لە پاسەوانی پاشاوە بۆ پاسەوانێتی “پاشا” بۆ ڕۆح.(1)

 

سەرنجێک لە خیتابی بە کوردکردنی مەحمود ملیجی و کامەران کەمال بەگ !

لە وێنەی “کامەران کەمال بەگ” ووردەبمەوە، وێنەیەک کە ئەم ناونیشانە بە خەتێکی گەورە لەسەریەوە ئاوا دەیناسێنێت:” بۆیەکەم جار لە مێژووی هۆڵەندەدا، کوردێک وەک پاسەوانی شەرەفی سەربازی مەلەکی سوێندی یاسایی خوارد”. کامەران لە ناو کۆمەڵێک بەرپرسیاری سەربازی هۆلەندەدا ڕاوەستاوە و لە نیگایدا شادیەکی مەزن دەبینرێت. شادییەک کە گێڕەرەوەی سەرکەوتنێکی فەردییانەیە بۆ خۆ، تەواوکردنی کۆمەڵێک خوێندنی سەربازی کە لە ئەنجامیدا دەرفەتی کارکردنی بۆ سازدەکات وەک پاسەوانی شەرەفی مەلەکی هۆلەندا. بەڵام لە پشت نیگای شادی چاوانی خودی کامەرانەوە، شادییەکی گەورەتر دەبینرێت. شادییەک کە لە نیگای کامەراندا نییە و دەکەوێتە باک گراوندی وێنەکەوە.  ئەو شادیەی کە لە ڕووخساری هەموو ئەو کەسانەدا دەردەکەوێت کاتێک لە سایتی کوردستان نێتدا هەواڵەکە سەرنجییان ڕادەکێشێت. بەخشینی جێگایەکی تایبەتی بە هەواڵەکە و بەرجەستەکردنەوەی، گێڕەرەوەی ئەو مەزنییەیە کە وێنەکە هەڵگریەتی.
 وێنەی کامەران کەمال بەگ  بە سایتی کوردستان نێتەوە، ئیتر وێنەی شەخسی کەسێک نییە کە جێگاکەی ئەلبوومی یادگارەکانی ئەو پڕدەکات و لە بۆنەو سەردانی جوراوجۆری ئازیزاندا، لەپاڵ وێنەکانی تردا نیشاندەدرێت. وێنەی کامەران  بە سایتی کوردستان نێتەوە، ئیتر دەبێتە ئەو وێنە گەورەیەی کە ملیۆنان دەمووچاوی لە خۆی گرتووە و زیاتر بە وێنەیەکی بچوککراوەی نەتەوە دەچێت.
 بەڕیِوەبەری سایتی کوردستان نێت لەپاڵ بلاوکردنەوەی هەوالەکەدا دەنووسێت:” ئێمە وەک کوردستان نێت پیرۆزبایی لە کاک کامەران کەمال بەگ دەکەین و هیوادارین سەرکەوتوو بێت. وە هەوڵدەدەین لە پاشەڕۆژێکی نزیکدا چاوپێکەوتنێکی لەگەڵدا ئەنجام بدەین. وە هیوادارین گەنجەکانمان لە ئەوروپا کامەران ئاسا هەوڵبدەن و هەریەکە دوای کارێکی گونجاو بەخۆیان بکەون کە بتوانن لە پاشەڕۆژدا سوود بە گەل و نیشتیمانەکەیان بگەێنن.”
 لەپاڵ ئەم نیەتە پاکە ئینسانییەوە کە بەڕێوەبەری کوردستان نێت نبشانیدەدات و شایەنی ڕێزلێگرتنە، کۆمەڵێک وشەو دەستەواژە و سیمبۆلی گەورەتر هەن کە دەبێت سەرنجبدرێن. ئەم نووسینەی من کۆششێکە بۆ بینینی ئەو ڕووبەرە فراوانەی  کە لەپشت کە ئەم نییەتە ئینسانییە و ئاواتە گەورەیەی نووسەری دێڕەکانەوەوەیە . بە کورتیەکەی، بینینی ئەو دیوی وێنەکەیە.
 بێگومان منیش وەک بەرپرسی کوردستان نێت شەریکی ئەو ئاواتەم کە گەنجانی کورد لە دەرەوە سەرکەوتووبن و لەناو کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگای نوێدا بتوانن ڕێگایەکی دروست بۆ خۆیان هەڵبژێرن.
  بە کورتی: ئەگەر وێنەی شەخسی کەسێک لەوە دەکەوێت کە تەنها دەموچاوێکی تاک نەبێت و دەبێتە وێنەیەکی دەستەجەمعی، ئەوا بە هەمان شێوەش لەپاڵ بەرجەستەکردنەوە و ئاواتخواستنی من و کوردستان نێت و هەموو ئەو کەسانەی تر کە شەریکی ئەم ئاواتخوازیی و جەژنی شادی گرتنەن، کۆمەلێک وێنەی تر ئامادەییان هەیە کە دەبێت نیشانبدرێن.
 بەڵام بەرلەوەی سەرنجێک لە و وێنانە بەین و لێیان ووردبینەوە، باشترنییە کە بپرسین: ئایا ئەمە تەنها بەرجەستەکردنەوەی کەیسێکی پۆزەتیڤییانەی مێدیا نییە و یەکێک لە و هەواڵانە نییە کە هەمیشە مێدیاکان کەمتەرخەمییەکی گەورە نیشاندەدەن لەبەرانبەر بەرجەستەکردنەوەیاندا؟
 باشترە لەمەیان ووردبینەوە بەرلەوەی بچینە پشت وێنەکەی کامەران کەمال و وتەکانی بەرپرسی کوردستان نێتەوە.

مێدیا و ڕەهەندی مێدیایی هەواڵ

 “ئەدواردۆ گالیانۆ” لە ناساندنی بزوونەوەی چیاپاسی مەکسیکدا ئاوا دەیانناسێنێت:” ئەوان کۆمەڵێکی ماسککردوون کە خوازیاری داماڵینی ماسکەکانی دەسەڵاتن.” ڕۆڵی مێدیا بە جۆرێک لە جۆرەکان لەم وەزیفەیەدا کۆدەبێتەوە: داماڵینی ماسکەکانی دەسەڵات، نەک هەر تەنها دەسەڵاتی سیاسی، بە ڵکو دەسەڵات بە مانا فراوانە گشتییەکەی؛ دەسەڵاتی ئابووری، کولتوری و کۆمەڵایەتی.  
 هەر بۆیەش مێدیا ئەو ناوەندەیە کە لە نێوان جەماوەر و دەسەڵاتدا ڕاوەستاوە و گەیەنەر و پشکنەری ئەو کەموکوڕییانەیە کە لە سەرەوە و خوارەوەی کۆمەڵگادا  بوونی هەیە بەمەبەستی ئاگادارکردنەوەی دەسەلات لێی.  ئەگەر جەماوەر و دەسەڵات بوونی هەبێ ئەوە تەنها لە کۆمەڵگادا ئەم پەیوەندییەی نێوان ئەوان ڕەنگدەداتەوە. کۆمەڵگا بە دەسەڵات و جەماوەرەوە، بە خۆشی و ناخۆشییەکانیەوە ، بە پێکدادان و پێکەوەژیانیانەوە،  بە حەکایەتە بچکۆلەو گەورەکانیانەوە، هەر هەموویان شوێنی سەرنجدانی مێدیا دەبن. ئەوەی کە ئەمڕۆ خودی مێدیا دەسەڵاتێکی ترە و پێویست بە مێدیایەکی ڕادیکاڵ هەیە بۆ ئەوەی ئەم دەسەڵاتە جارێکی تر بخاتەوە ژێر پرسیار، باسی هەنووکەی من نییە و نامەوێت لێی بدووێم. بۆ من مێدیا ئەو ناوەندە بێلایەنە نییە کە چاوەڕوانی ئەوەی لێبکرێت ئەم ئەرکە سەرەکییە جێبەجێ بکات کە خراوەتە ئەستۆی، چونکە خودی مێدیا و کەسی کارکەر لەم بوارەدا،  لەناو تەووژمی ئەو هەموو بەرژەوەندییە جیاوازانەی کە لە کۆمەڵگادا بوونی هەیە، خۆی لە ناو یەکێکیاندا دەبینێتەوە بەبێ ئەوەی ئەم ئینتیما و لایەنگیریە بە شێوەی شوناسێکی ڕاگەێندراو نیشانبدات.
 دەرکردنی سەدان پەنابەر و خۆکوشتنی چەندانی دیکەیان لە کەمپی پەنابەراندا لە ڕۆژێکی ئەوروپادا، دەکرێ تاکە چەند دێڕێکی ڕۆژنامە و کەناڵەکانی تری مێدیا داگیر نەکات و پەڕینەوەی قازەکانی بەر ماڵی پاشا سەرنجێکی گەورەتری بەرکەوێت. ماڵوێرانییەکانی شەڕی ناوخۆ و ژمارەی قوربانیەکانی جەنگ شوێنێکی ئەوتۆ لە مێدیادا داگیر نەکات و وتەی سەرۆکی یەکێک لە هێزەکانی شەڕکەر بە فاریزە و خاڵ و پشوودانەکانی سەرۆکەوە، هەموو ڕووبەری ڕۆژنامەکە داگیربکات.  بەڵام من ئەم وەزیفە گرنگەی مێدیا وەک پشکنەر و لێکۆلەرەوە لەدەسەڵات کە دەبێ بیکەن، وەک  گریمانێک دادەنێم و وابەخۆم نیشاندەدەم کە ئەم ئەرکە جێبەجێدەکەن.
 بۆیەش کارێکی هێندە سەیر نییە، بەلەبەر چاوگرتنی ئەو وەزیفە گرنگەی مێدیاکان هەیانە، کە هەواڵی کەموکوڕیی و کێشەکانی خەڵکی پانتاییەکی گەورتر داگیر بکات و بەرجەستەدبکرێتەوە ئەویش بە مەبەستی پێکهێنانی ئاڵووگۆڕ تیایاندا.  ئەگەر لایەکیش لەو لایەنە پۆزەتیڤانەی ناو کۆمەڵگا دەکرێتەوە، ئەوا دیسان هەر بە مەبەستی پێکهێنانی ئاڵوگۆڕێکی گەورەترە و کردنی ئەم کەیسەیە بە کەیسێکی تری کۆمەڵایەتی.
 بەڵام ئەوەی کە بۆ هەموومان ڕۆشنە ئەوەیە کە لە نێوان دوو هەواڵی وەک:” مەسئولی حزبێک گوندێک خاپووردەکات” و ” چاندنی دووسەد دار لە باخچەی گڵکەند لەلایەن شارەوانی هەولێرەوە” یەکەمیان سەرنجڕاکێشەرتر دێتە بەرچاو. هەر بۆیەش لە پەیوەند بە ڕووبەری داگیرکراوی سەر لاپەڕەی ڕۆژنامەکەدا، یەکەمیان جێگایەکی گەورەتر داگیر دەکات و سیحرێکی زیاتری دەبێت. ئەوەشمان لەیاد نەچێت کە لە کۆمەڵگایەکی بە کۆمێرشیاڵکراوی وەک ئەمڕۆدا هەواڵ هیچ شتێک نییە جگە لە کاڵایەکی مەسرەفکراو کە نرخی جۆراوجۆری لەسەر دادەنرێت. هەربۆیەش شەڕی یەکەمی کەنداو بە مارکەی “سی ئێن ئێن” ەوە دەناسرێتەوە و جەنگی ئەمریکا لە ئەڤغانستاندا دەبێتی خاوەنی مارکەیەکی تر؛ کاڵایەکی تر کە ناوی “الجزیرەیە”.
 ئەگەر لەم گۆشەنیگایەوە سەرنجێ لە هەواڵ و وێنەی “کامەران کەمال بەگ”ی سەر سایتی کوردستان نێت بدەین، ئەوا دەکرێ ئەو قەناعەتە بە خۆمان بێنین کە ئەم هەواڵە زیاتر لەو خشتەکەدا جێیدەبێتەوە کە  مەبەستی بەرجەستەکردنەوەی دیاردەیەکی پۆزەتیڤە و هاندانی کەسانی دییە؛ بە کورتییەکەی، هەڵبژاردنی دیاردەیەک بە مەبەستی گشتیکردنی لەلایەن کەسانی دییەوە: ” هیوادارین گەنجەکانمان لە ئەوروپا کامەران ئاسا هەوڵ بدەن و هەریەکە دوای کارێکی گونجاو بە خۆیان بکەون.”
 کوردستان نێت بەم وشانە وەفاداری خۆی بە ئەرکێکی مێدیاییەوە ڕادەگەێنێت کە پێشتر لێیدواین. بەڵام تا ئێرە بەشێکمان لە ڕاستییەکان درکاندووە. ئاخر تەنها لەبەرچاوگرتنی “ڕەهەندی مێدیایی” هەواڵ ناتوانێت وەڵامدەرەوەی ئەو پرسیارە بێت کە بۆ ئەم وێنەیە تەنها وێنەی شەخسی دەموچاوی کەسێکی کورد نییە و دەمووچاوێکی گەورەترە لەخۆدەگرێت؟

ژێردەستەیی و چەوساندنەوە، سایکۆلۆژیەتی ژێردەستە و چەوساوە

 بۆ ئەوەی پانتاییە گەورەکانی پشت وێنەکەی “کامەران کەمال بەگ” و ئەو دیوی خەندە و شادی  کوردستان نێت و هەموو ئەو کەسانەی تر کە لەم زەماوەندگرتنەدا شەریکن ڕوونبێتەوە، پێویستمان بە سەرنجدانێکی ئەو مەملەکەتە هەیە کە بە “ناوشیاری دەستەجەمعی” ئێمە دەناسرێت  وەک کورد. میللەتێک کە مێژوویەکی درێژی لەشەڕ و ژێردەستەیی هەیە. داگیرکردنی کوردستان و دابەشکردنی بەسەر کۆمەڵێک دەوڵەتدا و خوێن لەبەرڕۆشتنێکی گەورە لەم جەستە بریندارەی ئینسانی کورد کە ڕۆژانە بەهۆی کورد بوونییەوە وەک هاوڵاتییەکی پلە دوو مامەڵەی پێدەکرێت، بێ پشت و پەناییەک لە ناو دنیای دەرەوەی خۆیدا و تەنانەت تەماشاکردنی ئەم پرۆسەی کوشتنە، بارێکی تایبەتی سایکۆلۆژی بۆ قوربانییەکانی ئەم ژێردەستەییە دروستکردووە.
 ئەگەر چەوساندنەوە و کوشتنی ئەم ئینسانە لە باری فیزیکییەوە وێنەیەکی زیندووە و هەموو ڕۆژێک دەبینرێت، ئەوا کاریگەریەکانی ئەم هەلومەرجی ژێردەستەییە لە ناوشیاری ئینسانەکاندا بە جۆرێکی تر ویست و خواستەکانی ئینسانی کورد ئاڕاستەدەکات و لە هەڵسوکەوت و کردەوەی ڕۆژانەیشیدا ڕەنگدەداتەوە.
 ئەگەر ناوەوە ئەو شوێنەیە کە تیایدا سەرکوت و کوشتن و خەفەکردن و زیندان ئەو کەش و هەوا سیاسییەیە کە ئینسانی کورد لە ناویدا هەناسەدەدات و هات و هاوار و ناڵەی ئەم قوربانییە تەنها لە گوێی خۆیی و جەللادەکەیدا دەزرنگێتەوە، ئەگەر دەرەوە بێدەنگی بەردی هەڵبژاردووە و فزەیەکی بۆ ناکات، کەچی بۆ ئینسانی کورد، لەپاڵ ڕەشبوونی وێنەکانی ژیان لە ناوەوەدا، لەپاڵ بێدەنگبوونی بەردئاساییانەی دەرەوەدا، دووبارە دەرەوە دەکاتەوە بەو مەملەکەتی سیحرەی کە ئەگەر ببزوێت و جوڵەی بۆ بکات، پانتایی دۆزەخەکانی ناوەوە کەمتر دەبێت، یان کۆتایی پێدێت. ئەم پرۆسەی بە مەملەکەتی سیحرکردن و بە فریادڕەسنیشاندانی هێزەکانی دەرەوە، کردەوەیەکی سروشتییانە نییە  کە ژێرردەستەیی بەرهەمیبێنێت لە پلەی یەکەمدا، بەڵکو پرۆژەیەکی سیاسییە و من لە درێژەی ئەم نووسینەدا دێمەسەری.
 بەڵام ئەم هەلومەرجەی کە کورد خۆی تیادەبینێتەوە بەجۆرێک لە جۆرەکان ڕێک دەکەوێتە پێچەوانەی ئەو هەلومەرجەی کە کەسانی تری قوربانی وەکو ئەو لە ژێردەسەڵاتی کۆلۆنیالیزمدا بەسەریدەبەن.
 لەپرۆسەی کۆلۆنیالیزەکردنی وڵاتێکدا، دوژمنی قوربانییەکان و کەسانی کۆلۆنیالیزەکراو خودی کۆلۆنیالیستەکانە. ئەوان ئەو هێزەن کە بەرپرسیاریەتی پلەیەکیان بۆ خوڵقاندنی ژیانی دۆزەخئاسای ژێردەستەکان هەیە. بۆیەش سیاسەتی خۆراِگری و ڕاوەستانەوە بەرانبەر بە کۆلۆنیالیزم، ڕاستەوخۆ لەبەرانبەر کۆلۆنیالیستەکاندا خۆیدەبینێتەوە.
 بۆ غاندی، بەرهەمەکانی ڕستن و چنینی ئینگلیزی جێگای قبوڵکردن نییە و بانگەوازی خەڵکی هندستان دەکات کە بە دارەتەونی هندییەوە بچنە جەنگی کۆلۆنیالیزم. بۆ کورد کە قوربانییەکی سیاسی سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی دنیای دوای جەنگی جیهانی یەکەمە  بەهۆی ئەو هێزانەوەی کە دنیایان کردە ژێر ڕکێفی خۆیان، خەباتکردن تەنها ڕووی لە دەوڵەتە سەرکوتگەرەکانی ناوچەکەیە کە میراتگر و درێژە پێدەری ئەم سیاسەتی کۆلۆنیالیزمەیە. بەڵام خودی کۆلۆنیالیستەکان ئەو برا گەورانەن کە دەبێت هەمیشە بە چاوی سەرسوڕمانەوە لێیانبڕوانرێت.
 بە چاوی سەرسووڕمانەوە لە کەسی سەر بە  مەملەکەتی فریادڕەسەکان  ڕوانین لە خۆیدا لە پرنسیپەکانی ڕێزلێگرتنی ئەوی دییەوە نییە وەک ئەوەی کە کورد ڕێز لە کە سانی نامۆ بگرێت. سەرچاوەکەی لەو ژێردەستییە سیاسییەوەیە کە کوردی وەک قوربانییەک جێخستووە و لە دوا ئەنجامەکانی خۆیدا لە بزواندنی هەستی ئەوی دییەوە بەرانبەر بەخۆ سەرچاوە دەگرێت.
 لەلایەکی ترەوە، خودی ئەم توندوتیژیەیەی کە بەرانبەر کورد ئەنجامدەدرێ، وێنەی ئەوی وەک قوربانییەکی “بێ پشت و پەنا”  لەلای خودی کورد دروست کردووە. سوڕانەوە لە ناو بازنەی “قوربانیبوون”دا، ئەو بازنە داخراوەیە کە تا ساتە وەختەکانی ئێستاش کورد لە ناویدا سووڕدەخوات. ڕەنگە وتەکانی قەرەجی ئینگلیزی  “پێتەر مێرسیر” بە جۆرێک ئەم سوراندنەوەی کورد لە ناو بازنەی قوربانیبووندا زیاتر ڕۆشنبکاتەوە. مێرسیر لە ساڵی 1993 دا و کاتێک بەلای ماڵی ئاگرتێبەردراوی قەرەجەکانی ڕۆمانیادا تێدەپەڕێت کە لە لایەن یەکێک لە لومپنەکانی ئەوێوە کە هێشتا بە دەبە بانزینەکەی دەستیەوە لەبەرانبەر ماڵە ئاگرتێبەربووەکاندا ڕاوەستاوە، هاوار دەکات و دەڵێ:” ملت بشکێنە بۆ جەهەنەم، ئاخر من بوومەتە دژەئاگر”
 خەبات و راوەستاندنەوەی خەڵکی کورد لەبەرانبەر ئاگربەدەستانی سەرکوتگەری کوردستاندا ئەوانی کردۆتە دژەئاگر. بەڵام لەبەرانبەر “ئەوی دی ” دەرەوەدا ، ئەو تەنها جەستەیەکی گڕتێبەربووە کە دەبێ هەمیشە وێنەی قوربانیبوونی خۆی نیشانی ئەوانی دی بدات. ئەم خالە لە جێیەکی تری ئەم وتارەدا دەگەڕێمەوە سەری.
 دەربازنەبوونی کورد لە هەستی خۆی وەک قوربانییەک باروو دۆخێکی سایکۆلۆژی بۆ ئینسانی کورد دروستکردووە کە  کورد خۆی قبوڵیکردووە. ” تۆ هیچ نیت لە قوربانییەکی ژێردەسەڵاتی من نەییت” ،
” تۆ هیچ نیت و نابی بە هیچ جگە لە جەستەیەکی تێکشکاو”؛ ئەمانە هەموو پەیامەکانی دەسەڵاتن بۆ ئینسانی کورد. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە کە ئینسانی کورد، ئەم هیچ نەبوونەی خۆی لەلا بووەتە راستییەکی پرسیارهەڵنەگر. بەوەی کە خۆی قوربانییە و هیچی پێناکرێت و ناتوانێت شتێکی تر بێت، دەبێت دەست بە داوێنی ئەفسانەوە بگرێت و ببێت بە گەورەترین ئەفسانەساز. سارتەر لە پاش تێکشکاندنەوەی وتەکانی مارکسدا لە پەیوەند بە ئایینەوە ئەفسانە ئاواهی پێناسە دەکات:” ئەفسانە کۆششی ئینسانە بۆ پێدانی مانایەک بە ژیان لە دنیایەکی بێ مانادا”.  لە دنیای پڕ بێمانایی کوردەکاندا کە دەسەڵات هەموو ڕۆژێک پەیامی قوربانیبوون و هیچ نەبوونی ئەوان بەگوێیاندا دەدات و کوردیش وەک راستییەک قبوڵیدەکات، ئەفسانەی کوردبوونی “مەحمود ملیجی” لە دایک دەبێت.
 سەرنجێک لە شەقامی کوردی بدەین و گوێ لەو ئاخاوتنانەی ئینسانی کورد بگرین، ئەوا بە ئاسانی ئەم  وتانەمان بەر گوێدەگەوێت. مەحمودملیجی کوردە، یوسف شعبانیش بوو بە کورد، فەرید ئەترەش و ئەسمەهانی خوشکی کوردی سوریان. تەنانەت لەبەرانبەر ئەم پرۆسەی ئەفسانەسازییەدا جۆرێک لە نوکتە دێتە ناو شەقامی کوردییەوە. “دەڵین مەناحێم بێگن کورد بووە و لە ئەسڵدا کوڕی محەی حەمە بێ گونە”.  
 خیتابی کوردبوونی مەحمود ملیجی و یوسف شەعبان و فەرید ئەترەش و دەیەها ناوی تر، کاتێک توانای لەدایک بوونی دەبێت کە تۆ پێت وابێ، تۆ خۆت هیچ نیت و ناتوانیت شتێک بیت، بۆیە دەست بە داوێنی دروستکردنی قارەمانێکی ترەوە دەگیریت کە کوردە و “شتێکی ترە” و قوربانی نییە و بۆتە شتێکی دی.
 واتا لە دنیایەکدا کە بێ ماناییەکی گەورە تەنیویەتی، کورد بۆ ئەوەی هارمۆنییەک لە ژیانی خۆیدا بسازێنێت و پووچەڵکەرەوەی پەیامی “هیچ نەبوونی خۆ” بە دەرەوەی خۆ و ناو ڕیزەکانی خۆی بدات، هاوکاتیش باڵانسی ڕۆحی خۆی وەربگرێتەوە، ناچارە شایی و لۆغانی کوردبوونی ئەو کەسانە بگرێت کە ناومان هێنان. چیرۆکی دروستکردنی قارەمانی بەکوردکراو لەلایەن کوردەوە رۆڵی ئەو دەرزی مۆرفینە دەبینێت کە بۆ ساتە وەختێک نەخۆش لە ئازارەکانی نەخۆشی “هیچ نەبوونی خۆ” دووردەخاتەوە. 
 بەڵام بۆچی دەسەڵات هێند سوورە لەسەر لە چەند بارەکردنەوەی خیتابی هیچ نەبوون و قوربانیبوونی کورددا؟ بێگومان پرسیارێکی وا زۆر بێ مانایە. ئاخر شەڕەکانی دەسەڵات لەبەرانبەر خەڵکی کوردستاندا ناکرێ هەر خاوەنی زمانێکی میلیتارییانەی ڕووت بێت. بۆ بە شەیتانکردنی ئەوی دی و تێکشکاندنی ڕۆحیەتی شۆڕشگێڕانەی ئەو، دەبێت دەست بە داوێنی هەموو ئەو چەکانەوە بگیرێت کە کاریگەریەکانی لە فیشەک و گازە کیمیاویەکان زیاترە. دەسەڵات کاتێک رۆحیەتی شۆڕشگێڕانەی ئینسانەکانی تێکشکاند و کردنی بەو ئینسانانەی کە حورمەتی ئینسانی خۆیانیان لا گرنگ نەبێت، ئاسانتر دەتوانێت بەسەریاندا زاڵ بێت. بەڵام ئایا  لە پشت خیتابی وەبیرهێنانەوەی دەسەڵاتەوە بۆ کوردەکان کە وەک قوربانییەکی بێ پشت و پەنا وێنایان دەکات و هیچ نەبوونی خۆیان وەبیر دەخاتەوە، ترس و هەڕەشەیکی تر ئامادەیی نییە کە ئینسانی کورد دەبێ شتێک بێت؟ ئایا پەیامی “هیچ نەبوون”ی ئینسانی کورد گێڕەرەوەی ئەو حەکایەتە نییە کە ئینسانی کورد شتێکە؟

 دەسەڵات لە عێراقدا لە “شت بوون”ی ئینسانی کورد دڵنیایە. خوێندکاری کورد ئەو کەسەیە کە ئەگەرچی سەر بە کەمایەتییەکی ژێردەستەیە لە عێراقدا، بەڵام سەرتاسەری دانشگاکان پڕدەکات. سەر شانۆکانی کوردستان لە بەرابەرکێیەکی سەرسەختانەدایە لە گەڵ سەنتەرە گرنگەکانی شانۆدا لە عێراقدا. مۆسیقا لە کوردستاندا و لەسەر دەستی ئینسانی کورددا هاوشانی مۆسیقای شارەکانی تری عێراقە. کرێکاری کورد لە گاورباخی دا پێشەنگی گەورەترین مانگرتنی کرێکارانە لە مێژووی خەباتی چینایەتیدا لەم وڵاتەدا. کەواتە ئەگەر دەسەڵات ڕۆژانە پەیامی هیچ نەبوونی ئینسانی کورد سەدبارە دەکاتەوە و دەبێت ئەم خیتابە هەمیشە بە دەنگی بەرز بڵێتەوە، هۆکارەکەی لە “شت بوون”ی ئینسانی کوردەوەیە. بەرپێگرتنی ئەم پێشڕەوییەیە کە ئینسانەکانی ئەم کۆمەڵگایە لەگەڵ ژێردەستەیشیاندا، لە بوارەجۆراوجۆرەکانی ژیاندا نیشانیدەدەن. پەیوەست بوون بە شایی و لۆغانی کوردبوونی مەحمود ملیجی و یوسف شەعبان و فەرید ئەترەش و دەیەها کەسی ترەوە، پەیوەستبوونە بە خیتابی” هیچ نەبوون”ی ئینسانی کوردەوە کە دەسەڵات ئامانجیەتی،  درێژەپێدانی کولتوری خۆبەکەمزانینی ئینسانی کوردە و کوێربوونە لە ئاست تواناییەکانی کەسانێکدا کە ڕءژانە ئەفسانەکانی “هیچ نەبوون”ی خۆیان ژێرپێدەنێن.      

داخراوی کۆمەڵگا وەک هۆکارێک بۆ خۆ بەکەمزانینی ئینسانی کورد .

ئەم ناونیشانەی سەرەوە زۆر جار وەک هۆکاری ئەم هەستی خۆبەکەمزانینەی ئینسانی کورد دووپاتدەکرێتەوە.  واتا ئەگەر کورد لە کۆمەڵگایەکی کراوەدا ژیانی بەسەر ببردایە و دەرفەتی ناسینی سنوورەکانی دەرەوەی خۆی ببوایە، ئەو کاتە خۆی پێ کەمتر نەدەبوو. بە کورتییەکەی یانی ئەگەر کورد دەرەوەی بۆ مەملەکەتی ئەفسانە نەبوایە وەک چۆن ئەو لەناو زیندانەکەی خۆیەوە سەیری دەکات، ئەو ڕێزە لە ڕادەبەدەرەی بۆ دەرەوە دانەدەنا. ئەم ڕونکردنەوەیە کەمێک ڕاستی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە، بەڵام هەموو ڕاستییەکە نییە.  هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە من لە درێژەی ئەم باسەدا دێمە سەری و سەرنجێک لە پرۆسەی بە سیستەماتیزەکردنی قوربانیبوونی کورد دەدەم کە لەلایەن خودی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کوردەوە دووبارە دروستدەکرێتەوە. بەڵام ئەگەر سەرنجێک لەو کەسانەی خەڵکی کوردستان بدەین کە دەرفەتی بەزاندنی سنوورەکانی ئەم کۆمەڵگا داخراوەی کوردستانیان بۆ ڕەخساوە  و لە نزیکەوە لەئینسانی دی  مەملەکەتی سیحر ووردبوونەتەوە و لەگەڵیاندا دەژین، ئەوا هەستدەکەین، کە نەک هەر داخراوی کۆمەڵگا هۆکاری سەرەکی ئەم خۆ بەکەمزانینە و ڕێزەلەڕادەبەدەرەی کورد نییە بۆ ئەوی دی، بەڵکورێک ئەم خیتابی قوربانیبوونەی کورد سەرەتا و بگرە خاڵی دەستپێکردنی خۆ ناسینی خۆی دەبێت.
پەنابەری کورد بۆ ئەوەی خۆی بە ئەوروپا و سنوورەکانی دی دنیای دەرەوە بناسێنێت، دەبێ لە قوربانیبوونی خۆیەوە دەستپێبکات. دەبێ سەر لە نوێ حەکایەتەکانی ئەنفال و هەڵەبحە چەند بارە بگێرَێتەوە. ئەگەر پرسیار لەکار و خوێندن و شوێنی ژیان بەشێک لە پرسیارەکانی لێکۆڵینەوە لە پەنابەر پێکدەهێنێت، ئەوا  هیچیان بەقەد حەکایەتەکانی خوێن لەبەرڕۆیشتنی ئەم جەستە زامدارەی کورد گرنگی نییە.
ئەگەر گێڕانەوەی ئەم حەکایەتانە هۆکاری وەرگرتنی ئیقامەی لە تایبەتمەندییەتی خۆیدا بەشوێنەوەیە و جەبرەکانی پەنابەرێتی دەیخوڵقێنێت:” هیچ کەیسێکی پەنابەر بەبێ کەمێک درۆ ئەفسانەسازی بوونی نییە” وەک ئەوەی دەستگاکانی پەنابەرێتی ئەوروپا ڕایدەگەێنن، ئەوا ئەم ئیحساسی خۆبەقوربانی تەماشاکردنەی ئینسانی کورد لەدەرەوەی کەیسەکانی پەنابەرێتیشدا بە تەواوی هێزی خۆیەوە ڕاوەستاوە و ئامادەیی هەیە. لە پۆلەکانی خوێندنی زمانی وڵاتی نوێدا، ئەم بەزەیی بزواندنەی ئەوروپا ڕۆژانە دووبارە دەبێتەوە. تەنانەت لە زمانی خودی کوردێکی پەنابەری ئەوروپاوە ئەم سەرگوزشتەیەی لێدروستکراوە. لە یەکێک لە دیسکۆکانی سویددا گەنجێکی پەنابەر کچێکی سویدی دەناسێت و بۆ شەوەکەی دوای دیسکۆ کوڕە لە گەڵیدا دەچنەوە بۆ ماڵی کچەکە. بێگومان پەیوەندییەکی لەم جۆرەی ناو دیسکۆ ئەگەر پەسەندکردن و قبوڵکردنی یەکتری لە نێواندانەبێت، ئیمکانی دروستبوونی نیە. لەماڵەوە لە پاش دانیشتن و خۆ ئامادەکرن بەوەی کە بە خۆشەویستیکردن تەواو بێت، بە کردنەدەرەوی گەنجە کوردەکە کۆتایی پێ دێت. هۆکارەکەیشی ڕۆشنە. ” من خوازیاری بردنە سەری شەوێکی خۆشی پڕ لە عیشق بووم. کەچی ئەو هێندە سەرگوزشتەی  کیمیاباران و کوشتنی کوردەکانی بۆ گێرامەوە، دڵمگیرا.” ئەمە وتەی کچێکی سویدییە لەپاش بردنە سەری شەوێکی پڕ لە داستانی کوردێکدا. 
کاتی عیشق عیشقەو کاتی سیاسەتیش سیاسەت. تەواوی پەنابەرانێکی تازە هاتوو تا ماوەیەکی زۆری بوونیان لە ئەوروپادا ئەم هەستی خۆبەقوربانی سەرنجدانەی خۆیان، بڕگەیەکی گەورەی ژیانی کۆمەڵگای نوێیان پێکدەهێنێت. خۆئەگەر کەسی پەنابەر سەربازێکی ناسیونالیست بێت، ئەوا هەموو جوڵەو کردەوەی ڕۆژانەی تێکەڵ بە قوربانیبوونی  و ژێردەستەیی کورد دەبێت وسەرتاپای ژیانی داگیردەکات.
ئەگەر ئەمە دۆخی کەسێکی “ئاسایی” کورد بێت ئەوا بۆ “ڕوناکبیر”ی کوردیش، کردەوەکە لەوە باشتر نییە. ئەوەتانێ کاتێ شاعیرێکی کورد وەک قەڵەمێک لە فارگۆنی شەمەندەفەرێکدا قەڵەمێکی شیللی و فەلەستین دەبینێت و باس دێتە سەر ژمارەی قوربانی، ئەوا قوربانییەکانی کورد سەدبەرابەری ژمارەکانی ئەوانەو بە پەنجەیەک، ” دارستانێک” لە قوربانی پیشانی هاوقەڵەمەکانی خۆی دەدات.
بەڵام ئەوەی کە لێرەدا گرنگە و دەبێ سەرنجێکی ووردتری بدرێتێ، ئەوەیە ئەم هەستی خۆبەکەمزانین و “هیچ نەبوونەی” خۆ و ڕێزی لەڕادەبەدەری کورد بۆ ئەوی دی، تایبەتەمەندییەکی کوردی نییە و لە ناو گروپ و تاقمی جۆراوجۆری تردا کە لە هەمان میکانیزمەکانی ژیانی ژێردەستەیی کوردەکانەوە نزیکن بە هەمان شێوە کاردەکات.
بۆ کەسێک کەسەر بە گروپی “مەنبوز”ی هندستانە، ئەوانەی کە لە هەڕەمی کۆمەڵایەتیدا لە خواری خوارەوی کۆمەڵگادا نیشتەجێ بوون، دەست لەسەر سنگدانان و بە چاوی ڕێزێکی لەڕادەبەدەرەوە سەرنجدانی ئەوانی دی، نەک هەر بە ڕیتواڵێکی ڕۆژانە گۆڕدراوە لەلایان، بەڵکو “مەنبوز” بوون و ئەنجامدانی ئەم ڕیتواڵانە یەکسان بوونەتەوە بەیەکتری.  کەسێکی “مەنبوز” نابینیت کە لە کاتی بینینی ئەوی دیدا پاشەوپاش نەگەڕێتەوە، دەست لەسەر سنگ و ملکەچ نەبێت.
ئێمە لە عێراقدا بە جۆرێکی تر لەگەل ئەم کولتوری ژێردەستەیی و خۆ بەکەمزانینەدا ڕووبەڕووین. میسرییەکانی عێراق لە ساڵەکانی هەشتادا باشترین بەڵگەن. میسرییەکان بەوەی کە هێزی کاری ناو بازاڕی عێراقن و هەستی هەمیشەیی ئەوان کە کرێکارانی کۆچکردوون لەبەرانبەر هێزی کاری خۆماڵی ئەم وڵاتەدا، هەمیشە لە پەیوەندییەکی ژێرەوەیی دەسەڵاتدا خۆیان بینیوەتەوە. زمانی قسەکردنی ئەندازیارێکی میسری لەبەرانبەر  فەرمانبەرێکی چەند پلە لە ژێرەوەی دەستگایەکی عێراقیدا یان هەر هاوڵاتییەکی عێراقدا، جیاواز تر نییە لەو  دەستەواژە سەدبارە بووەوەی کە ڕۆژانەی کرێکارێکی بیناسازی میسری دەبێ بیڵێ: “ایوە یا بی، ایوە یا معلم”. ئەم دۆخی کولتوری ژێردەستەیییە بە جۆرێک لە جۆرەکان بە چارەنووسی ڕەشپێستەکانی ئەمریکاوە گرێدەخوات. ئەو ڕەشپێستانەی کە بەپێی هەمان میکانیزمەکانی خۆبەکەمزانین و خۆبەهیچ نەزانینان لەبەرانبەر سەردەستەکانیاندا ڕەفتاریان دەکرد. بەڵام ئەو کاتەی هەستی قوربانیبوون لەناویاندا نامێنێت، ئەوا دەیانەوێ بە هەمان کەرەستەکانی خودی سەردەستەکانەوە لەبەرانبەریاندا بجەنگن. لەیەکێک لە فیلمەکانی هۆڵیودا، پاڵەوانێکی رەِشپێستی فیلمەکە شەپازللەیەک لە بنا گوێی پۆلیسێکی سپی پێست دەسرەوێنێت. بەڵام دەنگدانەوەی ئەم شەپازللەیە تەنها لەناو ساڵۆنەکانی سینەمادا نامێنێتەوە، بەڵکو سەرتاپای کۆمەڵگای ئەمریکی دەگرێتەوە. پەیامەکەیشی ڕۆشنە: ” چیدی ئێمە ئەم ملکەچییە قبوڵناکەین.”
ئینسانی کورد سەدان بار لە پەناگوێی دەسەڵاتی سرەواندووە و ئەم پەیامەی ڕەشپێستەکانی ئەمریکای ڕاگەیاندووە، کەچی لە باری ڕۆحی و سایکۆلۆژییەتی ژێردەستەیی و خۆبەکەمزانیندا، زۆر نەچووەتە پێش. هۆی چییە کە ئەم پرۆسەی نەچوونەپێشەوە هێندە سست دەڕوات؟  بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، گەڕان بە شوێن هۆکارەکانیدا دەمانبەتە سەر ئەو سیستەمی خۆبەکەمزانینەی کورد کە لەلایەن خۆیەوە ڕۆژانە بەرهەمدەهێنرێتەوە. 

  بە سیستەماتیزەکردنی قوربانیبوون و هیچ نەبوونی خۆ

 تا ئێرە من بە شوێن ئەو هۆکارە دەرەکییانەوە بووم کە ڕۆژانە ئەم پەیامی هیچ نەبوون و قوربانیبوونەی ئینسانی کورد بەرهەمدەهێنێتەوە. واتا ئەو جەنگەی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا بەرانبەر خەڵکی کورد ئەنجامی دەدات. بەڵام قبوڵکردنی ئەم سەرگوزشتەیەی کولتوری خۆبەکەمزانین وەک دەرئەنجامێکی پراکتیزەکردنی دەسەڵاتێکی سەرکوتگەر، خودی کۆمەڵگای کوردی و ئەو فاکتەرە گرنگانەی کە بەرهەمهێنەرەوەی ئەم کولتورەیە و ڕەگەکانی لە ناو کۆمەڵگای کوردیدایە لە نادیارییەکی گەورەدا بەجێدێڵێت.
ئەگەر سەرکوتکردن و تواندنەوەی خەڵکی کوردستان سیاسەتی باوی هێزە سەرکوتگەرەکانی کوردستان بوون، ئەوا لەبەرانبەر ئەم پرۆسەیەدا خەڵکی کوردستان بەرهەڵستکارییەکی گەورەیان نیشانداوە و “دارستان “ێک  لە قوربانیان داوە. ئەو بزووتنەوەیەی کە لە پشت ڕابەرایەتیکردنی ئەم پرۆسەی خەباتەوە بووە بە بێ هیچ دوو دڵییەک ناسیۆنالیزمی کوردە.
  ناسیۆنالیزمی کورد هەمیشە و هەموو کاتێک وەک قسەکەر و دەمڕاستی خەڵکی کوردستان خۆی ناساندووە و تا ساتە وەختەکانی ئێستاش  ئەوە هەر ئەوە کە بڵندگۆی ئەم ژێردەستەییەی خەڵکی کوردی بە دەستەوە گرتووە. لانی کەم وەک هێزێک کە لەم بوارەدا ڕابەرایەتی بە دەستەوەیە.  لێرەدا قسە لەسەر دەرئەنجام و کارکردەکانی ئەم دەمڕاستیەی ناسیۆنالیزم نییە بۆ چۆنێتی وەفاداربوون یان نەبوونی ئەم بزووتنەوەیەوە بە پەیامی ئەم خیتابەوە، بەڵکو قسە زیاتر لەسەر چۆنێتی بردنە پێشەوە و ناوەڕۆکی ئەم دەمڕاستییەی ناسیۆنالیزمە لە پەیوەند بە دۆزی قوربانیبوونی کوردەوە.
ناسیۆنالیزم چ وەک بزووتنەوەیەک و چ وەک سیستەمێکی فکری بیرکردنەوە کە ئینسانەکان دەکرێ هەڵگری بن، لە دنیای دەرەوەی کوردا تابووتەکانی میللەتی کوردی بەسەر شانەوەیە. لە نمایشکردنی شانۆگەرییەکدا کە پاڵەوانەکەی هەڵەبجەییە و لە کۆمەڵگای نوێدا دەژی، بەر دەمی شانۆ و هۆڵی نمایشەکە پڕدەکات لە دیمەنی وێنە جەرگبڕەکانی هەڵەبجە. لە نیشاندانی بەرنامەی تەلەفیزیۆنە لۆکاڵییەکانی شارەکانی ئەوروپادا، دیمەنەکان هەمووی دێهاتی ڕووخاون. لەسەر مێز و دانیشتنی بینینی ئەحزابی سیاسی ئەوروپادا، تا ژمارەی قوربانییەکان زیاتر بێنە پێش چاو، باشترین کۆبوونەوەیە.
بە کورتییەکەی ناسیۆنالیزم لە دەرەوە تەرمی قوربانییە نەنێژراوەکانی بەسەر شانەوەیە و شار بەشار دەیانگێڕێ. بە چ مەبەستێکەوە ئەم نمایشەی کوردی قوربانی نیشاندەدرێت، پرسیارێکی هێندە سادە نییە وەک زۆر کەس پێیوایە. بەڵام ئەمە تەنها تایبەتمەندی ناسیۆنالیزمی کورد نییە کە بەتەرم و تابووتەکانی میللەتەوە لەبەرانبەر دەسەڵاتەکانی دەرەوەدا خۆ نمایشدەکات، بەڵکو سەرنجێک لە بزوتنەوە ناسیۆنالیستییەکانی تری دنیا ئەم وێنەیەمان زیاتر بۆ ڕۆشندەکاتەوە. ئەگەر وتەکانی قەرەجی ئینگلیزی لە پەیوەند بە ماڵسووتاندنەکانیاندا جارێکی تر بنووسینەوە، وەک لە شوێنێکی تری ئەم وتارەدا وتم دێمەوەسەری، ئەوا ناوەڕۆکی ئەم خیتابی قوربانیبوونەی میللەتی خۆ ڕۆشنتر دەبێتەوە.

سیسیر دەڵێ: “ملت بشکێنە بۆ جەهەنەم، ئاخر من بوومەتە دژەئاگر”

ناسیۆنالیزمی کورد وەک زمانحاڵ و قسەکەری خەڵکی کورد، داستانی ئەم سووتانە جەماعییەی خەڵکی کوردستان بە نیوە ناچڵی دەگوێزێتەوە بۆ سنوورەکانی دەرەوەی خۆ. ناسیۆنالیزم  هێندەی لەگەڵ دەرەودا قسەلەسەر گڕتێبەردانی ماڵەکان دەکات، دژەئاگر بوونی ئینسانەکانی ناوەوەی کوردستانی بۆ گرنگ نییە. نیشاننەدانی پرۆسەی “بەدژەئاگربوونی خەڵکی کوردستان”، ئەو بەشە گرنگەی خیتابی ناسیۆنالیزمە کە ئامانجدارانە دەبێت بقرتێنرێت. هۆکارەکەیشی سادەیە، نیشاندانی جەستەی قوربانییەکان بۆ هێزەکانی دەرەوە سیحراوی ترە بۆ وەرگرتنی کۆمەک و ئیمکاناتی مادی زیاتر بۆ بزوتنەوەی ناسیۆنالیزم. هاوکاتیش بە مانای لەدەستدانی ئەو هەستی بەزەییەی ئەوانی دەرەوەیە  کە سیمای قوربانییەکان بەنجیاندەکات.  “بووین بە دژەئاگر”، بەمانای ڕاوەستاوییەکی بێ پسانەوە لەبەرانبەر هێرشەکانی ئاگردا بۆ سەر خەڵک. بەڵام درکاندنی ئەم ڕاستییە بە مانای کۆمەک و ئیمکاناتێکی کەمتر دەکەوێتەوە.  بۆناسیۆنالیزم،  تەرمی قوربانییەکانی هەڵەبجە نابێ بنێژرێن، ئەنفال دەبێ ئەو تارماییە بێت کە هەمیشە بەسەرمانەوەیە، تاکو هەست و بەزەیی دەرەوە گەرمتر ڕابگیرێت. دیمەنە جەرگبڕەکانی ئاوارەیی بەسەر شاشەکانی تەلەفزیۆنەوە لە دنیادا، لە هەزاران قازیفە گرنگترن.  ئەگەر ئەم ڕوونکردنەوەیە وەربگێڕینە سەر زمانی خەڵکی سەر جادە لە کوردستان، ئەوا زۆر بە ئاسانی گوێمان لەم دەستەواژەیەی خوارەوە دەبێت:” هەڵەبجە ئەو کارتی سواڵکردنەیە کە هەمیشە بەدەست سەرۆکەکانی کوردەوەیە.”
ئەم کردەوەیە جۆرێک لەپرەمینەوەیشی لەناو کوردەکانی ئەوروپادا دروستکردووە کە هیچ کەسێک یەکسەر ئامادەیی دەرنابڕێت بۆ کۆمەککردنی لایەنێک کە بانگەوازی پیتاک کۆکردنەوەی هەیە بۆ ناوەوە. “بابە ئەم پارەیەش وەک ئەوانی تر  لووشدەدەن.”
بەڵام ئایا بۆ بزووتنەوەیەکی سیاسی ڕەوا نییە کە حەکایەتی سەربڕینی ئینسانەکانی کۆمەڵگای خۆی بۆ دەرەوە بگێڕێتەوە؟ تا هێندەی پەیوەندی بە ڕەهەندی قسەوباسکردن لە کوشتنی ئینسانەکانی ئەم کۆمەڵگایەوە هەیە، وەڵامەکەی بە بەڵێ یە و  دەبێ ئەم کارە بکرێت. بەڵام پاش ئەوەی کە تەرمی قوربانیەکان نێژران و سنوورجیاکردنەوەیەک دروستکرا کە ئەم گۆڕستانە جەماعییە بۆنیشاندانی هەمیشەیی نییە، بەڵکو بۆ وەرگرتنی پەند و سیاسەتی دروست و رۆشنە تا جارێکی تر ڕوونەداتەوە.  ئەگەر گۆڕستانی قوربانییەکان بووە خاڵی وەرچەرخانی هەڵوێسوەرگرتنێکی ڕادیکاڵانە بەمەبەستی سیاسەتێک کەدەرگا لەسەر ئەم پرۆسەی کوشتن و بڕینە دادەخات و پەنجەرەیەک بە ڕووی هەڵوێسوەرگرتنێکی تردا دەخاتە سەرپشت: نا بۆ هەڵەبجە و نا بۆ جینۆساید. نەک تەنها وەک شیعارێک بەڵکو وەک ڕێگاچارەی کۆتایی هێنان بە ستەمی میللی. بەڵام ئەوەی کە ئێمە هەتا ئێستاکە شاهیدین، نەناشتنی تەرمی قوربانیەکانە. کۆکردنەوەی هەموو گۆِڕستانە لە ناو جانتایەکی دیپلۆماسیدا بۆ نیشاندانی لەدەرەوە بە مەبەستێکی تایبەتی. بەڵام پرسیاری هەڵگرتنی تەرمی کوژراوەکانی میللەتێک هەر بە تەنها جومگەیەکی دانەبڕاوی سیاسەتی ناسیۆنالیزمی کورد نییە، بەڵکە لەناو بزوتنەوە ناسیۆنالیستییەکانی سەردەمیشدا بە جۆرێکی تر خۆی نیشاندەداتەوە.
ئەگەر هۆڵۆکۆست گەورەترین زەبری کوشندە بوو کە لە جەستەی جووەکانی ئەوروپا وەشێنرا لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەمدا، ئەوا پرۆسەی دروستکردنی “پیشەسازی هۆڵۆکۆست” بە یەکێک لە بەردە بناغەییەکانی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی جوو گۆڕدراوە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە.

بۆ ناسیۆنالیزمی جوو و بەشێکی گرنگی ئەو دەستگایانەی کە ئیلیتی سیاسی جووەکان لە پشتییەوە ڕاوەستاون، کردنی پرۆسەی هۆلۆکۆستی جووەکان بە پیشەسازییەکی قازانجهێنەر، یەکێک لە بناغەیترین سیاسەتەکانی ناسیۆنالیزمی جوو پێکدەهێنێت لەمڕۆدا.  ئەوان ئەو هێزە چالاکانەن کە لە پشت تراژیدیای قەتڵ و عامی جووەکانەوە هەتا ئێستاش کاری سەرەکییان کۆکردنەوەی پارەیە لە دەوڵەتە بەرپرسیارەکانی جەنگ وەک تەعویزی ئەو زیانەی کەجووەکان لێیانکەوتووە. سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە کەمایەتییەکی کەمی کەس و کاری قوربانییەکانی هۆڵۆکۆست نەبێ، کەسی تر نازانێ ئەم پارەیە بە قوڕگی کێدا دەچێتە خوار. بۆ ناسیۆنالیزمی جوو، هێنانەوە یادی دیمەنەکانی کورەی ئینسانسووتاندنی نازیستەکان ، پەیامێک نییە بۆ زیندووڕاگرتنی یادی قوربانییەکانی هۆڵۆکۆستێک تاکو ڕوونەداتەوە، وەک ئەوەی کە خودی پڕوپاگەندەی سیاسی وا نیشانیدەدات.  بەڵکو بازرگانیکردن بە جەستەی قوربانییەکانەوە بووتە ئەو پیشەسازییە گەورەیە کە ناسیۆنالیزمی جوو لەسەریەوە دووبارە توانای خۆسازدانەوەی خۆی وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی درێژەپێدەدات.

بەڵام ئەم پیشەسازی هۆڵۆکۆستە خاوەنی پەیامێکی تری سیاسییە کە ئەگەر سەرنجی نەدرێتێ، بەشێک لە ڕاستییەکان ووندەبن. کاتێک ناسیۆنالیزمی جوو وێنەی دەمووچاوەکانی ناو کورەی ئینسانسووتاندنەکانی نازیزم نیشانی خەڵکی جوو دەدات،  پەیامێکە کە ڕاستوخۆ کە لە ناوشیاری دەستەجەمعی جووکاندا کاریگەری خۆی دادەنێ. کۆششێکی ڕاستەوخۆ و ئامانجدارانەیە بۆ دیلکردن و  هێشتنەوەی جووەکان لە ناو بازنەکانی  کولتوری قوربانیبووندا ئەگەرچی ئەمڕۆ خاوەنی دەسەڵاتی سیاسین و یاریکەرێکی گەورەی ناو گۆڕەپانی سیاسەتی نێونەتەوەیین. بەرزڕاگرتنی دیمەنەکانی “جووی قوربانی” لەناو کۆچەو کۆڵانەکانی ئیسرائیلدا تەنها یەک پەیامی ڕاستەوخۆ و کورتی پێیە بۆ خەڵکی جوو: یەک سات فەرامۆشکردنی هەستی قوربانیبوونتان بەمانای نەمان و هەڵلوشینتانە لەلایەن ناسیۆنالیزمی عەرەبەوە. بەبڕوای من ترس لە تواندنەوەی ئینسانی جوو وە سەرنجدانی خۆ وەک قوربانییەکی هەمیشەیی،  گەورەترین کۆسپی نزیکبوونەی ئینسانی جووە لە پرۆسەی ئاشتییەک و پێکەوە ژیانییەک کە لە ناوشیاری دەستەجەمعی ئینسانەکانی جوودا لەلایەن ناسیۆنالیزمی جووەوە ڕۆژانە دەبێ بە دووکەڵی ئاوشویتس بنووسرێتەوە. ئەوەی ئەم توانایە بە ناسیۆنالیزمی جوو دەبەخشێت بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە، بەپیشەسازیکردنی هۆڵۆکۆستی جووەکانە. بەکورتییەکەی پاراستن و دووبارەبەرهەمهێنانەوەی کولتوری جووی قوربانییە. 

بەڵام ئەم  پیشەسازی دروستکردنە لە  قوربانی و دووبارە زیندوو هێشتنەوەی خەڵک لەناو بازنەکانی قوربانییەکی بێدەنگدا، هونەر و پیشەسازییەکی تری گرنگی پێویستە کە بە جەوهەری ناونیشانی وتارەکەمان دەگەێنیـت. واتا بۆ ئەوەی بۆمان ڕوونبێتەوە کە بۆچی پاشا دەبێ پاسەوانێتی بەسەر ڕۆحمانەوە بکات و هەمیشە دەبێ خۆمان پێ بچووکتر بێ، لە کوێوە دێت و چۆن خۆی دووبارە زیندوو دەهێڵێتەوە؟  

لە دژەئاگربوونەوە  بۆ بە خۆڵەمێشبوو

 پرۆسەی دەستکۆتاکردنی ئینسانی کورد وە وەرگرتنەوەی شوناسی “دژەئاگربوون” لێی و  پێیەخشینی شوناسێکی دی” بەخۆڵەمێش” بوو، یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی ئەم هەستی خۆبەکەمزانینەی ئینسانی کوردی لە پشت خۆیەوە ڕاگرتووە. لە دەورانی جەنگی ساردا ئەوە یەکێتی سۆڤیەتە کە ئەگەر  مەیل بکات ئەم ژێردەستییەی خەڵکی کورد کۆتایی پێ دێت. “ئەگەر سۆڤیەت نەکشایەتەوە، چارەنووسی کۆماری مەهاباد وانەدەبوو” . هەر لەو سەردەمەدا و بە بوونیی قڵشتە نێو دەوڵەتییەکانی سیستەمی نوێی جیهانی ئەو کاتە، هەم ئەمریکا و هەمیش غەرب ڕۆڵی ئەو فریشتانە دەبینن کە لە ژێر باڵیاندا کورد دەتوانێ بە ئارامی بحەسێتەوە. پەروەردەکردنی ئینسانی کورد بەوەی کە خۆی خاوەنی ئیرادەی سەربەخۆی خۆی نییە، بە درێژی مێژووی سەدەی ڕابردوو، بەردی بناغەیی سیاسەتی ناسیۆنالیزمی کورد بووە.

  “ئەگەر ئەمریکا پشتی بەرنەداینایە” هیچ شتێ نییە جگە لە بانگەوازی ناسیۆنالیزم بۆ خەڵکی کوردستان کە ئەوان:” بەبێ پشت و پەنایەکی دی” هیچ نین و ناتوانن هیچ شتێ بکەن. هەر ئەم خیتابەی ناسیۆنالیزمیشە کە زەربەی کاریگەری لە هەست و نەستی ئینسانی کورد داوە و کائینێکی دروستکردووە کە لەبەرانبەر “ئەو هێزە فریشتە فریادڕەسانەدا” جگە لە سەری تەعزیم دانەواندن، نەتوانێ خاوەنی قسەیەکی سەربەخۆی خۆی بێت.

ئەم پرۆسەی بچووککردنەوەی ئیرادەی شۆڕشکێڕانەی ئینسانی کورد، لە دوای ڕاپەڕینەوە بە لوتکەکانی خۆی گەیشتووە و لە ڕێگەی خۆنمایشکردنەکانی دەسەڵاتی کوردییەوە ڕۆژانە بە قوڕگ و هەست و نەستی ئینسانی کورددا دەکرێتە خوار. باشترین نموونەیان شەڕی ناوخۆیە کە هیچ قورئان بەرزکردنەوەیەکی پیران و ڕیش سپیانی کورد، گریەو ناڵەی ژنانی بەرگڕەشی  ڕۆڵە کوژراو و چاوتەڕی کوردستان بۆیان ناوەستێت و دەبێ لە واشنتۆندا و لەبەردەمی پاشاکانی سەر زەویدا ئەم نمایشی بچوکییەی دەسەڵاتی کوردی بە لووتکەی خۆی بگات. کەم نین ئەوانەی کە پێیانوایە شەڕی ناوخۆ “کوردی هێندەی تر بە دنیای دەرەوە ناساند”، یان “هێنانەدەرەوەی کۆبوونەوەکانی ڕێککەوتنی ئەم دوو هێزە بۆ ناو پایتەختەکانی ئەوروپا، گەورەترین سەرکەوتنی دیپلۆماسییەتی کوردییە”.  بەڵام ئەوە بچوکی دەسەڵاتی کوردی و نەفسنزمی سەرکردایەتی کوردی نییە کە لە واشنتۆندا نمایشدەکرێت، بەڵکە پەیامەکەی ئەو ژاراوەیە کە دەبێ بە ناو هەست و نەستی ئینسانی کوردا بچێتە خوار کە ئەگەر: “ئەمریکا کارێ نەکات، ئێمە جەنگەکانی خۆیشمان بۆ ڕاناگیرێت.”

ئەم پرۆسەی بەخۆڵەمیشکردنەی ئیرادەی شۆِڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان پاش ئەوەی کە لە ڕاپەڕیندا ببووە دژەئاگر، لە دوای کارەساتی گرتنەوەی هەولێر و هێرش بۆ سەر سلێمانیدا  باشترین بەڵگەمان دەداتەدەست.  چۆڵکردنی سلێمانی بە بەڵگەی ئەوەی کە دەبابەکانی بەعس لەگەڵ پارتیدا بەڕێوەن بۆ شار و نیشاننەدانی هیچ جۆرە بەرپرسیارییەتییەک بۆ دیفاعکردن لەشار لەبەرانبەر پارتی و بەعسدا لەلایەن خەڵکی ئەم شارەوە، دەرکەوتنی ئەم ڕووخسارە بەخۆڵەمێش بووەی ئیرادەی خەڵکی کوردستانە  کە ئیتر ئاگراوی و دژەئاگر نییە.

هەرلەم پەیوەندەدا سەرنجدانێکی خێرا لە پرۆژەی “خۆراک بەرانبەر بە نەوت”ی نەتەوە یەکگرتووەکان، وێنەی کوردی قوربانی بە جێگایەکی تر دەگەێنێت. لەسەردانی یەکێک لە لیژنەکانی دەستگای کۆچی سویددا بۆ کوردستان ئەم تێبینییەیان لە لادروست دەکات:” پرۆژەی خۆراک بەرانبەر بە نەوت لە کوردستاندا ئینسانی بێ مەسئولییەت دروستدەکات.” ووردبوونەوە لەم وێنە بروسکەئاسایەی بەرپرسیارانی کۆچ لە ڕاپۆرتی “زانیاری کۆکردنەوەی ساڵی 1999- 1998 ” دا هیچ شتێک نییە جگە لە چۆنێتی کارکردنی ئەو سیستەمی قوربانی دروستکردنە کە تەواوی شوناسی بەرپرسیارێتی لەو ئینسانە دەسەنێتەوە کە ئەو وەک تاک دەبوایە لەبەرانبەر خۆی و خێزان و کۆمەڵگادا بیبوایە.

ئەم پرۆسەی بە “زەرنەقووتەکردنە” ی کوردی قوربانی کە دەبێ نانی بەدەمەوە بکرێ، تەنها بە داماڵینی شوناسی بەرپرسیارێتی فەردی “زەڕنەقووتە”وە کۆتایی نایەت و لە دوائەنجامەکانیدا بە داماڵینی تەواوی بەرپرسیارییەتییەکانی سەرشانی دەسەڵاتی کوردی دەگات کە دەبوایە لەبەرانبەر “زەڕنەقووتەکان”ی ژێردەستیاندا بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی لە خۆیان نیشانبدەن. بەڵام بۆ دەسەڵاتی کوردی و داماڵینی ئەم شوناسی بەرپرسیارێتییەی سەرشانیان، ناکرێ یەک هەناسەی ئاخاوی بۆ لەدەستدانی ئەم شوناسە بە زاردا بێنێت. چ بەرەکەتێکی ڕژاوە کاتێک دەسەڵات بیت و ئەرکی بەخێوکردنی ژێردەستەکانی خۆتت لەکۆڵکرابێتەوە؟ بەڵام ئایا دەستگاکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بە گاڵتە کۆمەڵگای عێراقیان کردۆتە مەملەکەتی زەڕنەقووتەکان؟ تۆ بڵێی پرۆژەی بە پیشەسازیکردنی قوربانی بۆ ئەو کەسانەی کە توانای خوێندنەوەی چەندین ساڵ دوای ئێستایان هەیە و هەر لە ئێستاوە نەخشەڕێژی بۆ دەکەن هەڵەیەکی بیرکردنەوە بێت؟      

دروستکردنی ئینسانی بچووک و خۆبەکەمزان لە کوردستاندا بەپیشەسازیکردنی هێشتنەوەی قوربانییە لەناو بازنەکانی قوربانیبووندا و گەورەکردنەوەی ئەوی دی دەرەوەیە کە ئەگەر نەبزوێت و کارێکت بۆ نەکات تۆ هیچ نیت. ئاخر کارێکی سەخت نییە تا ئینسان ڕۆژانە شاهیدی پراکتیزەکردنی ئەم کولتوری خۆبەکەمزانینە نەبێت  کە چۆن فاشلترین کەسانێکی لە ئەوروپاوە گەڕاوە،  لە باڵاترین ئۆرگانەکانی کوردیدا جێگای بۆ دەگیرێت و هەزاران بەهرەی بەتوانای ناو هەناوی کۆمەڵگای کوردی لە هیچ شوێنێکدا جێیان نابێتەوە. هەر ئەم هەستی قوربانیبوونە و خۆبەکەمزانینە کارێکی کردووە کە هەر فەرمانبەرێکی ئاسایی دەستگایەکی ئەوروپی لە کوردستاندا، دەبێ سەرکردایەتی و سەرۆکی حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان ببینێت و دەیەها تیپی کامێرا و ڕۆژنامەنووسەکانی حزب چاوپێکەوتنی لەگەڵدا سازکەن. ڕێزگرتن لەوی دی سنوورەکانی خۆی هەیە و زیادەڕەویکردن لە نیشاندانی ڕێزدا جگە لە بێحورمەتیکردن بە خۆ شتێکی دیکە نییە. ئاخر دەمێکە فرۆید ئەوەی ڕاگەیاندووە کە کاتێک تراژیدیا لە قەوارەی خۆی تێدەپەڕێت، دیمەنەکە پێچەوانە دەبێتەوە و دەبێتە کۆمیدیا. 

دوا وتە

 ئەوەی کە دروستکردنی ئینسانی بچووک و خۆبەکەمزان زادەی ژێردەستەیی خەڵکی کوردستانە و هاوکاتیش زادەی  پیشەسازی دروستکردنی قوربانی هەمیشەییە تابازاڕی هێزێکی سیاسی پێ گەرم ڕابگیرێت، دەکرێ لە بوارە جۆراوجۆرەکانی سیاسی و کولتوری و کۆمەڵایەتیدا کاریگەریەکانی ببینرێت. لە ناو ئەو هەموو دیاردانەدا دەکرێ لەناو ئەوەی کە بە دیپلۆماسییەتی کوردی دەناسرێت، سەدان جار زەقتر بێتە پێش چاو. تۆ کاتێک خۆت پێ قوربانییەکی لەت لەتکراوە و بە تەرمی ئەنفال و هەڵەبجەوە لە دەرگای ئەم کۆشک و ئەو مەسئولی دەستی پێنجی ئەو وڵات دەدەیت، وێنەی ئەو سواڵکەرە لە خۆت نیشاندەدەی کە خۆت هیچت پێناکرێت و ئەوە ئەوانن کە دەکرێ فریادڕەست بن. هەڵوێستوەرگرتنی لەم جۆرە هیچ شتێکی لێناکەوێتەوە جگە لە بەهرەمەندبوونی تۆ نەبێت لە تەرازوویەکی هێزی لەخوارتر؛ لە بەڵێ وتن و قبوڵکردنی هەموو شتێکی تری ئەوی دی  و دووبارە گێڕانەوەی ئەم حەکایەتە بۆ ژێردەستەکانی خۆ.  

ئەوەی کە خاڵی دەستپێکردنی من بوو بۆ نووسینی ئەم وتارە، وەک لە ناونیشانەکەیەوە دیارە، هەواڵی بە پاسەوانبوونی بەڕێز “کامەران کەمال بەگ” بوو وەک پاسەوانی مەلەکی لە هۆڵەندە و وێنەی ئەو بە سایتی کوردستان نێتەوە. بۆ من وەک لە سەرەتای وتارەکەوە ئاماژەمپێکرد، وێنەی ئەو تەنها وێنەی کەسێکی سەرکەوتوو نییە کە خوێندنی خۆی تەواو دەکات و بە شتێکی دی دەبێت. بەڵکو لە پشت ئەم وێنە دەموچاو ملێۆنییەوە کولتورێکی گەورە ئامادەیی هەیە کە دەبێ دەستی بۆ ببرێت.  “بۆ یەکەم جار لە مێژووی هۆلەندەدا کوردێک وەک پاسەوانی شەرەفی سەربازی مەلەکی سوێندی یاسایی خوارد” . پەیامی ئەم هەواڵە ڕۆشنە. ئەوەی کە ئەم سەرکەوتنەی بەدەستهێناوە، کوردە وەک نەتەوەیەک، هەر ئەمەشە وا دەکات کە وێنەکە ڕەهەندی فەردییانەی خۆی لەدەستبات و ببێت بە دەمووچاوێکی جەماعی بۆ گروپێک. بەڵام ئەم پەیامە جیا نییە لەپەیامی ئەو کولتورەی کە خاڵی دەستپێکردنەکەی خۆبەکەمزانین و “هیچ نەبوون”ی خۆیە. ئەوەی کە تا دوێنی لەبەرانبەر ئەم هەستە بریندارکراوەی ئینسانی کورددا، دەبوایە ئەو دەست بە داوێنی قارەمانی ساختەوە بگرێت و دڵنەوایی هیچ نەبوونی خۆی لەواندا ببینێتەوە، ئەمڕۆ بە شێوازێکی تر و لە پشت قارەمانێکی “ڕاستەقینە”ی کوردییەوە درێژەی پێدەدرێت. خاڵی جەوهەری لەم کەرنەڤاڵی خۆبەکەمزانین و خۆ پێ هیچ نەبوونەدا، ئینتیمای ئیتنی قارەمانی سەرکەوتوو نییە بەوەی کە مەحمود مەلیجی قارەمانێکی بەکوردکراوە و کامەران کوردی ئەسڵە و خەڵکی شارێکی کوردستانە. بەڵکو خاڵی جەوهەریی و یەکتربڕینی ئەم دوو هێلە لەو شوێنەدایە کە هەردووکیان سیمبوڵی شت بوونی ئینسانی کورد و تێکشکاندنی ئەفسانەکانی هیچ نەبوونی ئینسانی کورد ڕادەگەێنن.  بەڵام ڕاگەیاندنێک کەلەسەر قبوڵکردنی ئەفسانەکانی “هیچ نەبوون”ی ئینسانی کوردەوە دەنگهەڵدەبڕێت.

بە زمانێکی تر،  قبوڵکردنی ئەم شتبوونەی ئینسانی کورد لە ئێستادا و شایی و لۆغان گێڕان بۆی، هیچ شتێک نییە جگە لە مۆرلێدان لە خیتابی هیچ نەبوونی ئینسانی کورد کە کولتوری خۆ بەکەمزانینی ئێمە بەسەرماندا فەرزی کردووە. ئەمە خۆی لە خۆیدا هەنگاوێک نییە بەرەو پێش، بەڵکو لە دوا ئەنجامەکانی خۆیدا بە دووبارە خستنەوەژێرپرسیاری “شت بوون”ی ئینسانی کورد کۆتایی پێدێت کە دەسەڵاتە جۆراوجۆرەکان لەبەرانبەر “شت بوون”ی ئەودا، دەبێ پەیامی ئەوبەکەمزانین و “هیچ نەبوون”ی ئەو بەرزڕاگرن. هاوکاتیش بە مانای نەبینینی ئەو جومگە گەشانەی ناو کۆمەڵگای کوردییە کە ڕۆژانە ئەم فەرهەنکی خۆبەکەمزانینە ژێر پێ دەنێن  کە خیتابی “قوربانیبوون”ی کورد وامان لێدەکات تا دەموچاوەکانیان نەبینین.  شایی و لۆغان گێڕان بۆ سەرکەوتنی قارەمانێکی کورد کە بە شت بووە، مانەوەیە لەناو چوارچێوەکانی سنووری قوربانییەکی بێدەنگ و سوتێندراوی دەسەڵاتێکی سەرکوتگەردا نەک قوربانییەک کە جەستەی بە خۆڵەمێشیش دەکرێ و هێشتاکە هەست و نەستی دژە ئاگر بوونی گەرمی دەهاوێژێ و دەسەڵاتەکەی دەتۆقێنێ.   

بوون بە شتی کورد لە ڕێگای وێنەیەکەوە کە دەموچاوە فەردییەکەی لە دەستدەدات و دەبێتە وێنەیەکی گشتی بۆ کورد، لە کۆتایدا پەیوەستدەبێتەوە بەو وێنە دزێو و زەلیلەوەی کە دەسەڵات، بە دەرەکی و خۆماڵییەوە بۆ ئینسانی کوردی کێشاوە. بەوەی کە بەرژەوەندیەکانی هێزێکی سیاسی بە دەرەکی و خۆماڵییەوە وادەخوازێ کە ئێمە قوربانی بین و ڕۆحییەتی شۆڕشگێڕانەمان بکرێتە خۆَلەمێش و حورمەتی ئینسانیمان لەناو تەموومژەکانی “هیچ نەبوون”دا وونبێت، ناکرێ بەهۆی ئەم پرۆژەی “دیلکردنی ئێمە لە ناو کولتوری قوربانی”بووندا چاومان ببەستێتەوە و ناچارمانکات تا بەم  کەرنەڤاڵی خۆبەکەمزانینەوە پەیوەست بین.

شەڕکردن لەبەرانبەر دەسەڵاتە سەرکوتگەرەکانی کوردستاندا، تەنها لە بواری خەباتی چەکداریدا نییە و ناکرێ دژی ئەو کولتوری خۆبەکەمزانینە نەجەنگێیـت کە کاریگەرییەکانی لە زیانە فیزیکییەکانی ئینسان کەمتر نییە.

بەڵام وێنەی کامەران کەمال بەگ دەکرا و دەشیا لە پەیوەندییەکی تردا بەرجەستە بکرێتەوە ئەویش لە پەیوەند بە ئاستی قبوڵکردنی ئەو کۆمەڵگایەی کە ئەوی تیادەژی. ئەوەی کە وێنەی کامەران دەکاتەوە بە وێنەیەکی شەخسی، قبوڵکردنی ئەوە لە ناو کۆمەڵگایەکی “قژزەرد و چاو کاڵ”دا کە حورمەتی ئینسانی هاوڵاتییەکانی بەلاوە گرنگرنترە لە پێشینە  ئیتنی و ئاینی و کولتورییەکانیانیان. بوونی کامەران لەناو پاسەوانانی مەلەکی هۆلەندادا، گێڕەرەوەی ئەو ڕووە گەشەی کۆمەڵگای هۆلەندییە کە دەکرێ “سەرڕەشێک” لە ئاستێکی تری کارکردندا قبوڵبکات.   

 

بۆ نووسینی ئەم وتارە کەڵک لەم دوو سەرچاوەیەی خوارەوە وەرگیراوە.

    26 نۆڤێمبەری 2002

 

 Norman Finkelstein،  2001،  Förintelseindustrin -Ordfront

 Isabel Fonseca  2000،  Begrav mig stående  Órdfront

 

 
 

 

Check Also

ئاپۆکالیپس لە “سەرما و بەرد”ی دلاوەر قەرەداغیدا

بەکر ئەحمەد: لە فیستیڤاڵی فیلمی ٢٠١٨ ی یۆتۆبۆریدا، چەترێک وەک ناونیشان کۆمەڵێک تەوەری ناوەرۆکی فیلمەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *