21 ی ئه‌پریلی 2004
“خۆرهه‌ڵهاتن و خۆرئاوابوون له خۆیدا موعجیزه‌یه. به‌ڵام هێنده له‌به‌رچاومان دووباره‌بوونه‌ته‌وه، خه‌سڵه‌تی موعجیزه‌ئاسای خۆیان له‌ده‌ستداوه.”، یه‌کێک له نووسه‌رانی دانیمارکی ئه‌م وتانه‌ی له سووچێک‌دا بۆ تۆمارکردووین. ئه‌مه به‌جیا له‌وه‌ی که موعجیزه له‌م دێڕانه‌دا چه‌ند به ناوه‌ڕۆکێکی ئایینییه‌وه په‌یوه‌ستده‌بێته‌وه. به‌ڵام به ڕاستی خۆرهه‌ڵهاتن و خۆرئاوابوون، له خۆیدا موعجیزه‌یه‌کی جوانه ئه‌گه‌ر له سیاقی خۆیاندا وه‌ریان بگرین.
زۆر شت هه‌ن هه‌میشه به‌به‌رچاومانه‌وه‌ن. ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌م ئاماده‌ییه به‌رچاوییه هه‌میشه‌ییه بێت که که‌متر سه‌رنجمانی بۆ ڕابکێشێت. په‌یکه‌ری “یه‌کگرن” و ئه‌و چاره‌نووسه‌ی ڕووبه‌ڕووی بوویه‌وه له‌مڕۆدا، له‌و ساتانه‌یه که ده‌بێ له به‌رانبه‌ریدا ئیستێک بکه‌ین. به‌ڵام نه‌وه‌ک به‌و مانایه‌ی که له کاتی ونبوونیدا سه‌رنجمان بۆی بچێت و ئه‌ویش بچێته خانه‌ی ئه‌و ئاماده‌ییه هه‌میشه‌ییه‌وه که وته‌ی نووسه‌ری دانیمارکی بۆمانده‌گێڕێته‌وه. به‌ڵکو به‌و مانایه‌ی که په‌یکه‌ری “یه‌کگرن”، به‌ر له کوشتنیشی هه‌میشه ئاماده‌ییه‌کی جیاوازتری، شه‌قامه‌کانی شاری سلێمانی هه‌بووه. ئه‌گه‌ر ڕێبوارانی سه‌رشه‌قام، به جۆرێکیش ده‌قییان به ئاماده‌یی ئه‌م په‌یکه‌ره‌وه گرتبێت به‌وه‌ی که هه‌میشه له‌به‌ر چاویاندایه، یان دروستتر، له‌به‌ر چاویاندا بوو، ئه‌وا له چاوی که‌سانی دیکه‌ی غه‌یری خه‌ڵکی ئه‌م شاره‌وه، ئه‌م په‌یکه‌ره به په‌یام و شێوازه‌که‌ی، گێڕه‌ره‌وه‌ی چیرۆکێکی جیاوازتر و مێژوویه‌کی تره.
