سیستەمی نوێی جیهانی، ستراتیژی سیاسەتی ئاسایشی نوێی ئەمریکا
لە زمانی داڕێژەرانی نەخشەکە خۆیانەوە.
نووسینی دایڤید ئاڕمسترۆنگ
وەرگێڕانی بۆ کوردی بەکر ئەحمەد
پێشەکییەکی کورت:
ئەم وتارە وەرگێڕدراوەی بەردەستتان، لەلایەن “دایڤید ئارمستڕۆنگ” وە نووسراوە کە لە بەشی لێکۆڵینەوەی ڕۆژنامەوانی لە The National Security News Service کاردەکات.
سەرچاوە بەکارهینَراوەکانی وتارەکەی ئارمسترۆنگ، خودی ڕاپۆرتی کۆتایی و ڕاگەێندراوی ستراتیژی سیاسەتی ئاسایشی نوێی ئەمریکا نییە کە لە سێپتێمبەری 2002 دا لە ماڵپەڕی کۆشکی سپیدا بڵاوکراوەتەوە. بەڵکو ئەو ڕەشنووس و دەستپێشخەرییە جۆراوجۆرانەن کە بە درێژایی نەوەدەکان و تەنانەت بەر لە ڕووخاندنی بلۆکی خۆرهەڵات لە بۆنەی جۆراوجۆردا ئاشکراکراون.
بۆ کەسێک کە دەیەوێت ئاشنایەتیەکی زیاتر لەگەڵ ستراتیژی سیاسەتی “نوێ”ی ئاسایشی ئەمریکادا پەیدا بکات، دەتوانێ لەسەر ماڵپەڕی کۆشکی سپی تەواوی ڕاپۆرتەکە ببینێت. ئەدرەسی ئەم دۆکۆمێنتە لەسەر ماڵپەری کۆشکی سپی بریتییە لە: http://www.whitehouse.gov/nsc/nss.html
گرنگی وەرگێڕانی ئەم بابەتە بۆسەر زمانی کوردی لەوەدایە کە باسو جەدەلە جیاوازەکانی ئەمڕۆکەی دنیا لەسەر ئەم دۆکۆمێنێتە بە تایبەتی و سیاسەتی نوێی ئەمریکا، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە جێگاو ڕێگای هەموو هێزەسیاسی و کولتوریەکانی ئەمڕۆکەی دنیاوە هەیە. ئەمڕۆکە کوردستان شوێنی پراکتیزەکردنی بەشێکی گەورەی ئەم هەڵوێستوەرگرتنەی ئەمریکایە، بینینی خۆ لەم دۆکۆمێنیتەدا کارێکی بەسوودە بۆ تێگەیشتن لەو دنیایەی کە بەبەرچاوماندا دەگوزەرێ.
ئەم وتارە لەلایەن “تۆمی بێنگتسۆن”ەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی سویدی و لە گۆڤاری وەرزی Arena و لە ژمارە 6 دێسێمبەری 2002 بڵاوکراوەتەوە.
لە کۆتایدا دەمەوێ ئەوە بڵێم کە بۆ وەرگێرانی بەشێک لەو چەمک و دەستەواژلەی لە زمانی کوردیدا نین، ناچار بووم کە خودی وشە ئینگلیزییەکانی بەکاربەرم. بۆ نموونە ئەم دوو چەمکە (مەڵتیلاترالیزم و یونیلاتێرالیزم)وەک خۆیان بەکاردەبەمەوە. یەکەمیان بە مانای ڕەفتارنواندن یان بڕیاردانێک کە بە گشت دەدرێت نەک بە تەنها. دووەمیشیان بە مانای پێچەوانەی ئەوی دییە. پەلاماردانی سەربازی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە کە لە دەرەوەی سنوورەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێو نەتەوەیدا ئەنجامدراوە، بە کۆششێکی ئەمریکا سەرنجدەدرێت بۆ خوڵقاندنی سیسەمێک کە یونیلاتێرالیزم تیایدا سەروەرە نەک سیستەمێک کەلەسەر بنەمای فرەدەنگی و پێکەوەیی هەڵوێستنوواندنە.
لەناو ئەو نووسەرانەدا کە دۆکۆمێنتەکانی دەوڵەت دەنووسنەوە، کەمێکیان نەبێت ڕاشکاوانە و پڕخولیایانە ئەم ئەرکە ئەنجامدەدەن لە چاو ئەوانی تردا، بەڵام کەمێکیش لەو دۆکۆمێنتانە ئاوا ڕاشکاو و پڕخولیایە لەچاو ئەو دۆکۆمێنتەی کە جێگری سەرۆکی ئەمریکا “دیک چینی” نوسیویەتی. ئەم دۆکۆمێنتە، لە درێژەی ئەم چەندین ساڵەی ڕابردوودا بە چەندین شێوازی جۆراوجۆر داڕێژراوەتەوە. لە ڕاستیدا بەرهەمی کۆمەڵێک نووسەرانی بێدەمووچاوی ترە کە کۆڵین پاوەڵ و پاۆڵ وڵفۆویتز تەنها دوو ناون تیایدا. بەلام چینی لە درێژەی ئەم ماوەیەدا هەمیشە لەپشت ئەو پێشنیارە کۆنکرێتانەوەی کە لە دۆکۆمێنتەکەدا خراونەتە ڕوو ڕاوەستاوە و پشتگیریکەری ئەو ناوەڕۆکە ئایدیۆلۆژییە بووە کە دۆکۆمێنتەکەی لەسەر هەڵچنراوە.
با ئەم گریمانە قبوڵکەین کە دیک چینی ناو دەنێین نووسەر و ئەو زنجیرە لە دۆکۆمێنت کە دراونەتە دەر، ناو بنێین، نەخشەکە. وەک دۆکۆمێنتێکی بڵاوکراوە، نەخشەکە تەنها لەیەک کاتدا بڵاوکرایەوە بە ناوی: Defense Strategy For The 1990: s .
کاتێکیش دیک چینی پۆستی خۆی وەک وەزیری دیفاعی ئەمریکی لە حوکمەتی بۆشی باوکدا جێهێشت، نەخشەکەی ئەو، دوای خۆیشی گەورەبوونێکی بێئەندازەی بەخۆیەوە بینی کە زیاتر بە ئەفسانەی Leaves of Grass ی واڵت وایتمان نزیکدەبێتەوە. یەکەمین جاریش کە نەخشەکە ئاشکرایی بەخۆوە بینی، بە شێوەی ڕەشنووسی Defense planing Guidannce بوو لە ساڵی 1992 کە دیک چینی بە قەناعەتێکی کەمەوە دوورەپەرێزی خۆی لەبەرانبەریا ڕاگەیاند. پاشانیش بە شێوەی ڕەشنووسێکی دیکەی دەستکاریکراو و بە زمانێکی کەمێک تووڕە ترەوە لە هەمان ساڵدا بڵاوکرایەوە.
