بڵاوکردنەوەی لیستێکی دیکەی ناوی ئەو کەسانەی تا کەوتنی ڕژێمیش لەگەڵ دەستگا سەرکوتگەرییەکانی بەعسدا پەیوەندییان بووە و لە پۆستی سیاسی و ئیداری دەسەڵاتدارێتی ئەمڕۆی کوردستاندا جێگایان بووە، نەک خەریکە بە ئەزمەیەکی ئەخلاقی و سیاسی کۆمەڵگای ئێمە کۆتایی دێت، بەڵکو خەریکە دەبێتە ئەزمەیەکی دیکە لە ئەدەبی کوردیدا.
ڕۆژنامەکانی هاوڵاتی و ئاوێنە لە ژمارەکانی دوای بڵاوبوونەوەی ئەم لیستانەدا، پڕە لە ناوی ئەو کەسە سیاسی و بەرپرسیارە ئیدارییانەی کە هەموویان یەک شت دەڵێن:” ئێمە بە ئاگاداری بەرپرسیارانی سیاسی حزب و دەستگا بەرپرسیارییەکانی خۆمان ئەوەمان کردووە” بەڵام سەرنجڕاکێشتر، دووبارەگێڕانەوەی حەکایەتەکانی قارەمانێتی و چالاکییەکانی زەمەنی شۆڕشن. لە هەندێک حاڵەتەکاندا ، گەورەترین بەرپرسیاری مەکتەبی سیاسی دێتە وەڵام و لە کێشانی وێنەی ئەو شۆڕشگێرە بێوێنانەدا، پەخشانێکی ئەدەبی بێ وێنەمان پێشکەشدەکات.
بە جیا لەوەی ئەم شۆڕشگێڕە مەزنانە ئەم مێژووەمان لە زەمەنی گومانە گەورەکانی جەماوەر لە بەرانبەر دەسەڵاتدا بۆ دەگێڕنەوە، هونەری درامای کوردی، خەریکە لە یەکێک لە گەورەترین بابەتە گرنگەکانی خۆی دەستکۆتا دەکرێت. با کەمێک لەسەر پەیوەندی فایلدارە تازەکان و درامای کوردی ئیستێک بکەین.
بۆ ئەوانەی لە هەشتاکانی عێراقدا، لاوێتی خۆیان بە دەوری زنجیرە تەلەفیزیۆنەکانی کەناڵی تەلەفیزیۆنی بەغداوە بەسەر دەبرد، “رافت الهجان”، ناوێکی ناسراوی ئەم نەوەیە بوو. ناوبراو تاکە جاسوسی دەستگا ئەمنییەکانی میسر بوو کە لەگەل موخابەراتی ئیسرائیلدا دەستی تێکەڵکردبوو تا کەڵکێک بە دەوڵەتی میسر بگەێنێت. سەرگوزشتەی ئەم کارە جاسوسییەی “الهجان” سەرتاپای جیهانی عەرەب و کوردستانیش بە خۆیەوە گیرۆدە دەکات و لە زنجیرەیەکی تەلەفزیۆنی سەرکەوتوودا، ئەو مێژووەمان بۆ دەگێڕێتەوە. بەڵام ئێوە ئەی رافت الهجانەکانی کورد، ئەزانن ئێوە چ زەربەیەکی گەورەتان لە درامای تەلەفزیۆنی کوردی گەیاند؟
بەڵام بۆ ئەم حەکایەتانەمان ئێستا بۆ دەگێڕنەوە؟ دەزانن ئەگەر بەر لە کەشفبوونی ئەم ناوانە ئێوە ئەو ڕاستییانەتان بدرکاندایە دەبوونەچ قارەمانێکی درامای تەلەفزیۆنی؟ دەزانن ئێوە لە مێژووی دەسەڵاتدارێتیتانا لە هەموو بوارەکانی سیاسی و کۆمەلایەتی و شەخسیتانا سەرکەوتنێکی واتان بە دەست نەهێنا، چۆن بوو ئەم هەلە زێڕینەتان لەدەستدا؟
بەڵام گریمان، من کەسێکم و ئەم چیرۆکەتان بەو جۆرە لێ وەردەگرم و دەمەوێت درامایەکی نوێ لێ دروستکەم. بەڵام لە هەر شوێنێکی چیرۆکەکەمەوە دەست پێ بکەم، قارەمانی ئەم دراما تەلەفزیۆنییەی من، توانای نیو کاتژمێری ژیانی سەر شانۆی نییە. ئاخر ئێوە کاتێک ڕابردوویەکی پڕشکۆداری خۆتان دەکەنە پارسەنگی ئەم کارە جاسوسانەیەتان و پێمان ناڵێن بەم کارەتان کێتان ڕزگار کرد و چ خێروبەرەکەتێکتان بۆ ئەم کۆمەڵگایە هێنا، یەکسەر لە بەر چاوی تەماشاچییانی ئەم درامایەدا دەمرن. دەزانن نووسینەوەی درامایەکی واهی لە گێڕانەوەی فلیمێکی سینەمایی دەچێت و لە پڕێکدا کەسێکت لێ پەیدادەبێت و دەلێ:” دەزانی کوڕە ئازاکە دەکوژرێت؟”
ئێوە ئەی ئەو کەسانەی دەتانەوێ ڕۆڵی رافت الهجانی کورد ببینن. تەنها کارێکمان لە کردەوە جاسووسییەکانی خۆتان بۆ بگێڕنەوە بۆ ئەوەی من و سەدەها عاشقی دیکەی درامای تەلەفزیۆنی، دەستەوەستان بەدیار خەیاڵ و فەنتازیای خۆمانەوە دانەمێنین و ” دەزانی کوڕە ئازاکە دەکوژرێت؟” نەبێتە یەکەمین دێڕی گێڕانەوەی مێژووی ئێوە. پێم وانییە ئەم داوایەکی گەورە بێت. دەسا هیمەتێک بکەن و وەرنە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان. دەزانن ئەگەر کەموکوڕییەکان لە بواری هونەر و ئەدەبی کوردیدا ئێجگار گەورەن ، ئەوا نەبوونی ڕۆمانی جاسوسی و تاوانکاری لە مێژووی ئێمەدا لە خاڵی سفردایە و بەشکم بەم کارەی ئێوە، دەیەها قەڵەم بەدەستی لاو، شاکارێکمان لەم بوارە گرنگەی نووسیندا پێشکەش بکەن.