سوید هینی سویدییه‌كانه، سوید به سویدی بهێڵنه‌وه!”
شیعاری ڕێکخراوی ڕاسیستی: سوید به سویدێتی بهێڵنه‌وه
“ئێستا خه‌ڵكی كوردستان زۆر به كه‌می ڕووده‌كه‌نه باخچه و پاركه‌كان، چونكه پڕن له زرته‌بۆزی ئه‌خلاق زبری عاره‌بی كه ده‌نگی زهڕینییان به زمانه ناخۆشه‌كه‌یان ڕۆژهڕیێهك ده‌ڕوات و ژن و منداڵی كورد بێزار ده‌كه‌ن.”
وتارێک له 8 ی ئۆگۆستیدا له کوردستان پۆست‌دا بڵاوکراوه‌ته‌وه
كێ خه‌ڵكی یۆتۆبۆرییه؟
ئه‌وه‌ی له یۆتۆبۆری له‌دایك بووه، یان له هه‌ر سووچێكی دیكه‌ی دنیادا
پیره‌مێردێکی خه‌ڵکی یۆتۆبۆری
كۆمه‌ڵگای كوردی، تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی ئه‌وتۆی له گه‌ڵ ڕاسیزمدا نییه. ئه‌گه‌رچی جیاوازییه‌كی هێند گه‌وره نییه له نێوان چه‌وساندنه‌وه به‌هۆی ئه‌تنییه‌ت و ره‌گه‌زه‌وه. بۆیه‌ش بۆ خه‌ڵكی كوردستان، ته‌واوی ئه‌و میكانیزمانه‌ی كه ڕاسیزم له‌سه‌ری كارده‌كات، له دۆخی سته‌می میللی سه‌ر ئه‌واندا ، هه‌ستپێكراو و شاراوه نه‌بووه. واتا هه‌ندێك له‌و پراكتیكه جیاوازانه‌ی كه به‌رانبه‌ر خه‌ڵكی كوردستاندا ئه‌نجامدراوه، ده‌چێته خانه‌ی هه‌مان پراكتیكی ڕاسیستییهوه، به‌ڵام ئێمه به پراكتیكێكی ڕاسیستیمان ناو نه‌بردووه.
به‌ڵام ئه‌مه به‌ڵگه‌ی ئه‌وه نییه كه كۆمه‌ڵگای ئێمه خاڵییه له ڕاسیزم و دژایه‌تی غه‌ریبان. مامه‌ڵه‌ی خراپ و گاڵته‌كردن به “لادێی” و “خه‌ڵكی شارانی دی”، هیچ نییه جگه له پرۆسه‌ی له پهراوێزهوهخستنی ئه‌و “نامۆ”یانه‌ی كه سه‌ر به گروپی خۆ نین. ڕاسیزمیش له مانا تایبه‌تییه‌كه‌ی خۆیدا، پاش دووباره خۆ پێناسه‌كردنه‌وه و كاركردن له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك شتی دی كه په‌یوه‌ندی به ڕه‌گه‌زی بایۆلۆژیوه نییه له‌مڕۆدا، هیچ شتێك نییه جگه له ئایدیۆلۆژییه‌ك بۆ په‌راوێزخستن و ته‌نانه‌ت له ناوبردنی گروپێكی دیاریكراو بۆ ده‌ستڕانه‌گه‌یشتن به كۆمه‌ڵێك ئیمكاناتی مادی و مه‌عنه‌ویدا.
به‌ڵام جێگاوڕێگا و به‌هره‌مه‌ندبوونی “نامۆكان” له پارسه‌نگێكی هێزی گه‌وره‌تر، ئاڵوگۆڕێكی بنه‌ڕه‌تی به‌سه‌ر په‌یوه‌ندی گروپه جیاواوهكاندا ده‌هێنێت. له به‌رانبه‌ر شه‌پۆلی ئاواره‌ی هاوڵاتییانی عه‌ره‌بی شاره‌كانی دیكه‌ی عێراقدا، كه ئێستا ڕوویان له شاره‌كانی كوردستان كردووه و خانووبه‌ره ده‌كڕن، گریمان گروپێكی دیكه‌ی ئه‌مریكی یان ئه‌ڵمانییه ئه‌و كاره ده‌كات. كاردانه‌وه‌كان چۆن ده‌بوون؟
هاوڵاتی له بهدواچوونێكیدا كه له لایه‌ن شیراز ڕه‌ئوفه‌وه ئه‌نجامدراوه، ده‌نووسێ:” 13% سلێمانی بووه به شارێكی عه‌ره‌بی”(1)، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مریكییه‌كان ماڵی شاره‌كانی كوردستانیان بكڕییایه، نه‌غمه‌ی ڕه‌خنه‌كان چۆن ده‌بوون. ؟ ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی ، بۆ به دواچوونی “ئه‌م مه‌ترسییه گه‌وره‌یه” ده‌نووسێ:” نیگه‌رانی هاوڵاتییه كورده‌كان له زیادبوونی به‌رچاوی ژماره‌ی عه‌ره‌به‌كان ، ته‌نها له‌وه‌دا نییه كه بوونه‌ته سه‌ربارێكی تر بۆ گرفتی نیشته‌جێبوون له شاره‌كانیاندا ، به‌ڵكو به هۆكارێكی سهرهكیشییان ده‌زانن بۆ ئه‌و بێكارییه زۆره‌ی كوردستانی گرتۆته‌وه.” بۆیه هاوڵاتی هه‌ندێك له شاره‌زایانی ئه‌م بواره ده‌هێنێته گۆ:” به تێڕوانینی پسپۆرانی بواری ئابووری، بوونی سه‌رمایه و ده‌ستی كاری عاره‌ب له كوردستاندا، مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه له‌سه‌ر ئابووری كوردستان و بوون به هاوبه‌شی مافه‌كانی كورد له كوردستاندا”
له‌سه‌ر هه‌مان نه‌غمه‌ی ” كوردستان ته‌نها موڵكی كورده”، ئه‌م به دواچوونه له‌گه‌ڵ پسپۆڕان و ئابووریناسانی زانكۆی سلێمانیدا، درێژه‌ی ده‌بێت و هاوڵاتی له زمانی د. نه‌رمین مهعرووفهوه، له په‌یوه‌ند به كڕینی موڵك و ماڵ له‌لایه‌ن ئه‌و عه‌ره‌بانه‌وه،
ده‌نووسێ:” به‌م كاره ئه‌وان ده‌بنه شه‌ریكی هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌ك و ده‌بنه هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كان له كوردستاندا”
بێننه به‌رچاو، ئه‌م ڕیپۆرتاژه له سویدا ئه‌نجامده‌درێت و ئه‌و :” زرتهبۆزه ئه‌خلاق زبرانه‌ی كه ده‌نگی زهڕینییان به زمانه ناخۆشه‌كه‌یان ڕۆژهڕیێهك ده‌ڕوات و ژن و منداڵی سویدی بێزارده‌كه‌ن، ” ئه‌و كوڕ‌و كچه كوردانه‌ن كه له‌م وڵاته‌دا نیشته‌جێن و به زمانێكی جیاوازتری غه‌یری سویدی له شه‌قامه‌كاندا ده‌په‌یڤن، ئه‌مه چ كاردانه‌وه‌یه‌كی له ناو هاوڵاتییانی سوید و مێدییای سوییدا به‌رپاده‌كرد. ؟
به‌پێی ڕوونكردنه‌وه‌ی به‌ڕێز محه‌مه‌د حسێن له سایتی ده‌نگه‌كاندا(2): ” ئه‌و بۆچوونانه‌ی له باره‌ی عه‌ره‌به ئاواره‌كانی كوردستانه‌وه ده‌بیسترێن، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌و راستییه نیشانده‌دات كه كۆمه‌ڵگای ئێمه هیچ پێشینه‌یه‌كی نییه له په‌نادانی ئاواره‌ی میلله‌تان و وڵاتانی تردا. به‌ڵكو ئێمه له ڕابردوودا ته‌نها ئاواره‌بوونمان ئه‌زموونكردووه نه‌ك داڵده‌دان.” به بڕوای من، ڕاستیگهلێكی زۆر له‌م ده‌ربڕینه‌دا ئاماده‌یی هه‌یه، به‌ڵام ته‌واوی ڕاستییه‌كه‌ش نییه. چونكه كاتێك ژماره‌ی سه‌دان هه‌زار سه‌ربازی عه‌ره‌بزمانی ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق له ڕاپه‌ڕیندا ده‌كه‌ونه ده‌ست جه‌ماوه‌ری كوردستان، ئه‌وا ئاستی تۆلێرانس و تێڕوانینی ئینساندۆستانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌وسا بۆمان ڕوونده‌بێته‌وه كه له كولتوری زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستاندا، به عه‌ره‌بی په‌یڤین، یه‌كسان نه‌ده‌كرایه‌وه به به‌عسی بوون و داگیركه‌ر بوون. به بڕوای من، تا ئێستاش بۆ زۆربه‌ی خه‌ڵكی كوردستان، ئه‌م دیده ئینساندۆسته به جۆرێك به‌هێزه. ئه‌و تێڕوانینه‌ی كه له وتاری هاوڵاتی و ڕۆژنامه جۆراوجۆره‌كانی دیكه‌ی كوردستاندا دهمدهكاتهوه به تایبه‌ت له په‌یوه‌ند به‌م پرسیاره‌دا، تێڕوانیی ڕه‌وتێكی فاشیستی ناو ناسیونالیزمی كورده، كه گله‌یی و گازنده‌كانی له‌ده‌سه‌ڵاتی ناسیونالیزمی ڕه‌سمی ، ده‌می پێكردۆته‌وه و گه‌نده‌ڵییه‌كانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته، ئیلهامبه‌خشی زیندوومانهوهیهتی. به كورتییه‌كه‌ی، ئه‌مه ڕووه دڕنده‌كه‌ی ناو ناسیونالیزمی كورده كه له كاتی به‌هێزبوون و توانا په‌یداكردندا، له سه‌ر ” السلام علیكم” به زمانی عه‌ره‌بی، سهردهپهڕێنێت . به‌ڵام گه‌شه‌كردنی ئه‌م ڕه‌وته پۆپۆلیستییه ، كۆمه‌ڵێك تایبه‌تی لۆكاڵی و جیهانی هه‌یه كه ده‌بێت ئاماژه‌ی پێبدرێت.
یه‌كه‌م . ئه‌م ڕه‌وته له ئاستی كۆمه‌ڵایتیدا له ناو جه‌ماوه‌ره‌وه سه‌ری ده‌رنه‌هێناوه. به‌ڵكه له قه‌ڵه‌م و زه‌ینی ڕوناكبیران و ڕۆژنامه‌نوسانه‌وه ده‌نگهه‌ڵده‌بڕێ و دروستده‌كرێ. واتا دروستكراوێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه وه‌ك پرۆسه‌ی دروستكردنی نه‌ته‌وه، ڕه‌گه‌ز، موسوڵمان‌بوون. ئه‌م تێڕوانینه ئه‌نتی “عاره‌ب”ییه، له ئێستادا له ئاستی گوێزرانهوهیدایه بۆناو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و كوشندهكردنی دیدی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به شوێن ڕونكردنهوه و وه‌ڵامێكی ساده‌وه‌ن بۆ پرسیاره ئاڵۆزه‌كان. كرێچێتی من، هۆكاره‌كه‌ی عه‌ره‌به‌كانه، له كاتێكدا ئه‌زمه‌ی نیشته‌جێبوون، به نه‌بوونی هاوڵاتییانی عه‌ره‌بیش، هه‌ر وه‌ك خۆیه‌تی، به‌ڵام ئه‌م دیده، وێنه‌ی دوژمنێكی ئاماده ده‌داته ده‌ست.
دووه‌م. ئه‌و كه‌ش و هه‌وا كولتوری، كۆمه‌ڵایه‌تیی، سیاسییه‌ی كه ئه‌م تێڕوانینه تیایدا زه‌مینه‌ی له‌باری بۆ ده‌ڕه‌خسێت بۆ زیاتر كۆمه‌ڵایه‌تی بوون، ئه‌و چوارچێوه یه كه نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له كوردستاندا فه‌راهامی كردووه. گه‌شه‌ی ڕێكخراوه ڕاسیست و دژه په‌نابه‌ره‌كانی ئه‌مڕۆی ئه‌وروپا، به هه‌موو ئه‌و باڵانهوهی به ڕاستی توندڕه‌و ده‌ناسرێن، ئه‌و سیاسه‌تی “ته‌قه‌شوف”هیه كه چه‌پ و ڕاستی ده‌سه‌لات بهدهستهوهگرتوو، له كه‌مكردنه‌وه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كانی ده‌وڵه‌تی ڕیفاهه‌وه ده‌ستییان پێكردوو و ڕاستی توندڕه‌ویش وه‌ك زه‌مینه‌یه‌ك بۆ گه‌شه‌كردنی خۆی، ئاماژه‌ی پێده‌دات. بۆ پیره‌ژنێكی فه‌ڕه‌نسی كه ئاستی خانه‌نشینییه‌كه‌ی هێنراوه‌ته خوار، ئاسانتر قبوڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی بیمهكهی ده‌كات كاتێك “لێپێن”ی فه‌ڕه‌نسا ده‌ڵێت:” گه‌ر په‌نابه‌ران لێره نه‌بوونایه، ئێوه باشتر ده‌ژیان” به كوردییه‌كه‌ی، كاتێك ئه‌میره مه‌جیدی ته‌ه‌ن 58 ساڵه‌ی خه‌ڵكی كانێسكانی سلێمانی ده‌ڵێ:” هه‌موو ڕۆژێك خاوه‌نی خانووه‌كه دێته سه‌ر مان و ده‌ڵێ یان كرێكه‌م بۆ بكه‌ن به شه‌ست سه‌د هه‌زار یان چۆڵی بكه‌ن. چونكه عه‌ره‌ب به 750 هه‌زاریش ده‌یه‌وێت”، هه‌ر هه‌مان به‌ڵگه دووپاتده‌كاته‌وه كه ڕاستێكی توندڕه‌وی فه‌ڕه‌نسی ده‌یڵێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی تاوانبارێك و هه‌ڵواسینی هه‌موو ئه‌م نه‌هامه‌تییانه‌ی خۆ، به گه‌ردنی ئه‌ودا.
به كورتی، ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییه به‌رینه‌ی له به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌سمی كۆمه‌ڵگا و كه‌موكوڕییه‌كانی ئه‌ودا هه‌یه، ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی پێنه‌درێته‌وه ، ده‌كرێ پۆپۆلیزم و لایهنگراتی ئه‌م ڕه‌وته ، ببنه ده‌مڕاستی و هه‌ستی خه‌ڵكانێكی زۆر به‌دوای داخوازییه‌كانیاندا ههڵبخرێنن. ئه‌م پرۆسه‌یه به ته‌واوه‌تی له ئه‌وروپادا له گه‌ڕدایه و وڵات له دوای وڵاتی ئه‌وروپی، هێزی رێكخراوی پۆپۆلیستی خۆی ده‌داته‌ده‌ر. َله كوردستانیشدا، ئه‌م ڕه‌وته، له كۆمه‌لێك ڕوناكبیر و رۆژنامه و سایتی ئهنتهرنێتیدا وه‌ك تۆڕێكی هێشتاكه خۆ ڕێكنهخستوو كارده‌كات. دروستبوون و گه‌شه‌كردنی ئه‌م ڕه‌وته فاشیستییه له ئه‌وروپا و له كوردستاندا، له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و كهلێنانهن كه ده‌سه‌ڵات له به‌رانبه‌ریدا قسه‌یه‌كی نییه و چه‌پی كۆمه‌ڵگاش ، له دۆخی كوردستاندا، زۆر بێده‌نگتر دێته به‌رگوێ وه‌ك له ئه‌وروپادا.
سێیه‌م. ئه‌م تێڕوانینه و ڕه‌وته‌كانی سه‌ر به‌م بزووتنه‌وه‌یه له كوردستان و له ده‌ره‌وه، جیاوازییه‌كی سه‌یرییان هه‌یه. له ئه‌وروپادا، ئه‌م ڕه‌وتانه به راستی توندڕه‌و ده‌ناسرێن و له باری ئایدیۆلۆژییه‌وه، درێژكراوه‌ی ئه‌و باڵه نازیستی و ڕاسیستییهیه مێژوویه‌یه كه ئه‌مڕۆ له ژێر په‌رچه‌مێكی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی گوتاره كۆنه ڕاسیستییهكاندا، درێژه‌به ژیانی خۆی ده‌دات.
به‌ڵام له كوردستاندا، ئه‌م ڕه‌وته له سه‌نگه‌رێكی دژی ئایدیۆلۆژیی ده‌سه‌ڵاتی ناسیونالیزمی كوردییه‌وه دهنگههڵنابڕێت. به‌ڵكو ته‌واوی سه‌رمایه كولتوری و سیمبولییهكانی نه‌ته‌وه و ناسیونالیزمی قبوڵه و ته‌نها دژی سیمبوڵه حزبیه‌كانی ناسیونالیزمی ڕه‌سمییه. له ده‌ورانه چاره‌نووسسازه‌كاندا، باوهشدهكاتهوه به په‌یكه‌ره‌ی ناسیونالیزم و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یدا و هاوكاتیش له زه‌مه‌نی كه‌مبوونه‌وه‌ی ته‌نگه‌ژه سیاسییه‌كاندا، ده‌بێته‌وه به ئۆپۆزسیۆنی ده‌سه‌ڵات. به‌ڵام ئۆپۆزسیۆنبوونهكهی بۆ خواسته‌كانی جه‌ماوه‌ر نییه له پله‌ی یه‌كه‌مدا، به‌ڵكو بۆ به دڕندهتركردن و ته‌نانه‌ت به‌هێزكردنی خودی ناسیونالیزمی كورده. گله‌ییه‌كانی له ناسیونالیزمی ڕه‌سمی له‌وه‌دایه: بۆ كوردایه‌تییه‌كی باشترناكات؟
له هه‌فته‌ی دژی ڕاسیزمدا له سوید، له پیره‌مێردێكی شاری یۆتۆبۆری ده‌پرسن: ” به بڕوای تۆ، كێ خه‌ڵكی یۆتۆبۆرییه؟” ئه‌و له وه‌ڵامدا ده‌ڵێ:” ئه‌و كه‌سه خه‌ڵكی یۆتۆبۆرییه كه له شاری یۆتۆبۆریدا له دایكبووه”. پاش كه‌مێك وه‌ستان، درێژه به وه‌ڵامه‌كه‌ی خۆی ده‌دات و
به‌رده‌وامده‌بێت:” یان له هه‌ر سووچێكی دیكه‌ی دنیادا.”
به لێدانی دووبه‌شی وه‌ڵامه‌كه: ئه‌و كه‌سه خه‌ڵكی یۆتۆبۆرییه كه له شاری یۆتۆبۆریدا له دایكبووه یان له هه‌ر سووچێكی دیكه‌ی دنیادا.
به‌ڵام سه‌رنجدانێكی به‌شی یه‌كه‌می وه‌ڵامی پرسیاره‌كه، واتا” :” ئه‌و كه‌سه خه‌ڵكی یۆتۆبۆرییه كه له شاری یۆتۆبۆریدا له دایكبووه”، به بێ بیستنی درێژه‌ی وه‌ڵام، به مانای كردنه‌ده‌ره‌وه‌ی سه‌ده‌ها هه‌زار ئینسانی دیكه‌ی ئه‌مڕۆی سه‌ر زه‌مینه كه له سویددا گیرساونه‌ته‌وه و بێبه‌شكردنی ئه‌وانه له‌و پێكه‌وه‌ژیانییه‌ی ئه‌مڕۆیان له‌م وڵاته‌دا. یۆتۆبۆری به ته‌نها شاری ئه‌وانه‌یه كه تیایدا له‌دایكبوون ، به مانایه‌كی دی، ده‌بێته په‌یامی:” سوید به سویدی بهێڵنه‌وه.” ئه‌م جۆره وه‌ڵامدانه‌وه‌یه، ڕێك وه‌ڵامده‌ره‌وه ده‌خاته ناو گوتارێكی ته‌واو ڕاسیستییهوه . به‌ڵام به‌شی دووه‌می وه‌ڵامه‌كه، هێنده باوه‌شێكی فراوانده‌كاته‌وه، كه ئیدی هیچ نامۆیه‌ك خۆی به غه‌ریب نازانێ له‌م تێڕوانینه‌دا.
به‌ڵام گه‌مه‌كردن به‌م پرسیار و وه‌لامه له كۆنتێكستێكی كوردیدا، به‌وه‌ی كێ خه‌ڵكی سلێمانییه، ئه‌وا وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی كه :” نیگه‌رانی هاوڵاتییه كورده‌كان له زیادبوونی به‌رچاوی ژماره‌ی عه‌ره‌به‌كان ، ته‌نها له‌وه‌دا نییه كه بوونه‌ته سه‌ربارێكی تر بۆ گرفتی نیشته‌جێبوون له شاره‌كانیاندا ، به‌ڵكو به هۆكارێكی سهرهكیشییان ده‌زانن بۆ ئه‌و بێكارییه زۆره‌ی كوردستانی گرتۆته‌وه.” ، ئه‌م وه‌ڵامه ده‌چێته خانه‌ی ئه‌وه‌وه‌ی كه : ئه‌وه خه‌ڵكی سلێمانییه(كوردستانه) كه له سلێمانیدا(كوردستاندا) له دایكبووه. هه‌ر بۆیه‌ش كارێكی هێند دژوار نییه كه به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی ” هاوڵاتییه كورده‌كان” له به‌رانبه‌ر “عه‌ره‌به‌كاندا” به‌كار ببرێت و ده‌ربڕینی “هاوڵاتی” وه‌ك پێشگرێك بۆ “عه‌ره‌به‌كان”به هیچ جۆرێك نه‌بینرێت. به زمانێكی دی، ماف له كوردستاندا، به ته‌نها هی هاوڵاتییه كورده‌كانه. به‌ڵام لێكردنه‌وه‌ی ده‌ربڕینی “هاوڵاتی” له “عه‌ره‌به‌كان”، كارێكی هه‌روا له خۆڕا نییه. واتا به ته‌نها زاده‌ی هه‌ڵه‌یه‌كی چاپ و به‌سه‌ردا تێپه‌ڕینی نووسه‌ر نییه، به‌ڵكو ده‌رئه‌نجامی سیسته‌می بیركردنه‌وه‌یه‌كه كه ماف و ئینتیمای هاوڵاتییان بۆ به‌هره‌مه‌ندبوون له مافه‌كانیان، ده‌به‌ستێته‌وه به ئینتیمای ئهتنییانهوه. هه‌ر بۆیه ئه‌م ده‌ربڕینه‌ی خواره‌وه، هیچ كه‌سێك توشی شۆك ناكات كاتێك:” به تێڕوانینی پسپۆرانی بواری ئابووری، بوونی سه‌رمایه و ده‌ستی كاری عاره‌ب له كوردستاندا، مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه له‌سه‌ر ئابووری كوردستان و بوون به هاوبه‌شی مافه‌كانی كورد له كوردستاندا”
كه‌واته كه‌سێك نابێته خه‌ڵكی سلێمانی، كوردستان، ئه‌گه‌ر له سلێمانیدا(كوردستان)دا له دایك نه‌بوو بێت. هه‌ر بۆیه عه‌ره‌ب ده‌بێ مامه‌ڵه‌ی ئه‌و گیاكهڵانهیان له‌گه‌ڵدا بكرێت كه ده‌بێ بژاربكرێن و ئه‌م وڵاته‌یان لێپاكبكرێتهوه. لێسه‌ندنه‌وه‌ی مافی “هاوڵاتیبوون” له كه‌سێك له مێژوودا، چاره‌نووسی خه‌ڵكی كوردستان و جووی زه‌مه‌نی نازیزمی ئه‌ڵمانی و ئه‌رمه‌نی زه‌مه‌نی ده‌وڵه‌تی عوسمانی لێده‌كه‌وێته‌وه. ئه‌مه ئه‌و په‌یامه ساده‌یه‌یه كه چیرۆكی ” 13% سلێمانی بووه به شارێكی عه‌ره‌بی” ده‌یه‌وێ به گوێماندا بدات و كاتێك ماتریاڵه ئینسانییه‌كه‌ی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ی كه ئه‌م جۆره بیركردنه‌وه‌یه‌ی هه‌یه بۆ ئینسان گه‌وره‌تر بوو، ده‌كرێ سه‌رگوزشته‌ی دڵته‌زێنی گه‌وره ببیستین.
له كۆتایدا، ئه‌گه‌ر دیدی : ئه‌وه خه‌ڵكی یوتۆبۆرییه كه له یۆتۆبۆریدا له دایك بووه، تێڕوانینی زاڵی ئه‌مڕۆكه‌ی كۆمه‌ڵگای سوید بوایه، ئه‌وا لانی كه‌م، له پاڵ شه‌هیده‌كانی ڕێگای ڕزگاری كوردستاندا، گۆڕستانێكی كوردانه‌ی شه‌هیدان له شاره‌كانی سویددا بۆ كورده په‌نابه‌ره‌كانی ئه‌م وڵاته ده‌مێك بوو هه‌بوو. به‌ڵام به‌وه‌ی كه ئینتیمای هاولاتی بوون هێشتاكه ئیلهام له‌م ده‌ربڕینه‌وه وه‌رده‌گرێت: ئه‌وه‌ش خه‌ڵكی یۆتۆبۆرییه كه له هه‌ر سوچێكی دیكه‌ی دنیادا له دایك بووه، خه‌به‌ر له گۆڕستانێكی له‌و چه‌شنه نییه. به‌ڵام به ڕاستی: كێ خه‌ڵكی سلێمانییه؟
سه‌رچاوه‌كان:
1. هاوڵاتی ژ 341 رێكه‌وتی 29ی ته‌موزی 2007
2. عه‌ره‌به ئاواره‌كانمان لێمه‌كه فۆبیا محه‌مه‌د حسین سایتی ده‌نگه‌كان
http://www.dengekan.com/doc/2007/8/mhamadHusen11.pdf