لە حوزەیرانی ساڵی 2002 دا لە وتەیەکی جۆرج دەبڵیو بۆشدا لە قوتابخانەی سەربازی وێست پۆینت، ئاماژەی پێکرا و لە مانگی تەمووزیشدا نەخشەکە لە ڕێی مێدیاکانەوە ڕۆشنایی یبنی و وەک Defense planing Guidannce ێکی تر بە ئیمزای دۆناڵد ڕامسفێڵد ڕاگەێنرا.
بەڵام شێوازی کۆتایی نەخشەکە وەک ستراتیژی سیاسەتی ئاسایشی ئەمریکا پەسەندەکرێت. بۆیەش دیک چینی دەبێتە ئەو تاکە نووسەرەی کە وتەکانی دەبێتە واقعی ئێمە. خەونێک کە کەمێک لەنووسەران دەتوانن بیبینن.
کورتەی ناوەڕۆکی نەخشەکە بریتییە لەوەی کە ئەمریکا دەبێ فەرمانڕەوایی جیهان بێت. وشەی بناغەیی ئەم نەخشەیە یونیلاتێرالیزمە. بەڵام بناغەی خودی نەخشەکە دەربارەی باڵادەستی بێ ئەملاولای ئەمریکایە. ئەمەش کۆمەک بە ئەمریکا دەکات کە باڵادەستی سەربازی خۆی بهێڵێتەوە بۆ تۆقاندنی هەر هێزێکی تر کە دەیەوێت ڕەقابەتی ئەمریکا بکات لەسەر شانۆی سیاسی جیهاندا. بە کورتییەکە نەخشەکە دەربارەی دەسەلاتە نەک هەر بەسەر دوژمناندا، بەڵکو بەسەر دۆستەکانیشدا. نەخشەکە پێمانناڵێت کە ئەمریکا دەبێ بەهێز بێت، یاخود بەهێزترین بێت، بەڵکو پێماندەڵێت کە دەسەڵاتی ئەمریکا دەبێت دەسەڵاتێکی ڕەها بێت.
کۆششە سەرسەختانەکەی دیک چینی بۆ پێگەیاندنی نەخشەکە، وەک کۆمیدیایەک یان دروستتر وەک تراژیدیایەک دەهاتە بەرچاو، ئەگەر ئەمڕۆ نەبوایەتە ئامرازی ڕێنیشاندانی سیاسەتی ئەمریکا. بەڵام سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە کەمن ئەو کەسانەی کە درکیان بەوە کردووە کە نەخشەکەی دیک چینی مێژوویەکی لەپێشینەی هەیە. ئەوەی کە ئەم نەخشەیە ڕۆژگارێک “کلک و گوێی” بۆ کرا پاش ئەوەی کەوتە بەر پەلاماری ڕەخنەیەکی بێ بەزەییانە، یاخود دووبارە داڕێژرایەوە وەک پێشنیارێکی تر بۆ ستراتیژی سیاسەتی ئاسایشی ئەمریکا لە جیهانێکدا کە بە هیچ شێوەیەک لەمڕۆ نەدەچوو. دیک چینی پیاوێکی بەدەستوبردە، هەر بۆیەش ئینسان دەکرێ سەرسام بێت بەو پێداگرییەی ئەو لە بواری چالاکی سیاسەتدا.
بۆ دە ساڵ لەمەو پێش ئەو دەستی هەڵبڕی و ئاڕاستەی گۆڵی کرد، ئێستاش تۆپەکە لەناو شەبەکەی گۆڵەکەدایە.
لە سەرەتاوە، گرفتی پارە
نەخشەکە لە بناغەدا دەربارەی پارە بوو. یەکەمین دەستنووسەکانی ئەم نەخشەیە دەگەڕێتەوە بۆ سالی 1989 کاتێک مەترسی پێکدادان لەگەل سۆڤیەتی ئەوسادا بەرەبەرە لە کەم بوونەوەدا بوو، هاوکاتیش چۆنێتی پەسەندکردنی هاوڵاتیانی ئەمریکی بۆ ئەو بوودجە سەربازییە گەورەیەی ئەوسا، خاڵێکی تر بوو. دیک چینی لەوکاتەدا کە وەزیری بەرگری جۆرج بۆشی باوک بوو، ڕیگری و کێشەی گەورەی لەبەردەمدا بوو بۆ چۆنێتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم ئەزمە تازەیەدا. دیک چینی بە چاوێکی گومانەوە دەیڕوانییە سۆڤیەت و بە هەموو شێوازێک خوازیاری ڕەتکردنەوەی پێشنیاری کەمکردنەوەی بودجەی سەربازی بوو. لە کۆنگرێسدا دیموکراتەکان بەگاڵتەوە لە (دیک چینی)یان دەڕوانی بۆ ئەو کورتبینەی ئەو هەیبوو، یاخود بە دەربڕینێکی تر، نەبوونی ستراتیژیەک لەلای ئەو وەک وەزیری بەرگری. تەناتەت لەناو ئیدارەی بۆشیشدا واباسدەکرا کە ناکرێ دیک چینی لەڕیزی ئەو کەسانەدا بژمێردرێت بۆکارکردن لەسەر پێشخستنی وەلامێک کە ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەی نەمانی کۆمۆنیزم لەگەڵ خۆیدا هەڵیگرتبوو. بەڵام بۆ جەنەڕاڵێکی وەکو کۆڵین پاوەڵ، کە تازە پلەی سەرکردەی فەرماندەیی وەرگرتبوو لەو کاتەدا، ئاسانتر دەهاتە بەرچاو کە خۆی لەگەڵ ئەم دۆخە تازەیەدا بگونجێنێ.
پاوەڵ کە ڕاوێژکاری سیاسەتی ئاسایشی ڕۆناڵد ڕێگان بوو، هەر لە سەرەتاوە لە نزیکەوە ئاگاداری سۆڤیەت بوو. بۆیە گۆڕانکاریەکانی سۆڤیەت بۆ ئەو شتێک بوو کە نەدەتوانرا بەریپێبگیرێت. ئەویش وەک دیک چینی خوازیاری دانەبەزاندنی بوودجەی سەربازی بوو، بەلام جیاوازی لەگەڵ ئەودا لەوەدا بوو کە بڕوای وابوو ئەنجامدانی ئەم کارە، شتێکی بەرپێنەگیراوە. ئەوەیشی کە ئەم ئاواتی پێدەخواست ئەوەبوو کە ئەم پرۆسەی دابەزاندنی بوودجەی سەربازیە بە جۆرێک بێت کە هەتا بڵێی کەم بێت. بۆیە باشترین ڕێگاش بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، داڕشتنی ستراتیژیەکی تری سیاسەتی ئاسایشی ئەمریکا بوو کە پێکهاتبوو لە هێشتنەوەی تواناییە سەربازییەکانی ئەمریکا ئەگەر بوودجەی تەرخانکراویش ڕێگای ئەم کارەی نەدەدایە.
پاوەڵ و دەستەو دائیرەکەی پێیان وابوو کە لاوازبوونی سۆڤیەت دەبووە هۆی دەرکەوتنی هاوپەیمانێتی تازە و تێکەڵاو لەگەل چەندین کێشەی ناوچەیی تردا. لە حاڵەتی هاتنەپێشەوەی ڕووداوێکی واهیدا، تەنها وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە بەهۆی بەهرەمەندبوونیەوە لە هێز، توانای کۆنترۆڵکردنی ئەو هێزانەی هەیە کە ئەم دۆخە دەیداتەدەر. بۆ ئەوەی ئاشتی پارێزراو بێت و شکڵپێدان بەو سیستەمە نوییە جیهانییەی کە پێکدێت بە خواستی ئەمریکا بێت، دەبوایە ئەمریکا بالادەستییە سەربازییەکەی وەک خۆی بهێڵێتەوە. ستراتیژییەکە دەبوایە توانای ئەو گۆڕینەی لەگەڵ خۆیدا هەڵبگرتایە کە لەلایەک باڵانسی ئەو هێزە نێونەتەوەییانەی ڕابگرتایە و لە لایەکی تریشەوە ئامادەیی خۆ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرفتە چاوەڕواننەکراوانە ئەقلیمییانەی هەبێت.
بۆ ئەوەی ئەمەش بێتە دی، دەبێ ئەمریکا نەخشەی ئامادەیی سەربازی، بە کەمترین هێزەوە لە هەموو جیهاندا هەبێت. ئەمەش بە مانای مەسرەفێکی گەورەتر، بەڵام بە چاوپیاخشاندنەوەیەکی زیرەکانە بە خودی ئۆرگانی سەربازی و باڵادەستییەکی تەکنۆلۆژی، دەکرێ بە سێ لەسەر چواری وزەی ئینسانی ئەمڕۆوە ئەنجامبدرێت.
کۆڵین پاوەڵ جەختی لەسەر ئەوەدەکردەوە کە وەزیفەی سەرەتایی ئەم ئەرکە سەربازییە لە درێژماوەشدا دەبێ بەپاراستنی جێگاوڕێگای ئەمریکا وەک زلهێزێک کۆتایی بێت:”دەبێ لەبەر دەرگاکەماندا بە خەتێکی گەورە نووسرابێت کە لێرەدا زلهێزێک دەژی، بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە چی لە سۆڤییەتدا دەگوزەرێ”
ئەو سووربوو لەسەر ئەوەی کە ژمارەی ئەو هێزە سەربازییەی بۆ ئەم مەبەستە پێویست بوو، دەبوایە کەمترین هێز بوایە بۆ ئەوەی ئەم ئەرکە بەئەنجامبگەێنێت. پاوەڵ دارێژەری چەمکی Base Force بوو. ئەو چەمکەی کە بەمانای کەمترین هێزی سەربازی بۆ بە ئەنجامگەیاندن و پاراستنی هێشتنەوەی ئەمریکا وەک زلهێزێک. بەڵام گەمەی کۆڵین پاوەلً نەدەکرا لە کاتێکی ئاوا گوونجاودا نەکرایە. دیواری بەرلین لە 9ی نۆڤێمبەری 1989 ڕووخا. پێنج رۆژ دوای ئەم ڕووداوە، کۆڵین پاوەڵێک کە تازە پۆستی سەرکردەیی فەرماندەیی وەرگرتبوو، پێشنیاری خۆی سەبارەت بە ستراتیژیەتی سیاسەتی ئاسایشی ئەمریکا دەخاتە بەردەستی دیک چینی وەزیری بەرگری.
بێ ئەوەی ئەو خۆشی ئارەزووی لێ بێت، دیک چینی هەستیکرد کە کەمکردنەوەی بوودجەی ئابووری شتێکی حەتمییە.
بەڵام پاوەڵ وڵفۆویتزی سکرتێری دەوڵەت بۆ پرسیارەکانی سیاسەتی بەرگری، ئامادە نەبوو تێڕوانینی خۆی بگۆڕێت. وەک قسەکەر و لایەنگری یونیلاتیرالیزم و هاوکاتیش هێشتنەوەی بوودجەی سەربازی لە ئاستەبەرزەکەی خۆیدا، لەگەڵ دیک چینیدا بە چاوی گوومانەوە لە ئاڵووگۆڕەکانی بلۆکی خۆرهەڵاتی دەڕوانی. بۆیەش بە پەلە داوای لە کەسانی دەورووبەری خۆی کرد کە پێشنیارێکی ئەڵتەرناتیڤ لەبەرانبەر پێشنیارەکەی کۆڵین پاوەڵدا ئامادە بکەن. پێشنیارێک کە دەرگای لەسەر ئەوە دەکردەوە کە ئەگەری ئاڵووگۆرەکانی بلۆکی خۆرهەڵات بەو شێوازە نەبێت کە ئیدارەی ئەمریکی چاوەڕوانیدەکرد.
لە ڕێگەی تێکەڵکردنی پێشنیاری کۆڵین پاوەڵ و وڵفۆویتزەوە ، دیک چینی پێشنیارێکی تری سێیەمی پێکهێنا کە دەکرا لەبەرانبەر کۆنگرێسێکی ڕەشبیندا پێشکەشیکات. لە کۆتایی حوزەیراندا، ۆڵفۆویتز و پاوەڵ و چینی پێشنیارەکەیان پێشکەشی سەرۆک کرد و چەند هەفتەیەکی نەخایەند کە بۆشی یەکەم کەوتە ئاخاوتن سەبارەت بە ستراتیژیەتێکی تازە بۆ سیاسەتی ئاسایشی ئەمریکا.
سۆڤییەت لە دەرەوەی گەمەکەدا
بناغە گشتییەکانی نەخشەکە لە لایەن جۆرج بۆشەوە لە (ئاسپێن)ی کۆلۆرادۆ لە 2 ئابی 1990 دا خرایە ڕوو. لە ئاخاوتنەکەیدا جۆرج بۆش ڕوونی کردەوە کە لەبەر ئەوەی مەترسی جەنگ لە ئاستی نێوەتەوەیدا کەمبۆتەوە، ئەگەری هەڕەشە لە ئاسایشی ئەمریکا لە گۆشە و کەناری تری دنیاوە دێت کە نازانرێت لە کوێوەیە. بۆ ئەوەی ئامادەیی ئەوە هەبێت تا ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشانە ببینەوە، پێویستە ئەمریکا تواناییە سەربازییەکانی بەجۆرێک بگوونجێنێت کە بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە بتوانێت (تەدەخول) لەو کێشە ئەقلیمییانەدا بکات و لەشکرێکی پاراستنی ئاشتی لە سووچ و گۆشەکانی دنیادا هەبێت. ئەمەش ئەو ئەرکەیە کە وادەخوازێت کە ئەمریکا نەک هەر تواناییە سەربازییەکانی بە جۆرێک بێت کە زۆر بە خێرایی لەشکر بنێرێتە: (هەر سوچێکی دنیاوە) کە پێویستە، بەڵکو بەمانای ئەوەشە کە ئەو بوودجە سەربازییە گەورەیەی کە کۆنگریس بڕیاری لەسەرداوە کارێکی نا پێویستە و بێ زەمینەیە و لە ڕووی ستراتیژیشەوە بێ بناغەیە، بۆ نموونە پرۆژەیەکی وەک جەنگی ئەستێرەکان. لەگەڵ ئەو مەسرەفە زۆرەشدا کە بۆ بوودجەی ستراتیژی تازە بەکاردەهێنرێت، جۆرج بۆش جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دووبارەسازدانەوەی ڕێکخکراوی سەربازی لە پێشنیاری تازەی لەبەردەستدا دانراو، توانای کەمکردنەوەی لەسەدا بیست و پێنجی هێزە سەربازییەکانی لە ناو خۆیدا هەڵگرتووە بۆ ئەو سالانەی کە بە ڕێوەیە. هەر هەمان ژمارەیەک کە کۆڵین پاوەڵ لە دە مانگی ڕابردوودا درکاندبووی.
بەڵام کەسانێک کە لە پشت داڕشتنی نەخشەکەوە بوون، بەختێکی گەورەیان هەبوو. ئاخر هەر هەمان ئەو ڕۆژەی کە جۆرج بۆش خوتبەی دەدا، وەک ڕێکەوتیکی سەیر، دەبابەکانی سەددام حوسەین چوونە کوێتەوە.
شەڕی کوێت بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت، لە سیاسەتی تەقەشوفی سەربازی ئەمریکای هێنایەخوار. هاوکات سەرنجیشی لەسەر هەندێک لە لایەنە کەمبایەخەکانی نەخشەکە دوورخستەوە. شەڕی کوێت بووە سەرچاوەی ئیلهامی بیرێکی تازەتر کە لە دواتردا بوو بەیەکێک لە چەمکە بناغەییەکانی نەخشەکە: بەکارهێنانی (باڵادەستی هێز) بۆ ئەوەی خێرا و چالاکانە دوژمن وا لێبکەیت کە زیانت پێنەگەێنێت. چەمکێک کە دواتر بووە یەکێک لە تێزەکانی دیدوبۆچوونی کۆڵین پاوەڵ.
لە دوای جەنگی کوێتەوە دووبارە پاوەڵ ۆڵفۆویتز سەرنجیان چووەوە سەر یەکێتی سۆڤیەت و دەستیانکرد بە کێشانی نەخشەکاری بۆ ئەڵتەرناتیڤی عەمەلی جۆراوجۆرتر لە ئەگەری دووبارە دەستتێخستنەوەی سۆڤیەت بۆ بەشێک لە گرفتە ئەقلیمییەکان. بەڵام کۆدەتا سەرنەکەوتووەکەی دژی گۆرباتشۆف لە ساڵی 91 دا دەریخست کە خەیاڵێکی وا چەند کارێکی بێ مانایە تا وزەیەکی ئەوتۆ لە نەخشەکارییەکی ئاوادا بەخەرجبدرێت. هەر بۆیەش لە دیسەمبەری هەمان ساڵدا کاتێک پێنتاگۆن سەرقاڵی چۆنێتی پراکتیزەکردنی نەخشەکە بوو، سۆڤیەت وەک ماڵێکی دروستکراو لە کارتی پۆکەر ڕمایەخوار.
بە چوونەدەرەوەی سۆڤڤیەت لە کایەکە، ئەمریکا لە دووڕیانێکدا قەراری گرت. ڕابەرایەتی سیاسی ئەمریکا یان دەبوایە لە گەرمەی ئەم شادیگرتنەدا بە شوێن گەشەپێدانی سترەکچەرێکی مەڵتیلاتێرالەوە بێت ( واتا سترەکچەرێک کەلەسەر هاوکاری ئەوانی دی راوەستاو بێت) کە دەبوایە ڕابەرایەتی ئەو دووبارە خۆسازدانەوە ستراکتۆریە گلۆباڵییەی بکردایە کە بەڕێوە بوو، یان دەبوایە دەسەڵاتی خۆی قایم دابکووتایە و ستراتیژییەکی یونیلاتێرالیزم بخاتە دەستووری کارەوە کە لە ڕێیەوە تاکە ڕابەری جیهانی بۆ مسۆگەربکات. ئەوان ئەم ڕێگایەی دووەمیان هەڵبژارد.
لە سەرەتای ساڵی 1992 دا، هێڵێکی تر بۆ نەخشەکە زیادکرا. کۆڵین پاوەڵ لەبەردەم لیژنەی پرسیارەکانی دیفاع لە کۆنگرێسدا ڕوونیکردەوە: ” کە ئەمریکا دەبێ هێندە هێزی هەبێت تا هەر نەتەوەیەک بتۆقێنێت کاتێک هەر بە خەیاڵیشیدا بێت کە بیەوێ لە ئاستی دەسەڵاتی گڵۆباڵدا بەرابەرکێمان لەگەڵ بکات.”
دواتر کۆڵین پاوەڵ وتی:” دەمەوێ تاکە پاڵەوانی ساحەکە بمْ” بەمەش ئەو پەیامەی نارد کە هەر کەسێک دەیەوێت وەک پاڵەوانی دژ بازیبکات:” دەبێ خاوەنی سەری خۆی نەبێت، تەنانەت ئەگەر تەنها نیازی ئەم بەرابەرکێیەیشی لەکەللەدا بێت”
لە کاتێکدا کە کۆڵین پاوەڵ و دیک چینی سەرقاڵی گەشەپێدانی پێشنیارەکانیان بوون لە کۆنگرێسدا بۆکردنی بە ستراتیژیەک، ۆڵفۆویتز خەریکی گەشەپێکردنی نەخشەکە بوو تا لەگەڵ پرسیارێکی سیاسی تایبەتدا بیگونجێنێ بۆ پراکتیزەکردن. لە بەهاری 1992 دا ئەو ڕابەرایەتی ئەو کۆمیتە نهێنییەی دەکرد لە پێنتاگۆندا بەمەبەستی ئەوەی کە بەرزترین بەرپرسیاری سەربازی یاسای چەکەکان ئەم دۆکۆمێنتەی لەبەردەستدا بێت بۆ بڕیاردان لە بوودجەی سەربازی و ستراتیژی و قەوارەی هێزەکانی ئاییندە. ئەم دۆکۆمێنتە ئاشکرانەکراوە دواتردا ناوی Defense Planing Guideٍ DPG لەخۆگرت.
نەخشەی (دی پی جی) بۆ جیهانێک داڕێژرابوو کە تیایدا کە تاکە ڕۆڵی زلهێزی ئەمریکا مسۆگەر بکات لە ڕێگەی تێکەڵێک لە ڕابەرایەتیکردنی چالاکانەی سیاسی و باڵادەستی سەربازی ئەمریکاوە.
چارەسەری پێشپێگرتن، (پریڤێنتیڤ)
بە پێی نەخشەی (دی پی جی) سەرەتایترین ئامانجێک لە ستراتیژی سیاسەتی دیفاعی ئەمریکادا پێویستە ئەوە بێت کە:” ڕێگا لە دەرکەوتنی ڕەقیبێکی دیکەی تازە بگیرێت لەبەرانبەر ئەمریکادا” بۆ ئەوەی ئەم ئامانجەش بێتە دی، دەبێ ئەمریکا:” نەیەڵێت ڕژێمێکی دوژمنکارانە بگاتە ئاستێکی باڵای دەسەلات لە هەر سووچێکی دنیادا”.
بەلام دووبارە چەمکێکی تریش داهێنرا:” چالاکی سەربازی نوواندن بەمەبەستی پێشپێگرتن”. ئەم ئەڵتەرناتیڤە تازەیە لە (دی پی جی) دا وا ڕوونکراوەتەوە کە لە بەکارهێنانی ئیجرائاتی پێشپێگیرییانە لە بەرانبەر پەلاماری چەکی ئەتۆمی، بایۆلۆژی و یاخود کیمیاویدا دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە بۆ “سزادانی” هەر دوژمنێک لە ڕێگەی بەکارهێنانی کۆمەڵێک ئیجرائاتی ترەوە، لەوانە پەلاماری سەربازی بۆ سەر بنکەی بەرهەمهێنانی چەکەکانیان.
لە (دی پی جی) دا جەخت لەسەر پێویستی هێشتنەوەی پرۆگرامە گەورە و نادیارە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا دەکرێتەوە و هاوکاتیش نەتەوەکانی تریش دەتتۆقێنرێن ئەگەر پڕۆگرامی ئەتۆمی خۆیان پێشبخەن.
بە کورتییەکەی، نەخشەکە بریتییە لە بالادەستی بێ چەندوچۆنی ئەمریکا لە جیهاندا بە یارمەتی ڕەفتارێکی سیاسی یونیلاتێرالیستانە و بالا دەستی سەربازی. ئەگەرچی هاوپەیمانییەکی وەک ئەوەی لە جەنگی کەنداوی یەکەمدا پێکهات:” بەهایەکی گەورەی هەیە بۆ چالاکی نواندنێکی کۆلێکتیڤانە”، بەلام دەبێ ئەمریکا لە هاوپەیمانییەکانی داهاتوویدا بە شوێن :” هاوپەیمانێتییەکی کورتماوەوە بێت کە درێژتر نییە لە تەمەنی ئەو ئەزمەیەی دێتە ئاراوە، یان لە زۆرترین حاڵەتدا هاوپەیمانێتییەکی پێکەوەیی کۆنتراکت لەسەر کراوە دەربارەی ئەو ئامانجە دیاریکراو و سنووردارەی کە دەبێ پێیبگەین.”
هەر بۆیەش زۆر گرنگە کە:” ئەو هەستە بخوڵقێنین کە سیستەمی جیهانی لە دوا ئەنجامەکانی خۆیدا لەلایەن ئەمریکاوە چاودێری دەکرێت.” وە دەبێ ئەمریکا خۆی ئامادەبکات کە:” بە تەنها بتوانێت کاردانەوە بنوێنێت ئەگەر نەتوانرا هاوکارییەکی کۆلێکتیڤانە بەدەستبێنێت. یاخود ئەگەر ئەزمەی خوڵقاو پێویستی بە وەڵامدانەوەیەکی کوتوپڕ بێت”
ئەگەرچی ئەمریکا ناتوانێ وەک پۆلیسێکی نێونەتەوەیی چالاکی بنوێنێ”، وەک لە دەستنووسەکەی (دی پی جی) دا جەختی لەسەردەکرێتەوە، “بەلام لە درێژ ماوەدا، بەرپرسیارێتی سەرەکی دەکەوێتە سەر ئێمە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەرچەشنە هەڕەشەیەک کە نەک هەر لە ئێمە دەکرێت، بەڵکو لە دژی بەرژەوەندی هاوپەیمان و دۆستەکانیشمانە”
لە ناو ئەو بەرژەوەندییە گرنگانەدا کە لە دەستنووسەکەدا ناوی دەبرێت:” بە دەستهێنانی کەرەستەی خاو لەوانە نەوت لە پلەی یەکەمدا لە ناوچەکانی کەنداودا ، بلاوبوونەوەی چەکی کۆکوژی و پاراستنی هاوڵاتیانی ئەمریکی لە هەڕەشەی تیرۆریزم، باسییان لێوە دەکرێت.”
لە مارسی 1992دا ، ئەم دۆکۆمێنتە نهێنی مۆرکراوە لە ڕێی نییو یۆرک تایمزەوە ، دزەدەکاتەدەر. یەکسەرەش لەلایەن هێزەکانی چەپ و ڕاستەوە کەوتە بەر ڕەخنە. کاردانەوەی دیک چینی ئەوە بوو کە دوورەپەرێزی خۆی لە نەخشەکە ڕابگەێنێت. بەڵام کۆڵین پاوەڵ لەلای خۆیەوە پارێزگاری لە بیرە بناغەییەکانی نەخشەکە کرد. لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا ڕایگەیاند:”کە تەواو لە جێی خۆیدایەتی کە ئەمریکا فەرمانڕەوایەتی جیهان بکات لە ڕێگای ئەو باڵادەستییە سەربازییە گەورەیەوە کە هەیەتی، بەبڕوای من هیچ هۆکارێکیش شک نابەین تا بە هۆیەوە داوای لێبووردن بکەین” لەبەرانبەر ئەو ڕەخنەیەشدا کە لە ناوەندە مێدیاییەکانی ئەوروپاوە ڕووبەڕووی نەخشەکە کرانەوە، پاوەڵ ڕایگەیاند کە:” هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی ئەمریکا نابێ نیگەران بن لەو بالادەستییە سەربازییەی ئەمریکا چونکە دەسەڵاتێکە کە دەکرێ متمانەی پێبکرێت و ناکرێت خراپ بەکاربهێنرێت.”
نەبادا ئامانجی ئاشکرای نەخشەکە، پشتیوانییەکی گەورە پەیدانەکات لە ئاستی نێونەتەوەیدا، پاوەڵ لە هەمان چاوپێکەوتندا بەڵگەنامەیەکی تری خستەبەردەست بۆ ستراتیژییەکەی. ئەو وتی لە دنیایەکی پۆست سۆڤیەتدا کە پڕە لە دژەوێنە، پێویستە ئەمریکا توانای سەربازی ئەوەندەی هەبێت کە لە بەرەیەک زیاتردا بتوانێت کاربکات:” یەکێک لەو بڕیارە نائارامیبەخشانەی کە ئێمە دەکرێ بیدەین ئەوەیە کە هێزە سەربازییەکانمان هێندە کەمبکەینەوە کە کاتێک ئێمە لە کێشەیەکدا دەرگیرین لە یەکێک لە کیشوەرەکاندا، وە ئەوە لە خۆمان نیشانبدەین کە تواناییەکانمان هێندە نییە کە لە کیشوەرێکی تردا بتوانین کاردانەوە بنوێنین، بەمەش دەرفەتی دروستبوونی ئەو تەنگەژانە دەدەین کە ئێمە خوازیاری نین” بێ گومان دەستنیشانکردنی دوژمنێک نەناسراو بۆ ئەم توانا سەربازییەی ئەمریکا کە دەبوایە وابێت، کافی نییە، بەڵام بە بوونی دوو دوژمنی نەناسراو، نەخشەکە باشتر دەکەوتەکار.
قسەوباسەکان دەمرن
قسەوباسەکان دەربارەی نەخشەکە هێواش هێواش بەرە و خاوبوونەوە و مردن ملییان نا، هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی ئەمریکادا، پێنتاگۆن هیچ شتێکی ئەوتۆی نەکرد تا ئەم جەدەلە زیندوو ڕابگرێت. بەڵام لە پاش دۆڕاندنی هەڵبژاردنەوەی جۆرج بۆشەوە ، نەخشەکە لە بەرگێکی تردا دەرکەوتەوە. لە کانوونی دووەمی 1993دا، دیک چینی لە ئاخرین ڕۆژەکانی خۆیدا وەک وەزیری بەرگری، نەخشەکەی لە بەرگێکی کۆتایی و ڕەسمیدا بڵاوکردەوە بە ناوی Strategy For the 1990 Defense ، ئامانجی سەرەکیش هەروەکو خۆی بوو:” تۆقاندنی ئەو دەسەلانە دوژمنکارانەیەی کە لە بەرانبەر بەرژەوەندییەکانماندا، لە بەرابەرکێدایە” وە ئیمکانی دەرنەکەوتنی زلهێزێکی تر لەبەرانبەر ئەمریکادا.
ئەگەر چی لەم نەخشە بلاوکراوەی دیک چینیدا هاتووە و نووسراوە کە “پێمان باشترە” بۆ چارەسەرکردنی هەر تەنگەژەیەک بە هاوکاری دەوڵەتەکانی ترەوە ئەنجام بدرێت، هاوکاتیش نەخشەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەمریکا ڕۆڵی سەرەکی و ڕابەری دەبێت لەهەر هەر جۆرە هاوپەیمانێتییەک کە دەکرێ بێتە پێش. بەڵام نەخشەکە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێتەوە کە هاوکاری و هاوپەیمانێتی، گونجاو و هەمە وەختە نییە. بۆیەش ئەمریکا لەسەریەتی کە “سەربەخۆیانە ڕەفتار بنوێنێت، ئەگەر زەرورەت وا پێویست بکات.” بۆ ئەمەش وا پێویستدەکات کە ئەمریکا باڵادەستیە سەربازییەکەی لە شوێنی خۆیدا بهێڵێتەوە و دەوڵەتەکانی تریش دەبێ لەم پرۆسەی خۆچەکدارکردنە سەربازییەدا کۆششیان بەمەبەستی بەرابەرکێ لەگەڵ ئەمریکادا نەبێت. ئەوەی کە لەم باڵادەستییەدا وێنادەکرێت، باڵادەستییەکی نەرمونیانتر، هاوڕێیانەتر، بەڵام لە گشتییەتی خۆیدا، ئەم هەڵوێسوەرگرتنە هیچ مانایەکی تر نادات بەدەستەوە جگە لە هەژموونی. ئەوە ئەو پەیامە بوو کە بووە وەسیەتنامەی دیک چینی وەک وەزیری بەرگری ئەمریکا.
بەڵام ئیدارەی تازەی بیل کلینتۆن، ئەم شێوازە توندەی سیستەمی یونیلاتیرالیزمی هێواش هێواش لە ناوەڕۆکە ڕەقەکەی خاڵی کردەوە. لەبری ئەوەش کلینتۆن بۆ بەهێزکردنی جێگاوڕێگای دەسەڵاتی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی ، ئەو ڕێگایەی هەڵبژارد کە جەخت دەکاتەوە لەسەر دیپلۆماتییەتی ئابووری ، ئەنستێتیوتی مەلتیلاتێرال ( کە هەر دەبێ لەلایەن ئەمریکاوە ڕابەرایەتی بکرێت)، فراوانکرنەوەی بازرگانی ئازاد لە ئاستی نێونەتەوەیدا و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ دەسەڵاتە هاوپەیمانەکانی تردا بەمەبەستی چالاکینواندنێکی کۆلێکتیڤانە، بۆ نموونە لە پەیوەند بە جەنگە سەربازییەکانی ئەمریکاوە لەگەڵ هاوپەیمانانێکی تردا. کلینتۆن لەپەیوەند بەو چالاکییە سەربازییانەی کە لەسەردەمی ئەودا هاتنە پێش و ئەمریکا ڕۆڵی سەرەکی تیادەبینی، بەو شێوازی هێزەوە ئەنجامی نەدەدان کە بەرپرسیارانی ستراتیژی ئەمنی قەومی ئیدارەی بۆش خوازیاری بوون. وڵفۆویتز زۆر تووڕە بوو لەبەرانبەر سیاسەتی کلینتۆندا لەبەرانبەر عێراقدا. لە کاتی جەنگی ئەمریکادا لە کوێت، وڵفۆویتز ڕەخنەیەکی تووندی لەو بڕیارە بوو کە کە جەنگ بەکردنەدەرەوەی لەشکری عێراق نابێ کۆتایی بهاتایەوە و دەبوایە ڕووخاندنی ڕژێمی بەشوێندا بهاتایە. هەر بۆیەش ئەو داوای لە ئیدارەی کلینتۆن کرد کە بۆ ئەنجامدانی ئەم مەبەستە، دەبێ کۆمەکی چەک بە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بکرێت و هاوکاتیش هێزی زەمینی بنێردرێت بۆ پاراستنی بنکەکانی ئۆپۆزسیۆن لە باشووری عێراقدا. لە وتارێکدا کە وڵفۆویتز لە ساڵی 1996دا نووسیویەتی، ئەو پرسیارە دەهەژێنێت کە پەیوەندی بە “لەشکرکێشی پێشپێبگیرانە”وە هەیە و دەنووسێت: ” دەبێ ئێمە هەر ئاوا بە ئارامی دابنیشین و دڵخۆشی خۆمان بەوە بدەینەوە کە خەریکی چاودێریکردنێکی پاسیفیستانەین یان کۆکردنەوەی زانیاری بێکاریگەرین، لە چاوەڕوانی ئەوەدا کە جەللادێک دەیەها بنکەی پەرەپێدانی چەکی کۆکوژی دروستبکات و تا پێماندا بکێشێت.” هەر بۆیەش لەبری ئەم کارانە، ئەو پێشنیاری ئەوە دەکات کە “پێویستە” لە چاودێریکردنێکی پاسیفیستانە واوەتر بڕۆین.
دووبارە گەڕانەوە
پاش هەشت ساڵ لە هەڕەمی دەسەلاتدا، سەردەمی کلینتۆن کۆتایی هات. سەردەمێک کە لەلایەن دیک چینی و هاوکارەکانیەوە بە سەردەمی ریسکی سەربازی سەرنەکەوتوو و جۆرە دەنووکوەشاندنێکی تۆڵەکارانە ئاماژەی پێدەکرێت. لەگەڵ هاتنەوەسەرکاری بۆشی کوڕدا، تاقمە قەدیمییەکە دووبارە هاتنەوە ناو دەسەڵات بۆ ئەوەی لەو شوێنەوە دەستپێبکەنەوە کە کۆتاییان پێهێنابوو. ئەمجارەیان دیک چینی وەک جێگری سەرۆک و کۆلین پاوەڵ وەک وەزیری دەرەوە، ۆڵفۆویتزیش وەک دووهەمین کەسایەتی لە پەنتاگۆندا، هەمووشیان لەژێر سایەی وەزارەتەکەی دۆناڵد رامسفێڵد دا.
بازنەی دەوروبەری دیک چینی ، لە ماوەی هەشت ساڵی دەسەڵاتدارێتی کلینتۆندا، بۆچوونی خۆیان لە پەیوەند بە ستراتیژی سیاسەتی ئەمنی ئەمریکاوە نەگۆڕی بوو. بەڵام لەسەرەتای هاتنە سەرکاری بۆشەوە ، پێیان وا نەبوو کە دووبارە نەخشەکە دەبوایە دروستبکرێتەوە. لەبری ئەوەی خەریکی داڕشتنی ستراتیژیەکی تایبەت بن لە پەیوەند بە سیاسەتی دەرەوەدا، سەرنج و چەقبەستنییان لەسەر کۆمەڵێ پرسیاری تری جۆراوجۆر بوو کە هیچ پەیوەندییەکی ئەوتۆیان بەیەکەوە نەبوو. بۆ نموونە پرسیاری وەک پرۆگرامی “جەنگی ئەستێرەکان” دووبارە خرایەوە ناو ئەجێندای سیاسی. دواتریش بابەتی یونیلاتێرالیزم خرایەوە ناو بڕیارەکانی ئیدارەی تازە و یەکسەرە و لە تەرەفی خۆوە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەی ABM ( Anti Ballistic Missile Treaty ) یان لەگەڵ ڕووسیادا دا. رەتکردنەوەی قبوڵکردنی ڕێککەوتننامەی نێونەتەوەیی لە پەیوەند بە قەدەغەکردنی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی و ڕازینەبوون و بەرهەڵستی نیشاندان لەبەرانبەر دادگای نێونەتەەیی لەپەیوەند بە تاوانکارانەوە، بەشێکی تری ئەو بڕیارانە بوون کە ئیدارەی تازە پێیەوە سەرقاڵ بوو. ئیدارەی تازە هەڵوێستێکی ئاشکرا و تووندتری دیپلۆماسی لەبەرانبەر جیهاندا گرتەبەر. ڕەنگە ئاشکراتریان ئەو نەغمە تووندە بێ کەلەبەرانبەر چین و کۆریا باکوردا دەبینرا. ئەگەر چی هیچ یەکێک لەم بڕیارانە نەدەکەوتە دژایەتی ئەو خواستەوەی کە ئەمریکا دەبێ باڵادەست و سەروەری جیهان بێت، بەڵام هیچ کامێک لەو بڕیارانە بە شێوەی بەشێکی لێکنەپچراوی ستراتیژییەک نەدەهاتە پێش چاو.
ئەوە لەدوای 11ی سێپتەمبەرەوە بوو کە نەخشەکە بە توانای گەورەی خۆیەوە هاتەوە سەر شانۆ. تەنها چەند ڕۆژێکی دوای پەلامارەکەی بنکەی بازرگانی جیهانی و پەنتاگۆن بوو کە ۆڵفۆویتز قسەی دەربارەی پەلاماری یەکلایەنانەی ئەمریکاوە دەکرد بۆ سەر عێراق، بێگوومان ئەویش لەو گۆشە نیگایەوە کە ڕێکخراوی ئەلقاعیدە نەیدەتوانی ئەو پەلامارە ئەنجامبدات ئەگەر کۆمەکی چالاکانەی سەددام حوسێنی نەبوایە. لەسەرەتاوە بۆش ئەو ئەفکارانەی ڕەتدەکردەوە. بەڵام ۆڵفۆویتز بەردەوام بوو لەسەر فشارهێنان تا لە دوا ئەنجامدا بیرەکەی پەسەندکرد. لە کانوونی دووهەمی ئەمساڵدا، 2002 دا و لە وتەی سەرۆکدا بۆ خەلکی ئەمریکا، جۆرج بۆش، عێراق و ئێران و کۆریای باکووری وەک تەوەری شەڕ ڕاگەیاند و دووپاتی کردەوە کە ئەو نیازی نییە “چاوەڕوان بێت تا شتێک دەقەومێت” بۆیە دەبێت لە پیشەوە دەستبەکار بێت.
لە ئاخاوتنێکی تری خۆیدا لە قوتابخانەی جەنگی وێست پۆینت لە مانگی حوزەیرانی هەمان ساڵدا، دیسانەوە جۆرج بۆش هاتەوە سەر ئاخاوتن لەپەیوەند بە هەمان بابەتدا:” ئەگەر ئێمە چاوەڕوانی ئەوە بین تا هەڕەشەکان دەبنە هەڕەشەی واقیعی، ئەوا زۆر چاوەڕوانیمان کێشاوە. دەبێ لەگەڵ دوژمنەکانماندا بجەنگێین، نەخشەکانیان تێکوپێک بشکیبَنین و بەرانبەر هەڕەشەکانیان ڕاوەستینەوە بەرلەوەی ئەوان دەستبەکار بن.”ئەگەر ئەم ئاخاوتنەی بۆش سەرنجدانێکی گەورەی بەشوێن خۆیدا نەهێنا، بەڵام دووبارە گرنگترین پەیامەکانی نەخشەکەی بەرهەمهێنایەوە. ئەو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەمریکا ڕێگریپێکهێنەری دەرکەوتنی هەر هێزێکی ترە لە ئاستی گڵۆباڵدا و ئەویش لەڕێگەی هێشتنەوەی ئەو باڵادەستییە سەربازییەوەی کە هەیەتی. بەمەش بۆشی کوڕ بە هەمان شێوە پەیڕەوی ئەو ستراتیژییەی کرد کە بۆشی باوک دە ساڵ بەر لەئێستا دایڕشتبوو بە مەبەستی هێشتنەوەی جێگاوڕێگای ئەمریکا وەک زلهێزێکی گڵۆباڵ.
تەواوی ڕۆژنامە نووسە سیاسییەکانی ڕۆژ لە کۆمێنتارەکانیاندا دەربارەی وتەکانی بۆش ، جەختیان لە وشەی Prevention دەکردەوە وەک ئەوەی کەسیان گوێیان لەوە نەبوو بێت کە سەرۆک دەربارەی تاکسواری و باڵادەستی بێ ڕەقیب دەدوێت. ئەگەر بۆ زۆر کەسیش ناڕۆشن بوو بێت کە ئیدارەی بۆش مەبەستی چییە و چۆن بیردەکاتەوە، بە پێی
Defense Planing Guideٍ ی ئیدارەی بۆش کە لەلایەن دۆناڵد ڕامسفێڵدەوە ئیمزاکراوە لە مانگی ئایاردا و بە دوو مانگ دوای ئەوەش لە لوس ئەنجلس تایمزدا بڵاودەکرێتەوە، دەتوانن بەڵگەی ڕۆشننیان دەست بکەوێت و کۆتایی بە “نەزانینەکانیان”بێنن. چەمکی “دەستپێشخەری بۆ پێشپێگرتن” کە لە دەستنووسی یەکەمی نەخشەکەدا ئاماژەی پێدەکرێت، دەگۆڕدرێت بە ” پەلامار بە بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک”. تێزی کۆلین پاوەڵیش کە دەڵێ “پەلاماری دوژمن دەبێ بە زەبرێکی گەورەی سەربازی ئەنجام بدرێت”، ناوێکی دی بە خۆیەوە دەگرێت و دەکرێتە “کاریگەرانە ئاڕاستەکراو”.
ئاسمان بخەیتە ژێر ڕکێفی خۆوە.
لە وەسفکردنی نەخشە تازەکەدا باس لە زەرورەت و گرنگی ئەوە دەکرێک کە ئەمریکا دەبێ ستراتیژی سەردەمی جەنگی سارد وەلا بنێت، ستراتیژییەک کە پووختەکەی بریتی بوو جەنگکردن لە دوو بەرەدا. بەڵام بە پێی وەسفکردنەکانی لوس ئەنجلس تایم:” ستراتیژییەکی ئاڵۆزتر بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی تەواوی ئاسمان و جەنگین لە چەندین بەرەدا.” بەڵام لە تەفسیر و دیدی رامسفێڵدەوە، نەخشەکە کۆمەڵێک بیری تازە بە خۆیەوە دەلکێنێت کە گرنگترینیان کردنەوەی دەرگایە بە ڕووی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیدا ئەویش لە چوارچێوەی تیۆری “پێشپێگرتن”دا. واتا ئەو چەکە ئەتۆمییانەی کە زەوی کوونکەرن و بە مەبەستی لێدانە لەو خاڵانەی کە لە ژێر زەمیندان و دەکری ڕاداری ژێرزەمینی و شوێنی دروستکردنی چەکی کۆکوژی بن. بەڵام تەفسیری ڕامسفێڵد و هێڵە سەرەکی و گشتییەکەی ئەو بۆ نەخشەکە ، لە وتاری خۆیدا دەردەکەوێت کە لە Foregin Affairs دا بڵاوکراوەتەوە و دەستنیشانی گرنگترین خاڵی نەخشەکە دەکات، :” یونیلاترالیزم و باڵادەستی گڵۆباڵی”. لە دەستنووسە دەستکاریکراوەکانی 1992دا، ڕامسفێڵد هەستی هاوکاریکردن لەگەڵ نەتەوەکانی تردا دەردەبڕێت، بەڵام لە نەخشە تازەکەدا دەنووسێ:” قازانجی زۆری تیادایە بۆ ئێمە ئەگەر هاوپەیمانێتی دروستبکەین بەڵام جەنگ لە ڕێی کۆمیتەکانەوە ناکرێت ئەنجامبدرێت، هاوپەیمانێییەکانیش ناتوانن بڕیار لەسەر ئامانجەکانی ئەو کردەوەیە بدەن کە هاوپەیمانێتی لە پێناویدا بۆ پێکهێنراوە.” ئەگەر بەینی دێڕەکان بخوێنرێتەوە، ئەوە بە مانای ئەوە دێت کە تەنها ئەمریکایە ئامانج دیاریدەکات و هەر خۆشییەتی ڕابەرایەتی شەڕەکان دەکات. دوا پەیامێک و ئامانجێک کە ڕامسفێڵد دەربارەی نەخشەکە دەیخاتە بەردەست ئەوەیە کە نەهێڵرێت کە هیچ ڕەقیبێکی مونافس لە سەر شانۆی سیاسەتی نێونەتەوایەتیدا سەربەرزکاتەوە. ئامانجی ئەمریکا پێویستە ئەوە بێت کە توانای سەربازی خۆی پێشبخات و بیهێڵێتەوە بە مەبەستی تۆقاندنی هەر ڕەقیبێکی دیکە کە نیازی بەرابەرکێی لەگەڵ ئەمریکادا هەیە. دیارە بە بودجەیەکی پێشنیارکراوی وەک 379 ملیار دۆلارەوە بۆ ساڵی 2003، ئەمریکا بە بێ هیچ ڕێگرییەک توانای بەدیهێنانی ئەم ئامانجەی هەیە.
کاردانەوەکانی کە لە بەرانبەر دوا شێوەی نەخشەکەدا نیشاندران، هەمووی لەسەر ئایدیای “پێشپێگرتن” بوون. هەر بۆیەش کۆمینتاتورە سیاسییەکان ، وشەکانی دەوڵەت دەکەنە هی خۆیان و ” پەلاماری پێشپێگیرییانە” دەکەنە ئەو ستراتیژییە تازەیەی بۆ ئەوەی لە جەنگی دژی تیرۆریزمەوە سەرنجی بدەنێ.
بەڵام ئەمڕۆ چەمکی “پێشپێگرتن” تەنها گۆشەیەکی بچکۆلەی نەخشەکەیە. نەخشەیەک کە نە تازەیە و نە هیچی تر. بەڵکو لە ڕاستیدا بەرئەنجامی چەندین جار گەرمکردنەوە و کوڵاندنی ئەو ستراتیژییەیە کە دیک چینی و هاوکارەکانی لە ساڵی 1992 وەک وەڵامێک بە کۆتایی جەنگی سارد، دایانڕشت. ئەو کاتە ئامانجی نەخشەکە بریتی بوو لە باڵادەستییەکی بێ ڕەقیب لە ئاستێکی گڵۆباڵدا، ئەگەر چی کاردانەوە نێونەتەوەییەکان لەو کاتەدا زۆر زۆر تووند بوون. بەڵام ئەمڕۆ هەمان نەخشە لە جەنگی دژی تێرۆریزمدا بەکاردەبرێت و جەختکردنەوەکانیش هەر لەسەر چەمکی پێشپێگرتنە، کەچی کاردانەوەکانیش پۆزەتیڤن. بەڵام لەسەرەتای نەخشەکە و تا کۆتایی، ئەو داوە سوورەی کە سەرتاپای نەخشەکەی تەنیوە، بریتییە لە باڵادەستی بێ وێنە لە ئاستی نێونەتەوەیدا.
ئەوەی جیبَگای بیرهێنانەوەیە ئەوەیە کە ڕۆژگارێک ئەمریکا، خەیاڵ و بیری پەلاماردانی بێ ئاگاداری و ناوەختانەی فڕێدایە کەنارەوە بە تایبەت لەچەشنی ئەو پەلامارە ناوەختەی کە ژاپۆن لە جەنگی جیهانی دووەمدا کردییە سەر “پێرڵ هاربەر” و بە کردەوەیەکی بەربەرییانەی دایە قەڵەم لە گۆشە نیگای جیهانی شارستانییەوە. بەڵام لە ڕۆژگارێکی وەک ئەمڕۆدا، کەم نین ئەوانەی کە فیکری پەلاماردانی بێ ئاگادارکردنەوە و ناوەختانە بە کردەوەیەکی گەورە دەنرخێنن، تەنانەت ئەگەر ئەو پەلاماردانانە چەکی ئەتۆمیشی تیا بەکار بهینرێَت.