مافی ژیان یان سزای ئیعدام

 

 

 

نووسینی فاتیحی بەهرامی              

وەرگێڕانی لە فارسییەوە بۆ کوردی بەکر ئەحمەد

 پێشەکییەکی کورت:

 

لە مێژووی تازەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بە گشتی و عێراقدا بە تایبەتی، هیچ شتێک بە قەد ئامادەیی سزای ئیعدام، لە باس و جەدەلە سیاسییەکاندا گوومناو نەبووە. لە کاتێکدا ئامادەیی ئەم سزایە و باس و جەدەلەکان لەسەری، خود بە خود ئەم پرسیارە بە چالاکی هەڵسوڕانی سیاسی هێزە دەرگیرەکانی ئەم کۆمەڵگایانەوە دەبەستێتەوە. ئەم وتارەی بەر دەستتان، سەرنج دانێکە لە باس و جەدەلەکانی ئیعدام لە خۆرئاوادا بە گشتی و لە ئەمریکادا بە تایبەتی. پاشانیش وردبوونەوەیە لە ئیعدام وەک کاریگەرترین چەکەکانی دەسەڵات لەبەرانبەر هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی کۆمەڵگادا. 

ئەمڕۆ لە پاش دووبارە هێنانەناوەوەی سزای ئیعدام بۆ ناو  یاسای ئاییندەی عێراق، جەدەلی: بۆچی ئیعدام، دەکرێ سەرەتای قسەوباس کردن بێت لە پرسیارێک کە لە دوو توێی ئامادەیی ئەودا، بزووتنەوە ناڕەزاییەکانی ئەمڕۆکەی کۆمەڵگای عێراق، دەبێ لە پاڵ زیانە مادییەکانی خۆیاندا، چاوەڕوانی گۆڕستانێکی دیکەی ئیعدامکراوەکانی دوای پرۆسەی “ئازادکردنی عێراق” بن.

چینە دەسەڵاتدارەکان ، هەمیشە و بە درێژایی مێژوو ئینسانیان ئیعدام کردووە. سزای ئیعدام لەسەردەمە کۆنەکاندا و بە شێوەی فراوانی خۆی، بە دڕندانەترین شێوە ئەنجامدەدرا. تاوانباران بەبەرچاوی کۆمەڵانی خەڵکەوە دەکوژران. دەستی دەسەڵاتداران بە جۆرێک ئاواڵە بوو بۆ ئیعدامکردنی خەڵکی کە لە سەدەی حەوتدا و بە پێی یاسا دراکۆئییەکان لە ئەسینادا، هەر کارێک بە تاوان ناو ببرایە، ئینسانی لەسەر دەکوژرا. ئەو شێوازی سزایانەی کە لەسەردەمە کۆنەکاندا بۆ جێبەجێکردنی سزای ئیعدام بەکاردەهێنران، بریتی بوون لە: کوڵاندن، سووتاندن، خستنە ژێر چەرخی عەرەبانەی ئەسپەوە، لە خاچدان، زییندە بەچاڵکردن، بڕینی ئەندامەکانی لەش، سەنگسارکردن و گەلێکی تریش دەکرێ ناونووس بکرێن. لە فەڕەنسادا و تا نزیکەی سەدەی هەژدە، بە زیندوویی ئەو کەسانەیان دەسووتاند کە سزای ئیعدامیان بەسەردا درابوو. لە ئێستاشدا چەندین شێوازی “ئینسانی” تر بۆ ئیعدامکردن بەکاردەبرێت: کورسی کارەبایی، ژووری پڕ لە گاز و دەرزی لێدانی ژەهر، بەِشێک لەو نموونە مۆدێرنانەن.

لە گەڵ  سەرهەڵدان  و گەشەی سەرمایەداریشدا، ئیعدام هەر ڕوو لە گەشە بوو. بۆ نموونە لە سیستەمی یاساکانی جەزائی وڵاتێکی وەکو ئینگلتەرادا و لەسەردەمی شۆڕشی پیشەسازیدا، ئەو یاسایانەی کە بە “یاسا خوێناوییەکان” ناودەبران، بە شێوەیەکی زۆر بێ پەردە و بە ئاشکرالە دژی چینەنەدار و بێدەسەڵاتەکان بەکاردەهێنران. بڕیاری سزای ئیعدام زیاتر لە 220 جۆر تاوانی دەگرتەوە کە دزینی پارووە نانێک و کەمێک شێلم، یەکێک لەو تاوانانە بوون. دەسەڵاتدارانی ئینگلیز لەو باوەڕەدا بوون کە مل پێ کەچکردنی “چینە ترسناکەکان” دەکرێ لە ڕێگەی  ترس لە دڵدا ڕواندن و تۆقاندنیانەوە ئەنجام بدرێت. لەم وڵاتەدا و لەو ڕۆژەدا کە بڕیار بوو کەسێک لەدار بدرێت، دەکرا بە ڕۆژی پشوو.

بەڵام گۆڕانی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و فشاری خەڵکی و بزووتنەوە ناڕازییەکان ، دامەنەی بەکارهێنانی سزای ئیعدام لەلایەن دەوڵەتەکانەوە بەرتەسکتر دەکاتەوە. بزووتنەوەکانی دژی ئیعدام کە لەم سەدەیەی ڕابردوودا دەست بەکار بوون، لە داخوازییاندا بۆ نەهێشتنی سزای ئیعدام،  یاخود سنووردارکردنی ئەم سزایە، بە جۆرێک کاریگەری خۆیان داناوە. لە ئەمریکادا ئەم بزووتنەوانە لە سێ فازی جۆراوجۆردا و لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەوە دەست بەکاربوون. لە ماوەی نێوان هەردوو شەڕی جیهانیشداو لە گەلێک لە وڵاتانی تردا، هەمان بابەت، لابردنی سزای ئیعدام لە ڕەوتدا بووە.

لەگەڵ ئەمانەشدا، هێشتا نیوەی وڵاتانی دنیا بە زەبری یاسا ئینسان دەکوژن. دوا ڕاپۆرتەکانی ئەمنستی ئەنتەرناسیۆناڵی جیهانی لە مانگی یەکی ساڵی 1996دا ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە هەتا ئێستاش 97 دەوڵەت بە پێی یاسا کەڵک لە بەکارهێنانی سزای ئیعدام وەردەگرن. 54 دەوڵەتیش سزای ئیعدامییان بۆ هەموو چەشنە تاوانێک وەلاناوە.

  15 وڵاتی تریش ئەم سزایەی ئیلغاکردۆتەوە جگە لەو تاوانانەی کە بە تاوانی جەنگی و یان لەژێر سایەی یاسا سەربازییەکاندا ئەنجامدراون. لە یاساکانی 27 وڵاتی تریشدا هێشتا سزای ئیعدام لانەبراوە ئەگەرچی لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا کەسییان ئیعدام نەکردووە. لەناو ئەو دەوڵەتانەدا کە ئیعدامدەکەن، لە وڵاتێکی وەک ئەمریکادا، لە هەر ویلایەتیکدا قانوونی تایبەتی خۆی هەیە و تا ئێستاش لە 38 ویلایەتدا ئیعدام برەوی هەیە. لە سەرەتای نەوەدەکانیشەوە، لە 10 ویلایەتی تردا سزای ئیعدام دووبارە دەرگای بە ڕوودا دەکرێتەوە، دوواهەمین شوێنێکیش نیویۆرکە کە لە سێپتێمبەری 95 وە پێشنیاری دانانی سزای ئیعدام، لە باری قانوونییەوە بڕیاری لەسەردەدرێت.

لە کۆتایی دەیەی حەفتای سەدەی بیستیشەوە، ئیلغاکردنەوە یان لابردنی هەمیشەیی سزای ئیعدام، لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی تردا شکڵدەگرێت. (1)

یاسا، ئیرادە و بەرژەوەندی چینی دەسەڵاتدارە کە هاوکات لە ژێر ناوی بەرژەوەندی گشتیدا جاڕی بۆدەدرێت. هەر لەسەر ئەم بنەمایەشە کە یاسایی بوونی سزای ئیعدام بەو جۆرە ڕووندەکرێتەوە کە گوایا لە خزمەتی ڕێگرتن لە کردنی تاوان و پاراستنی کۆمەڵگادایە لەبەرانبەر دەسدرێژی تاوانکاراندا. بەم شێوەیەش عەدالەت بەرقەراردەکرێت.

لە پرسیاری ئیعدامدا، هەر دوو تیۆری “پێشپێگرتن” و “سزا”، پایە بنەڕەتییەکانی دیفاعکردن لە هێشتنەوەی سزای ئیعدام پێکدەهێنن.

تیۆری پێشپێگرتن. لایەنی پراکتیکی و کاریگەری دانانی کۆمەڵایەتی ئیعدام دەکاتە بنەما و زیاتر لە دوو سەدە مێژووی هەیە. تیۆری “سزا”یش هەر لە کۆنەوە برەوی هەبووە و پایە فەلسەفییەکانی سزای ئیعدام ڕۆشندەکاتەوە. لە کەناری ئەمانەشەوە، لایەنگرانی ئیعدام، کەم مەسرەفبوون یان ئیقتیسادی بوونی ئیعدام لەبەرانبەر زینداندا دەخەنە ڕوو.

تیۆری پێشپێگرتن: پێشپێگرتن لە ڕێگای تۆقاندنەوە.

باسی پایەیی “پێشپێگرتنی گشتی” لەوەدا چڕدەبێتەوە کە سزای ئیعدام دەبێتە هۆی پێشپێگرتنی دووبارە بوونەوەی تاوان. لە باسی “پێشپێگرتنی تایبەتی”یشدا، ئیعدام وا لێکدەدرێتەوە کە تاوانبار ناچاردەکات دووبارە کارێکی دیکەی وای لێنەوەشێتەوە ئەویش لە ڕێگای کۆتایی هێنان بە ژیانی خودی تاوانبارەوە.

  لایەنگرانی تیۆری پێشپێگرتن پێیان وایە کە ئیعدام بۆ ڕێگالێگرتن لە کردنی تاواندا بە کەڵکە. ئەم باسە لە تەواوی ئەو دەوڵەتانەی ئیعدام دەکەن ، برەوێکی گەورەی هەیە. دوو بەڵگەی پایەیی کە لایەنگرانی سزای ئیعدام دەیهێننەوە، مەسەلەکانی ئامار و ترس لە مەرگە. 

لە پەیوەند بە ئامارەکانەوە، دەوڵەتان و لایەنگرانی سزای ئیعدام، بۆچوونەکانیان لەسەر ئەم بنەمایە هەڵدەچنن: دیاریکردنی دوو خاڵی جیاوازی سەر بە دوو زەمەنی جیاواز لە مێژووی هەمان وڵاتدا کە لە یەکێکیاندا سزای ئیعدام ئامادەیی هەبووە و لەوی دیکەیشیاندا نەبووە. دواتریش بە پێی لیستی ئامارەکان نیشانیدەدەن  کە ئەو زەمەنەی ئیعدام هەبووە، ڕێژەی تاوان کەمتر بووە ئەگەرچی  خودی ئەم فاکتانە لەژێر پرسیاردان. هاوکاتیش گروپی دژی سزای ئیعدام ئاماری وا ڕادەگەێنن کە تیایدا بە بوونی سزای ئیعدامیش ، ڕێژەی تاوانکردن لە کۆمەڵگادا نەهاتۆتە خوار. بەڵام ووردبوونەوەیەکی زیاتر بۆماندەردەخات کە بە ڕاستی ئەمە کرۆکی باسی ئیعدام نییە.

گریمان بە بوونی سزای ئیعدام ئامارەکانی تاوانکردن هاتوونەتە خوار. بەڵام ئاخر باسی بنەڕەتی لە پەیوەند بە ئیعدامەوە ، خودی کوشتنی ئینسان و تەجاوزکردنە بە مافی ژیان کە دەوڵەتەکان لە ژێر ئەم پەردەی تاوانەدا و بەناوی ڕێگرتن لە ئەنجامدانی تاواندا، لە کۆمەڵگادا جاڕی بۆ دەدەن و مافی کوشتن و تۆقاندنی ئینسانیان بە خۆیان ڕەوا بینیوە. ئەوەی جێگای تێڕامانە ئەوەیە کە بڕگەی زەمەنی زۆرن لە مێژوودا کە تیایدا بوونی سزای ئیعدام، هاوتەریب نەبووە بە ڕادەی زیادی ئامارەکانی تاوانەوە لە کۆمەڵگادا، بەڵکو کەڵکوەرگرتن لە سزای ئیعدام، لەسەر خواست و جەخت لەسەرکردنی لایەنگرانی هێشتنەوەی ئەم سزایە بووە کە لە ئۆرگانەکانی دەسەڵاتی حاکمدا بوون.

زیاد بوون یاخود کەمبوونی ڕێژە و ئاماری تاوان لە کۆمەڵگادا، پەیوەندی بە بوون و نەبوونی سزای ئیعدامەوە نییە. بەڵکو هەلومەرجی نالەباری کۆمەڵگا و فاکتەرە جیاوازە کۆمەڵایەتییەکانی ترە کە ڕێژەی کەمی یان زیادی تاوان دەسنیشاندەکات. هەر بۆیەش ڕۆڵی سەرەکی تیۆری پێشپێگرتن شتێک نییە جگە لە حەقانییەت پێبەخشین  بە تەمەنی سزای ئیعدام لە ژێر پەرچەمی پاراستنی کۆمەڵگادا لە بەرانبەر دەستدرێژییەکانی تاواندا. مارکس سەبارەت بە سزا دەنووسێت:” سزا لە گشتییەتی خۆیدا وەک هۆکارێک بۆ ڕیفۆرم یان تۆقاندن، بووەتە شایەنی دیفاع لێکردن. ئێستا ئێوە چ مافێک بەخۆتان ڕەوا دەبین کاتێک بە نیازی چاککردن و تۆقاندنی کەسانی ترەوە، ئێمە سزا دەدەن؟ لەگەڵ ئەوەشدا مێژوو هەیە، مێژوویەک کە بە تەواوی شایەتەکانییەوە دەیسەلمێنێ کە کە دنیا لە سەردەمی قابیلەوە نە بە سزا چاککراوە،  نە تۆقێنراویشە، بەڵکو کارەکە بە پێچەوانەوە بووە.” (2

ئیعدام نەک هەر ژیانی تاوانبار وردوخاش دەکات، بەڵکو کاریگەرییەکی نێگەتیڤیش لەسەر پەیکەری کۆمەڵگا بەجێدێڵێ. بەڵام ئەو ڕیاکارییە گەورەیەی کە لە تێزی پێشپێگرتندا بە شاراوەیی دەمێنێتەوە ئەوەیە کە سەرپۆشێک دەنێتە سەر هۆکارە واقعییەکانی تاوان و خراپەکاری و بەمجۆرەش سیستەمی دەسەڵاتدار کە هۆکار و خوڵقێنەری زەمینەکانی تاوانە، بێ بەرپرسیار نیشاندەدات و تەواوی بەرپرسیارێتییەکە دەنێتە ملی تاک. ڕاستیش ئەوەیە کە کردەوەی خراپ و تاوانکردن، ئەنجامی بوونی هەلومەرجێکی نا ئینسانی و ستەمگەرانەی کۆمەڵایەتییە. کاریگەرییەکانی هەژاری، بێکاری، بێخانەولانەیی، نابەرابەری، ئاپارتاید، گیرۆدەیی ئینسان بەدەست مەوادی موخەدەر و ئەلکهول و دەیەها موسیبەتی ترلە چوارچێوەی سیستەمی سەرمایەداریدا، هەموو ئەمانە بەشێک لە ئینسانەکان ناچاردەکات کە مل بە کردنی کاری تاوانکارانە بدەن. شەو و ڕۆژ لە تەلەفیزیۆن و سینەماوە بانگەواز بۆ بەکارهێنانی زەبروزەنگ دەکرێت. بەرابەرکێ و سوودپەرەستی تاکگەرایی بە ناونیشانی خەسڵەتی ئینسانی جاڕی بۆ دەدرێت کە ئینسان لە ژێر زەبرێکی ناچاریداڕادەگرێت و پاڵی پێوەدەنێت بۆ ئەنجامدانی تاوان. وێنەیەک لە کۆمەڵگا دەکێشن کە وێنەیەکی نەگۆڕ و ئەبەدییە، وێنەیەک کە کۆمەڵگا زیاتر بە جەنگەڵ دەچووێنێت و تیایدا بەهێز بێهێز لەناودەبات، ئاگری ڕق و کینە میللی و مەزهەبی  و نەژادییەکان خۆشدەکەن و تۆوی نەفرەت لە نێوان ئینسانەکاندا دەچێنن. بۆیە زۆر ئاساییە لە کۆمەڵگایەکی بەم تایبەتمەندییانەی سەرەوەدا، دەستدرێژیکەر و دەستدریژیلێَکراو، ، کوژەر و کوژراو لە ناویدا پەروەردە بێت. تیۆری “پێشپێگرتن” هەموو ئەمانە دەشارێتەوە و تەنها بە ناوی ڕێگالێگرتن یان پێشپێگرتن بە هۆکاری تاوانەوە دەوەستێت و ئاییننامەی تاوانباری واقعی، یانی سیستەمی دەسەڵاتدار پشت گوێ دەنێت.

ئیعدام نە تەنها ڕێ لە تاوان ناگرێت، بەڵکو ترس و بەربەرییەت پەرەپێدەدات. ئاخر لە دووا ئەنجامدا پەیامی ئیعدام هیچ شتێک نییە جگە لە حەقانییەتبەخشین و یاساییکردنی زەبروزەنگێکی مەرگاوی لە دژی گیانی ئینسان.

تیۆری سزا

 یەکێک لە پایە ئەساسییەکانی تێزی دیفاعکردن لە ئیعدام، خودی چەمکی سزایە. لە دیدوبۆچوونی تیۆری “سزا”وە، ئەوە کاریگەری و ئاکامەکانی ئیعدام نییە بۆ سەر ئاییندە کە لەبەرچاو دەگیرێت، بەڵکو ئەوە پرۆسەی ڕەفتارکردنە لەگەڵ تاوانبار و بانگێشتی بەرقەرارکردنی عەدالەتە کە ئەم دیدە ئاڕاستەی دەکات. کورتە و پووختەی باسی “سزا” لەوەدا چڕدەبێتەوە کە تاوانباران شایەنی مەرگن و دەشبێت بە سزای خۆیان بگەن تاکو عەدالەت بەرقەراربکرێت. لەم پەیوەندییەدا هەموو کات و بێ بڕانەوە ئەم پرسیارانە ئامادەییان هەیە: بۆچی کەسێ کە تاوانێکی کردووە شایەنی ئەوەیە کە بمرێت، ئەو کەسە کێیە کە مافی مەرگی تاوانبار دەسنیشاندەکات و ئەم دەسنیشانکردنەش بە چی پشت ئەستوورە، ئەوە چ عەدالەتێکە کە بە کوشتنی ئینسان بەرقەراردەکرێت

 وەڵامی دیفاعکەرانێک لە تێزی سزا و سەپاندنی مافی مەرگ بەسەر کەسێکدا، لە بیرکردنەوەیەکی زۆر کۆنەوە سەرچاوەدەگرێت. بەپێی ئەم دەربڕینە کۆنە:” مافی تۆڵەسەندنەوە بە هۆی سەپاندنی سزایەکی لەیەکچووەوە لەبەرانبەر کردەوەی تاوانباردا” کە لە ڕەچەڵەکدا دەچێتەوە سەر ڕەگی چەمکی :”دانێک بەدانێک و چاوێک بە چاوێک” کە کردەوەی ئینسان دەکاتە بنەمایەک بۆ دیاریکردنی سزا و مافی داسەپاندنی ئەو سزایە بەسەر ئەودا. لەسەر بناغەکانی ئەم بۆچوونەوە، دەبێ لەگەڵ ئینساندا بەوجۆرە ڕەفتار بکرێت کە ئەو بەرانبەر ئینسانەکانی تر کردوویەتی. بەم شێوەیە، کردەوەی تاوانبار نەک هەر دەبێتە پایەیەک بۆ سزادانەکەی، بەڵکو دەبێتە ڕێنیشاندەر و پێوەرێکیش بۆ دیاریکردنی سزاکەی. بە پێی ئەم یاسایە، تەنها سزایەک کە شایەنی تاوانبار بێت، مەرگە. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە، نفوزێکی بەهێزی لە نێوان خەڵکدا هەیە و پشتیوانی گەورەی خۆشی لەسەر هەستی تۆڵەسەندنەوە و فەرهەنگ و ئەخلاقیاتێکی سەردەمە کۆنەکانەوە دروستدەکات.

چەمکی “دانێک بە دانێک و چاوێک بە چاوێک” هاوکات لەباری فەلسەفییەوە ڕێنمایدەکرێت و هەر دوو فەیلەسوف “کانت” و “هیگڵ”یش دیفاع لە هێشتنەوەی سزای ئیعدام دەکەن و پشتیوانی خۆیان بۆ ئەم سزایە دەردەبڕن. “کانت” کە بڕوای وایە هیچ لێکچوونێک لە نێوان ژیان و مەرگدا نییە، تەنانەت لە سەختترین هەلومەرجەکانیشدا، بەو ئەنجامە دەگات کە هیچ بەرابەرییەکیش لە نێوان تاوان و سزادا نابێت. مەگەر تەنها لەو کاتانەدا کە تاوانبار بە مەرگ بسپێردرێت تاکو عەدالەت بەرقەرار بکرێت. تەنانەت “کانت” لەبەرانبەر چەمکی “دانێک بە دانێک و چاوێک بە چاوێک”دا ئاواهی دیفاعدەکات:” کاتێک تۆمەت دەخەیتە پاڵ کەسێک، تۆمەتت خستۆتە پاڵ خۆت. کاتێک شتێک لەو دەدزیت، تۆ دزی لەخۆت دەکەیت. کاتێک تۆ ئەو دەکوژی، خۆت دەکوژیت. تەنها قانوونی سزا بە وردی شێوە و پلەی سزاکە

 دیاریدەکات” (3)

 “هیگڵ”یش بە ئاماژەکردن بەوەی ژیان بازنەی تەواوی یەک ئینسانە، هیچ سزایەک بە غەیری مەرگ بۆ تاوانبار بە کەمتر ناناسێَت. قانونی سزا و بە تایبەتی لەمڕۆدا لە هەر شوێنێکدا کە ئیعدام ڕەواجی هەیە، یەک پایەی سەرەکی دیفاعکردن لە ئیعدامە. بە نموونە کەسێکی وەک ” ئارنست ڤان دان کۆگ” کە یەکێک لە سەرسەختترین لایەنگرانی سزای ئیعدامە لە ئەمریکادا، ئیعدام وەک دیفاعێک لە سیستەمی کۆمەڵایەتی پێناسەدەکات و پێیوایە بۆ بەرقەرارکردنی عەدالەت، دەبێ ژیان لە تاوانبار وەربگیرێتەوە.

باسی کانت لە پلەی یەکەمدا، پشت ئەستوورە بە تێگەیشتنێکی تەواو هەڵگەڕاوە  لەسەر عەدالەت. لە پلەی دووەمیشدا، ئەو لە کار و جووڵەی تاوانبارەوە دەسپێدەکات و گرنگییەک نادات بە کۆمەڵ و شوێن پێی ئینسانەکانەوە لە کۆمەڵگادا. ئەو ڕۆڵی کۆمەڵگا، چ سەبارەت بە زەمینەی خودی تاوان و شوێن پێی ئینسان لەو پرۆسەیەدا، چ سەبارەت بە تواناییەکانی کۆمەڵگا بۆ ئیًسڵاحکردنی تاوانبار نابینێت و بە شێوازێکی تەواو ئینتیزاعی لە پەیوەندی تاوانبار و حەقی سزادان بەسەر ئەودا، دیفاعدەکات.

 “هیگڵ”یش دێت و هەر هەمان کار دەکات و بە ڕاشکاوی دەربارەی سزا و ماف ئاوا دەڵێت:” سزا مافێکی تاوانبارە، ئەم کردارە تەنها پەیوەندی بە خودی ئیرادەی تاوانبارەوە هەیە. تاوانبار بەلەژێرپێنانی مافدا، مافی خۆیشی ڕاگەیاندووە. تاوانی ئەو نەفی مافە. سزاش نەفی ئەو نەفیەیە. بۆیەش ئەمە ئەو ئەرێیەیە( نەفی نەفی دەبێتە ئەرێ، تێبینی وەرگێڕ) بۆ ئەو حەقەی کە لەلایەن ئەوەوە داواکراوە و بەسەریشیدا دەسەلمێنرێت”(4)

مارکس ئەم دەستەواژەیەی هیگلڵ بە دەستەواژەیەکی فریودەرانە سەرنجدەدات و ڕەخنەی لێدەگرێت: بەو هۆیەوەی کە لەم تێڕوانینەدا تاوانبار تا ئاستی ئینسانێکی ئازاد کە دەسەڵاتی بەسەر ڕەئی خۆیدا هەیە بەرزدەکرێتەوە ، و ئەوەی کە هیگڵ یاساکانی تا ئێستای کۆمەڵگای بەشەری ، لە دەرەوەی کاریگەری تاقیکردنەوە و زانیاری ئینساندا ڕادەگرێت، لە پێش هەر شتێکەوە بە نیشانەیەک  لە ئایدییالیزمی ئەڵمانی دەناسێنێت. مارکس لەبەرانبەر هیگڵدا و لە پەیوەند بە باسی سزاوە دەڵێ:” ئەو تیۆرییەی کە سزا بە ئەنجامی خودی ئیرادەی تاوانبار سەرنجدەدات، تەنها بەیانکردنێکی میتافیزیقانەی ئەو دەستەواژە کۆنەیە کە دەڵێت: چاو لەبەرانبەر چاودا، دان لەبەرانبەر داندا، خوێن لەبەرانبەر خوێندا، بە ڕوونکردنەوەیەکی سادە و لە کەنارەوەنانی هەر جۆرە تەفسیرێک دەکرێ بووترێت کە سزا شتێک نییە جگە لە ئامرازێک کە کۆمەڵگا بۆ دیفاعپێکردن لە خۆی بەکاریدەهێنێت لە بەرانبەر ئەو هۆکارانەدا کە مانەوەی ژیانی کۆمەڵگا تێکدەشکێنێت. ئێستا ئەمە چ هەلومەرجێکە کە کۆمەڵگا جگە لە جەللاد، هیچ  ئامرازێکی تر بۆ دیفاعپێکردن لە خۆی ناناسێت و بەربەرییەتی خۆی بە ناونیشانی یاسای ئەبەدییەوە ڕادەگەێنێت. “(5)

بەڵام “کانت” و “هیگڵ” نەک هەر لەم بەربەرییەتەی چینە دەسەڵاتدارەکان لە پەیوەند بە مەسەلەی ئیعدامەوە دیفاعدەکەن، بەڵکو “چاوێک بە چاوێک، دانێک بە دانێک” یش لە قاڵبی دیفاعکردن لە حەقدا دەبەستنەوە بە چەمکی عەدالەتەوە. بەڵام “چاوێک بە چاوێک….” لە بنەڕەتدا باسێک نییە کە پەیوەندی بە عەدالەتەوە هەبێت. بەڵکو پەیوەندی بە دیدی دڕندانەی تۆڵەوە هەیەو مۆری بیرکردنەوەی زەمانی بەربەرییەت و دڕندایەتی بە ناوچەوانییەوەیەتی. “چاوێک بە چاوێک، دانێک بە دانێک”، ئەگەرچی پەیوەندی بە هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و ئەو جێگاوڕێگایەی کە تاوانبار دروستدەکات نییە، هاوکاتیش بە هیچ جۆرە پێوانەیەکی ئەخلاقی و ئینسانییەوە پابەند نییە. لەسەر بنەماکانی ئەم تێڕوانینە، دەبێ بەو جۆرە ڕەفتار لەگەڵ ئینسانەکاندا بکرێت کە ئەوان لەگەڵ ئینسانەکانی تردا کردوویانە. کەواتە دەبێتە هەر کارێکی دڕندانە و نا ئینسانیش بە کردەوەیەکی نا ئینسانی و دڕندانەی تر وەڵامی پێبدرێتەوە. هەڵبەتە لە تێڕوانینێکی ئاواهیدا و لە هەموو کاتەکاندا ناکرێت پڕاوپڕ و بەرانبەر بەیەک، کەڵک لە چەمکی “چاوێک بە چاوێک، دانێک بە دانێک” وەربگیرێت. بۆ نموونە کاتێک کەسێک لاقەی یەکێکی دی دەکات، بۆ سزای تاوانەکەی لاقەی پێناکرێتەوە. بەڵام کرۆکی ئەم چەمکە، بە مانای دیاریکردنی ئاستێکی بەرابەری سزایە کە گونجاوە لەگەڵ تاوان و کارێکی ئەنجامدراودا. هەر ئەمەشە کە پایەی تیۆری سزا و ئەم ئاستە یەکسانە لە سزا لە گەلێک پەیوەندییەکانی ئیعدامدا پێناسەدەکات.

بەڵام گرفتی سەرەکی چەمکی “سزای بەرانبەر و یەکسان”  لەوەدایە کە هیچ پێوەرێک بۆ دیاریکردنی ئەم ئاستە گونجاوە لە سزا ناداتە دەستەوە و لەگەڵ ئەوەشدا، شتێک کە حەقێکی شایستە و بەرابەری تاوانباری ناو لێدەنرێت، تەنها لە یەک حاڵەتدا دەکرێ دیاری بکرێت کە ئەویش حاڵەتی قەتڵە کە قاتیل دەکوژرێتەوە. ئەگینا لە پەیوەند بە تاوانەکانی تر و سەپاندنی سزای “بەرانبەر” بەسەر جێبەجێکەرانی تاواندا، ئەوە لە کات و شوێنە جیاوازەکاندا، تەنها پێوەرێک دەستنیشانیدەکات کە بریتییە لە ئامادەیی بیروباوەڕ و سوونەتە دوواکەوتووەکان و ئاستی ڕێژەی زەبروزەنگ و بەربەرییەتی دەسەڵاتدارانە. ئاخر کاتێک کەسێک لەگەڵ ژنێکدا دەخەوێت و لە ئێرانی ئیسلامیدا سزای ئیعدامی بەسەردا جێبەجێدەکەن، ئەوە پێوەرە ئیسلامییەکان و سوونەتی دەسەڵاتدارانە کە سزای “بەرابەر” بۆ ئەو کردەوەیە بە ئیعدام پێناسەدەکات.

هاوکاتیش ئیرادەی دەسەڵاتداران لە پەیوەند بە دیاریکردن و سەپاندنی سزای مەرگ بەسەر ئینسانەکاندا، بە گەلێک فاکتەری ترەوە گرێیخواردووە و چەندین هۆکاری وەک: شوێن پێی چینایەتی، کینەتۆزی میللی و نەژادی، ئەسلًە ئایینییەکان و گەلێک شتی دی، ڕۆڵی سەرەکی و گرنگ دەگێڕن . 

هەر بەهۆی ئەو فاکتەر و هۆکارانەشەوەیە کە بەشێکی زۆری ئەو تاوانانەی کە سزای ئیعدام دەیانگرێتەوە، ئەو کردەوانەن کە دژایەتییان لەگەڵ پایە فیکری و ئایدیۆلۆژیاکانی دەسەڵاتداراندا هەیە و هاوکاتیش بۆ بەشێکی زۆری ناڕازییەکانی ناو کۆمەڵگا خراونەتە چوارچێوەی قانونەوە. 

ئاماژەکردن بە قانونەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران  لەم پەیوەندەدا،
 کارێکی خراپ نییە.
لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا کە هەزاران ئینسان ڕەوانەی سەر پەتی سێدارە دەکرێن، لیستێکی درێژ لە سزای لەسێدارەدان لە یاسا جەزائییەکانی ئەم وڵاتەدا دەبینین کە تەنانەت بۆ ئەو دەوڵەتانەی تریش کە ئیعدامدەکەن ، قابیلی پەسەندکردن نییە. بۆ نمونە دەکرێ ئاماژە بە هەندێکیان بکرێت: کوشتننەوە لە کاتێکدا کە کەسوکاری کوژراوەکە خوازیاری تۆڵەسەندنەوە بن، قەساس، لاقەکردن، قاچاخچێتی بە مەوادی بێهۆشکەرەوە، دزی، خواردنەوەی مەشروب پاش 3 جار دادگاییکردن، زینا یاخود پەیوەندییەکی “نا مەشروع”، کردەوەیەکی هۆمۆسێکسوالییانە پاش 4 جار دادگایکردن، پەیوەندی نێوان ژنی موسوڵمان و پیاوی غەیری موسوڵمان، لە ئایین هەڵگەڕانەوە، کارکردن لە دژی دەوڵەت و زۆر شتی تر. زۆرێک لەم کردەوانەی سەرەوە پەیوەندییان بە زیانپێگەیاندن بە کەسێکی ترەوە نییە و بە مانای نەفیکردنەوەی مافی کەسێکی تریشەوە نییە. تەنانەت بە پێی چەمگی “چاوێک بە چاوێک، دانێک بە دانێک”یشەوە نابێتە چوارچێوەیەک کە بە هۆیەوە سزای مەرگ بەسەر جێبەجێکەرەکانیدا بسەپێنرێت. کەچی لە ئیسلامدا دەبێتە تاوان و خەڵکی لەسەر دەکوژن. ئەو شتەی کە لێرەدا دەبێتە پێوەری کوشتنی ئینسانەکان، هەر هەمان ئەو کینەتووزییە دواکەوتوو و کۆنەپەرستانەیە و ئەو ئەحکام و بیروباوەڕە گەندەڵانەی ئیسلام و بەرژەوەندییە زەمینییەکانی دەسەڵاتدارانێکە کە قوربانی لە ئینسانەکان دەگرێت.

بەڵام لە پاڵ دەرخستنی نەخشی دەوڵەتدا لە پەیوەند بە سزای ئیعدامەوە، چاکتر وایە ئاماژە بکەین بە خاڵێکی تر کە ئەویش : هەژموونی ئیحساساتی تۆڵەسەندنەوە و خوێنخۆرییەکە کە لە نێوان بەشێک لە ئینسانەکاندا بوونی هەیە.

تۆڵەسەندنەوە، میراتی سەردەمی دڕندایەتییە، بەڵام تا ئێستاش بەشێک لەو ئینسانانەی کە لە ژێر کاریگەری بیروباوەڕی کۆن و پڕوپاگەندەی کینەتۆزانەدان، کاتێک باسی چۆنێتی ڕەفتارکردن لەگەڵ تاوانباراندا دێتە پێش، دەم لە تۆڵەسەندنەوە دەکوتن. بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەک ئەمریکادا و لە یەکێک لەو ڕاپرسییە گرنگانەدا کە دەربارەی سزای ئیعدام ئەنجامدراوە، دەکرێ ئەوە ببینرێت کە جگە لە باسەکانی پێشپێگرتن و سەپاندنی سزای ئیعدام بەسەر تاوانباردا، باسگەلێکی وەک تۆڵەسەندنەوە و ئارامبوونەوەی کەسوکاری قوربانی وەک فاکتەرێکی تر بۆ هێشتنەوەی سزای ئیعدام، ئاماژەی پێدەکرێت. بەڵام لە ڕاستیدا بۆچی کەسوکاری قوربانی یان هەر کەسێکی دی، دەبێ بە لەناوبردنی کەسێکی تر، دڵی فێنک بێتەوە؟ بێگومان توڕەیی خەڵکی لە کردەوەی تاوانبار یان نەفرەتکردن لە هەر کردەوەیەکی تر کە مافی کەسێکی تر ژێرپێدەنێت، کاردانەوەیەکی سروشتی ئینسانەکانە. بەڵام ئەوە ئەم کردەویە نییە کە تۆڵەسەندنەوە ئاڕاستەی جێگایەکی تر دەکات. تۆڵەسەندنەوە پێوەر و قانونێکی نییە و لە ژێر کاریگەری هەڵچوون و ئیحساساتی بەدەر لە پێوەرە ئینسانییەکاندا شکڵدەگرێت.

کەسێک کە خوازیارە تۆڵە لە تاوانبارێک بکاتەوە، تەنها جییاوازییەکی لەگەڵ تاوانباردا هەیە: ئەو تۆڵەسەندنەوە وەک وەڵامێک بەو دەردەی کە گیرۆدەی بووە چاولێدەکات. زۆر زەحمەتە کەسێکی خوازیاری تۆڵەسەندنەوە پەیدا بێت کە خۆی ببێتە جێبەجێکەری ئیعدامی تاوانبار. هەر بۆیەش خوازیارە کە دەوڵەت لەبری ئەو ئەم پرۆسەی کوشتنە بە ئەنجام بگەێنێ. بەڵام ئەمە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە کەسی لایەنگری تۆڵە، خۆی لە پرۆسەی بە کوشتدانی تاوانباردا دەکاتە شەریک و خۆشی تا ئاستی قاتڵێک دادەبەزێنێت و دەبێتە هۆی مەرگی ئینسانێکی تر.

ئەوەی جێگای تێڕامانێکی وردترە ئەوەیە کە سزای ئیعدام کە خۆی لە خۆیدا تۆڵە سەندنەوەیەکی خوێناوییە، لەسەر پایەی بەرقەرارکردنی عەدالەتەوە ئاڕاستەدەکرێت بە تایبەت لە دیدی تیۆری “سزا”وە. هەر بۆیەش ئەو کەسەی خوازیاری تۆڵەسەندنەوەیە، هەر هەمان بەڵگە دووپاتدەکاتەوە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە عەدالەت نییە. عەدالەت چەمکێکی نێگەتیڤ نییە، عەدالەت بە مانای دابەشکردنی فەلاکەت و سەپاندنی دەرد و ڕەنج و مەینەتێکی دیکە نییە بەسەر خەڵکدا. عەدالەت خوڵقاندنی تاوانێکی تر لە وەڵام بە کردەوەی تاوانکارانەی کەسێکی تردا نییە. بەڵکو عەدالەت چەمکێکی پۆزەتیڤە و خواستێکی تا قوڵایی ناخ ئینسانییە. عەدالەت لە بواری ژیانی کۆمەڵایەتی ئینساندا ، بە مانای بەهرەمەندبوون و دەسڕاگەیشتنی ئینسانەکانە بە ئیمکاناتەکانی کۆمەڵگا. لە بواری سیستەمی قەزائیدا، بە مانای بەرقەرارکردنی چوارچێوەیەکە کە لەسەر پایەکانی ئەوەوە ، مافەکانی تاوانباران و ئەوانەی گوومانی تاوانییان لەسەرە، بە باشترین شێوە بەرقەراربکرێت. تیۆری “سزا” و “چاوێک بە چاوێک، دانێک بە دانێک” پەیوەندی بە عەدالەتەوە نییە. هەر لەم ڕووەشەوەیە کە هیچ سیستەمێکی قەزایی کە کەمێک پشت ئەستوور بێت بە عەدالەتێکی بە ئینسافانەوە، ناتوانێت لەسەر پایەکانی تیۆری “سزا” دابڕێژرێت. عەدالەت خوازیاری کوشتنی ئینسانەکان نییە و سزای ئیعدامیش لە دوا ئەنجامەکانی خۆیدا، زوڵم و دڕندەییەکی بێ وێنەیە لە دژی ئینسان

 ئیعدام هەرزانترە

 یەکێک لەو باسانەی تر کە لایەنگرانی ئیعدام دەیکەن، مەسەلەی ئابوورییە. ئەوان دەڵێن زیندانی ئەبەدی، پارە و پوڵێکی زیاتری لە ئیعدام تێدەچێت و بڕوایان وایە ژیانی تاوانباران بێ نرخە و بۆیە شایەنی ئەوە نین کە پارە لەواندا سەرفبکرێت. بۆیەش خوازیاری کۆتاییپێهێنان بە ژیانی تاوانبارن.

ئەم بوونەوەرە سەرسوڕهێنەرانە قەڵەم و کاغەزییان گرتووە بە دەستەوە و پاش حسابکردن و ژماردنی جیاوازی نێوان تێچووی زیندان و ئیعدام، دەیانەوێ بە کۆمەڵگا بسەلمێنن کە قیمەتی ماددی ئەو جیاوازی پارەیە لە ژیانی ئینسان زیاترە و بەنرخترە. ئەو جەنابانە دەزانن کە بەشی زۆری ئەوانەی سزای ئیعدامییان لەسەرە، کەسانێکی سەر بە چین و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگان و دەوڵەتیش ناچارە کە پارەی دادگا و پرۆسەی دادگاییەکەیان بگرێتەئەستۆ. بۆیەش خوازیاری ئیعدامکردننن چونکە هەرزانتر تەواو دەبێت. لە ڕاستیدا ئەو پێوە ر و بەهایانەی کە ئەمانە بۆ کێشانی چەمکەکانی حەق و عەدالەت لەبەرچاوی دەگرن، هەمان ئەو پێوەرانەیە کە ملکەچی قانونە ئەساسییەکانی کۆمەڵگای چینایەتییە. لەم سیستەمەدا، حەق و موڵکایەتی پێکەوەگرێدەدرێن. ئەم دەستەیە لە لایەنگرانی ئیعدام کە لەبەرانبەر ژیانی تاوانباردا خوازیاری مەسرەفێکی کەمترن ، ئەگەر فشاری خەباتی کرێکار و بزووتنەوە پێشکەوتووخوازەکانی کۆمەڵگا لەسەریان قورسایی دانەنێت، دەیانەوێ بەها و دەسکەوتەکانی کۆمەڵگا بگێڕنەوە بۆ سەردەمەکانی بەربەرییەتی ئینسان.

هاوکاتیش بەشێک لەوانەی کە دژی سزای ئیعدامن، لەبەرانبەر ڕیزەکەی بەرانبەردا، دەست بە دامێنی هێنانەوەی چەندین بەڵگەوە دەگرن کە گومڕاکەرانەیە و هیچ کۆمەکێکیش بە خەباتی بزووتنەوەی لابردنی ئیعدام ناکات. ئەم تاقمە لەبەرانبەر لیستی مەسرەفەکانی ئیعدامدا، ئامار و لیستەکانی خۆیان ڕادەگەێنن و دەیانەوێ بە حسابکردنی کرێی محامی و دادگا و کارەکانی تر، نیشانی بدەن کە ئیعدام قازانجهێنەر نییە و زیندانی ئەبەدی وەک ڕێگاچارە پێشنیار دەکەن. بەڵام بۆچی ئەم دانایانە لە ڕیی دڵسۆزی نیشاندانییانەوە بۆ کیسە و گیرفانەکانی دەوڵەت خوازیاری لابردنی سزای ئیعدامن؟ ئایا ئەوان نازانن کە ئەمە سووکایەتیپێکردنە بە بوون و جێگای شیاوی ئینسان و کاتێکیش باس لەسەر زیندووهێشتنەوەی ئینسانە، نابێت و ناکرێ ئینسان خۆی تێکەڵی نرخ و پارەی تێچوو و مامەڵەی لەم جۆرە  بکات. خاڵێکی تر ئەوەیە کە ئەم جەنابانە پێشنیارێک دەخەنە بەردەست کە کە نا عادلانەیە.

ئاخر ئەوان چ وەڵامێکیان پێیە کاتێک لە زۆر شوێنی تری دنیادا ئینسانەکان زۆر بە سادەیی نابووددەکرێن و پارەیەکی ئەوتۆیشی تێناچێت. چۆن لە هەلومەرجێکی ئاواهیدا دەتوانن پارێزگاری لە خواستی لابردنی سزای ئیعدام بکەن

 باسێکی تری زۆر تێکدەرانە کە لە نێوان بەشێک لە گرووپەکانی دژی ئیعدامدا برەوی هەیە، جەختکردنەوەیە لەسەر ئەگەری بڕیاردانی هەڵە و ئەو نایەکسانییەی کە دەکرێ لە پرۆسەی دادگایکردنی تاوانباردا لە لایەن حاکم و هەیئەتی قەزائییەوە بێتە پێش.

