2009-03-30
“ئه‌م پرسیاره ده‌که‌وێته سه‌ر مێزی کێ”، ده‌ربڕینێکی ساده و کۆمه‌لایه‌تییه له کۆمه‌ڵگای سویددا. ئه‌گه‌ر کێشه‌ی بێکاریی ، یان گرفتی هاوڵاتییه‌ک که به ده‌ست ئه‌لکهوله‌وه ده‌ناڵێنێ پرسیاری ڕۆژ بێت، ده‌کرێ ئه‌م پرسیاره له‌سه‌ر مێزی ده‌اموده‌ستگایه‌کی ده‌وڵه‌تدا یان چه‌ند داموده‌ستگایه‌کدا، وه‌ڵام وه‌ربگرێته‌وه. به‌ڵام پرسیاری منداڵانی کوردستان ده‌که‌وێته سه‌ر مێزی کام له‌و وه‌زاره‌ته له ژماره‌نه‌هاتووانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له کوردستاندا، کێ به‌رپرسیاری یه‌که‌مه له پرسیاره‌کانی منداڵانی کوردستاندا، نا‌کرێ به هه‌مان ساده‌یی خۆیه‌وه له کوردستاندا بکرێت. به بڕوای من، له ناوه‌نده‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا، ئه‌م پرسیاره ده‌کرێ بکه‌وێته سه‌ر مێزی هه‌موو وه‌زاره‌ته‌کان و که‌چی هێشتا ئه‌م پرسیاره له به‌رنامه‌ی سیاسی هیچ وه‌زاره‌ته‌که‌یدا جێگایه‌کی نییه.
نه‌وه‌ی من، بێبه‌شترین نه‌وه‌کانی عێراقه له به‌هره‌مه‌ندبوون له زه‌مه‌نێک که به منداڵی ناوده‌برێت. منداڵی ئێمه له ناو دیمه‌نه‌کانی “صور من المعرکه” دا که له‌گه‌ل هه‌واڵه‌کانی کاتژمێر شه‌ش و حه‌وتدا ده‌ستی پێده‌کرد، بێبه‌شده‌کرا له بینینی فیلمی کارتۆن و ئه‌و به‌رنامه تایبه‌تییانه‌ی ته‌له‌فیزیۆنی به‌غدا و که‌رکوک بۆ منداڵانییان ئاماده‌ده‌کرد. له ژیانی ڕۆژانه‌دا ، ده‌نگی تۆپی بۆمبارانی شاره‌کان و زیڕه‌ی ئه‌و فڕۆکانه‌ی به ئاسمانی شاره‌کاندا تێده‌په‌ڕین، به‌شێک له کاتی به‌خه‌به‌ربوونی منداڵانه‌ی ئیمه بوو و دیمه‌نه‌کانی جه‌نگیش له تیڤێکانه‌وه، درێژه‌ی هه‌مان کاره‌سات بوو به‌ر له خه‌وتن.
هه‌ر بۆیه‌ش، کاتێک چه‌ندین ساڵ دوای منداڵییه‌کی تێکشکێندراو له شارێکی خۆرئاوادا، ده‌مه‌وێت حه‌کایه‌تێکی منداڵانه‌ی خۆم بۆ کچه حه‌وت ساڵانه‌که‌م بگێڕمه‌وه، کاتێک ده‌گه‌مه ئه‌و شوێنه‌ی که ورچه‌که خه‌ریکه به قه‌پاڵ ڕیوییه‌که بخوات، خێرا کیژۆڵه‌که‌م به پرسیارێک ده‌مم ده‌به‌ستێت و ده‌ڵێ:” چۆن، ورچه‌که رێوییه‌که ده‌خوات؟” منیش بێ ئه‌وه‌ی پیشانی بده‌م که چیرۆکێکی خوێناوی ده‌گێڕمه‌وه و له جیهانی منداڵانه‌ی کچه‌که‌مدا، ئه‌م خوێنڕێژییه بوونی نییه، خێرا کۆتایی چیرۆکه ده‌گۆڕم و مام ڕیوی به یه‌کێک له فێله‌کانی خۆی، کۆتاییه‌کی دیکه به چیرۆکه خوێناوییه‌که‌ی من دێنێت.
شه‌قامی شاره‌کانی کوردستان پڕکراوه له فیلمی کارتۆنی دۆبلاژکراو. له ڕێگه‌ی ولاتێکی وه‌ک چینه‌وه، ده‌کرێ ستارخانی کوردی کووندارمان بۆ بهێنرێت، هاوکات ئه‌و فیلمانه‌یشی هێشتا سینه‌ماکانی ئه‌وروپا له ساڵۆنه‌کانی خۆیاندا پیشانییان نه‌داوه. ئه‌و عه‌قله بازرگانییه بێ به‌رپرسیاریه کۆمه‌لایه‌تییه‌یشی له کوردستاندا کارده‌کات، له به‌رهه‌مهێنانی فیلمی کارتۆنی کوردی‌دا، به‌شێکی تر ده‌خاته سه‌ر خه‌رمانی ئه‌و شه‌خه‌ڵه‌ی ده‌رخواردی خه‌ڵکی کوردستان ده‌درێت. بێگوومان مندالانیش، له پاڵ هه‌موو کاڵایه‌کی ئێکسپایه‌ر بوودا که ده‌رخواردییان ده‌درێت، ده‌بێت به‌شێک له ژه‌هراوی ئه‌م کارتۆنه به کوردیکراوانه‌ش هه‌ڵنۆشن.
فیلمه کارتۆنه‌کانی دیسنی و ئه‌و کۆمپانیایانه‌ی دیکه که له به‌رهه‌مهێنانی فیلمی منداڵاندا ده‌ستییان دیاره، به ناو تۆڕێکی گه‌وره له نووسه‌ر و ده‌روونناس و شاره‌زایانی بواری مندالاندا گووزه‌رده‌کات و پاشان ده‌گه‌نه به‌ر چاوی منداڵان. بێگومان به بوونی ئه‌و ڕه‌خنه زۆره‌یشی ئه‌م به‌رهه‌مانه له ناوه‌ندی ڕه‌خنه‌ی سینه‌ماییدا له‌سه‌رییانه. به‌لام هه‌ر هه‌مان ئه‌م فیلمانه، له ژێرده‌ستی که‌سانیکدا که که‌مترین زه‌وقی منداڵانه‌یان هه‌یه، له که‌ممترین ده‌رفه‌تتدا، ده‌کوردێنرێن و ده‌خرێنه به‌رده‌ست و چاوی مندالان.
کارتۆنی کوردی نه ئاخاوتنی منداڵانه‌یان تێدایه، نه زمانێک که ده‌کرێ زمانی منداڵ بێت. ئه‌و پا‌ڵه‌وانه بچکۆله جوانانه‌ی که منداڵ له زمانه ئه‌سڵییه‌کانیادا له یادی ناچنه‌وه، له به‌رگه کوردییه‌که‌یدا به زمانێکی گڕداری گه‌وره‌سالانه‌وه ده‌مده‌که‌نه‌وه‌وه و له‌سه‌ر وه‌زنی گۆرانی “ئاهه‌نگه کوردییه‌کانی ژنهێنان”دا سه‌ماده‌که‌ن. ته‌ماشاکردنی ئه‌م فیلمانه، ئینسان ده‌خاته به‌رده‌م پرسیارێکی ساده: ئه‌م فیلمانه بۆ کامه ته‌مه‌نی منداڵان ده‌شێن؟ ئایا خه‌ونێکی چه‌پێنراوی منداڵیی ئه‌و که‌سه‌یه که که خۆی ڕۆژگارێک لێێ به‌هره‌مه‌ند نه‌بووه، بێگوومان وه‌ک که‌سێکی سه‌ر به نه‌وه‌ی من و به چاوی گه‌وره‌ساڵانه‌ی ئێستای خۆیه‌وه ده‌یه‌وێت بیکوردێنێ و ئاواتی خۆی پی بێنێته دی ، یان کۆمه‌ڵێک تێرۆریستی کولتوری مندالانن و پێێانوانییه کرده‌وه‌یه‌کی تێرۆریستی له باری کولتورییه‌وه ئه‌نجام نا‌ده‌ن. له هه‌ر دوو حاڵه‌ته‌که‌دا، ئێمه له زه‌مه‌نێکی دیکه‌دا له به‌رانبه‌ر فیلمێکی دۆبلاژکراوی کارتۆنداین که وێنه‌کانی به زمانی جنێو و پڕ له تووندوتیژیدا، نه‌وه‌ی دوای خامۆشبوونی شریخه‌ی فڕۆکه‌کان، ده‌کاته نه‌وه‌یه‌کی تووند و تیژ و جنێوفرۆش.
کاتێک وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری چه‌ندین ده‌فته‌ر دۆلار له کلیپ و به‌رهه‌مهێنانی گۆرانی کوردی‌دا سه‌رفده‌کات و سه‌فی گۆرانیبێژانیش له‌سه‌ره‌دا ڕاوستاون تا ئه‌م مه‌رحه‌مه‌ته ڕۆشنبیرییه‌یان به نسیب بێت، نا‌کرێ چکێکی ئێجگار که‌م له‌و پاره‌یه‌ی سه‌ره‌وه له دۆبلاژکردنی هه‌ندێک له شاکاره‌کانی فیلمی منداڵاندا سه‌رفبکات و ئه‌م نه‌وه‌یه له ده‌ستی تێرۆریسته‌کانی بازاڕ ڕزگار کات؟ کاتێک ئاسایش و ده‌ستگای پاراستن له کۆششه‌کانیاندا بۆ کۆکردنه‌وه‌ی فیلمه رووته‌کانی بازاڕ، هه‌ڵده‌کووتنه سه‌ر بازاڕ و دووکانی کۆپیکردنی “سی دی” کان، که من پێموایه کارێکی خراپ ده‌که‌ن، چه‌ند بۆیان گرنگه که کۆکردنه‌وه‌ی ئه‌م فیلمه کارتۆنانه وه‌ک فرۆشتنی مادده بێهؤشکه‌ره‌کان وایه و ده‌بێ له به‌رانبه‌ریدا هه‌ڵویست بنووێنن.
به‌لام به‌وه‌ی تا ئێستا هیچ کام له به‌رپرسیارانی ده‌سه‌لاتی سیاسی و وه‌زاره‌ته‌کانییان پێیان وانییه ئه‌م پرسیاره ده‌که‌وێته سه‌ر مێزی ده‌سه‌لاتی ئه‌وان، ئه‌رکێکی گه‌وره ده‌که‌وێته سه‌ر خێزان و ئه‌و گه‌ورانه‌ی که ده‌یانه‌وێت منداڵی نه‌وه‌کانییان له منداڵی خۆیان نه‌چێت و سنوورێک بۆ ئه‌م کرده‌وه تێرۆریستییه‌ی هێزه‌کانی بازاڕ دابنێن.