هەواڵە پچکۆلەکان، کەمترین ڕووپەڕی ڕۆژنامەکان داگیردەکەن. بەڵام هێشتاش هەواڵێکە و چەند دیڕێکی لە تووێی ڕۆژنامەدا داگیرکردووە. زۆر جار ئەوەی هەواڵێکی بچکۆلە دەیڵێت، مانشیستی گەورەی ڕۆژنامە لە توانایدا نییە. چەند ڕۆژنامەیەک بخەرە سەر چەند مێزێکی جۆراوجۆر و سەرنجی ئەو کەسانە بدە کە لای ئەو مێزانەوە دادەنیشن و ڕۆژنامەکە دەگرن بە دەستەوە. یەکێک لە هەواڵە وەرزشییەکانەوە دەستپێدەکات، یەکێکی دی لە لاپەڕەی کولتوری و ئەدەبییەوە، سێیەمییان، ناوخۆییەکان، چوارەمییان، ڕەنگە بە تەنها سەیری وێنە و ناونیشانی وتارەکان بکات و دواتر لەو شوێنەوە دەستپێبکات کە خۆی دەیەوێت. لەگەڵ ئەم هەمە ڕەنگییەی کە خوێنەران بۆ خوێندنەوە هەیانە، هێشتا بەشێکی زۆری هەوالە پچکۆلەکان، پانتاییەکی ئێجگار گەورە داگیردەکەن.
من لەم وتارەدا سەرنجم دەچێتە سەر ئەو هەواڵە بچکۆلانەی کە دوو ڕۆژنامەی کوردی ، “هاولاتی” و “جەماوەر” لە دوو ژمارەی ئەخیریاندا بڵاوییانکردۆتەوە.
بەر لەوەی لەو هەواڵە بچکۆلانەی دووا ژمارەکانی هەر دوو ڕۆژنامەی ناوبراوە دەسپێبکەم، ڕوونکردنەوەیەکی کورتم لەسەر بەشێکی گەورەی ئەو هەواڵە بچووکانە دەبێت کە لە ناوەڕۆکدا، دەکرێ هەواڵی ئێجگار گەورە بن و چوارچێوەیەکی کۆمەلایەتی و کولتوری بچووکیانیکردوونەتەوە. مەبەستی سەرەکیم: هەواڵی کوشتن و خۆسووتاندنی ژنانە کە سەرتاپای ڕۆژنامەکانی کوردستانی داگیرکردووە و هیچیشیان لە چەند دێڕێکی کورت تێناپەڕن. ڕەنگە هۆکاری سەرەکی لە بچووکنیشاندانی ئەم هەواڵانە لە پلەی یەکەمدا لە گەورەیی ژمارەی ئەم دیاردانەدا بێت کە کۆمەڵگا وەک کارێکی ڕۆتینی چاویلێدەکات و هێندە دووبارە بوونەتەوە کە کۆمەڵگاش، نەک هەر هەموو هێزەکانی ناوی، لە لای ئاسایی بۆتەوە. هۆکارێکی دی پەیوەندی بە جێگا و ڕێگای قوربانییەکانی ئەم دیاردانەوەن کە لە کەمترین ئیمکانانەکانی دەسەڵات بەهرەمەندن.
پاش ئەم ڕوونکردنەوە کورتە، با سەرنجێک لە هەندێک لە و هەواڵە بچووکانە بدەین کە تەوەری باسەکەی منە.
کەیسی یەکەم: ڕۆژنامەی هاوڵاتی لە 204ی ڕ 2ی مارسی 2005دا دەنووسێت:” دەست درێژی دەکرێتە سەر ژنێکی 60 ساڵە” درێژەی هەواڵیش بریتییە :” لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی، ڕۆژی 24ی شوبات چەند کەسێکی نەناسراو دەچنە سەر ماڵی ژنێک بە ناوی( نەرمین سەعید ناکام)کە تەمەنی 60 ساڵە و عەزییەتی دەدەن. دوای ئەوەی نەرمین بەبێ جل و بەرگ، بەبەستراوەیی دوو شەو و ڕۆژێک لە ماڵەکەیدا دەمێنێتەوە، پۆلیس بە ڕووداوەکە دەزانێت و دەگەێنرێتە نەخۆشخانە. پاش پشکنینی دانێکی شکاوە و گیانی شوێنی چەند پەڵەیەکی لێدانی تووندی پێوە ماوە. نەرمین ناکام ماوەی 12 ساڵە لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژی، ساڵێکە گەڕاوەتەوە کوردستان و بە تەنیا ژیان دەگوزەرێنێت. لیوا (ئەحمەد عەلی عارف)بەڕێوەبەری بنکەی سەرچنارئاماژەی بەوە کرد کە ناوبراو لەبەر ئەوەی بێهۆشە و لە نەخۆشخانەیە و ناتوانێت قسە بکات.، تا ئێستا وتەی وەرنەگیراوە.”
