“شۆڕشی تاک، شۆڕشی پاک”، ناونیشانی سێدییەکی فەرهاد سەنگاوییە. لە بەشێک لە ماڵپەڕە کوردییەکاندا نووسراوە:” سی دی فەرهاد سەنگاوی دژی حکومەتی هەرێم”، هەر ئەم خەسڵەتی دژی حکومەتبوونەیەتی، من واداری گوێبیستی ئەم سی دیییە دەکات. ئەمە نەک بە مانانی ئاشقبوونی من بۆ دژی حکومەتبوونێکی کوێرانە، بەڵکو کەسی ناوبراو، هەتا ئێستاش یەکێک لەو دەنگە مێدیاییانەیە کە شار بانگدەکاتەوە باوەشی دێ و ئەمڕۆش بۆ باوەشی دوێنێ. زەمەنێکی زۆر دوور نییە کە بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەمان دەنگ و هەمان حەماسەی خەباتی شاخ، بانگەوازی من و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی دەکرد، بچینە پشت “دوژمنەکان”ی ئەمڕۆی فەرهاد سەنگاوییەوە. ئەگەرچی بەکارهێنانی دەستەواژەی ” دوژمن”، پاش گوێگرتن لە سی دییەکە، وەک بەکارهێنانێکی چەواشەکارانە دێتەبەرگوێ.
با گوزەرێکی کورت بە ناو بەشەکانی ئەم سی دییەدا بکەین. لە بەشی یەکەمەوە تا کۆتایی، گوێگر لەبەردەم ئەو دژایەتییە گەورەدا دەمێنێتەوە کە پەیامی( نەخۆت خۆمم، نە خۆم خۆتم) دەیەوێت بیدرکێنێت. فەرهاد لەم سێدییەدا، نەک هەر رەئی شەخسی خۆی دەردەبڕێت، بەڵکە بەسەریشتدا فەرزیدەکات.
“خۆڕێکخستن لەسەر ڕێبازی لیبراڵ دیموکرات” ڕەچەتەی ئەو هاتوهاواری تاکپەرستی و تاکگەراییەی فەرهادە کە وەک ئیلهامێکی تازە، بۆی هاتووەتە خوارەوە. “تا تاک ئازاد نەبێت، کەس ئازاد نابێت”. بۆیەش بانگەوازی لاوانی کورد دەکات ببنە “پیاوە ئاسنین”ەکەی نەوەی مارگریت تاتچەر. بەڵام بانگەوازی “تاکپەروەری و تاکپارێزی و تاکهاندەری”، هێندە بڕدەکات کە پەخشانێکی ڕازاوەی لە شاخەوە دابەزیوی، بۆ ناو دۆڵ بێت نەک بۆ شار. ئاخر کاتێک ئەم تاکە نایەوێت بە شوێن کەرکوکەکەی فەرهاد سەنگاویدا کە بۆوەرگرتنەوەی دەبێ وەک شێخ یاسینی کۆنە سەرکردەی حەماس جولەکە بخاتە دەریای ناوەڕاستەوە، ناڕوات و دەڵێ: من دەکرێ دیدێکی تر و جیاوازترم بۆ کەرکوگ هەبێت، ئەوا فەرهاد سەنگاوی، دەسڕێژێک وشەی گڕداری بە سەردا دەتەقێنێت و دەبێژێ: (کوردستانی ئێمە هەر تۆی، گۆرٍستانی ئێمە هەر تۆی، کە تۆش نەبی ، شەرمە هەبین.”
ئەوەی کە گومان لای من دروستدەکات لە پەیوەند بە “نالیبراڵبوون”ی فەرهاد و ئەو هێلە فیکرییەی دەم لە لیبراڵبوون دەکوتێ لە کوردستاندا، ئەو باڵادەستییە گەورەیەی ناسیونالیزمە لە ناو قسەکەرانی ئەم ڕەوتەدا. ئەگەرچی من دڵنییام کە لیبرالیزم لە کوردستاندا ، بە بوونی لەشکرێکی گەورە لە خوێندەوارانی دەرەوەی وڵاتیش کە گلەیی و گازندەکانییان لە دەسەلاتی ڕەسمی ناسیونالیزمی کوردی، ناچارییاندەکات بەرگێکی لیبرالانە لەبەربکەن، مانەوەی قودسە گەورەکانی ناسیونالیزمە بۆ لیبراڵەکانی کوردستان. ئاخر ناکرێ تۆ ئیسلامی سیاسی بیت و مارکسیست بیت، ناکرێ ناسیونالیزمێکی سەلەفی بیت و دەم لە لیبراڵبوون بکوتیت. بانگەوازی “تاکپەروەری و تاکپارێزی و تاکهاندەری ” سەنگاوی لە کوێی هاوکێشەی “گەر کەرکوک نەبێت، شەرمە هەبین”دا جێیدەبێتەوە. کوا ئەو تاکە داماوەی دەوێرێت بڵێ: هیچ شەرمەزارییەک نییە ئەگەر لە پرسیاری “تۆڵەبەزەبرەی” سەنگاویدا، شەریک نەبم.
لیبرالیزم، بەها موقەدەسەکانی خۆی هەیە، چۆن ناسیونالیزمیش قودسەکانی خۆی هەیە. بەڵام لە نێوان سەنتراڵە موقەدەسەکانی ئەم دوو ڕەوتە فیکرییەدا، ئاسمان و رێسمانێکی گەورە هەیە. ناکرێ تۆ تاکپەروەری قبوڵبکەیت و هاوکاتیش دەرفەتێک بۆ تاک نەهێلیتەوە وەک تاک بژی. بەڵکو تاوانی شەرمەزاربوون لە ژیانی بەناوچەوانەوە هەڵبواسیت، ئەگەر بۆ موقەدەسەکەی تۆ تێنەکۆشێت.
ئەگەر دەنگی تاکپەروەری و تاکپارێزی و تاکهاندەری ، جێگایەکی لە هاتوهاواری سەنگاویدا هەبایە، “زووکەن، زووکەن، خوێن دەڵێ” ئاسان نەدەهاتە سەر کاغەز. بەر لەوەی خوێن هاوارکات بۆ کەرکوک، جێگایەک بۆ هەمەڕەنگی دەبوایە بوونی بوایە. بەڵام بەوەی تاکپەروەرییەکەی سەنگاوی تەنها ماکیاجێکی تەزویرە، دەنگی تاکەکانی دیکەی ناو شاری کەرکوک، نابیسترێن و لەگەڵ ئەم جیهادە تازەیەی سەنگاویدا، دەبێ یان پاکبکرێتەوە، یان شاربەدەربکرێن.
پەیامی سەنگاوی لەم سی دییە نوێەدا، پەیامێکی لیبرالانە نییە، بەڵکو تا سەر ئێسقان ناسیونالیزمێکی بە خوێن تینووی لە چەشنی ناسیونالیزمی بەعسە. ڕەخنەگری دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد نییە، بەڵکو پرۆژەی بە دڕندانەترکردنی ناسیونالیزمی کوردە. ئاخر نەک هەر لە چوارچێوە یاسایی و ترادیسیۆنەییەکانی ناسیونالیزمی کوردناچێتە دەرەوە، بەڵکو دەنگهەڵبڕینێکی ناو هەمان خێزانی سیاسییە. توڕەبوونێکی نەوەیەکی ملکەچی باوکە نەک بۆ گۆڕین و لە گۆڕنانی دەسەڵاتی باوک، بەڵکو ئامۆژگاریکردنی باوکی خێزانە کە دەکرێ کەمێک واوەتر بچێت.
بەبڕوای من، دەسەڵاتی ڕەسمی ناسیونالیزمی کورد، هێندەی قازانج لەم سی دییە دەکات، بە موو نایڕەنجێنێ. هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کۆششە ئامانجدارانەیەی کە دەسەڵاتی کوردی بۆ خوڵقاندنی ئۆپۆزسیۆنی خۆی، هەمیشە دەبێ لە ناو ریزەکانی خۆیەوە، کەسانێک پەیدا بکات تا ڕەخنەی لێبگرن. ئەگەر بەرنامەی بەرنامە، پێکەنینی دەسەڵاتە بەخۆی و زیانیش بە پەزەکان ناگەێنێت، ئەوا:”شۆڕشی تاک، شۆڕشی پاک” ، کۆششێکی دیکەیە بۆ پاساوهێنانەوەی ئەوەی
کە :” ئەگەر 140 وا بڕوا” وەک سەنگاوی بە کڵاو ناویدەبات، دەکرێ بەم ئاڕاستەیەشدا بڕوات کە سەنگاوی پێشنیاری دەکات. . ئەم پەیامە بە پلەی یەکەم بۆ خەڵکی کوردستان نییە، بە ڵکو بۆ ئەو کەرکوکییانەن کە سەنگاوی ڕووی زمانی لەوانە. ئەگەر زمانێکی ئۆپۆزیسیۆنانە لەم سی دییەدا هەبێت، هەر لێرەدایە:ئەی دەسەڵاتی کوردی، بۆچی تۆزێک بە حەماسییانەتر قسە ناکەیت؟