لەلیستە سیحراوییەکەی مارینزەوە بۆ لیستی شیندڵەر

 

 

چەند ڕۆژێکە باس و جەدەلێکی گەورە لەسەر ئەو لیستەی گوایە بەدەست هێزەکانی ئەمریکاوەن و ناوی چەندەها کەس لە بەرپرسیارانی هەر دوو حزبە گەورەکەی کوردستانی تیادایە، بووەتە جێگای مشتومڕی گەورەی مێدیاکانی دەرەوە.

بۆ هەندێک کەس وەک شۆکێک تەماشادەکرێت و هەندێکی تریش پێیانوایەپاککردنەوەی حیزبە کوردییەکان لەم دەنگانە، بەشکم ئاڵوگۆڕێکی گەورە پێکبێنێت لە ئاستی پاککردنەوەی حزب لە جومگە بەعسیەکانی ناوی.

  “ئەی بۆچی شەستەبارانی شەڕی ناوخۆ خۆشینەدەکردەوە، ئەی بۆچی هاژەی چەمی خوێنی خوڕی شەڕی ناوخۆ، بەردەوام گوێی کەڕدەکرد، ئەوە چونکە بەشێکی گرنگ لەسەرکردایەتی حزبە کوردییەکان، بەعسی بوون و بە فەرمانی بەعس شەڕی ناوخۆیان هەڵدەگیرساند و درێژەیان پێدەدا” (1)

ئەم دێڕانەی کە بە خامەی حەمە سەعید حەسەن تۆمارکراون، ڕەنگە گرنگترین  دەرئەنجامێک بێت کە زۆرێک لە خەڵکی کوردستان و رۆشنبیرانی کوردی بەدەستی بێنن. ئەم وشانە چەند خۆشبەختانە دێتە سەر کاغەز، هێندەش لە گەورەکردنەوە و سیحراویکردنەوەی دەسەلاتی ناسیۆنالیزمی کورددا، ئەم هەستی خۆشبەختییە دەخنکێنێت. بەڵام ئاخر، ئەم لیستە زەربەی کاریگەر لە هەناوی حزبەکانی ناسیۆنالیزمی کورد دەوەشێنێ؟ ئەدی چۆن ئەم دەسەڵاتە سیحراویتر و گەورەتر دەکاتەوە؟ پرسیارێکە و بە مێشکی زۆر کەسدا دێت.  

  بە جیا لەم لیستەش، باس و جەدەلی “ئایا کۆتایی سەددام  کۆتایی بەعسیزمە” ، لایەنێکی گەورەی ئەو جەدەلە ڕووناکبیرییەی ئەمڕۆی ڕۆژنامەکانی کوردستانە. دامەزرێنەرانی ئەم باسە، وەک کەشفی حەقیقەتێکی تازەیان کردبێت، بە نەخێر، وەلامی ئەم پرسیارە دەدەنەوە. جا هەزاران لە خەڵکی کوردستان کە ئەم کولتوری بەعسیزمەی کوردیان بە خوێن و گۆشت تاقیکردەوە و نانبڕاوی ئەوە کران کە دەبوایە لە لیستی سەوزدا بن بۆ کارکردن وەک مامۆستا، یان دەبێ شار و ماڵی خۆیان جێبهێڵن و “تەرحیل”ێکی کوردانە بکرێن بەوەی کە ڕۆژێک پارتی یان یەکێتی بوون، دەبێ چ دەرئەنجامێک لە دامەزراندنی ئەم باسە دەربکێشن؟. بەلام بەشێک لەو دەرئەنجامانە، هاوتەریبە بەو نەتیجەگیرییەی کە سیحری کەشفکردنی  لیستەکەی مارینز، گێڕەرەوەیەتی. با سەرنجێکی کورت لەم دەرئەنجامەی ڕێبین هەردی بدەین لە ڕۆژنامەی (هاولاتی) دا و بێینەوە سەر باسی لیستە سیحراوییەکە.

ڕێبین دەنووسێ:” تۆ تەماشای ڕاگەیاندنی ئەم حزبانە بکە، هەر لەگەڵ گۆڕانی کادرەکانی بەڕێوەی دەبەن، یەکسەر سیاسەتی کۆی ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنەکانیان دەگۆڕدرێت. لێرەوە لەو هەڵکشان و داکشانە تێدەگەین کە وەک کودتایەک لە  نێوانیاندا دەردەکەوێت، لەپڕ لەو سەری کرانەوەوە ، بۆ ئەوپەڕی داخران و بە پێچەوانەوە. دیارە ئەمە خۆی خاڵێکی ئیجابییە و ئەوە دەسەلمێنێت، کە تۆتالیتارییەت لە حزبە کوردییەکانی ئێمەدا بەرنامەی کار و ستراتیژێکی هەمیشەیی نییە، بەڵکو نەزعەیەکە لە ناو هەندێک کادردا هەیە کە بەرژەوەندییان لەهەلومەرجێکی وادا هەیە. تۆتالیتارییەت لە ناو حزبەکانی ئێمەدا بەرنامەی کار و پلانی شاراوە نییە، بەڵکو مەیلێکە لە ناو هەندێک لە کادرانی حزبدا هەیە. بە گشتیش زۆر تر لای ئەو کادرانە هەیە، کە پێشتر خۆیان بە مارکسی زانیوە ، واتا قوتابی ئەو تیۆرەیە بوون کە یەکێک لە گەورەترین ئەزموونە تۆتالییتارییەکانی سەدەی بیستی لێکەوتەوە.”  (2)

بۆ ڕێیین و بەشێکی زۆری نووسەرانی کە” کۆتایی سەددام و کۆتایی بەعسیزم” بڕشتی قەڵەمەکانیان دەردەخات، دەکرێ ناسیۆنالیزمی عەرەب  سیستەمێکی تۆتالیتاری بداتەدەر،  بەڵام لە ناو ناسیونالیزمی کوردا، ئەوە تۆتالیتاریزم زادەی ئەو گیاکەڵە ناکوردییانەیە کە لە باخچەی ناسیۆنالیزمی کورددا سەریاندەرهێناوە و بە بژارکردنی ئەم گیاکەڵانە، دەکرێ دیموکراتی کوردی، بدرەوشێتەوە. لەم دیدوبۆچوونانەدا، ئیتر ()ئیسلامی بوون)  هاوتا دەبێتەوە بەوکەسەی خۆی لە قاوەخانەدا دەتەقێنێتەوە و (مارکسی بوون)  یەکساندەکرێتەوە بە جەللاد. 

ڕەنگە مەدالیای بوێری و ڕادیکاڵبوونێک کە بەبەرۆکی (هاوڵاتی)دا هەڵدەواسرێت، لەخستنەسەرکاغەزی ئەم بۆچوونانەدا بێت. لە کاتێکدا، ئەم بۆچوونە، هێندەی دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی کورد گەورەتر دەکات و لە بێگەردیدا دەیهێلێتەوە، واشدەکات کە هیچ گوتارنووسێکی  حزبی ڕۆژنامەکانی کوردستان، نەتوانێت ئاوا لە بێبەریکردنی سیستەمێک دیفاع بکات. 

تۆتالیتاریزم، یان بە زمانێکی تر، ئامادەیی بەعسیزم وەک سیستەمێکی پراکتیزەکردنی دەسەڵات، لە چڵەپۆپەی ئەم ڕەخنەیەدا، نەک وەک سیستەمێک سەرنجینادرێتی و بەیەکێک لە ستراکچەری سیاسی ئەم هێزانە تەماشاناکرێت، بەڵکو دەکرێتە کردەوەی تاکە شەخس و کۆی سیستەمی بەرهەمهێنەرەوەی ئەم بەعسیزمە کوردییەی لێ بێبەشدەکرێت.

ئەگەر بەراوردێکی لیستە سیحرییەکەی مارینزیش بکەین و ئەو دەربڕینانەی لەزاری حەمە سەعیدەوە،  وەک جیهانبینییەکی گەورەی کوردی شەڕی ناوخۆ بە کردەوەی (بەعسیە کوردەکان)ی ناو ئەم دوو هێزە لەقەڵەمدەدات  بۆ بەردەوامبوونی “هاژەی چەمی خوێنی خوڕی شەڕی ناوخۆ)، ئەوا بە هەمان شێوە، شەڕی ناوخۆ وەک بەشێک لە ستراتیژ و ناکۆکیە دەروونییەکانی ناسیۆنالیزمی کورد  لەسەر دەسەڵاتی زیاتر، سەرنجینادرێتی و ئەم تاوانە گەورەیەی بە رانبەر خەڵکی کوردستان ئەنجامدرا، دەکرێتە کردەوەیەکی شەخسی و کۆی سیستەمی بەرپرسیار لە خوڵقاندنی ئەم جەنگەدا دەربازدەکرێت. 

ئەوەی کە تۆتالیتاریزمی ناسیۆنالیزمی کورد، نەک وەک بەشێک لە ستراکچەری ئەم هێزە کە ئامانجدارانە کاری بۆدەکات و شەڕی ناوخۆی لێدەکەوێتەوە و هەزاران لە ڕۆژنامە نووسی غەیری بەعسی و گۆرانبێژی غەیری بەعسی کاری بۆدەکەن،  دەبێ بە گەردنی  کۆمەڵێ ڕووخساری تایبەتیدا هەڵواسرێن کە لای “ڕێبین” ئەو تۆتالیتاریستە، (کۆنە مارکسی”یەکانی  ناو یەکێتین و لە دۆخی جەنگی ناوخۆ و ماڵوێرانییەکانی شەڕی ناوخۆدا، بەعسییە کوردەکانی ناو ئەم هێزانەن. ئەمە پوختەی ئەو پەیامەیە  کە لیستە سیحراوییەکەی مارینز، لە دوا ئەنجامەکانی خۆیدا و لە دۆخی ئاشکراکردنیدا پێماندەڵێت.

بەڵام لە نێوان لیستە سیحراوییەکەی مارینز و لیستی “شیندڵەر” ی (ستیڤن سپیڵبێرگ) دا، خاڵی لەیەکچوو و جیاوازی سەیر هەیە. سپیڵبێرگ لە فلیمە بەناوبانگەکەی خۆیدا، سەر گوزشتەی ئەو سەرمایەدارە نازیستەمان بۆ دەگێڕێتەوە  کە لە ڕێگەی بەکارهێنانی ژمارەیەکی هەزار کەسی لە جووە دەستڕەنگینەکانی شارۆچکەیەکی پۆلۆنیاوە، وە لە ڕێگەی لیستێکی ئامادەکراو لەو جووانەی کە دەبوایە لە کارخانەکەی ئەودا کاربکەن،  دەتوانێت ژمارەی لیستەکەی خۆی لەسووتاندن لە کورەکانی ئاوشویتسدا ڕزگار بکات. سپیڵبێرگ لە پاش نیشتنەوە و نەمانی دوکەڵی کورەی ئینسانسووتاندنەکانی نازیزمدا، لە خەونێکی هۆڵیودانەدا، تەماشاچییانی فیلمەکە ڕادەگرێت و پێیاندەڵێت:” ئەگەر بەشێک لە نازیستەکان وەک “شیندڵەر”یان بکردایە، ڕەنگە قسەیەک لە ئاوشویتس نەبوایە.” ئیتر ئەو سۆپەرمانەی کە توانای ڕوونەدانی ئاوشویتسی لە ئەستۆدەگرت دەبێتە “شیندلەر” و “ئەو شیندڵەر”انەی دی ناو نازیمی ئەڵمانی،  کە جێی داخێکی گەورەیە وایاننەکرد.

 “ڕێبین”یش بە شوێن پەیامەکەی “سپیڵبێرگ” دا هاوار دەکاو پێماندەڵی: ئەگەر مارکسییەکانی ناو حزب نەبوونایە، (کەپکی حەمەدئاغا) هاوینەهەوار دەبوو، نەک گۆڕستان.

لیستە سیحراوییەکەی مارینزیش ، بەو جەدەلەوەی کە لە دەوری دروستکراوە، پێماندەڵێ: ئەگەر بەعسییە کوردەکانی ناو هێزە کوردییەکان نەبوایە؟ ئاخ ئەگەر ئەوان نەبوونایە؟ جاچی نەدەبوو؟

 بەڵام چارەسەر چییە؟  وەلانانی ئەم شەخسییەتانە، بە مانای پاککردنەوەی ڕیزەکانی ناسیۆنالیزمی کورد لە و خڵتە  ناکوردانەی کە کوردایەتی باش ناکەن. لەبەر ئەوە بۆ پێشەوە، هەر  سەرکەوتوو بێت حزبەکەمان! 

کەواتە لە هەردوو حاڵەکەدا، شەڕی ناوخۆ و تۆتالیتاریزمبوونی ئەم هێزانە، دەکرێ بە وەلانانی کۆمەڵێک دەمامک، کە حزبی کوردیش ئامادەیی هەیە بۆ وەلانانیان، ببێتەوە بەو ئومێدەی کە کوردایەتی ناسیۆنالیزمی کورد، دێتەوە سەر ڕێچکەی ڕاستەقینەی خۆیی و ئەم مۆتەکەیە لەسەر سنگی حزب و خەڵکی کوردستان لادەچێت. ئەو سیحرەی کە ئەم لیستە لەگەڵ خۆیدا توانای پەخشکردنەوەی سیحری ئومێدێکی زیاتر و بەنجکردنی ئێمەی هەیە، کاتێک کە سیمای کوژراوەکانی شەڕی ناوخۆ، بە زیندووی لەبەر چاوماندا نەماون، وە بە پێی ئەو جەدەلەی کە ئێستا لەسەری گەرمە، بە دووبارە گەورەکردنەوەی سیحر و ئەفسوونەکانی دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی کورد تەواو دەبێت. ئەو سیحرەی کە “مارکسیست” و  بەعسییەکانی ناوی ، نەیاندەهێشت دەربکەوێت.

بەڵام ئایا ئەمریکا لیستە سیحراوییەکە کەشفدەکات؟ بەبڕوای من، بەو شێوەیە نا کە  ناوی زۆرێک لەسەرە گەورەکانی ئەم حزبانەی تیابێت. هۆکارەکەیشی ڕۆشنە. گرفتی گەورەی ئەمریکا لە شکڵپێدانی دەسەڵاتی سیاسی ئێستای عێراق و نەبوونی ئەو ئەڵتەرناتیڤەی کە ئەو بەشوێنیەوەیەتی، ڕێیپێنادات. شەقامی عێراقی و کوردیستانیش بە گشتی بە دژی هێنانەناوەوەی کۆنە بەعسییەکانە و لەلایەکی تریشەوە، سەرە گەورەکانی ناسیۆنالیزمی کورد نزیکترین هاوپەیمانی ئەون. هەر بۆیەش بە کەشفکردنی ناوی ئەوان  هەر ئاوا لەبەرچاوی ڕەئی گشتییەوە ، نایەوێ نیشانەی پرسیار لەسەر دەسەڵاتەکەی خۆی دابنێت. 

دەکرێ پێزانینی ئەمریکا بۆ ناوە گەورەکانی ناو ئەم هێزانە، وەک وەڕەقەیەکی فشاری نهێنی زیاتر بۆ ملکەچکردنێکی زیاتر ئەم هێزانە لە ئاستێکی ژێرەوەیدا، کەڵکی لێوەربگیریت. دەشکری   َ بە کەشفکردنی هەندێک ناو، خەباتی ئەمریکا، بۆ وەلانانی بەعس لە کوردستاندا، سەرنجی کۆمەڵگای عێراقی و کوردی بەڵای خۆیدا ڕاکێشێت .

لە هەر دوو دۆخەکەدا، هەم مارینز و هەم ناسیۆنالیزمی کورد، سیحری زیاتر دەپەخشنەوە، هەمیش کۆی ئەو سیستەمەی کە تائێستا، بەرپرسیارێتی لە دۆخی کوردستان و عێراقدا بینیوە، بە وەلانانی کۆمەڵێک دەمووچاو، دووبارە و بۆ دەورەیەکی تر، خۆی پێناسەدەکاتەوە. هاوکاتیش ئێمە لە چاوەڕوانییەکی دیکەی گەورەدا ڕادەگرێت و لە دۆخی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ماڵوێرانییەکانی ئاییندەدا،  دەبێ لیستێکی تر، ئومێدی باشتربوونی ئەم وەزعەمان پێبفرۆشێت.

 

 (1)                  بەرپرسە کوردە بەعسییەکان ، حەمە سەعید حەسەن، سایتی تریفە

(2)                  ئایا کۆتایی سەدام کۆتایی بەعسیزمە، ڕێبین هەردی هاولاتی ژ 130 لا 9

 
 

 
 

Check Also

سیناریۆی ڕەش، سیناریۆی سپی

سیناریۆی ڕەش، سیناریۆی سپی باسێک دەربارەی ڕەوەندی هەڵومەرجی سیاسی لە ئێراندا نووسینی: مەنسور حیکمەت وەرگێڕانی: …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *