16ی ئابی 2003، عیدی ئەمین، ناسراو بە قەسابی ئەفریقا، لە سعودیە بە هۆی نەخۆشییەوە گیانی لەدەستدا. هیچ جاڕوجەنجاڵێَکی گەورە لە دوای مەرگی ئەم دیکتاتۆرەوە پێکنەهات. ئاخر عیدی ئەمین یەکێک لە بەرهەمەکانی جەنگی سارد بوو، بۆیەش هەڵدانەوەی پەڕەکانی ئەو مێژووە، زیانی زیاتری تیادایە وەک لە سوود.
ئەمین ناوبانگی قەسابی ئەفریقای پێ بڕا، بەڵام چاوەکانی کامێرایەک، بەر لەخستنە سەرکاغەزی تاکە دێرێکیش، مێژووی بە قەساببوونی ئەمینی بۆ تۆمار کردین.
سەرنجێک لەو وێنەی سەرەوە بدەن.! ئەمین لە لووتکەی دەسەڵاتدارێتی خۆیدایەتی و لەناو کەژاوەیەکی گەورەدا لەلایەن کۆمەڵێک لە خاوەنکارخانەکانی بەریتانیاوە، لەسەر شان بۆ شوێنی ئەو ئاهەنگە دەبرێت کە لە ساڵی 1975دا بۆ کۆمەڵێک لە دیپلۆمات و سەرمایەدارەکانی ئەوروپالە کامپاڵای پایتەختی ئۆگەندا ،ڕێکخرابوو.
وێنەیەک کە دژایەتییەکی گەورەی بەو وێنەیە هەیە، کە ئێمە وەک ئینسان لە هەموو گۆشەکانی دنیاوە بینیومانە لە پەیوەند بە جێگا و ڕێگای ئینسانی “ڕەش “وە لەبەرانبەر ئینسانی “سپی”دا.
لە پاش “کۆتاییپێهاتنی” کۆلۆنیالیزم بە مانا کۆنە کلاسیکیەکەی، کۆلۆنیالیزم وەک گووتار و میراتێکی فیکری هێشتاکە گەورەترین پانتایی لە زەینی ئینسانەکانی سەردەمدا داگیرکردووە. گرنگ نییە کە تۆ لە ئەوروپادا بژیت تا هەست بە فراوانی ئەم میراتە فیکرییەی کۆلۆنیالیزم بکەیت، لە کوردوستانیشدا، ئەم جیهانبینی و میراتە فیکریە هێشتاکە کێڵگەیەکی دەست بۆنەبراوە.
ئەمین بەسەر شانی ئینسانی “سپی”یەوە، وێنەیەکە پڕ لە دژایەتی لەگەڵ ئەو وێنەیەی کە کۆلۆنیالیزم بە ئێمەی داوە.
ئینسانی “ڕەش” لە گەڵ مێژووی کۆلۆنیالیزمدا، ئەو جانەوەرە دڕندەیە کە دەبێ تاکبڕبکرێت. ئەو پەیامەی کە ئینسانی “سپی” کۆلۆنیالیست پێی بوو، لەسەر بە شارستانیکردنی ئەم “جانەوارانە” ڕاگیرابوو. بەڵام چی وا دەکات ئەمین لە وێنەی ئێوارەیەکی کامپالادا، دەخرێتە سەر شانی ئینسانی “سپی”؟
تۆ بڵێی وێنەی ئەمین و سەرمایەدارە ئینگلیزەکان، گێڕەرەوەی چیرۆکی کۆتایی باڵادەستی کۆلۆنیالیزم و میراتە فیکرییەکەی بێت؟ تۆ بڵێی ئەم جێگۆڕکێیە بە شوێنی ژێرەوەیی ئینسانی “ڕەش” و هاتنە سەرەوەی، زادەی تێکشکاندنی ئەو هاوکێشەی سەردەستەیی و ژێردەستەییە بێت کە کۆڵۆنیالیزم دروستی کردبوو و لەگەڵ کۆتایی ئەم پرۆژەیەدا، بڕیارە حورمەت و ڕێزی ئینسان بە ڕەگەز و ڕەنگەوە گرێنەدرێت ؟
وێنەی ئەمین بەسەر شانی سەرمایەدارە ئینگلیزەکانەوە، گێڕەرەوەی چیرۆکێکی دیکەیە. لە پاش چوونەدەرەوەی هێزە کۆلۆنیالیستەکانی ئەفریقا، ئەمجارەی کۆلۆنیالیزم لەگەڵ ئەو دەسەڵاتدارە لۆکاڵییانەی کە خۆی وەک میراتگرێکی ئەم پرۆژەیە لە دوای خۆیەوە دایدەنێت، ئەمین بەسەر شانی سەرمایەدارەکانی خۆیەوە دەگەێنێتە لووتکەی دەسەڵات.
کەمێ یاری لەگەڵ ئەو وێنەیەی سەرەوەدا بکەن و لە فەنتازیای خۆتاندا، سەرکردەیەکی دیکە دابنێن. ڕەنگە ئەم گەمەیە لەگەڵ وێنەکەدا ڕووخساری زۆر عیدی ئەمینی تری نەک جەنگی سارد، بەڵکو ئەمینەکانی تری دوای جەنگی ساردیشمان پیشان بدات.
سەدامی ساڵانی شەستی عێراق بخەنە شوێنی. یەک بە یەکی دیکتاتۆرەکانی ئەمریکای لاتین. شێخ و پاشا و سەرەک کۆماری دەوڵەتە عەرەبییەکان. یەکێک لە جەنەڕالەکانی تورکیا. دەسەڵاتە سەربازییەکانی باشووری ئاسیا. شا و خومەینی لەکەژاوەیەکی یەک لە دوای یەکدا. بین لادن با بەسەر شانی پیاوەکانی ئیدارەی ڕێگانەوە. هەر دەمووچاوێکی دیکەی دەوڵەتێکی ئەفریقا بێت. ئەم لیستەیە دەتوانیت چۆنت دەوێت درێژی بکەیتەوە.
بۆ چی فریشتەکانی بازاڕ بەرە و دۆزەخ بانگمان دەکەن؟. بۆچی پیاوەکانی بازاڕ دەبنە قەسابەکانی بەغدا و کابول و سانتیاگۆ؟ چ پەیوەندییەک لە بەینی کۆکا کۆلا و مەکدۆناڵدز و عیدی ئەمیدا هەیە؟ ئەمە کرۆکی ئەو پرسیارەیە کە وێنەی ئەمین و ئەمینەکانی دیکەی سووچەکانی دیکەی دنیا لێماندەکەن.
“خۆرهەڵاتی دڕندە”، “ئەفریقا ی حوکمەتە ئینسانخۆرەکان” ، بە بێ هیچ بیرکردنەوەیەک دەخرێتە سەر کاغەز. نەک تەنها لەلایەن قەڵەمبەدەستانی خۆرئاواوە، بەڵکو لەشکرێکی گەورە لە قەڵەمبەدەستانی خۆرهەلاتیش ئەو کارە دەکەن.
کاتێک دێیتە سەر سادەترین خواستە دیموکراتییەکان و دەڵێی: هەموو ئازادییە فەردی و مەدەنییەکان دەکرێ هەر ئەمڕۆ لە کوردستاندا پراکتیزە بکرێت، لەشکرێکی ڕووناکبیری دەنگهەڵدەبڕێت و لە دوور و درێژ بوونی زەمەنە مێژوویەکانی دیموکراسییەوە، وانەمان بۆ هەڵدەڕێژێن. کێ لە دایکی منی پرسییوە: تۆ پێتخۆشە کچەکەت یان کوڕەکەت بە هۆی چالاکی سیاسییەوە نەگیرێت؟ کەچی ئازادی بێ قەیدوبەندی سیاسی ، بە هەزاران بەند و داوی بڕگە و پاش بڕگە یاسیاییەکانەوە دەوردراوە. بە ڕاستی دایکم بۆ ناتوانێت فێری دیموکراتی بێت؟
خۆرهەلات دڕندەیە یان ئەو دەستەی لە هێنانە سەرکاری دەسەڵاتە دڕندەکاندا قازانج دەبا؟
ژنەکانی ڕۆاندا ئینسانخۆرن یان ئەو دەستەی ئینسانخۆری دەکاتە پرۆژەی سیاسی بۆ سەر ئەفریقا؟
دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان لەهەر سوچێکی دنیادا هەڵتۆقیبن، لە پلەی یەکەمدا پەیوەندیەکی زۆر گەورەی لەگەڵ ئاستی گەشەی ئەو کۆمەڵگایانەدا نەبووە. ئەوەی ئەم سیستەمانە بەرهەمدەهێنێتەوە، ئەو پێداویستییانەی کۆنترۆڵکردنی بازاڕە لەلایەن دەستە نەبینراوەکانی بازاڕەوە کە بڕیاردەرە، گەرچی لە پەیوەند بە وێنەی ئەمین بەسەر شانی سەرمایەدارە ئینگلیزەکانەوە، دەکرێ ڕووخساری دەستە شاراوە ونەبینراواکانیش ببینرێت.
ئەگەر ئەمە دۆخی دیکتاتۆرەکانی بازاڕە لە خۆرهەلات و ئەفریقادا ، ئەوا لە جەرگەی دیموکراسی بازاڕی ئازاددا، دەستەواژەی لە چەشنی:” بازاڕ چ کاردانەوەیەک نیشاندەدات”، یەکەمین پرسیاری دوای هەر هەڵبژاردنێکی سیاسییە کە مێدیاکان بە هێڵێکی گەورە دەینووسنەوە.
ئەگەر سیستەمێکی دیکەی دیکتاتۆری لە عێراقی دوای سەددامدا وەک کارێکی دژوار چاو لێدەکرێت لە لایەن زۆر کەسەوە، ئەوا بوونی پیاو و ژنەکانی مەجلیسی حوکمی عێراق لە ناو کەژاوەیەدا کە بە سەر شانی برێمەر و پیاوەکانی برێمەرەوەیە، دەکرێ خاڵی دەستپێکردنی گوومانێک بێت.
25سێپتێمبەری 2003