هاوڵاتییان له کوێدا ڕاوه‌ستن
22ی ته‌موزی 2009
مه‌ریوانی وریا قانع له : دەرچوون لە میتافیزیکا، چۆن گۆڕان تیوریزە بکەین ده‌نووسێ:” لەمڕوەوە ناکرێت ڕۆڵی ڕۆشنبیران لەھاتنەکایەی ئەم دۆخە نوێیەی کوردوستاندا پشتگوێبخرێت.” له شوێنێکی دیکه‌ی ئه‌م وتاره‌دا :” ھەموو ئەمانە بەسەریەکەوە سەرەتاکانی ھاتنەکایەی جۆرێکی نوێی لە خەیاڵی کۆمەڵایەتی و خەیاڵی سیاسی داڕشت، کە سیفەتی ھەرەسەرەکی ھەریەکێکیان نەتوانینی قبووڵکردنی ئەو دونیا نالەبارەیە کە دەسەڵاتدارانی کورد لەدوای ڕاپەڕینەوە دروستیانکرد.قبووڵنەکردن لە دیدێکی ئەنارشی، واتە فەوزەویەوە، نا، بەڵکو لەپاڵ ئەو لێکدانەوە تیوری و زمان و وێناکردنە تازانەوە کە ئەم بڕە لە ڕۆشنبیران دروستیانکرد. من کە ئەمە شتانە دەڵێم مەبەستم نییە بڵێم گۆڕان کارێکە تەنھا ڕۆشنبیران خولقاندویانە یان دەیخولقێنن، مەبەستیشم نییە بڵێم ئەو حەماسەت و ھەستە قووڵەی ئەمڕۆ بۆ گۆڕان لە ئارادایە، دەرەنجامی کاری ڕۆشنبیرانە بەتەنھا…”
له نامه‌یه‌کی داخراوی به‌ڕێوه‌به‌ری کوردستانپۆستدا بۆ ” نه‌وشیروان مسته‌فا “ی سه‌رۆکی لیستی گۆڕان، ئه‌م دێڕانه ده‌خوێنرێته‌وه:’ هەتا مانگێک پێش ئێستا بەختیار ئامادە نەبو پشتی یەکێتی و پارتی دیموکرات بەربدات ، کەچی ئێستا خۆی و هاوەڵەکانی دەیانەوێت رەنجی نۆ ساڵەی چەندەها کەس هەر ئاوها بەخۆڕایی بۆ خۆیان بەرن ، گۆڕان بکەن بە بەرهەمی ئەقڵی خۆیان ، خۆیان بکەن بە شاسواری گۆڕەپانی گۆڕانکاریی لە باشوردا ، ئێمە نۆ ساڵە هەڵوێستمان بەرانبەر بچووکترین هەتاوەکو گەورەترین روداو لەهەر چوار پارچەکەی کوردستاندا نواندووە ، پێمانبڵێن ، ئەوە کامە رۆژ بووە بەختیار و هاوەڵەکانی هەڵوێستیان بەرانبەر کوشتارێکی خۆپێشاندانەکانی باشوری کوردستان وەرگرتبێت ، بەرانبەر بە کۆمەڵکووژییەکەی قامیشلۆ ، بەرانبەر کووشتارەکانی دیاربەکر ،هتد”
به‌ختیار عه‌لی له:” تیورە، سیاسەت، گۆڕان، دەربارەی سنوورەکانی ئیلتیزام و بێباکی لای ڕۆشنبیران” ده‌نووسێ:” ئەوەی سەیری واقیعی ئەم هەژدە ساڵەی دواییبکات، دەزانێت دروستبوونی دوودڵی و لەقبوونی بڕوا بەمجۆرە حوکمڕانییەی ئەمڕۆ، لە ناو سیاسەت و لە ناو چالاکی حیزبییەوە نەهاتۆتەدی. ئەوە حیزبە سیاسییەکان نەبوون کە یەکەمجار ڕوکارە ترسناک و ناشیرینەکانی مێژووی ئەمڕۆمانیان بینیوە، بەڵکو ڕۆشنبیرانی کورد بوون. لێرەوە کەمکردنەوە لە ڕۆڵی مێژوویی ڕۆشنبیر و سڕینەوەی دەوری لە دروستکردنی فەزای فیکری سیاسی تازەدا هەڵەیەکی کوشندەیە”
مه‌به‌ستی من له هێنانه‌وه‌ی ئه‌م په‌ره‌گرافه درێژانه‌ی کۆمه‌ڵێک ناو که هه‌ر یه‌که و به مه‌به‌ست و ئامانجی تایبه‌تی خۆی، به شوێن ئه‌وه‌وه‌یه که خۆی به به خاوه‌نی یه‌که‌می ئه‌م پرۆژه‌یه بزانێت که بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی نه‌وشیروان موسته‌فا هێناویه‌ته ئاراوه، بۆ نیشاندانی ئه‌و هه‌ناسه سوارییهی پێشبڕکێچییانێکه که به‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه و شاشه‌ی کۆمپیوته‌ره‌کانه‌وه، به به‌رچاوی هاوڵاتییانی کوردستاندا، له ڕاکردنی خۆیاندان بۆ به‌رده‌می ده‌رگایه‌ک که هێشتا خاوهنمالهکهی ئاوڕێکی لێنه‌داونه‌ته‌وه. به واتایه‌کی دی: من یه‌که‌م که‌س بووم و سنگی که‌سانی دی خاوه‌نی هه‌ڵواسینی ئه‌م مه‌دالیای “یه‌که‌مین”هی تیۆریزه‌که‌ری گۆڕان نییه، دۆخێک دێنێته ئاراوه که تیایدا جه‌ماوه‌ر لای مه‌ریوانی وریا، جێگای پله هه‌شتی پێ ڕه‌وا ده‌بینرێت و لای به‌ختیار هیچ و لای کوردستانپۆستیش له‌وانی دی باشتر نا.
به‌ڵام له‌م پێشبڕکێیه‌ی “یه‌که‌مین” که‌سی خوڵقێنه‌ری ئه‌م دۆخه‌دا، من به شوێن دیاریکردنی پاله‌وانی یه‌که‌مه‌وه نیم. مه‌به‌ستیشم نییه ڕؤڵی حه‌که‌م له‌م گه‌مه‌یه‌دا بگێڕم. ئه‌وه‌ی له‌م پێشبڕکێیه‌دا گرنگه، ده‌ستنیشانکردنی جێگاوڕێگای یه‌که‌مین و دوواهه‌مین که‌سانی ناو گۆڕه‌پانی پێشبڕکێیه‌که که وتاره‌کانی سه‌ره‌وه، گێڕه‌ره‌وه‌ی هه‌ندێک له نمایشه بهرچاوهکانییهتی. به مانایه‌کی دی، ئه‌و تێڕوانینه فیکرییه‌ی به شوێن ئه‌وه‌وه‌یه یه‌که‌م بێت و له سڕینه‌وه‌ی ئه‌وی دییه‌وه ده‌ستپێبکات، له باری پراکتیکییه‌وه، ئه‌گه‌ر بووه که‌ره‌سته‌ی پراکتیزه‌کردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ، چ ئاڵ‌وگۆڕێک له گۆڕه‌پانی ئه‌م پێشبڕکێیهو و به‌شداربووانی سه‌ر گۆڕه‌پاندا پێکدێنێت؟
درێژترین ڕووباری خوێن و “سه‌روه‌ر”ی شه‌هیدان
مێژووی ده‌سه‌لاتی سیاسی له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه، مێژووی نمایشی پێشبڕکێیه‌که که ده‌ربڕینه‌که‌ی سه‌ره‌وه، به‌شێک له حه‌کایه‌ته بیستراوهکانییهتی. درێژترین ڕووباری خوێن، سه‌رچاوه‌که‌ی ی.ن.ک و ئه‌و هێزانه‌ی دی که مێژووه خوێناویه‌که‌یان له شکڵی جۆگه‌له‌یه‌کی بچووکدایه، شایه‌نی ئه‌م خاوه‌ندارێتییه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نین. به‌وه‌ی بارزانی سه‌روه‌ری شه‌هیدانه ، هیچ کام له شه‌هیده‌کانی خه‌ڵکی کوردستان له ماف و خانه‌نشینی شههیدانهیهندا ناگه‌نه ئه‌ژنۆی ئه‌م شه‌هیده‌ی له خه‌سته‌خانه‌دا گیان له ده‌ستده‌دا (که به پێی پێوه‌ره‌کانی ده‌ستگای شه‌هیدان ناچێته خانه‌ی شه‌هیدی سه‌نگه‌ره‌وه) و له سه‌ری سه‌ره‌وه‌ی شه‌هیده‌کانیشدا داده‌نیشێ. من خوڵقێنه‌ری ڕاپه‌ڕینم و یه‌که‌مین فیشه‌کی شۆڕش له چه‌که‌که‌ی منه‌وه ته‌قێنرا، مێژووی دووباره خۆکردنه به خاوه‌نی ڕاپه‌ڕین و بێبه‌شکردنی ئه‌وانی دییه له به‌شداریکردن له پێکهێنانی حوکمه‌تدا.
ئه‌م پڕۆسه‌ی :” باش، باشتر، باشترین”هی که ده‌ربڕی ئه‌و دۆخه‌ی سه‌ره‌وه‌ی مێژووی چه‌ندین ساڵ له‌مه‌و پێشی پراکتیزه‌کردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه له کوردستاندا، کاتێک داده‌به‌زێته ئاستی خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا و ئینسانه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگای پێ کاتیگۆریزه ده‌کرێت، ده‌رئه‌نجامی دۆخێکی لێده‌که‌وێته‌وه که هاوڵاتییان و مافه‌کانییان یه‌که‌مین زه‌ره‌رمه‌ندی ئه‌م پێشبڕکییهی یه‌که‌مین و دوواهه‌مین که‌سه‌کانی کۆمه‌ڵگا ده‌بن. شه‌هیدی سه‌نگه‌ر، پله‌و پایه‌یه‌کی زیاتری له شه‌هیدێکی تر هه‌یه که له سه‌نگه‌ردا نه‌کوژراوه. پێشمه‌رگه‌ی دێرین سه‌د فرسه‌خ له پێش ئه‌و پێشمه‌رگه‌وه‌یه که ساڵی له دایکبوونه‌که‌ی نایکاته که‌سێکی دێرین.
به کورتییه‌که‌ی، ئه‌وه‌ی دۆخی یه‌که‌مین فیشه‌ک من ته‌قاندم و درێژترین رووباری خوێن هی منه‌و سه‌روه‌ری هه‌موو شه‌هیده‌کانیش لای منه، له باری پراکتیکدا، دۆخێک له نایه‌کسانی به‌رهه‌مده‌هێنێت که به زمانه ساده‌که‌ی هاوڵاتییان، زۆر جار به گه‌نده‌ڵی و هه‌ندێک جار به غیابی عه‌داله‌تی ئیجتیماعی ئاماژه‌ی پێدراوه. یانی ئه‌وه‌ی که به هاوڵاتیی مافیهکسان ده‌ناسرێت و بڕیاره له به‌رانبه‌ر پراکتیکه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا شوێنێکی بۆ بدۆزرێته‌وه که حورمه‌تی ئینسانی بپارێزرێت، له‌م گه‌مه‌ی “یه‌که‌مین” و “درێژترین” و “دێرین”ترینهدا ، له ڕیزی دواوه‌ی دابه‌شکردنی مافاکاندا ڕاده‌گیرێ. له باڵاده‌ستی ئه‌م گوتاره سیاسییه فهرزکراوهدا که یه‌که‌مین و دوواهه‌مین که‌س خاڵی دهستپێکردنییهتی، نییه‌تێکی شاراوه و مه‌به‌ستێکی ئامانجدارانه هه‌میشه له پشته‌وه ئاماده‌یی هه‌بووه.
که‌واته ئه‌گه‌ر حه‌کایه‌تی “درێژترین ڕووباری خوێن” و “سه‌وزترین که‌س” و زه‌ردترین پێشمه‌رگه” و “سه‌روه‌رترین شه‌هید” بوونه پێوه‌ره‌کانی مافه‌کانی هاوڵاتییان، ئه‌و کات ده‌سه‌ڵاتیش مافه‌کانی هاوڵاتییان له چوارچێوه‌یه‌کی زۆر ته‌سکدا قۆرخده‌کات و زۆرایه‌تییه‌کی هاوڵاتییان له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م موقه‌ده‌سه سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌دا ڕاده‌گرێت که له خانه‌ی ئه‌و ئاوه‌ڵناوانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا، شوێنیان بۆ ناکرێته‌وه. له باشترین حاڵه‌تیشدا، ماف ته‌نها به‌و گروپانه ده‌درێت که له‌گه‌ڵ ئاوه‌ڵناوه دڵخوازه‌کانی گروپی خۆوه نزیکن. به‌ڵام ئه‌وه هه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نییه له خوڵقاندنی ئه‌م دۆخه‌دا کاراکته‌رێکی چالاکه، به‌ڵکو ئه‌و گروپ و تاقمه جۆراوجۆرانهیشی که به‌رژه‌وه‌ندییه شهخسییهکانییان پاڵییانپێوهدهنێت بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستکه‌وتێکی ماددی زیاتر و دهنگدلێرتر له کۆمه‌ڵگادا خواسته‌کانی خۆیان ده‌خه‌نه پێشه‌وه، ئه‌وانیش کاراکته‌رێکی چالاکی به‌رهه‌مهێنه‌ره‌وه‌ی ئه‌م بێمافییه‌ی هاوڵاتییانی ترن. ئه‌گه‌ر یه‌ک به یه‌کی ئه‌و ئاوه‌ڵناوانه‌ی سه‌ره‌وه که به‌شێک له کولتوری زمانه‌وانی ده‌سه‌لاتی سیاسیی یه‌کێتی و پارتی پێکهێناوه بگۆڕدرێته سه‌ر یه‌که‌مین روناکبیر و یه‌که‌مین خاوه‌نی سایتی ئینتیرنێتی و یه‌که‌مین محامی که شکات له‌سه‌ر لیستی کوردستانی تۆمارده‌کات، ئه‌و کاته هه‌مان سیسته‌م و هه‌مان ناعه‌داله‌تی کۆمه‌ڵگا له‌به‌رگێکی دیکه‌دا درێژه به ژیانی خۆیده‌دات. ئه‌م هه‌موو جه‌ختکردنه‌وه‌یه له‌سه‌ر ڕۆلی روناکبیران بۆ ته‌قاندنی یه‌که‌مین فیشه‌کی گۆڕان، هیچ جیاوازییه‌کی نییه له‌گه‌ڵ ڕۆڵی یه‌که‌مین پێشمه‌رگه‌دا، پێشمه‌رگه‌یه‌کی دێریندا که پێیوایه دێرینبوونی ئه‌و به چه‌ندین جار ئه‌رز و مه‌کره‌مه وه‌رگرتن ، ناکرێ قه‌ره‌بووبکرێته‌وه.
یه‌کێک له هۆکاره گشتییه‌کانی قبوڵنه‌کردنی دهستپێدهستکردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له کۆمه‌ڵگای کوردستاندا، له‌م شه‌رعییه‌تی خۆ به خاوه‌نی ته‌قێنه‌ری یه‌که‌مین فیشه‌ک و خاوه‌نی درێژترین ڕووباری خوێن و خاوه‌نی سه‌روه‌رترین شه‌هیده‌کانی کوردستاندایه. بۆیه هه‌ر هێزێک و گروپێک بریار بێت گۆڕانێکی واقیعی له کۆمه‌ڵگای کوردستاندا پێک بێت. ناکڕێ و نابێ له‌م پێشبڕكێی “یه‌که‌مین ” و “دواهه‌مین” که‌سه‌وه ده‌ست پێ‌بکات.
من له ئاینده‌یه‌ک که بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بڕیاره بیخوڵقێنێت ، خۆم له ڕیزی خۆشباوهرانی کۆمه‌ڵگادا نابینمه‌وه. به‌لآم کاتێک ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ئامۆژگاریکه‌ری له چه‌شنی ئه‌و ناوانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی به ده‌وره‌وه بێت و کۆشش و مه‌راقی گه‌وره‌یان له پێشبڕکێی ” من یه‌که‌مین که‌س بووم له خوڵقاندنی ئه‌م دۆخه‌دا” خۆی به‌یانده‌کات، ئه‌و کاته چۆن له‌سه‌ر شانۆی سیناریۆی “دریژترین رووباری خوین ” و “سه‌روه‌ری شه‌هیدان”دا کۆمه‌ڵگایه‌کی وێران به‌رهه‌مهات، ئه‌م جاره‌یان له‌سه‌ر شانۆی:” من یه‌که‌م که‌س بووم له خوڵقاندنی ئه‌م دۆخه‌دا” کۆیلهدارییهکی دیکه که عهقلهکانی ناو ڕۆشنبیریی کوردی به‌رهه‌میانهێناوه، سه‌ره‌تای دابه‌شکردنه‌وه‌یه‌کی دیکه‌ی هاوڵاتییانی کوردستان ده‌بێت به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی له ڕیزی یه‌که‌میندا بوون و ئه‌وانه‌ی له ڕیزی دوواوه بوون. بۆیه پرسیار ئه‌وه‌یه:” ئایا کەمکردنەوە لە ڕۆڵی مێژوویی ڕۆشنبیر و سڕینەوەی دەوری لە دروستکردنی فەزای فیکری سیاسی تازەدا هەڵەیەکی کوشندەیە” به شوێن چ ئامانجێکه‌وه‌یه
له کۆتاییدا، ئه‌و مێژووه‌ی دوای گۆڕانێکی وا ده‌ستپێده‌کات که یه‌که‌مین که‌سه‌کانی ئه‌م پڕۆژه‌یه ده‌خاته پێشی پێشه‌وه، به هه‌مان شێوه درێژه به سیسته‌مێکی سیاسی ده‌دات که جیاوازی له‌گه‌ڵ پێشوودا ته‌نها له گۆڕینی هه‌ندێک ئاوهڵناودایه به هه‌ندێک ئاوه‌ڵناوی دی. به‌ڵام هه‌مان چاره‌نووس ده‌خاته به‌رده‌م هاوڵاتییانی کوردستان: ڕاوسته! تۆ سه‌ر به گروپی “یه‌که‌مین” که‌سه‌کانی خوڵقێنه‌ری ئه‌م ڕۆژگاره نوێیه‌ی ئه‌مڕۆ نیت . تکایه له رێزی دواوه چاوه‌ڕوان به‌و خۆمان سه‌رپه‌رشتی پاراستنی سه‌ره‌که ڕاده‌گرین. ئه‌مه ئه‌و ده‌رئه‌نجامه فه‌لسه‌فییانه‌یه که پێشبڕکێی:” من یه‌که‌مین که‌سی بانگه‌وازکه‌ری گۆڕان بووم” بڕیاره به گوێی هاوڵاتیانیدا بدات.
خودایه، له گۆڕانێکی به‌م ئاڕاسته‌یه‌دا، له ڕیزه‌کانی “یه‌که‌مین”دا شوێنێکمان بۆ نه‌گریت!