“له‌سه‌ر باڵی پێڵاو”، بابه‌تێكی (كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د)ه كه له سایتی (كوردستان نێت)دا بڵاوكراوه‌ته‌وه. ناوه‌ڕۆكی ئه‌م وتاره، سه‌رنجدانی نووسه‌ره له وێنه‌یه‌كی فۆتۆگرافی ژنه په‌رله‌مانتارێك كه له ڕۆژننامهی (ژیانه‌وه) ی ژ 252دا بڵاوكراوه‌ته‌وه. ئه‌م وێنه‌یه هێنده كاریگه‌ری لای كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د داده‌نێت كه :”هه‌ست كردن به شه‌رم سه‌رتاپای داگرتم” وه‌ك ده‌ربڕینێكی به‌هێز ده‌بێته هه‌وێنی وتارێك.
.
كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د ئه‌و وێنه‌یه‌ی ڕۆژنامه‌ی (ژیانه‌وه) وا ده‌بینیت:” له یه‌كێ له كۆبوونه‌وه‌كانی په‌رله‌ماندا به شێوه‌یه‌كی نه‌شیاو قاچی خستۆته سه‌ر قاچ و به شێكی قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی له لاته‌نیشتی پێیه‌وه خستۆته ناو تاكی پێڵاوێكییهوه”، مه‌به‌ست له ژنه په‌رله‌مانتاری ناو وێنه‌كه‌یه. هه‌ر بۆیه‌ش: “مرۆڤ واقی وڕده‌مێنێت و نازانێت چی بڵێت سه‌باره‌ت به‌م بێ ڕێزییه‌ی به‌قه‌ڵه‌م كراوه له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه كه یه‌كه‌مجار كورده و له په‌رله‌مانێك دانیشتووه كه قه‌ڵه‌میش خوێنی ڕشتووه له پێناوی هێنانهدیدا و دووه‌مجاریش ژنه كه خه‌باته‌كه‌ی ئه‌و وه‌ك ژن، خه‌باتێكی فیكرییه نه‌ك چه‌كداریی و چه‌كی ژنانیش له‌م خه‌باته‌دا قهڵهمهكانییانه، سێیه‌مجاریش په‌رله‌مانتاره، واتا به‌ده‌نگی خه‌ڵك چۆته ئه‌و شوێنه و نوێنهرییانه، ئه‌م به‌رپرسیارێتییه‌ش ئه‌وه‌ی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێ هه‌ر هیچ نه‌بێت شایستانه له‌ناو هۆڵی په‌رله‌ماندا ڕه‌فتار بكات.”
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م كرده‌وه‌یه‌ی خانمی ناو وێنه‌كه له بێئاگاییه‌وه بووبێت، ئه‌وه به بۆچوونی كه‌ژاڵ:”عوزر له قه‌باعه‌ت خراپتر”. چونكه ئه‌گه‌ر : “خانمێك ئاگای له شێوازی دانیشتنه‌كه‌ی نه‌بێت، چۆن ئاگای له بابه‌ته باسكراوه‌كانی ناو هۆڵی په‌رله‌مان ده‌بێت یان چۆن ئاگای له داكۆكیكردن له مافه‌كانی هاوڕهگهزهكانییهتی” به‌ڵام هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م هه‌ست بهشهرمكردنهی كه‌ژاڵ له‌وه‌دایه كه خه‌باتی سه‌رسه‌ختانه‌ی ئه‌و وه‌ك “یه‌كه‌مین” كه‌سێك بۆ داكۆكیكردن له مافه‌كانی ژنان كه ئه‌مڕۆ به‌رهه‌مه‌كه‌ی بوونی چه‌ندین ژنی ناو په‌رله‌مانه، خه‌ریكه به‌م دانیشتنه ناشایستانهیهی خانمی ناو وێنه‌كه:” ئه‌مڕۆ به‌ده‌ستی ژن خۆی ناشیرین ده‌كرێن و ده‌كرێنه به‌هانه بۆ ئه‌و پیاوانه‌ی تا ئێستاش پێیان وایه گونجاوترین شوێن بۆ ژنان ڕهوانهكردنهوهیانه بۆ ماڵه‌وه.”
سه‌رنجدانێكی دیكه له وێنه‌كه‌ی ڕۆژنامه‌ی (ژیانه‌وه)
كاتێك ڕۆژنامه‌ی ناوبراو، جێگایه‌كی هێنده گه‌وره به‌م وێنه‌یه ده‌دات و له‌ژێرییه‌وه ده‌نووسێت: “ژنه ئه‌ندام په‌رله‌مانێك له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی په‌رله‌مانی كوردستاندا، قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی به‌و شێوه‌یه به‌كاردێنێت.”، به‌هه‌مان شێوه ئه‌و په‌یامه دووپاتده‌كاته‌وه كه كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د له (له‌سه‌ر باڵی پێڵاو)دا ده‌یه‌وێت به خوێنه‌ری بڵێت. به‌ڵام وێنه‌كه هه‌ر به‌ته‌نها ژنێكی ناو په‌رله‌مان نییه. گۆشه‌یه‌كی دانیشتنه‌كانی ناو په‌رله‌مانه، ژنێكی حیجاب له‌سه‌ر له دانیشتنێكی قوتابیئاسای قوتابخانه‌یه‌كی سه‌ره‌تاییدا باسكه‌كانی له‌یه‌ك ئاڵاندون و وه‌ك قوتابییه‌كی “ئاقڵ” دانیشتووه. له ته‌نیشتییه‌وه، ژنی ناو وتاره‌كه‌ی كه‌ژال. له ته‌نیشتی ئه‌ویشه‌وه، پیاوێكی ئه‌ندام په‌رله‌مان، به چاكه‌ت و پانتۆلهوه و به “ویقاره‌وه” ده‌سته‌كانی له‌یه‌ك ئاڵاندون و له‌سه‌ر ڕانی دایناون. تا ئێره بینینی وێنه‌یه‌كه له گشتییه‌تی خۆیدا.
با جارێكی تر، له لای چه‌پی وێنه‌كه‌وه بۆ لای ڕاستی گوزه‌رێك بكه‌ین.
حیجابێكی ئیسلامی و دانیشتنێكی زۆر ژنانه، “شیاو شایسته”، جلوبه‌رگێكی مه‌ده‌نی و دانیشتنێكی نه‌شیاو و “غه‌یری ژنانه” ، پیاوێك.
ئه‌م وێنه‌یه پڕه له دژایه‌تی. به‌ڵام هێشتاكه‌ش نازانین له‌و دانیشتنه‌دا چی وتراوه؟
تۆ بڵێی باسی بڕیارێكی دیكه‌ی دژی ژنان كرابێت و په‌رله‌مانتاری قه‌ڵه‌م له پێلاودا خه‌وتوو بیه‌وێت قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی نه‌بیته شه‌ریكی ئیمزالێدان له بڕیاردانێكی ئاواهی. هیچ شتێك نازانین. وێنه‌یه‌كه و چركه‌ساتێكی دانیشتنی په‌رله‌مانه و هیچی تر.
تێروانینی سه‌ره‌كی من له‌م وتاره‌دا له ده‌وری “دانیشتنی نه شیاو و ناشایسته”دا ده‌سوڕێته‌وه، به تایبه‌ت له‌به‌رانبه‌ر جوڵه‌و هه‌ڵسوكه‌وتی ژنێكی په‌رله‌ماندا. به‌ڵام به‌وه‌ی قه‌ڵه‌م جێگایه‌كی هێنده گه‌وره لای كه‌ژاڵ داگیرده‌كات، ناچارم له قه‌ڵه‌می ناو پێلاوی خانمی ناو په‌رله‌مانه‌وه ده‌ستپێبكه‌م، چونكه بۆ كه‌ژاڵ، خانمی ناو وێنه‌كه، بێ ڕێزی به‌رانبه‌ر به قه‌ڵه‌م كردووه.
وشه‌كانی قه‌ڵه‌م، عه‌شق، زیاترین وشه‌یه‌كن كه پانتاییه‌كانی ناو شیعر و ئه‌ده‌بیاتی كوردی‌یان داگیركردووه. قه‌ڵه‌م و عه‌شق له شیعری كوردیدا له خه‌رمانه‌ی موقه‌ده‌سه‌وه دهئاڵێنرێنن و جێگای ئایه‌تی پیرۆزی ناو تێكسته ئایینییه‌كان ده‌گرنه‌وه.
ئه‌م قهڵهمپهرستییه سه‌رچاوه‌كه‌ی له به‌رهه‌مهێنانی فیكر و مه‌عریفه‌وه نه‌بووه له زمانی كوردیدا، به‌ڵكو جێگای به‌رزی ئه‌و له ناو شیعر و ئه‌ده‌بیاتدا له‌و شوێنه‌وه بووه كه نه‌خوێنده‌واری له دڵی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا هه‌ڵیكه‌ندووه. قه‌ڵه‌م به ده‌ستی شاعیرانه‌وه هێمای وشیاركردنه‌وه و خه‌باتی دژی نه‌خوێنده‌واری بووه و كاتێكیش به‌ده‌سته‌وه گیرا، ئیتر موختاربوون و میرزابوون و باشكاتب و ده‌یه‌ها مه‌قامی تری له كۆمه‌ڵگادا به‌ده‌ستهێنا. به‌ڵام كاتێكیش به‌ده‌سته‌وه گیرا، بووه هۆكاری گوومناوكردنی هه‌زاران ئینسانی شه‌ریفی كۆمه‌ڵگای ئێمه كه نه‌خوێنده‌واربوون و له پرۆسه‌ی بنیاتنانی ئه‌مڕۆكه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردوستاندا، ڕۆڵییان زۆر له قهڵهمدارهكانی كۆمه‌ڵگا كه‌متر نه‌بووه. به‌ڵام به‌وه‌ی قه‌ڵه‌م چه‌كی فیكری ده‌ستی ژنانه، نازانم كێ ئه‌م ڕۆڵه‌ی به‌مجۆره دابه‌شكرد، دانانی به‌وشێوه‌یه‌ی له وێنهكهدایه، خه‌می كه‌ژاڵ قورسترده‌كات. به‌ڵام دیارده‌ی قهڵهمپهرستی ناو كۆمه‌ڵگای كوردی، به تایبه‌ت له كه‌یسی داكۆكیكردن له مافه‌كانی ژناندا، وه‌ك له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێدا، ژماره‌یه‌كی زۆر له داكۆكیكارانی مافه‌كانی ژنان گومناو ده‌كات. هۆكاره‌كه‌یشی له‌وه‌دایه كه ژێرده‌سته‌یی ژنان خود به خود، به‌رهه‌ڵستكارییه‌كی سروشتی به‌رهه‌مده‌هێنێت. له هه‌ر كوێیه‌ك چه‌وساندنه‌وه هه‌بێت، به‌رهه‌ڵستكاریش هه‌بووه. له وڵاتێكدا ژماره‌ی ژنكوشتن به‌و ئاسته بێت وه‌ك له كوردستاندا، به‌رهه‌ڵستكاریش به‌رانبه‌ر به ژنكوژی به‌رله‌وه‌ی له خامه‌ی قهڵهمبهدهستانهوه بوو بێت، له لایه‌ن ئه‌و ئافره‌تانه‌وه بووه كه ئاگریان له‌خۆیان به‌ردا. ئه‌وانه‌ی كه به‌م كرده‌وه‌یان نه‌فره‌تێكی گه‌وره‌یان له سته‌م و نابه‌رابه‌رییه‌ك كرد كه كۆمه‌ڵگا ده‌رهه‌ق به‌وانی ئه‌نجامی داوه. ئه‌م هاواره، گۆڕستانه‌كانی ڕه‌شه‌كوژی ژنان بڵندگۆیهتی و جهستهسوتێنراوهكانی ژنانیش مانیفێستی. بزووتنه‌وه‌ی ژنان له كوردوستاندا به‌رله‌وه‌ی له ڕێگه‌ی قهڵهمبهدهستانهوه چووبێته په‌رله‌مان تاله‌وێ به ده‌سه‌ڵات بڵێت: ئه‌ها چی ده‌گوزه‌رێ! له وقیژهو هاواره نه‌بڕاوه‌یه‌ی ناو ماڵ و گه‌ڕه‌ك و شاره‌كانی كوردستانه‌وه ده‌نگی هه‌ڵبڕی. ئه‌مه به مانای كه‌مڕه‌نگكردنه‌وه‌ی قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستانی ژن و پیاوی كوردستان نییه، به‌ڵكو به مانای بینینی ئه‌و هه‌زاران ژن و پیاوه یهكسانیخوازهی كوردستانه كه به‌شێكی زۆرییان، قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ست نه‌بوون و ڕۆڵییان له قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستان كه‌متر نییه. بۆیه چیرۆكی قه‌له‌مبه‌ده‌ستان وه‌ك پاڵه‌وانی به سیاسیكردنی ئه‌م پرسیاره گرنگه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردستان، ناهه‌قییه‌كی گه‌وره به ڕوخساره ونبوو و نهدیارهكانی بزووتنه‌وه‌ی یه‌كسانیخوازی كۆمه‌ڵگای كوردستان ده‌كات.
ده‌كرێ قه‌ڵه‌م ئیمزای یاسای چه‌ند ژنه‌ی پێ بكرێت ولێدان له مندالیش بكاته بڕگه‌یه‌كی یاسایی. قه‌ڵه‌م ده‌كرێ ئیمزای ده‌یه‌ها گه‌نده‌ڵی ناو كۆمه‌ڵگای پێبكرێت و ئیمزای له سێداره‌دانی بێ‌تاوانیش. ده‌كرێ شیعریشی پێبنووسرێت و هه‌موو ئه‌و دژه كردارانهیشی كه قه‌ڵه‌می سه‌ره‌وه ده‌یكات.
واتا قه‌ڵه‌م ئه‌گه‌ر ڕێزیشی هه‌بێت هیچ كه‌م و زیادتر نییه له هه‌ر كه‌ره‌سته‌یه‌كی دیكه‌ی به‌رهه‌مهێنان كه ژیان به بێ ئه‌و نوقسانه. من سه‌یرم لێ دێت بۆچی مه‌قاشی نانه‌وا و ته‌ندوور هه‌مان جێگای ئه‌فسووناوی داگیر ناكه‌ن كه به‌رهه‌مهێنه‌ره‌وه‌ی ساده‌ترین پێداویستییه‌كانی كۆمه‌ڵگان كه به‌ر له بیركردنه‌وه، مه‌سه‌له‌ی ئیدامه‌ی ژیانی ئینسانی پێوه به‌نده كه ئه‌ویش مانه‌وه‌ی فیزیكی ئه‌وه.
ژن و دانیشتنی نه‌شییاو نا شایسته
ئه‌وه‌ی كه له كۆمه‌ڵگادا نایه‌كسانی نێوان ڕه‌گه‌زه‌كان به‌رهه‌مده‌هێنێته‌وه، هۆكاره‌كه‌ی له ڕه‌گه‌زی بایۆلۆژی ئینسانه‌كانه‌وه نییه كه یهكێكێكیان نێره و ئه‌وی دیكه‌یان مێیه. به‌ڵكو ئه‌و ڕژێمی جێنده‌ره‌یه كه ڕه‌گه‌ز له ئاستێكی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیدا دووباره دروستده‌كاته‌وه. (ماڵه باجێنه و هه‌ڵماقۆ و خه‌تخه‌تێن و یاریكردن به بووك)، په‌یوه‌ندییان به ناوگه‌ڵی نێرومێوه نییه. به‌ڵكو ئه‌وه سیسته‌می جێنده‌ره كه ڕه‌گه‌ز له ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیدا دووباره دروستده‌كاته‌وه. ئه‌وه‌ی كه من نائاگاییانه ده‌نووسم “نێر و مێ” و نانووسم “مێ و نێر” ، په‌یوه‌ندی به ڕه‌گه كولتورییهكانی ئه‌م ڕژێمی جێنده‌ره‌وه هه‌یه كه هه‌میشه ده‌بێت نێر بخاته پێشه‌وه و له سه‌رتاپای ستره‌كچه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیدا ئه‌م ئیمتیازه به‌و بدات. ئه‌م ده‌ربڕینه‌ی سه‌ره‌وه، ساده‌ترین ئهلفوبێكانی خوێندنی بابه‌ته‌كانی جێنده‌ره‌وه و تا ئێستا من هیچ شتێكی تایبه‌تیم نه‌وتووه. به واتایه‌كی دی، ئه‌گه‌ر نه‌خشه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستان بخرێته به‌رچاو، هه‌ستده‌كرێت كه ڕژێمی جێنده‌ر له ته‌واوی بواره كولتوری، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌ده‌بی و سیاسییه‌كانی كۆمه‌ڵگادا ئه‌م نابه‌رابه‌رییه به‌رهه‌مده‌هێنێته‌وه كه ساده‌ترین ده‌ربڕینه‌كانی، سه‌رده‌سته‌یی پیاو و ژێرده‌سته‌یی ژنه. واتا ژن‌بوون له ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی بایۆلۆجیدا، ڕۆژانه به چه‌ندین شێوازی جۆراوجۆر دروستده‌كرێته‌وه. به هه‌مان شێوه بۆ ڕه‌گه‌زی به‌رانبه‌ریش. “دانیشتنی شیاو و شایسته”، “پێكه‌نین و داندهرنهكهوتن”، به‌شێك له‌و كۆد و سیمبوڵه كولتورییانهن كه ژنێتی له ئاستێكی كۆمه‌ڵایه‌تیدا دووباره پێناسهدهكاتهوه.
به‌ر له‌وه‌ی سه‌رنجێك له دانیشتنی “نه‌شییاو و ناشایسته”ی ژنی ناو وێنه‌كه‌ی په‌رله‌مان بده‌م، پێویستم به ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی كورت هه‌یه سه‌باره‌ت به خودی په‌رله‌مان و دانیشتنی ناو ئه‌م هۆڵه. ئه‌م تێڕوانیینهی من، به جۆرێك له جۆره‌كان، ده‌بێته به‌ره‌نگارییه‌ك له په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتێك كه زۆر كه‌س پێیوایه، دهستكورتترین ئۆرگانه‌كانی ئه‌م حكومه‌ته ئه‌وانن، واتا په‌رله‌مانتارانی كوردستانن. به‌ڵام جێخستنی ئه‌م دیده، كۆمه‌كێكی گه‌وره به ئێمه ده‌كات تا باشتر له دانیشتنی ناو وێنه‌كه‌ی په‌رله‌مان تێبگه‌ین.
كه‌سانی سیاسی و په‌رله‌مان.
په‌رله‌مان به‌ر له‌وه‌ی شوێنی ئه‌و بڕیاره سیاسییه گرنگ و گهورانهبێت، شوێنی كاری ئه‌و كهسانهشه كه كارییان سیاسه‌ته. واتا په‌رله‌مان وه‌ك قوتابخانه و ژووری به‌ڕێوه‌به‌ری ڕۆژنامه و ژووری تایپیستهكانی دائیره‌یه‌ك و هه‌موو شوێنی كاره‌كانی دی، شوێنی كاری ئه‌و كه‌سانه‌یه كه سیاسه‌ت كارییانه. له هه‌موو شوێنێكی كاردا، باوێشك ده‌درێت، نوكته ده‌كرێت و ده‌شكرێ بپژمیت. بۆ خۆكێشانه‌وه و باوێشكدان یان قه‌ڵه‌م خستنه ده‌مه‌وه بۆ سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌یه‌ك كاتێك زۆر ماندوو ده‌بێت، ڕه‌وایه، به‌ڵام بۆ كه‌سانی ناو په‌رله‌مان تاوانه؟. هۆكاری ئه‌م تێڕوانینه بۆ سیاسه‌تمه‌داران، له‌و دیده نا دروسته‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه به‌شێكی زۆری كۆمه‌ڵگا و خێڵی ڕۆشنبیران و ڕۆژنامه‌نووسان سه‌باره‌ت به‌م كاره‌ی په‌رله‌مان داویانهتهدهر. ئه‌و دیده‌ی له‌پشت پێكه‌نین به په‌رله‌مانتارێكه‌وه ده‌نگ هه‌ڵده‌برێت كاتێك قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی ده‌خاته ناو پێڵاوه‌كه‌یه‌وه یاخود باوێشكی داوه و خه‌ریكه خه‌وی لێده‌كه‌وێت، جیاكردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره له به‌ینی ئه‌و شوناسه جۆراوجۆرانه‌دا ده‌كات كه كه‌سی په‌رله‌مانتار ده‌كرێ هه‌ڵگری بێت. “من په‌رله‌مانتارم، ژنم، دایكم، سه‌رۆكی حزبی چه‌پم و ئاشقیشم”، ده‌ربڕینی (گویدرون شیمان)ی سه‌رۆكی حزبی چه‌پی سویده كاتێك چاوه‌كانی كامێرا وێنه‌ی ئه‌و له ئاهه‌نگێكی لاوان‌دا زوومدهكات و ده‌كرێت به گاڵه كاتێك تاوانباری ده‌كه‌ن كه سه‌مای گه‌نجانه و ئه‌و كوجا مه‌رحه‌با. (شیمان)، سه‌رنجی كۆمه‌ڵگای سوید بۆ ئه‌و لایه ده‌باته‌وه كه سیاسی‌بوون، ناكرێ به مانای كوشتنی ته‌واوی ئه‌و شوناسانه‌ی دیكه‌ی ئینسان بن كه ڕۆژانه به‌شێكی دانه‌بڕاوی ئه‌و پێكده‌هێنن. بوون به په‌رله‌مانتار، به مانای ئاره‌زوو نیشاندان نییه بۆ هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌ی كه له‌وێدا باسده‌كرێن. ده‌كرێ مه‌سه‌له‌ی باشتركردنی خه‌سته‌خانه‌كان، شوێنی تێڕامانی جدی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه نه‌بن كه پرسیاریی یه‌كه‌م بۆیان، باشتركردنی وه‌زعی زیندانه‌كانه. بۆیه ده‌كرێ گوێگرێكی باشی جهدهلهكانی ناو په‌رله‌مان نه‌بن له په‌یوه‌ند به پرسیارێكی ته‌ندروستیدا. بۆیه بینینی په‌رله‌مان وه‌ك شوێنی كار و قبوڵكردنی ئه‌وه‌ی كه كارمه‌ندانی ئه‌و شوێنه ده‌كرێ وه‌ك هه‌موو ئینسانێكی دیكه ماندوو بن یاخود قاچ زیاترڕاكێشن، ده‌كرێ ئێمه تووشی شۆكێكی گه‌وره نه‌كات.
به‌ڵام تووڕه‌بوونی كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د له كوێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه؟
به‌شێكی له‌م دیده‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه په‌رله‌مانتار بوون، به مانای سڕینه‌وه‌ی ته‌واوی شوناسه جۆراوجۆره‌كانی دیكه‌ی ئینسانه و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئه‌وه بۆ ئاستی كه‌سێكی سوپه‌رمان و ئه‌فسووناوی. ئه‌م دیده بۆ سیاسییه‌كان له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا هێند گه‌وره‌یه كه دابڕانێكی گه‌وره‌ی نێوان كه‌سی سیاسی و هاوڵاتیدا پێكهێناوه و زۆربه‌ی زۆری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك هیچ شتێكی تایبه‌تی ده‌رباره‌ی ئه‌و دیوی شوناسی سیاسیبوونی ئه‌وان وه‌ك ئینسانێكی كۆمه‌ڵگا نازانن. له وڵاتێكی وه‌كو كوردستان و زۆر جێگای تری خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ئه‌مه به‌شێك له گه‌مه‌كانی ده‌سه‌ڵاته و ئامانجدارانه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌برێته پێش. هاوكاتیش به‌وه‌ی مێژووی پراكتیزه‌كردنی ئه‌م جۆره له كرده‌وه‌ی سیاسی، مێژوویه‌كی درێژه، ئه‌م تێڕوانینه بۆ سیاسه‌تمه‌داران، به تێڕوانینێگی گشتی جه‌ماوه‌ر گۆڕدراوه. ئه‌و دیدهیشی كه له پشت به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی گاڵته‌كردن به كه‌سانی خه‌وتووی ناو په‌رله‌مانه‌وه‌یه، یان له دۆخی ژنه‌ی له‌مه‌ڕ وێنه‌كه‌ی باسه‌كه‌ی مندا، ده‌یه‌وێت هه‌مان گوتار بهرههمبێنێتهوه و ئه‌فسانه‌یه‌ك له كه‌سی سیاسی دروستبكات. هه‌ر بۆیه‌ش له و كۆمه‌ڵگایانه‌دا كه دابڕان له نێوان هاوڵاتی و كه‌سانی سیاسی‌دا زۆر گه‌وره‌یه، هاوڵاتییان به جیا له شوناسی سیاسیبوونی سیاسه‌تمه‌داران، هیچ شتێكی دیكه سه‌باره‌ت به‌وان و ژیانی جۆراوجۆرییان نازانن. بۆیه‌ش ڕۆژنامه‌كانی “زه‌م و زهمكاری” ئه‌وروپا ئه‌م كه‌لێنه بۆ هاوڵاتییان پڕده‌كه‌نه‌وه له په‌یوه‌ند به ژیانی ناودارانی سینه‌ماو مۆسیقادا.چونكه سیاسه‌ت له ئه‌وروپادا، ئه‌مجۆره له پاڵه‌وانی ئه‌فسانه‌یی سیاسه‌تمه‌دارانی تێپه‌ڕاندووه و ئه‌وه ناودارانی سینه‌ما و گۆرانبێژانن له ڕێگه‌ی مێدیای خۆرئاواوه، ده‌كرێنه كه‌سی ئه‌فسووناوی. له وڵاتێكی وه‌كو ئێمه‌شدا كه ئه‌م هونه‌ره هێشتا گهشهینهكردووه، هاوڵاتییان له ڕێگه‌ی كه‌ناڵه نه‌بینراوه‌كانی نوكتهوه، ده‌یانه‌وێ ئه‌و لایه‌نه شاراوانه‌ی ژیانی ئه‌وان ده‌ربخه‌ن. ئه‌فسانه‌ی خۆشوشتنی شابانووی ئێران له ناو بانێۆی شیردا و داستانی فڵانه “مه‌نسولی” كورد كه به مه‌مكه‌مژه‌ی مناڵان شیر ده‌دات به كارمامزهكانی. هیچ شتێك نیییه جگه له ده‌رخستنی ئه‌و دابڕانه گه‌وره‌یه‌ی هاوڵاتییان له سیاسییه‌كان و ژیانی ڕءۆژانهی ئه‌وان. به‌ڵام كاتێك ئه‌و دیده‌مان قبوڵكرد كه ماندوێتی، قاچڕاكێشان، پێكه‌نین و ده‌یه‌ها ره‌فتاری دیكه‌ی ئینسانی، خاڵ هاوبه‌شی هه‌موو ئینسانه‌كانه و بوون به په‌رله‌مانتار به مانای چه‌پاندنی ئه‌مانه نییه، ئه‌و كاته زۆر ساده ده‌ركه‌وتنی شوناسه جۆراوجۆره‌كانی دیكه‌ی كه‌سی سیاسی، ئه‌فسانه‌ی “سه‌رو ئینسانیبوونی ئه‌وان” دهرهِوینێتهوه. واتا”زه‌مینییان” ده‌كاته‌وه. به كورتییه‌كه‌ی ئه‌و دیده‌ی به چاوێكی سه‌رسوڕمانه‌وه له‌م دیاردانه ده‌ڕوانێت، له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی “به ئهفسانهكردنی سیاسه‌تمه‌داران”دا كاره‌كته‌رێكی كارایه و له‌گه‌ڵ گه‌مه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا بۆ نیشاندانی سهروئینسانیبوونی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ئه‌و، هه‌مان گوتار دووپاتده‌كاته‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌م تێڕوانینه بۆ كه‌سانی په‌رله‌مانتار كه كه‌ژاڵیش هه‌ما دیدی هه‌یه وبه‌هۆیه‌وه توشی شۆكێكی گه‌وره ده‌بێت به بینینی وێنه‌كه، هۆكاری توڕه‌بوون و هه‌ست بهشهرمكردنی ئه‌و پێكده‌هێنێت، ئه‌وا لایه‌نێكی دیكه‌ی تووڕه‌بوونی كه‌ژاڵ، له شوێنێكی دیكه‌دایه. كه‌ژاڵ ده‌نووسێت:” به‌ڵام باوه‌ڕبكه‌ن شه‌رم ده‌كه‌ین و خهمداماندهگرێت كاتێك ده‌بینین ئه‌و پێشنیازانه‌ی دوێنێ قه‌ڵه‌مه‌كانی ئێمه له سه‌دان بۆنه‌دا بۆ حزب و حكومه‌ت و خه‌ڵكی كوردستان‌مان هه‌زارباره ده‌كرده‌وه تا گه‌یاندمانه قۆناغی جێبه‌جێكردن، ئه‌مڕۆ به‌ده‌ستی ژن خۆی ناشیرین ده‌كرێن و ده‌كرێنه به‌هانه بۆ ئه‌و پیاوانه‌ی تا ئێستاش پێیان وایه گونجاوترین شوێن بۆ ژنان ڕهوانهكردنهوهیانه بۆ ماڵه‌وه.”
به كورتییه‌كه‌ی، به‌رله‌وه‌ی پیاوانی په‌رله‌مان له ژنی ناو وێنه‌كه‌ی په‌رله‌مان بێنه ده‌نگ و به “ته‌علیقه” پیاوسالارییهكانی خۆیان ئه‌وه دووپاتكهنهوه كه “گوونجاوترین شوێن بۆ ژنان كونجی ماڵه” ، كه‌ژاڵ دێت و ئه‌م كاره ده‌كات. واتا ئه‌و پۆلیسه كولتورییهی كه ڕژێمی جێنده‌ر به به‌شێك له “كۆمهككارهكان”ی خۆی سپاردووه تا سنووره‌كانی نێوان نێر و مێ تێكه‌ڵ نه‌بن و “ژنێتی و پیاوێتی” به‌و كۆد و ڕه‌فتاره دروستكراوانهوهی خۆیانه‌وه بمێننه‌وه، له‌لایه‌ن كهژالهوه ئه‌نجامده‌درێت. ئه‌م ههڵوێستگرتنهی كه‌ژاڵ، زیاتر نزیكده‌بێته‌وه به‌و باره سایكۆلۆژییه تایبهتییهوهی كه ژێرده‌سته‌بوونی زۆرێك له گروپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌لایان دروستده‌بێت.
(فرانز فانۆن) له خوێندنه‌وه‌ی دۆخی سایكۆلۆژی ڕه‌شپێسته‌كاندا به هۆی كۆلۆنیالیزم و باڵاده‌ستی پیاوی سپییه‌وه، كۆمه‌ڵێك ڕوونكردنه‌وه‌ی گرنگمان ده‌خاته به‌رده‌ست. “هه‌ر گروپێكی ژێر ده‌ست، وه‌ك هه‌نگاوی سه‌ره‌تایی بۆ ڕزگاربوون، ده‌بێ خۆی له و دید و وێنه‌یه ڕزگار بكات كه گروپی سه‌رده‌ست بۆی كێشاوه”، په‌یامی كورتی فانۆنه له (پێستی ڕه‌ش، ماسكی سپی)دا.
