لە دۆزەخی ڕوانداوە بۆ دۆزەخی شاری کوێرانی ساراماگۆ و وێنەی مەسیح

 

 

 “من پێموانییە ئێمە کوێر بووین، من پێموایە کە ئێمە کوێرین. ئەو کوێرانەی کە دەبینن، ئەو کوێرانەی کە لەگەڵ ئەوەشدا دەبینن، هیچ نابینن.”

خوسێ ساراماگۆ، ڕۆمانی کوێری

 لەشەمەندەفەری نێوان ستۆکهۆڵم و یۆتێبۆریدا دانیشتووم و خەریکی خوێندنەوەی دوا هەواڵەکانی تراژیدیای ڕواندام. وێنەیەک کە بڕیارە سەرنجی خوێنەر بەلای خۆیدا ڕاکێشێت، ناوەڕاستی لاپەڕەی ڕۆژنامەکەی داگیرکردووە. مەسیح بەسەر خاچەوەیە و لە تەنیشتیدا چەندین وێنەی فریشتەی باڵدار کە لە شێوەی منداڵدان، دەوری مەسیحیان گرتووە. وێنەیەک کە ئینسان لە زۆرێک کلێساکانی دنیادا بەرچاویدەکەوێت. بەڵام ئەوەی ئەم وێنەیە لە هاوشێوەکانی خۆی جیادەکاتەوە، بەخوێنسووربوونی ناوچەوانی مەسیح و فریشتەکانی دەورووبەری و پریشکی سەر دەر و دیواری کلێساکەیە. نەفەرەکەی تەنیشتم، ئافرەتێکی سویدییە ، پەنجەدەخاتە سەر ڕووخساری بەخوێنسووربووی مەسیح و بەحەسرەتەوە پێمدەڵێ:”زۆر ئاساییە کاتێک خۆشەویستی مەسیح لە دڵی ئینسانەکاندا نەما، کەنیسەکان و ڕووخساری مەسیحیش بەخوێن سووربێت.”

ئەمڕۆ پێنج ساڵ بەسەر ڕووخساری مەسیحی کڵێسایەک لە کڵێساکانی ڕواندادا تێدەپەڕێت و بیر لە وتەی هاوسەفەرەکەم دەکەمەوە کە لە شەمەندەفەری نێوان ستۆکهۆڵم و یۆتێبۆریدا پێیووتم. هاوکاتیش خەریکی خوێندنەوەی وتاری ڕۆژنامە نووسی سویدی “پێتەر میرداڵ”م کە لە (داگێنزنیهێتەری) سوییددا بڵاوکراوەتەوە. وتارێک کە دەربارەی هەڵسەنگاندنی ڕۆڵی کڵێسایە لە جەرگەی جینۆسایدی ڕواندادا. دیارە ئەویش لەبەر ڕۆشنایی کتێبە تازە نووسراوەکەی نووسەری فەڕەنسی “کریستیان تێڕاس”دا کە ناونیشانی (شەرەفە لەدەستچووەکەی کڵێسا)ی لە خۆی گرتووە. “مێرداڵ” لە هەڵسەنگاندنی کتێبەکەی “تێڕاسدا” ، گرنگترین هێڵە گشتییەکانی پرۆژەی چوار ساڵەی “تێڕاس”  بە ڕۆشنی دەخاتە بەردەستی خوێنەر.

ئەوەی بۆ من گرنگە لەم وتارەدا، ڕووخسارە بەخوێنسووربووەکەی مەسیحە لە پرۆسەی جینۆسایدی ڕواندادا کە تیایدا قوربانییەکانی جینۆساید، خۆی لە یەک ملێۆن ئینسان نزیککردەوە. جینۆسایدێک ، بە پێی پشکنین و لێکۆڵینەوەکانی “کریستیان تێڕاس”، کڵێسا دەبێتە یەکێک لە جەللادانی لە خاچدانی یەک ملێۆن ئینسان لە ڕواندادا.

وێنەی مەسیح بەسەر خاچەوە، بە یەکێک لە بەهێزترین سیمبۆڵەکانی ئاینی مەسیحی لەقەڵەمدەدرێت. مەسیح بەخۆیی و برینەکانی لەشیەوە، سیمای قوربانییەک دەخاتە بەرچاو کە بڕیارە گووناح و ئازارەکانی ئینسان بەرێت بۆ لای خوا. ئەم ڕوونکردنەوەیە دەربارەی مەسیح لەسەر خاچ، هێندەی زرنگانەوەیەکی مەزهەبی لە پشتییەوە دەبیسترێت، هێندەش سادە و ساکار بووەتە وێنەی بەرچاو و گوومانهەڵنەگری ئینسانەکان. دیارە ئەوەشمان لەیاد نەچێت کە ژیانی دۆزەخئاسای ئینسانەکان و بەربڵاوی کێشەکانی بێکاری و هەژاری و نەبوونی، هاوکاتیش بڕوانەبوون بە پراکتیکی شۆڕگێڕانەی ئینسان بۆ نەهێشتنی مەینەت و کوێرەوەرییەکانی  خۆیان، لە هێشتنەوەی وێنەی مەسیح و هەموو وێنە پیرۆزەکانی تری ئاییندا کە بڕیارە موژدەدەر و گەێنەری ئەم دنگە کپکراوانە بێت بە هێزێکی سەرو تر، کۆمەککەر و بەزیندووی هیڵەرەوەی سیمبوڵە پیرۆزەکانی ئایینە. 

ئەم ئایینە هێندەی بە وێنەی مەسیحی قوربانی و سەر خاچەوە خۆی نیشاندەدات و خۆی دووبارە دەکاتەوە، هێندە بە ئەسفارەکانی  “کتێبی پیرۆزەوە” خۆی ناناسێنێت. هەر بۆیەش وێنەی مەسیحی قوربانی دەگۆڕدرێت بە خاڵێکی بنەڕەتی و سەنتەرێکی ئێجگار مەزن لە ئایینی مەسیحیدا. 

ئەم پرۆسەیە لە ئیسلامدا پێچەوانەیە و موحومەد تەنها دەبێتە ئەو بڵندگۆیەی کە خوا دەنگی تیا هەڵدەبڕێت. لە کاتێکدا مەسیح  بەسەر خاچەوە، ئەو ڕۆڵە ناوەندییە دەبینێت کە قورئان لە ئیسلامدا هەیەتی.

مەسیحی قوربانی بەسەر خاچەوە، هێندە جێگایەکی گەورە و ئەفسووناوی داگیردەکات، کە ئیتر ئینسان ناتوانێت ئەو جیهانە لە خاچ ببینێت کە لە پشت خاچەکەی ئەوەوەن و  ئایینی مەسیحی خوڵقاندوویەتی. وێنەی مەسیحی قوربانی دەبێتە هێندە وێنەیەکی گەورە کە ئیتر قوربانییەکانی مەسیحییەت توانای دەنگهەڵبڕینیان نابێت و بە ژمارەی ملێۆنی خاچەکانیانەوە، ناتوانن سامی خاچی مەسیح بشکێنن.  

مەسیح بەسەر خاچەوە، لەسەر دەستی بزووتنەوەی موژدەدەرەکانەوە دەگاتە زۆر شوێنی دنیا، لەوانەش ئەفریقا. یەکێک لە نوسەرانی ئەفریقی دەنووسێت:” کاتێک موژدەدەرەکان هاتن، ئێمە خاوەنی زەوییەکانی خۆمان بووین و ئەوانیش خاوەنی کتێبەکانی خۆیان. بۆ ساتێکی نوێژ چاوەکانمان داخست، کە چاومان کردەوە، کتێبەکانی ئەوان بە ئێمە بوو، زەوییەکانی ئێمەش بەوان.” لە پڕۆسەی ئەم زەویی و کتێبگۆڕینەوەدا، ڕواندا دەخرێتە سەر خاچ و لە ماوەی سێ مانگدا،زیاتر لە یەک ملێۆن ئینسان دەبنە قوربانی.

لە دۆزەخەکانی جینۆسایدی ڕواندادا، ژوورنالیزمی نۆکەر، هێندەی بەشوێن نیشاندانی کێشەی ئیتنی ڕواندا و دیمەنە سامناکەکانی جەنگەوە بوو، کەمتر دەهاتە سەر هۆکارە واقعییەکانی جەنگی ناوخۆی ڕواندا. کاتێکیش “کریستیان تێڕاس”

 (شەرەفە لەدەستچووەکەی کڵێسا) دەنووسێت، ئیتر پەیوەندییەکانی دەسەڵات، چۆنێتی تواندنەوەی دەوڵەت و کڵێسا لە ناو یەکتردا بە جۆرێک ئاشکرا دەکرێت، کە ئیتر خاچ و قوربانی لە پڕۆسەی دادگایەکی کاڤگایانەدا، نیشانەی پرسیاری گەورەیان لەسەردادەنرێت.

بەڵام لە نێوان دۆزەخەکانی نا و و بەردەرکی کڵێساکانی ڕواندا و دۆزەخی کوێرانی ڕۆمانی( کوێری) نووسەری بەناوبانگی پورتوگاڵ، خوسێ ساراماگۆ، وەرگری خەڵاتی نۆبڵی ساڵی 1998، لێکچوون و خاڵی لەیەک جیاوازی سەیر هەیە.

ساراماگۆ لە ڕۆمانی “کوێری”دا دۆزەخێک بە هەموو ماناکانی خۆیەوە دەخوڵقێنێت و شارێکی گەورەی پڕ لە ئینسانی تێدەئاخنێت. کوێری وەک تاعونێکی سپی بێ ئامان، سەر تاپای شار دەگرێتەوە. لەناو ماڵ و لەسەر شەقام، لە کاتی سێکس و لە ڕاوەستانی بەر تابلۆیەکدا، تاعونی کوێری سپی، ئینسانەکان دەخاتە جیهانێکی سپی شیرڕەنگەوە. بەبێ ئازار و بەبێ دەنگ، گێژەڵووکەی تاعونی سپی، شارێک دەکاتە بێ چاو. ساراماگۆ لە ڕۆمانێکی ئەفسووناویی و سەرنجڕاکێشەردا، بە شێوەیەکی ئەفسانەئامێز، پرسیاری خۆی لەسەردەمەکەی دەکات:” چی ڕوودەدات لە کۆمەڵگادا کاتێک ئینسانەکان چیدی نابینن؟” لە شاری کوێرانی ساراماگۆدا کە تیایدا :” دۆزەخ دابەزیوەتە سەر زەوی” ، لە یەکێک لە پڕ سیمبۆڵترین بەشەکانی ڕۆماندا، ساراماگۆ کوێرەکان دەباتە یەکێک لە کڵێساکانی شار. کاتێک پاڵەوانی ڕۆمان، ژنی دکتۆر، کە تاکە چاوساغی شاری کوێرانە بە مێردەکەی دەڵێت کە:”  چاوی مەسیح بە پارچە پەڕۆیەکی سپی تووندبەستراوە، چاوی یەک بە یەکی وێنە پیرۆزەکانی کڵێسا، پەیکەرەکان، هەموو بێ گیانەکانی ناو کڵێسا بە پەڕۆی سپی بەستراون. ” کاتێک کوێرەکان ئەمە دەبیستن، شڵەژان دەبێتە جووتێک پێ و جەستەی کوێرانی ناو کڵێسا، لە هیستیریایەکی بێ وێنەدا، دەگەێنێتە دەرەوەی دیوارەکانی کڵێسا.

ساراماگۆ کاتێک قوربانییەکانی خۆی لە دۆزەخی کوێریدا دەکاتە کڵێسایەکەوە و دواتریش لە هەڵهاتنێکی شێتانەدا دەیانکاتە دەرەوە و دەیانخاتەوە ناو دەریا سپییەکەی خۆیان و تاڵە دەزووەکانی ئومێدی کوێران بە چاوەکانی کڵێساوە دەپچڕێنێت، دیەوێت چیمان پێبڵێت؟ 

 تۆ بڵێی مەبەستی ئەوە بێت کە بە قوربانییەکانی بڵێت: مەسیح و هەموو پیرۆزەکانی کڵێسا هاوبەشی غەمی ئێوەن و ئەوەتا لەگەڵتانا کوێربوون؟ یاخود دەیەوێت بڵێت: مەسیح و هەموو وێنە پیرۆزەکانییش زادەی چاوەکانی ئێوەن و ئەوە ئێوەن کە بە هۆی چاوتانەوە ئەوان دەبینن، کاتێکیش ئێوە نابینن، ئەوانیش نین.

تراژیدیای کوێرانی ڕۆمانی “کوێری” ساراماگۆ لە ڕوونکردنەوەی دووەمیاندا خۆیدەبینێتەوە. ساراماگۆ کە زیاتر ئازاری خوێنەر و قوربانییەکانی خۆی دەدات، دەیەوێت لە دۆزەخەکانی کوێریدا، هێندەی تر قوربانییەکانی لە دۆزەخێکی تری نائومێدیدا قەتیس نەکات. ئاخر ئەوان هەر ڕۆژە لە خەسڵەتی ئینسانی خۆیان دووردەکەونەوە و زیاتر بە ئاژەڵ نزیکدەبنەوە. 

بەڵام ئایا قوربانییەکانی جینۆسایدی ڕواندا کاتێک دۆزەخی ڕەشەکوژی سەرتاپای وڵات دادەگرێت، ڕوودەکەنە کوێ؟

“دەمەو ئێوارەی 17ی ئەپریلی 1994، حەوت هەزار ئاوارەی توتسی دەگەنە بەردەم یەکێک لە دێرەکانی شاری سۆڤۆ لە ڕواندا. ئەوان لەدەست ئەو میلیشیا چەکدارە هەڵهاتوون کە هەڕەشەی مەرگیان لێدەکات. لە دوای خۆشیانەوە ئەم هاوارە دەنگدەداتەوە: مەرگ بۆ سیسارکە کەچەڵەکان! بەڵام دەرگاکانی دێر بە ڕوویاندا کڵۆمدەدرێت. ڕاهیبەکانیش ڕێیان پێنادەن تا بێنە ژوور. یەکێک لە ڕاهیبەکان لە ئاوارەکان دێتە پیش و پێیاندەڵێت: من نامەوێت ئەم شوێنە گڵاوبکەن. من نامەوێ خوێنی تووتسی لە دێرەکەمدا ببینم. لە دوای شەش ڕۆژ، سەربازانی هوتو دەگەنە سەریان و قەتڵ و عام دەستپێدەکات. ….. کیزیتۆ، یەکێک لە ڕاهیبەکانی دێر، ئەو تەنەکە بەنزینەی کە بەدەستەوەیە دەداتە دەست یەکێک لە سەربازانی هوتو. تاکو ئەوانەیشی کە نەگوژراون، دەرفەتی دەرچوونیان نەبێت.”
کیزیتۆ، تەنها نموونەیەکی بچکۆلەی ناو کڵێسا و دێرەکانی ڕواندایە، لە (شەرەفە لەدەستچووەکەی کڵێسا) ی کریستیان تێڕاسدا. 

قوربانییەکانی دۆزەخەخوێناوییەکەی ڕواندا، بە ئومێدی ئەوەی قوربانی سەر خاچ و هەڵگرانی پەیامی ئەو هاوبەشی ژیانی دۆزەخئاسای ئەوان بکەن، بە پێچەوانەی قوربانییەکانی ساراماگۆوە ملدەکوتن و بەرە و ناو کڵێسکان خۆدەکوتن. ئەوان ئەو کوێرە چاوساغانەی سەردەمێکن کە سەرمایە بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتی خۆی لە بازاڕێکدا، ڕواندا، ناسیۆنالیزم و ئاینی بەجۆرێک لەبەر چاویان هەڵپێکاوە کە ئەستەمە بتوانرێت لەیەک جوودابکرێنەوە.

قوربانییەکانی ناو کڵێسا و بەردەم کڵێساکانی ڕواندا، ئەو کوێرە چاوساغانەن کە هەژاری و برسێتی و دۆزەخە ڕاستەقینەکانی ژیانی ڕۆژانەیان، ئومێدی ژیانێکی باشتر و کەمکردنەوەی ئازارەکانیان، بە چاوەکانی مەسیحی سەر خاچ سپاردبوو.

هەزار ساڵ بەسەر بڵاوبوونەوەی ئاینی مەسیحیدا تێدەپەڕێت و هەزاران دارستان لە خاچ لە پشت خاچی مەسیحی قوربانییەوە بۆ ئینسان دادەتاشرێت، کەچی وێنەی مەسیح، کاریزمای خۆی لەدەستنادات . ئەگەر شەڕەکانی ێەڵیبی و سووتاندنی ئافرەتان لەسەر ئاگر لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بە شێوەی تارماییەک خۆیمان نیشاندەدات و دەنگی قوربانییەکانیان نابیستین،  ئەوا لە شەرەفە لەدەستچووەکەی کڵێسادا، هاواری قوربانییەکان تەنها پێنج ساڵی دوانزە مانگی دوورە لێمان و وێنەکانیشیان بە شاشەی تێڤێ کانمانەوە نوساوە و لێینابێتەوە.

 لە ڕواندادا، دیدی ساراماگۆ بۆ دۆزەخ و قوربانی و کوێری، بە هەموو ماناکانی وشەوە دیار نەبوو. بەڵام ئایا دەبوایە ڕواندا بسووتایە و بخرایەتە سەر خاچ تاکو نەبووینایەتە:” ئەو کوێرانەی کە لەگەڵ ئەوەشدا دەبینن، هێشتا هیچ نابینن؟”

ئایا ئیتر ڕۆژی ئەوە نەهاتووە کە مەسیح لەسەر خاچ بهێنرێتە خوار،  تاکو قوربانییە لە خاچدراوەکانی پشت خاچەکەی ئەو دەربکەون؟ ڕواندا ئەو پرسیارە لە بەشەرییەتی ئەمڕۆ دەکات.

بەهاری 1999
 
 
 

Check Also

سیناریۆی ڕەش، سیناریۆی سپی

سیناریۆی ڕەش، سیناریۆی سپی باسێک دەربارەی ڕەوەندی هەڵومەرجی سیاسی لە ئێراندا نووسینی: مەنسور حیکمەت وەرگێڕانی: …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *