سه‌رنجێک له خودای “هه‌ڵبژاردنه‌کان”ی ڕێبین هه‌ردی
با خه‌ڵکانی دیکه ده‌رباره‌ی بێ ئابڕووییه‌کانی خۆیان بدوێن، من ده‌رباره‌ی بێ ئابڕوویه‌کانی خۆم ده‌دوێم
برتۆڵد برێشت
ده‌ڵێن له یه‌کێک له ئۆردوگا زۆره‌ملێیه‌کانی نازیزمدا، کۆمه‌ڵێک جووی ئایندار، له ئێواره‌یه‌کی ژووره شیداره‌که‌ی خۆیاندا، له به‌رانبه‌ر مه‌رگبارینی ڕۆژانه‌ی هاوڕێیان و ئازیزانیاندا، ئیمانییان به خواوه‌ندی خۆیان له‌قده‌بێت و ئه‌و پرسیاره ده‌که‌ن که له هیچ کاتێکی ئاسایدا نه‌یانوێراوه به سه‌ر زاریاندا بێت.
” ده‌کرێ خودا به‌رپرسیارێتی ئه‌م دۆزه‌خه‌ی ئه‌وانی له‌سه‌ر شان بێت و له‌م جه‌هه‌نه‌مه قاندراوه‌ی ئه‌واندا ده‌ستی نه‌بێت”. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، پێکهێنانی دادگایه‌کی بچکۆله، پێکهاتوو له دادوه‌ر و پارێزه‌ر بۆ تاوانبار و تاوان‌لێ‌کراو، خێرا شکڵده‌گرێت. له پاش قسه و باسێکی درێژ، به کۆی ده‌نگ بڕیارده‌درێت:” به‌ڵێ، خودا‌ش تاوانباره” به‌ڵام هه‌ر له دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م بڕیاره‌ی دادگا، ده‌ڵێن: “به‌لام ئێستا کاتی نوێژی ئێواره‌یه، با بڕۆین نوێژه‌کانمان بکه‌ین” . ئاخر ئینسان له دۆزه‌خه‌کانی ئاوشویستدا نه‌یده‌توانی بێ ئومێد، بێ خودا بێت.
له ناو نووسه‌رانی کورددا که‌م که‌س به قه‌د ڕیبین هه‌ردی له وتنه‌وه‌ی په‌یامی:” به‌ڵی بۆ ده‌نگدان”دا قسه‌ی خۆی کردووه. بێگوومان مافێکی خۆیه‌تی و که‌سیش لاری له‌وه نییه. “کێ ده‌لێت ڕاستده‌که‌ن” وتاری ڕێبین هه‌ردییه له ئاوێنه‌ی ڕێکه‌وتی 10ی ئایاری 2009 دا و له هه‌مان ڕۆژنامه‌ی ناوبراودا و له گۆشه‌ی بیروڕادا ( ڕێکه‌وتی 19ی ئایار ) به‌شێک له ناڕۆشنییه‌کانی وتاره‌که‌ی به شێوه‌یه‌کی چڕوپڕتر ده‌خاته به‌رده‌ستی خوێنه‌ر. بۆ ڕێبین، پرسیاری :” “کێ ده‌لێت ڕاستده‌که‌ن”، پرسیارێکی هه‌ڵه‌یه، چونکه: “جگه له خودا که‌سێک نییه بتوانێت نییه‌تی شاراوه و نهێنی هیچ که‌سێک بدۆزێته‌وه.” پرسیاری کێ ده‌ڵێت ڕاستده‌که‌ن، بۆ ڕێبین پرسیاری به‌شێک له هاوڵاتییانی کوردستانه که پراکتیزه‌کردنی دسه‌لاتی سیاسی به‌و جۆره‌ی هه‌مووان ئاگادارین، دڵه‌ڕاوکه‌یه‌کی له ناخیاندا خوڵقاندووه و ده‌کرێ له ڕێگه‌ی نهچووون بۆ ده‌نگدان یان ده‌نگدان له رێگای کارتی سپییه‌وه ، هه‌ڵوێستی خۆیان نمایش بکه‌ن. بۆ ده‌سته‌ی یه‌که‌مییان، ئه‌وانه‌ی که ناچن بۆ ده‌نگدان، ده‌کرێ ” گوومانکارییان بگاته ڕاده‌یه‌ک که نا به‌رپرسیارانه ڕه‌فتاربکه‌ن و به‌شداری له کۆی پڕۆسه‌ی سیاسی‌دا نه‌که‌ن”. ئاخر جه‌وهه‌ری دیموکراسی بۆ ڕیبێن:” بریتییه له تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی به‌رده‌وام، تاقیکردنه‌وه‌یه‌ک که بێگوومان وه‌ک هه‌ر تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی تری دنیا، ئه‌گه‌ری هه‌ڵه بوون و نا ڕاستی تێدایه. به‌لآم ئه‌وه‌ی له‌م نێوه‌دا ڕیسکدهکات ئێمه نین که ده‌نگده‌ده‌ین، به‌ڵکه ئه‌و هێزه سیاسییانه‌ن که ده‌نگیان بۆ ده‌ده‌ین. چونکه هه‌ر کاتێک ئه‌و هێزه سیاسییانه‌ی مژده و به‌ڵێنی جیاوازییان له کاتی هه‌ڵبژاردندا داوه، له به‌ڵێنه‌کانی خۆیان لایان دا و جێبهجێیاننهکرد، متمانه‌ی خه‌ڵکی ده‌دۆڕێنن و له هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتوودا ده‌نگییان بۆ ناده‌ین.”
ئه‌وه‌ی که بۆ من گرنگه، له پله‌ی یه‌که‌مدا، تاوانی “نابه‌رپرسیارێتی” خستنه پاڵی ئه‌و که‌سانه‌یه که نایانه‌وێ ده‌نگبده‌ن و له پله‌ی دووه‌میشدا، به‌کرێگرتنی خودایه بۆ ڕێنیشاندان و ناسینه‌وه‌ی په‌یامی بزووتنه‌وه سیاسییه‌کانی سه‌ر شانۆی هه‌ڵبژاردنی کوردستان به هه‌موو ئه‌و مێژووه درێژه‌وه‌ی ئه‌م هێزانه له کارنامه‌ی سیاسیی خۆیاندا ههڵییانگرتووه. ئاخر:” چونکه جگه له خودا که‌سێک نییه بتوانێت نییه‌تی شاراوه و نهێنی هیچ که‌سێک بدۆزێته‌وه” . بێگوومان “نابه‌رپرسیارێتی نیشاندان” له کرده‌ی سیاسه‌تدا، ئاوهڵفرمانێکی لاوازی کرده‌ی هه‌ڵبژاردن نییه و ئه‌م ده‌ربڕینه له کۆنتیکستی خۆیدا، بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، وه‌ک گووناحی کهبییره مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت.
به‌ڵام چۆن ده‌نگدان پێوه‌ر و لایه‌نێکی به‌رجه‌سته‌ی هه‌موو هه‌ڵبژاردنێکی سیاسییه، ده‌نگنه‌دانیش به هه‌مان شێوه هه‌ر هه‌مان میکانیزمی هه‌یه و کاریگه‌رییه‌کانی له‌وی یه‌که‌مییان که‌متر نییه. ئه‌مڕۆ پرسیاری کارایی سیسته‌می دیموکراتی نه له ڕێگه‌ی به‌رزی ڕێژه‌ی ده‌نگده‌رانه‌وه ده‌خرێته ژێر چاوپێداخشاندنه‌وه‌یه‌کی ڕهخنهگرییانهوهوه، به‌ڵکو له رێگه‌ی ده‌نگی دهنگنهدهرانهوه پرسیاری:” مه‌گه‌ر دیموکراسی چ ئیشکالییه‌تێکی هه‌یه” ده‌کرێ خۆیمان نیشانبدات. له سویددا ئه‌م له‌شکره، به گروپی:” دانیشتوانی سه‌ر قه‌نه‌فه‌کان” ناوزه‌دده‌کرێن و که‌سیش پێیوانییه نا به‌رپرسیاریه‌تییه‌کی تایبه‌تییان له خۆیاندا نیشانداوه.
ئه‌وه‌ی که ئه‌مڕۆ ده‌نگنادات، شه‌پۆلێکی بچووکی دژه شه‌پۆله که نائومێدییه‌کانی ڕۆژانه‌ی له‌به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا ده‌کاته هه‌ڵوێستوه‌رگرتنێکی ئاگاهانه. ئاخر مه‌لا به‌ختیار وته‌نی: مانگانه یهكێتیو پارتی له‌سی ملیۆن دۆلار كه‌متر له‌حكومه‌ت وه‌رناگرن” ریسکێکه و ناکرێ حسابی ورد و درشتی بۆ نه‌کرێت. ئه‌مه به‌شێک له‌و په‌یامانه‌ن که ئیدی شه‌رمکردن هه‌ڵناگرێت له درکاندنیدا. خه‌ڵکی کوردستان ناتوانێت ، یان لانی که‌م ئه‌وانه‌ی نایانه‌وێ چه‌ندین سالی تر چاوه‌ڕوانی بکێشن بۆ ئه‌وه‌ی له ڕاست و دروستی هه‌ڵبژاردنه‌که‌یان دڵنیا بن، هه‌ر وا به‌سه‌ریاندا تێپه‌ڕێت. هه‌ر ئێستا وه‌ختییه‌تی، ده‌رفه‌تێکه بۆ پراکتیزه‌کردنی ئه‌م هه‌ڵوێستوه‌رگرتنه. ئه‌وه‌ی که هاوڵاتی ریسکێک ئه‌نجامنادات و له رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتووه‌وه ده‌نگی خۆی به که‌سێکی دیکه ده‌توانێت بدات، ده‌کرێ له سیسته‌می دیموکراتی خۆرئاوادا ترادیسیۆنێکی جێکه‌وتوو بێت و له دۆخی دیموکراسییه‌تی کوردی‌دا و له‌سه‌ر ده‌ستی کۆمه‌ڵێک “قهڕاسینهی وشکاییدا”، ده‌ربڕینه‌که‌ی ڕێبین بکاته نوکته‌یه‌کی بێتام. ئه‌و دۆخه‌ی له کوردستاندایه، ته‌نها ده‌رئه‌نجامی تاڵانچییانێکی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نین که سه‌ربه‌رزانه و ڕاشکاوانه باس له تاڵانکارییه‌کانی خۆیان ده‌که‌ن و له سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌کانه‌وه به گوێی تاڵانکراوه‌کانی کۆمه‌ڵگایدا ده‌ده‌ن، به‌ڵکو به هه‌مان شێوه‌ش زاده‌ی کارکردی ئه‌و هێزو تاقمه جۆراوجۆرانه‌ن که ئه‌مڕۆ به‌رگی لیستی جیاوازییان له‌به‌رکردووه و له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا، شیوه‌نی کورسیوهرگرتنێک و پۆستێکی ئیداریی، تاکه نووزه و شه‌هامه‌تی ئۆپۆزیسیۆنبوونی دوێنێیانه. ده‌کرێ ڕێبین تێڕوانینێکی دیکه‌ی له به‌رانبه‌ر ئه‌م هێزانه‌ی دووه‌مدا هه‌بێت ، به‌ڵام ئه‌وه ته‌نها بۆچونێکه و تاقیکردنه‌وه‌ی ئه‌م هێزانه‌ش له ڕابردوودا، ده‌کرێ بۆچوونی جیاواز تریش به‌رهه‌مبێنێ.
ئه‌م گوومان و به‌دبینییه له به‌رانبه‌ر هێزه سیاسییه‌کانی کوردستاندا ڕه‌گی خۆی هه‌یه و وه‌ک گوومانێکێش ده‌کرێ که‌ناڵی جۆراوجۆر بدۆزێته‌وه بۆ هه‌ڵوێستنواندن، ده‌نگنه‌دان، لاوازترین کرده‌وه‌ی سیاسییه که ئه‌م گرووپه ده‌توانێت ده‌ستی بۆ ببات. ده‌کرێ بۆ زۆر که‌سانی دیکه گومان نه‌بێت و قه‌ناعه‌تێکی سیاسیش بێت.
ده‌نگی ده‌نگنه‌ده‌ران له کوردستاندا، ده‌نگێکه و ده‌بێ رێزی لیبگیرێ. هیج که‌س بۆی نییه ئه‌م شه‌پۆله بچکۆله‌یه‌ی که سه‌ر تاپای سیسته‌می دیموکراسی له کوردستاندا ده‌خاته ژێرپرسیاره‌وه، بخاته به‌رده‌م هه‌ڵوێستوه‌رگرتنێکی ئه‌خلاقیی و به تاوانی نابه‌رپرسیارێتی، تاوانباری بکات. ئاخر ئومێد به گۆڕان له ڕێگای کلک و گوێکردنی سیسته‌مه‌وه له‌لایه‌ن ئه‌و که‌سانه‌وه‌ی تا دوێنێ برابه‌شی ماڵوێرانییه‌کانی ئه‌مڕۆکه‌ن، ناکرێ خه‌ونی هه‌موو کۆمه‌ڵگا بێت. ده‌کرێ له‌شکری ده‌نگداران، هاوبه‌شی ئه‌م خه‌ونی گۆڕانه ببن و که‌سانی دیکه‌ش له‌م که‌رنه‌ڤاڵی خه‌وبینین به گۆڕانه‌وه و به‌و مۆدێله‌ی پێشکه‌شکراوه، شه‌ریکی ئه‌م خه‌ونه نه‌بن .
له غیابی نه‌بوونی ده‌نگی دهنگنهدهراندا، سه‌رتاپای گوتاری هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان ده‌بێته گوتارێکی یه‌کڕه‌نگ. ئه‌وه بوونی له‌شکره بچکۆلانه‌که‌ی دهنگنهدهرانه که هه‌مه‌ڕه‌نگی له گووتاری سیاسی هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستاندا پێکده‌هێنێت و جێگای ئه‌سه‌فێکی گه‌وره‌یه ئه‌م ده‌ستڕێژی تاوانبارکردنه له زاری که‌سێکه‌وه دێته سه‌ر کاغه‌ز، که مێژوویه‌کی درێژی له تۆمارکردنی حه‌کایه‌ته‌کانی هه‌مه‌ڕه‌نگی گوتار و ڕێزلهجیاوازیگرتن، کارنامه‌ی مێژووی نووسینیه‌تی.
به‌لام له هه‌ردوو حاڵه‌تی ده‌نگده‌ران و دهنگنهدهراندا، خاڵێکی هاوبه‌ش وه‌ک ناوکۆیی، هه‌ردوو ته‌ره‌فی ئه‌م هاوكێشه‌یه به‌یه‌که‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. ئه‌و خاڵه‌ش نائومێدی گه‌وره‌ی هاوڵاتییانی کوردستانه که دۆزه‌خی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له کوردستاندا خوڵقاندوویه‌تی. ئاخر کاتێک جووه‌کانی ئاوشویتس له جه‌رگه‌ی نائومێدی و بروانه‌بوون به دهربازبوونییان خواوه‌ند ده‌که‌نه تاوانباری ئه‌م ڕۆژڕهشییهیان و دواتریش به :” با بڕۆین نوێژه‌کانی خۆمان بکه‌ین” کۆتایی به دادگایی تاوانباره‌که‌یان ده‌هێنن و ده‌ست ده‌گرنه‌وه به دامێنی یه‌کێک له تاوانبارهکانیانهوه ، بێئومێدی بزووێنه‌ر و پاڵنه‌ری ئه‌م ههڵوێستوهرگرتنهیانه.
ڕێبین هه‌ردی، له پاش زیاتر له حه‌ڤده ساڵ له پراکتیکی هێزه ده‌رگیره‌کانی سه‌ر شانۆی کوردستان، به ده‌سه‌ڵات و ئامۆزاکان و پوورزاکانیانهوه، له جه‌رگه‌ی ئه‌و نائومێدییه گه‌وره‌یه‌ی سه‌رتاپای کۆمه‌ڵگای ته‌نیووه، به کۆمه‌لانی خه‌ڵکی کوردستان ده‌لێت:” جگه له خودا که‌سێک نییه بتوانێت نییه‌تی شاراوه و نهێنی هیچ که‌سێک بدۆزێته‌وه”، به په‌یامی جووه‌کانی ئاوشویستهوه په‌یوه‌ست ده‌بێت. مه‌گه‌ر چ قه‌ده‌رێک له ناوچاوانمان نووسراوه، قه‌یدی ناکا با شانسێکی دیکه‌یان بدینه‌وه.
له دۆخی ده‌نگی دهنگنهدهراندا، هه‌مان دڵه‌ڕاوکێ و نائومێدیی ئاماده‌یی هه‌یه. به‌ڵام له پشتی تاوانبارهکانیانهوه ڕاناوه‌ستن و ئومێدی دهربازبوونییان ناده‌نه ده‌ست ئه‌وان. ڕه‌نگه ئه‌وانیش که‌ناڵێکی دیکه‌یان بۆ پراکتیزه‌کردنی ئه‌م خه‌ونه‌یان له کهڵکهڵهدا بێت و رۆژگارێکی دی بیکه‌نه وێردی سه‌ر زار. به‌ڵام ئه‌م ههڵوێستوهرگرتنهیان ، به گه‌ڕانه‌وه بۆ چیرۆکی دادگای خواوه‌ند له ئاوشویستدا، هه‌تا بڵێی شاعیرانه‌یه و ده‌کرا رێبین هه‌ردی، به جیا له مه‌غزا سیاسییه‌کانی، له ده‌لاله‌ته نووستووه‌کانی ناو ئه‌م شیعری دهنگنهدانهی بکۆڵییایهتهوه، تا ئه‌و ده‌نگ و ڕه‌نگه جیاوازه‌ی بدۆزیایه‌ته‌وه که به بێ بوونی ئه‌و، تابلۆی هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستان، سه‌رتاپا له یه‌کڕه‌نگیدا، بینه‌ری تابلۆی تووشی سه‌رئێشه‌یه‌کی دیکه ده‌کرد.