یەکێک لە گیتۆکانی پۆلۆنییای ساڵی 1944. لە دوای کاتژمێری شەشی ئێوارەوە، هیچ کەس بۆی نییە لە شەقام و کۆڵانەکانی شاردا ببینرێت. گیتۆ، لە دابڕانێگی مەزنی زانیاریدا ژیان دەگوزەرێنێت. نازییەکان ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و رۆژنامەی دەرەوەی گیتۆییان قەدەغەکردووە. کزەبایەک هەڵدەکات و پارچە ڕۆژنامەیەک بەسەر تەلبەندی گیتۆدا دەکەوێتە ئەمدیۆ سنوورەکانی گیتۆوە. یاعقوب، بە دوای ڕۆژنامەدا ڕادەکات. کاتێک دەستی خەریکە ڕۆژنامەکە بە ئاسمانەوە بگرێتەوە، کزەبایەک هەڵیدەبڕێ و هێندەی تر لێی دووردەخاتەوە. یاقوب بێئاگایە لەوەی کە ڕاکردن بە دوای پەڕەی ڕۆژنامەدا، خەریکە نزیکی دەخاتەوە لە مەرگ. یاقوب دەگیرێ و دەبرێتە ژووری فەرماندەی نازی گیتۆ. ئەو لە کاری خێرە و ڕادیۆی هاوپەیمانەکان داگیرساوە و بە دەنگی بەرز، بەڵێنی نزیکبوونەوەی لەشکری سووردەدات لە سنوورەکانی ئەو شارەی گیتۆکەی ئەمانی لێیە. لە شوێنێکدا کە خەریکە فەرمانی مەرگت بەسەردا دەدەن، ڕادیۆیەک مزگێنی ژیان دەبەخشێتەوە. چ کاتێکی هەڵە بوو بۆ ڕاکردن بە شوێن پەڕە کاغەزێکدا؟ پرسیارێکە و مێشکی یاعقوب دەکرۆژێت.
ئەو ئێوارەیە، یاعقوب ئازاد دەکرێ. مژدەی ئەوەی کە شارەکەیان بەم زووانە ئازاددەکرێ، دەماودەم لەسەر زاری خەڵکی گیتۆ دەبیسترێت. کێ ئەم هەواڵەی درکاند؟ یاعقوب خۆی گویێ لێبووە، ئاخر خۆی وتوویەتی کە ڕادیۆی شاردراوەی هەیە. هەواڵی بوونی ڕادیۆیەکی شاردراوە لەلای یاعقوب، ژمارەی خودکوشیی هاوڵاتیانی گیتۆ دەکاتەوە بە سفر. لەگەڵ بارینی رۆژانەی سووکایەتی و مەرگ بەسەر هاوڵاتیانی گیتۆدا، لێوەکان لە بزەدا دەتریقێنەوە و ئومێدێک ، بێئومێدی ناو گیتۆ ڕاودەنێت. بەڵام یاعقوب دەبێ هەر ڕۆژەی بە حەکایەت و سەرگوزشتەی نوێوە بێتەوە کۆڕی هەزاران گوێچکەی تینووی هەواڵ. یاعقوب ناچارە، چیرۆکی سەیر و سەمەرە دابتاشێت. درۆکانی یاعقوب، ئومێدێک بە قوربانییەکانی نازیزم دەدات کە هیچ خودا و پێغەمبەرێک سیحری دانی ئومێدی وای بە ئینسان نییە. ئەمە کورتەی فلیمی ” یاعقوبە درۆزنە” کە ئەکتەری بەناوبانگی هۆڵیود، “ڕۆبین ویڵییام” سەرکەوتووانە نمایشی دەکات.
هەواڵی مەرگی گۆرانیبێژی بەناوبانگی ئێران، مەهەستیم زۆر لابەلا لە هاوڕێیەکمەوە پێگەیشت. زۆر کاردانەوەیەکی گەورەی لا دانەنام. بەڵام بۆ ئێوارەکەی، لە کاتی گەڕانمدا بۆ بەدەستهێنانی زانیاری بە زمانی فارسی، لە لینکی سایتێکی فارسیدا، سەرجەمی بەرهەمەکانی مەهەستی دانرابوون. گۆرانییەکم داگرت و لەگەڵ گەڕان بەسەر هەندێک سایتی تردا، هەستمکرد، قوڕگم پڕ بووە لە گریان. چەند گۆرانییەکی دیکەم هەڵبژارد، دڵتەنگتر لە گۆرانی یەکەم. من هیچ کاتێک ئاشقی پلە یەکی مەهەستی نەبووم، ئەم گریانە بۆ چی؟ هاوسەرم لەگەڵ گۆرانی “بەنەفشەدا”، دێت و لامەوە دادەنیشێ. ئەو دەڵێ: ئەم گۆرانییە دەمباتەوە بۆ بەردەمی دوکانی شەربەتفرۆشەکانی سلێمانی، یان کاتێک بەلای تۆمارگاکانی شاردا ڕەتدەبوویت و دەنگی بەرزی ئەم گۆرانییە، لە تەعلیقی پیاوان دەیپاراستی.
من بۆ مەهەستی دەگریم، یان بۆ گەنجێتی خۆم؟ بە بڕوای من، زیاتر بۆ دووهەمییانە. بەڵام بە جۆرێکیش لە جۆرەکان بۆ مەهەستییە. ئاخر ژیانی من و نەوەی من کە لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا لە دایکبووە، قەرزارباری مەهەستی و ستار و داریوش و ئەمیتاب باچن و هیما مالینی و زۆرێکی تر لە ناوە ناودارەکانی سینەما و گۆرانی فارسی و هندی حەفتا و هەشتاکانن. ئێمە ئەو دیلە یەخسیرکراوانەی ناو گێتۆیەکی گەورە بووین کە ناوی سلێمانی بوو. زەبروزەنگی بەعس، هیچ ئومێدێکی گەورەی لە دڵدا نەهێشتبووینەوە. ئەگەر چی، شار هەندێک شەو دەکەوتە دەستی پێشمەرگە، بەڵام ئەوانیش پەیامێکی جگە لە زەبروزەنگ، جیاوازتریان پێنەبوو.
بۆ ئەوەی ڕوونتر قسە بکەم. رژێمێک دەتهاڕێ و هێزێک بۆ ئەوەی نەتهاڕێ ، دەبێت پیشانی بات کە ڕژێم ئاسان ناتوانێت بیهاڕێت. بە ڵام بە هەر دوو ڕووی هاوکێشەکەدا، زەبروزەنگ جێگایەکی بەرچاوی داگیرکردبوو. بەڵام ئاخر گەنج بووین، بێجگە لە حەماسەی سروودەکان و ئەو سیحرەی کە چەک لە مێشکماندا دروستیکردبوو، دەبوایە ئاشقبووینایە. مەهەستی و زۆرێکی دیکەی گۆرانیبێژانی فارس، ئەم ڕۆڵەیان لە گەورەکردنی سنورەکانی ئاشقبوونی گەنجێتی نەوەی مندا دروستکرد.
ئێمە لە زەمەنێکدا گەورەبووین، کە پێویستمان پێ بوو، کچێک بە زمانی خۆی بڵێ: من ئاشقم. مەهەستی ئەو دەنگە بوو. بەڵام من بۆ ئێستا دەگریم؟ ئاخر ئەوە نییە مەهەستی دەستمدەگرێ و دەمباتەوە سەر ئاشەکەی گاوران و بە ڕیکۆردەرە ڕەشەکەی خۆمەوە گۆرانی “مگە نە”، دەچرێت و ژنەکانی ئەوبەر دەڵێن:” دەکرێ ئەو گۆرانییەمان بۆ تۆمارکەیت”؟
من بۆ گەنجێتی خۆم دەگریم. گەنجێتییەک ئەگەر مەهەستی و دەنگە جوانەکانی دیکەی ناو هونەر و گۆرانی و مۆسیقای ئەو زەمەنە نەبوایە کە گۆرانیبێژانی فارس ڕۆڵێکی گەورەیان تیا بینی، سەرتاپامان پڕ دەبوو لە ڕق. لە توڕەیی و دڵڕەقی. مەهەستی ئەو دەنگە بوو، کە زۆرجار دڵی باوکانیشمانی نەرمدەکرد. لە کۆمەڵگایەکدا، کە ئومێد لەسەر جومگەکانی دیکەی ژیان، لە هاوکێشەی خەبات و شۆڕشی ڕزگاریدا، جێگایەکی نەدەبۆوە، مەهەستی ئەو بۆشاییەی بۆ پڕکردینەوە.
ئەگەر پاڵەوانی فیلمی “یاعقوبە درۆزن” تەنها لەسەر دانی ئومێد بە کۆمەڵگایەکی خاڵی لە ئومێددا توانای ئەوەی هەیە ببێت بە پاڵەوان و لەسەر درۆ ژیانی گیتۆیەک جوانتر بکات و مەرگ لە ئینسانەکانەن دووربخاتەوە، ئەوا مەهەستی لە زەمەنێکدا کە شریخەی تفەنگ و زەبروزەنگ تاکە گوتاری زاڵی ڕۆژ بوو، دیوە جوانەکەی دیکەی ژیانی بۆ نەوەی من دەنەخشاند، بەڵام بە ڕاستی نەوەک بەدرۆ.