هه‌ر بۆیه‌ش به‌شێكی زۆری ژنانی ڕه‌ش، بۆ ڕزگاربوون له كۆده كولتورییهكانی ڕه‌شپێستبوون، خوازیاری پێكهێنانی په‌یوه‌ندی خێزانی بوون له‌گه‌ڵ پیاوانی سپی‌دا. له دۆخی كۆلۆنییالیزهكردنی خه‌ڵكی كوردوستاندا و هه‌ستی خۆبهقوربانیزانی ئینسانی كورددا، ئه‌م باره سایكۆلۆژییه تایبه‌تییه پاڵ به تاكی كورده‌وه ده‌نێت تا له‌ڕێی ئه‌فسانه‌كانی بهكوردكردنی كه‌سانی دییه‌وه، خۆ له دیدی قوربانیبوونی خۆ ڕزگاركات. ئه‌فسانه‌كانی بهكوردكردنی مه‌حمود ملیجی و فه‌رید ئه‌تڕه‌ش و سوعاد حوسنی و فیساره كه‌سی به‌ناوبانگی دی كه له زه‌ینی زۆربه‌ی خه‌ڵكی كوردستاندا هێشتا گه‌رمه، هیچ شتێك نه‌بووه، جگه له گێڕانه‌وه‌ی باڵانسێكی ڕۆحی تایبه‌ت كه ژێرده‌سته‌بوونی خه‌ڵكی كورد و قوربانیبوونی ئه‌و لای ئه‌وانی دروستكردووه. به كورتییه‌كه‌ی:” ئه‌ها منیش شتم”
هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌م ههڵوێستوهرگرتنهی كه‌ژاڵ ده‌چێته خانه‌ی ئه‌و ڕهفتارنواندنه نائاگاییانه‌ی ژنێكه‌وه كه باڵاده‌ستی كولتوری ژێرده‌سته‌یی ژن له مێژوودا خوڵقاندوویه‌تی. ڕۆشنبیربوون و قهڵهمبهدهستبوون ده‌كرێ پانتاییه‌كانی نائاگایی ئینسان بچووكتر بكاته‌وه و ڕووبه‌ره‌كانی ئاگایی گه‌وره‌تر بكات. به‌ڵام ئه‌مه كارێكی هه‌روا ئاسان نییه. كه‌ژاڵ له‌م تووڕهبوونهیدا، به چاوی سهردهستهكهی خۆیه‌وه، پیاو و سیسته‌می پیاوسالاری، ته‌واو له نائاگایی خۆیدا و به‌نییه‌تێكی “یهكسانیخوازانهوه”، له خۆی و هاوچاره‌نووسه‌كانی خۆی ده‌ڕوانێت. بۆیه‌ش به‌رله‌وه‌ی پیاوان له ژنه‌ی په‌رله‌مان بێنه ده‌نگ، ئه‌و پێی ده‌ڵێت:”جوان دانیشه”.
ئه‌م نموونه‌ی خواره‌وه ده‌كرێ كه‌مێك كۆمهككهر بێت. مێژووی بوونی ژن له ناو سیسته‌می دادی كۆمه‌ڵگادا، مێژوویه‌كی درێژ نییه. ئه‌گه‌ر چی له سویددا، كۆششێكی گه‌وره هه‌یه كه سه‌رتاپای بوار و چالاكییه‌كانی كۆمه‌ڵگا به فیفتی فیفتی ته‌واو بێت. له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێشی ساڵی پاردا له سویددا بۆ سه‌رنجدان له‌و بڕیاری سزایانه‌ی كه داوه‌رانی ژن و پیاو داویانه له په‌یوه‌ند به كه‌یسی لاقه‌كردنی ژناندا، هه‌ستده‌كرێت كه سزای داوه‌رانی ژن بۆ ئه‌و تاوانبارانه‌ی كه به‌و تاوانه‌وه سزادراون، كه‌متر و نه‌رمتر بووه له چاو هاوكاره پیاوه‌كانیاندا. یه‌كێك له‌و هۆكاره گرنگه‌كانی كه هۆی جیاوازی سزای لاقهكهران له نێوان داوه‌رانی پیاو و ژن‌دا ڕوونده‌كاته‌وه، به له‌به‌رچاوگرتنی هه‌مان چوارچێوه‌ی یاسایی، ئه‌و باره سایكۆلۆژییه تایبه‌تییه‌یه كه داوه‌ری ژن خۆی تیاده‌بینێته‌وه. به تایبه‌ت كاتێك مێژووی سیسته‌می داد و باڵاده‌ستی پیاو له‌ناو ئه‌م ئۆرگانه‌ی كۆمه‌ڵگادا له‌به‌رچاوبگرین. هه‌ربۆیه‌ش ئه‌م باڵاده‌ستییه كولتورییهی پیاوان، ئه‌و هه‌سته لای ژنانی دادوه‌ر دروستده‌كات كه بۆ ئه‌وه‌ی داوه‌ری ژن تاوانبار نه‌كرێت كه هاوده‌ردییه‌كی ژنانه‌ی له‌گه‌ڵ ژنانی قوربانیدا هه‌یه، كه‌مترین سزا بۆ تاوانبار قایلده‌بێت، تا بیسه‌لمێنێ ئه‌و وه‌ك ژن له ڕۆڵی ژنی قوربانی ده‌ربازبووه. بێگومان ئه‌م جه‌نگه سایكۆلۆژییه له ئاستی ناوشیاری تاكدا ڕه‌نگده‌داته‌وه و كه‌متر ده‌توانرێت وه‌ك ده‌ربڕینێكی ڕاسته‌وخۆ بهدهستبێنرێت. ئه‌و كاریگه‌رییه سایكۆلۆژییه‌ی كه هه‌موومان له‌گه‌ڵ سوڕانه‌وه‌ی كیژۆڵه‌یه‌كی ڕووتدا به بێ ده‌رپێ، خێرا ده‌ڵێن:” كۆشت داپۆشه كچێ” له‌كاتێكدا كه‌سمان هه‌مان كاردنه‌وه، به هه‌مان ئه‌ندازه نیشان ناده‌ین، ئه‌گه‌ر مناڵه‌كه كوڕ بوایه.
دوا وته
پرسیاری یه‌كسانی له كوردستاندا ناكرێت هه‌ر پرسیارێكی سیاسی بێت. سیسته‌می جێنده‌ر و كاریگه‌رییه‌كانی ناكرێ ته‌نها له بواره یاسایی و سیاسییه‌كه‌یدا جێگای تێڕامانی “قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستان” بێت. سیسته‌می جێنده‌ر وه‌ك تۆڕێك سه‌رتاپای كۆمه‌ڵگای ته‌نیوه و یه‌ك به‌یه‌كی جومگه‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌بێت شوێنی تێڕامان و وردبوونه‌وه ڕه‌خنه‌گری ئه‌م سیسته‌مه بێت. بواری كولتوری و فه‌رهه‌نگی ژیانی ئینسانه‌كان، گرنگترین بوارهكانییهتی. ده‌كرێ له ڕێگه‌ی بڕگه‌یه‌كی یاساییه‌وه تاوانی شه‌ره‌ف سنوورداربكرێتهوه، به‌ڵام ئه‌و جیهانه كولتورییهی كه چه‌مكی شه‌ره‌فی له‌سه‌ر هه‌ڵچنراوه و له ناوشیاری تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگادا مێژوویه‌كی درێژی له دوای خۆیه‌وه جێهێشتووه، چه‌ندین ساڵ دوای ئاڵوگۆری یاسایش هه‌ر سه‌روه‌ره.
هه‌ر بۆیه وێنه‌ی ژنه په‌رله‌مانتارێكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ر له‌وه‌ی جێگه‌ی تووڕه‌بوون و هه‌ست به شه‌رمكردن لای بینه‌ری وێنه‌كه دروستبكات، ده‌بوایه جێگای شانازی و پیاهه‌ڵدان بوایه. وێنه‌یه‌ك كه تیایدا ژنێك، بۆ ساتێكی كه‌میش بێت، له ژێر جه‌برو فشاره كولتورییهكانی ڕژێمی جێنده‌ردا، له نائاگایی خۆیدا، ئه‌و ئازادییه به‌ده‌ستده‌هێنێته‌وه و ئه‌و كۆت و به‌نده كولتورییانه‌ی كه ترادیسیۆنی ڕژێمی جێنده‌ر بۆی كێشاوه ده‌نێته لاوه و وه‌ك “ئینسانێكی بێڕهگهز” ڕه‌فتار ده‌كات. وێنه‌ی ژنه په‌رله‌مانتاری ڕۆژنامه‌ی (ژیانه‌وه)، چركه‌ساتێكی ئازادانه‌ی ژنێكه كه زۆر بێئاگایانه له‌و كۆت و به‌نده كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی كه ڕژێمی جێنده‌ر به‌سه‌ر “چۆنێتی هه‌ڵسان و دانیشتنی ئه‌ودا” فهرزیكردووه، تێكدهشكێنیّت و ئه‌و ده‌كاته‌وه به “منێكی خۆ”. جێگای داخێكی گه‌وره‌یه، ئه‌م فیشه‌كه بۆ كوشتنی له دایكبوونی “ئازادییه‌كی سروشتی ” كه له نائاگایدا ڕوویداوه و ئه‌گه‌ر فشارهكای ڕژێمی جێنده‌ر نه‌بوایه، زۆر سروشتییانهو به ئاگاییانه‌وه له كۆمه‌ڵگادا، ئه‌م جۆره دانیشتنه سروشتییه ئینسانییه‌ی ژنانمان له‌سه‌رتاپای كۆمه‌ڵگادا ده‌بینی، له ده‌ستی كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌ده‌وه ده‌ته‌قێنرێت. له ڕاستیشدا، پرسیاری یه‌كسانی له كۆمه‌ڵگادا، هیچ شتێك نییه جگه له سڕینه‌وه و له‌به‌رچاونه‌گرتنی ئه‌و شوناسه ده‌ستكرده جۆراوجۆرانه‌ی كه “نێرێتی و مێیتی” به‌رهه‌مده‌هێنێته‌وه و بههۆیشییهوه ئینسانه‌كان له دوو پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری جیاوازدا داده‌نرێن. بۆیه‌ش ئه‌گه‌ر تووڕه‌بوونی كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د “له‌سه‌ر باڵی پێڵاودا” له خه‌مێكی یهكسانیخوازانهوه بووببێت، ئه‌وا بێگومان ئه‌م خه‌مه‌ی من، هیچی له‌و كه‌متر نییه.