کاتێک که‌ناڵی “الجزیره” ده‌بێته‌ نموونه‌ی باڵای ڕۆژنامه‌ی “هاوڵاتی”

 
 

 

سەرنجێک لەم دێڕانەی خوارەوە بدەن: ” لەم دواییانەدا سەماحەتی شێخی ئەزهەر محەمەد سەید تەنتاوی لە میانەی سەردانێکدا بۆ ناوچەی شەرەم ئەلشێخ، هانی هاوڵاتییانی داهاوکاری پیاوانی ئاسایش و پۆلیس بکەن بۆ دەستگیرکردنی ئەوانەی لە پشت تەقینەوە تێرۆریستییەکانی نیمچە دوورگەی سیناوەن. سەید تەنتاوی وتی:ئەو دەستدرێژکارانەی کە ئۆتۆمبیل و تەقەمەنی بۆ تەقاندنەوەی خۆیان بەکاردێنن، ئامانجیشیان خەڵکی بێتاوانە لە ژن و پیاو مناڵان، خوا هیچ بەزەییەکی پیایاندا نایەتەوە و نەفرەت لێکراوی دنیاو دوا ڕۆژن” هەروەها وتی:” زانیاری بدەن بۆ دەستگیرکردنی ئەو نێرۆریستانە بۆ ئەوەی بە سزای خۆیان بگەیەنرێن”

شێخ تەنتاوی سەردانی شەرم ئەلشێخی کرد بۆ پێش نوێژی و خوێندنەوەی وتاری هەینی لە مزگەوتی ئەلسەلام لە نیمچە دوورگەی سینا کە جمەی دەهات لە سەدان نوێژکەر کە تا ئێستاش لە شۆکی ئەو تەقینەوانە ترساون. وەزارەتی تەندروستی میریش لای خۆیەوە جەختی لە مردنی 64 کەس کردەوە کە سەرەڕای بوونی 11 کیس لە پارچەی قوربانییەکان کە دەستگا پەیوەندارەکانیش تا ئێستا لە هەوڵی دیاریکردنی ژمارەی کوژراوانی ئەو پارچانەن.

هەروەها شێخ تەنتاوی وتی:” بکوژان هیچ پاساوێکیان نییە و ئەو کردەوە ڕیسواییانەش بە بانگەشەی جیهاد ناوزەند دەکەن، ئەوا درۆزنن و جادوگەر و لە ئیسلام بێ بەرین.”

ئەم چەند دێڕەی سەرەوە، وەرگێڕدراوی ڕۆژنامەی وەزارەتی ناوخۆی میسر نییە و لە گۆڤار و ڕۆژنامەیەکی ئیسلامی بزووتنەوە سیاسییەکانی میسردا دەرنەهاتووە، بەڵکو بەشێک لە ڕیکلامێکی درێژە کە لە لاپەڕەی 14ی ڕۆژنامەی “هاوڵاتی” کودستانی عێراقدا بڵاوکراوەتەوە.

کێیە ئەو دەستەی لە پشت ئەم دێڕانەوە وەستاوە؟ بۆچی سەردانی شێخی ئەزهر دەبێتە ڕیکلامی ڕۆژنامەیەکی کوردی؟ ئەمانە کۆمەڵێک پرسیارن کە بێ وەڵامن.

بەڵام ناوەڕۆکی ڕیکلامەکە چیمان پێدەڵێ؟

 بە کوردی و بە کورتی دەڵێ: تێرۆریزمی ئیسلامی لە ئیسلام بێ بەرییە و هیچ پەیوەندییەکی بە ئیسلامەوە نییە. واتا ئەم کردەوە تێرۆریستییانەی کە سەرتاپای دنیایان گرتۆتەوە و هێزە ئیسلامییەکان لێی بەرپرسیارن، ناکرێ بە گەردنی ئیسلامدا هەڵبواسرێن.

دیسانەوە بە کورتی: ئەم جۆرە تێڕوانینە بۆ ئیسلامی سیاسی، نەک هەر لایەنگیرییەکی گەورەی لەلایەن خودی هێزە ئیسلامییە “میانەڕەوەکاندا” هەیە، بەڵکو تێزێکی گەورەی ئەو ڕووناکبیرانەیشە کە بۆ ڕزگارکردنی ئیسلام، بانگەوازماندەکەن سەرنجێک لە ئەندەلووسی ئیسپانیا بدەین. 

ئەم تێروانینە لە هاوڵاتیدا لە چڵە پۆپەی خۆیدایەتی. ئیتر میژووی مەحوی و مێژووی سەید قوتب، درێژکراوەی مێژوویەک کە بە مێژووی ئیسلام ناودەبرێت.  بە واتایەکی دی، ئەگەر کەسانێک پێ لەسەر ئەوە دادەگرن کە تێرۆریزمی ئیسلامی ڕەگە ئایدۆلۆژییەکانی لە ئیسلامدا دەدۆزێتەوە، ئەوا بە هەڵەدا چوون و ئەوەتانێ مێژوویەکی دیکە ئامادەیی هەیە کە مەحوی و ئەندەلووسی ئیسپانیاشی بەرهەمهێناوە. ئەو پەڕی ڕادیکالیزمێک لەم دیدەدا ئەگەر هەبێت، قبوڵکردنی خودی ئایینە بەر لە دستبردنی بۆ سەربڕین، بەڵام ئەگەر تێرۆری رۆح دەکات، قەیدی ناکا. 

بەڵام ئەم تێڕوانینە، هەمیشەش تێڕوانینێکی باو و باڵادەستی دەسەڵاتی سیاسی بووە لە زۆرێک لە ناوچەکانی خۆرهەڵات و کوردوستانیشدا. هەر بۆیەش لەگەڵ هەر کردەوەیەکی تێرۆریستیدا، ئەوا تەنتاوی و مەلاکانی کوردستانن دەبێ بێنە سەر تەلەفزیۆنەکانی دەسەڵات و تۆزێک ئابڕوو بۆ ئیسلامی سیاسی بکڕنەوە.

بەڵام رەخنەگرتنێکی ڕادیکاڵانە لە ئایین، بەشێک لە سەرمایە ڕەمزییەکانی خودی ئەو دەسەڵاتە دەسووتێنێت کە قاچێکی لە ناو کولتوری ئاییندایە و بەهۆی بەرژەوەندییەکانییەوە ناتوانێت دەستبەرداری ئایین بێت.

بەڵام هاوڵاتی چ بەرژەوەندییەکی هەیە تا ریکلامی سەردانی شێخی ئەزهەرمان ئاوا بە هەرزانی پێبفرۆشێتەوە؟ تۆ بڵێی ناوەڕۆکی ئەم ڕیکلامە لە ژێر ئەو ناونیشانەی وتارەکەی شێرزاد حەسەندا کە لە هەمان لاپەڕە و لە سەروی ئەم ریکلامەوە چاپکراوە، جێی بێتەوە؟ تۆ بڵێی ئەم ڕیکلامە “هەقایەتی دەبەنگی” (1) هاوڵاتیمان بە جۆرێکی دی بۆ بگێرَێتەوە؟

 ئەگەر کەناڵی “الجزیرە” نەبێت، بن لادن و ئەیمەن ئەلزەواهری و چەندەها ڕووخساری تری تێرۆریزمی ئیسلامی نەیدەتوانی لە ئاستێکی بەرینی کۆمەلایەتیدا، پەیامی تۆرابۆرا بخەنە ماڵەکانی  ئازادی و نیۆرکەوە. بەڵام جەزیرە بەکرێگیراوی بن لادن نییە، بەڵکو پەیامی ئیسلامی سیاسی بۆ هێزانەی لە پشت بەرهەمهێنانی جەزیرەوەن، پەیامی ئەو تێڕوانینە بالادەستەیە کە لە کەناڵی ئەلجەزیرە دا ڕەگی داکوتاوە. تەنانەت ئەگەر ڕەهەندی ئابووری وەک قازانجێک کە جەزیرە لێی بەهرەمەند دەبێت لە بەرچاو بگرین بۆ فرۆشتنی فلیمی هەڕەشەکانی ڕابەرانی ئیسلامی سیاسی، هێشتا کاسبییەکی زۆر خوێناوییە. بۆ رۆژنامەیەکی نیمچە لیبراڵی ئەوروپا ڕیکلام بۆ نازیستە نوێەکانی ئەوروپا ناکات ئەگەرچی هەزاران دۆلار دەدەن ئەگەر کارێکی وایان بۆ مەیسەر بێت.

بۆچی هاوڵاتی وا دەکات، تۆ بڵێی قازانجی ڕیکلامێکی لە و جۆرە لەو بەها ئینسانییانە گرنگتر بێت کە کۆمەڵگا پێویستییەتی؟ بۆ هاوڵاتی دەبێ ببێتە ئەو مینبەرەی  ڕووی دزێوی تێرۆریزمی ئیسلامی پاککاتەوە؟

 مەگەر ئەم هێزە و لایەنگرەکانی،  کەناڵی دیکەی کەمییان بەدەستەوەیە؟

 

 

 
 

 
 
 

Check Also

سیناریۆی ڕەش، سیناریۆی سپی

سیناریۆی ڕەش، سیناریۆی سپی باسێک دەربارەی ڕەوەندی هەڵومەرجی سیاسی لە ئێراندا نووسینی: مەنسور حیکمەت وەرگێڕانی: …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *