وێنه له ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا, ڕووبه‌رێكی بێگییانه. بۆشاییه‌كه كه ته‌نها گۆشه‌یه‌كی بێنووسینی پێپڕده‌كرێته‌وه. وێنه له ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا نه‌بۆته تێكستێك كه خۆی بدوێت. به‌ڵكو له‌و وردهبهردانه ده‌چێت كه ناوكاری پێپڕده‌كرێته‌وه. هه‌ر بۆیه‌ش له‌گه‌ڵ ئاماده‌بوونیدا به‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌كانه‌وه, نابینرێت, شتێك ناڵێت, یان كه ده‌شیه‌وێ شتێك بدركێنێت, به كۆمێنتێكی بێ‌گیانی ژێر وێنه‌كه, هێنده‌ی تر وێنه‌كه نادیاردهكرێت.
له هاوڵاتی ژ 311ی 31 شوباتی 2006دا, وێنه‌یه‌ك له گۆشه‌یه‌كی نادیاری لاپه‌ڕه دوودا بلاوده‌كرێته‌وه.:”ته‌رمی كرێكارێك , ماوه‌ی كاتژمێرێك به ته‌لی كاره‌باوه مایه‌وه”. له درێژه‌ی به‌دواچوونی هه‌واڵدا, بۆت ده‌رده‌كه‌وێت كه قوربانی سه‌ر ته‌لی كاره‌بای ئه‌و گه‌ڕه‌كه:” له نهۆمی سێیه‌می بینایه‌كدا كاری ده‌كرد و له‌و كاته‌دا كاره‌با هاتۆته‌وه و جه‌سته‌ی به‌ر ته‌لی كاره‌باكه كه‌وتووه و گیانی له‌ده‌ستداوه” .
چ بێسه‌لیقه‌یی و بێڕۆحبوونی په‌نجه‌ی رۆژنامه‌گه‌رییه كاتێك وێنه‌یه‌كی وه‌ك وێنه‌كه‌ی هاوڵاتیت ده‌ستده‌كه‌وێت و نازانیت له كوێدا چاپی بكه‌یت؟ ده‌كرێ ده‌یه‌ها ساڵ له جه‌نگه‌كاندا به دوای وێنه‌یه‌كدا بگهرّێت و ده‌ستت نه‌كه‌وێت. ئه‌مه مه‌راقی ئه‌و فۆتۆگرافانهیه كه هه‌موو ته‌مه‌نییان به شوێن وێنه‌یه‌كه‌وه سه‌رفكرد و نه‌یانگرت. یان به قسه‌ی(جه‌مال غه‌مبار): “شته گه‌وره‌كان جارێك ڕووده‌ده‌ن, ته‌نانه‌ت عیشقیش”. به‌ڵام بۆچی ئه‌م وێنه‌یه ناچێته سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌م و نابێته مانشێت؟
سه‌رنجێكی ڕۆژنامه‌ی ناوبراو له هه‌مان ڕۆژدا, بۆماندهردهكهوێت كه. ” له سلێمانی, چاره‌نووسی دوو ملیۆن لیتر سوته‌مه‌نی دیار نییه” ئه‌و ناونیشانه‌یه كه سیحری وێنه‌ی لاپه‌ڕه‌ی دووه‌م ده‌دزێت. به كورتییه‌كه‌ی بۆ هاوڵاتی و له شكری ڕۆژنامه‌وانانی كوردستان, ده‌نگی فیشه‌كێكی وه‌ك ئه‌و ناونیشانه‌ی سه‌ره‌وه, زۆر گه‌وره‌تره له بێده‌نگی ناو وێنه‌كه‌ی لاپه‌ڕه‌ی دووه‌م. زاڵبوونی ئه‌م دیده بۆ كاری رۆژنامه‌گه‌ری, به مانای نه‌بینینی چیرۆكه ساده و بچكۆله‌كانی هاولاتییانه و ته‌نانه‌ت بچووكردنه‌وه‌ی خه‌ونه‌كانی ئه‌وانه له‌به‌رانبه‌ر گه‌نده‌ڵییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا. به‌ڵام ڕه‌خنه‌گرتن له گه‌نده‌ڵییه‌كانی ده‌سه‌ڵات چ جێگایه‌ك ده‌گرێت كاتێك بوونی كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌م گه‌نده‌ڵییه له‌سه‌ر تاك فه‌رامۆش بكرێت. هه‌ر بۆیه‌ش كارێكی هێند سه‌رنجڕاكێش نییه كه خودی هه‌واڵی كارهباگرتنی كرێكارێكی بیناسازی به هه‌ڵه داده‌ڕێژرێته‌وه. هاوڵاتی ده‌نووسێ:” له نهۆمی سێیه‌می بینایه‌كدا كاری ده‌كرد و له‌و كاته‌دا كاره‌با هاتۆته‌وه و جه‌سته‌ی به‌ر ته‌لی كاره‌باكه كه‌وتووه و گیانی له‌ده‌ستداوه” . به‌ڵام ئایا بوونی ته‌زووی كاره‌بایه گیان له كرێكارێكی بیناسازی ده‌سه‌نێته‌وه یاخود نه‌بوونی ته‌زووی كاره‌بایه؟
بهبڕوانی من هۆكاری دووه‌مییانه. واتا ئه‌وه نه‌بوونی كاره‌بایه كه جه‌سته‌ی كرێكارێكی بیناسازی ده‌كاته “مقهبایهكی” به ته‌لی كاره‌باوه هه‌ڵواسراوی سه‌ر شه‌قامێك. هۆكاره‌كه‌یشی له‌وه‌دایه كه ده‌ردی بێكاره‌بایی له ناوشیاری تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگادا دروستی كردووه. كاتێك كاره‌با له زه‌مه‌نێكی درێژی كۆمه‌ڵگایه‌كدا ده‌بێته خه‌ونی سه‌عاتیی ئینسانه‌كان. ئه‌و كاته ته‌واوی ئه‌و چالاكییانه‌ی كه مه‌ترسییه‌كانی كاره‌با لای ئینسان دروستیكردووه, ورده ورده به‌ره و كاڵبوونه‌وه ده‌چن و له‌وه ده‌كه‌ون مه‌ترسی بن. كاتێكی پلاكی ماڵ له زه‌مه‌نێكی درێژدا وه‌زیفه‌ی “پلاكی كاره‌با”یانه‌ی خۆی جێبه‌جێناكات, ئه‌وا ئێمه‌ش له زه‌ینماندا وه‌زیفه‌ی پلاكی كاره‌بای پێناسپێرین. كاتێك ته‌لی كاره‌بای شه‌قامه‌كان , وزه‌ی پێدا تێناپه‌ڕێت, ئیتر مه‌ترسییه‌كانی ئێمه‌ش له ته‌لی كاره‌با ده‌بێته سفر و ئه‌و كاردانه‌وه سروشتییه ئۆتۆماتیزهبووهی ئێمه‌ش له‌به‌رانبه‌ر كاره‌بادا, نامێنێت. به واتایه‌كی دی, ئه‌وه كاڵبوونه‌وه‌ی ناوی كاره‌با و مهترسییهكانییهتی له ناوشیاری ئێمه‌دا كه بێباكانه له ته‌نیشت عهموودێكی هه‌زاران ڤۆڵتییه‌وه بێ هیچ په‌رچه‌كردارێك كار ده‌كه‌ین. كه‌واته له ڕاستیدا ئه‌وه وزه‌ی كاره‌با و هاتنه‌وه‌ی كاره‌با نییه گیان له كرێكارێكی بیناسازی ده‌سه‌نێت, به‌ڵكه نه‌بوونی كاره‌با و كاریگه‌رییه سایكۆلۆژییهكانییهتی.
ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی به‌په‌راوێزخستنی ئه‌م هه‌واڵه و جێگایه‌كی ئه‌وتۆ پێنه‌دانی, گه‌وره‌ترین دۆكۆمێنتی دژی گه‌نده‌ڵی به بێده‌نگی سپارد و خۆیشی له جوانترین وێنه‌ی ساڵی خۆی بێبه‌شكرد.