سیاسەتی لێبووردنی گشتیی و ئینسانی خودایی
ئەم وتارە لە بناغەدا بە زمانی سویدی نووسراوە و لە ڕۆژنامەی بەیانیانی “یۆتیبۆریس پۆستن”ی ناوچەکانی خۆرئاوا و باشووری سویددا لە ڕۆژی هەینی 30 ئۆکتۆبەری 2002 دا و لە لاپەڕەی کولتووردا بڵاوکۆاوەتەوە. تێکستی کوردییەکەی وەرگێڕانی هەمان دەقی سویدیەکەی نییە و بە شێوەیەکی فراوانتر کاری لەسەر کراوە.
20ی دیسێمبەری ساڵی 1988ە و لەناو ئۆتۆمبیلێکدا لەگەڵ چەند خزمێکی تری خۆماندا دانیشتووین و چاوەڕوانی گەڕانەوەی هەندێک لەو خزمانەین کە چوون بۆ زیندانی ابو غریب تا تەرمی لە سێدارەدراوی کوڕێکی پوورم وەرگرنەوە. شار بەغدایە و شوێنیش کۆڵانەکانی ئەو دیوی شەقامی جمهورییە. بۆ سەرنجڕانەکیشانی ڕێبوارانی شەقام، هەوڵدەدەین هیچ کەسێکمان سیمایەکی گریاناوی بەخۆمانەوە نیشاننەدەین. دیارە زیاتر مەبەست لە چاوەکانی ئاسایشە، تا لەم ساتە ناسکەدا و لە شارێکی وەک بەغدادا تووشی گێچەڵی زیاتر نەبین. چەند هەفتەیەک دوای لە سێدارەدانی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لەو کاتەدا، سەدام حسین بڕیاری لێبووردنی گشتی زیندانیەکان ڕادەگەێنێت.
سیاسەتی لەسێدارەدان و لێبووردنی گشتی، بەشێک لە سیاسەتی هەمیشەی بەعس بووە لەیەکەم ڕۆژەکانی هاتنەسەرکاری ئەم ڕژێمەوە. وا دیسانەوە ڕژێم لە هەمان گەمەی سیاسی خۆیدا سیاسەتی لێبووردنی گشتی بۆ زیندانیەکان دەردەکات. سەرنجڕاکیش ئەوەیە کە ئەمجارەش لە کاتێکدایە کە ژمارەیەکی تری زیندانیانی سیاسی چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لە سێدارە دران.
بۆ ژورنالیزمی ئەوروپا و ئەمریکا، ئەم هەوالە بە جۆرێک لێکدەدرێتەوە کە جێگای تێڕامانێکی زیاترە. لە “نیویۆرک تایمز”ەوە بۆ “ئۆبزێرڤەر”، لە “ئافتۆن بلادێت”وە بۆ “یۆتێبۆریس پۆستن”
ئەم دەستپێشخەرییەی سەدام حسین بەمجۆرە لێکدەدەدرێتەوە.
“سیاسەتی لێبووردنی گشتی بە تایبەت لەم کاتەدا کە عێراقی پیا تێدەپەڕێت بە مەبەستی کۆکردنەوەی جەماوەری عێراقەوەیە بە دوای تاکە سیمبۆڵی چەوساندنەوەدا کە سەدام حسێنە”
“سەدام حسێن بەم کردارەی هێندەی تر جەماوەرێتی خۆی لە دەرەوەی عێراق دەباتە سەر، هاوکاتیش وەک فاکسێکی ناڕەزایەتییە بۆ سەرکردەکانی عەرەب، بە تایبەتی میسر کە لە زیندانەکانیدا هەزاران لە زیندانیانی سیاسی دیلکراون.”
ئەوەی کە بۆ من جێگای تێرامانە ڕوونکردنەوەی یەکەمیانە. ئەوەی لەم چەند وشەیەدا ڕوونکراوەتەوە لەگەڵ ئەو هەموو دژایەتییانەی کە لە تێکستەکەدا هەیە، دەکرێ خاڵی دەستپێکردن بێ بۆ لێکۆڵینەوە لە سیاسەتی “لێبووردنی گشتی” لە عێراقدا کە من لەم نووسینەدا بە شوێنیەوە دەبم.
پێویست بە لێووردبوونەوەیەکی زیاتر نییە تا بانگەوازی” کۆکردنەوەی جەماوەری عێراق لە دوای سەدام حسێنەوە” وەک هۆکارێکی سیاسەتی لێبووردنی گشتی بەعس سەرنجبدرێت. وەلامەکەشی ڕۆشنە و پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە میکانیزمەکانی دەسەلاتدارێتی دیکتاتۆرییانەی بەعسەوە هەیە لە عێراقدا. “جەماوەر” لە عێراقدا لە هیچ هاوکێشەیەکی سیاسیدا نییە کە پەیوەندی بە بڕیاری سیاسییەوە هەبێت. دەسەلات لە عێراقدا بەوەی دەسەلاتێکی سەرکوتگەرانەی دیکتاتۆرییە، “جەماوەر” دەخاتە دەرەوەی هەموو بڕیاردانێکی سیاسی. لە عێراقدا هیچ کاتێک سەرۆک پێویستی بەوە نەبووە کە بۆ بردنە پێشەوەی پرسیارێکی سیاسی لە جەماوەر بپرسێت. کەواتە ڕوونکردنەوەی لەم چەشنە بە هیچ شوێنێکمان ناگەێنێت لە پەیوەند بە ناوەڕۆکی سیاسەتی “لێبووردنی گشتی”یەوە لە عێراقدا.
ئەوەی بۆ من گرنگە و خالی دەستپیکردن دەبیت لە پەیوەند بە سیاسەتی لێبووردنی گشتییەوە لە عێراقدا، سەرنجدانی ئەم سیاسەتەیە وەک بەشێکی جیانەکراوە لە سیاسەتی “تۆقاندن”ێک کە ڕژێم بە شوێنیەوەیەتی. بە مانایەکی تر، ئەگەر سیاسەتی ئیعدامکردن، چ لە زیندانەکاندا و چ لەسەر شەقامەکاندا، نمایشێکی دەسەلات بووە بۆ تۆقاندن و چاوترساندنی جەماوەر، ئەوا بە بۆچوونی من، سیاسەتی “لێبووردنی گشتی” لە هەمان میکانیزمی تۆقاندنی جەماوەر پەیڕەوی دەکات. بەڵام کەسێک دەتوانێت بپرسێت: مەگەر لە باری سیاسەتی لێبووردندا زیندانی جارێکی تر ناژێتەوە؟ مەگەر ئەوە ژیان نییە دووبارە دەگەڕێتەوە گیانی کەسی فەرمانی مەرگ بەسەردراودا؟ ئەیچۆن دەکرێ سیاسەتی ئیعدام و لێبووردنی گشتی لە هاوکێشەیەکدا کۆبکرێنەوە؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە کەڵکوەرگرتن لە چەمکی “ئینسانی خودایی”، کۆمەککەر دەبێت بەوەی کە بۆچی “لێبووردنی گشتی” دەبێتە هێزنوواندنی دەسەڵات بە مەبەستی تۆقاندنی زیاتری جەماوەر. ڕەنگە کەسیش بەقەد مارکس ڕێنیشاندەر نەبێت لەم پەیوەندەدا
بەناوبانگترین وتەی مارکس کە لە بۆنەی جۆراوجۆردا ئاماژەی پێدەکرێت بریتییە لە:” ئایین ئەفیونی خەڵکە”. لەسەردەمی مارکسەوە بۆ ئەمڕۆ ئایین گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووە و لەوە کەوتووە کە تەنها ئەفیونی خەڵکی بێت. ئەمڕۆ ئایین کوژەری ئینسانەکانە و بزووتنەوە جۆراوجۆرە ئاینییەکان لە هەموو گۆشەکانی سەر زەویدا گەواهی ئەم ڕاستییە دەدەن. بەڵام بۆ تێگەیشتن لە وتە بەناوبانگەکەی مارکس، دەبێ تەواوی دەربڕینی مارکس لە پەیوەند بە ئایینەوە بنووسرێتەوە. مارکس لە “ڕەخنە لە فەلسەفەی حەقی هیگل”دا ئەم وتانەمان بەمجۆرەی خوارەوە بۆ تۆماردەکات:” ..ئایین ئاهی ئینسانی لە تەنگانەدا کەوتووە، دڵی جیهانی بێ دڵە، ڕۆحی هەلومەرجی بێ ڕۆحە، ئایین ئەفیونی خەڵکییە.”(1)
لە ولاتێکی وەک عێراقدا کە مەرگ سیمای هەمە ڕۆژەی کۆمەڵگایە، کە تیایدا ئیعدامکردن تەنها لە کونجی زیندانەکاندا ئەنجامنادرێت و سەر شەقەمەکان و گەڕەکەکان و قوتابخانەکان دەبێتە شانۆی کوشتنی سەربازی هەڵاتوو، ژنانێک کە بە تاوانی لەشفرۆشی لە شەقامەکاندا هەڵدەواسرێن، لە هەلومەرجێکی ئاواهیدا کە دوعای هیچ موسوڵمانیک یان مەسیحییەک توانای ئازادکردنی زیندانییەکی فەرمانی مەرگ بەسەردا دراوی نییە، لە هەلومەرجێکی ئاواهیدا هیچ شتێکی تر نامێنێتەوە جگە لە فراوانبوونەوەی ڕووبەرەکانی “جیهانە بێ دڵەکان”. ئەو جیهانەی کە ئینسان زەڕڕەیەک سۆزی تیا نابێنێتەوە و خۆشەویستی گۆڕدراوەتەوە بە باڵادەستی مەرگ. گومانی تیادا نییە کە لە بەرینبوونەوەی “جیهانێکدا کە دڵی تیا دەرهێنراوە”، کاریگەرییەکانی ئەم دڵڕەقییەی سیستەم بە جۆرێکی تر لە ڕۆحی ئینسانەکاندا ڕەنگدەداتەوە و بالانسی ڕۆحی ئینسانەکان لە ناتەوازونییەکی گەورەدا ڕادەگرێت. هەربۆیەش ئینسان ناتوانێت لە جیهانێکدا بژی و هەناسە بات کە هەم دڵی تیانەماوە و هەم بێ ڕۆحییەکی گەورە تەنیویەتی و بە شوێن ئەوەوەیە کە ئارامییەکی ساتەوەخت لە شوێنێکی تردا بدۆزێتەوە. بۆ مارکس ئایین لەم هەلومەرجەدا ئەو دەرفەتەیە کە ئینسانی دیلکراوی ناو “جیهانی بێ دڵ” و “هەلومەرجی بێ ڕۆح” دەستی بۆ دەبات و ئیمکانی هەناسەدانەوەیەکی ساتەوەختانەی بۆ فەراهامدەکات. بەڵام وەک پێشتر لەوە دوواین کە دوعای هیچ موسوڵمانێک یان مەسیحیەکی عێراق توانای ڕزگارکردنی زیندانییەکی فەرمانی مەرگ بەسەردا دراوی نییە، دەرگاڕاوەشاندنی هیچ غەوز و ئیمام موسایەکی کازم ڕۆڵەی هیچ کەسێک ناهێنێتەوە ماڵ، لەم ساتەدا ئایینی ئاسمانی و سیمبولەکانی ئەو دووچاری شکستێکی گەورە دەبێت. هەر لەم ساتەوەختەدایە کە دیکتاتۆر بۆ دروستکردنەوەی هارمۆنییەک لە ژیانێکی بێ مانادا دێتە سەر شانۆ و ئەو دەرفەتە بە ژێردەستەکانی دەدات کە ئاهێکیان بەبەردا بێتەوە.
ئەمە بەزەیی پیاهاتنەوەیەکی میهرەبانانەی سەرۆک نییە بە کەسانی ژێردەستەی خۆی، بەڵکو ئارامکردنەوەی جیهانی “بێ دڵ”ی ژێر دەسەڵاتی خۆیەتی تا “هەلومەرجی بێ ڕۆح” و “جیهانی بێ دڵ” ئینسانەکان ئاڕاستەی “دڵڕەقییەکی شۆڕشگێرانە” نەکات و بە توڕەییەکی جەماوەری تەواو نەبێت. واتا لەو کاتەدا کە دنیای بێ دڵ و هەلومەرجی بێ ڕۆح بە کەماڵی خۆی گەیوە و ئاهو نزوولەی ئینسانی دیلی ناو ئەم هەلومەرجە دەرفەتێکی تری لەبەردەمدا نەماوەتەوە، سەرۆک دێتە سەر شاشەی تەلەفیزیۆنەکان و بڕیاری لێبووردنی گشتی خۆی بۆ جەماوەر ڕادەگەێنێت. لە ساتەوەختی دەرکردنی بڕیاری لێبووردنی گشتیدا، ئیتر سەرۆک ئینسانێکی سەر ئەرز نییەو بەرزدەبێتەوە بۆ پلەی ئینسانێکی خودایی. لە ساتی لێبووردنی گشتی دەسەڵاتدا، سەرۆک لە پرۆسەیەکی موعجیزە ئاسدا، جارێکی تر پانتاییەکانی دەسەڵاتی هێندەی تر فراواندەکاتەوە و ئاسمانیش داگیردەکات.
لەم ساتەدا سەرۆک ئەو کەسەیە کە ژیان و ڕۆحی کۆمەڵگای بەدەستە و بۆ ژێردەستەکانی خۆی ڕادەگەێنێت:” ئەوا ئەمجارەش دەتانبەخشم”. لەگەڵ دەربڕینی ئەم وشانەدا، سەورۆک تەواوی سیفاتەکانی خودایەکی ئاسمانی لەخۆیدا کۆدەکاتەوە دەبێتە ئینسانێکی خودایی. ئەو ئینسانەی کە تەنها و تەنها توانای ڕەوانەکردنی کەسانی دی بۆ گۆڕستان هەیە و هاوکاتیش دەتوانێت فوو بە دەمی مردووەکاندا بکات و دووبارە زیندوویانکاتەوە.
ئەگەر لە هیچ بڕیارێکی سیاسی دەوڵەتیشدا بەم شێوازەی خوارەوە نەنووسراوە کە “ئەمجارەش دەتانبەخشم” بەڵام مانا شاراوەکانی لێبووردنی گشتی هەر لەم وشانەدا چڕدەبێتەوە.
هەر ئەم مانا شاراوانەی “دەتانبەخشم”ە کە سیاسەتی لێبووردنی گشتی دەبەستێتەوە بە مەبەستەکانی دەسەڵاتەوە بۆ ئیعدامکردن. واتا لە پشت پەیامی لێبووردنی گشتییەوە ئەو هەڕەشەیە ئامادەیی هەیە کە ئیعدام بە زمانێکی تر دەربڕیەتی. بەڵام ڕوونکردنەوەیەکی ترمان پێویستە سەبارەت بە پەیوەندی نێوان جەللاد و قوربانی لە هەردوو حالەتی ئیعدام و لێبووردنەکانی سەرۆکدا تا ئەم وێنەیە زیاتر ڕۆشنبێتەوە..
لە ئیعدامدا پەیوەندی نێوان قوربانی و جەللاد پەیوەندیەکی یەک ئاڕاستەیی نێوان دوو جەستەیە. جەللادێک ڕاوەستاوە و جێبەجێکەری ئەم ڕیتواڵی کوشتنەیە. قوربانی نەک ڕۆژی ئیعدامکردن، بەڵکو لەیەکەم ساتەکانی بیستنی فەرمانی مەرگەوە مردووە. ئەو لەو ڕۆژەدا تەنها ئامادەییەکی جەستەیی هەیە لەبەردەم جەللاددا. لەم ساتەدا ئێمە شایەتی هیچ جۆرە پەیوەندییەکی کۆمۆنیوکاتیڤییانەی نێوان ئەم دوو جەستەیە نین.واتا ئەگەر دەنگێکیش هەبێ کە ببیسترێت، ئەوە تەنها دەنگی جەللادە و قوربانی لە دەنگ بێبەشکراوە.
بەڵام لە دوخی لێبووردنی گشتیدا ئەم پەیوەندیە ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی بەسەردا دێت و دیمەنی شانۆگەریەکە دەگۆڕدرێت بە شتێکی دی. لەم دیمەنەدا جەللاد ئەو کەسە نییە کە لە وشەکانییەوە خوێن دەچۆڕێت، قوربانیش ئەو کەسە نییە کە لەبەردەم جەللاددا کەوتووە. بەڵکو ئێمە شایەتی جۆرە پەیوەندییەکی کۆمۆنیوکاتیڤییانەی زیندووین کە لە سیمای هەردوو ئەکتەری ئەم شانۆگەرییەدا هەستی پێدەکرێت. جەللاد لەم ساتەدا ئەو کەسەیە کە ئیتر بەبەرگی ئینسانێکی میهرەبانەوە دەردەکەوێت و زەردەخەنەش بەسەر لێوانیەوەیەتی. قوربانیش ئەو کەسەیە کە لە دوای ئاخاوتنی سەرۆکەوە، لە مەملەکەتی مەرگەوە دێتەوە و پڕ دەبێتەوە لە ژیان. ئەو بە زەردەیەک وەڵامی سەرۆک دەداتەوە کە هێندەی دی میهرەبانی و دڵگەورەیی سەرۆک دەسەلمێنێت. ڕەنگە هەر ئەم زەردەخەنە گۆڕینەوەی نێوان جەللاد و قوربانی بێت کە وامان لێبکات پێمان وابێ سیاسەتی لێبووردنی گشتی ناخرێتە چوارچێوەی سیاسەتی تۆقاندنەوە کە ئیعدام هەڵگری پەیامەکەیەتی. بەڵام ئەوەی کە گرنگەو زەردەخەنەی نێوان جەللاد و قوربانی ناتوانێت بیشارێتەوە، ئەو گەمەیەیە کە بە چەمکی ژیان و مردن دەکرێت.
لە ئیعدامدا جەللاد بە شوێن ئەوەیە کە بە مەرگ هەڕەشەکانی خۆی پراکتیزە بکات. هەر ئەم پەیامەش بووە کە بە درێژایی مێژوو دەسەڵات کەڵکی لێوەرگرتووە. ئیعدام لووتکەی خۆنمایشکردنی دەسەڵاتە لەبەرانبەر جەماوەردا. خاڵی جەوهەری ئەم خۆپیشاندانەی دەوڵەت و تاکە شیعارێک کە لەسەر پەرچەمەکانی دەسەڵات نووسرابێت، مەرگ بووە. بە واتایەکی تر؛ لە ڕێگای نمایشەکانی مەرگەوە، دەسەڵات ژیان بێ حورمەتدەکات و هێندەی تر کۆمەڵگا ملکەچی خۆی دەکات.
بەڵام لە دوخی لێبووردنە گشتییەکانی سەرۆکدا، ئەم هاوکێشەیە تەواو پێچەوانە دەبێتەوە و بە چەکی ژیان هێندەی تر کۆمەڵگا لە ژێر زەبری دەسەڵاتە مەرگدۆستییەکەی سەرۆکدا ڕادەگیرێت.
ئەوەی کە لە سیاسەتی لێبووردنی گشتیدا دیار نییە و وامان لێدەکات کە “گێڕانەوەی ژیان” بۆ زیندانییەکان بە هێرشێکی هەمە لایەنەی دەسەڵات لە قەڵەم نەدەین بۆ سەر خودی ژیان، ئەوەیە کە ئەمجارە دەسەڵات لە ژێر ناوی “گێڕانەوەی ژیان”دا ڕووخسارە دزێزەوەکانی مەرگمان نیشاندەدات. ئەمە ئەو دوالیزمەیە کە سیاسەتی “لێبووردنی گشتی” لەناوخۆیدا هەڵیگرتووە و روخسارە خوێناوییەکەی جەللاد دەگۆڕێتەوە بە ڕوخسارێکی میهرەبان. بەڵام تراژیدیای گەورە لێرەدایە کە ئیتر مەرگ سیمبۆلێکی تۆقێنەرو ئامرازی دەستی دەسەڵات نییە بۆ سەر ژیان، بەڵکو ئەوە خودی ژیان و گێڕانەوەی رۆحە بۆ قوربانی کە سیمبولەکانی هەڕەشەن لە سەر خودی ژیان.
لە پاش ئەم ڕوونکردنەوە کورتەوە لەسەر سیاسەتی لێبووردنی گشتی ڕژێم و مەغزاکانی، بۆمان رۆشندەبێتەوە کە سەرۆک لەم سیاسەتە نوێیەیدا وە بە تایبەت لە ئێستادا بە شوێن ئەوە نییە کە جەماوەر شوێنی خۆیخات. بەڵکو پەیامەکە ڕێک بە شوێن ئەوەوەیە کە جەماوەر بتۆقێنێت تا هێندەی تر ملکەچی فەرمانەکانی سەرۆک بکرێت.
لە کۆتایدا پێویستە ئەوە بڵێم کە سیاسەتی لێبووردنی گشتی ڕژێم ئەگەر وەک بەشێکی تر لە ڕیتوالێکی تری تۆقاندنی خەڵکی سەرنجی بدرێتێ یاخود هەر وەک سیاسەتێکی ڕووتی لێبووردن بێت ، ئەوا بۆ خەڵکی عێراق کە تاڵاوی ئەم ڕژێمەیان چەشتووە، ئەو دەرفەتەیە کە بۆ ساتێکی کەمیش بێت هەناسەیەکی کورت هەڵمژن. ئاخر ئەوان لە هەموو ڕۆژنامەنە نووسەکانی تری دنیا باشتر تێگەیشتوون و ناوی تایبەتی خۆیان بۆسیاسەتی لێبووردنی ڕژێم دۆزیوەتەوە: پاککردنەوەی زیندانەکانی عێراُق.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ لای مارکس و سەرنجێکی وتە بەناوبانگەکەی بدەین کە دەڵێ:”ئایین ئەفیونی خەڵکە”، ئەوا بە ڕەهەندێکی تری خوێندنەوەی مارکس دەگەین کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە پرسیاری لەخۆنامۆبوونی ئایینی ئینسانەوە هەیە. بۆ مارکس ئەم پرۆسەی “لەخۆنامۆبوونەی ئینسان” لە ئایین، لە نەهێشتنی ڕووبەرەکانی “جیهانی بێ دڵ” و “هەلومەرجی بێ ڕۆح”دا خۆی دەبینێتەوە، تاکو ئینسان خاوەنی هەناسەدانەوەیەکی سروشتییانەی خۆی بێت و پێویستی بەوە نەبێت بە سییەکانی کائینێکی تر کە ئایین پێشکەشی دەکات، هەناسە بات. بۆیە ئەگەر ئەم لایەنەی شیکردنەوەی مارکس لە پەیوەند بە عێراقەوە لەبەرچاو بگیرێت، ئەوا بۆمانڕووندەبێتەوە کە لە عێراقی سەدامیشدا، ڕیتوالەکانی تۆقاندنی ئینسان بە ئیعدام و لێبووردنی گشتی زیندانیانەوە کاتیک دەکرێ کۆتایی پێبێت، کە زەمینەکانی لەدایکبووونی “جیهانی بێ دڵ و” هەلومەرجی بێ ڕۆح” بە پێوە نەمابن.
(1) مارکس نقد فلسفە حق هیکل انتشارات نقد ترجمە رچا سلحبور لا 3
بۆ وەرگێڕانی ئەم وتەیەی مارکس کەڵک لە تێکستی سویدی و فارسیەکەی وەرگیراوە، ئەگەر چی جیاوازیەکی کەم لە نێوان وەرگێڕانەکاندا هەیە بە تایبەت لە بەشی یەکەمی تێکستەکەدا.