” زیندانەکانمان خاچی سوور لێی ڕازییە، یەعنی خواش لێی ڕازییە” (1) بەم دەربڕینە تەنزئامێزە، بەڕێوەبەری گشتی ئاسایش، هەڵوێستی خۆی لەبەرانبەر مەرگی زیندانییەکی ئەنساردا دەردەبڕێت. هەواڵێکی کورت و چارەنووسی ” ئیسماعیل ئەحمەد حەسەن” کۆتایی دێت. بەڵام ئەنساربوون”ی قوربانی، خوێنەرێکی زۆر لەبەرانبەرپرسیار و ڕامانێکی گەورەی ئەخلاقیدا ڕاناگرێت. ئاخر ئەنسار بوون، تەواوی خەسڵەتێکی ئینسانی لە ئیسماعیل حەسەن دەکاتەوە و مەرگی ئەم پیاوە ، لە دەرەوەی زیندانەکانی ئاسایشدا لە هەمان بێدەنگیدا نوقمدەکات.
ئەگەر لێدان و ئەشکەنجەدان لە گیراوانی دەستگاکانی ئاسایش کارێکە و زۆر کەس چاوەڕوانی ئەوەی نییە کە ڕوو بدات، ئەوا لەبەرانبەر بەشێک لە گیراوەکانی ئەم دەستگایە، بە تایبەت ئەوانەی کە بە تاوانەکانی کردەوەی تێرۆریستی و ئینتیما بۆ ئەم گروپانە تاوانباردەکرێن، نەک هەر نکۆڵی لێناکرێت، بەڵکە دڕندەیی ئەم هێزە تێرۆریستە، دڕندەیەکی دیکەی لە ناخی ئەندامانی دیکەی کۆمەڵگادا دروستکردووە تا کو ئەشکەنجەدان و تەنانەت مەرگی لایەنگرانی ئەم گروپانە، ئاهێک بە دڵدا نەهێنێت. بە واتایەکی دی، جەوهەری هەموو کردەووەیەکی تیرۆریستی، خوڵقاندنی کەشوهەوایەکی خوێناوی و نیشاندانی مەرگە وەک قسەکەرێکی ڕەسمی ئەو داوایەی کە گروپی تێرۆریست دەیەوێت ئەنجامی بدات. هەموو کردەوەیەکی تێرۆرسیتی، بە هەر ئامانجێک کە لە پشتییەوەیەتی، تێرۆرکردنی خودی کۆمەڵگا و ئینسانەکانی ناوییەتی. هەر بۆیەش کاتێک وەڵامی کۆمەڵگا بەرانبەر ئەم کردەوەیە بە هەمان ناوەڕۆکی ئەو پەیامە تێرۆریستییە دێتە وەڵام، جیاوازییەک لە نێوان تێرۆریست و خەباتگێرێکی دژی تێرۆردا نامێنێتەوە. ئەگەر کەمێک زیاتر لەم دەربڕینە وردبینەوە، ئەو کات بۆمان ئاشکرادەبێت، کە پەیامی تێرۆریزم کە تۆقاندن و مەرگە، وەختێک لەلایەن دەسەڵات و تەنانەت جەماوەرێکی بەرینەوە دەکرێتەوە بە هەمان پەیام بەڵام لە ژێر ناوی “دژی تێرۆردا”، ئیتر تێرۆریزم وەک کردەوە و چالاکییەکی سیاسی، بە دوا پەیامی خۆی دەگات و سەرکەوتنیش بەدەستدێنێ، لانی کەم لە بارێکی کۆمەڵایەتی و سیمبوڵییەوە.
ڕۆڵی جەماوەر لەم دەربڕینەدا بە مانای بەشداریکردنێکی چالاکانە نییە لە کردەوەی دووبارە کوشتنەوەی کەسی تێرۆریستدا، بەڵکو کاردانەوە نیشانەدان و پاسیڤبوونی ئەوە لە ڕێگەی گرنگینەدان بەم پرسیارە:” مردنی هاوڵاتییەک لە ژێر ئەشکەنجەدا”. هەر ئەم مردنەش کە دەبێتە جێگای تێڕامانی من. مەرگی هاوڵاتییەک کە بڕیاربوو لەڕێگەی کردەوەیەکی تێرۆریستییەوە هاوڵاتییە “کافر”و “بێئیمان”ەکانی کۆمەڵگا لەناوبەرێت و کۆمەڵگا و دەسەڵاتیش لەبەرانبەردا، شوناسی “هاوڵاتیبوون” لەو وەربگرنەوە و وەک تاوانبارێک هیچ مافێکی بۆ نەهێڵرێتەوە. کۆششی من لەم نووسینەدا لەوێوە دەست پێدەکات، کە تاوانبار بخاتەوە شوێنی شیاوی خۆی وەک ئینسانێکی تاوانبار لەبەرانبەر سیستەمی دادی کۆمەڵگادا. سیستەمێک بۆ ئەوەی لایەنگری عەدالەت بێت، دەبێت شوناس و ڕاستگۆیی خۆی لە چۆنێتی مامەڵەی تاوانباراندا دەربخات.
کۆمەڵگا و دوژمنەکانی:
ئەگەر لیستی قوربانییەکانی خەڵکی کوردوستان زۆرن و کۆمەڵێک هۆکاری بۆ دەهێنرێتەوە کە کورد بەهۆیەوە بۆتە قوربانی، ئەوا هۆکاری سەرەکی ئەم لیستە درێژە، دەکرێ لە وێناکردنی کورددا بێت وەک دوژمنی سەرەکی ئەو کۆمەڵگایەی کە تیایدا ژییاوە. بەعس بۆ لێدان لە نەیارەکانی خۆی، بە کورد و هەموو هێزەکانی دیکەی ناو عێراقەوە، سەرکەوتووانە لە کیِشانی وێنەی “دوژمنێک”ی ناوخۆیدا، پاساوی هەموو ئەو قەتڵوعامانەی داوەتەوە. پیشەسازی بەدوژمن دروستکردن، ڕێگای یەکەمی هەموو ئەو قەتڵوعامانە بوون کە بەعس لە عێراقدا ئەنجامی داون. قوربانی بۆ ئەوەی بکوژرێت، دەبوایە لە کۆمەڵگادا وێنەی وەکو دوژمنێکی سەرسەختی کۆمەڵگا وێنا بکرێت. کاتێکیش دەسەڵاتی سیاسی جێگایەک بۆ جوڵەو دەرفەتی هاوڵاتییان ناهێڵێتەوە، ئەوا ڕوخسار و ناوی دوژمنەکان هەموو ڕۆژێک لە زیادبووندان. ڕۆژێک دەبێت کورد بێت، ڕۆژێک شیعە، ڕۆژێک ئەو بازرگانانەی شتییان بەگران فرۆشتووە. ڕۆژێک ئەوانەی ڕیشییان هێشتووەتەوە و هتد.
بەڵام ئایا پرۆسەی بە دوژمنکردنی هاوڵاتییانی کۆمەڵگایەک تەنها دیاردەی سیستەمێکی تۆتالیتارە؟ دەکرێ لە کۆمەڵگایەکدا کە لەسەر سادەترین بنەما دیموکراتییەکان ڕاوەستاوە هەمان پیشەسازی دوژمن سازکردن بەردەوام بێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارەی دووەمییان گەلێک گرنگترە. بۆیە بەبڕوای من، وەڵام بە “بەڵیِ”یەو ئیمکانی ئەم دوژمنانەی کۆمەڵگا هەمیشە ئەگەرێکی کراوەیە. لە دیموکراتترین وڵاتەکانی ئەمڕۆ دنیادا، “کۆچبەر” ،” موسوڵمان”، “هۆموسێکسوال”، “کەمایەتی ئیتنی” و تەنانەت “بێکار”یش گەلێک لەو دوژمنە ناوخۆییانەن کە لەگەڵ گۆڕانی هەلومەرجی سیاسی، ئابووریدا دەکرێ بێنە سەر شانۆ. ئەگەر لەناوبردنی دوژمنەکانی کۆمەڵگا دیموکراسییەکان، لەناوبردنێکی فیزیکییە نییە وەک دوژمنەکانی کۆمەڵگایەکی وەک عێراقی بەعس، ئەوا پرۆسەی لەپەراوێزەوەخستنی هاوڵاتییان و جیاکردنەوەیان لە گێتۆی تایبەتیدا و سازاندنی دەیەها دەریاچەی لە دەرەوەی سنوورەکانی یاسادا، چەندەها گۆانتانامۆی جۆراوجۆر، کاردانەوەی سیستەمی دیموکراتی بووە و ڕەخنەکان بەرانبەریدا لە ئاستی نێونەتەوایەتیدا هەتا بڵێی گەورەیە.
وەڵامدانەوە بە “بەڵی” بۆ بوونی دوژمنی جۆراوجۆر لە سیستەمی پارلمانتاری و دیموکراسی خۆرئاوادا گرنگییەکی تایبەتی هەیە. تا لەوێوە، بێ پۆشینی بەرگێکی ئایدیۆلۆژی تایبەت بە دوژمنەکانی کۆمەڵگا، ئەوان وەک خۆیان ببینین و ڕووتبکرێنەوە لەو شوناسە جۆراوجۆرانەی کە بە بیستنی ناوییان، ڕەزامەندی کوشتنییان دەدەین. چونکە بیستنی ناوی “ئەنسار”، وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی، ئەرێیەک لە ناخی هاوڵاتییانی کۆمەڵگادا دروستدەکات کە بە لە ناوبردنییان، هیچ کاردانەوەیەکمان نەبێت. ئاخر کۆمەڵگایەک لەبەرانبەر دوژمنەکانیدا دڵڕەق و نا مرۆڤانە مامەڵە دەکات، ناکرێت لە بەرانبەر دۆستەکانی کۆمەڵگادا میهرەبان بێت. هۆکارەکەیشی زۆر ڕۆشنە. پرۆسەی بە دوژمنکردن، ئەگەرێکی کراوەیە و زۆر ئاسان دوژمنەکان جێگۆڕکی دەکەن و دۆستەکان جێیان دەگرنەوە.
کۆمەڵگاو دوژمنەکانی لە کوردوستاندا
دوژمنەکانی کۆمەڵگا لە کوردوستاندا لە دوای ڕاپەرینەوە کۆمەڵێک ناوی ئامادەن. بەرجەستەترین ناوی ئەم دوژمنانە بۆ دەسەڵاتی کوردی، خودی جەماوەری کوردوستانە. جەماوەرێک کە لە نەبوونی پێداویستییە سەرەتایی و ئازادییەکانیدا، ناوە ناوە دەڕژێتە شەقام و گورزێک لە دەسەڵات دەوەشێنێت. تابووری پێنج، لە مێژووی ئەم چەندین ساڵەی ڕابردوودا، هیچ ڕوخسارێکی شاراوە نەبووە جگە لە جەماوەرێکی ناڕازی. ئیسلامی سیاسی لە دوای کارەساتی خێڵی حەمەوە، دەبێتە دوژمنێکی دی. “ئاژاوەگێڕ” و دەستی نهێنی” ، دوو دوژمنی ئامادەی بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەکانی کوردستانی چەندینی مانگ پێش ئێستاکەن. ئاستی تێگەیشتنی خەڵکی کوردستان بۆ ناسینی ئەم دووژمنە جۆراوجۆرانە لەمڕۆدا بە جۆرێکە کە ئاستی مامەڵەیەکی تووندوتیژتری دەسەڵاتی لەبەرانبەر ئەواندا، لە ئاستێکی دیاریکراودا داناوە و باڵانسی دڕندەترنەبوونی دەسەڵاتی ڕاگرتووە.. لەگەڵ مامەڵەی توندی هێزەکانی ئاسایشدا بەرانبەر بە گیراوەکانی ئەم دواییەی کوردوستان، هێشتاش لە لایەن دەسەڵاتەوە جورئەتی کوشتنی ئەم “دوژمن”ە جۆراوجۆرانەی کۆمەڵگا نەکراوە بە جیا لە ئەندامان و لایەنگرانی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی و ئەوانەی کە سەر بە تۆڕەکانی تێرۆریزمی ئیسلامین. ئەمە یەکەمین جار نییە لایەنگرانی ئەم هێزانە لە ئاسایشدا گیان لە دەستدەدەن و بێدەنگی کۆمەڵگای کوردی لەبەرانبەر ئەم “دوژمن”نانەی کۆمەڵگادا ، کوژەرترین بێدەنگی ئەمڕۆی کۆمەڵگایە.
بەڵام کوشتنی “کوردی دوژمن” لە عێراقی بەعسدا، یەکەمین ڕێگا بوو بۆ کوشتنی ئەو سەربازەی ئامادەی کوشتنی ئەم دوژمنە ناوخۆییەی کۆمەڵگای عێراقی نەبوو. بە هەمان شێوە بۆ ئەو هاوڵاتییەشی کە لە کاتی گوللەبارانکردنی هاوڵاتییانی سەر شەقامەکاندا چەپڵەی لێنەدەدا. واتا دیفاعکردن لە نەکوشتنی دوژمنێکی کۆمەڵگا، خود بەخود ، دەبێتە دیفاعێک لەو دوژمنانەی دیکەی تری کۆمەڵگا کە دەکرێ لە پاڵ دوژمنی سەرەکیدا بکوژرێن.
لە جێگایەکی ئەم وتارەدا، خوازیاری ئەوە بووم کە بەرگی دوژمن و دەسەڵاتەکانی کۆمەڵگا دابماڵرێت و هیچ پێوەرێک و بەرگێکی ئایدیۆلۆژی بۆ دیفاعلێکردن یان نەفرەتلێکردن بۆ دوژمنی کۆمەڵگا دانەنرێت. بۆئەوەی بە چاوێکی ڕووتەوە لە دوژمنەکانی کۆمەڵگا بڕوانین و تەواوی شوناسە شۆڕشگێڕ و ناشۆڕشگێڕییەکانیان لێبکەینەوە. ئەویش بۆ ئەوەی پێشوەختانە لە بڕیاردانی کوشتنی دوژمنەکانی کۆمەڵگادا شەریک نەبین. ئەم دیدە لە هەموو سیستەمێکی قەزائیدا، بەردی بناغەیی سەرکەوتنی عادیلانەی ئەو بڕیارەیە کە هەر داوەرێکی دادگا دەبێ بیدات. بە کورتییەکەی، کۆششی من لێرەدا بۆ وتنی ئەم دەستەواژەیەیە کە ئیمکانی وتنی لە کۆمەڵگای کوردستاندا، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئیتیهاماتی گەورەت دەکاتەوە. ئەویش وتنی : بمرێ تێرۆریزم، بەڵام با “بژی” تیرۆریستە!
بۆ تێگەیشتن لەم دەربڕینەی سەرەوە، با سەرنجێک لەو موڕالە دوو فاقییەی کەیسی دادگایکردنی سەددام بدەین.
سەددام یەکێک لە دوژمنە گەورەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگای عێراقە. دادگاییەک بۆ تاوانەکانی ئەم دوژمنەی کۆمەڵگای عێراق سازکراوە. ئەم جەللادە، مافی ئەوەی پێدراوە کە بەبەرچاوی مێدیاکانی دنیاوە، تێڕوانینی خۆی سەبارەت بەو تاوانانەی کە لە ژێر دەسەڵاتدارێتی ئەودا ئەنجامدراوە، بدرکێنێت. ئەگەر چی ئەم دادگاییە، لە بناغەدا داهێنانێکی قەزای عێراق نییە، بەڵام لە ژێر فشاری ئەمریکادا، هێزە سیاسییەکانی عێراق ملییان پێداوە. بە کورتییەکەی، ئەم دادگایە، بە هەموو کەموکوڕی و ناڕۆشنییەکانییەوە، پێماندەڵێت، با سەددام بژی و لە کونجێکی تاریکدا، سەرگوزشتەی دڕندەییەکانی ون نەبێت. بەڵام لە هەمان ولاتدا و لەبەرانبەر دوژمنێکی دیکەی کۆمەڵگادا کە کردەوەی تێرۆریستی ئەنجامنەداوە، بەڵکو تاوانبارکراوە بە ئینتیما بۆ گروپێکی تێرۆریستی، کەسانێکی دیکە دەکوژرێن. نایەڵن بژین. بە واتایەکی دی، بانگەوازی من بۆ “بژی تێرۆریست”، بانگەوازی بژی مافی ژیانی تاوانبارە کە دەبێت یاساییانە لەگەڵیدا مامەڵە بکرێت.
بەڵام بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی لەبەرانبەر ئەم بژی “تێرۆریستە”ی مندا دەنووسێ:” نەک ئەو کەسە، بەڵکو سەدانی تریش هەن تا ئێستا حیجزن و بە بڕیاری دادوەر نەگیراون، مادام یاسای تێرۆر نییە، ئەی بەچی یاسایەک بیانگرین، ئەی ئەو حاکمە بەڕێزەی سەرۆکی لێژنەکەیە یاسای تێرۆری بۆ من ناردووە تا بەو یاسایە بیانگرم.”
کەواتا، لە کوردستاندا، نەک گوانتانامۆییەک، بگرە دەیەها گوانتانامۆی نهێنی هەیە و سەدەها هاوڵاتی بە تاوانی ئینتیما بۆ بزووتنەوەکانی ئیسلامی سیاسی، لەو دورگە نەبینراو و بێ یاسایانەدا گیراون.
یاسای دژە تێرۆر و گوانتانامۆ
بۆ بەرێوەبەری ئاسایش، نەبوونی یاسای دژەتێرۆرە کە ئەم دۆخە “نائاساییە”ی خوڵقاندووە. بەڵام ئیشکالییەتەکە لێرەدایە. گوانتانامۆ کە مەنزڵگەی بەشێکی گەورەی گیراوەکانی جەنگی ئەمریکایە لە ئەڤغانستاندا، زادەی خوڵقاندنی “دۆخێکی نائاسایی”ە لە ناو چوارچێوەکانی یاسادا. واتا گوانتانامۆ ئیستیسنایەک نییە لە قاعیدەدا، بەڵکو خۆی قاعیدەیەکە بۆ خۆی. گوانتانامۆ کۆششێکی یاسای دەسەلاتدارێتی قەزای ئەمریکییە تا بەناوی پارێزگاریکردن لە “ماف”وە چوارچێوەیەکی “نا ئاسایی” بخوڵقێنێت بۆ بەرقەرارکردنی داد. واتا لەو شوێنەدا کە دەسەڵات پێویستی پێیەتی، بە ناوی یاساوە، خودی یاسا هەڵبوەشێنەوە و چوارچێوەیەکی “نائاسایی” بخوڵقێنێ بە ناوی دیفاع لە دادەوە.
کەواتە ئەگەر چوارچێوەیەکی یاسایی نییە تا ئەم هەلومەرجە “نا ئاسایی”ە بخوڵقێنێت، بوونی سەدەها گیراو ئەشکەنجەدانییان و ونکردنییان هیچ لە ناوەڕۆکی ئەو شتە ناگۆڕێت کە ئەمڕۆ کاری پێدەکرێت. واتا ئەگەر گلەیی بەڕێوەبەری ئاسایش لە داوەری کەیسی ئیسماعیل ئەحمەد حەسەن لە نەبوونی یاسای تێرۆرە، ئەوا ئەو کاریگەرییانەی کە یاسای دژەتێرۆری ئەمریکی و زۆرێک لە وڵاتە ئەوروپییەکان خوڵقاندوویەتی، خودی گوانتانامۆ و سەدەها زیندانی دیکەی نهێنی شارەکانی ئەوروپایە کە وەک سکانداڵێکی یاسای و دیموکراتی ناویدەبرێت. ئەگەر گوانتانامۆ چەمکێکی تازەی داهێنراوی ناو ڕەخنەکانی سیستەمی دادی ئەوروپی و ئەمریکییە، ئەوا چەمکی “ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش”ی بەعس دۆخێکی “نائاسایی” زەمەنی کۆمەڵگایەکە کە لە ساڵی 1968ەوە تا کۆتایی هەشتاکان ، عێراقی کردە گوانتانامۆیەکی گەورە. بەعس لە ڕێگەی مەجلیسی قیادەی سەورەوە، کە خوڵقاندنی چوارچێوەیەکی “نا ئاسایی” بوو لە ڕێگای خودی یاسا خۆیەوە، گەورەترین ئاوشویتسی بۆ کۆمەڵگای عێراق خوڵقاند. ناو و ڕوخساری قوربانییەکانی بەعس دەبوایە بە ناو چوارچێوە یاساییەکانی ئەم مەجلیسەدا تێپەڕیایە، تا دواتر لە عەرعەر و نوگرە سەلمان و ئەبو غرێب، بۆ تەرمی قوربانییەکان بگەڕایتایە.
خوڵقاندنی دۆخێکی “نائاسایی” لە ناو زیندانەکانی کوردوستاندا ئەگەر یاسای دژەتێرۆریش ڕێگای پێبدات، دەکرێ مەنزڵگای هەموو ئەو دوژمنە جۆراوجۆرانەی دیکەی کۆمەڵگای کوردستان بێت لە ئاییندەیەکی نزیکدا. کۆمەڵگایەک بێدەنگی لە بەرانبەر ئەم هەلومەرجە نا ئاساییەدا هەڵبژێرێت، دەبێ ڕۆژگارێک باجی قورسی ئەم بێدەنگییەی خۆی بدات.
بەڵام ئەم پرسیارە هێندەی پەیوەندی بە لایەنگرانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانیانەوە هەیە، ئەگەر شەهامەت و جورئەتی دیفاعکردننیان هەبێت لە تێرۆریستان، هێندە پرسیاری دادوەران و کەسانی یاسا ناسی کۆمەڵگای کوردییە. گروپێک کە لەسەر گرتنی هاوڕییەکی خۆیان ماندەگرن و دەنگ هەڵدەبڕن، بەڵام لەبەرانبەر چارەنووسی هاولاتییانی دیکەی کۆمەڵگاکەیاندا، بێدەنگن.
سەرچاوەکان
1 رۆژنامەی ئاوێنە ژ 35 لا 1
2 بۆ شارەزابوون سەبارەت بە دۆخی “نائاسایی”، کەڵک لە لێکۆڵینەوەکانی جۆرجیۆ ئاگامبن وەرگیراوە لە کتێبی
Res Publica، 1-2، 2004