کەیسی دووەم: لە ڕۆژنامەی (جەماوەرەوە): ژ 166 ڕ 28ی شوباتی 2005:” ژنێک بە ناوی ئامینە کە خێزانی عوسمان گەناوییە و نازناوی مێردەکەی عەبدولشەهیدە، مێردەکەی ماوەی شەش مانگە لە ئاسایشی سلێمانی گیراوە لەگەڵ دوو کەسی تر، شایانی باسکردنە ئەم ژنە لە شەوی هەینی 11ی شوباتی 2005 لە ماڵەکەی خۆیدا کوژراوە کە وا تەسەور دەکرێ بە چەقۆ کوژرابێ کە برینێکی لە گەرووی ملییەتی و برینەکەی تریشی لەسەر شانییەتی. دوای کوشتنیشی ڕووت ڕووت کراوەتەوە لەلایەن بکوژەکەوە. ئەم ژنە دوو مناڵی هەیە بە ناوی ( شەیما و شاتوو). لە ڕۆژی 132 شوباتدا ، کەسوکاری ژنەکەیان بردۆتەوە بۆ هەولێر و لەوێ بە خاکیان سپاردووە کە ژنە بە ڕەچەڵەک هەولێرییە و مێردەکەیشی خەڵکی گوندێکی بناری پشدەرە. مێردی ئەم ژنە سەر بە کۆمەڵی ئیسلامییە . دوا ی گەڕان بە دراوسێ نزیکەکانی ئەم ماڵەی کە ژنەی لێکوژراوە، وا دەردەکەوێت کە ئەم ژنە لایەنی ئەخلاقی زۆر باش بووە و لە ڕووی مادییەوە کەم دەست و هەژار بوون. تا ئێستا بکوژی ئەم ژنە دیار نییە.”
کەیسی سێیەم: هاوڵاتی ژ 215 ڕ 9ی مارسی 2005.” ڕۆژی 2ی مارس کوڕێکی تەمەن 19 سال لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، تووشی هەڵچوونی دەروونی دەبێت و بە کڵاشینکۆف دوو گوللەی بەخۆیەوە ناوە، پاش ماوەیەکی کەم گیانی لە دەستدا. ئەو لاوە ناوی (ئاغا قادر مستەفا)یە و پێشمەرگە بووە لە هێزی بەرخۆدانی پارتی.”
پرسیار ئەوەیە: بۆچی ڕۆژنامەگەڕی کوردی بۆشاییەک لە ژیانی شەخسی ئینسانەکاندا بە نەشاراوەیی ناهێڵێتەوە؟ چ سنوورێک لە نێوان فەردی وگشتیدا هەیە؟ کام زانیارییە دەکرێ شەخسی بێت و کامانەش دەکرێ بخرێنە بەرچاوی گشت؟
لە هیچ یەکێک لەو هەواڵانەی سەرەوەدا، گومانێک لای خوێنەر نامێنێتەوە کە کەسی کوژراو، دەسدرێژیکراوە سەر، خەڵکی چ گەڕەکێکە، ناوی چییە و تەنانەت ناوی مناڵەکانیشی چییە، ئینتیمای حزبیەکەی چییە؟ تەنانەت لە هەندێک هەواڵەکاندا، نەک هەر ئەوانەی لەسەرەوە ئاماژەمپێدان، بەڵکو بەشێوەیەکی گشتی، نووسەری هەواڵ کۆمەڵێک پانتایی گەورە لە دیدی خۆوە بۆ خوێنەر بەجێدەهێڵێت کە هیچ مەوزوعییەتێکی ڕۆژنامەگەری تیا نامێنێ: ” وا دەردەکەوێت کە ئەم ژنە لایەنی ئەخلاقی زۆر باش بووە و لە ڕووی مادییەوە کەم دەست و هەژار بوون.”
ئەوەی جێگای تێڕامانینی من دەبێت لەم وتارەدا، لێرەوە دەستپێدەکات کە تاوانبار یاخود قوربانی، لە هەر یەک لەو کەیسانەی سەرەودا و لە بەشێکی گەورەی هەواڵنێری ڕۆژنامەگەری کوردیدا، لە تەواوی خەسڵەتە ئینسانییەکانی خۆیان دەکرێن و بە ڕووت و قوتی دەخرێنە بەرچاوی گشتێکی گەورە. پرسیار ئەوەیە: جێگاو ڕێگای حورمەتی شەخسی ئینسانەکان، نەک هەر وەکو قوربانی ، بەڵکو وەک تاوانبارێکێش، کێ دەیپارێزێت. کاتێک کەسێک لە دادگادا تۆمەتی بەسەرددا ساغ نەبووەتەوە، بۆچی ڕۆژنامەگەری کوردی دەبێتە حاکم و بڕیاری خۆی نەک هەر لە ساڵۆنی دادگادا، بەڵکو لە بەرچاو جەماوەرێکی بەرینی گشتیدا دەردەکات؟
لە هیچ ڕۆژنامەگەرییەکی ئەوروپادا، هیچ کام لەو هەواڵانە ناتوانرێت بەسەر دەستەی بەڕیوەبەرایەتی ڕۆژنامەدا تێپەڕێت و سەرتاپای هەواڵەکە نەگۆڕدرێت. ڕۆژانە لە وڵاتێکی وەکو سوییددا هەواڵی کوشتن و کارەسات و ماڵگڕتێبەربوون و چەندەها شتی تر بڵاودەکرێتەوە و لە هیچ کام لەو هەواڵانەدا، ئاماژەیەک بە قوربانی و تاوانبار وەک ئەوەی ناوییان چییە و لە چ شوێنێکی شاردا دەژین، نابینرێت. “بە هۆی کێشەیەکی خێزانییەوە، وەک یەکەمین لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس ڕایدەگەێنێت، ژنێک دەگەێنرێتە خەستەخانە لە ڕۆژئاوای شاری یۆتۆبۆریدا.”
ئەوەی کە نووسینی هەواڵی کێشەیەکی خێزانی بەم شێوەی سەرەوە دەردەبڕێت، بە زەڕڕە لە ڕاستی و دروستی هەواڵ کەم ناکاتەوە و خاڵی جەوهەری کە ڕۆژنامەنووس ناچار دەکات کە هیچ ئاماژەیەکی شەخسی بە دەستنیشانکردنی قوربانی نەکات ، یاسای ئەساسی سوید لە پەیوەند بە چاپەمەنی و یاسای زانیارییە تایبەتییەکانی تاکە.
من هیچ یاسایەکی تایبەتی کوردستانم لەبەردەستدا نییە تابزانم هیچ نەبێت لەباری قانوونییەوە بەکارهێنانی ناوی سیانی و دوانی و شوێنی ژیان و تەنانەت ناوی مناڵیش چەند لە بڕگە یاساییەکاندا شوێنی بۆ کراوەتەوە لە پەیوەند بە پاراستنی حورمەتی شەخسی ئینسانەکانەوە. بەڵام ئەوەی کە دڵنیامدەکات کە چوارچێوەیەکی یاسای وا لە ئارادا نەبێت، نەبوونی هیچ کاردانەەیەکی نەک هەر گروپی بەڵکو شەخسیشە لەبەرانبەر ئەم پرۆسەی پەردەهەڵماڵینە فەردییانەدا کە لە تەواوی ڕۆژنامەکانی کوردستاندا دەبینرێت.
ئەوەی کە لە پشت ئەم بێدەربایستییە کۆمەڵایەتییەوەیە کاتێک ڕۆژنامەکان ئەم هەواڵانە بەو شێوەی سەرەوە بڵاوبکەنەوە، لە خاڵی یەکەمدا: چەندێتی ڕاستی و دروستی هەواڵە، واتا کەسی ڕۆژنامەنووس، پێیوایە بەم ووردەکارییە شەخسییانە، هەواڵ لە چوارچێوەیەکی ڕاستگۆیانەتردا جێدەخات و ئیعتیبارێکی زیاتری پێدەبەخشێت.
خاڵێکی تر کە جێگای ئاماژەپێدانە، بەزاندنی سنوورەکانی کاری ڕۆژنامەگەری و کاری دەسگاکانی پۆلیسە، پرسیارێک کە لە وڵاتانی ئەوروپادا جێگای مشومڕێکی گەورەیە. واتا ڕۆژنامەنووس بێ ئەوەی پێی بزانێت دەبێتە پۆلیسێکی نا یاسایی و ئەوەی لێکۆڵینەوەی دەسگای پۆلیس دەبوایە ئەنجامی بدایە، ئەو دەیکات و بەمەش کاری پۆلیسی ئاسانتر کردۆتەوە. هاوکات مێژووی کورتی کاری ڕۆژنامەگەری لە کوردستاندا و نەبوونی کادرانێکی چالاکی ئەم بوارە، ناکرێت وەک هۆکارێکی دیکەی ئەم بێدەربایستییە گەورەیە سەرنجنەدرێت.
بەڵام هۆکارەکان چەندە گەورە بن، هیچ لەو ڕاستییە سادەیە کەمناکاتەوە کە ژیانی ئینسانەکان و حورمەتی شەخسی ئەوان، جێگای پەردە لەسەرلادان نییە لە بەرچاوی جەماوەرێکی بەریندا کە کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانی مەترسیدارترە ئەگەر ئەو چوارچێوە کولتورییە لەبەرچاو بگرین کە هەواڵی تیادا بڵاودەکرێتەوە.
ئەگەر لە ئەوروپادا کۆمەڵگایەکی مەدەنی و بزووتنەوەیەکی ئینساندۆستی گەورە لە مێژوویەکی درێژدا، ئاستی حورمەتی شەخسی ئینسانەکانی لە پەیوەند بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و تەواوی مافە فەردی و مەدەنییەکانیادا بەم ڕۆژگارە گەیاندووە، کارێکی ئێجگار حەیاتییە کە ئەم پرەنسیپە وەک نەریتێکی مۆدێرن و وەک ترادیسۆنێکی ئینساندۆستانە، لە مێدیای کوردیدا جێبکەوێت. ئەوەیشی کە گرنگییەکی گەورە بە بڵاونەکردنەوەی ناوی شەخس و شوێنی ژیان و تەواوی تایبەتمەندییە فەردییەکانی دیکەی ئینسان دەدات، ئەو چوارچێوە کولتورییەیە کە کۆمەڵگای کوردی خۆی تیا دەبینێتەوە. بە واتایەکی دی، ئەو کولتورە باڵادەستەی کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگا بە لە دایکبوونی تاکێکی ئازاد نادات تا خۆی بەرپرسیاری کردەوە چاک و خراپەکانی خۆی بێت، نەک کردەوەکانی ئەو لە پرۆسەی پەیوەستبوونی ئەو بە کۆلێکتیڤێکی گەورەتری وەک بنەماڵە و عەشیرەت و نەتەوە وە بپێورێت و ڕوخسارێکی یەک دەموچاوی بکاتە دەموچاوێکی گەورەی ئەو گروپانە. ئەگەر قسەوباسەکان لەسەر کۆمەڵگای مەدەنی لە کوردستاندا گوێچکە کەڕدەکات و هیچ ئاکامێکی گەورەی دەرکەوتنی ئەم کۆمەڵگایە دیار نییە، ئەوە دەستپێکردن لە پاراستنی حورمەتی شەخسی ئینسانەکانەوە بۆ دروستکردنی تاکێکی ئازادی دابڕاو لە کولتووری کۆلێکتیڤیستییانەی خێڵ و ئایین و نەتەوە، گەورەترین و گرنگترین هەنگاوی ئەم کۆمەڵگا مەدەنییە دەبێت. کۆمەڵگای مەدەنی بە بێ تاکی ئازاد، نەک زەمینەکانی نەڕەخساوە، بەڵکو قسەکردیش لەسەری ، نوکتەیەکی بێ تامە.
ئاشکراکردنی ناوی تاوانبار و قوربانی لە کۆمەڵگای کوردیدا
کاتێک زەمینەکانی “هەڵاواردن”، واتا مامەڵەکردنی جیاواز بە ئینسانەکان لە کۆمەڵگادا ئامادەیی هەبێت، ئەوا کۆمەڵگا و هێزە ئینساندۆستەکانی ناوی دەبێت کارێک ئەنجامبدەن تا کاریگەرییەکانی ئەم هەڵاواردنە کەمکەنەوە یان نەیهێڵن. بەوەی لە ڕۆژگارێکی وەکو ئەمڕۆی ئەوروپادا، زەمینەکانی ڕاسیزم و دژایەتی پەنابەران و کۆچبەران بە شێوەی سیستەمێک ڕێگری لەبەردەم تاکەکانی سەر بەم گروپانە پێکدەهێنێت لە تەواوی بوارە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا، بە نموونە لە بازاڕی کاردا، بۆیە پێشنیاری ئەوەی کە داخوازیینامەی کارکردن دەبێت بە بێ ناو تەمەن و خەڵکی کام وڵاتەیە لە ئەساسدا، بە شێوازێکی نهێنی بهێڵرێتەوە تا کو خاوەنکار نەتوانێت ئەو کەسە هەڵبژێرێت کە سەر بە گروپی خۆیەتی. واتا خاوەنکار تەنها داخوازیینامەیەکی کاری لەبەردەمدایە کە تواناییە فەردییەکانی ئینسان بڕیاردەبێت شیاوی فڵانە کارە یاخود نا.
