وه‌ڵامێك بۆ د. ره‌فیق سابیر
خاکی جزیرو بۆتان یه‌عنی وڵاتی كوردان
صه‌د حه‌یف‌و صه‌د مخابن ده‌یكه‌ن به‌ئه‌رمه‌نستان
كامی كچ‌و هه‌تیوی شیرین بێ رایده‌كێشن
هاوار ده‌به‌نه به‌ر كێ، په‌شمه ده‌خیل‌و ئامان
مه‌سجید ده‌بێته دێره، ناقووسییان موئه‌ززین
مه‌تران ده‌بێته قازی، موفتی ده‌بێته ره‌هبان
حاجی قادری كۆیی
دوو وێنه له‌باڵكانه‌وه
وێنه‌ی یه‌كه‌م :”یه‌كێك له‌و پیره‌مێردانه‌ی كه له‌جینۆسایدی سێربرێنیكادا رزگاری ده‌بێت‌و دوای كاره‌ساته‌كه خۆی ده‌گه‌یه‌نێته به‌رده‌م یه‌كێك له‌مزگه‌وته رووخاوه‌كانی ئه‌وێ، به‌چاوێكی پڕ له‌فرمێسكه‌وه ده‌سته‌كانی بۆ ئاسمان هه‌ڵده‌بڕێت:” خوایه گیان! من به‌رووتی له‌دایك بووم، به‌رووتی ده‌مرم. له‌نێوان دوو وێستگه‌ی رووتێتیدا، به‌رگی ئایین‌و نه‌ته‌وه‌و كلتورت كرده به‌رم. دراوسێكه‌میان كوشت چونكه مه‌سیحی بوو، كوڕه‌كه‌م بێسه‌رو شوێن كرا چونكه بۆ سنه‌یی بوو، دیمتریان كوشت چونكه قه‌ره‌جێكی ئه‌لبانی بوو. خوایه گیان، نه‌ده‌كرا له‌نێوان بێشكه‌و قه‌بردا، له‌نێوان دوو وێستگه‌ی رووتێیتیدا، هه‌ر به‌رووتی بڕشتمایه؟”
وێنه‌ی دووه‌م: ” له‌سه‌ر یه‌كێك له‌خاڵه‌كانی پشكینینی نێوان سنووری كۆسۆڤۆو یوگوسلاڤیادا، سه‌ربازێكی صربی، هاوڵاتییه‌كی ئه‌لبانی راده‌گرێت: چی له‌ناو كۆڵه پشته‌كه‌تدایه؟ ته‌نها ئه‌م “حاسبه”یه شك ده‌به‌م. كاتێك سه‌ربازه صربه‌كه ته‌ماشای كۆڵه پشته‌كه ده‌كات، قه‌مه‌یه‌كی سه‌ربازی ده‌دۆزێته‌وه. ئه‌مه حاسبه‌یه یاخود قه‌مه‌یه؟
ئاخر ته‌نها به‌هۆی ئه‌مه‌وه‌یه كه‌بتوانرێت سه‌رژمێری كۆتایی له‌بالكاندا ئه‌نجام بدرێت”.
له‌ته‌ماشاكردنی ئه‌م دوو وێنه‌یه‌دا كه له‌یه‌كێك له‌ئاگراویترین شوێنه‌كانی شه‌ڕه میلییه‌كانی ئه‌مڕۆكه‌ی ئه‌وروپادا گیراوه، راستییه‌كی گه‌وره شاراوه‌یه. راستییه‌ك كه تیایدا پاراستنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی‌و به‌پیرۆز له‌قه‌ڵه‌مدانی ئه‌و شوناسه‌دا، ئینسانه‌كان به‌ره‌و دوو شوێنی جیاواز ئاراسته ده‌كات، ئاڕاسته‌یه‌كیان گه‌ڕانه‌وه بۆ جه‌وهه‌ری ئینسان‌و وه‌رگرتنه‌وه‌ی شوناسی راسته‌قینه‌ی خۆی: داماڵینی ته‌واوی ئه‌و شوناسه‌ی كه ده‌ستكردن‌و له‌ژێر كاریگه‌ری هه‌لومه‌رجی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی جۆراوجۆردا به‌باڵای ئینساندا بڕاون.
ئاڕاسته‌ی دووه‌میان رێك به‌پێچه‌وانه‌وه، ئینسان به‌ره‌و ئه‌وپه‌ڕی دڕنده‌یی ده‌بزوێنێت‌و بۆ پاراستنی شوسنای خۆی ته‌نها به‌كۆتایی پێهێنان “به‌وی دی”و خوڵقاندنی ده‌ریایه‌ك له‌خوێن شاگه‌شکه ده‌بێت.
ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی كورد‌و پرسیاری شوناس
“دیاره ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی به‌رزترین شێوه‌ی ناسنامه‌یه چونكه له ناوه‌ڕۆكدا مه‌سه‌له‌ی نرخ بۆ خۆدانان‌و رێز له‌خۆگرتنه.” ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه، له‌گه‌ڵ كه‌می وشه‌كانیدا، خاڵی ده‌ستپێكردن‌و ته‌وه‌ره‌ی گشتی وتاری به‌ڕێز ره‌فیق سابیره كه له‌سه‌ر سایته‌كانی كوردستان‌و پۆست‌و كوردستان نێتدا بڵاوكراوه‌ته‌وه. بۆ ره‌فیق سابیر، ئیسلامی سیاسیی له‌كوردستاندا “هه‌ڕه‌شه‌یه‌كه له ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد”. بۆ روونكردنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه، ره‌فیق سابیر سه‌رنجێك له‌ئیسلامی سیاسیی به‌گشتی ده‌دات‌و پاشانیش خوێندنه‌وه‌ی خۆی، كه درێژكراوه‌ی بیروبۆچوونه‌كانی ناو كتێبی “ئیمپراتۆریای لم”ه له‌په‌یوه‌ند به‌ئیسلامی سیاسییه‌وه له‌كوردستاندا ده‌دات به‌ده‌سته‌وه.
له‌م ده‌ربڕینه كورته‌دا “دیاره ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی به‌رزترین شێوه‌ی ناسنامه‌یه چونكه له‌ناوه‌ڕۆكدا مه‌سه‌له‌ی نرخ بۆ خۆدانان‌و رێز له‌خۆگرتنه” موقه‌ده‌سێك ده‌بینین كه خه‌رمانه‌یه‌كی گه‌وره ده‌وری داوه. “دیاره” وه‌ك به‌ڵگه نه‌ویستێك تا ئاستی ره‌هایه‌ك به‌رجه‌سته ده‌كرێته‌وه. ئه‌وه‌ی كه ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی به‌رزترین شێوه‌ی ناسنامه‌یه، له‌گه‌ڵ وشه‌ی “دیاره”دا به‌دوا پله‌كانی راستییه‌كی ره‌ها ده‌گه‌یه‌نرێت. ناساندنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی به‌به‌رزترین شێوه‌ی ناسنامه‌و فه‌رزكردنی به‌سه‌ر خوێنه‌ردا، ئیسنان له‌به‌رده‌م پرسیارێكی تردا راده‌گرێت. ئایا شوناسی ئایینی له‌دیدی ئه‌و كه‌سانه‌وه‌ی كه خۆیان له‌ژێردا پێناسه ده‌كه‌ن له‌خاڵی “نرخ بۆ دانان‌و رێز له‌خۆگرتنه‌وه” ده‌ست پێناكات؟ مه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له‌ژێر شوناسێكی كلتوریدا یه‌كده‌گرنه‌وه هه‌ر هه‌مان بانگه‌واز دووپات ناكه‌نه‌وه؟ ئیتر بۆچی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كرێته به‌رزترین شێوه‌كانی ناسنامه؟
دیاره له‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌دا، ئینتیما ئایدۆلۆژییه‌كانی وه‌ڵامده‌ره‌وه‌یه به‌پله‌ی یه‌كه‌م ده‌ست نیشانكه‌ری ئه‌وه‌یه كه كام له‌و شوناسانه به‌پیرۆزترین‌و باڵاترین شێوازه‌كانی شوناس له‌قه‌ڵه‌م بدرێت.
پرسیاری شوناس به‌ر له‌وه‌ی وه‌ك به‌ڵگه‌نه‌ویستێك‌و راستییه‌كی ره‌ها سه‌رنجی بدرێتێ، جا ئه‌و شوناسه شوناسی نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی یان كلتوریی بێت، پرسیارێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه كه ته‌نها به‌بوونی چوارچێوه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی دیاریكراو ده‌توانێت ئاماده‌یی هه‌بێت. سه‌ره‌تاییترین خاڵێك له‌دیاریكردنی پرسیاری شوناسدا، چه‌مكی جیاوازییه له‌نێوان “ئێمه”و “ئه‌وان”دا. جیاوازییه‌ك كه له‌واقیعدا هێنده گه‌وره نییه‌و له‌سه‌ر بنه‌مای كۆمه‌ڵێك وێنه‌ی له‌پێشدا داڕێژراو له‌لایه‌ن “من”وه له‌به‌رامبه‌ر “ئه‌ویدی”دا دروستده‌كرێت. سه‌رنجڕاكێشه‌ر ئه‌وه‌یه كه ئه‌و كه‌سه‌ی یه‌كێك له‌شوناسه‌كان به‌به‌رزتر له‌به‌رانبه‌ر شوناسه‌كانی تردا راده‌گرێت، له‌كۆتاییه‌دا له‌سه‌ر بێحورمه‌تیكردن “به‌وی دی” ده‌یه‌وێت به‌هاكانی “نرخ بۆ دانان‌و رێز له‌خۆگرتن”و خۆی وه‌ربگرێته‌وه.
پاكێتی گه‌لی ئه‌ڵمانیاو رێز له‌خۆگرتنی ته‌نها له‌ڕێگه‌ی پیسكردن‌و رێز لێنه‌گرتنی ئه‌وه‌ی دی‌دا ده‌توانێت مانا په‌یدا بكات. رێز له‌خۆگرتن‌و نرخ بۆ دانانی نازیستێكی سویدی له‌به‌رانبه‌ر سه‌ر ره‌شێكی په‌نابه‌ردا، ته‌نها به دروستكردنی وێنه‌یه‌كی ته‌واو دژی “ئه‌وی دی” له‌به‌رانبه‌ره‌كه‌ی به‌پله‌ی باڵای خۆی ده‌گات. نرخ بۆ خۆدانانی شوناسی موسڵمانێك ته‌نها له‌بێنرخكردن‌و پیسكردنی شوناسه‌كانی ئه‌وی دیدی یه‌هود‌وی مه‌سیحی‌و په‌یڕه‌وانی ئایینه‌كانی تردا ده‌توانێت بوونی هه‌بێت. شوناسی خۆرئاوایی بوون‌و شارستانی بوونی خۆرئاوا ته‌نها له‌سه‌ر ناشارستانی بوونی خۆرهه‌ڵات ده‌توانێت درێژ به ژیانی خۆی بدات. به‌كورتییه‌كه‌ی، له‌جیاوازییه‌كانی نێوان “من”و “ئه‌ویدی” كه “من” شوناسی خۆی له‌به‌رامبه‌ردا دروستده‌كات، ئه‌وه خودی جیاوازییه نێگه‌تیڤه‌كانه كه زیاتر جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كرێته‌وه. شوناسی “من” له‌به‌رامبه‌ر “ئه‌وی دی” قه‌ره‌جدا، ئه‌گه‌ر ئه‌و منه له‌هه‌ر گۆشه‌یه‌كی ئه‌م دنیایه‌دا بێت، بریتییه له‌ته‌واوی ئه‌و شتانه‌ی كه‌له‌قه‌ره‌جدا هه‌یه‌و له‌شوناسی مندا بوونی نییه :قه‌ره‌ج دزه، درۆزنه، كارنه‌كه‌ره، منداڵده‌فڕێنێ. قه‌ره‌ج ئه‌گه‌ر تاكه خاڵێكی پۆزه‌تیڤی وه‌رگرتبێت له‌شوناسی خۆیدا، ئه‌وه ته‌نها له‌ناو شیعردا گه‌ڕیده‌یی پێبه‌خشراوه.
له‌پرسیاری به‌پیرۆز سه‌ره‌نجدانی شوناسه‌كاندا، ئه‌وه‌ی قوربانییه ته‌نها ئینسانه رووته‌ڵه‌كه‌ی گۆشه‌كانانی ئه‌مڕۆكه‌ی سه‌ر زه‌وییه كه له‌جه‌نگی به‌پیرۆز راگرتنی شوناسه‌كاندا له‌شی رووتی ده‌بێته كووته گۆشتی به‌رده‌م قه‌مه‌ی شوناسی پیرۆزی ئه‌لبانی‌و فارس‌و عه‌ره‌ب‌و كورد‌و ئه‌ڵمانی.
ره‌فیق سابیر له‌خوێندنه‌وه‌یدا بۆ ئیسلامی سیاسیی له‌كوردستان، هێنده ترسی له‌لاوازكردنی شوناسی نه‌ته‌وایه‌تییه، هێنده به‌ته‌نگ ئه‌وه‌وه نییه كه به‌ئیسلامی كردنی كوردستان‌و به‌رجه‌سته‌كردنه‌وه‌ی شوناسی ئیسلامی چ نه‌هامه‌تییه‌كی خه‌ته‌رتری له‌پرۆسه‌ی بێحورمه‌تی كردن به‌ئینساندا له‌تایبه‌تمه‌ندێتی خۆیدا به‌دواوه‌یه.
بۆ سه‌لماندانی ئه‌وه‌ی كه ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد له‌لایه‌ن ئیسلامی سیاسییه‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌كرێت، ره‌فیق سابیر كۆمه‌ڵێك روونكردنه‌وه ده‌خاته به‌رده‌ست كه “ئایین له‌كوردستاندا قه‌ت قورساییه‌كی سیاسی‌و رۆڵێكی گرنگی له‌دیاریكردنی ناسنامه‌ی كورددا نه‌بووه. چونكه فاكته‌رێكی خۆ جیاكردنه‌وه‌ی كورد له‌نه‌ته‌وه داگیركه‌ره‌كانی كوردستان نه‌بووه. هه‌روه‌ها وه‌ك ئایدۆلۆژیای سیاسی هیچ رۆڵێكی له‌خه‌باتی رزگاریخوازیدا نه‌گێڕاوه. بۆیه له‌مێژووی نزیكی سه‌دا ساڵی بزاڤی رزگاریخوازانه‌ی كورد ( تاسه‌رده‌می راپه‌ڕین)، ئیسلامی سیاسیی له‌كوردستاندا شوێنێكی نه‌گرتووه.”
له‌م چه‌ند دێڕه‌ی سه‌ره‌وه‌دا كۆمه‌ڵێك خاڵ هه‌ن كه‌پێویستیان به‌سه‌رنجدانێكی وردتره.
یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه كه‌ئاین له‌كوردستاندا قه‌ت قورساییه‌كی سیاسی‌و رۆڵێكی گرنگی له‌دیاریكردنی ناسنامه‌ی كورددا نه‌بووه. دووه‌میان ئه‌وه‌یه كه له‌مێژووی نزیكی سه‌د ساڵی بزاڤی رزگاریخوازانه‌ی كورد (تاسه‌رده‌می راپه‌ڕین)، ئیسلامی سیاسیی له‌كوردستاندا شوێنێكی نه‌گرتووه.
نه‌ته‌وه‌و ناسیۆنالیزم‌و شوناسی نه‌ته‌وایه‌تی
سه‌ره‌تا له‌و خاڵه‌وه ده‌ستپێد‌ه‌كه‌م كه ئایین قه‌ت قورساییه‌كی سیاسی‌و رۆڵێكی گرنگی له‌دیاریكردنی ناسنامه‌ی كورددا نه‌بووه. پاشانیش سه‌رنجێك له‌و مێژووه سه‌د ساڵه‌یه ده‌ده‌م كه به‌مێژووی ئیسلامی سیاسیی له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت، نه‌ك له‌كوردستاندا به‌ڵكه به‌گشتی له‌و وڵاتانه‌دا كه ئیسلامی سیاسیی ئاماده‌یی هه‌یه.
به‌وه‌ی كه خاڵی ده‌ستپێكردنی ره‌فیق سابیر ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد‌و لاوازبوونییه‌تی له‌به‌رانبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك كه ئیسلامی سیاسیی ده‌یكات، ناچارم كه وته‌كانی ره‌فیق سابیر له‌په‌یوه‌ند به‌ناساندنی شوناسدا دووباره بنووسمه‌وه، تاكو له‌دواییدا سه‌رنجێكی وردتر له‌خودی شوناسی نه‌ته‌وایه‌تی بده‌م كه له‌لایه‌ن ناسیۆنالیزمه‌وه دروست ده‌كرێت.
ره‌فیق سابیر ده‌نتووسێت:” مرڤ له‌یه‌ك كاتدا كۆمه‌ڵێك ناسنامه‌ی هه‌یه، ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی كۆمه‌ڵایه‌تی، ره‌گه‌ز (ژن‌و پیاو)و حزبی. من له‌په‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ (ئه‌ویدی)دا شێوه‌ی ناسنامه‌ی خۆی نیشان ده‌دات. بۆ نمونه منی كورد له‌به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی عیراقدا كورده. (من)ی عه‌ره‌ب له‌به‌رامبه‌ر (ئه‌ویدی) تورك یان فارس‌دا عه‌ره‌به. كه‌چی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌ویدی مه‌سیحی یان جووله‌كه‌دا مسوڵمانه، هه‌روه‌ها به‌پێچه‌وانه‌وه. بۆیه زۆرجار دۆخی سیاسی یان به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌ویدی ناسنامه‌ی (من) خۆی پێناسه ده‌كات.”
ئه‌م روونكردنه‌وه ساده‌یه‌ی ره‌فیق سابیر پیشانمانده‌دات كه ئینسان له‌یه‌ك كاتدا هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك ناسنامه‌یه، هاوكاتیش نیشانی ده‌دات كه هیچ كام له‌و شوناسانه ئه‌به‌دی‌و هه‌تا سه‌ر نین. بۆ كه‌سێكی كورد كه خۆی له‌ئه‌فسانه‌كانی ئایین رزگاركردووه، به‌هه‌مان شێوه شوناسی ئاینییه‌كه‌یشی نامێنێت‌و له‌به‌رامبه‌ر ئه‌ویدی غه‌یری موسڵماندا، پرسیاری شوناسی ئایینی گرنگی په‌یدا ناكات. به‌ڵام سه‌رنجراكێش ئه‌وه‌یه كه شوناسی نه‌ته‌وایه‌تی ته‌نها له‌سه‌ر ئینتیمای كوردبوونی تاكه‌كان رانه‌وه‌ستاوه، به‌ڵكو له‌سه‌ر كۆی ئه‌و ره‌گه‌زانه راوه‌ستاوه كه ناسیۆنالیزم بۆ دروستكردنی نه‌ته‌وه پێویستییه‌تی.
شوناسی نه‌ته‌وایه‌تی تێكه‌ڵێكه له‌كۆی كۆمه‌ڵێ شووناسی تر كه ناسیۆنالیزم بۆ سیما به‌خشین به‌رووخساری ئه‌و ده‌موچاوه جیاوازانه‌ی كه‌بڕیاری هه‌موویان له‌یه‌ك بچن، ده‌ستی بۆ ده‌بات.
ره‌فیق سابیر ده‌توانێت هه‌م ناسیۆنالیست بێت‌و هه‌م كه‌سێكی سكۆلار بێت. به‌ڵام سكۆلار بوونی ئه‌و ناتوانێت ئه‌و راستییه بسڕیته‌وه كه ئایین بۆ ناسیۆنالیزم‌و بزووتنه‌وه‌كه‌ی یه‌كێك له‌و كۆڵه‌كه گرنگانه‌ی پێكیده‌هێنێت كه ناسیۆنالیزم له‌سه‌ری راده‌وه‌ستێت. تیۆری تازه‌ی ناسیۆنالیزم ئه‌و دیده كۆن‌و ته‌قلیدیانه‌ی كه بۆ پێناسه‌كردنی نه‌ته‌وه به‌كار ده‌هێنا ده‌خاته لاوه‌و نه‌ته‌وه به‌ده‌ستكردی ناسیۆنالیزم ناو ده‌بات نه‌ك وه‌ك بوونێكی له‌كۆنه‌وه هه‌بوو. لێكۆڵینه‌وه‌كانی بێنێدیت ئه‌نده‌رسۆن، هۆبزباوم، گێڵنه‌رو ده‌یه‌ها لێكۆڵینه‌وه‌ی تر له‌سه‌ر ئه‌وه جه‌ختده‌كات كه ئه‌وه بوونی نه‌ته‌وه نییه كه‌ناسیۆنالیزم به‌رهه‌م ده‌هێنێت، به‌ڵكو پرۆسه‌كه به‌پێچه‌وانه‌وه‌یه‌و ئه‌وه ناسیۆنالیزمه نه‌ته‌وه دروستده‌كات. به‌ڵام جێگا‌و رێگای ئایین له‌به‌خشینی شوناسێكی كۆلێكتیڤدا بۆ هاو ئاینیبوونی تاك تاكی ئه‌ندامه‌كانی نه‌ته‌وه، ره‌گه‌زێكی گرنگه‌و فه‌رامۆشكرده نییه. ده‌سته‌واژه به‌ناوبانگه‌كه‌ی گیڵنه‌ر ئه‌مڕۆ له‌هه‌موو كاتێك زیاتر له‌بواری زانسته‌كانی سۆسیۆلۆگیدا شوێن پێی خۆی كرۆدته‌وه:” ناسیۆنالیزم به‌ئاگا هێنانه‌وه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌كان نییه بۆ ناسینی خۆی، به‌ڵكه ناسیۆنالیزم دروستكه‌ری نه‌ته‌وه‌كانه له‌و شوێنانه‌شدا كه نه‌ته‌وه‌كان نین” هه‌ر بۆیه وته‌كانی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیتالیا، ماسیمۆ دازێگلییۆ له‌ساڵی 1861دا ئاسانتر له‌پاڵ ده‌سته‌واژه‌كه‌ی گێڵنه‌ردا ده‌خوێنرێته‌وه:” ئێمه ئێستا ئیتالیامان دروستكرد، ئێستا له‌سه‌رمانه كه ئیتالییه‌كانیش بخوڵقێنیین”.
پڕۆژه‌ی خوڵقاندن‌و دروستكردنی نه‌ته‌وه‌كان له‌لایه‌ن ناسیۆنالیزمه‌وه له‌زۆر شوێنی دنیادا له‌یه‌كده‌چێت به‌كه‌مێك ئاڵوگۆڕی كه‌مه‌وه. ئه‌گه‌رچی ناسیۆنالیزم توانای دروستكردنی نه‌ته‌وه‌ی هه‌یه به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماده‌ییه‌كی ئه‌تنی هه‌بێت. پڕۆژه‌ی دروستكردنی ئه‌مریكا له‌سه‌ر بناغه‌ی زمانی هاوبه‌ش‌و كلتوری هاوبه‌ش‌و خاكی هاوبه‌ش دروستنه‌كراوه. ئه‌م بابه‌ته له‌ئێستادا له‌باسه‌كه‌ی خۆمان دوورمان ده‌خاته‌وه و شوێنی لێره‌دا نابێته‌وه.
بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه له‌لایه‌ن ناسیۆنالیزمه‌وه دروستبكرێت، شاعیرانێكی پێویسته كه ئه‌فسانه‌و پاڵه‌وانه‌كانی بۆ سازكات، كه‌سانێكی له‌بواری زانستی جوگرافیادا پێویسته كه‌سنووره‌كانی نیشتمانی نه‌ته‌وه‌ی بۆ بكێشێت، ئه‌ندازیارانێكی مێژوویی پێویسته كه‌رابردوو زیندوو بكاته‌وه‌و بیكاته موڵكی نه‌ته‌وه، كه‌سانێكی سیاسی پێویسته كه‌ئه‌م نه‌خشه له‌پێشدا ئاماده‌كراوه له‌بواری پراكتیكدا به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت. به‌كورتییه‌كه‌ی پڕۆژه‌ی دروستكردنی نه‌ته‌وه، دووباره دروستكردنه‌وه‌یه‌كی مه‌عمارییانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه. گرنگی ئایین بۆ ئه‌م بیناسازییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی نه‌ته‌وه له‌لایه‌ن ناسیۆنالیزمه‌وه له‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت” كه كلتور‌و خاك‌و ئایین بكاته ئه‌و ره‌گه‌زه هاوبه‌شانه‌ی كه‌تاكه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌یه‌كه‌وه گرێده‌داته‌وه. ئینسان له‌م پرۆژه‌یه‌ی ناسیۆنالیزمدا خاوه‌نی ده‌موچاوێكی تاكگه‌راییانه‌ی خۆی نییه. ده‌موچاوی ئینسانه‌كانی ناسیۆنالیزم هه‌ر هه‌موو له‌یه‌كده‌چن. ئه‌وان ئه‌و تاكه له‌یه‌كچووانه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كن كه خاوه‌نی زمانی هاوبه‌ش‌و كلتوری هاوبه‌ش‌و ئایینی هاوبه‌ش‌و ترادسیۆنی هاوبه‌شن.
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌موچاوه له‌یه‌كچووانه‌ش گومانێكیان لا دروست نه‌بێت، ئه‌وا سنووره‌كانی نێوان “ئێمه”ی له‌یه‌كچوو هه‌موو ساتێك ده‌بێت تۆختر بكرێته‌وه له‌به‌رانبه‌ر “ئه‌وانی دی‌دا”. شوناسی نه‌ته‌وایه‌تی په‌رده به‌سه‌ر هه‌موو جیاوازییه‌كانی‌كۆمه‌ڵگادا ده‌دات‌و ره‌فیق سابیرێك كه بڕوای به‌ئایین نییه، له‌ژێر په‌رچه‌مه‌كانی شوناسی نه‌ته‌وایه‌تیدا ده‌بێته هه‌ڵگری به‌شێك له‌و شوناسه ده‌سته جه‌معییه‌ی كه ناسیۆنالیزم بۆ نه‌ته‌وه‌ی داتاشیوه. له راستیدا ئه‌وه تاكه‌كانی‌سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌ک نین كه‌ناتوانن خۆیان له‌ژێر ده‌مه‌چاوێكی ئاینییدا بناسنه‌وه، به‌ڵكو ئه‌وه ناسیۆنالیزمه كه ئایین ده‌كاته كۆڵه‌كه‌یه‌كی گه‌وره‌ی پێناسه‌كردنی بوونی نه‌ته‌وه. پاراستنی ئه‌م ره‌گه‌زه گه‌وره‌یه‌ی نه‌ته‌وه له‌لایه‌ن ناسیۆنالیزمه‌وه له‌وێدا ده‌رده‌كه‌وێت كه هه‌ر ده‌نگێكی ناڕازی‌و رادیكاڵ به‌ئایین، هه‌ر ره‌خنه‌گرتنێكی رادیكاڵانه له‌به‌رامبه‌ر ئاییندا، به‌ر له‌وه‌ی تووڕه‌یی ئیسلامییه‌كانی كوردستان هه‌ڵبه‌ستێنێت، ئه‌وا ناسیۆنالیزم دێنێته وه‌ڵام‌و له‌ژێر په‌رچه‌مه‌كانی “سوكایه‌تیكردن به‌موقه‌ده‌سات‌و باوه‌ڕی خه‌ڵكی كوردستاندا، شمشێری خۆی راده‌وه‌شێنێت”. جند الاسلام” ده‌كرێته “جند الارهاب”و له‌به‌رانبه‌ر كاری تیرۆرستانه‌ی بكوژانی فرانسوا حه‌ریردا، ئه‌وه مه‌سعود بارزانییه له‌ئیسلامییه‌كان ئیسلامی تره‌و ئه‌وه جه‌لال تاڵه‌بانییه كه‌ده‌بێت شه‌ره‌فه له‌ده‌ستچووكه‌كه‌ی ئیسلام بكڕێته‌وه.
بۆ ناسیۆنالیزم ئایین بریتییه له‌و چه‌كه ئاماده‌یه كه له‌كاتی خۆیدا گه‌وره‌ترین قازانج به‌بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیزم ده‌كات. ناسیۆنالیزمی كورد هێزێكی سكۆلاره به‌وه‌ی كه ئه‌ڵته‌رناتیڤه سیاسییه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی ئیسلامی نییه. به‌ڵام سكۆلار بوونی ناسیۆنالیزمی كورد له‌سه‌ر بنه‌مای جیایی دێن له‌ده‌وڵه‌ت‌و هه‌ڵوێستێكی رادیكاڵانه نییه له‌به‌رامبه‌ر ئایندا. ئه‌و كه‌سانه‌ی پێیان وایه كه‌ناسیۆنالیزمی كورد له‌هه‌ڵوێست گرتنیدا له‌به‌رامبه‌ر ئیسلامی سیاسی‌دا ده‌كه‌وێته موغازه‌له‌و به‌به‌ڵگه‌كانی خودی ئیسلامه‌وه ده‌چێته شه‌ڕی ئیسلامی سیاسی، ناتوانن دركی ئه‌وه بكه‌ن كه ئایین بۆ ناسیۆنالیزك وه‌ك ره‌گه‌زه‌كانی زمان‌و كلتوور‌و خاكی هاوبه‌ش گرنگییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه. پرۆسه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی ئایین له‌ده‌وڵه‌ت‌و ده‌ستكۆتاكردنی ئایین له‌خۆتێهه‌ڵقورتان له‌ژیانی تاكه‌كاندا، په‌یامی بزووتنه‌وه ناسیۆنالیسته‌كانی ئه‌مڕۆ نین. بۆ ناسیۆنالیزمی كلاسیك ئه‌م خاڵه گرنگییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بووه. چونكه دروستبوونی ده‌وڵه‌ته ناسیۆنالیسته‌كانی ئه‌وروپا له‌جه‌رگه‌ی شۆڕشی پیشه‌سازیدا، بۆرجوازی ناچار ده‌كرد كه بۆ داماڵینی ده‌سه‌ڵاتی فیوداڵی ده‌بوایه ده‌سه‌ڵاتی كڵێسای له‌پێش هه‌موو شتێكی تره‌وه داماڵیایه. له‌و شوێنانه‌شدا كه دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی یه‌كسه‌ر له‌سه‌ر ئه‌ساسی رووخاندنی ده‌سه‌ڵاتی ئاینییه‌وه بووبێت، بۆ نمونه له‌پرۆسه‌ی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی ناسیۆنالیستی توركیادا، ده‌ستكۆتاكردنی ئایین ئه‌ركێكی مێژوویی‌و به‌ئاینده نه‌سپاردوو بووه,
خاڵێكی سه‌رنجڕاكێش كه پێویسته جه‌ختی له‌سه‌ر بكرێته‌وه له‌په‌یوه‌ند به‌ناسیۆنالیزم‌و ئاینییه‌وه به‌تایبه‌ت له‌مڕۆكه‌ی بزووتنه‌وه ناسیۆنالیسته‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا كه پێویسته روونكردنه‌وه‌ی زیاتر له‌سه‌ر بكرێت، ئه‌و گرنگییه‌ی كه ناسیۆنالیزم له‌پرۆژه‌ی دروستكردنی نه‌ته‌وه‌دا بۆ ئایینی داناوه. ئه‌مڕۆ ئیتر هه‌ر هه‌ڵوێست وه‌رگرتنرێكی رادیكاڵانه له‌به‌رامبه‌ر ئاییندا مه‌حكوم به‌مه‌رگ ده‌بێت تا هه‌ژموونی ئه‌و دیده نه‌خرێته ژێر ره‌خنه‌یه‌كی رادیكاڵانه كه‌پێی وایه ئیسلام بۆ شوناسی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌ب نابێ ده‌ستی لێوه بدرێت چونكه ده‌ستبردنه بۆ میراتێكی كلتوری كه‌ته‌واوی پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌ڕه‌هه‌نده پیرۆزه‌كانی‌و سه‌ربه‌رزییه‌كانی خۆی داده‌ماڵێت. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م دیده‌دا ئیتر ناسیۆنالیزم‌و ئایین به‌جۆرێك به‌ناویه‌كدا ده‌چن كه ئیسنان ناتوانێت جیاوازییه‌ك له‌نێوان صه‌دام حسێن‌و رابه‌رانی حه‌ماسدا ببینێته‌وه. له‌سه‌ر ئه‌م جه‌سته یه‌كگرتووه‌ی ئایین‌و ناسیۆنالیزم‌و ده‌سته‌وه‌ستانبوونی ئه‌و له‌پرۆسه مۆدێرنیزه‌كردن‌و سكۆلاریزه‌كردنی كۆمه‌ڵگادا رووخساری راسته‌قینه‌ی خۆیمان نیشانده‌دات. لێره‌وه ده‌توانین له‌نهێنییه‌كانی موغازه‌له‌ی ناسیۆنالیزمی سكۆلار بگه‌ین كه به‌زمانی ئیسلامه‌وه ده‌چێته شه‌ڕی ئیسلامی سیاسیی. هه‌ڵبژاردنێكی سیاسی هێنده‌ی په‌یوه‌ندی به جه‌وهه‌ری هه‌ڵوێستوه‌رگرتنه‌كه‌وه هه‌یه، هێنده په‌یوه‌ندی به‌ته‌كتیكی سیاسی‌و سه‌نگوسووكی هێزه‌كانی ده‌رگیر له‌م كێشه‌یه‌دا نییه.
ئێمه هه‌ر ئه‌مڕۆ شاهیدی كاریگه‌ری ره‌گه‌زی ئایین هه‌ین بۆ ناسیۆنالیزم ته‌نانه‌ت له‌و ده‌وڵه‌تانه‌شدا كه ئایین له‌ده‌وڵه‌ت جیایه. ناسیۆنالیزمی ئه‌مریكی ئه‌مڕۆ له شه‌ڕی به‌ناو دژی تیرۆریزمدا قسه له‌به‌رابه‌ركێی دنیای شارستانێتی خۆرئاوای مه‌سیحی ده‌كات له‌به‌رامبه‌ری دنیای “ناشارستانی” خۆرهه‌ڵاتی ئیسلامدا. ئه‌گه‌رچی ئه‌م بانگه‌وازه زۆر پووچه، به‌ڵام له‌خواره‌وه‌و له‌ناو خه‌ڵكیدا گوێگرێكی كه‌می نییه.
ئه‌وه‌ی كه‌ره‌فیق سابیر پێی وایه ئیسلامی سیاسیی له‌كوردستاندا هه‌ڕه‌شه‌یه‌كه له‌سه‌ر ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی كورد ناتوانرێت وه‌ك ره‌خنه‌یه‌كی جدی وه‌ربگیرێت چونكه له‌ناو خودی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیدا ره‌گه‌زی ئایین به‌شێوه‌ی ناسنامه‌یه‌كی تر ئاماده‌یی هه‌یه. ئیسلامی سیاسی له‌كودستاندا له‌سه‌ر سڕینه‌وه‌ی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی كورد كارناكات، به‌ڵكو له‌سه‌ر به‌هێزكردنی شوناسی ئایینی كوردی موسڵمان كارده‌كات. ئاخر ئیسلامی سیاسیی له‌كوردستاندا له‌سه‌ر بوونی سته‌می میللییه‌وه بانگه‌وازی خه‌ڵكی ده‌كات. ئه‌و له‌بری بانگه‌وازه گرنگه‌كه‌ی ناسیۆنالیزم كه ده‌ڵێ: ژێر ده‌سته‌یی كورد، رژێمی فاشیست، وشه‌ی مه‌زڵومیی كوردی موسوڵمان‌و زاڵمبوونی رژێمی به‌غداد ده‌خاته جێگای. ئیسلامی سیاسی له‌كوردستاندا له‌سه‌ر بنه‌مای سته‌مێكی ئایینی كه له‌نه‌ته‌وه‌یی كورد كرابێت دروست نه‌بووه تاكو له‌ترسییه‌كانی لاوازبوونی شوناسی نه‌ته‌وایه‌تی بمانترسێنێ. ئه‌وه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره كه پێتوابێ له‌به‌رئه‌وه‌ی سته‌مێكی ئایینی له‌سه‌ر كورد نه‌بووه كه‌واته ئیسلامی سیاسیی بۆچی؟
ئیسلامی سیاسیی له‌جه‌زائیردا له‌سه‌ر ژێر ده‌سته‌یی ئایینی‌و سته‌مێكی ئایینی كه له‌خه‌ڵكی جه‌زائیر ده‌كرێت ئاماده‌یی خۆی رانه‌گه‌یاندووه، كێشه‌ی عه‌ره‌ب‌و ئیسرائیل به‌ر له‌وه‌ی كێشه‌ی موسڵمان‌و جووله‌كه بێت كێشه‌یه‌كی نه‌ته‌وایه‌تییه كه هێزه ئاینییه‌كانی هه‌ردوولا به‌ئایه‌ته پیرۆزه‌كانی قورئان‌و ته‌ورات ئاگری ئه‌م شه‌ڕه نه‌ته‌وایه‌تییه‌ی پێ جۆشده‌ده‌ن. له جمهوری ئیسلامی ئێران‌دا كه ده‌سه‌ڵاتی خوایان دابه‌زاندووه‌ته سه‌ر زه‌وی، ناسیۆنالیزمی فارس هێشتاكه له‌چڵه‌پۆپه‌كانی خۆیدایه‌تی. ره‌خنه‌یه‌ك له‌ئیسلامی سیاسیی له‌كوردستاندا ده‌بێ بگیرێت به‌پله‌ی یه‌كه‌م ده‌بێت له‌جێگاو شوێنی ئایینه‌وه بێت له‌ته‌واوی ستره‌كچه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیدا. بۆ ناسیۆنالیزمی سوونه‌تی ئایین هه‌موو كاتێك وه‌ك به‌شێك له‌شوناسی نه‌ته‌وایه‌تی كورد له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر رادیكاڵزمێكدا وه‌ك شمشێرێك به‌سه‌ر سه‌ری ئیسنانه‌كانه‌وه راگیراوه، بۆ ناسیۆنالیزمی ئایینی كه‌په‌رچه‌مداره‌كه‌ی له‌مڕۆداو له‌كوردستاندا ئیسلامی سیاسی‌و رێزێك له‌ئه‌حزاب‌و رێكخراوی ره‌نگاو ره‌نگه، ئایین ئه‌و ده‌ستگاییه‌یه كه دنیا به‌سه‌ر مه‌مله‌كه‌ته‌كانی كفرو ئیماندا دابه‌شده‌كات‌و سه‌رجه‌می كۆمه‌ڵگا نوقمی خوێنده‌كات. به‌ڵام له‌هه‌ردوو باره‌كه‌دا ئێمه له‌به‌رامبه‌ر دوو ده‌سه‌ڵاتی ناسیۆنالیستیداین كه‌هه‌ردوو لایان ئایین‌و ئاماده‌یی ئه‌و له‌ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا وه‌ك خۆی راده‌گرن. جا ره‌هه‌ندی شووناسی نه‌ته‌وایه‌تی فارس بوونه‌كه‌ی كه‌مێك له‌سه‌ره‌وه بێت یان شیعه بوونی كه‌مێك تۆختر بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی كه له ئێران‌دا ده‌یبینین. به‌ڵام له‌گشتییه‌تی خۆیدا ناسیۆنالیزمه‌و به‌پێی هه‌لومه‌رج‌و گه‌رمبوونی بازاڕی هه‌ر یه‌كیان ده‌كرێ ئه‌و لایه‌ی شوناسی نه‌ته‌وایه‌تی نیشان بدرێت كه‌رۆژگار پێویستییه‌تی. ئه‌گینا شوناسی مه‌سیحیبوون له ئه‌مریکادا ته‌نها شوناسی ڕێکخراوه ڕاسیستییه‌کانی ئه‌مریکا بووه نه‌ک شوناسی نه‌وه‌كانی مادۆنا‌و مایكڵ جاكسۆن كه له‌مڕۆدا له‌به‌رامبه‌ركێی شوناسی موسوڵماندا به‌رز راده‌گیرێت.
ئیسلامی سیاسیی مێژووی سه‌د ساڵه‌ی بزاڤی رزگاریخوازانه‌ی كورد
من تا ئێستا له‌پرسیاری شوناسدام كه‌ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی باسه‌كه‌ی ره‌فیق سابیره، بۆیه ناچارم لێره به‌دواوه سه‌رنجێك له‌و دیده‌ش بده‌م كه ئه‌و هه‌یه‌تی سه‌باره‌ت به‌ئیسلامی سیاسیی. ره‌فیق سابیر ده‌نووسێت :”ئایین له كوردستاندا قه‌ت قورساییه‌كی سیاسی‌و رۆڵێكی گرنگی له‌دیاریكردنی ناسنامه‌ی كورددا نه‌بووه. چونكه فاكته‌رێكی خۆ جیاكردنه‌وه‌ی كورد له‌نه‌ته‌وه داگیركه‌ره‌كانی كوردستان نه‌بووه. “پاشانیش ده‌نووسێت “بۆیه له‌مێژووی نزیكه‌ی سه‌د ساڵه‌ی بزاڤی رزگاریخوازانه‌ی كورددا ( تاسه‌رده‌می راپه‌ڕین) ئیسلامی سیاسیی له‌كوردستاندا شوێنێكی نه‌گرتووه”.
من له‌سه‌ره‌تای باسه‌كه‌دا پرۆسه‌ی دروستكردنی نه‌ته‌وه‌م باسكرد‌و جه‌ختم له‌سه‌ر ئه‌وه كرد كه ئه‌وه ناسیۆنالیزمه نه‌ته‌وه دروستده‌كات ئه‌ویش له‌سه‌ر رۆشنایی روونكردنه‌وه‌كانی گیڵنه‌ردا.
به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ی كه له‌پرۆژه‌ی دروستكردنی نه‌ته‌وه‌یی كورددا كاریانكردووه، جگه له‌شاعیران‌و مێژوونووسان‌و ئه‌دیبان، ده‌یه‌ها رووخساری تری سیاسییه كه رۆژانه گوێمان له‌ناوه‌كانیان ده‌بێت. شێخ سه‌عیدی پیران، بنه‌ماڵه‌ی به‌درخانه‌كان، بارزانی، قازی محه‌مه‌د‌و شێخ مه‌حمود. ئه‌م ناوانه‌و ده‌یه‌ها ناوی تر، به‌ر له‌وه‌ی رابه‌رانێكی نه‌ته‌وه‌یی بووبن، رووخساری ناسراوی ئایینی سه‌رده‌می خۆیان بوون. ئه‌وان له‌سه‌ر سه‌رمایه‌ی ره‌مزی ئایینیان توانییان له‌پله‌ی یه‌كه‌مدا پشتگیری جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان بۆ لای خۆیان رابكێشن. ئه‌مه خاڵێكی گرنگه‌و كافرو مولحید بوونی هیچ توێژه‌ره‌وه‌یه‌ك ناتوانێت ئه‌م مێژووه له‌رۆڵی رووخساره مه‌زهه‌بیه‌كانی كوردستاندا بۆ پرۆژه‌ی ناسیۆنالیزم له‌په‌یوه‌ند به‌دروستكردنی نه‌ته‌وه‌ی كورده‌وه تۆمارنه‌كات. به‌ڵام خاڵی گرنگ كه ده‌بێت لێره‌دا بووترێت ئه‌وه‌یه كه‌ئه‌ڵته‌رناتیڤی سیاسی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ی كه ئه‌وان به‌شوێنییه‌وه بوون ده‌سه‌ڵاتێكی ئیسلامی نه‌بووه. ئه‌مه‌ش نه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌خیانه‌تیان له په‌یامه ئاینییه‌كه‌ی خۆیان كردبێت، به‌ڵكو ته‌نها له‌به‌ر ئه‌و راستییه ساده‌ی كه‌ئیسلامی سیاسیی نه‌یده‌توانی له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا بوونی هه‌بێت.
ئیسلامی سیاسییه‌ك كه ئه‌مڕۆ ئێمه ده‌رباره‌ی ده‌دوێین، پرۆژه‌یه‌كی مۆدێرنه، نه‌ك به مانای په‌یامه‌كه‌ی، به‌ڵكو به‌زه‌مه‌نی له‌دایكبوونهکه‌ی. ئیسلامی سیاسیی وه‌ك له‌خودی ناوه‌كه‌یه‌وه دیاره، بزووتنه‌وه‌ی هێزێكی سیاسییه كه ئامانج‌و ستراتیژی كۆتاییه‌كه‌ی گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه.
ئیسلام له‌رۆژگاری داگیركردنی مه‌ككه‌وه تا رۆژگاره‌كانی تری خه‌لافه‌ت، هێزێك بووه له‌ده‌سه‌ڵاتدا. ئیسلامی سیاسیی تا رۆژگاره نزیكه‌كانی سه‌ده‌ی بیست له‌ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی‌دا هێزێكه له‌ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا. ئه‌وه‌ی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی به‌پرۆژه‌یه‌كی ناسیۆنالیستانه‌ی تورك ده‌داته قه‌ڵه‌م، ئه‌لف‌و بێیه‌ك له جه‌وهه‌ری ناسیۆنالیزم نه‌گه‌یشتووه. ئه‌وه كه‌مالیزمه كه پرۆژه‌ی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی تورك به‌ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نێت. یه‌ك به‌یه‌كی خه‌لافه‌ته‌كانی ئیسلامی له‌مێژوودا، پرۆژه‌یه‌كی ئیسلامی سیاسییه نه‌ك هێمایه‌ك بۆ ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وایه‌تی عه‌ره‌ب. ده‌سه‌ڵاتی ناسیۆنالیستانه‌ی عه‌ره‌ب ئه‌و هێزه‌یه كه‌له‌به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا شه‌ڕی مان‌و نه‌مان ده‌كات، ئه‌گه‌ر چی ده‌سه‌ڵاتێكی مه‌زهه‌بیشی له‌به‌رمبه‌ردایه كه په‌رچه‌مه‌كه‌ی ئایینی ئیسلامه. عه‌بدولقادری جه‌زائیری‌و عمر المختارو ده‌یه‌ها ناوی تری رووخساره مه‌زهه‌بییه‌كانی عه‌ره‌ب، شۆڕشگێڕانی ناسیۆنالیستن كه له‌پرۆژه‌ی دروستكردنی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بدا له‌پێشی پێشه‌وه‌ی سه‌نگه‌ره‌كاندا راوه‌ستاون. ئه‌وان وه‌ك هه‌موو رابه‌ره مه‌زهه‌بییه ناسیۆنالیسته‌كانی كورد “قاره‌مانانی” بزووتنه‌وه‌یه‌كی ناسیۆنالیستین نه‌ك سه‌ربازانێكی ئیسلامی سیاسیی. كه‌س ناتوانێت مێژووییه‌كی سه‌د ساڵه بۆ ئیسلامی سیاسیی له كوردستاندا دروست بكات‌و پێیان بڵێت كه ئێوه له‌و مێژووه درێژه‌دا جێگایه‌كتان له‌كوردستاندا نه‌گرتووه. ئیسلامی سیاسیی له‌كوردستاندا نه به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه له‌مێژووی سه‌د ساڵی رابردوودا جێگایه‌كی نه‌گرتووه‌و خاوه‌نی درێژترین رووباری خوێن نییه ده‌بێت هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر بگیرێت به‌ڵكو به كوتانی زه‌مینه‌كانی كه ئه‌وان ده‌توانن خۆیان له‌سه‌رییه‌وه به‌رهه‌مبهێننه‌وه ده‌بێت وه‌ڵامی پێبدرێته‌وه.
ئیسلامی سیاسیی ئه‌مڕۆ له‌كوردستاندا له‌سه‌ر برینی سته‌می میللی خه‌ڵكی كوردستاندا ده‌توانێت ئاماده‌یی خۆی رابگه‌یه‌نێت. ئه‌وه بوونی سته‌می میللی‌و به‌چاره‌سه‌رنه‌كراوی مانه‌وه‌ی ئه‌م ده‌رده‌یه له‌كوردستاندا كه بزووتنه‌وه‌ی سیاسی جۆراوجۆر دێته سه‌ر شانۆی سیاسی‌و ئه‌ڵته‌رناتیڤی خۆی ده‌خاته به‌رده‌ست.
خاڵێكی تری زۆر گرنگ كه له‌وتاره‌كه‌ی ره‌فیق سابیردایه‌و ده‌بێته مایه‌ی هه‌ڵوێست وه‌رگرتنێكی تر له به‌رامبه‌ر ئیسلامی سیاسیداو ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ره‌فیق سابیر “شه‌رعییه‌تی ئازادی كاركردنیان لێبسه‌نێته‌وه”، ئه‌وه‌یه كه ئه‌وان :”به‌رهه‌مێكی سروشتی‌و ئاسایی كۆمه‌ڵی كوردستان نین، به‌ڵكه له‌ده‌ره‌وه‌ی سنووری كوردستان‌و به‌كۆمه‌كی لایه‌نی ده‌ره‌كی دروستكراون.” نوكی تیژی ئه‌م ره‌خنه‌یه تا ئه‌و شوێنه بڕ ده‌كات، كه ئه‌مڕۆكه یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له پێشه‌وه‌ی وه‌ستاوه‌و جند الاسلام به‌زاده‌ی ده‌ست تێوه‌ردانێكی بن لادن له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات‌و به‌پرۆسه‌یه‌كی سرووشتی باڵه جۆراوجۆره‌كانی ئیسلامی سیاسیی له‌كوردستاندا ناداته قه‌ڵه‌م. به‌ڵام ئایا ئه‌گه‌ر ئیسلامی سیاسیی “وابه‌سته‌یی” خۆی به‌هێزه ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه وه‌ك گریمانێك رابگه‌یه‌نێت، ئایا ده‌كرێ په‌سه‌ند بكرێن؟
ئه‌گه‌ر حزب الله‌ی لوبنان وابه‌سته‌یی خۆی به ئێرانه‌وه كۆتایی پێ بێنێت، زۆر په‌سه‌ندترن له‌وه‌ی كه هه‌ن؟ بۆچی وابه‌سته‌یی زلهێزه‌كانی ناسیۆنالیزم به ئێران‌و توركیاوه ئه‌وان ناكاته به‌رهه‌مێكی ناسروشتی‌و نائاسایی كۆمه‌ڵگایی كوردستان؟
ترسێك كه ره‌فیق سابیر هه‌یه‌تی له ئیسلامی سیاسیی له‌كوردستاندا ته‌نها له هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌و هێزانه‌وه‌یه كه شوناسی نه‌ته‌وایه‌تی نه‌ته‌وه‌ی كورد لاواز ده‌كه‌ن. ئیسلامی سیاسیی نه‌ك به‌زاده‌ی كۆمه‌ڵگایه‌ك ناناسێنێت كه مه‌سه‌له‌ی میللی تیایدا بێوه‌ڵام هێڵراوه‌ته‌وه‌و ئاماده‌یی ئایین تیایدا وه‌ك ئایینی ره‌سمی ده‌وڵه‌ت قبوڵكراوه‌و ناسیۆنالیزمیش وه‌ك یه‌كێك له‌پایه‌كانی دروستكردنی نه‌ته‌وه‌دا، شوناسی موسڵمان بوونی نه‌ته‌وه‌ی كوردی وه‌ك جاڕنامه‌یه‌كی ناسیۆنالیستی راگه‌یاندووه‌و هۆمۆسیكسوال‌و سۆزانی‌و ئاته‌یست‌و كۆمۆنیستی كوردی له‌ژێر په‌رچه‌مه‌كانیدا، ته‌نها به‌هۆی كوردبوونیانه‌وه كۆكردوه‌ته‌وه، به‌ڵكو ته‌نها وه‌ك ده‌ستێوه‌ردانێكی ده‌ره‌كی ده‌یبینێت كه هاتووه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ونه‌كانی ناسیۆنالیزم بزڕێنێت.
ره‌فیق سابیر‌و لیستێكی درێژ له‌رووناكبیرانی كورد به پۆستمۆدێرنه‌كانیشه‌وه، تا ئێستاش خه‌ونی نه‌بوونی ده‌وڵه‌تی كوردی‌و مانه‌وه‌ی سته‌می میللی له‌كورستاندا ده‌به‌ستنه‌وه به لاوازی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی كورده‌وه ته‌واوی كۆششیان به‌م ئاڕاسته‌یه‌دا كارده‌كات. له‌كاتێكدا پرۆژه‌ی دروستكردنی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌لایه‌ن ناسیۆنالیزمه‌وه ده‌مێكه به‌ئه‌نجام گه‌یه‌نراوه‌و ئه‌وه‌ی كه ماوه به‌رزكردنه‌وه‌ی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه تا ئاستی ده‌وڵه‌ت. كه ئه‌مه‌ش له‌پله‌ی یه‌كه‌مدا بڕیارێكی سیاسییه‌و ناسیۆنالیزمی كورد هه‌تا ئێستا لێنه‌وه‌شاوه‌یی خۆی نیشانداوه. ناسیۆنالیزمی كورد، له‌ناو هاوكێشه‌ی شه‌ڕ، سازش، شه‌ڕدا، چاره‌نووسێكی زه‌لیلانه‌ی بۆ خۆی هه‌ڵبژاردووه‌و خه‌ونی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی گۆڕیوه‌ته‌وه به‌شه‌ریك بوون له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته سه‌ركوتگه‌ره‌كانی كوردستاندا. به‌ڵام رووناكبیرانی ناسیۆنالیزمی كورد هێشتا پێیان وایه كه نه‌بوونی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی‌و له‌به‌رزیدا نه‌بوونی شوناسی نه‌ته‌وایه‌تییه كه مه‌سه‌له‌ی میللی له‌م چاره‌نووسه‌دا هێشتووه‌ته‌وه.
له‌كاتێكدا سته‌می میللی به‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌و پله دوو بوونی هاوڵا‌تی بوونی ئه‌وان تاڵاوێكه و هه‌موو رۆژێك به‌قوڕگیاندا ده‌كرێته خوار، له‌كاتێكدا نه‌فره‌ت له‌م چاره‌نووسه‌ی كه ئه‌وانی تیا راگیراوه، ناڕه‌زایه‌تییه‌كی زیندووی ناو ریزه به‌رینه‌كانی ئه‌وانه‌و ته‌نها له‌ده‌رفه‌تێك ده‌گه‌ڕێ كه ده‌سه‌ڵاته سه‌ركوتگه‌ره‌كه‌ی ته‌فرو تونا كات، رووناكبیری كورد به‌شوێن ئه‌وه‌وه‌یه كه دیواره‌كانی نێوان شوناسی نه‌ته‌وایه‌تی (من) له‌به‌رامبه‌ر (ئه‌ویدی)دا هێنده به‌رز بكرێته‌وه تا دڕنده‌ترین سه‌ربازی ناسیۆنالیستی لێ‌دروست بكات. ئه‌وه‌تانێ به‌ختیار عه‌لی له‌خوێندنه‌وه‌یدا بۆ ناسیۆنالیزمی كورد، كێشه‌ی دیار نه‌بوونی سنووره‌كانی نێوان “ئێمه”ی ئێمه‌و” ئه‌وان” ئێمه به‌یه‌كێك له‌كێشه‌كانی ناسیۆنالیزم ده‌داته قه‌ڵه‌م‌و خوازیاری هێنده‌ی تر به‌رزركردنه‌وه‌ی دیواره‌كانی نێوان ئینسانه. ئه‌وه‌تانێ مه‌ریوانی وریا قانیع شاگه‌شكه ده‌بێت كاتێك سیاسه‌تی راسیستی ئه‌وروپا كه له ژێر په‌رچه‌مه‌كانی نسبییه‌تی فه‌رهه‌نگیدا بانگه‌وازی بۆ ده‌كرێت، گه‌وره‌ترین كارخانه‌ی دروستكردنی ناسیۆنالیزمی خستۆته‌گه‌ڕو مژده‌ی له‌دایكبوونی “ناسیۆنالیزمی دوورمه‌ودا” به‌گوێمانا ده‌دات.
سیاسه‌تێك كه له‌سه‌ر به‌رز ڕاگرتنی شوناسه‌كانی منی ئه‌وروپیدا، له‌گیتۆكانی دیموكراسییه‌تی ئه‌وروپادا، ئه‌ویدی غه‌یری ئه‌وروپی زیندانكردووه‌و ئاپارتایدێكی له‌ناو جه‌رگه‌ی دیموكراسیدا دروستكردووه. بۆیه‌ش كاتێك فشاره‌كانی “منی ئه‌وروپی”، له‌ژێر په‌رچه‌مه‌كانی سویدی بوون‌و شارستانی بووندا، بۆمبارانی “ئه‌ویدی” كوردی سه‌ر ره‌ش‌و موسڵمان‌و ناشارستانی ده‌كات، چی له‌وه ئاسانتره كه “ئه‌ویدی” بۆ دیفاعكردن له‌خۆی هێنده‌ی تر سه‌ربه‌رزی به‌كوردبوون‌و موسڵمان‌و بوون‌و شارستانی بوونی خۆیه‌وه نه‌كات. چی له‌وه ئاسانتره كه‌له‌به‌رامبه‌ر ناسیۆنالیزمێكی ئاوا ئاشكرادا، به‌ناسیۆنالیزمێكی تر بۆمبارانی “ئه‌وی دی ئه‌وروپی” نه‌كات. ئه‌و “ناسیۆنالیزمه دوورمه‌ودایه‌ی” كه ناسیۆنالیزمی ئه‌وروپا دروستی ده‌كات، ئه‌و پاڵه‌وانه‌یه كه ئیتر شوناسی نه‌ته‌وه‌یی خۆی به‌ده‌ستهێناوه، شوناسێك كه “ئه‌وی ئه‌وروپی” له‌سه‌ر ئه‌ساسی “نرخ بۆ خۆدانان‌و رێز له‌خۆگرتنه‌وه” گه‌وره‌ترین سوکایه‌تی به‌وی دی “غه‌یری ئه‌وروپی” کرد و ئه‌میش به شوێنی خۆی له‌سه‌ر ئه‌ساسی “نرخ بۆ خۆدانان و ڕێزله‌خۆگرتنه‌وه” كه به‌شێك له‌شوناسی نه‌ته‌وایه‌تییه‌كه‌یه‌تی ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌ساسی سووكایه‌تی پێكردنی “ئه‌ویدی” به‌رامبه‌ری خۆیدا، ببێته قاره‌مانێكی ناسیۆنالیست.
دوا وته:
هه‌ڕه‌شه‌ی ئیسلامی سیاسیی له‌كوردستاندا به‌ر له‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بێت له‌سه‌ر شوناسی نه‌ته‌وایه‌تی، هه‌ڕه‌شه‌یه‌كه له‌سه‌ر بێحورمه‌تی كردن به‌ئینسان له‌پله‌ی یه‌كه‌مدا. ئیسلامی سیاسیی چ له‌كوردستان‌و چ له‌فه‌له‌ستیندا بزووتنه‌وه‌یه‌كی ناسیۆنالیستییه‌و بوونی سته‌می میللی پایه‌ی سه‌ره‌كی ئاماده‌یی دووباره خۆ سازدانه‌وه‌ی ئه‌وه.
ناسیۆنالیزمێك چ له‌سه‌ر ره‌گه‌ز كاربكات وه‌ك له‌دۆخی نازیمی ئه‌ڵمانیدا، چ له‌سه‌ر ئایین كاربكات وه‌ك له‌دۆخی ئیسلامی سیاسیی جه‌زائیرو فه‌له‌ستین‌و كوردستاندا، بزووتنه‌وه‌یه‌كی ناسیۆنالیستییه له‌جه‌وهه‌ردا كه له‌ژێر په‌رچه‌می جۆراو جۆری ئایین‌و ره‌گه‌زدا رووخساری خۆی نیشانده‌دات.
هه‌ڵوێست له‌به‌رامبه‌ر ئیسلامی سیاسی‌دا، له‌پله‌ی یه‌كه‌مدا هه‌ڵوێست وه‌رگرتنه له‌به‌رامبه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه به مه‌سه‌له‌ی میللی له‌كوردستانداو پاشانیش هه‌ڵوێست وه‌رگرتنی ناسیۆنالیزمی سوونه‌تی له‌به‌رامبه‌ر ئیسلامی سیاسی‌دا، وه‌ك له‌م رووداوانه‌ی خێڵی حه‌مه‌دا نیشانی‌دا، هه‌ڵوێست وه‌رگرتنه له‌به‌رامبه‌ر جێگا‌و رێگای ئاییندا له‌ته‌واوی ستره‌كچه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیدا. هه‌ڵوێست وه‌رگرتنی ناسیۆنالیزمی سوونه‌تی له‌به‌رامبه‌ر هێزێكدا كه فشاری ده‌سه‌ڵات ده‌خاته سه‌ر پانتاییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ناسیۆنالیزمی سوونه‌تی، نه‌ك له‌به‌رامبه‌ر پایه گه‌وره‌كانی ئیسلامی سیاسی دا كه ناسیۆنالیزم‌و ئایینه.
مانه‌وه‌ی سته‌می میللی به‌چاره‌سه‌رنه‌كراوی له‌كوردستاندا، ده‌رگا له‌به‌رده‌می بزووتنه‌وه سیاسیه‌كانی كۆمه‌ڵگادا ده‌خاته سه‌ر پشت تا هه‌ریه‌كه‌و به‌ئاسۆو ئامانجی بزووتنه‌وه‌كه‌یه‌وه وه‌ڵام به‌م پرسیاره بداته‌وه.
بۆ ناسیۆنالیزمی سوونه‌تی ئه‌م وه‌ڵامه تا ئێستا به‌و شێوازه دراوه‌ته‌وه كه زۆربه‌مان شایه‌تیین. بۆ ئیسلامی سیاسی به‌دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتی خوا له‌سه‌ر زه‌وی. به‌ڵام ئێمه هاوكات شایه‌تی بزووتنه‌وه‌یه‌كی تری سیاسین كه‌هه‌ردوو باڵی ناسیۆنالیزم، چ سوونه‌تییه‌كه‌ی‌و چ مه‌زهه‌بییه‌كه‌ی ده‌ستی به‌خوێنی هه‌ڵسوڕاوانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه سوور بووه. بزووتنه‌وه‌ی كۆمۆنیستی ئه‌مڕۆكه واقیعییه‌تێكی زیندووه‌و بۆ چاره‌سه‌ركردنی مه‌سه‌له‌ی میللی دووپاتی شوناسی ئینسانی بوونی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كاته‌وه. شوناسێك كه‌تیایدا كوردبوون‌و موسڵمان بوون به ناوچه‌وانی هاوڵاتیانه‌وه نانێت.
له‌جه‌رگه‌ی شه‌ڕه میلییه‌كانی ده‌یه‌ی هه‌شتاو نه‌وه‌ده‌كانی باڵكان‌و ناسیۆنالیزمی به‌عس بۆ سه‌ر كورد‌و جینۆسایدی رۆندادا، له‌به‌رزڕاگرتنی شوناسه‌كانی نه‌ته‌وایه‌تی‌و ئایینی‌و عه‌شیره‌یه‌تیدا، جگه له‌گۆڕستان‌و ئه‌نفال و رووباری خوێن، مێژووی مرۆڤایه‌تی خاڵێكی رۆشن شك نابات كه سه‌ربه‌رزی پێوه بكات.
به‌ڵام پرسیاری گرنگ ئه‌وه‌یه: ناكرێت شۆڕشگێڕێكی سه‌ر رێگای لابردنی سته‌می میللی بیت‌و ناسۆنالیست نه‌بیت؟
رووناكبیری كورد هه‌تا ئێستا له‌ڕێگاچاره‌كانیدا بۆ هه‌ڵوێست گرتن له به‌رامبه‌ر چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی میلییدا كه به‌رهه‌مهێنه‌ره‌وه‌ی ئیسلامی سیاسییه له‌كوردستاندا، له‌ریزی قه‌مه به‌ده‌سته‌كه‌ی سه‌ر سنووری یوگسلاڤیادا راده‌وه‌ستێت وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ته‌نیشتی پیره‌مێرده‌كه‌ی سێربرێنیكادا خۆی ببینێته‌وه.