چیرۆکێک که پاڵه‌وانه‌کانی له ڕابردووه و نه‌هاتووه‌ته‌وه تاکو ئه‌مڕۆ و ئاینده‌مان لێبکاته موڵکی خۆی. به‌ڵکو له ئاینده‌وه بانگه‌وازمانده‌کات. ئه‌مه به‌به‌راوورد به‌و ده‌یه‌ها ده‌موچاوه جۆراوجۆرانه‌ی که سیمای په‌یکه‌ره‌کانی دیکه‌ی شار ده‌یگێڕنه‌وه. سیمایه‌ک که له سه‌ده‌کانی ڕابردووه‌وه هێنراونه‌ته‌وه ئه‌مڕۆی ئێمه. ئه‌گه‌ر په‌یامی په‌یکه‌ری ده‌موچاوه دێرینه‌کانی دوێنێ له‌مڕۆدا، گێڕه‌ره‌وه‌ی له دایکبوونه‌وه‌یه‌کی دیکه‌ش بێت، ئه‌وا له واقیعدا تاقیکردنه‌وه‌ی ئه‌و بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی که خاوه‌نی به‌ها سیمبوڵییه‌کانی په‌یکه‌ره، خه‌به‌ر له له‌دایکبوونه‌وه‌ی زه‌مه‌نێکی دیکه نادات، ئه‌گه‌ر کوشتنی هه‌موو خه‌ونێکی له‌گه‌ڵ خۆیشیدا هه‌ڵنه‌گرتبێت
هیچ شتیک به‌قه‌ده‌ر مه‌رگ له‌سه‌ر ژیان و بزاوتی چرکه‌ساته‌کانی ژیان کارناکات. مه‌رگ که خۆی وه‌ک کۆتایی ژیان پێناسه‌ده‌کات، هیچ شتێک نییه جگه له‌خوێنکردنه‌وه به شاده‌ماره‌کانی ژیاندا، ئه‌گه‌ر بۆ چرکه‌ساتێکی که‌میش بووه. ئاخر بۆیه‌ش پرسه‌ی سه‌ره‌خۆشی ئازیزانێکی له‌ده‌ستچوو، ده‌گۆڕدرێت به گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رگوزشتانه‌ی که که‌سی مردوو له ژیانیدا کردوونی. که‌سی مردوو له یه‌که‌م چرکه‌ساتی گیانده‌رچوونیدا، له‌گه‌ڵ ونبوونی له‌به‌رچاومان،له ڕێگای موعجیزه‌ی سه‌رگوزشته‌کانی مه‌رگه‌وه، جارێکی تر ده‌ژێته‌وه و له یاده‌وه‌ریماندا پڕده‌بێته‌وه له ژیان. منیش له پرسه‌ی کوشتنی په‌یکه‌ری یه‌کگرندا، ئه‌و ڕۆژگارانه‌م دێته‌وه یاد که ئه‌م په‌یکه‌ره له ده‌روونمدا تۆماری کردوون.
هه‌فته‌ی یه‌که‌می دوای ڕاپه‌ڕینی ئازاره و ته‌واوی شار به‌ده‌ست جه‌ماوه‌ره‌وه‌یه. هاوڕێیه‌کم که هیچ کات فڕی به‌سه‌ر سیاسه‌ته‌وه نه‌بووه و ناخۆشترین ساته‌کانی ئه‌و، جه‌ده‌لی سیاسی و قسه‌وباسکردن له‌سه‌ر سیاسه‌ت بووه، به ماشێنه‌که‌یه‌وه، به فولکه‌ی دوکتۆر دارای ئه‌وساکه‌ی سلێمانیدا هه‌ڵده‌گه‌ڕیین. له ده‌ستی ڕاستی ئه‌و ڕیزه دووکانه‌وه‌ی که خواروی فولکه‌ی داگیرکردووه، پیره‌مێردێکی گوڵه‌به‌ڕۆژه‌فرۆشی لێیه که سێبه‌ر و هه‌تاوی ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری شه‌قامه‌که، ئه‌وی له سه‌فه‌رێکی ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری شه‌قامه‌که‌دا ڕاگرتووه. ئه‌م جێگۆڕکێ کورته، ڕۆیشتن له‌مبه‌ری شه‌قامه‌وه بۆ ئه‌وبه‌ری شه‌قام کاتێک گه‌رما تینی بۆ دێنێ، پیره‌ی گوڵه‌به‌ڕۆژه‌فرۆش ناچارده‌کا کارتۆنه‌که‌ی ژێری و ئه‌و شه‌ش حه‌وت لووله‌گوڵه‌به‌ڕۆژه‌یه‌ی که له قیرته‌به‌قه‌که‌ی به‌رده‌ستیدایه، هه‌ڵبگرێت بۆ ئه‌و به‌ر.
کاتێک به ئۆیۆمبیله‌که‌وه به‌لای پیره‌ی گوڵه‌به‌ڕۆژفرۆشدا تێده‌په‌ڕین، هاوڕێی بێزاربووم له سیاسه‌ت ده‌ڵێێ:” ئه‌ه قوڕبه‌سه‌رم! پیره‌ی گوڵه‌به‌ڕۆژه‌فرۆش هه‌ر له شوێنی خۆیدایه‌تی. ڕاپه‌ڕینێک نه‌توانێت جێگایه‌کی دی به پیره‌ی گوڵه‌به‌ڕۆژه‌فرۆشی ئه‌م شاره بات، خوا ڕه‌حم به ئایینده‌که‌ی بکات.”
دروستکردنی په‌یکه‌ری “یه‌کگرن” له‌و شوێنه‌ی تا دوێنێ ماڵی ئه‌و بوو و له‌مڕۆشدا گۆڕستانی، پرسیاری راپه‌ڕینی شاره‌کانی کوردستان بوو له‌وه‌ی که ئایا ده‌کرێ گوڵه‌به‌ڕۆژه‌فرۆشێکی سه‌ر شه‌قامی شاره‌کانی کوردستان، له هاوکێشه‌ی ڕاپه‌ڕیندا جێی بێته‌وه؟
دوو ده‌ست ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ری گۆی زه‌ویمانی گرتووه و له ناویاندا، زه‌مینێکی دی، جیهانێکی دی له دایک ده‌بێت. ڕه‌نگه یه‌کێک له خه‌ونه زیندووه‌کانی پیره‌مێردی سه‌رشه‌قام بێت. خه‌ونێک که ڕاپه‌ڕین نه‌یتوانی به پیره‌ی شه‌قامی بداته‌وه‌و ئاڵ‌وگۆڕێک به جیهانی سه‌ر شه‌قامی بهێنێت. به‌ڵام په‌یکه‌ری “یه‌کگرن” هه‌موو ڕۆژێک خۆی نیشانی پیره‌مێردێکی چاوکزی سه‌رشه‌قام ده‌دا: خه‌ونی له‌دایکبوونی دنیایه‌کی دیکه، دنیایه‌ک که له‌سه‌ر ئاینده کارده‌کات، نه‌ک له‌سه‌ر ڕابردوو بۆ کۆنترۆڵکردنی ئه‌مڕۆ و ئاینده، خه‌ونێک که ڕاپه‌ڕین به پیره‌مێرده‌که‌ی نه‌دا، به‌ڵام په‌یکه‌ری “یه‌کگرن” له‌وبه‌رییه‌وه، ئه‌و ئومێده‌ی له دڵیدا ده‌چانده‌وه
به‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵاتی سیاسی زاڵ له کوردستاندا، ده‌سه‌ڵاتی ڕابردووه به‌سه‌ر ئه‌مڕۆ و ئاینده‌وه، په‌یکه‌ری یه‌کگرن ناتوانێت له شوێنی خۆیدا بێ، هه‌ر بۆیه‌ش ده‌کوژرێت. به‌ڵام کوژراوێک که له ڕێگای سه‌رگوزشته‌کانییه‌وه دێته‌وه ناومان و له سواربوونی پاسه‌کانی کارێزه‌وشک وزه‌ر‌گه‌ته و مامۆستایان‌دا، هه‌موو ڕۆژێک خۆیمان نیشاندادات، کاتێک سه‌رنشینی یه‌کێک له پاسه‌کان بانگ له شۆفێری پاسه‌کان ده‌کات :”لای فولکه کۆنه‌که‌ی ده‌سته‌که‌وه، دابه‌زین هه‌یه” له‌گه‌ڵ دابه‌زینی هه‌ر نه‌فه‌رێکی پاسه‌کاندا، په‌یکه‌ری یه‌کگرن، دووباره سوارده‌بێته‌وه وله باڵه‌خانه‌کانی زمان و له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌ی یاده‌وه‌ریماندا، داده‌نیشێت.