کاتێک سەرنجێکی کۆمەڵگای کوردی دەدەیت، هەستدەکەیت، ئەم کۆمەڵگایەش پڕ لە هەڵاواردنی گەورەیە و ڕۆژانەش بەرهەمدەهێنرێتەوە. تۆ ئەگەر بە دارشەق بڕۆیت، ناتوانیت داوی کارێک بکەیت کە دارشەق پێ بوونیش، لە ئەنجامگەیاندنی کارەکە کەمناکاتەوە. کاتێکیش دێیتە سەر ئەو لایەنەی کە پەیوەندی بە کەیسی کوشتنی ئینسانەکانی کۆمەڵگاوە هەیە، ئیتر ئینسان لەبەردەم کۆمەڵێک کۆدی کولتوری تردا خۆیدەبینێتەوە کە نەک هەڵاواردن دەکاتە پرۆسەیەکی حەتمی، بەڵکو ژیان و چارەنووسی دەیەها کەسی دی بەخۆیەوە لە بۆشاییەکی گەورەدا هەڵدەواسێت.
دیاردەی خۆکوشتنی کەسێکی سەر بەخێزانێکی دیاریکراو، یاخود کوشتنی لەلایەن کەسێکی دییەوە، خۆسووتاندنی کچێک، یان کوشتنی لەلایەن بنەماڵەوە ، هیچ کام لە مانە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە خودی قوربانی و تاوانبارەوە نییە. بەڵکو تۆڕێک لە پەیوەندی دیکەی کۆمەڵایەتی دەوری کەسی کوژراو و کوژەر دەدات و ئەم پرۆسەیە لە ڕەهەندی فەردییانەی خۆی دەردەهێنێت و دەیکاتە کێشەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی. کەم نین ژمارەی ئەو کچ و کوڕانەی کە بەهۆی کارەساتی کوشتنەوە کە برا یاخود خزمێکی دی تیایدا وەک کوژراو یاخود کوژەر بووە، لە پرۆسەیەکی گۆشەگیری کۆمەڵایەتیدا ژیان بەسەر دەبەن. بیستنی دەستەواژەی:” کچی فڵانە کابرایە کە کوڕەکەیان لەسەر فڵانە کێشە کوژرا”، دەرخستنی ئەو تۆڕە بینراوانەی کاریگەری دیاردەی کوشتنێکە کە نە کچی کابرا دەستی تیادا هەبووە، نە خوازیاری خوڵقاندنی بووە. بەوەی کە کردەوەی فەردی ئینسانەکان بە گەردنی شەخسی ئینسانەکاندا هەڵناواسرێت و کولتورێکی باڵادەستی کۆمەڵگا ئەم تاکە بە خێزان و عەشیرەت و تەنانەت بە نەتەوەیشەوە دەبەستێتەوە، هەر بۆیەش دیاریکردنی تایبەتمەندییە شەخسییەکانی کوژراو کوژەر، ئێمە لەبەرانبەر بەرپرسیارێتییەکی گەورەدا ڕادەگرێت.
کاتێک لە پرۆسەی هەڵبژاردندا ئینسانەکان بەنهێنی دەنگی خۆیان دەخەنە سندووقەکانی دەنگدانەوە، مەبەستی سەرەکی تەنها دوورخستنەوەی تاکەکان نییە لەو فشارە سیاسییانەی کە دەکرێ بکرێتە سەرییان، بەڵکو بەشێکی گرنگی ئەم شاردنەوەی دەنگە، لە شاردنەوەی ئینتیمای حزبی و ئایدۆلۆژیای ئینسانەکاندایە کە هێندە کارێکی شەخسی و فەردی تەماشادەکرێت، ئینسان پێویست ناکات بزانێت فڵانە کەس دەنگی بۆ کێ داوە.
ئەگەر بگەڕێنەوە سەر هەواڵی کەیسی یەکەم کە :” دەست درێژی دەکرێتە سەر ژنێکی 60 ساڵە و بەبێ جل و بەرگ، بەبەستراوەیی دوو شەو و ڕۆژێک لە ماڵەکەیدا دەمێنێتەوە” و نا و ناونیشانی گەڕەکی ژنەی دەستدرێژیکراوە سەر دەخرێتە سەر لاپەڕەی ڕۆژنامە، ئەوا ئیتر ژنەی قوربانی، نەک هەر خاوەنی خۆی نییە لە میحنەتێکدا کە تێیکەوتووە، بەڵکو بە جەستەیەکی ڕووتەوە وەک تاکێک لە بەرانبەر چاوێکی گەورەی گشیدا نیشاندەدرێت. ئەگەر ئەو کۆدە کولتورییە کوژەرانەیش لەبەرچاو نەگرین کە کۆمەڵگای کوردی لە دەوری جەستەی ڕووتدا بە تایبەتی هی ژنان، ئەوا هیچ پێوەرێکی ئینسانیش ڕێگامان پێنادات حورمەتی شەخسی ئینسانەکان ئاوا هەڕاج بکرێت.
ناوی کوژراو لە دۆخی تاوانەکانی شەرەفدا.
ئەگەر پاراستنی حورمەتی شەخسی ئینسانەکان پێماندەڵێت کە ناو و ناونیشانی هیچ کەسێک چ وەک قوربانی و چ وەک جەللاد بلاونەکرێتەوە، ئەوا لە دۆخی قوربانییەکانی شەرەفدا کۆمەڵێک هۆکاری تر وامان لێدەکات کە ستراتیژییەکی تایبەت لەبەرانبەر ئەم دیاردە دزێوەی کۆمەڵگای کوردستاندا هەڵبژێرین.
لە ڕۆژگارێکدا دیاردەی بڵاوکردنەوەی ناوی ژنانی کوژراو وەک سەرنجڕاکێشانێکی کۆمەڵگا بۆ ئەم دیاردەیە کارێکی پێویست چاوی لێدەکرا. بە تایبەتی لەلایەن مێدیای دەسەڵات و بۆچوونی کۆمەڵگاوە، بێدەنگییەکی گەورە لە بەرانبەر ئەم دیاردەیەدا باڵ خۆی بەسەر کۆمەڵگادا کێشا بوو. دەستەواژەی “لە قائیمەکەدا بوو”، نەک هەر دەربڕی بێدەنگی لە بەرانبەر ئەم کێشەیەدا بوو، بەڵکو مۆری پەسەند لێدانی خۆی لە درێژەدانی ئەم دیاردەیە دەدا. کاتێک چالاکییەکانی بزووتنەوەی بەرابەریخوازی ژنان ئەم پرسیارە دەخاتە سەر ئەجێندای سیاسی و لە پرسیارێکی خێزانییەوە دەیکاتە پرسیارێکی سیاسی کۆمەڵگا و دەکرێتە تەوەری بەرابەرکێی بزووتنەوە سیاسییە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانی کوردستان، ئیتر ستراتیژ دەبێتە ئەوەی کە لە بەرانبەر ئەو بێدەنگییە گەورەیەدا ناچار بە ناو و وێنەی قوربانیەکانەوە ئەم گۆمی بێدەنگییە بشڵەقێنرێت و ڕوخسار و جەستە لە خوێنهەڵکێشراوەکان بکێشرێنە سەر لاپەڕەی ڕۆژنامەکان.
ئەوەی لە مڕۆدا بچووکترین ڕۆژنامەی کوردستان لە هەر ژمارەیەکیدا، کۆمەڵێک ووردیلە هەواڵی کوشتنی ژنانی تیادایە، ئێمە دەخاتە بەردەمی بێدەنگییەکی گەورەتر کە جیاوازییەکی گەورەی لەگەڵ بێدەنگی زەمەنی شەپۆلەکانی ڕەشەکوژی ژناندا هەیە کە لەسەرەتاکانی نەوەدەکانەوە دەستی پێکرد. ئەمجارەیان بێدەنگییەکە لە وەڕەزبوونی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگای کوردییدایە بە هۆی هێندە دووبارە بوونەوەی ئەم دیاردەیەوە. لە ئێستادا ئێمە لە دۆخی تێربوونی هەواڵێکداین کە هێندە بە شەوقەوە گوێمان بۆ شلکرد، تا وەڕەز بووین و بە ناچاریش وەک کورتیلە هەواڵێک لە زەینی خۆماندا جێمان بۆ کردۆتەوە. کاتێک تەلەفزیۆنی عێراق هەواڵی دیمەنەکانی جەنگی پیشاندەدا لە سەرەتای جەنگی عێراق و ئێراندا، سەرتاپای کۆمەڵگا لە بەرانبەر شاشەکانی تەلەفزیۆندا دەچەقین. کاتێکیش جەنگ هەشت ساڵی ڕەبەق دەخایەنێت و دیمەنەکانی جەنگیش خوێناویتر دەبن، کوژانەوەی تێڤێکان، دەبێتە کاردانەوەیکی کۆمەڵایەتی گەورە و تەنها سەرانی ڕژێم و دەستوپێوەندەکانی بە بینینی دیمەنەکان سەرمەستدەبن. ئەو بێدەنگییەی لەمڕۆدا لەبەرانبەر کوشتنی ژنان و بچووککردنەوەی هەواڵەکانی ئەواندا هەیە، زیاتر بە دۆخی کوژاندنەوەی تەلەفیزیۆنەکانی عێراق نزیک دەبێتەوە کە دیمەنە خوێناوییەکانی جەنگ لەلای خەڵکی دروستی کردبوو.
بەڵام ئەوەی کە وامان لێدەکات ناوی قوربانییەکانی تاوانی شەرەف ڕانەگەێنین، بە جیا لەوەی لە دۆخی تێربوونی کۆمەڵایەتی بیستنی ئەم هەواڵە و کوژاندنەوەی تەلەفیزیۆنەکانی ناخمانداین، بناغەیترین میکانیزمەکانی پشت بەرهەمهێنانەوەی تاوانەکانی شەرەفن. واتا ئەو پایە مادییە سەرەکییەی کە تاوانەکانی شەرەفی لەسەر هەڵچنراوە.
لە دۆخی تاوانی شەرەفدا، ئێمە خۆمان لەبەردەم دوو پەرچەکرداری ئەنجامدەرانی ئەم تاوانەدا دەبینینەوە.
یەکەم: ژن دەکوژرێت و بە نهێنی دەشاردرێتەوە و هیچ پرسە و سەرەخۆشییەکیش بۆ کەسی قوربانی ڕاناگیرێت. لەم دۆخەیاندا، ئەنجامدەرانی تاوان، ئەم کوشتنە هێندە سادە و ساکار پیشاندەدەن کە وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت و کوشنێک لە گۆڕێک نەبێت. ئەم بێدەنگی نیشاندانە ئەگەر چی پرۆسەی سەربەرزکردنەوەی بنەماڵە لە پشتییەوەیەتی وەک هەر تاوانێکی دیکەی شەرەف، هێندە بە ئەعساب ساردییوە ئەنجامدەدرێت، کە هیچ جێگایەک بۆ قوربانی ناهێڵێتەوە و بێدەنگی ئەنجامدەرانی تاوان، بێقیمەت نیشاندانی کەسی کوژراوە.
دووەم: تاوانی شەرەف ئەنجامدەدرێت و تاوانباران بێدەنگی هەڵنابژێرن و سەربەرزانە لە ئەنجامدانی تاوانەکانی خۆیان دەدوێن، چ لە ناو بنەماڵەدا بێت و چ لە هۆڵەکانی لیًَپرسینەوەدا بێت. ئەوان دەکوژن تا شەرەفێکی دۆڕدراو بکڕنەوە، ئەوان دەکوژن و سەرێکی نەوی کە “زڕاندنی شەرەف”بەرهەمیهێنابوو، بەرزدەکەنەوە. ئەم پرۆسەی سەرزبەرزکردنەوەیە، تەنها ئاماژەیەکی سیمبوڵییە بە کۆمەڵگای دەوروبەر کە تا پێش ئەنجامدانی تاوان، بنەماڵەی کچەیان بە بێ شەرەف دەناساند. ناساندنی ناوی کچی کوژراو، ناساندنی ناوی ئەو بنەماڵەیەیە کە ئەم لەکەی عارەی لە ناوچەوانی خۆی کردۆتەوە و لەمڕۆوە سەربەرزانە دەگەڕێت.
ئەم پرۆسەیە لە هەندێک لە کۆمەڵگاکانی تردا بە جۆرێکی دی دەچێتە پێش و ئەم پەیامە بە جۆرێکی دی دەگەێنرێت. بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەک ئوردوندا، بنەماڵەی کچەی کوژراو، پەرچەمێکی سپی لەسەر ماڵەکانیان هەڵدەکەن تا بە کۆمەڵگای دەورەبەرییان ڕابگەێنن، کە پەرچەمی شەرەفییان لەمڕۆوە، هیچ پەڵەیەکی ڕەشی پێوە نەماوە و سەرچاوەی لەکەداربوونی ئەم شەرەفە سپییەمان، لە گۆڕناوە.
کاتێک ناوی کچی کوژراو دەبێتە سەنتەری سەربەرزکردنەوەی بنەماڵەو جێگایەکی هێندە بەرز لە بڵندگووتنی پاککردنەوەی شەرەفی لەدەستچووی بنەماڵەدا داگیردەکات، ئەو کاتە بڵاوکردنەوەی ناوی کچی کوژراو، ڕێک بە مانای لەپاڵدا ڕاوەستانی ئەنجامدەرانی تاوانەکانی شەرەفدا کۆتایی پێدێت.
بە واتایەکی دی، بڵاوکردنەوەی ناوی کچی کوژراو لە ئاستێکی بەرینی کۆمەڵایەتیدا کە ڕۆژنامە ئەم دەرفەتەی بۆ دەڕەخسێنێ، بە مانای بوون بە بڵندگۆی ئەو خیتابە کۆمەڵایەتییەی کە لە وتنەوەی ناوی کچی کوژراودا:” ئەوا شەرەفی لە دەسچوومان کڕییەوە”، کۆمەککەری ئەم پرۆسەی سەربەرزکردنەوەی بنەماڵە و ئەنجامدەرانی تاوانی شەرەفە.
بەڵام خاڵی گرنگی بڵاونەکردنەوەی ناوی ژن و کچی کوژراو لەوەدایە، کە بنەماڵەیەک کچەکەیان لەسەر تاوانی شەرەف دەکوژرێت، ئیتر کچا ن و کوڕانی هەمان خێزان و بنەماڵە، “فیلمیان دەسووتێت”.
ئەویشی کە لە دروستکردنی سیناریۆی:” فیلم سووتاندنی” ئەندامانی تری بنەماڵەدا کاریگەری گەورە دادەنێت، ئەو گەمە گەورەیەیە کە لە پشت تاوانی شەرەفەوە بە تاک و گشت دەکرێت.
قوربانی لە دۆخی تاوانی شەرەفدا، وەک تاکێک خەسڵەتە فەردی و شەخسییەکانی خۆی وندەکات و کردەوە و پراکتیکی ڕۆژانەی، دەبێت کردەوە و پراکتیکی گشتێکی گەورەتر کە خێزان و بنەماڵەیە. هەر بۆیەش کوشتن ئەو باجە گەورەیە کە ئەو دەبێ بیدات.ئەو وەک تاکێک دەبێ لە ناو بچێت، تا گروپ بەها پیرۆزەکانی شەرەفی خۆی بە سپێتی بهێڵێتەوە.
بۆیەش، بڵاوکردنەوەی ناوی کچی کوژراو، وەک چۆن بە بەرزکردنەوەی سەری بنەماڵە کۆتایی پێدێت، هاوکاتیش، لە پرۆسەی :” فیلم سووتاندنی ئەندامە کچ و کوڕەکانی دیکەی بنەماڵەدا، کاریگەری دادەنێت.” بە واتایەکی دی ژنی کوژراو لە مەرگیشیدا تاکێک نییە و دووبارە لە بانگەوازکردنی تاکەکانی دیکەی بنەماڵەدا بۆ ژێر ڕکێفی هەمان دیدوبۆچوونی کولتوری شەرەف، دەبێتەوە بە بەشێک لە گروپێکی گەورەتر.
خاڵی جەوهەری لە بڵاونەکردنەوەی ناوی قوربانییەکانی تاوانی شەرەفدا، بە مەبەستی کردنەوەی قوربانییە بە تاکێک لە مەرگیدا، تا ڕێگا لە داخستنی ئەو دەرگایە بگرێت کە بە ڕووی :” فیلم سووتاندنی ئەندامەکانی دیکەی بنەماڵەدا دەخرێتە سەر پشت.” بە مانایەکی دی، بێ ناوکردنی قوربانی لە ڕاپۆرتەهەواڵی ڕۆژنامەکاندا، کردنەوەی قوربانییە بە تاکێک کە مەرگی ئەو لە ئاستێکی بەرینی کۆمەڵایەتیدا کاریگەری لەسەر ئەندامانی دیکەی خێزان دانەنێت.
ئەگەر بە قسەی هەندێک :” ئەوە تەنها مردووەکانە کە شەیتان دەستییان لێهەڵدەگرێت”، ئەوا بڵاونەکردنەوەی ناوی ژنی کوژراو، بە مانای پرۆسەی دەسکۆتاکردنی ئەو شەیتانە کولتورییەیە کە لە مەرگیشدا، لە چارەنووسی ژنان نابێتەوە.
بەڵام ئەگەر ئەم خوێندنەوەیەش نەتوانێت قەناعەتێکی وامان پێ ببەخشێت بۆ بڵاونەکردنەوەی ناوی قوربانی و تەنانەت جەللادیش لە ڕاپۆرتە هەواڵی ڕۆژنامەکاندا، ئەوا حورمەتی شەخسی ئینسانەکان و هەڕاجنەکردنی ژیانی تایبەتی ئینسانەکان و کردنی بە موڵکی گشتێکی گەورەتر، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کۆدە کولتورییانەی کە تاوانی تیا ئەنجامدەدرێت، دەکرێت گەورەترین هۆکارێک بێت بۆ پاراستنی تایبەتمەندییە شەخسییەکانی ئینسان.