شەرەفی ئێمە بە تۆیە، ئەگەر هەنگاوێکت لەوی دیکەت درێژ تر بێت، لێت دەکەوێت. ئەگەر کەوتیش خۆت دەزانی چی چاوەڕوانت دەکات.”
ئامۆژگاری کوڕێکی پەنابەر بۆ خوشکەکەی
” دوای ئەوەی ئەرکەکانی قوتابخانەم جێبەجێکرد، لە ژوورەکەمدا سەمادەکەم. ڕۆژی پشوو لەگەڵ تۆدا مەلەدەکەم. هەندێک ڕۆژی دوای قوتابخانە، یاری باسکێت دەکەم. گەر گەورەیش بووم، ئەو کاتانەی کە ئاشق بووم، بۆخۆم کەسێک هەڵدەبژێرم. جاخۆ بابە ئەگەر بە قسەی باوکی فاتمە بێت، خێزانی ئێمە خاوەنی شەرەف نییە.”
ئاخاوتنی کچێکی کوردی نۆ سالە لەگەڵ باوکیا دوای کوشتنی فاتمە لە سوید.
پوختەیەکی کەمی ئەم وتارە لە بناغەدا بە زمانی سویدی نووسراوە و لە ڕۆژنامەکانی “سڤێنسکا داگ بلادێت” و “یۆتێبۆری پۆستن”دا بڵاوکراونەتەوە. بەشێکی تریشی بە شێوەی چەندین سیمینار و کۆڕی جۆراوجۆر بە زمانی سویدی پێشکەش کراوە.
کوشتنی فاتیمەی کچە کوردی کوردستانی تورکیا لە لایەن باوکییەوە، لە کاتێکدا کە هێشتا پرۆسەی دادگایکردنی بکوژانی”پێلا” کە لە لایەن مامەکانی خۆیەوە برایەوە بۆ کوردستان و لە شاری دهۆکدا کوژرا و بە کۆتایی خۆی نەگەیوە، گەورەترین کاردانەوەیی مێدیایی و کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگای سویددا بەدوای خۆیدا هێنا. جگە لەم کاردانەوە گەورەیەی کۆمەڵگا، هاوکات کۆمەڵگای کوردیشی لە سویددا لەبەردەم کۆمەڵێک پرسیاری کوشندەدا راگرت. ئەو پرسیارانەی کە دەبوایە بەر لەوەی لە سوییدا بێتە جێگای گومانی تاکەکانی کۆمەڵگای کوردی، لەدەرەوە و لە ژێر بۆمبارانێکی مێدیایی گەورەدا کە رەهەندی راسیستییەکەی لە بەهێزکردنی بیروبۆچوونی دژی پەنابەراندا شارداوە نییە، بوونە پرسیاری رۆژ و هەریەکە و بە تێگەیشتنی خۆی وەڵامی پێدایەوە. هاوکاتیش کێشەی کچان و ژنانی پەنابەری هێنایە ئاستێکی تر. ئەوەی لە کەیسی کوشتنی فاتیمەدا تەواوی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگا ناچار بوون هەڵوێستی بەرانبەر بنوێنن، تەنها خودی کوشتنی ئافرەتێکی ئاسایی نەبووە کە چەقۆی تیژی نامووسپەرستی و باوکسالاری لە ناو دەستە خوشکەکانیدا بێبەزەییانە خەڵتانی خوێنی کرد. بەڵکو کوشتنی دەنگێک بوو کە ئازایانە هاتە سەر شاشەی تەلەفیزیۆنەکان و لە لاپەڕەی ڕۆژنامەکانەوە سەرگوزشتەی هەزاران لە کچان و ژنانی پەنابەری گێڕایەوە کە ڕۆژانە لە بڵندگۆی “پاراستنی فەرهەنگی خۆوە” بانگەوازی بێبەشبوون لە سادەترین مافە ئینسانییەکانی خۆیان بە گوێدا دەدرێت. پێش فاتیمە هیچ کچێکی پەنابەر باسی ئەوەی نەکردبوو کە کچانێکی وەکو ئەو لەلایەن دایک و باوکیانەوە ناچاردەکرێن کە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان و پیاوێکی دڵخوازی دایک و باوکیان نەک خودی خۆیان، بهێنن. کوشتنی فاتیمە، کوشتنی ئەو دەنگە بوو کە هەزاران ئافرەتی پەنابەر لە گەروویاندا تاسا بوو و فاتیمە بووە بڵند گۆی دەنگی ئەوان.
خاڵی دەستپێکردنی مێدیاکان
ڕۆژنامەی مێترۆی بەیانیانی سوید لە ڕێپۆرتاژێکی درێژدا دەنووسێ:” فاتیمەیان کوشت چونکە کوڕدۆستەکەی سویدی بوو.” بەڵام مێترۆ تەنها نەبوو. سەرتاپای ڕۆژنامەکانی سوید هەمان ناونیشانیان بە کەمێک پاش و پێشخستنی وشەکانەوە نووسی بوو. بۆگەنی راسیزمێکی گەورە لەو وشانە هەڵدەستێت. ئایا ئەگەر کوڕدۆستەکەی فاتیمە کورد بوایە، دەتوانرا ژیانی ئینسانێک بکڕدرێتەوە؟ پرسیارێکە و بە زەینی زۆر کەسدا دێت. ئایا باوکی فاتیمە کە زیاتر لە بیست سالە لەم وڵاتەدا دەژی و بە ڕاسیزمی ئەم وڵاتە توڕە دەبێت ، خۆی لە جێگای راسیستێکی تری پێچەوانەوەدا نابینێتەوە؟ مەگەڕ ڕق بوون لە کەسێک کە سەر بە نەتەوەیەکی ترە هەر لەبەر ئەوەی دۆستی کچەکەیەتی، جۆرێکی تر لە راسیزم نییە؟ ئەمانە و گەلێک پرسیاری تر بە خەیاڵی خوێنەری زۆرێک لە وتارەکاندا دێت. ژمارەی ئەو دەنگانەی کە بە دژی بەرجەستەکردنەوی کەیسی کوشتنی فاتیمەوە بوون لە مێدیاکاندا، خاڵێک دووپاتدەکەنەوە. کۆردۆ باکسی لە ڕۆژنامەی ئێکسپرێسندا دەڵێ:” من ترسم لە ڕاوە کورد هەیە”. نوێنەرانی کۆمەلە کوردییەکان یەک بەیەک لە ڕەشبوونی وێنەی کورد و مۆرکردنی ناوچەوانی کوردەکان بە ژنکوژ دەپەیڤن. بۆیەش زۆر ئاشکرا ئینکاری لە بوونی وشەیەک دەکەن لە زمانی کوردیدا کە پێی دەوترێت تاوانی شەرەف. بەڵام ئەوە تەنها “ڕووناکبیران”ی کورد نەبوون کە لەبەرانبەر پرسیاری تاوانەکانی شەرەفدا ئینکارییان لە رەهەندی کولتوری ئەم جۆرە لە تاوان کرد، بەڵکو بەشێکی بەرچاوی ڕووناکبیران و نووسەرانی سویدیش بەم لەشکرەوە پەیوەست بوون. لە هەڵوێستی دەستەی دووەمیاندا (کەڵکوەرگرتنێکی ڕاسیستانە) لە ئەگەری بەرجەستەکردنەوەی ڕەهەندی کولتوری تاوانەکانی شەرەفدا، وەک بەڵگەیەک بەرزدەکرێتەوە. سەرنجڕاکێشیش لە پەیوەند بە هەڵوێستی ئەم دەستەیە لە ڕووناکبیرانی سویدا ئەوەیە کە دەنگبەرزترین نووسەرانی دژی راسیزمی سویدن و خۆشەویستییەکی لەڕادەبەدەریان بە پەنابەران هەیە. خۆشەویستییەک کە لە زۆر پرسیاردا لە شێوەی بەزەیی پیاهاتنەوەیەکی “ئینسانییانەدایە” بەو کائینەی کە لەمڕۆی ئەوروپادا بە “پەنابەر” دەناسرێت. سەرنجدانێکی وتەکانی “یان گویلۆ”، ستووننووسی ڕۆژنامەی ئێوارانی سوید ئافتۆن بلادێت و ڕۆماننوسی بەناوبانگی ئەم وڵاتە، شایەنی تێرامانێکی وردترە. یان گویلۆ لە ڕۆژنامەی ناوبراودا و لە ڕۆژی 23 ی کانوونی دووەمدا دەنوسێت:” ئەو کەسەی هەوڵدەدات تا ئەنجامگیرییەکی ئایینی و کولتوری بۆ تاوانی شەرەف بهێنێتەوە، ئاو بە ئاشی ڕاسیستەکاندا دەکات، بەڵکو لەوەش خراپتر ، بێحورمەتی بە تەواوی ئەو کەسانەش دەکات کە فەرهەنگی تاوانی شەرەف لەناویاندا هێشتا ماوە و نەتوانراوە خەباتێکی سەرتاسەری بەرانبەر بکرێت.” ئەمە ئیتر پوختەی ئەو تێزەیە کە سیاسەتی کۆمەڵگای فرەکولتوری لەسەر ڕاگیراوە و لە ژێر ئاڵای “ڕێژەیی فەرهەنگەکاندا” بانگەوازی بۆ دەکرێت. لەم تێزەدا، ڕێزگرتن لە ئینسان و ڕێزگرتن لە بیروباوەڕەکەی دەکرێنەوە بە یەک. واتا بە کورتییەکەی ڕیزگرتن لە کەسێک کە راسیستە( وەک ئەوەی کە مافێکی خۆیەتی وەک ئینسان کە ڕێزی هەیە) ، هاوتا دەبێتەوە بە ڕێزگرتن لە ڕاسیزم. جیاوازییەکی زۆر گەورە لە بەینی ئەم دوو چەمکەدا هەیە. هەموو موسولمانێکی ئۆسۆڵیش وەک ئینسان شایەنی ڕێزە، بەڵام ئەمە بە مانی ڕێزگرتن لە ئیسلام نییە. مەترسییەک کە لەم جۆرە خوێندنەوانەدا هەیە لە پەیوەند بە تاوانی شەرەف و داتەکاندنی ئەو جیهانە کولتورییەی کە تاوانەکانی شەرەف بە هۆیەوە توانای دووبارە خۆبەرهەمهێنانەوەیان هەیە، بە مانای چاوپۆشیکردنە لە ڕاسیزمێکی تر کە لەسەر ئاپارتایدێکی جنسی کاردەکات ونەفی لە بوونی مافەکانی نیوەی کۆمەڵگا دەکات. واتا لەبەر ئەوەی راسیستەکان بەڵگەیەکی باشیان دەستنەکەوێت بۆ دژایەتی کردنی پەنابەران، باشتر وایە تاوانەکانی شەرەف وەک هەموو تاوانێکی تری کوشتنی ژنان چاولێبکرێت. “تاوان هەر تاوانە و هیچ جیاوازییەکی ئەو تۆ لە نێوان هۆکارەکانی کردنی تاواندا بوونی نییە.” ئەمە ئەو شیعارەیە کە دەبێت لەبەرانبەر تاوانەکانی شەرەفدا دووبارە بەرزبکرێتەوە. من خۆم هیچ دژایەتییەکی ئەوتۆم لەگەڵ شیعاری ناوبراودا نییە لە پەیوەند بە ڕەهەندی یاسایی تاوانەوە. چونکە لە هەردوو بارەکەدا ئێمە لەبەردەم دوو جەستەی بێ گیانداین کە ئافرەتە و دوو تاوانباردا کە پیاوە. بەڵام تاوانی شەرەف، واتا کوشتنێک کە من لەم وتارەدا بە شوێنیەوەم، دەکرێ کۆتایی پێبهێنرێت و بۆ هەمیشە ئاسەواری کوێربکرێتەوە، ئەگەر ئەو چوارچێوە کولتورییەی کە بەرهەمهێنەرەوی بەهاکانی شەرەفە لەسەر جەستەی ئافرەت نەهێڵرێت، بە تایبەتی لەمڕۆی ئەوروپادا کە ئاستی پرسیارەکانی بەرابەری لە پلەیەکی بەرزتردایە لە پەیوەند بە پاراستنی گیانی و ڕۆحی ئافرەتەوە. بەڵام پرسیاری گرنگ لە پەیوەند بە بەڵگەی “ئامادەیی ڕاسیزم” لە تێزی یان گویلۆدا ئەوەیە: ئایا ڕاسیستەکان لە پرسیاری تاوانەکانی شەرەفەوەیە چارەی پەنابەریان ناوێت؟ وەڵام ڕۆشنە. راسیستەکان بەر لە بوونی هەر کێشەیەکی پەنابەرانەوە ئاڵای خۆیان بەرزڕاگرتووە و لە بنەماوە پەنابەرانیان رەدکردۆتەوە. بۆیەش ئەم کێشانەی پەنابەران تەنها ڕوخسارێکی دزێوی تری پەنابەران دەداتە دەستیان بۆ پڕوپاگەندەکانیان. بەڵام داکۆکی کردن لە پەنابەران ناکرێت بە مانای ئینکاری کردنی ئەو بە ها کولتورییانە بێت کە بە هۆی دەستپێوەگرتنیەوە لەلایەن بەشێکی پەنابەرانەوەچارەنووسی ژیانی هەزاران ئینسانی لە زیندا راگرتووە. چی لە کێشەی خەتەنەکردنی سەدان کچی دوانزە سالەی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەفریقا دەکەیت کە هاوینان دەیانفڕێنن و لە وڵاتەکانی خۆیاندا لە هەموو تواناییەکی سێکسکردن دەکرێن، یان لە باشترین حالەتێکدا پیرەژنێک دەهێنن و لە ماوەی مانگێکدا سەدان مناڵ کەلەپاچە دەکات؟ ئایا چەمکی پەنابەر لەم دەستەواژەیەدا بە مانای بوون بە هۆکارێکی کۆنسێرڤاتیڤ نییە کە دەبێتە ڕێگر بۆ دەنگهەڵبڕین لە بەرانبەر مافەکانی ئەو مناڵانەدا کە ترادیسیۆن دەیانکاتە جەستەیەکی بێ گیان و بێ هەست؟ ئایا ئەمە چ دیفاعێکە لە مافی پەنابەر کە کە لە ژێر ناوی ئەودا، چاوپۆشی لەو هەموو بێحورمەتی و سووکایەتییە بکرێت کە ژنان و مناڵانی پەنابەر گیرۆدەی بوون و لە دۆزەخێکی سەر زەویدا ڕۆژانە بە نهێنییەوە گیان لە دەستدەدەن.
مێدیا و مۆدێلی کولتوری بۆ لێکدانەوەی تاوان
ئەوەی جێگای سەرنجە بۆ کەسێک کە تەماشای ڕۆژنامەکانی سوید بکات( تەنانەت رۆژنامەکانی ئەوروپاش) کاتێک قسەو باس لەسەر کێشەی پەنابەرانێکە کە لێرە دەژین، ئەوا بە سادەیی هەست بە مۆدێلی شیکردنەوەی کولتوری دەکات کە بۆ خوێندنەوەی ئەو پرسیارانە لەبەر چاو دەگیرێن. لە تەواوی پرسیارەکانی لاقەکردنی گەنجانی پەنابەر بۆ کچان، دزین، شەڕ و کوشتن و زۆرێک لە تاوانەکانی تردا، خوێنەر یەکسەر خۆی لەبەرانبەر خوێندنەوەیەکی بێ گیاندا دەبینێتەوە کە خاڵی دەستپێکردنەکەی ڕەهەندی ئیتنی و کولتوری تاوانبارە. کەچی سەرنجڕاکێش ئەوەیە، لە و شوێنەدا کە دەکرێ پێشینەی کولتوری وەک سەرچاوەیەک لەبەر چاو بگیرێت ، بە تایبەت لە پەیوەند بە تاوانەکانی شەرەفدا، ئەوا دەستەواژەی “تاوان هەر تاوان” ە وەک پەرچەمێک بەرزدەکریتەوە. سەرنجێک لەم خوێندنەوەیە بدەن لە پەیوەند بە ئاستی بەرزی ڕێژەی تاوانەکانی دزینی ئۆتۆمبیل، بازرگانی کردن بە کاڵای دزراوەوە، مەوادی بێهۆشکە ر و زۆر شتی تر، کە بە پێی راپۆرتەکانی دەستگای پۆلیس لە ناو گروپێکی ئیتنی وەک ئەلبانییەکانی کۆسۆڤۆدا بوونی هەیە. ئەم وێنەیەی کۆسۆڤۆی ئەلبانی، لەناو بەشێکی زۆری ئەو پەنابەرانەشدا کە لە نزیکەوە لە کەمپەکاندا لە گەڵیاندا دەژین، دروستی خۆی دەسەلمێنێ. ئەم شیکردنەوەیە لە پەیوەند بە کۆسۆڤۆکانی ئەلبانیاوە، هێندەی تێرَوانینێکی ڕاسیستی لە پشتییەوەیەتی، هێندە نزیکایەتی بەو پرسیارەوە نییە کە کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە و تەنها بوونی چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتییە کە بەرپرسیارییەتی هەیە لە دروستکردنی تاوانباردا. بەڵام ئایا بەڕاستی هۆی ئەم بەرزی ڕێژەی تاوانکارییەی کۆسۆڤۆکانی ئەلبانی لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ ئایا کۆسۆڤۆکان دزن لەبەر ئەوەی کە خەڵکی ئەلبانیان؟
بەڵام سەرچاوەی پرسیاری “دزی” بەشێک لە کۆسۆڤۆکانی ئەلبانیا لە جێگایەکی تردایە. ئەگەر وتەکانی “سیمۆن دی بۆڤوار” لە پەیوەند بە ژنانەوە لەبەرچاو بگرین، ئەوا ئاسانتر کێشەی بەرزی ڕێژەی تاوانکاری ئەو گروپەمان بۆ ڕووندەبێتەوە. دی بۆڤوار دەڵێ:” ئێمە وەک ئینسان لە دایک دەبین و بە ژن دەکرێین.” ئەگەر ئەم دەستەواژەیە دووبارە تێکبشکێنینەوە و بینووسینەوە، ئەوا بەمجۆرەی لێدێت:” کۆسۆڤۆکانی ئەلبانیا وەک ئینسان لە دایک دەبن و بە دزدەکرێن” کۆسۆڤۆکانی ئەلبانیا، قوربانیانی شەڕی ناتۆن لە یوگوسلافیادا. دەولەتانی ئەوروپا بۆ بەخشینی رەوایەتێکی تری ئینسانی بۆ جەنگی خۆیان لە یوگوسلافیادا، ئامادەبوون کە هەزاران پەنابەری کۆسۆڤۆ لە وڵاتەکانی خۆیاندا وەک پەنابەر وەربگرن. بەڵام نەک وەک پەنابەرانێک کە خاوەنی ئیقامەی دائیمی بن، بەلکَو ئیقامەی ئەم گروپە مەرجدارکراوە بە و ئاڵوگۆڕە سیاسییەوەی کە لە کۆسۆڤۆدا دەکرێت پێک بێت. ئەوان لێرەن تا ئەو کاتەی هەلومەرجی سیاسی لە خوارەوە بەرە و “ئارامی” دەڕوات؛ ئارامییەک کە ئەوروپا بڕیاری لەسەر دەدات، نەک ئەوەی کە هاوڵاتییەکی ئەوێ چ پێناسەیەکی بۆ ئارامی سیاسی هەیە، دواتریش ڕەوانەدەکرێنەوە بۆ ئەوێ. بۆیەش ئیقامەی کۆسۆڤۆکانی ئەلبانیا چ لە ئەڵمانیادا و چ لە سویددا ئیقامەیەکی کاتییە و هەموو پەنابەرێکی ئەم ناوچەیە باش دەزانێت کە ڕۆژێک دەبێ دیپۆرت بکرێتەوە بۆ ئەلبانیا. کاتێک پەنابەر لە وڵاتی نوێدا لە چاوەڕوانییەکی گەورەدا ژیان بەسەردەبات تاکو ڕۆژێک ڕەوانە بکرێتەوە بۆ ولاتێک کە نە خانوی بە پێوە ماوە، نە توانای ئەوەیشی هەیە سەر لەنوێ ژیان دەست پێبکاتەوە بە دەستی بەتاڵەوە، ئەو کاتە تەواوی ئەو خەونانەی کە پەنابەرێکی ئاسایی هەیەتی و دەزانێت کە فشاری دیپۆرتکردنەوەی لەسەر نییە لە چوونە قوتابخانە و گەران بە شوێن کاردا و دانانی بنەیەک لە وڵاتی نوێدا، ئەمانە هەر هەموویان هیچ جێگایەکی ئەوتۆ داگیر ناکەن و ئومێدی پەنابەر لەوێدا کۆدەبێتەوە کە بە خێراترین شێواز زیاترین پارە بەدەست بێنێت و وەک سەرمایەیەک بۆ ئاییندەی گەڕانەوەی کاری لەسەر بکات. پەنابەری کۆسۆڤۆ لە ئەوروپادا لە خەونی دروستکردنی ژیانێکی سادە دەکرێت و هەموو ئومێدەکانی بە ئایندەیەک دەسپێردرێت کە لە گەڕانەوەیدا بۆ وڵاتی شەر و بێکاری دەبێت بێتە دی. هەر بۆیەش ئینسانێک لە ژێر کاریگەری ئەم خەون لێزەوتنکردنەدا لێرە، بە ئامانجی کڕینەوەی ئەو خەونە لە وڵاتی خۆیدا، دەبێت سڵ لە هیچ کارێکی ڕەش و تەنانەت تاوانکارییانەش نەکاتەوە. کاتێک بەشێکی زۆری پەنابەرانی کۆسۆڤۆ ڕوودەکەنە بازاڕی کاری ڕەش و کڕین و فرۆشتنی تەلەفۆن و سەیارەی دزراو، ئەوان وەک کارێکی ناشیاو سەرنجی لێنادەن، بەڵکو وەک هۆکارێکی خێرا بۆ بەدەستهێنانی پارەیەکی مۆڵ بە کورتترین ڕێگا سەرنجی دەدەنێ. بە کورتییەکەی، پەنابەرانی ئەلبانی دز نین و بە دز دەکرێن. بەرزی ڕێژەی تاوانی ناو گروپی پەنابەرانی ئەلبانی هیچ پەیوەندییەکی بە شوێن پێی ئیتنی و کولتوری ئەم پەنابەرانەوە نییە و پرسیارێکی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای سویدە. بەڵام کاتێک مێدیای سوید تەنها بە بەرجەستەکردنەوەی ڕەهەندی ئیتنی و کولتوری ئەم پرسیارە و گیردەکات و نایەوێت ڕەهەندی کۆمەلایەتی ئەم پرسیارە بەرجەستە بکرێتەوە، خوازیاری ئەوەیە کە ئەم کێشەیە بە پرسیارێکی ئەلبانی لەقەڵەم بدات و گەردنی کۆمەڵگای سویدی لێ ئازاد بکات کە نەبوونی ئیقامەی ئەم گروپەیە لە وڵاتی نوێدا. ئەم خوێندنەوەیە بە شێوازێکی تر لە پەیوەند بە تاوانەکانی شەرەفەوە کاردەکات و بە ئاڕاستەیەکی ترەوە لە داتەکاندنی بەرپرسیارێتی دەولەت بۆ چارەسەری کێشەی ئەو ژن و کچانەی کە لە ژێر چەقۆکانی ناموسپەرستیدا راگیراون خۆی بەرجەستە دەکاتەوە. من لە شوێنێکی تردا دیمەوە سەر ئەم لایەنەی کە بۆچی لە کەیسی تاوانی شەرەفدا ڕەهەندی کولتوری ئەم پرسارە نابینرێت و لە کەیسی تاوانەکانی دزی ئەلبانییەکاندا دەبێت بەرجەستەبکرێتەوە.
تاوانی شەرەف
لە و قسەو باسەنەی کە زۆرینەیەک لە خەڵکی کورد لە کەناڵەکانی مێدیای سویدەوە دەیکەن و لە ڕادیۆ ناوخۆییەکانی شارەکانی سویددا بەر گوێ دەکەون، یاخود ئەو وتارانەی کە لە سایتەکانی ئینتەرنێتدا نووسراون، ناڕۆشنییەکی گەورە هەیە. ئینکارکردنی تاوانی شەرەف وەک بەشێک و جومگەیەکی گەورەی ناو ئەو کولتورەی کە بە کولتوری کورد دەناسرێت، خیتابی گەورەی ئەم لێدوانانەیە کە لە پەیوەند بەم پرسیارەدا خراونەتە ڕوو. بۆ ئەم مەبەستەش بانگەوازی لە چەشنی: ” لە هەموو کۆمەڵگایەکدا ژنکوژی هەیە و کەیسی فاتمە هیچ جیاوازییەکی لە گەڵ کوشتنی پیاوێکی سویدی بۆ ژنەکەیدا نییە” ، یاخود:” تاوان هەر تاوانە و باوکساری لێی بەر پرسیارە.”
ئەو دیدەی لە پشت ئەم خیتابەوە کاردەکات، ئامانجدارانە نایەوێت ئەو سیستەمە ببینێت کە دووبارە بەرهەمهێنەرەوەی تاوانەکانی شەرەفە. تەنانەت ڕادیکاڵترین خیتابێکیش کە ئاماژە بە ڕۆڵی “باوکسالاری” دەکات و قسە لە جیهانی بوونی دەسەڵاتی باوکسالاری دەکات، لە بێوەڵامییەکی گەورەدا بە جێمان دەهێڵێت بە تایبەت لە پرسیاری وەڵامی عەمەلی چۆنێتی دانانی پلاتفۆرمێکی ڕۆشندا بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسیارە لەمڕۆی سویددا. چونکە کاتێک پەیامی “تاوان هەر تاوانە و لە هەموو جێگایەکی سەر زەویدا ژن دەکوژرێت” بەرزدەکرێتەوە، ئەوا ئامانجدارانە قبوڵی ژنکوژی دەکات و باوکسالاری بە بەرپرسیار دادەنێت. لە کاتێکدا لەمڕۆکەی سویدا، ئیمکانی ئەوە هەیە کە تاوانەکانی شەرەف بنەبڕبکرێت و ئەو ئاستەی کە پرسیاری بەرابەری لەم وڵاتەدا پێی گەییوە، توانای پاراستنی قوربانییەکانی تاوانی شەرەفی هەیە بەر لەوەی دەستی درێژی شەرەف پارێزانیان پێ بگات.
سیستەمی باوکسالاری و جیهانی بوونی ئەو
ئەگەر لە هات و هاوار و بانگەوازی نووسەرانێکدا دەنگێک هەبوو بێت کە لەبەرانبەر تاوانەکانی شەرەفدا کە قسەیەکی جیاواز تری کردبێت، ئەوا دووبارە کردنەوەی ئامادەیی چەمکی دەسەڵاتی باوکساری بووە. بۆ ئەم مەبەستەش هەندێک لە نووسەران هێندە زۆر ڕۆیشتن کە لە ڕۆژنامەکانی ئەوروپادا هەواڵی کوشتنی ژنێکی ئەڵمانی یان سویدییان بە تێکستی هەمان زمانی ڕۆژنامەکانەوە دەخستە سەر سایتەکانی ئینتەرنێت و بانگەوازی جیهانی بوونی سیستەمی باوکسالارییان دووپاتدەکردەوە. ئەم هەموو کارکردنە تەنها بۆ ئەوە بووکە ڕەهەندی کولتوری تاوانەکانی شەرەف بسڕنەوە. بەڵام ئایا ئەم خوێندنەوەیە چی تازەی بۆ کەشفکردوین؟ دووپاتکردنەووی ئەوەی کە ژنکوژی لە هەموو کۆمەڵگاکانی ئەمرۆی سەر زەویدا ئەنجام دەدرێت و کوشتنی فاتیمە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ کوشتنی کچێکی ئەڵمانی و سویدیدا نییە، ئەیەوێت چیمان پێبڵێت؟ “بمرێ باوکسالاری”. بەڵام ئەم جۆرە خوێندنەوەیە خاوەنی قسەیەکی ڕادیکاڵانە تر بوو. بۆیەش کۆتایی هێنانی بە سەرمایەداری وەک سەرچاوەی مەینەتەکان بانگەواز کرد. ئەم وتانە ئەلف و بێی هەر کەسێکە کە پێی وا بێت سەرمایەداری سەرچاوەی هەموو مەینەتەکانی ئەمڕۆکەی سەر زەوییە و بە کۆتایی هێنان بەم دێوەزمەیە کە دووبارە بەرهەمهێنەرەوەی نایەکسانییە، کۆمەڵگای ئینسانی دەتوانێت ژیانێکی دوور لە چەوساندنەوە بەسەر بەرێت. بەڵام هەر ئەمرۆکە و لە چوارچێوەی سەرمایەداریدا ئینسان توانای دەستکورتکردنەوەی ئەم سیستەمەی هەیە لە دەستدرێژییەکانیدا بۆ سەر حورمەتی ئینسان. خەباتی بزوتنەوەی یەکسانی خوازانەی ژنان لەم چەند سەدەیەی دواییدا، شایەتی ئەوە دەدات کە ژنان بوونەتە خاوەنی بەشێک لە و مافانەی کە بۆ ژنانی زۆر جێگای ئەمرۆکەی سەر زەوی خەونە. ئەمرۆکە لە وڵاتێکی وەک سویددا کەی کێشەی ژن ئەوەیە کە باوک بەزۆر بیدات بە شوو، یان لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات کە سێکسی هەبووە لە دەرەوەی خێزاندا یاخود نا. بەڵام بۆ زۆرێک لە ژنانی پەنابەر، نەک هەر سێکس کردن بە ئاروزووی خۆ لە دەرەوەی چوارچێوەکانی خێزاندا، بەڵکو مافی هەڵبژاردنی هاوسەریش لە جەرگەی ئەوروپادا خەونێکە. نەبینینی خەونی شووکردن بە خواستی خۆ، نەک سێکس کردن لەدەرەوی خێزان، پەڵە کوێرەکانی ناو چاوی ئەو دیدەیە کە جیاوازییەکانی نێوان دەسەڵاتی باوکساری کۆن و “مۆدێرن” نابینێت و جیهانی بوونی سیستەمی باوکسالاری بە گوێمانا دەدات.
بەڵام خودی دەسەڵاتی باوکسالاری چییە؟
ناتوانین قسەیەک لە تاوانەکانی شەرەف بکەین، ئەگەر ئەو سیستەمە باوکسارییە شینەکەینەوە کە لە پشت خیتابی شەرەفەوە دەسەڵاتی خۆی بەسەر ژناندا فەرز کردووە. بەڵام ئایا سیستەمی باوکسالاری تەنها لەیەک شێوازدا دەردەکەوێت؟ ئەو خیتابەی کە دەسەڵاتێکی باوکسار لە هەناوی مەزهەبەوە دەیهینێتە دەر هەر هەمان خیتابە کە دەسەڵاتێکی باوکسار دەیەوێت لەسەر سێکسوالیزەکردنی جەستە کاربکات؟ سیستەمی باوکسالارییەک کە لە یەکێتی کرێکارانی سوییددا خۆی داکوتاوە و ڕێگرە لەبەردەم هاتنەناوەوەی ژناندا بۆ ئاستە بەرزەکانی کاری نیقابیدا هەر هەمان سیستەمە کە لە ناو ناسیونالیزمدا نیشتیمان دەکاتەوە بە دایک و لەوێشەوە لاقەکردنی ژنانی نەتەوەی دی دەکاتە پرۆسەی ئەتککردنی نیشتیمانی سەربازانی دوژمن؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە بۆ من بە “ئا” نییە. بەڵام لەگەڵ ئەم هەموو توانای دەرکەوتنانەی سیستەمی باوکساریدا، هێشتاکەش دەتوانین پێناسەیەیکی گشتی بۆ ئەم سیستەمە بکەین.سیستەمی باوکسالاری ئەو سیستەمەیە کە بەهۆیەوە هەڵاواردنی نێوان ئینسانەکان بە هۆی جنسیەتەوە دووبارە بەرهەمدەهێنێتەوە و لەسەر دووبارە ڕاگرتنەوەی سەردەستیەیی پیاو و ژێردەستەیی ژنەوە کاردەکات. بەڵام سەردەستەیی پیاو و ژێردەستەیی ژن ناتوانێت درێژە بە ژیانی خۆی بدات ئەگەر سیستەمێکی تر نەبێت کە زەمینەی ئەم هەڵاواردنەی لەناو خۆیدا هەڵنەگرتبێت تاکو جیاوازییە سروشتییەکانی نێوان ژن و پیاو بکاتە هۆکارێک بۆ بەرهەمهێنانەوەی نابەرابەری. دەسەڵاتی سیستەمی باوکساری تەنها ئەو کاتە دەتوانێت درێژە بە ژیانی خۆی بدات کە زەمینەکانی هێشتنەوەی نابەرابەری ئامادەیی هەبێت تاکو ئەم سەردەستەیی و ژێردەستەییە بەرهەمبهێنێتەوە. بە کورتییەکەی ئەوە کۆمەڵگای چینایەتی و سیستەمی قازانجە کە ئینسانەکان لە دوو جێگا و شوێنی جیاوازدا ڕادەگرێت و جیاوازییەکی سروشتی نێوان ئینسان دەکاتە چوارچێوەیەکی گونجاو بۆ درێژەدان بەتەمەنی سیستەمی نابەرابەری. ئەوە جێکەوتنی جیاوازییە سروشتییەکانی نێوان ژن و پیاوە لە چوارچێوەی پەیوەندییەکی ناسروشتی کۆمەڵایەتیدا کە لەسەر بەرهەمهێنانەوەی قازانج ڕاوەستاوە کە سەردەستەیی و ژێردەستەیی دەکاتە واقعیەتێکی زیندوو.بەڵام تایبەتمەندییەکی ئەم سیستەمی پیاوسالارییە لەوەدایە کە بەپێی هەلومەرجی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوری جیاواز توانای خۆگۆرین و خۆدەرخستنەوەی لەژێر دەموچاوی جۆراوجۆردا هەیە. لەو شوێنەیدا دەسەڵاتی پیاوسالاری گورزی کوشندەیی بەردەکەوێت و پانتاییەکانی دەسەڵاتی دەکەوێتە بەر پەلاماری بزووتنەوەی یەکسانیخوازی و رادیکاڵانەی کۆمەڵگا، ئەگەر زەمینەکانی سیستەمی باوکساری بەپێوە مابێت، ئەوا ئەویش شێوە و ناوەڕۆکی خۆی دەگۆڕێت و بە دەموچاوێکی ترەوە دێتەوە مەیدان. ئەمڕۆ ئیتر سیستەمی باوکسالاری “مۆدێرن” لە ئەوروپادا ناتوانێت بە “ناقًس العقل” بوونی ژنانەوە بێتە گۆ. بەڵکو پەیام و تەنانەت شێوازی دەرکەوتنەوەیشی لە ژێر پەیامێکی تری بەناو ئینسانییەوە دەردەبڕێت. دەرکەوتنی کەیسێکی پێدۆفیل (لاقەکردنی مناڵی بچووک) لە ناو باخچەی ساوایاندا بەسە بۆ ئەوەی کە پیاو لەم بوارەی کارکردندا دوور بخاتەوە و لەژێر ئاڵاکانی داکۆکیکردن لە مافی مناڵاندا، کارکردن لەم شوێنەدا بکاتە تاکە کارێکی کەم کرێی ژنانە. ئەگەرچی سیستەمی باوکساری بە گشتی لەسەر ڕاگرتنی سەردەستەیی پیاو و ژێردەستەیی ژنەوە کار دەکات، بەڵام هۆکار و کایەی جۆراوجۆر دەسازێنێت تا دووبارە خۆی پێناسە بکاتەوە.
تاوانی شەرەف و سیستەمی باوکساری
لە هیچ زمانێکی جیهانیدا کە تیایدا چەمکی کوشتنی ژنان لەسەر شەرەف برەوی هەیە، بەقەد زمانی کوردی بنەما و تەنانەت هۆکاری ئەنجامدانی ئەم کارە ڕۆشن نییە. لە کۆمەڵگای کوردیدا پیاو، جا باوک بێت یان برا یان ئامۆزا یان هەر نەوەیەکی تری نێر کە لە ئامادەنەبوونی ئەو کەسانەی تردا دەکرێت ڕۆڵی کوژەری ئافرەت ببینێت، هەڵدەستێت بەم تاوانە تاکو شەرەفی خۆیی و بنەمالە بکڕێتەوە. ژنی کوژراو ئەو کەسە بوو کە ئەم شەرەفەی هەرزان فرۆشت، بۆیەش بۆ کڕینەوەی دەبێ نرخێکی گرانتر بدرێت کە بە هیچ شتێکی تر ناپێورێت، ژیانی خودی ئافرەت نەبێت. ئەوەی ئەم پرۆسەی کڕین و فرۆشتنەی لەسەر ئەنجامدەدرێت، سێکسوالیتێتی ژنە. بە پێی ئەو سیستەمە فیکرییەی کە دەسەڵاتی باوکساری کۆن لەسەری کار دەکات و تەواوی بەهاکانی ڕێزلێگرتنی ئینسانی لەسەر دادەمەزرێت، کە تیایدا بە پلەی یەکەم ئەو ئینسانە پیاوە، سێکسوالیتێتی ئافرەت خاڵی سەنتەر و بگرە تەواوی بنەماکانی ڕێز و حورمەتی پیاوی لەسەر ڕاگیراوە. بە پێی ئەم دەستگا فیکرییە هەر پەیوەندییەکی جنسی ئافرەت لە دەرەوەی ئەو نۆرمەی کە خێزانە، مانای پیسکردن و لەکەدارکردنی شەرەفی پیاوە. ئەم کردەوە سێکسییە لە پلەی یەکەمدا گرنگ نییە کە لە باری فیزیکییەوە ڕووی دابێت.واتا هەر جووڵەیەکی ئافرەت، نیگایەکی ئەو کە بۆنی سێکسی لێ بێت، کافییە بۆ ئەوەی کە بە مانای لەکەدارکردنی شەرەفی پیاو لێکبدرێتەوە. تاوانی شەرەف کە لەلایەن سیستەمی باوکسالاری کۆنەوە بەرهەمدەهێنرێتەوە هیچ شتێک نییە جگە لە کۆششی ئەم دەسەڵاتە بۆ کۆنترۆڵکردنی سێکسوالیتێتی ژن.ژن لەژێر کاریگەری ئەم دەسەڵاتە باوکسالارییەدا، ئەو کەسەیە کە خۆی خاوەنی جەستەی خۆی نییە و هەر بۆیەش سێکسوالیتێتی ئەو و بڕیاردان لەسەر کردنی ئەم کارە دەخرێتە دەستی پیاوانی خێزان و هۆز و خێڵەوە. بەڵام پیاوی ئەنجامدەری تاوانی شەرەف هیچ شتێک نییە جگە لە ئامرازێک. تاوانباری ڕاستەقینە ئەو فشارە گەورە کۆمەڵایەتییەیە کە سیستەمی باوکسالاری لەدەرەوەی تاکەکان دروستی کردووە و تیایدا هەموو ئاراستەکان ڕووبەڕووی ئەو پیاوە کراوەتەوە کە ژنەکەی، خوشکی یان دایکی شەرەفی ئەوی دۆڕاندووە و پێی دەڵێن: بڕۆ شەرەفت بکڕەرەوە. ئەوەی کە تایبەتمەندی تاوانی شەرەفە و ئەم تاوانە لە کوشتنی پیاوێکی سویدی بۆ ژنەکەی جیادەکاتەوە، کاریگەری ئەم دەسەڵاتی باوکسالارییەیە لەسەر ئەو تاکانەی تری کۆمەڵگا کە ڕەنگە نزیکایەتییەکی ئەوتۆییشیان لەگەڵ بنەماڵەی پیاوەکەدا نەبێت. فشارێک کاتێک هەست بە ڕەوینەوەی دەکرێت و پیاوی ئەنجامدەری تاوان دەتوانێت ئاهێک هەڵبکێشێت و سەربەرزانە بە کۆمەڵگادا بگەڕێت کە تاوان ئەنجامدراوە. پیاوی تاوانی نامووسی لە شڵەژانییەکی گەورەی دەروونیدا ژیان بەسەر دەبات کاتێک ژنێکی نزیکی خۆی شەرەفی پیاوانی بنەماڵە دەخاتە مەترسییەوە. ئەو ژن دەکوژێت بۆ ئەوەی شەرەف بکڕێتەوە و باڵانسی ڕۆحی خۆی وەربگرێتەوە. ئەو سەرشۆڕترین پیاوەکانی کۆمەڵگایە و دەکوژێت بۆ ئەوەی سەربەرزکاتەوە. کاتێک لە وشەی “سەربەرزکاتەوە” وورددەبینەوە ئەوسا بۆمان دەردەکەوێت ئەم پرۆسەی سەربەرزکردنەوەیە کاردانەوەیەکی تاکگەراییانەی پیاوکوژنییە. بەڵکو لەبەرانبەر کەسانێکی تردا سەری خۆی بەرزدەکاتەوە کە تاکو ئەنجامنەدانی تاوانەکە بە ئینسانێکی بێ شەرەف و سەرشۆڕییان لەقەڵەم دەدا. هەربۆیەش لە پرۆسەی سەربەرزکردنەوەی تاوانباردا، ئێمە خۆمان لەبەرانبەر یەکێک لە هەرە تایبەتمەندییەکانی تاوانی شەرەفدا دەبینینەوە کە لە تاوانی تری کوشتنی ژناندا وە بەتایبەت لەو شوێنانەی کە چەمکی شەرەف لە سێکسوالێتی ژن جیاکراوەتەوە، بوونی نییە. ئەم تایبەتمەندێتییەی تاوانی شەرەف ئەوەیە کە ئێمە ڕووبەڕووی کێشەیەک نین کە لە نێوان دوو تاکی کۆمەڵگایەکدا بێت و لەسەر کێشەیەکی تایبەتی بە کوشتن تەواو بێت. بەڵکو ئێمە لەبەرانبەر تاوانێکداین کە تیایدا ژن وەک تاک لەبەرانبەر سیستەمێکدا ڕاگیراوە. تاوانی شەرەف کردەوەیەکی تاوانکارانەی تاک نییە لە بەرانبەر تاکێکی تردا. بەڵکو تاوانی شەرەف کردەوەیەکی کوژەرانەیە کە تیایدا سیستەمێکی گەورە لەبەرانبەر تاکێکدا سەنگەردەگرێت و بڕیاری مەرگی بەسەردا دەبارێنێت. ئەوەیشی کە رەهەندی کولتوری بەم تاوانە دەبەخشێت، بە کۆمەڵایەتیکردنی چەمکی شەرەف و چڕکردنەوەی ئەم چەمکەیە لە سێکسوالیتێتی ئافرەتدا کە سەرتاپای کۆمەڵگا دەتەنێت و بە شێوەی تۆڕێکی گەورە ئینسانەکان لە ناوخۆیدا یەخسیر دەکات. لەو کۆمەڵگایانەدا کە تاوانی شەرەفی تێدایە ئێمە شایەدی بەهایەکی تر و پێناسەیەکی تری شەرەف نین کە لە سێکسوالیتێتی ژنان جیاکرابێتەوە. پیسترین و ناشیرینترین جنێوەکانی ئەم کۆمەڵگایانە بە کۆمەڵگای کوردیشەوە، ئەو جنێوانەن کە دەبێ دایک و خوشکی کەسی جنێوپێدراو بگرێتەوە. بەمە ئینسان لە ناسکترین تاڵەکانی هەستی ئەو کەسە دەدات کە هەموو حورمەت و ڕێزی خۆی لەو شوێنەدا کۆدەکاتەوە کە کەسی جنێودەر لە ڕێگەی جنێوەکانییەوە بەنیازە پیسی بکات. لە کۆمەڵگای کوردیدا هەتا ساتە وەختەکانی ئێستاکەش شەرەف و سێکسوالێتی ژن بەجۆرێک بەناو یەکدا چوون کە مەحاڵە لەیەکتری جیابکرێنەوە.
دووڕەگ بوونی سیستەمی باوکسالاری
دووبارە بەرهەمهێنانەوەی سەردەستەیی پیاو و ژێردەستەیی ژن، پایەیترین بنەماکانی سیستەمی باوکسارییە. بەڵام هەر لەبەر ئەوەی ئەم سیستەمە لەسەر ڕاگرتنی دەسەڵاتی پیاو کاردەکات و تاکە خزمەتێکیش کە ئەم سیستەمە بە سیستەمی ئابووری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای دەکات بۆ بەردەوام بوونی هێشتنەوەی نابەرابەرییە، نابێتە سیستەمێک کە ڕەگەزی نێری هەبێت. بە کورتییەکەی دەسەڵاتی باوکساری خاوەنی ڕەگەزێکی نێرانە نییە هەر لەبەر ئەوەی کە پارێزەری دەسەڵاتی نێرە. رۆشنکردنەوەی ئەم لایەنە لە پەیوەند بە جنسییەتی سیستەمی باوکسالاریەوە کۆمەکێکی زیاترمان دەکات بە کاراکتەرێکی تری تاوانی شەرەف کە لە ژێر ناونیشانی سیستەمی باوکسالاریدا وندەبێت. سیستەمی باوکسالاری جنسییەتی نییە وەک ئەوەی کە بڵێی نێرە. بەڵکو ئەم سیستەمە خاوەنی شوناسێکی بێ جنسییەتە. واتا دەکرێ هاوکات هەڵگری جنسییەتێکی نێرانە و مێیانەش بێت. ئەم دووالیزمە جنسییەی سیستەمی باوکسالاری دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مێژووە درێژەی ئەم سیستەمە و کاریگەرییەکانی لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگا. ئەوە تەنها پیاوان نین کە بەرپرسیاری ڕاگرتنی سییستەمی شەرەفن کە لە پلەی یەکەمدا لەسەر سێکسوالێتی ژنەوە پێناسە کراوە. بەڵکو ژنانێکی زۆری کۆمەڵگاش بە هۆی مێژوویەکی درێژی ئەم ژێردەستەییەیانەوە بوونەتە هەڵگری کولتورێکی پیاوسالارانە و بە بەشێک لە لەشکری پارێزەرانی شەرەف گۆڕدراون. دووبارە جەختکردنەوەی دایکان لە وەرگرتنەوەی پەڕۆی خوێناوی کچی تازە شووکردوو، هاوبەشیکردنێکی چالاکانەی ژنانە لە دووبارە درێژەپێدان بە کولتوری شەرەفێکدا کە لە دوو دڵۆپە خوێنی پەردەی کچێنی کچەکانیاندا کۆکراوەتەوە، هاوکاتیش وەفاداربوونی خۆیانە بەو کۆنتراکتەوەی کە دەسەڵاتی باوکسالاری پێی ئیمزاکردوون کە دەبێ سەربەرزی خۆیان و رۆڵی دایکایەتییەکی باش بۆ خۆیان لە پەروەردەکردنێکی بەشەرەفانەی کچەکانیانەوە ڕابگەێنن. ئەم “پیاوسالارییە”ی بەشێکی زۆری ژنان تەنها لە ژنانێکی ترادیسیۆنیدا بەرجەستە نابێتەوە وبگرە بەشێکی تری ژنانی تری کۆمەڵگا دەگرێتەوە. ئەم پیاوسالارییەی ژنان لە ناو سیستەمی باوکسالاری مۆدێرندا لەشکرێکی گەورەی لە نووسەران و رۆژنامەنووسان پێکهێناوە کە بەرپرسیاری یەکەمی ڕۆژنامەکانی مۆدە و جوانی ئافرەتن و ئەرکی یەکەمییان پێسپێردراوە لە پرۆسەی سێکسوالیزەکردنی جەستەی ئافرەتدا کە خەسڵەتی سەرەکی دەسەڵاتی باوکسالاری مۆدێرنە. بۆیە کاتێک ئەم دیدەمان لەبەرچاودا بێت بەرانبەر بە سیستەمی باوکسالاری کە ڕەگەزێکی نێرانەی نییە و دەکرێ هەڵگری هەر دوو ڕەگەزەکە بێت، دەتوانین خۆمان لەو خیتابە فێمینیستییەی ئەوروپا ڕزگارکەین کە پەیامی بەشێکی زۆری بزووتنەوە فێمینیستییەکانی ئێرەیە و لە دوائەنجامدا لە ڕقێکی کوێرانەی دژی پیاوەوە خۆی بەیان دەکات. ئەم دووڕەگەزییەی سیستەمی باوکساری، ئەو لایەنەی تاوانی شەرەفمان بۆ ڕووندەکاتەوە کە خیتابی شەرەف تەنها خیتابێکی پیاوانەی ڕووت نییە و ژنانیش بە شێوەیەکی تر شەریکی دووبارە ڕاگرتنەوەی پایەکانی ئەم سیستەمەی شەرەفن کە لەسەر کۆنترۆڵکردنی سێکسوالێتی خۆیان رَاگیراوە. تاوانی شەرەف کوشتنێکی کوت و پڕی کێشەی نێوان دوو کەس نییە کە لە ئان و ساتێکی تایبەتیدا دەتەقێتەوە و بە کوشتنی ژن کۆتایی پێ دێت، بەڵکو پرۆسەی ئیعدام کردنێکی بە ئاگاهایانەیە و بە نەخشەیەکی ورد و درشت دەچێتە پێشەوە و پیلانێکی درێژی کۆمەڵێ کاراکتەری سەرەکییە کە ژنیش تیایدا بەشدارە.
باوکسالاری مۆدێرن
من لە ناوهێنانی ئەم سیستەمی باوکسالارییەدا وشەی مۆدێرن بەکاردەبەم نە بە بە مانای مۆدێرن بوونی پەیامەکەی. بەڵکو تەنها بۆ جیاکردنەوەی لەو سیستەمی باوکسالارییەی کە میکانیزمەکانی کارکردنی بە جۆرێکی ترە و تەواو بە پێچەوانەی باوکساری کۆنەوە کار دەکات. ئەگەرچی لە دوا ئەنجامدا هەر دوو لایان دوو دەسەڵاتی تایبەتین بۆ بەردەوامبوونی نابەرابەرییەک کە لە کۆمەڵگادا بوونی هەیە. لە سیستەمی باوکسالارییەکدا کە لە ئەوروپای خۆرئاوادا و تەنانەت لە بەشێکی زۆری ئەوروپای خۆرهەڵاتیشدا بەر پرسیاری هێشتنەوەی نابەرابەری نێوان ژن و پیاوە، چەمکی شەرەف لە دەسەڵاتی باوکسالار دەرهێنراوە و لە سێکسوالیتێتی ژن جیاکراوەتەوە. ژن لە سایەی ئەم دەسەڵاتەدا خاوەنی جەستەی خۆیەتی و ئەوە تەنها خۆیەتی کە پەیوەندیی جنسییەکانی خۆی رَێکدەخات و سێکسوالیتێتی ئەو لە دەسەڵاتەکانی خێزان و خێڵ و گرووپی تر دەرهێنراوە. خاوەندارێتی بوونی ژن بۆ جەستەی خۆی و گۆڕینی کردەوەی سێکسی ئەو بە کارێکی تایبەتی و شەخسی، بە مانای ڕزگارکردنی جەستە و سێکسوالیتێتی ژنە لەو سیستەمەی کە چەمکی شەرەف و کولتوری شەرەفی دەسەڵاتی باوکسالاریەکی کۆن پێکدەهێنێت. بەڵام هاوکاتیش ئەم سیستەمە پاش لە دەستدانی دەسەڵاتی بەسەر جەستەی ژن و سێکسوالیتێتی ئەودا، ئەمجارەیان لە ڕێگەی سێکسوالیزەکردنی جەستەوە خوازیاری داگیرکردنەوەیەتی. ئەوەی کە ئەم شۆڕشە لەبەرانبەر سیستەمی باوکسالاریدا بەرپادەکات و شەرەف لە جەستەی ژن دەکاتەوە؛ خەبات و کۆششی بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە ڕادیکاڵەکانی ئەم کۆمەڵگایانەن. ئێمە لەبەرانبەر دەسەڵاتی باوکسالاریدا خۆمان لە ناو هاوکێشەیەکدا دەبینینەوە کە لە “سەردەستەیی” پیاو و “ژێردەستەیی” ژن پێک هاتووە. پرسیاری بەرابەری لە گشتییەتی خۆیدا هیچ شتێک نییە جگە لە تێکشکاندنی میکانیزمەکانی ئەم هاوکێشەیە و گۆڕینی تەرازووی دەسەڵات بە و شێوەیەی کە مەسافەیەک لە نێوان سەردەستەیی و ژێردەستەییدا نەمێنێت. پرسیاری بەرابەری ژن و پیاو هیچ شتێکی تر نییە جگە لە تێکشکاندنی ئەو زەمینانەی کە سیستەمی باوکسالاری ژنێتی و پیاوێتی وەک دوو شووناسی ئەزەلی و ئەبەدی قبوڵدەکات و چەمکەکانی سەردەستەیی و ژێردەستەیش لەسەر ئەم جیاوازییە جنسییەوە بەرهەمدەهێنێتەوە. بەرابەری ژن و پیاو هیچ شتێک نییە جگە لە سڕینەوەی شوناسەکانی ژنێتی و پیاوێتی و کردنەوەی ئەم ڕەگەزانە بە چەمکێکی بێ مانا کە تیایدا ئەم جیاوازییە جنسییانە نەبێتە هۆکاری دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هەڵاواردنێکی جنسی. ئەگەرچی سەردەستەیی پیاو و ژێردەستەیی ژن یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی سیستەمی باوکسالاریە کەچی لەو سیستەمەدا کە تاوانی شەرەف بەرهەمدەهێنێتەوە، ئێمە لەبەرانبەر هەمان هاوکێشەی دەسەڵاتدا نین. سەردەستەیی و ژێردەستەیی هیچ شتێک نیشان نادات جگە لەو باڵانسی دەسەڵاتەی کە بزوێنەری ئەم هاوکێشەیەی سیستەمی باوکسالارییە. پرسیاری بەرابەری و فراوانترکردنی مەوداکانی ئەو بۆ تەواوی سترەکچەری کۆمەڵگا، لە فشاری هێزەکانی ژێردەستەیی ژنەوەیە بۆ سەر دەسەڵاتەکانی سەردەستەیی پیاو. ئەوەی لێرەدا پێویستە ڕۆشنبێتەوە ئەوەیە کە هێزەکانی ژێردەستەیی تەنها بە بزووتنەوەیەکی ژنانەوە سنووردارنابێتەوە و کۆمەڵێک بزووتنەوەی سیاسی رَادیکاڵتر لە ژێر ئەم پێناسەیەدا جێگەیان دەبێتەوە. چەندە تەرازووی هێزی ژێردەستەیی گەورەتر بێت وئەم تەرازووی هێزە بەڵای خۆیدا بشکێنێتەوە، هێندە پانتاییەکانی بەرابەری لە کۆمەڵگادا فراوانتر دەبێت. کەچی لە سیستەمی باوکسالاری کۆندا ئەم هاوکێشەیە هەروا بە ئاسانی کار ناکات، واتا ئێمە خۆمان لەبەرانبەر سیستەمێکی باوکسالاریدا نابینینەوە کە لەسەر هاوکێشەی سەردەستەیی و ژێردەستەیی پێکهاتبێت. ئێمە لەم سیستەمەدا تەنها لەبەرانبەر دەسەڵاتێکی تۆتالیتاری سەردەستەییانەی موتڵەقداین کە شاقوڵی بەجەستەی سیستەمدا دەچێتەخوار. ئەم یەک ئاڕاستەییەی دەسەڵاتی سەردەستەیی لەوشوێنەوە سەرچاوەدەگرێت کە ئافرەت لەم سیستەمەدا نەک هەر جنسییەتی بەڵکو خۆیشی وەک ئینسانێک لەلایەن باوکەوە خاوەندارێتی دەکرێت. لەم سیستەمەدا ئافرەت موڵکی خێڵ و خێزان و تەنانەت نەتەوەیشە. کەواتە ئێمە لەبەرانبەر کائینێکدا نین کە ژێردەستەیی بەشێک لە شوناسی ئەو پێکدەهێنێت. بەڵکو کەسێکی تر خاوەنی ئەوە. خەسڵەتی کاڵابوونی ئەم کائینە کە ژنە لێرەوە پێناسەکانی ژێردەستەیی خۆی ووندەکات. تۆ دەتوانی خاوەنی قەڵەمەکەت بیت و بە ئارەزووی خۆت پێی بنووسیت یان فڕێدەیت. بیگۆڕیت و دانەیەکی تر لەبری ئەو بەدەست بێنیت. ئەو هاوکێشەیەی کە خاوەندارێتی تۆ بە قەڵەمەکەتەوە دەبەستێتەوە، هاوکێشەیەکی هێز نییە کە لەسەردەستەیی تۆ و ژێردەستەیی قەڵەمەکەتەوە سەرچاوەی گرتبێت. تۆ دەسەڵاتی تەواوت بەسەر قەڵەمەکەتدا هەیە و تاکە هێزێک کە ڕۆڵی سەرەکی هەیە تۆیت. قەڵەم کاتێک بوو بە هی تۆ و بوو بەبە شێک لە کاڵاکانی دیکەی تۆ، پەیوەندی خاوەندارێتی تۆ بەوەوە جێیدەگرێتەوە نەک پەیوەندی سەردەستەیی تۆ و ژێردەستەیی ئەو. ژن لە سیستەمی باوکسالاری کۆندا وەک ئینسانێک خاوەندارێتی دەکرێت. ئەم پەیوەندی خاوەندارێتییە لەوەدا بەرجەستەدەبێتەوە کاتێک کارێکی سێکسی ئەنجامدەدا لەدەرەوەی ئەو چوارچێوەی کە سیستەمی باوکسالار تابووی کردووە، کردەوەیەکی سێکسی کە ئەو بۆی نییە خاوەنی بێت چونکە خاوەنی جەستەیی خۆی نییە، دەبێت لەناوببرێت. مافی ئەم کوشتنە هێندە سادە و ساکار ئەنجامدەدرێت کە هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ فڕێدانی ئەو قەڵەمەدا کە خاوەنەکەی تووڕە دەکات کاتێک کە نانووسێت. ئەوەی تایبەتمەندییەکی بەرچاو و گرنگی سیستەمی باوکسالاری کۆنە و لە کوردوستاندا گۆڕستانێک لە ژنانی کوژراوی بە شوێن خۆیەوە بەجێهێشتووە، ئەم دەسەڵاتە موتڵەقەی سەردەستەیی باوکە کە لەسەر خاوەندارێتی بۆ جەستەی ئافرەتەوە کاردەکات. پرسیاری بەرابەری لە کوردوستاندا و لە شوێنانەی تر کە چەمکی شەرەف بە مانای سێکسوالێتی ژن برەوی هەیە بە پلەی یەکەم گۆِڕینی ئەم هاوکێشەی خاوەندارێتییەیەی سیستەمی باوکسالارە. بەهرەمەندبوونی ژنان لە کۆمەڵێ مافی سەرەتایی وەک خوێندن و کارکردن هیچ کامێکیان بە مانای بەهرەمەندبوونی چەمکی پرسیارێک نییە کە بە پرسیاری بەرابەری دەناسرێت. ئاخر ئەم کۆیلەیە ئەگەر بەڕێوەبەری گەورەترین کارخانە و تەنانەت قوتابخانەیش بێت، هێشتاکە وەک ئینسانێک لەلایەن دەسەڵاتی باوکسالارەوە خاوەندارێتی دەکرێت و بچووکترین هەڵەیەک کە ڕاڤەکردنێکی ئەخلاقییانەی لێبکرێت، بە کوشتنی ئەو کۆتایی پێ دێت. ڕزگارکردنی جەستەی ئافرەت لە بەهاکانی شەرەف و بوونەوەی ئافرەت بە خاوەنی خۆیی و سێکسوالیتێتی خۆی، ئەگەر بناغەیترین مافەکانی ژنان نەبێت لە کوردستاندا، ناتوانین قسە لە لەدایکبوونی بزووتنەوەیەکی یەکسانیخوازانەی ژنان بکەین لەوێ.پاش ئەم جیاوازییە گرنگانەی کە سیستەمی باوکسالاری لەسەریەوە توانای خۆبەرهەمهێنانەوەی هەیە و پەلامارەکانی خۆی لەژێرپەردەی دەیەها دەمامکی جۆراوجۆردا دەشارێتەوە و قوربانی دەگرێت، ئاسانتر دەتوانین لە لاوازی ئەو خوێندنەوەیە تێبگەین کە کوشتنی ژن لەژێر ئالاکانی شەرەفدا دەکاتەوە بەکوشتنێکی ئاسایی و شیعاری “کوشتن هەر کوشتنە” لەبەرانبەر تاوانەکانی شەرەفدا بەرزدەکاتەوە. نەبیننینی ئەو کەش و هەوا کولتورییەی کە سیستەمی باوکسالاری کۆن سەرجەمی کۆمەڵگای پێ زەهراوی دەکات و نکۆڵی کردن لێی و پەردەپۆشکردنی رەهەندە کولتورییەکەی ئەم تاوانە بە ناوی “کوشتن هەر کوشتنە”وە، لە دوائەنجامدا بە هیچ ناگات جگە لە ئاوکردن بە ئاشی کۆنەپەرستییەکدا کە لەسەر بنەماکانی ڕاسیستێکی ڕوون و ئاشکرا ڕاوەستاوە و دواپەیامیشی بە درێژەپێدان بە ئاپارتایدیکی جنسی کۆتایی پێدێت. ئاخر کاتێک پیاوێک لە سویددا یان لە ئەڵمانیادا کە سیستەمی باوکسالاری تیایدا لەسەر چەمکی شەرەف نییە وبە پێچەوانەوە لەسەر سێکسوالیتێتی جەستەی ژن کاردەکات وژنەکەی دەکوژێت، بەمە سەربەرزی خۆی بەدەست ناهێنێت و شەرەفێکی لەدەستچوو ناکڕێتەوە. بەڵکو ئەو دەکوژێت تاسەرشۆڕی بچنێتەوە و شەرەفی ئینسانی خۆی لەدەست بدات. ئەو ناکوژێت چونکە کۆمەڵگای دەرەوەی ئەو پێی دەڵێت: بکوژە و شەرەف بکڕەرەوە. بەڵکو ئەو دەکوژێت و کۆمەڵگا مۆری شێت بوون و نەخۆشبوونی بەناوچەوانەوە دەنێت. من لە شوێنێکی تری ئەم نوسیتەدا ئاماژەیەکم بەوە کرد کە بۆچی میدیای سوید و ئەوروپاش بەگشتی لە کاتی بەشێک لە تاوانەکانی پەنابەراندا بە خواستی خۆیان رەهەندی کولتوری تاوان لەبەرچاودەگرن و یان ئامانجدارانە نکۆڵی لێدەکەن. ئەوەی لێرەدا پێویستی بە بیرهێنانەوە هەیە بە تایبەت لە کەیسی تاوانی شەرەفدا و نکۆڵیکردن لەو جیهانە کولتورییەی تاوان کە بەدەستهێنانەوەی شەرەفێکی لەدەستچووە، لە دوا ئەنجامدا بە شانخاڵیکردنەوەیەکی گەورەی دەوڵەت کۆتایی پێدێت بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە نەبێتەوە. ئاخر ئەگەر دان بە ڕەهەندی کولتوری ئەم تاوانەدا بنرێت و موتیڤەکانی پشت دووبارەبوونەوەی ئەم پرسیارە قبوڵبکرێت، ئەوە بە مانای سەرفکردنی ئیمکاناتێکی زیاترە بۆ ئەم کێشە تایبەتییەی بەشێکی زۆری خێزانی پەنابەران. بە مانای فەراهامکردنی ماڵی ئامنی زیاتر و کەسانێکی زیاتر کە کارشووناسی ئەم بوارەن و دابینکردنی ئامرازەکانی پاراستنی تایبەتی بۆ ئەو ژنانەی کە لەژێر هەڕەشەی خێزان هەڵهاتوون و کارکردنێکی زیاترە لەگەڵ پرسیارەکانی بەرابەری لە پەیوەند بەم خێزانانەوە. ئەمانە هەمووی پرسیاری ئابوورین و لە کیسەی دەوڵەت دادەتەکێنێ. پەسەندکردنی ڕیوایەتی تاوان هەر تاوانە بە مانای مانەوە لەهەمان چوارچێوەی بودجەی تەرخانکراوی ساڵانەی دەوڵەت بۆ کەمکردنەوەی زەبروزەنگی پیاو بەرانبەر ژنان. “بەرابەری لە چوارچێوەی سەرمایەداریدا دەبێ پارەی تێبچێت” بەڵێ، پرسیاری بەهرەمەندبوونی ژنانێکی پەنابەر لە چوارچێوەیەکی زیاتری بەرابەری، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کێشە تایبەتییانەی کە دەستەخوشکەکانی تری خۆیان ڕووبەڕووی فشاری خێزان و چەقۆکانی شەرەف نین، بە مانای سەرفکردنی پارەیەکی تر بۆ پاراستنی ئەوان. ئینسان دەتوانێت خەباتکارێکی جدی دژی راسیزم بێت و سڵ لە وتنی راستییەکانیش نەکاتەوە و بشزانێت لە پشت جووڵانەو تەنانەت خوێندنەوەکانی دەسەڵاتیشەوە، چ ڕاسیزمێکی تر شاراوەیە.
ناسیۆنالیزم و تاوانی شەرەف
یەکێک لەو ئەکتەرە گرنگانەی کە لە پەیوەند بە تاوانی شەرەفەوە دەبێ جێگایەکی تایبەتی پێبدرێت ناسیۆنالیزمە. فاکتەرێک نەک بە هیچ شێوەیەک تیشکی نەخرایە سەر، بەڵکو وەک ئەکتەرێکی پشتی پەردە گەورەترین ڕۆڵی بینی. ئەم ڕۆڵەی ناسیۆنالیزم لە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی چەمکی شەرەفدا لە ئەوروپادا خۆیی دەردەخات و هاوکاتیش لە بە پیرۆزڕاگرتنی وێنەکانی نەتەوەدا بە دوا پلەکانی خۆی دەگات. ئەم ڕۆڵە گرنگەی ناسیۆنالیزم چ وەک ئەکتەرێک و هاوکاتیش وەک ئاڵاهەڵگری وێنە بێگەردەکانی نەتەوە، دوو بابەتی تاڕادەیەک لەیەک جیان و من هەریەکەیان لە شوێنی خۆیدا باسدەکەم. بەڵام با سەرەتا لەو خاڵەوە دەستپێبکەم کە ڕۆڵی ناسیۆنالیزمە لە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی خیتابی شەرەفدا بە شێوەیەکی تر.ئەگەر زۆر دوور نەگەڕێینەوە و سەرنجێکی شانۆگەری داخستنی پارتی کاری سەربەخۆی کوردوستان بدەین لەم چەند مانگەی پێشوودا وە بە تایبەت یەکێک لەو هۆکارانەی کە ئەم حیزبەی پێی دادەخرێت لەلایەن دەسەلاتدارانی حوکومەتی پارتییەوە، ئەوا لە نامەکەی تاریق سدیق رەشیددا بۆ داوەری دادگایی بەرایی هەولێردا ئەم دێرَانە دەبینین:”بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیری مانگانەیان هەیە بە ناوی مۆم کە بزاڤی ئافرەتانی کوردستان دەریدەکەن و سەر بە پارتی کاری سەربەخۆیی کوردستانە و لە ژمارە 3 بڵاوکراوەکەیان دا نووسراوێکیان تێدا بڵاوکردۆتەوە لە لاپەڕەی 3 لە ژێر ناونیشانی مافی ئافرەت لە چییەوە دەبینن کە ڕاستەوخۆ هێرشی کردۆتە سەر داب و نەریتی کۆمەڵایەتی و ئایینییەکانمان لەوانەش دەڵێ( پێویستە ئازادی لە سێکس کردندا هەبێت لە نێوان ئافرەت و پیاودا) وە لە لاپەڕەی 7 بەهەمان شێوە دەڵێ( ئازادی هەڵبژاردنی شێوازی جل وبەرگ و ئازادی کار و ئازادی سێکسی و شووکردن یان شوونەکردن دەستبەر بکەن.”
لەم دێڕانەی سەرەوەدا کۆمەڵێک ڕاستی گەورە هەن کە پێویستیان بە ڕوونکردنەوەی زیاترە بە تایبەت لەو شوێنەدا کە هێڵی بەژێردا کێشراوە لەلایەن منەوە. هێنانەوەی ئەم بەشەی نامەی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ داوەری دادگای بەرایی هەولێر، بە جیا لە هەر گاڵتەجارییەکی دیموکراسی لە پەیوەند بە داخستنی حیزبێکی سیاسییەوە، دەرخەری هەڵوێستێکی راستەقینەی ناسیونالیزمە لە پەیوەند بە مەسەلەکانی ئازادی ژنانەوە. ئێمە لە زۆر ڕووداوی سیاسی تری کوردوستاندا شایەنی چەندبارەبوونەوەی ئەم هەڵوێستەی ناسیۆنالیزم بووین بە تایبەت لە پەیوەند بە کێشەکانی نێوان ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان و و دەسەڵاتدا. ئەوەی کە جێگای سەرنجە دەستەواژەی “هێرشکردنە سەر داب و نەریتی کۆمەڵایەتی ئێمەیە”. ئەگەر وشەی نەریتی ئایینیشی لێ دەربهێنین ، کە من ئامانجدارانە ناینووسمەوە و زیاتر لەم نامەیەدا بۆ ڕاکێشانی دەستی کۆنەپەرستی ئایینی کۆمەڵگای کوردستانە بۆ چوونە پشتی ئەم بانگەوازە لەلایەن ئەوانەوە، ئەوا یەک تۆزقاڵیش لە ناوەڕۆکی ئەم خیتابە ناسیۆنالیستییە کەم ناکاتەوە. هێرش کردنە سەر داب و نەریتی کۆمەڵایەتی هیچ شتێک نییە جگە لە پەیامێک کە هەمیشە دەبێت لەبەرانبەر مافە سەرەتاییەکانی ژناندا بەرزبکرێتەوە. ئەگەر ئەم وشانە کەمێک ووردتر بکەینەوە ئەوا بەمجۆرەی لێدێت. دەستگرتن بە داب و نەریتی کۆمەڵایەتی کۆمەلگای کوردستانەوە یەکێک لە پێشمەرجەکان و شەرتە گرنگەکانی مافی ئافرەتانە. ئەم وشانەش لە دوا ئەنجامی خۆیدا هیچ شتێک نییە جگە لەدرێژەپێدانی ئەو سیستەمی کۆنترۆلەی دەسەڵاتی باوکسالاری بەسەر جەستەی ژنانەوە بۆ هێشتنەوەی لە ناو چوارچێوەکانی کولتورێکدا کە دەسەڵاتی باوکسالار دایناوە. لە دوا ماناکانی خۆیشیدا جگە لە کۆنترۆڵکردنی سێکسوالیتێتی ژنان هیچ مانایەکی تر نادات بە دەستەوە. بەڵام ئێمە لەبەردەم خیتابێکی ئایینیدا نین وەک هێندەی هێزێکی ناسیونالیستی ئەم وتانەی درکاندووە. بۆچی دەسەڵاتێکی ناسیۆنالیستی سوورە لەسەر هێشتنەوەی ئەم خیتابەدا؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە باشترە سەرنجێک لە سیستەمی باوکساری ناو ناسیۆنالیزم بدەین تاکو لایەنە شاراوەکانی “دەستگرتن بە داب و نەریتی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردییەوە” زیاتر خۆیمان نیشان بدات.
کەم دەسەڵاتی باوکسالاری هەیە هێندەی ناسیۆنالیزم لەسەر دووبارە دابەشکردنەوەی ڕۆلەکانی نێوان نێر و مێ بە ڕاشکاوانە پەیامی خۆی درکاندبێت. بەڵام کەمیش دەسەڵاتی باوکساری هەیە هێندەی ناسیۆنالیزم سەرکەوتوو بوو بێت لە شاردنەوەی ئەم پەیامەی سیستەمی باوکسالاریی خۆیدا. بۆ ئەوەی ئەم خاڵە هاوبەشە ڕۆشنبکرێتەوە؛ ڕاگەیاندنی ڕاشکاوانەی پەیامی خۆ و هاوکاتیش شاردنەوەی، چەمکی نەتەوە و خودی نیشتیمانیش دەتوانێ کۆمەک کەر بێت. لە تەواوی زمانەکانی دنیادا هەردوو چەمکی نەتەوە و نیشتیمان خاوەنی ڕەگەزێکی فێمینین، واتا مێینەن. کاتێک ناسیۆنالیزم چ نیشتیمان و نەتەوەش بە مێ دەکات، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ تەواوی بەهاکانی سێکسوالیتێتی مێینە لە نیشتیمان و نەتەوەدا بەرجەستەدەکاتەوە. هەر لەسەر ئەم سێکسوالیتێتی نیشتیمان و نەتەوەیشەوە دووبارە بەرپرسیارێتی نێرێتی و مێێتی ڕۆڵەکانی نەتەوە، چ پیاوان و چ ژنان دووبارە بەرهەمدەهێنرێتەوە. پیاوانی نەتەوە ئەو شێرە کون لەجەرگدا نەبووەن کە بۆ پاراستن و گیان فیداکاری بۆ ئەم دایکە، نیشتیمان، دەبێ هەموو کاتێک لە ئامادەباشدابن لەبەرانبەر پەلاماری سەربازانی نەتەوەی دیدا. ژنانیش ئەو سەربازانەی پشتی جەبهەن کە بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی نەتەوە چ لە باری کولتوری و چ لەباری بایۆلۆجییەوە دەبێ ئەرکە نیشتیمانییەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن. سەربەرزترین ژن لەم جیهانەی ناسیۆنالیزمدا ئەو کەسەیە کە جەنگاوەرانی دلێر و قارەمان پێشکەش بە شەڕەکانی نەتەوە دەکات. بۆیە کردەوەیەکی سەیر نییە کە لەبەرانبەر کوشتنی سەدان هەزار سەربازی عێراقیدا لەبەرەکانی جەنگدا، هێرشی “حملە الانجاب” دەبێتە ئەو ئەرکە نیشتیمانییەی دایکانی عێراق بۆ هاوبەشیکردنیان لەم جەنگەدا. بەڵام هەموو مناڵێک بۆ شەڕەکانی نەتەوە پێویست نین ئەگەر سەربازانێکی ئاییندەی گیان لەسەر دەستی نیشتیمان نەبن. بۆیەش پارەی ئەو ژنەی کە کوڕی دەبێ دووبەرابەری پارەی ئەو منالِەی تر دەبێ کە کچە. ” بۆ هەموو سەربازێکی سێربی کە لەبەرەکانی جەنگدا دەکوژرێت، وا پێویست دەکات کە دایکانی سێرب سەد سەربازی تر بەرهەمبهێننەوە.” بانگەوازی سەر لەشکری سێربەکانی بۆسنێ لە هەر شوێنێکی دنیادا جەنگەکانی ناسیونالیزمی لێ بووبێت، دەنگدانەوەی خۆی هەیە. بەڵام هەموو دایکێکی نەتەوە ناتوانێت سەربازی جەنگاوەر پێشکەش بە نیشتیمان بکات، بەڵکو تەنها:” ئەو دایکانەی کە پاکن و داوێن پاکن”. ئەم ڕستەی دوواییان بانگەوازە بەناوبانگەکەی هێتلەرە بۆ کچانی ئەڵمانی. بەکەمێک ووردبوونەوە لەم وشانە بۆمان ڕۆشندەبێتەوە کە ژنانی “داوێن پیس” ناتوانن سەربازانی جەنگاوەر پێشکەش بە نەتەوە بکەن. ئاخر ئەوان هەموو نرخەکانی شەرەفیان لەدەستداوە و “زۆڵیان” پێشکەش بە نەتەوە کردووە. سەیر نییە کە لە زمانی کوردیدا ئێمە ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئەم دەستەواژانە نەبینەوە کە :جاشەکان زۆڵە کوردن. ئەوان ئەو کەسانەن کە دایکی خۆیان(نیشتیمانی خۆیان) بە داگیرکەران فرۆشتووە. هەر بۆیە سەیریش نییە لە ناو ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەدا کەسێک بدۆزیتەوە کە زۆڵ بێت. هێزی پێشمەرگەی ناسیونالیزم جێگای هەموو ئەو کەسانەیان تیادەبێتەوە کە “هەتیو بازن” و لەپاڵ ئەم شوناسانەشیاندا هێندەی تر شوناسی قارەمانێتی بوونییان دەچێتە سەر. بەڵام بۆ زۆڵێک یان هەر پیاوێکی تر، کە ڕەنگە بە مناڵی لاقەی کرابێت هەر لەلایەن ئەو جەنگاوەرانەوەی کە هەتیوباز بوون و دەکرێ “ئازاترین” جەنگاوەری شەڕ بێت، ناکرێ و ناشتوانێ شەرەفی بەرئەندام بوونیش بەدەست بێنێت.
بەڵام بانگەوازی داوێن پاک بوونی ژنەکانی نەتەوە هیچ شتێکی تر نییە جگە لە پەیامی ئەم سیستەمە باوکسالارییەی ناو ناسیۆنالیزم بۆ دووبارە کۆنترۆڵکردنەوەی سێکسوالیتێتی ژن. پرۆژەی سەرپەڕاندنی ژنانی لەشفرۆشی قوربانییەکانی گەمارۆی ئابووری لەسەر عێراق لە دووساڵی رابردوودا لە شارەکانی بەغدا و بەسرەدا، هیچ شتێکی تر نییە جگە لە وەفاداربوونی ناسیۆنالیزم بە پەیامی “لتعش الماجدات العراقییات”ی ڕژێمی بەعسەوە. بەڵام بۆ ئەو ژنانەی کە نەیانتوانی ناونیشانی “الماجدات” ی نەتەوە بپارێزن و لەشی خۆیان فرۆشت، بەمە تواناییەکانی دایکایەتی خۆیان بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی کوڕە بەشەرەفەکانی نەتەوە لەدەستدا.بەڵام ئەم ئەرکە نیشتیمانییە پیرۆزەی کە ناسیونالیزم بە ژنانی نەتەوەی دەسپێرێت، هاوکات دەبێتە تەوقێکی ئاسنین و لە گەردنی ژنانی نەتەوەی دی دەئاڵێنرێت. ئەم تەوقە ئاسنینەی ژن کە دەکرێتە ئەو ماکینەیەی کە دەبێت سەربازانی دیکە بۆ نەتەوە فەراهام بکات و ببێتە هەڵگری درێژەپێدانی پەیامی کولتوری نەتەوە، لە کاتی جەنگەکاندا بە ئاسانی دەردەکەوێت. پرۆژەی لاقەکردنی ژنانی نەتەوەی دوژمن ناکرێت وەک غەریزەیەکی دڕندانەی سەربازانی نەتەوەی ئەمبەر چاوی لێبکرێت، بەڵکو ئەتکردن و پیسکردنی هەموو بەها کولتوریەکانی نەتەوەی ترە. ئەم چەکە کوشندەیە ئەمڕۆ لە زۆر جێگای دنیادا گەورەترین تراژیدیای خوڵقاندووە و قوربانییەکانی ئەو لە بۆسنێ و لە ڕواندادا، بێبەشترین کەسەکانی دوای خامۆشبوونی تەقەی تفەنگەکانن. ئەوەی لەم پرۆسەی لاقەکردنەدا خاڵی سەرەتایی و بگرە ناوەندی ئەم کردارە سێکسییەیە، ئەو وێنەیەیە کە ناسیۆنالیزم لە نیشتیمان و نەتەوەی دروستکردووە. بە فێمینی کردنەوەی نەتەوە و نیشتیمان لەلایەن ناسیۆنالیزمەوە، تەواوی بەهاکانی شەرەفی ئافرەت لە نیشتیمان و نەتەوەدا کۆدەکاتەوە. کاتێک سەربازێکی سێربی لاقەی ژنێکی بۆسنەیی دەکات، ئەو دەیەوێت لە پێش هەموو شتێکەوە لاقەی نیشتیمانی سەربازانی بۆسنەیی بکات. ئەم پرۆسەی لاقەکردنە هێندە بە مانای پیسکردنی پیرۆزترین خاڵە گرنگەکانی سەربازانی ئەو بەرە، هێندە کردارێکی لەزەتبردن لە سێکی ژنان نییە. ئەو بەم کردارە نیشتیمانی سەربازانی بەرانبەر لاقەدەکات، ئەو نیشتیمانەی کەسەربازی ئەوبەر ئامادەیە گیان فیدایی بۆ بکات و ڕۆح لەسەر دەست بێت بۆی. چی لەوە گرانترە بۆ سەربازێکی ناسیۆنالیست کاتێک پێی بڵێی کە نیشتیمانت لەلایەن سەربازانی ئەو بەرەوە لاقەکراوە. ئێستا لە ناوەڕۆکی ئەو بەیتە شیعریانە دەگەین کە دەڵی: نیشتیمانم ئافرەتێکی ڕووت و قووتە و دوژمنانیش دەست بۆ قیتکەی مەمکی دەبەن. ئێستا لە مەغزای ئەو ناونیشانانە دەگەین کە لەسەر سنگی ڕۆژنانەکانی ئەوروپادا هەڵکۆڵراوە و داگیرکردنی عێراق بۆ کوێت دەکاتە لاقەکردنی کوێت لە لایەن عێراقەوە. ئێستا لە مەغزای وتەکانی ڤرجینا وڵڤ دەگەین کە دەڵێ:”وەک ژن من هیچ نیشتیمانێکم نییە. وەک ژن من هیچ نیشتیمانێکم ناوێت. وەک ژن نیشتیمانی من هەموو سەر زەوییە.” کاتێک لە مەغزای پاک بوون و داوێن پاکبوونی ژنەکانی ناسیۆنالیزم گەیشتین، ئەو ژنانەی کە ئەگەر لە وتارێکی حەماسییانەی سەرکردەیەکی ناسیۆنالیستدا جێگای ستایشکردنێکیان پێ ڕەوا ببینرێت، ئەوا بە ئاسانی گوێت لە وشەی ژنانی بەشەرەفی کوردستان دەبێت. بەشەرەف بوونیش هیچ مانایەکی دیکە ناگەێنێت جگە لەم بانگەوازەی ناسیۆنالیزم بۆ کۆنترۆڵکردنی سێکسوالیتێتی ئەوان. ڕەنگە هێنانەوەی نمونەیەکی سادە ڕەهەندە شاراوەکانی ئەم خیتابەی ناسیۆنالیزممان بۆ ڕۆشنتر بکاتەوە. شیعاری “یەکپارچەیی خاکی عێراق، ئێران یاخود تورکیا” بۆ هەمووان ئاشکرایە. ئەم شیعارە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سەرکوتگەری خەڵکی کوردستانەوە بەرزکراوەتەوە، تەنها و تەنها یەک مەبەست لە پشتیەوەیەتی کە ئەویش جیابوونەوەی کوردستان و شکاندنی ئەفسانەیی یەکپارچەییە. بەڵام لە نێوان “یەک پارچەیی خاکی عێراق… ” و “دەستگرتن بە داب و نەریتی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردییەوە” خاڵێکی بنەڕەتی هاوبەش هەیە. ئەویش پرۆسەی جیابوونەوەیەکە کە ئیمکانی ڕوودانی هەیە. لە باری یەکەمیاندا خواستی جیابوونەوەی کوردستانە لە دەوڵەتە سەرکوتگەرەکانی کوردستان. دووەمیشیان خواستی جیابوونەوە و ڕزگارکردنی جەستەی ژنانە لە دەسەڵاتی کۆنترۆڵی باوکسالارێک. خاڵێکی گرنگ کە دەبێ شایەنی سەرنجدانێکی ووردتر بێت، ئامادەیی چەمکی (دەستگرتن بە داب و نەریتی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردییەوە) لە دەرەوەی کوردستان و لە ئەوروپادایە کە سەد هێندەی تر بارگاوی دەبێت بە خیتابێکی ناسیۆنالیستییەوە لە کۆمەڵگای نوێدا. ئەمجارەیان ڕۆڵەکانی نەتەوە لەبەرانبەر تاقیکردنەوەیەکی گەورەتردان بۆ بەرزڕاگرتنی پەیامی بەشەرەفبوونی ژنەکانی نەتەوە. ئەوەی لەم دۆخە تایبەتییەدا دەبێ سەرنجێکی زیاتری بدرێتێ جەبرەکانی ژیانی پەنابەرێتی و خستنەدەرەوەی پەنابەرە لە کۆمەڵگای نوێدا. “لەدەرەوەیی” لەمڕۆکەی ئەوروپادا تەنها بەو گەڕەکە پەنابەر نشینانە ناوترێت کە لە گێتۆکانی سەردەمی دەسەڵاتی نازیستەکانی ئەڵمانیا دەچێت و لەناو جەرگەی شارەکانی ئەوروپادا کۆمەڵگایەکی تری لەناو هەناوی کۆمەڵگادا دروستکردووە. بەڵکو چەمکی “لە دەرەوەیی” ئەم مانا جوگرافییایەی خۆی لەدەست دەدات و سەرتاپای ژیانی پەنابەر دەگرێتەوە. تۆ لەدەرەوەی کۆمەڵگادا نیت هەر لەبەر ئەوەی لە گەڕەکێکی پەنابەر نشینی دابڕاو لە کۆمەڵگادا دەژیـت، بەڵکو تۆ لەدەرەوەیت چونکە پێناسەکانی کۆمەڵگای نوێ کە هەمیشە لەسەر دووبارە بەرهەمهێنانەوەی شوناسی “ئێمە” ی سویدی و ئەڵمانی و هولەندیە و تەواوی “ئەوانی دی” دەخاتە دەرەوەی سنوورەکانی کۆمەڵگای نوێوە. سەرڕەشبوون لەمڕۆی لە ئەوروپادا مۆرێکە و بەناوچەوانی ملێۆنەها ئینسانەوە هەڵکۆڵراوە. ئەمە تەنها مۆری هەڵکۆڵراوی سەر ناوچەوانی ئەو کەسانە نییە کە لە ڕۆژگارێکدا هاتوونەتە ئەم وڵاتەوە، بەڵکو هەموو ئەو ئەوانەش دەگرێتەوە کە لە دایکێک یان باوکێکی سەر ڕەشن و یاخود لەلایەن دایک و باوکێکی سویدی یان ئەڵمانییەوە هەڵگیراونەتەوە . بەرزڕاگرتنەوەی دیوارەکانی نێوان “ئێمە” ی کۆمەڵگای نوێ و “ئەوان” ی تری کەسەر بەم کۆمەڵگایە نین، پرسیاری شوناس دەکاتە یەکێک لە دەمودەسترین و ئامادەترین پرسیارەکانی پەنابەر. کەم نەبوون ئەوانەی کە لە وڵاتی یەکەمی خۆیاندا سەریان لەبەردەم خوای گەورە و تەبارەک وە تەعالادا دانەئەنواندوو ئەوروپا ڕیشی پێهێشتنەوە و کردنیە فەندەمینتالیست. کەم نەبوون ئەوانەی ڕۆژێک ئاخێکیان بۆ کورد هەڵنەڕێشت و لە ئەوروپاشدا دەست بڵندترین چۆپیکێشەکانی جەژنەکانی نەورۆزی هۆڵەکانی ئەوروپان. لەناو ئەم جەنگی شوناسانەدایە کە ئینسان باشتر لە جەژنگرتنی چوارشەممەسووری ئێرانییەکان تێدەگات کە بە شێوەی کەرنەڤاڵێکی گەورەی ئێرانی لەشەقامەکانی ئەوروپادا دەگیرێت. دیاردەیەک کە لە هەشتاکانی ئەوروپادا بوونی نەبوو. بەڵام لەمڕۆدا بەبەرچاوی گەورە مێدیاکانی دنیاوە ڕێزی لێدەگیرێت. فەرهەنگێگ کە خاڵی دەست بۆ بردنی پەیوەندی بە نزیکایەتی ئینسانەکانی کۆمەڵگای ئێرانییەوە نییە بۆ یادکردنەوەی ترادیسێۆنێکی خۆ، بەڵکو هۆکاری سەرەکییەکەی بڵندکردنەوەی شوناسێکی کولتورییە لەبەرانبەر کۆمەڵگایەکدا کە بەبێ شووناس لەقەڵەمیان دەدات. کەم نین ئەوانەی کە لەگەڵ دایک و کەس وکاری خۆیاندا دەکەوتنە شەڕ و جاجمیان بە فەرهەنگی لادێییانە لەقەڵەم دەدا و لە زبری ئەم پارچەچنراوە دەیان ناڵاند، کەچی لەمڕۆدا ماڵەکانی خۆیان کردۆتە ژووری فەرشفرۆشەکانی شارەکانی کوردستان. لەناو ئەم پرۆسەی داخستنە کۆمەڵایەتییەی پەنابەراندایە کە دەستبردنەوە بۆ کولتوری خۆ مانا پەیدادەکات. لەم هەلومەرجەدایە کە دەستگرتن بە کولتوری خۆییەوە دەبێتە پەیامی خێزانی کورد و تورک و زۆرێک لە گرووپە ئیتنییەکانی تری ئەمڕۆی ئەوروپا. ئەگەر دەستگرتن بە داب و نەریتی کۆمەڵایەتی کوردییەوە لە کوردستاندا پێویستی بە دووبارە وتنەوەوەیەکی هەمە ڕۆژە نەبێت بەوەی کە ئەلتەرنەتیڤی ئەم دەستپیوەنەگرتنە بە شێوەیەکی کۆمەڵایەتی لەدەرەوە ئامادەیی نییە، ئەوا لە ئەوروپادا دەبێت وەک ئاڵایەکی هەمیشە هەڵکراو لەبەرچاوی کچ و ژنانی پەنابەراندا بەرزڕاگیرێت. چونکە لەدەرەوەی ئەم کەش و هەوا کولتورییەدا شێوە ژیانێکی تر هەیە کە سێکسوالیتێتی ئافرەت ناکاتە موڵکی باوک و برا و ئەندامانی تری خێزان و ئیمکانی ئەم یاخیبوونەی ژنان بۆ بەدەستهێنانی مافی جەستەی خۆ گەورەتر دەبێت. لێرەوە ئیتر ناسیۆنالیزم بۆ هێشتنەوە و دەستگرتن بە داوێنی داب و نەریتی کولتورییەوە، وێنەی پاکێتی و سەربەزی نەتەوە تێکەڵ بەم هاوکێشەیە دەکات. ئاخر ژنانی فارس کاتێک دەبنەوە بە خاوەنی جەستەی خۆ، شەرەفی نەتەوەیان پیسکردووە و لەسەر کچان و ژنانی کورد پێویستە هاوبەشی ئەم پرۆسەی پیسکردنی شەرەفی نەتەوە نەبن.
وێنەی کورد و نەفیکردنی تاوانی شەرەف
یەکێک لە بناغەیترین بەرژەوەندییەکانی بۆرجوازی لە دەستپێوەگرتن بە تیۆری ناسیۆنالیزمەوە، ئەو توانا سیحرییە گەورەیەی ناسیۆنالیزمە بۆ پەردەپۆشکردنی جیاوازی و بەرژەوەندییە جیاوازەکانی کۆمەڵگا. لەم دیدەدا دەموچاوی هەموو ئەندامەکانی نەتەوە لەیەکدەچن. بۆ ڕزگار بوونیش لە تەواوی مەینەتییەکانی کۆمەڵگا، نەتەوە و ڕزگاربوونی ئەو دەگۆڕدرێتەوە بە و گۆچانە سیحرییەی کە توانای چارەسەرکردنی هەموو دەردەکانی پێدەکرێت. ژنان ناتوانن خاوەنی مافێکی زیاتر بن ئەگەر نەتەوە ڕزگاری نەبووبێ. کرێکاران ناتوانن داوای کرێیەکی زیاتر بکەن ئەگەر دەولەتی نەتەوەیی نەبێت. لەم دەستگایەدا جەللاد و قوربانی لەسەر سفرەیەکی هاوبەش کۆدەبنەوە کە سفرەی نەتەوەیە. بۆیەش لەبەرانبەر کوشتنی فاتمەدا کوڕەکانی نەتەوە بۆ ڕزگارکردنی وێنە بێگەردەکانی ئەو بەدەنگی بەرز هاوارییان کرد کە تاوانی شەرەف لەناو کۆمەڵگای کوردیدا بوونی نییە. ئەوانەی پێیان وابوو خەباتێکی ناسیۆنالیستانەیان ئەنجامدا، نەک نەیانتوانی سەربازانێکی بەوەفای داکۆکیکەر لە وێنەکانی نەتەوە بن، بەڵکو ڕێک و ڕەوان بوون بەتەڵەی ئەو دیدەوە کە کوشتنی فاتمە لە شوێن پێی میللی باوکیدا دەبینێتەوە؛ ئەو خوێندنەوەیەی کە مێدیاکان بە شوێنیەوە بوون. ئاخر نەفیکردنی تاوانی شەرەف لە کۆمەڵگای کوردیدا لەو خاڵەوە دەستپێدەکات کە شوێن پێی ئیتنی تاوانبارە ، واتا لە کوردبوونی باوکی فاتیمەوە. لە کاتێکدا تاوانی شەرەف دیاردەیەکی کوردی نییە و جیهانبینییەکی گەورەی باوکسالارانەی لەپشتەوەیە کە ئەگەر هەمان دید بە هەمان چوارچێوەی فیکرییەوە لە ئەڵمانیاشدا دەربکەوێت، توانای دروستکردنی تاوانباری شەرەفی هەیە. بەڵام نەهیکردن لە بوونی چەمکی شەرەف بەو مانا باوکسالارییەی کە تاوانی شەرەف بەرهەمدەهێنێتەوە، نەک کۆمەک بە فاتمەکانی تری ئەوروپا ناکات، بەڵکو تفێکی گەورەش لە ڕووی ئەو بزووتنەوەیە دەکات کە خوازیارە “ڕەشەکوژی” ژنان لە کوردستاندا کۆتایی پێبهێنرێت کە ئەمڕۆ لە کوردستاندا و لە ڕێگەی قانوونەکانی دەسەڵاتەوە دەپارێزرێت. بەڵام وێنەی کورد بۆ دەبێ هەمیش بەرزڕابگیرێت؟ ئایا ئەوانەی کە بڕیاردەری جەنگی ناوخۆن و ئەوانەیشی قوربانی ئەو جەنگەن وەکو یەک وان؟ پەسەندکردنی چەمکی بەرزڕاگرتنی وێنەی کورد نەک کۆمەک بە میللەتێک ناکات کە ئاشقی ئازادییە، بەڵکو بە شێوازێکی تر دەبێتە هۆکارێک بۆ دوورخستنەوەی ئینسانی کورد لە خەونەکانیدا بە ئازادییەوە.
هەر ئەمڕۆکە بوونی هەزاران هەزار لە خەڵکی کورد لەدەرەوە هێزێکی گەورەی سیاسییە بۆ فشارهێنان بۆ سەر دەوڵەتە سەرکوتگەرەکانی کوردستان و دەستکۆتاکردنی ئەم دەسەڵاتانە بۆ هەر کردەوەیەکی سیاسی بۆ سەر ئەوان. بەڵام هاوکاتیش دەکرێ هەر ئەم هێزە بەرینەی دەرەوەی فاکتەرێکی گەورەی فشار بێت بۆ سەر دەسەڵاتدارێتی خودی کورد کە لەماوەی ئەم چەند ساڵەی دوایدا هۆکاری سەرەکی بێحورمەتی کردن بە خەڵکی کوردستان بووە. ئەگەر دەسەڵاتدارێتی ئەمڕۆی کورد بە هەموو شێوازێک لە شێواندنی وێنەی خۆی دەترسێت لەدەرەوە، هەر بەو هۆیەشەوە دەکرێ فشار هێنان بۆ سەر ئەم دەسەڵاتە بۆ ڕوونەدانەوەی شەڕی ناوخۆ هۆکارێکی کاریگەر بێت. دیفاعکردن لە تێزی پاک ڕاگرتنی وێنەی کورد لەدەرەوە، یەکەمین زەبری کوشندەیە لەو ڕێکخراوانەی کە بە تەنگ پارێزگاری کردن لە مافەکانی ئینسانەوەن لەکوردستاندا. کاتێک تێکنەچوونی وێنەی کورد بوو بە چاوپۆشیکردن لەو جومگە کوژەرانەی کە لە کولتوری کوردیدا ئامادەیی هەیە، بووە هۆی بەرهەمهێنانەوەی پانتاییەکی گەورەیی بێدەنگی لەبەرانبەر بە دەستدرێژییەکانی دەسەڵاتدارێتی کورد خۆیدا بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادییە سیاسییەکان، مافی ئافرەتان، ئازادی ڕادەربڕین، ئیتر “تێکنەچوونی وێنەی کورد” لەوە دەکەوێت فاکتەرێکی رادیکاڵ بێت. بەڵکو دەبێتە فاکتەرێکی کۆنسەرڤەتیڤ و ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە فراوانکردنەوەی سیستەمی سەرکوتدا.
دووا وتە
نێوانی ژووری زیندانی ئەو کەسەی کە بڕیاری ئیعدامکردنی بەسەردا دراوە و ژووری جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەی ئیعدامکردنە تەنها بیست مەترێکە. ئەگەر زیندانەکانی تەکساسی ئەمریکی شوێنی ئەم نمایشی مەرگە بێت. ئەو کەسەی بڕیارە ئیعدام بکرێت، دوو پۆلیس ئەملاولای دەگرن و پێکەوە بەرە و ژووری ئیعدامکردن ڕێدەکەون. پۆلیسێکیان بەدەنگی بەرز هاوار دەکات تا پۆلیسی ژووری ئیعدام ئامادەبێت. ئەو بە دەنگی بەرز دەڵێ:” پیاوە مردووەکە بەڕێوەیە” ئەم دەستەواژەیە لە هەرکاتێکدا ئیعدامکردن ڕووبدات، لەلایەن پۆلیسی زیندانەوە دەوترێتەوە. هەر ئەم نمایشەش یەکێک لە بەهێزترین دیمەنەکانی فیلمی “پیاوە مردووەکە بەڕێوەیە” ی “سوزان ساراندۆنە” کە خەڵاتی ئۆسکاری پێ وەرگرت و پرسیاری ئیعدامی بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە کۆنگرێسی ئەمریکدا بەرز ڕاگرت. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجدانە لە پەیوەند بە باسی منەوە لەم وتارەدا، ئەو نزیکایەتییە گەورەیە لە نێوان قوربانی تاوانی شەرەف و زیندانییەکی بڕیاری مەرگ بەسەردا دراوی زیندانێکی ئەمریکادایە. “پیاوە مردووەکە بەڕێوەیە” ئاماژە بە زیندانییەک دەکات کە ساتە وەختێکە بڕیاری مەرگی بەسەردا دراوە. ڕۆژی ئیعدامکردنەکەیشی تەنها نمایشێکی زیندووی ئەم پرۆسەی کوشتنەیە. کەسی فەرمانی مەرگ بەسەردا دراو، لەو ڕۆژەوەی هەواڵی مەرگی بەسەردا دراوە مردووە. ئەو لە ڕۆژی ئیعدامکردنیدا، تەنها ئەو مردووەیە کە دەکەوێتە ڕێ بۆ ئەوەی دوا نمایشی ئەم مەرگە ی خۆی راگەێنێت . ئەگەر ئەم دەستەواژەیە هەڵبگێڕینەوە و قوربانی فەرمانی مەرگ بەسەردا دراوی ئەم نمایشە بکەینە ژنێک، ئەو کاتە دەبێتە:” ژنە مردووەکە بەڕێوەیە”
ئەو ڕۆژەی ژنێک بە تاوانی شەرەفەوە دەکوژرێت، تەنها دوا نمایشی ئەم پرۆسەی مەرگەیە. ئەو، ئەو مردووە زیندووەیە کە لە ڕۆژی چاوکردنەوەیەوە و ناسینی سنوورەکانی دەوروبەری خۆیەوە، لەگەڵ بڕیاری مەرگدا دەژی. “شەرەفی ئێمە بە تۆیە. ئەگەر هەنگاوێکت لەوی دیکە درێژ تر بێت، لێتدەکەوێت. ئەگەر کەوتیش، خۆت دەزانیت چی چاوەڕوانت دەکات” ئەم وشانەی کوڕێکی پەنابەر لە دەرەوە دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە کۆمەڵگای کوردیدا هەیە. ئەمە ئەو وشانەن کە هەموو کیژۆلەیەکی مناڵ لە تەمەنێکی کەمەوە دەیبیسێت. لەم تەمەنەدا قسە لەسەر کردەوەیەکی سێکسی نییە، هێندە نەبێ کە بە زمانی ئامۆژگارییەکی دایکانە بۆ کیژۆڵان هەڵدەڕێژرێت. کچەکەم بازی گەورە نەدەیت ، نەکەی سواری پاسکیل بیت.
لە کۆمەڵگای کوردیدا کچان و ژنان لەگەڵ هەڕەشەی مەرگدا گەورە دەبن و دەست و پەنجە نەرمدەکەن. ئەوان دەزانن کە بڕیاری مەرگ دەمێکە بەسەریاندا دراوە. ئەوان ئەو مردووە بەسەر زیندووانەن کە ڕۆژانە بەبەرچاوماندا دەگەڕێن. ڕۆژی کوشتنیان، کۆتایی مەرگیان نییە، بەڵکو کۆتایی گەڕانی مردوویەکە کە چیدی توانای گەڕانی نامێنێت. فاتمە ئەو ڕۆژە نەکوژرا باوکی فیشەکەکانی نا بەسەریەوە، فاتمە دەمێکە کوژراوە و بە مردوویی بەبەرچاوماندا دەگەڕێ. ئەو لە ڕۆژی پێوەنانی فیشەکەکاندا ئیتر وەک مردوویەک دووا نمایشەکانی گەڕانی ئەم مردووە زیندوەی پێ ڕاگەیاندین.
من لەم نووسینەدا کەمتر خۆم لەقەرەی ڕۆڵی ئایین دا لە کاریگەرییەکانی بۆ بەرهەمهێنانەوەی چەمکی شەرەفدا. ئەویش لەبەر ئەو ڕاستییە سادەیەی کە بەستنەوەی شەرەفی خێزان و خێل بە سێکسوالیتێتی ژنانەوە مێژوویەکی درێژتری لە مێژووی ئاینەکان هەیە. دەسەڵاتی باووکسالاری ناو ئایین کە بێ پەردە قسەی خۆی کردووە لە پەیوەند بە ئافرەتاندا، بە پیرۆزی دەقە ئاسمانییەکان، ئەم نمایشەی شەرەف لە خەرمانەیەکی پیرۆزەوە دەئاڵێنێت.