ئەوان پێیان وایە کە بەمجۆرە کەسانی بێتاوانیش ئیعدامدەکرێ. هەر بۆیەش بە دژی سزای ئیعدامن.  بەڵام ئەوە تەنها خودی حاکم نییە کە دەکرێ ببێتە هۆی ئیعدامکردنی کەسانی بێتاوان، بەڵکو چەندەها فاکتەری تریش هەن کە لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵی خۆیان دەبینن. بەڵام ئەم باسە و ئەم جۆرە ناڕەزایەتیدەربڕینە بە دژی ئیعدام، زیاتر لە باس و ناڕەزایەتییەک دەچێت بە دژی هەڵاواردن و ئاپارتاید نەک ئیعدام. بەڵام ئایا ئەم بۆچوونە لە پەیوەند بە ئیعدامکردنی کەسێکی تاوانباردا چی دەڵێت بە تایبەت کە خۆی بە ئاشکرا دان بە تاوانەکەیدا دەنێت؟ لەم کاتەدا ئەمانە چ حوکمێک پەسەندەکەن؟

 لە سیستەمە قەزائییەکانی ئەمڕۆکەدا کە چەندەها جۆری هەڵاواردن و ئاپارتایدیان لە ناو خۆیاندا حەشارداوە و بە بوون و ئامادەیی سزای ئیعدام، ئاشکرایە کە کەسانی بێتاوانیش تا بەردەم پەتی سێدارە ڕاپێچ دەکرێن و ئەم کارەش تەنها سنووردارناکرێتەوە بە دەسەڵاتی حاکمەکانەوە.

ئەوی دەبێ بووترێت ئەوەیە کە لابردنی سزای ئیعدام و خەباتکردن بۆی، لەسەر بێگووناحی و بێتاوانی تاوانبارەوە دەستپێناکات ، بەڵکو باسێکە لەسەر خودی ئیعدام. هەر بۆیەش نابێت بە هیچ جۆرێک لەسەر ئەمە قەیدوبەند و مەرج دابنرێت 

ئیعدام وەک ئامرازێکی سەرکووتکردنی ناڕەزایەتی

 ئیعدام تەنها لە بەرانبەر کوشتن و دەسدرێژیکردنە سەر کەسێک و تاوانباراندا نەبووە و نییە. ڕیزی ناڕەزایەتیدەربڕان  لە کۆمەڵگادا، زیاترین قوربانییەکانی سزای ئیعدام بوون.

کۆمۆنیستەکان، کرێکارانی خەباتگێڕ، هەڵسووڕاوانی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی دەوڵەتەکان و شۆڕشگێڕان و گەلێکی تریش، بەرزترین ژمارەی دەستەی ئیعدامکراوانی دنیا پێکدەهێنن. لە هەر شوێنێکیشدا نائارامییە کۆمەڵایەتییەکان بە پلەی باڵای خۆی گەیشتبێت و بوونی دەوڵەتەکانی خستبێتە مەترسیی لەناوچوونەوە، ئەوە بەشێک لە کۆمەڵانی خەڵکی لە ژێر تیغەکانی ئیعدامدا ڕاگیراون. ئەمە چ لەو شوێنانەدا کە لە ڕێگای قانوونەکانەوە جێگایەک بۆ سڕینەوە و نەفیکردنەوەی ژیانی ئەوان دیاریکراوە، یان لەو شوێنانەدا ئیعدام ئەمانی نەگرتۆتەوە و بە هەڵبەستنی دەسیسە و تاوانی دەسکرد، ڕاپێچی سەر دار کراون. یاخود لە ڕێگەی قانوونە تایبەتییەکانەوە، لەوانە قانونی سەربازی و زۆر شتی ترەوە ئیعدامکراون. 

ئەگەر لە تێکڕایی ئەم باسانەدا قسەکان و دیدەکانی ئەوانەی لایەنگری لە سزای ئیعدام دەکەن کۆبکەینەوە، ئەوا دیدێکی وا بە دەست دێت کە ئەگەر ئیعدام نەبێت، ئیمکانی ئیسڵاحکردنی کۆمەڵگا نییە. لە لایەکی تریشەوە لەم جۆرە بیرکردنەوەیەدا، ڕوونکردنەوەیەکی تەواو پێچەوانە و هەڵگەڕاوە لە سەر عەدالەت دەخرێتە بەردەست و نەفرەت و هەستی تۆڵەسەندنەوە و خوێنخۆری وەک دیاردەیەکی ئاسایی لە کۆمەڵگادا نیشاندەدرێت کە پێویستە دووبارە بەرهەمبهێنرێتەوە. ئەمانەش هەمووی بە مانای سووکایەتیکردن بە حورمەت و شان و شکۆی ئینسانە و لە لایەکی تریشەوە، پەرەپێدانە بە هەموو بیروبۆچوونێکی کۆنەپەرستانە و دژە ئینسانی.

بوونی سزای ئیعدام ، ڕەمزی دەسەڵاتی دەوڵەت و چینە دەسەڵاتدارەکانە بەسەر گیانی هاوڵاتییانەوە. داوەریکردنێکە سەبارەت بە بەهای ڕۆحی ئینسان و حاشاکردنیشە لە حورمەتی ئینسانی ئەو. پەیامەکەیشی: شەرعییەتدانە بە زەبروزەنگ؛ زەبروزەنگێک کە وەک پەتایەک بە کۆمەڵگادا بڵاودەبێتەوە .

لە بەرانبەریشدا، لابردنی سزای ئیعدام و دیفاعکردن لە مافی ژیان، کوشتنی ئینسانەکان قەدەغە دەکات. ڕێز بۆ ژیان دەگێڕدرێتەوە و دەبێتە ڕەمزی دیفاعکردن لە خودی ژیان.

ئیعدام دژایەتی لەگەڵ ئوسوڵ و پایە ئەخلاقی و مەعنەوەییەکانی ئینساندا هەیە و دەبێت لاببرێت. بەڵام بەدەستەوەگرتنی ئەم ئامرازە دزێوەی سەرکوت لەلایەن دەوڵەتەکانەوە، کارێک نییە کە لە نەزانینەوە سەرچاوەی گرتبێت، بەڵکو هەڵبژاردنێکی سیاسی و بە ئاگاهانەی ئەوانە. هەر بۆیەش بۆ لابردنی سزای ئیعدام دەبێ، تێبکۆشرێت.

 

سەرچاوەکان

 

1-   ئەم ئامارانە لەگەڵ گۆڕینی زەمەندا ئاڵوگۆری بەسەردا هاتووە. خوێنەر بۆ شارەزایی زیاتر سەبارەت بە سزای ئیعدام، دەتوانێ سەرنجی دوا ڕاپۆرتی ساڵانەی ئەمنستی ئەنتەرناسیۆناڵ بدات.

2-  Karl Marx،  Frederick Engels،  Collected Works page 496

 3-   Kants،  The Metaphisical Elements of Justice p 101

 4-  سەرچاوەی دووەم   

5- سەرچاوەی دووەم  لا 497
 

Check Also

یاداشتی ڕۆژانەی شارێک کە ناوی بەیروت بوو

یاداشتی ڕۆژانەی شارێک کە ناوی بەیروت بوو نووسینی: نزار القبانی وەرگێڕانی: بەکر ئەحمەد کلیکی ئێرە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *