دیمانه‌ی ستیڤان شه‌مزینانی له‌گه‌ڵ به‌کر ئه‌حمه‌د
ستیڤان: گۆشه نیگاكان له‌مه‌ڕ رۆڵی رۆشنبیر لێكجودان، ئاراسته‌یه‌ك وابیر ده‌كاته‌وه رۆشنبیر بوونه‌وه‌رێكی خه‌یاڵی دابڕاوه له دنیای ده‌وروبه‌رو به‌ته‌نێ كاری به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه‌یه، یه‌كێك له‌و بیرمه‌ندانه‌ی ئه‌م بیركردنه‌وه‌ی هه‌یه (ژان بیندا)یه، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا ئاڕاسته‌ی دووه‌م پێیوایه رۆشنبیر سه‌رباری به‌رهه‌مێنانی مه‌عریفه به‌شداریی‌و هه‌ڵوێستی هه‌یه له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و رووداوانه‌ی له‌ده‌وروبه‌ریدا هه‌ن، هزرمه‌ندی ناسراوی ئه‌مریكی به‌ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌ب (ئێدوارد سه‌عید) به درێژایی یه‌كێك له‌كتێبه‌كانی (وێناكانی رۆشنبیر) هه‌وڵیداوه به‌مجۆره‌ی سه‌ره‌وه پێناسه‌ی رۆشنبیر بكات، به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ی من ئه‌وه‌یه رۆڵی رۆشنبیر له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌كانی نووسین چییه؟ ئایا رۆشنبیر مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه به‌ناوی جه‌ماوه‌ره‌وه قسه بكات‌و رێنوێنیان بكات یان ئه‌ركی رۆشنبیر جیایه له‌م رۆڵه؟
به‌كر ئه‌حمه‌د: ئه‌گه‌ر له‌وه‌ڵامی به‌شی كۆتایی پرسیاره‌كه‌وه ده‌ست پێبكه‌م، واتا له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌كانی نووسیندا، به‌بڕوای من ئه‌وا خێرا هه‌ندێك لایه‌نی شاراوه‌ی ئه‌و جه‌ده‌له‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێ كه له‌ناوه‌ندی رۆشنبیری ئێمه‌دا له‌وێناكردنیان بۆ رۆڵی رۆشنبیر، له‌گه‌ڵ وێنه‌ی یه‌كه‌مدا یه‌كده‌گرنه‌وه، واتا كائینێك دابڕاو له‌هه‌موو شتێك‌و به‌ته‌نها سه‌رقاڵی نووسین. به‌ڵام نانه‌وایه‌ك، یان دكتۆرێك یان سه‌ربازێك له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و رۆڵه تایبه‌تییه‌ی خۆی چیده‌كات، كه‌س ناخاته سه‌ر كه‌ڵكه‌ڵه‌ی ئه‌وه‌ی كه پرسیارێكی واهی ئاراسته‌ی ئه‌وان بكات. چونكه وه‌ڵامی وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌كرێ باوك بێت، بێكاربێت، تازه عاشق بێت‌و به‌شوێن سه‌رقاڵییه‌كانی ژیانه‌وه بێت، ئاسان دێته به‌رگوێ. به‌ڵام بۆ رۆشنبیر، به‌پرسیارێكی فه‌لسه‌فی له‌قه‌ڵه‌مده‌ده‌ین‌و بگره ده‌یه‌ها نووسینی جۆراوجۆری له‌سه‌ر ده‌نووسین. هۆكاره‌كه‌یشی رۆشنه، رۆشنبیر له‌مانای گشتییه‌كه‌ی، بڕیاره سه‌روكاری له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مهێنانی فیكر‌و ره‌خنه‌دا بێت. ئه‌و ئاسۆیانه ببینێت، ره‌نگه زۆر كه‌سمان نایبینین. هه‌ر ئه‌م رۆڵه‌شه وایلێده‌كات خۆی بخاته سه‌رو كۆمه‌ڵگاوه‌و دیوارێكی گه‌وره له‌به‌ینی خۆی‌و ده‌ره‌وه‌یدا دابنێت.
شاعیرێك چوو بووه ناو ریزی یه‌كێك له‌هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران. پاش چالاكییه‌كانی گه‌وره‌ی سه‌ربازی، شیعرێكی بۆ چالاكییه سه‌ربازییه‌كه نووسیبوو كه ده‌ڵێ: برای پێشمه‌رگه، تۆ به‌چه‌كت، من به‌قه‌ڵه‌م. ده‌ڵێن یه‌كێك له‌و پێشمه‌رگه به‌سته‌زمانانه‌ی كه چه‌ندین رۆل له‌ژێر تۆپباران‌و بارینی فیشه‌كدا شه‌وی كردبووه‌وه، كاتێك شاعیره‌كه‌ی بینی بوو، به‌گاڵته‌وه وتبووی، ئه‌م قسه قۆڕانه‌ت له‌چییه، تۆ له‌م دووره‌وه ده‌ته‌وێت خۆت له‌ئاگره سووره‌كه بپارێزیت‌و ئێمه‌ش ره‌وانه‌ی ناو ئاگركه‌یت. واز له‌و كاسبییه بێنه. ئه‌م نمونه‌یه هه‌ندێك له‌رووخساره نادیاره‌كانی ئه‌و دیده‌مان پیشانده‌دات كه له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌كانی نووسین، رۆڵی رۆشنبیر چییه ده‌یه‌وێ پێمان بڵێت. من بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مێك وردتر له‌سه‌ر ئه‌م پرسیاره كار بكه‌م، حه‌ز ده‌كه‌م سه‌رنجێك له وشه‌ی رۆشنبیر بده‌م له‌زه‌ین‌و خه‌یاڵی ئینسانی كۆمه‌ڵه‌ی ئێمه‌داو ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵگاكانی ده‌وروبه‌ریشماندا. ئه‌م وشه‌یه له‌زمانی كوردیدا زرنگانه‌وه‌یه‌كی هه‌یه كه له‌زمانه ئه‌وروپییه‌كاندا هه‌مان حه‌ماسه‌و ته‌نانه‌ت ئه‌فسانه له‌ده‌وری خۆی ناخوڵقێنێ. هۆكاری ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و جێگایه‌ی كه رۆشنبیریی‌و ته‌نانه‌ت نووسین‌و خوێندن له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا داگیری كردووه. خوێنده‌وار بوون، مه‌قامێك بووه كه زۆر ساده چه‌ند هه‌نگاو پله‌و پایه‌ی تۆی له‌كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا بردۆته سه‌ر. وشه‌ی مامۆستا، له‌زمانی كوردیدا هاوتا ده‌كرێته‌وه به پێغه‌مبه‌ر. هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌و برینه‌ی كه‌نه‌خوێنده‌واری به‌سه‌ر دڵی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌وه‌ی ناوه، ساڕێژبوونی هه‌ر وا ئاسان نه‌بووه‌و له‌گه‌ڵ وشه‌ی رۆشنبیری‌دا، سه‌رسوڕمانێك‌و ئه‌فسانه‌یه‌ك به‌خه‌یاڵماندا گوزه‌ر ده‌كات كه ئیدی پرسیاری ئه‌وه‌ی: ده‌كرێ له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌كانی نووسین، رۆڵی ئه‌و چیی بێت ئێمه بخاته به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك نا رۆشنی گه‌وره‌وه. بێگومان ئه‌وه ده‌ردی نه‌خوێنده‌وارییه كه له ناوشیاری ده‌سته جه‌معی ئێمه‌دا دروستیكردووه له‌لایه‌كه‌وه، له‌لایه‌كی دییه‌وه، رۆشنبیری كورد خۆی، به‌و پراكتیكه‌ی كه تائێستاكه نیشانیداوه، خۆی به‌شێك بووه له‌به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه ئه‌و ته‌نها وه‌زیفه‌ی قه‌ڵه‌موه‌شاندنه‌وه‌و هیچی دی. من پاش گه‌یشتنم بۆ ئه‌وروپا، ئه‌م رۆڵه‌ی رۆشنبیرانم له كۆمه‌ڵگاكانی خۆماندا وا بینیوه.
ده‌کرێ شاعیر بی و
كه‌س له‌چایخانه‌دا كورسیت بۆ نه‌گرێ
ده‌كرێ نووسه‌ر بی و
پێتوانه‌بێ خوێنه‌ر ده‌بێ كۆڵكێشی وشه‌ت بێ.
من له‌سه‌فه‌را بینیم، شاعیر كورسی بۆ ناگیرێ
هیچ كۆڵێكیشم نه‌بینی، به‌دوایه‌وه نووسه‌رێك بڕوا.
به‌شێك له‌شیعری “سه‌فه‌رو باپیره‌م‌و كچه‌كه‌م” به‌كر ئه‌حمه‌د
رۆشنبیربوون له‌كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا، واتا سوار كۆڵی ئینسان بوون، خۆكردن به‌كائینێكی ئه‌فسووناوی. بێگومان ئه‌م وێنه‌یه زۆر گشتگیر نییه‌و مه‌به‌ستم هه‌موو ده‌نگه‌كانی ناو رووناكبیری كوردی نییه، به‌ڵكو دیدێكی ته‌واو به‌هێزی ناو سه‌فی رۆشنبیرانی ئێمه‌یه. هه‌ر بۆیه‌ش وه‌ڵامی من ئه‌وه‌یه، له‌ده‌ره‌وه‌ی نووسین، رۆشنبیر، هاوڵاتییه‌كی ئاسایی كۆمه‌ڵگایه‌و ئه‌و ئه‌رك‌و مافانه‌ی نانه‌واكه‌ی گه‌ڕه‌كی ئێمه له‌سه‌رییه‌تی، ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه. من نازانم بۆچی پێمان وابێت، كوشتنی ژنێك ده‌بێ نووسه‌رێكی گه‌وره بخاته قسه، به‌ڵام پێتوابێت كوڕوكچه‌كانی گه‌ڕه‌ک، رۆڵیان نییه. بۆ وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی كه :ئایا رۆشنبیر مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه به‌ناوی جه‌ماوه‌ره‌وه قسه بكات‌و رێنوێنییان بكات یان ئه‌ركی رۆشنبیر جیایه له‌م رۆڵه؟ به‌جۆرێك په‌یوه‌ستده‌بینه‌وه به شوێنپێ‌و دیدی ئێمه بۆ رووناكبیر له كۆمه‌ڵگادا. ئه‌و كه‌سه‌ی ئه‌و دیده سه‌رو ئینسانییه‌ی بۆ رۆشنبیر هه‌یه، ده‌كرێ وه‌ڵام به “به‌ڵێ” بداته‌وه بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره. من خۆم پێموانییه جه‌ماوه‌ر گه‌مژه‌یه‌و شوانی ده‌وێ. قسه له‌سه‌ر ئه‌وه نییه كه فڵانه رۆشنبیر به‌ناوی جه‌ماوه‌ره‌وه ده‌دوێ، قسه له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه ناوه‌ڕۆكی دوانه‌كه‌ی چییه. ئه‌گه‌ر دوان له‌چه‌شنی شاعیره‌كه‌ی له‌مه‌ڕ سه‌ره‌وه‌مان بێت، جه‌ماوه‌ریش وه‌ڵامی خۆی پێده‌داته‌وه.
ستیڤان: رۆشنبیری ناسراوی عه‌ره‌ب دكتۆر (عه‌لی حه‌رب) له‌كتێبی (ره‌خنه له رۆشنبیروو وه‌همه‌كانی ده‌سته‌بژێر) دوای شیكارییه‌كی مه‌عریفی چڕ‌و پڕ ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت چیدی رۆشنبیر ئه‌و كائینه نییه كه ره‌خنه له‌دنیاو شته‌كان ده‌گرێت، به‌ڵكو له‌م ساته وه‌خته به‌دواوه خودی رۆشنبیر له‌به‌رده‌م ره‌خنه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌دایه، ئه‌گه‌ر به‌م پێیه بێت خودی رۆشنبیریش له‌به‌رده‌م ئیشكالییه‌تێكی زۆردایه‌و ئه‌و بوونه نموونه‌ییه نییه كه‌پێشان سكێچی بۆ كێشرابوو، ئه‌گه‌ر بێینه سه‌ر باسی رۆشنبیری كورد (جیا له‌وه‌ی گومانمان له‌هه‌بوونی كائینێك به‌ناوی رۆشنبیری كورده‌وه هه‌یه) به‌ڵام ئه‌گه‌ر گریمانه‌ی ئه‌وه بكه‌ین ئێمه‌ی كوردیش رۆشنبیری جیدیمان هه‌یه، ده‌پرسم ئیشكالیه‌ته ستراكتۆرییه‌كانی ئه‌م رۆشنبیره چین‌و چۆن ده‌توانین ده‌ست نیشانیان بكه‌ین.؟
به‌كر ئه‌حمه‌د: وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره هێند ئاسان نییه. به‌تایبه‌ت كاتێك دێیته سه‌ر ئیشكالیه‌تییه‌ته بنه‌ماییه‌كانی, من پێموایه ئێمه رۆشنبیرمان هه‌یه، با پێناسه‌یه‌كی هێنده گه‌وره‌و ئه‌فسووناوی بۆ ئه‌م كائینه‌و قبوڵ نه‌كه‌ین. به‌بڕوای من، ئیشكالییه‌تی گه‌وره‌ی رۆشنبیری كوردی، خودی پرسیاری شوناسییه‌تی. ئێمه ناكرێ شوناسێكی لۆكاڵی‌و میللیمان بۆ رۆشنبیریی هه‌بێت. تۆ میتۆدی خوێندنه‌وه‌ی هه‌ژده‌ی برۆمێری مارکسدا له‌به‌رده‌ستدا بێت، ئاسان له‌پاشاگه‌ردانی ئه‌مڕۆكه‌ی ناو كۆمه‌ڵگای سیاسی ئێمه ده‌گه‌یت. ئه‌گه‌ر تیۆری ده‌سه‌ڵاتی فۆكۆ له‌ئاسته میكرۆیه‌كه‌یدا بۆ په‌یوه‌ندییه خێزانییه‌كان له‌به‌رچاو بگریت، ئاسان له‌كرده‌ی جیابوونه‌وه‌ی ناو خێزان ده‌گه‌یت ئه‌گه‌ر ئه‌و خێزانه كوردی بێت یان سویدی. له‌هیچ شوێنێكی دنیادا، رۆشنبیری سیمایه‌كی لۆكاڵی نییه‌و كاریگه‌ری دنیا‌و شوێنه جیاوازه‌كانی له‌سه‌ره. ئێمه ئاسمانێك له‌تیۆرو لێكۆڵینه‌وه‌ی ئینسانیمان له‌به‌رده‌ستدایه‌و به‌شوێن ئه‌وه‌وه‌ین، رۆشنبیری كوردی دروستكه‌ین. بڕۆ له‌و خه‌رمانه گه‌وره‌یه‌ی مێژووی ئینسانییه‌تدا، ئه‌و به‌رهه‌مه بچنه‌ره‌وه كه‌پێویسته. من زۆر جار پێكه‌نینم دێت، كاتێك ده‌ڵێن. ئه‌وه بیركردنه‌وه‌یه‌كی ته‌واو كوردانه‌یه، ئاخر تۆ چی به‌ئه‌نترۆپۆبۆژێك ده‌ڵێی كه شوێن ژیانی شوقه‌كانی مانهاتانه‌و له‌خوێندنه‌وه‌یدا بۆ ریتواڵ‌و ره‌مزه كه‌لتورییه‌كانی تیره‌كه‌ی ئه‌فریقا، به‌قه‌د سه‌رۆكی هۆزو بگره زیاتریش له‌و شاره‌زایه. ئاخر كێ جورئه‌ت ده‌كات بڵێ: به‌ڕاست بیركردنه‌وه‌یه‌كی ته‌واو ئه‌فریقییانه بوو.
ئیشكالییه‌تێكی دیكه كه رۆشنبیری كوردی به‌گشتی به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنێ، به‌بڕوای من، ئیشكالییه‌تی كه‌ره‌سته‌ی كار له‌سه‌ركردنی خودی رۆشنبیری خۆیه‌تی. به‌كورتی، تا ئێستاش ئینسانی رووت كه‌ره‌سته‌ی كار له‌سه‌ركردنی رۆشنبیری كورد نه‌بووه. یه‌كێك له‌ره‌خنه‌گرانی رووس به‌راوردێك له نێوان دوو نووسه‌ری وه‌ك تۆرگنیف‌و دۆستۆڤسكیدا ده‌كات‌و ده‌ڵێ: لای تۆرگنێف که‌ره‌سته‌ی نووسین ئینسانێکه و لای دۆستۆڤسكیش كه‌ره‌سته‌ی نووسین ئینسانه. پرۆسه‌ی گۆڕانی مێژووی ئینسانێک بۆ ئینسان هه‌ر به‌ته‌نها ئاڵوگۆڕێك نییه له‌ناوێكی ناسراوه‌وه بۆ نه‌ناسراو. به‌ڵكو ده‌رچوونه له‌چوارچێوه لۆكاڵییه‌كان‌و ته‌ماشاكردنی ئینسانه وه‌ك كائینێكی رووت. ئیتر له‌رۆمانه‌كانی دۆستۆڤسكیدا، ئه‌وه هه‌ر به‌ته‌نها ئینسانێكی رووسی نییه سه‌ر گوزشته‌ی خۆیمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه، به‌ڵكو ده‌ردو خولیا‌و غه‌مه وجودییه‌كانی ئینسانه دێنه‌گۆ. هۆكاری سه‌ره‌كی چه‌قبه‌ستنی ئه‌م رۆشنبیرییه له‌ده‌وری ئینسانێكدا كه باشترین گوزارشت لێی ئینسانی كورده، هۆی ئه‌و باڵاده‌ستییه بێهاوتایه‌ی یه‌كێك له ئایدۆلۆژییه‌كانی مۆدێرنێته‌یه له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا كه ئه‌ویش ناسیونالیزمه. پرۆژه‌ی رۆشنگه‌ری له دۆخه ئه‌وروپییه‌كه‌یدا، چه‌ندین ره‌وت‌و تێڕوانینی فیكری ده‌خاته به‌رده‌می ئێمه. ئینسان له‌دیدی لیبراڵدا، جێگایه‌كی هه‌یه كه له‌چوارچێوه فیكرییه‌كانی ئاینی مه‌سیحیدا وانییه. سه‌رتاپای رۆشنبیری كوردی له‌دوای قۆناغی كلاسیكه‌وه، به‌جیا له ئینسانێكی میللی پێناسه‌یه‌كی ترمان سه‌باره‌ت به ئینسان پێناڵێت، تۆ له‌شیعره‌وه بگره، بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر نه‌خۆشی، له‌نیگاركێشانه‌وه بگره بۆ گۆرانی، به‌جیا له‌ناسیونالیزم‌و دیدی ئه‌و بۆ ئینسان، سروشت، خۆشه‌ویستی، هیچی تر نابینیته‌وه.
به‌شێك له‌و پرۆژه هیومانیستییه‌ی كه شه‌رمنۆكانه لای گۆران ده‌رده‌كه‌وێت، له‌سه‌ر ده‌ستی نووسه‌ران‌و شاعیرانی حه‌فتاكاندا، سه‌رده‌بڕدرێت‌و ئینسان ده‌كاته‌وه به پاشكۆی خاك. ده‌بێته‌وه به‌كه‌ڵ‌و باز، له‌كاتێكدا لای گۆران‌و مه‌وله‌وی، جوانی سروشت، به‌بێ بوونی یار، ناته‌واوه. به‌ڵام ده‌كه‌وینه‌وه دۆخێكه‌وه، كه به‌زه‌قی ده‌بێ نووسه‌ران‌و رووناكبیران هاوار بكه‌ن، گه‌ر خاك “كوردستان” نه‌بێت، ئێمه هه‌ر نین. گه‌وره بوون‌و گه‌شه‌كردنی ئه‌م موقه‌ده‌سه سیاسیه له‌ناو رۆشنبیری كوردیدا، سه‌ر تاپای ئه‌م رۆشنبیرییه ده‌كاته رۆشنبیرییه‌كی یه‌ك ره‌نگ. تۆ ئه‌گه‌ر به‌رهه‌می زۆرێك له‌نووسه‌رانی كورد وه‌ربگێڕیته سه‌ر زمانی كوردی، هه‌مه‌ڕه‌نگی له‌فیكردا نابینێت. له‌كاتێكدا ئه‌م دیارده‌یه بۆ دیارده‌ی رۆشنبیری له‌ئێران‌و هندو ته‌نانه‌ت توركیاشدا، وا نییه.
ئیشكالیه‌تێكی تر، به‌بڕوای من، نه‌بوونی كادری تایبه‌تمه‌ندی بواره جۆر‌و جۆره‌كانه. چۆن پیاوانی سیاسی ئێمه وه‌ڵامی هه‌موو پرسیارێكییان پێیه، له‌كێشه ته‌ندروستییه‌كانه‌وه بۆ گرفتی ئه‌زمه ئابورییه‌كان، به‌هه‌مان شێوه‌یه‌ش، رووناكبیری ئێمه، فۆكۆناسه‌و له‌لیڤی شتراوس ئه‌نترۆپۆلۆژتره‌و، شاره‌زای ته‌واوی ترادسیۆنه جۆره‌كانی ناو زانستی ده‌روونناسییه. به‌بڕوای من، ئیشكالییه‌تی گه‌وره له‌ناو رووناكبیری كوردیدا هه‌یه كه به‌درێژتر ده‌كرێ قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت. له‌ئیشكالییه‌ته‌كانی زمانه‌وه، تا جێگا‌و رێگای ناوه‌نده رۆشنبیرره‌كانی وه‌ك زانكۆ. بۆیه ئه‌م وه‌ڵامه‌م لێره‌دا پێ كافییه.
ستیڤان: تاوه‌كو ئێستا وا بیر له‌رۆشنبیر كراوه‌ته‌وه كه ده‌بێت په‌یوه‌ندیی ئه‌و به‌ده‌سه‌ڵاته‌وه به فۆڕمێكی ئۆپۆزسیۆنانه بێت، یان به‌واتایه‌كی تر رۆشنبیر وه‌ك نه‌یارێكی شلگێڕو سه‌رسه‌ختی ده‌سه‌ڵات به‌تایبه‌ت ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بینراوه‌ته‌وه، من له‌م ده‌رفه‌ته‌دا ده‌پرسم ده‌بێت په‌یوه‌ندی رۆشنبیر به‌ده‌سه‌ڵاته‌وه چۆن بێت؟ ئایا په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆپۆزسیۆنانه بێت یان به‌فۆڕمێكی تر؟
به‌كر ئه‌حمه‌د: به‌بڕوای من، ئه‌م دیده بۆ رۆشنبیر به‌گشتی، دیدێكی زۆر خۆرهه‌ڵاتیانه‌یه‌و له‌مڕۆكه‌ی سویددا، ناكرێ ئاوا پرسیاره‌كه فۆرمولێره بكرێت. بێگومان قسه له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی ئه‌و به‌ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه باسده‌كه‌م. سه‌ره‌تا ده‌بێ ئه‌وه بڵێم، كه ئۆپۆزسیۆنبوون له‌خۆیدا، پیرۆز نییه‌و جێگای شانازییه‌كی گه‌وره نییه. بۆ ئیسنان پێی وایه ده‌بێ له‌ریزی “قوربانییه هه‌میشه‌ییه‌كانی مێژوودا” بێت. ئۆپۆزسیۆنبوونی ئه‌به‌دی، یانی غایبوونی نه‌یارێكی شلگێڕو سه‌ره‌سه‌ختی ده‌سه‌ڵات. من پێموایه، ئه‌گه‌ر به‌شێك له‌و بنه‌ما سه‌ره‌تاییانه‌ی كه‌په‌یوه‌سته به‌حورمه‌ت‌و رێزی ئینسانه‌وه، دادپه‌روه‌یی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئازادییه‌وه رێزی لێ‌گیرا، ده‌كرێ ره‌خنه‌كان بۆ فراوانكردنی پانتاییه‌كی ئه‌م بوارانه، ئۆپۆزسیۆنانه نه‌بێت. ئیسنان به‌گشتی ده‌بێ دیدێكی ره‌خنه‌گرانه‌ی له‌به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگا‌و ده‌سه‌ڵاتدا هه‌بێت، به‌ڵام ده‌شكرێ ئۆپۆزسیۆن نه‌بیت. ئه‌م تێڕوانینه بۆ ده‌سه‌ڵات، له‌جێگایه‌كه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه هه‌موو جۆره‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ره‌فز ده‌كات‌و دیدێكی ته‌واو ئانارشیستییانه‌ی بۆ ده‌سه‌ڵات هه‌یه. به‌ڵام ده‌سه‌ڵات هه‌میشه ناشیرین نییه. به‌وه‌یش كۆمه‌ڵگای ئێمه، به‌جیا له‌گواستنه‌وه‌ی میراتی سه‌ركوتگه‌ری له‌په‌یوه‌ند به ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا، هیچ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی نییه، بۆیه شكڵی ئه‌م په‌یوه‌ندییه، ئه‌و پرسیاره‌ی سه‌ره‌وه به‌رهه‌مده‌هێنێت. به‌بڕوای من، ئه‌وه‌ی كه بۆ من جێگای هه‌ڵوێستی تایبه‌تییه له‌په‌یوه‌ند به‌په‌یوه‌ندی رۆشنبیر به‌ده‌سه‌ڵاته‌وه، جێگا و رێگای ئینسانه له‌هاوكێشه‌كانی پراكتیزه‌كردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی من له‌په‌یوه‌ند به‌ده‌سه‌ڵاتی كوردییه‌وه ده‌ست نیشانده‌كات، غایبوونی حورمه‌تی ئینسانی ئینسانه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌یه بۆ نموونه له‌په‌یوه‌ند به‌كێشه‌ی نه‌بوونی ئاودا، نه‌ك یه‌كێتی بوون یاخود پارتی بوونی ده‌سه‌ڵاته‌كه. كاتێك ئینسان له‌م دیده‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌ڕوانێ، خاڵی پێكدادان‌و به‌ریه‌ككه‌وتنه‌كان‌و لێچوونه‌كانیش له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا ده‌بینێت.
ستیڤان: ده‌بینین ململانێ‌و گوتاری نووسین‌و بڵاوكردنه‌وه له‌كوردستان له‌ئاستێكی هێنده نزمدایه كه خاڵی بووه‌ته‌وه له‌هه‌ر داهێنان‌و خوڵقاندنێكی دیالۆگ، به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك نووسین به‌های خۆی له‌ده‌ستداوه‌و هیچ به‌یاخێكی نه‌ماوه ئه‌وانه‌شی ده‌نوسرێن سه‌ر له‌به‌ریان كۆپی‌و جووینه‌وه‌ن، ئایا ئه‌م كێشه‌یه پابه‌نده به‌هه‌ژاریی كه‌له‌پووری رۆشنبیری ئێمه یاخود وابه‌سته‌یه به‌خودی تاكی نووسه‌ره‌وه كه بێ توانایه له‌داهێنان‌و خسته رووی تێز‌و بیرۆكه‌ی نوێ؟
به‌كر ئه‌حمه‌د: له‌غیابی چه‌مكی:”به‌بڕوای من”دا، دیالۆگ ناخوڵقێت. من یه‌كه‌مجار، “به‌بڕوای من”م له‌زمانی كچه‌كه‌مه‌وه بیست له‌سوید كه‌هه‌ستمكرد یه‌ك چه‌كوشی گه‌وره‌ت داوه به‌سه‌رمدا، ئاخر پێش ئه‌وه، نه‌مامۆستاو نه باوك، نه به‌رپرسی شانه‌ی حزبی، نه مه‌لای مزگه‌وت نه دایك، كه‌سیان نه‌یان وتبوو، به‌بڕوای من. “به‌بڕوای من”، چیرۆكێكی سه‌رگوشته‌ی بیرێكه كه من بڕوام پێیه‌تی، ده‌كرێ راست بێت، ده‌شكرێ هه‌ڵه‌بێت. ئه‌م رسته بچكۆله‌یه كه له‌زمانی كوردیدا، مێژوویه‌كی درێژی نییه، هه‌ر بۆیه له‌كلتوری ئاخاوتنی ئێمه‌دا، بوونی نییه. “ده‌بینین ململانێ‌و گوتاری نووسین‌و بڵاوكردنه‌وه له‌كوردستان له‌ئاستێكی هێنده نزمدایه كه خاڵی بووه‌ته‌وه له‌هه‌ر داهێنان‌و خوڵقاندنێكی دیالۆگ”، ئه‌م ده‌ربڕینه هێنده‌ی په‌یوه‌ندی به‌كه‌شوهه‌واری سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌وه هه‌یه، كه‌متر په‌یوه‌ندی به‌جیهانی نووسینه‌وه هه‌یه. ناكرێ تۆ ئینسان له‌سه‌ر ده‌نگ نه‌دان به‌فڵانه حزب له‌كاره‌كه‌ی ده‌ربكه‌یت، هاوكاتیش چاوه‌ڕێی ئه‌وه بیت، له‌ئاخاوتندا گوێ له‌یه‌كبگرن. ئه‌م پرۆسه‌ی یه‌كدی قبوڵكردن‌و گوێله‌یه‌كگرتنه، كاتێك بوو به‌مۆدێلی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، ئه‌و كات ده‌بێته جۆرێك له كلتوری كۆمه‌ڵایه‌تی. كاتێك پاش 12ساڵ له‌ده‌سه‌ڵاتی سۆسیالدیموكراته‌كانی سوید، له هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2006دا له‌به‌رامبه‌ر هێزه بۆرژوازییه‌كاندا دۆڕاندییان، هاوڕێیه‌كی كوردم كه سۆشیالدیموكراته، هێند دڵته‌نگ بوو، كه بۆ سۆشیالدیموكراتێكی سویدی هاوڕێ ببوره جێگای سه‌رسوڕمان:” ئه‌و دڵته‌نگییه‌ی بۆ چییه، ئاخر ئه‌وان، په‌یامێكی رۆشنتریان له‌ئێمه پێبووه بۆ كۆمه‌ڵگا، بۆیه بردییانه‌وه”. به‌ڵام بۆ سۆشیالدیموكراتێكی كورد، ئاسان نییه ده‌سه‌ڵات بدرێته ده‌ست هێزێكی دیكه. به‌بڕوای من، كاكی سۆشیالدیموكراتی كورد، له‌ئاسته سایكۆلۆژییه‌كه‌یدا، هێشتا له‌باری رۆحییه‌وه، به‌لۆژیكی ئاڵوگۆری ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كوردستان مامه‌ڵه‌ی ده‌كرد كه ره‌گێكی گه‌وره‌ی كلتوریی هه‌یه له‌ناخیدا. بۆ وه‌ڵامی ئه‌م به‌شه له‌پرسیاره‌كه:” له‌ئه‌ندازه‌یه‌ك نووسین به‌های خۆی له‌ده‌ستداوه‌و هیچ بایه‌خێكی نه‌ماوه ئه‌وانه‌شی ده‌نووسرێن سه‌ر له‌به‌ریان كۆپی‌و جووینه‌وه‌ن، ئایا ئه‌م كێشه‌یه پابه‌نده به‌هه‌ژاریی كه‌له‌پوریی رۆشنبیریی ئێمه یاخود وابه‌سته‌یه به‌خودی تاكی نووسه‌ره‌وه كه بێ توانایه له‌داهێنان‌و خسته رووی تێز‌و بیرۆكه‌ی نوێ؟
به‌بڕوای من، ده‌بێ ئێمه جیاكارییه‌ك له‌نێوان نووسین‌و نووسه‌ردا بكه‌ین. هه‌موو تێكستێكی نووسراو و بڵاوكراوه، ناكرێ خاوه‌نه‌كه‌ی بكاته نووسه‌ر. به‌شێكی گه‌وره‌ی به‌رهه‌می نووسراوی رۆژنامه‌گه‌ری ئێمه، چ له رۆژنامه‌کاندا و چ له‌سایته‌كانی ئه‌نته‌رنێتدا، ده‌چێته خانه‌ی “ره‌ئی” تایبه‌تی كه‌سێكه‌وه. من پێشوو تر ئاماژه‌م به‌تووشی شۆكبوونی خۆمدا كاتێك كچه پێنج ساڵانه‌كه‌م بۆ یه‌كه‌مجار وتی “به‌بڕوای من”. زۆرێك له كێشه گه‌وره‌كانی كۆمه‌ڵگای ئێمه، له‌نه‌بوونی چه‌مكی “به‌بڕوای من‌و نه‌وتنی ره‌ئێكه‌وه” بووه. كاتێكیش رژێم ده‌ڕوخێ، كاتێك رۆژنامه ده‌ركردن ده‌بێته مۆده، كاتێك، ئه‌نته‌رنێتبوون سنووره‌كانی ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌كه‌ره‌سته‌كانی چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌دا ده‌خرێته سه‌ر پشت، ئه‌و كاته ده‌رفه‌تی وتنی “به‌بڕوای من بۆ ده‌ربڕینی ره‌ئێك”، ئه‌و گه‌ڕه‌لاوژێییه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه وه‌ك له كوردستاندا. به‌ڵام هێشتا ئه‌مه وه‌ڵامی ته‌واو نییه. چونكه، من له‌شوێنێكی دیكه‌ی ئه‌م وه‌ڵامه‌داـ ئاماژه‌م به‌سیحرو ئه‌فسانه‌كانی وشه‌ی “رۆشنبیر”دا له‌زمانی كوردیدا كه نه‌خوێنده‌واری له‌ده‌روونی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا دروستی كردووه. بۆیه كه‌سێك كه ته‌نها وتارێکی بچكۆله‌ش ده‌نووسێ، پێی وایه نووسه‌رێكی گه‌وره‌یه. من له‌هیچ شوێنێكی ئه‌وروپادا نه‌مبینیوه، پله‌ی خوێندن ببێت به‌پشتگێری ناو‌و خه‌ڵكی پێبناسرێته‌وه. به‌ڵام له‌زمانی كوردیا، ئه‌ندازیار فڵانه كه‌س، مامۆستا فیساره كه‌س، حاكم رزگار‌و هتد، زۆر ئاسان له‌نووسین‌و وتاردا بڵاوده‌كرێته‌وه. بێگومان ئه‌مه بۆ ناساندنی كه‌سه‌كه نییه كه كارمه‌ندی تایبه‌تمه‌ندی بوارێكه، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر باسی خڕۆكه سووره‌كانیش بكرێت، نووسه‌ری وتاره‌كه ده‌نووسێت، حاكم فڵانه‌كه‌س. به‌شێكی زۆری ئه‌و نوسینانه‌ی كه له‌رۆژنامه‌گه‌ری ئێمه‌دا بڵاوده‌كرێنه‌وه، به‌رهه‌می كاری “نووسه‌ران”و رۆشنبیران نین. به‌ڵكه بۆچوونی هه‌ر هاوڵاتییه‌كه كه سه‌ركوت رێی پێنه‌داوه ده‌رده دڵییه‌كانی خۆی بخاته سه‌ر كاغه‌ز. به‌ڵام ده‌شكرێ لێره‌و له‌وێ، خه‌یاڵ‌و شتی جوانی تیا به‌دی بكه‌ین.
ستیڤان: زمانی نووسین له‌میدیاو پێگه‌كانی بڵاوكردنه‌وه یا زمانێكی زیاد له‌پێویست توند‌و زبره، یان به‌واتایه‌كی تر وشه رۆڵی گولله ده‌بینێت‌و میكانیزمێكه بۆ سڕینه‌وه‌ی ئه‌وتری به‌رامبه‌ر، ئایا مافی ئه‌وه‌مان نییه بڵێین زمان‌و گوتاری رۆشنبیری ئێمه هێشتا له‌دێوه‌زمه‌ی دیدێكی شه‌ڕانگێزانه‌و كلتوری له‌ناوبردن‌و تواندنه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر رزگاری نه‌بووه؟ ئایا كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه فۆرم‌و ته‌رزێكی تر بدۆزینه‌وه بۆ نووسین جیا له‌م شێوازه باوه‌ی كه‌لیپاو لیپه له‌رۆحی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌و تێكشكاندن؟
به‌كر ئه‌حمه‌د: به‌جۆرێك له‌وه‌ڵامه‌كانی سه‌ره‌وه‌دا ئاماژه‌م به‌زبری زمانی نووسین‌و كلتوری یه‌كدی قبوڵنه‌كردندا، به‌ڵام با كه‌مێك وردتر قسه بكه‌ین. به‌یانییه‌كی هاوینی ئه‌مساڵ، چووبووم نانی گه‌رم‌و هه‌ندێك به‌رچایی بكڕم. جۆرێك له‌باستورمه‌ی تایبه‌ت هه‌یه له‌هاویندا ده‌فرۆشرێت كه‌وه‌رزی برژاندنه له‌سویددا. كڕیارێكی ئافره‌ت به‌و كرێكاره‌ی له‌و دیو یه‌خچاڵه شوشه‌ییه‌كه‌وه وه‌ستابوو، ده‌ڵێ:” ئه‌و جۆره له‌باستورمه‌ی.. نابینرێت. من له‌زۆر شوێنی تریش سۆراخم كردووه، نه‌مبینیوه. ده‌كرێ وه‌رزی برژاندن بێ له‌سویدداو ئه‌م باستورمه‌یه نه‌بێت؟” كرێكاری دوكانه ده‌ڵێ:” ناتوانم وه‌ڵامت بده‌مه‌وه، به‌ڵام منیش نه‌مبینیوه، ئێستا بۆتكردم به‌پرسیار”. كڕیار دووباره ده‌ڵێ:” مه‌راقێكی گه‌وره‌م بوو. به‌ڵام شوێنێكی لێره باشترك به‌خه‌یاڵدا نه‌هات ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییه‌ی تیا ده‌ربڕم لای ئێوه نه‌بێ. هیوادارم تۆش لێموه‌رگریت”.
كرێكاری مه‌غازه‌كه:” به‌سینه‌یه‌كی فراوانه‌وه ئه‌م پرۆتێسته‌ت لێوه‌رده‌گرم، دڵنیابه له‌گه‌ڵ به‌رپرسی به‌شی گۆشت‌و باستورمه‌ی مه‌غازه‌كه‌دا باسیده‌كه‌م. لای منه‌وه، پڕۆتێسته‌كه‌ت، ده‌گاته شوێنی خۆی “من شادمان ده‌بم به‌ئاخاوتنێكی كورتی دوو هاوڵاتی. چه‌ند خۆشه به‌یانییه‌كی نوێ به‌مجۆره ده‌ستپێبكه‌یت.
به‌ڵام مه‌به‌ستی من، له‌هێنانه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆكه، بۆ ئه‌م روونكردنه‌وه‌یه‌یه. به‌عس نایه‌ڵێ خه‌ڵكی كوردستان بڵێ: به‌بڕوای من. پارتی‌و یه‌كێتی له‌به‌رانبه‌ر یه‌كتریدا هه‌مان شت ده‌كه‌ن. كاتێك “حسك” ده‌یه‌وێ شتێكی دیكه بڵێ، یه‌كێتی پیای ده‌كێشێ. به‌هه‌مان شێوه بۆ ئه‌و مێژووه درێژه‌ی هه‌موومان ئاگادارین. به‌كورتییه‌كه‌ی، ئه‌وه هه‌ر نه‌بوونی كلتوری ده‌ربڕینی “به‌بڕوای من” نه‌بووه ئه‌م توندوتیژییه‌ی له‌ته‌واوی ستراكچه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌رهه‌مهێناوه. به‌ڵكو كلتوری “گوێ له‌یه‌كنه‌گرتنیش” گوم بووه له‌كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا، به‌بڕوای من، ئه‌م دوالیزمه، هه‌میشه له‌پاڵ یه‌كدا ئاماده‌ییان هه‌بووه، به‌ڵام ئێمه كه‌متر ئاماژه‌مان به‌كلتوری گوێله‌یه‌كنه‌گرتن داوه. كاتێك گوێمان له‌یه‌كگرتووه، كه به‌كه‌ره‌سته‌كانی جه‌نگه‌كانی یه‌كترییه‌وه، له‌به‌رامبه‌ر یه‌كدا هاتبینه گۆ. ئاخر نووسه‌ران‌و رووناكبیران كوڕی ئه‌م كلتوره‌ن، بۆیه بۆیه ئاسان نییه كه‌لێی ده‌رباز بن. به‌بڕوای من، به‌شێكی زۆر له‌كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئێمه، په‌یوه‌ندی به‌و جۆره له‌پراكتیزه‌كردنی كایه‌ی سیاسه‌ته‌وه هه‌بووه له‌م وڵاته‌دا. كاتێك كونده‌په‌پوو له‌زمانی كوردیا هاوتا ده‌كرێته‌وه به سیمبولی قاتوقڕی‌و خوێندن بۆ نه‌هامه‌تی‌و له‌زمانی سویدیشدا ده‌بێته‌وه به‌سیمبولی، باڵنده‌یه‌كی عاقڵ كه له‌ته‌نیایی هه‌ڵنیشتنیدا، خه‌ریكی بیركردنه‌وه‌یه، زۆرێك له‌كۆده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی دوو كۆمه‌ڵگامان بۆ ئاشكرا ده‌بێت، كه به‌دوو مێژووی جیاوازدا تێپه‌ڕیون.
به‌كر ئه‌حمه‌د: له‌دایكبووی سلێمانی (1964)
ده‌رچووی به‌شی ئه‌ندازیاری “بیناو ئینشائات”ی دانشگای ته‌كنه‌لۆژیای به‌غدا.
باوكی په‌ریاو ئارۆن،
دیوانێكی شیعری به‌ناوی ته‌ماڵ له‌سوید چاپکردوه
دیوانێكی دی ئاماده ره‌نگه هه‌ر چاپ نه‌بێ.
ده‌یه‌ها وتار‌و لێكۆڵینه‌وه كه له‌رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كانی ناوه‌وه‌و سایته‌كانی ده‌ره‌وه‌دا
هه‌ڵسوارێكی مه‌ده‌نی دیفاع له‌مافی په‌نابه‌ری‌و چالاكی بزوتنه‌وه‌ی سه‌ندیكایی سوید.
بێژه‌رێكی به‌قسه‌ی خه‌ڵك، باشی رادیۆی هاوپشتی،
پیاوێك چه‌ند مانگێكه جگه‌ره‌ی ته‌رككردووه.
له‌سه‌ر ئه‌م ماڵپه‌ڕه، هۆده‌یه‌كم له‌ماڵێك له‌ئاسمان گرتووه به كرێ، ده‌كرێ، هه‌ر ساتێ ویستت، به‌بێ ته‌قه‌دان له‌ده‌رگا سه‌ردانی بكه‌ی. http://hemin.dk.ba.htm
ئه‌م دیمانه‌یه له ژماره (26)ی پایزی 2007 گۆڤاری (بیاڤ) بڵاوبۆته‌وه.