تەمووزدا دەنووسێ:” هەر ئێستا … کاتێتی”
کوردوستانی نوێ لە ڕۆژی 15ی تەمووزی 2003دا لە ژێر ناونیشانی:” لە دانیشتنێکی کراوەدا، کۆمەڵێک ڕووناکبیر پڕۆژەیەکیان سەبارەت بە ڕیفراندۆم لەسەر مەسەلەی چارەنووسی گەلی کوردستان خستە ڕوو.”
پاسۆک کە زۆر کەس پێی وابوو دەمێکە ناوی لە کولەکەی تەڕیشدا نەماوە، لە 16ی تەمووزدا ، لە بەیاننامەیەکی تایبەتیدا، داوای ڕیفراندۆم بۆ خەڵکی کوردستان دەکات.
بە کورتییەکەی، ئەمڕۆ هێزێکی گەورەی “ڕووناکبیر”ی کوردی و بەشێک لەلایەنە سیاسیەکان، ڕیفراندۆم وێردی سەر زاریانە. هۆکاری ئەم دەمپژانەی ڕووناکبیری کوردیش ، لە گشتیترین دۆخی خۆیدا، دەربڕینێکی لەم چەشنەیە:” ئێستا هەموو شتێک ڕێی تێدەچێت، ڕووداوەکان کراوەن بۆ هەموو ئەگەرێک، بایی ئەوەندەش هێز وقورسایی سیاسیمان لە عێراقدا هەیەکە کەس نەتوانێت بە ئاسانی شتێکمان لێسەنێت کە مافی خۆمانە”
ئەوەی لەم ڕستانەدا دەدوێت، ئاسۆس هەردییە و هەر کەسێکی دیکەی ناو ئەم پرۆژەیە بگریت، لەم ڕوونکردنەوانە زیاتر شتێکی ترمان پێناڵێت. واتا “هەر ئێستا کاتێتی”، ئەو چوارچێوە تازەیەیە کە وادەکات خواستی ڕیفراندۆم بەرزبکرێتەوە.
من کێشەیەکم لەگەڵ ئەم خواستەدا نییە و دەمێکە بۆ پراکتیزەکردنی ئەم خواستە، دەستبەکار بووم. بەڵام ئەوەی کە بۆ من قابیلی هەزمکردن نییە، ئەو کۆبوونەوە گەورەیەی ڕووناکبیرانی کوردە لە دەوری ئەم خواستە لەم ساتەدا.
“هەر ئێستا کاتێتی”، بە مانایەکی دی ئەوەی لێدەکەوێتەوە کە دوێنێ کاتی نەبوو. کاتێکیش یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ڕۆژنامەکەی دەبێتە بڵندگۆی ئەم داخوازییە، ئیتر دەبێ سوپاسگووزار بین بەوەی کە هەر هەمان هێزی سیاسی و قەڵەمبەدەستەکانی ئەم ڕۆژنامەیە، لەسەر خواستی ڕیفراندۆم کە هەڵوێستی ڕاگەێندراوی مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق بوو، ئەم هێزە ڕاپێچدەکەنە بەردەم دادگای یەکێتی نیشتیمانی و بە تاوانی لادان لە خواستەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی و هەڵوەشاندنەوەیی یەکپارچەیی خاکی عێراق، تاوانباردەکرێن. کاتێک لە دادگادا ناتوانرێت ئەم پرۆسەیە بە ئەنجامبگەێنرێت، بەبەر چاوی شاری سلێمانییەوە، بە ر پەلاماری سەربازی دەدرێن.
بەڵام با برینەکان نەکولێنینەوە و ئاگاداری گەورەیی ئەم هەلومەرجە بین، ئەگەر هێزێکی وەک یەکێتی نیشتیمانیش ئامادەبێت ئەم خواستە جێبەجێبکات، باشترە لە قبوڵنەکردنی.
هاوڵاتی، ڕۆژنامەی نەوە تازەگەرەکەی ئەمڕۆی ناو ڕووناکبیری کوردییە. ئەو نەوە تازەگەرەی کە لەگەڵ ئاشکراکردنی ئەم خواستە سیاسییە تازەگەرەی کە لە ئەجێندای سیاسی ناسیۆنالیزمی کورد و نەوە تازەگەرەکەیدا نەبوو، لە بێدەنگییەکی گەورەی کە ” ئێستا کاتی نییە” دەربڕی بوو، بۆ ماوەی دە ساڵە ئامادەی دەمکردنەوە نییە.
” ئێستا کاتی نییە ” کە وەڵامی ئەم نەوە تازەگەرەی ڕووناکبیری کوردی بوو، بەیانکەری ئەو ڕاستییە تاڵەیە، کە چڵەپۆپەی ڕەخنەکانی ڕووناکبیری کورد هەتا ئێستاش نەیتوانیوە لە باڵادەستی سیاسییانەی حزبەکانی ناسیۆنالیزمی کورد تێپەڕێنرێت.” ئێستا کاتی نییە” وەک وەلامێکی ڕانەگەێنراو کە بێدەنگی ڕووناکبیری کورد و نەوە تازەگەرەکەی ڕایگەیاند، هیچ شتێک نییە جگە لە ئەسیر بوونی ئەم نەوە ڕووناکبیرییەی کوردی بە خواستەکانی باوکی ناسونالیزمی کورد. واتا تۆ هێندە لایەنگر و داخوازیکەری هەر خواستێکیت کە باوکی خێزان مۆری پەسەندکردنی لێبدات. ئیتر ئەگەر تازەگەری مانای “مەلەکردن بە دژی شەپۆل بێت” ، ” ئێستا کاتی نییە” بە مانای مەلەکردن لەگەڵ ئەو شەپۆلەی کە سیاسەتی تەقلیدی، کە گووتاری تەقلیدی سیاسەت خوڵقاندوویەتی. بە مانایەکی دی، دەکرێت بووترێت “ئێستا کاتی نییە” ی ڕووناکبیری کوردی کە بێدەنگییەکەی لە دە ساڵی ڕابردوودا دەربڕی ئەوە، چاوەڕوانییەکانی نەوەیەکی تازەگەر بوو بۆ دەمکردنەوەی باوکی گەورە تا بزانرێت ئەو چی دەڵێت و ئەمیش بەدوایدا بیکاتە عاشورا بۆ ڕیفراندۆم.
بەڵام تراژیدیاکە لە قبوڵکردنی خودی “هەر ئێستا کاتێتی”دایە. ئاخر خاڵی دەستپێکردنی “هەر ئێستا کاتێتی”، ئەو بنەما سەرەتاییەی ڕیفراندۆم نییە وەک مافێکی خەڵکی کوردستان. بەڵکو “هەر ئێستا کاتێتی” گێڕەرەوەی ئەم چیرۆکەیە کە :” ئێستا هەموو شتێک ڕێی تێدەچێت، ڕووداوەکان کراوەن بۆ هەموو ئەگەرێک، بایی ئەوەندەش هێز وقورسایی و سیاسیمان لە عێراقدا هەیەکە کەس نەتوانێت بە ئاسانی شتێکمان لێسەنێت کە مافی خۆمانە” ئەم دەربڕینە قسە لەسەر سەنگوسووکی بەرابەرکێی هێزەکان دەکات نەک لە قبوڵکردنی خواستی ڕیفراندۆم. بە مانایەکی دی ئەگەر “بایی ئەوەندە هێزو قورسایی سیاسیمان نەبێت”، دەبێت لەبەرانبەر ئەم “ماف”ەی خۆماندا ، قوڕوقەوپی لێبکەین و ڕیفراندۆم بدەینەوە دەست “ئێستا کاتی نییە”
بەڵام ڕیفراندۆم، وەک پرەنسیپێکی سیاسی، وەک کردەوەیەکی تازەگەرییانە لە بواری سیاسەتدا، گەڕانەوەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ ئیرادە و هەڵوێستی ئەو ئینسانانەی کە ستەمی میللی هەموو ڕۆژێک قوربانییان لێدەگرێت. ئەو کەسانەی کە لە دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی خۆیاندا مێژوویەکی درێژە چارەنووسیان سپێردراوە بە بەرژەوەندی ئەو هێزە سیاسیانەی کە مفاوەزاتی ژێرپەردە ، دەنگی ئەوانی بە لەبیرچوونەوە سپاردووە. واتا ئەگەر هەلومەرجەکەش ئاڵوگۆڕێکی گەورەی بەسەردا نەهاتبێت، خواستی ڕیفراندۆم بە تەواوی قوەتی خۆیەوە وەک گەڕانەوەیەک بۆ ڕەئی خەڵکی کوردستان دەبێ بناسێنرێت. “هەر ئێستا کاتێتی” بەیانکەری ئەم مافە سەرەتاییەی خەڵکی کوردستان نییە، بەڵکو بەیانکەری ئەو قۆناغبەندیکردنەی خواستەکانی خەڵکی کوردوستانە کە بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی کورد ئەندازیاریەتی. قۆناغبەندیکردنێک کە لە باشترین دەربڕینەکانیدا ساوابوونی حوکمەتەکەمانی لێکەوتەوە.
بە زمانێکی تر، ئەوە ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ئەم دواییە نییە کە خواستی ڕیفراندۆم دەکاتە خواستێکی ئەمڕۆیی، ئەوە بە ڕەسمی ناسینی ئەم مافەی خەڵکی کوردوستانە لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیاندا کە خاڵی جەوهەری ئەم پرسیارەیە. ئاخر کاتێک تۆ ئەم مافەت بۆ خەڵکی کوردوستان بەڕەسمی ناسی، ئەو کاتە ئاسانتر بۆ کۆکردنەوەی هێز بۆی، دەستبەکاردەبیت، واتا بەشوێن پەیداکردن و دروستکردنی قورسایی سیاسیەوە دەبیت بۆ خۆت. ئیعدامکردن وەک سزایەک دەبێ لە کوردوستاندا نەمێنێت، ئەم پرەنسیپێکی سیاسییە. جا ئەگەر تاکە کەسێکیش لایەنگری ئەم خواستە نییە، بە مانای “ئێستا کاتی نییە” ، هیچ لە گەورەی ئەم خواستە کەمناکاتەوە. ئەو بێدەنگییەی لەبەرانبەر خواستی ڕیفراندۆمدا پیادەدەکرێت لەم دە ساڵەی ڕابردوودا، بێدەنگی قبولنەکردنی خودی ڕیفراندۆمە وەک خواستێک، ئەوەی ئەمڕۆ شیوەنی بۆدەکات، قبوڵکردنی قورسایی سیاسییە، پاشان ڕیفراندۆم.
بەڵام بەوەی رەخنەکانی ڕووناکبیری تازەگەری کورد لە سەنتەری تەقلیدگەرایی کوردیدا چەقیوە و هەمیشە لەشکری پشتەوەی بۆڵەبۆڵکەری دەسەڵاتی باوکی ناسیونالیزمی کورد بووە، دەبێ وەک باوکی خێزان بە شوێن “کەی کاتی هاتووە و کەی کاتی نەهاتووە وە “بێت. چ ڕۆژڕەشییەک دووچاری وشەی تازەگەری بووە لە ناو ڕووناکبیرانی کوردا کاتێک بۆ خستنەگەڕی پرۆژەیەکی تازەگەرییانە، “کاتی هاتووە و کاتی نەهاتووە” پێوەرە گەورەکانی ئەم داماوییەی تازەگەری بێت.
کاتێک ئاسۆ کەمال وەک بەرپرسی گۆڤاری ڕیفراندۆم دەستبەکار بوو بۆ ناساندنی ئەم پرۆژەیە و کۆکردنەوەی پشتیوانی نێونەتەوەیی بۆ ئەم خواستەی خەڵکی کوردستان، ئەوە تۆنی کلیف و نوام چۆمسکی و مەنسووری حیکمەتە دەبنە دەنگە جیهانییەکانی پشیوانی ئەم خواستە نەوەک شێرکۆ بێکەس و بەختیار عەلی و ئاسۆس هەردی.
بەڵام ئایا ئەم بەخەبەر هاتنەوەی کۆمەڵێک ڕووناکبیری کورد بۆ خستنەڕووی پرۆژەیەک سەبارەت بە ڕیفراندۆم لەسەر مەسەلەی چارەنووسی گەلی کوردستان کە هەواڵەکەی کوردستانی نوێ گێڕەرەوەیەتی، قابیلی پشتیوانی نییە؟ بە بڕوای من چاو کردنەوەیان لە خەوتنی دە ساڵەیان باشترە. بەڵام پرۆژەکە دە ساڵە لە کوردستاندا ئامادەیی هەیە و سوپاس بۆ کۆمۆنیستە کرێکارییەکان لە کوردستاندا کە بەڕاستی تازەگەرتربوون لەو دەنگانەی کە “هەر ئێستا کاتێتی”مان وەک پرۆژەیەکی تازە پێدەفرۆشن.
بەڵام پەیوەندی سهراب سپهری بە ریفراندۆمەوە چییە؟ ئاخر خۆ ئەو دەمێکە بەجێیهێشتووین و ئاگاداری دەنگی ئەو نەوە تازەگەرە کوردییە نەبووە کە دە ساڵە قوڕ و قەپی لەبەردەم سادەترین مافەکانی خەڵکی کوردستاندا کردووە ؟
بەڵام سهراب لە نامەیەکیدا کە بۆ “ئەحمەد ڕەزای” هاوڕێی نووسیوە ، نامەکەی بە چەند دێرێک کۆتایپێدێنێ کە نزیکایەتییەکی گەورەی لەگەڵ ئەم بێدەنگیەی نەوەی تازەگەری لاسایکەرەوەی خۆیدا هەیە. ئەو دەنووسێ:” ئێران دایکانی جوان، خواردنی بەتام، ڕووناکبیرانی خراپ و دەشتانێکی دڵگیری هەیە.”
بەڵام بە ڕاستی لە پەیوەند بە پرسیاری” دوێنێ وەختی نەبوو “ی ڕیفراندۆمدا و “هەر ئێستا کاتێتی” ڕووناکبیرانی کورددا کە هێندە گوێچکەکانیان سووکە بۆ بیستنی “دەنگی پێی ئاو ” بەڵام دەنگی هاژەی” هەر ئێستا وەختێتی” بۆ ڕیفراندۆم لە دە ساڵی ڕابردوودا بەلای گوێیاندا تێدەپەڕێت، دەبێ چی بڵێین؟
” کوردوستان دایکانی جوان و خواردنی خۆش و دەشتی دڵگیری هەیە، بەڵام ڕووناکبیرانێکی خراپیش.”
ڕەنگە بەکارهێنانی دەستەواژەکەی سهراب ، بۆ قوتابییەکانی ئەو ، زرنگانەوەیەکی ناخۆشی لە گوێدا نەبێت.
25ی تەمووزی 2003