کارەساتی خۆپیشاندانی هەزاران کەسی شاری هەڵەبجە و سووتاندنی مۆنیومێنتی هەڵەبجە،رووداوێکی زۆر گرنگی ئەم چرکى ساتە مێژووییەی کۆمەڵگای کوردوستانە. لەگەڵ دووکەڵی ڕەشی مۆنیومێنتی هەڵەبجەدا خەریکە مێژووییەکی گەورەی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد، لەباری سیمبوڵییەوە دەخرێتە ژێر پرسیار. ئەویش لە ڕێگەی دەستبردنەوە بۆ پرۆسەی لێسەندنەوەی شەهیدەکان لە دەسەڵاتی ئەو هێزە سیاسیەی کە هەموو خەسڵەتێکی فەردی لەوان داتەکاندووە و کردوونی بە موڵکی خۆ. بە واتایەکی دی، کاتێک کوڕوکچی قوربانییەکانی هەڵەبجە لە ماوەی زیاتر لە مانگێکدا بە دەسەڵاتی ڕادەگەێنن لە مەراسیمی ئازیزەکانی ئەواندا فرمیسَک هەڵنەڕێژن و بۆیان نییە بێنە شارەوە، بەم پەیمانەی خۆیانەوە پەیوەستدەبن ، لە ڕێی چاوەکانی کامێراشەوە، نەک هەر خەڵکی کورد، بەڵکو هەموو جیهان ئەم ڕووداوە دەبینێت.
. هاوکاتیش ڕەوتی ڕووداوەکان خەریکە بەو ئاڕاستانەدا دەبرێت کە دەستێکی نهێنی لە پشت ڕووداوەکەوە هەبێت. ئەوەیشی کە گرنگییەکی گەورە بەم ڕووداوە دەدات، نەک سووتاندنی مۆنیومێنتی هەڵەبجەیە، بەڵکو ئەو بڕیاردانە گرنگ وسنوورجیاکەرەوەیە کە خەڵکی هەڵەبجە لە ڕێگەی “خۆبەخاوەنکردنەوە”ی قوربانییەکانی خۆیانەوە، دەیانەوێ ئەم موڵکدارێتییەی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد بۆ شەهیدەکانی هەڵەبجە کۆتایی پێ بێت.
بەڵام چیرۆکی “دەستێکی نهێنی”، دەیەوێ ئەم حەکایەتەمان بە جۆرێک بۆ بگێڕێتەوە تا تەواوی ڕەوتی ڕووداوەکان و مەغزا گرنگەکەی بشادرێتەوە و ڕووداوەکان و دەرئەنجامەکانی بەو جۆرە تەفسیر بکرێت کە دەسەڵات خوازیاریەتی.
هەر بۆیەش “دەستێکی نهێنی”، خەریکە خودبەخود جێگە بە دەستەواژەی “تابووری پێنج” دەگرێتەوە و لە ژیانی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەمڕۆکەی کۆمەڵگای کوردستاندا وەک کابووسێک بە سەر سەرییانەوە تارمایی دادەنێت.
کۆششی من لەم وتارەدا، گەڕانە بە شوێن ئەو مەغزا سیمبوڵییانەی کە دوکەڵی مۆنیومێنتی هەڵەبجە بە ڕەشی و لەسەر سینەی ئاسمانی ساماڵی شانزەی سێی 2006 دا دەینوسێتەوە. هەر بۆیەش “دەستێکی نهێنی”، لە پەیوەند بە سووتاندنی مۆنیومێنتی هەڵەبجەدا، ئاماژەیەکی بەر دەکەوێت و ئەو ڕقو توڕەییەی کە دەڵێ” ئەم مۆنیومێنتە بەڵای گیانی ئێمەیەو باشتر وایە هەر نەمێنێت”، جێگایەکی تایبەتی.
دەستێکی نهێنی و دوژمن دروستکردن
دەستێکی نهێنی لەمڕۆدا بووەتە وتەزای ئەو دوژمنەی کە لە کۆمەڵگای کوردیدا بوونی هەیە و ناوی نییە. لانی کەم ئەگەر چیرۆکی دەسەڵات سەرچاوەی تەفسیرکردنی “دەستە نهێنی”یەکە بێت. لە باشترین حاڵەتەکانیشدا، ڕوخساری ئەم دەستە نهێنییە بۆ زۆربەی زۆری کۆمەڵانی خەڵکی کوردوستان لەبەرچاودایە. بە جیا لە ئەنسارولئیسلام، کە بە جۆرێک دەستەکەی ئاشکرایە و ڕاشکاوانە دەستی خۆی ڕاگەیاندووە، ئێمە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک دەستی ترین کە دەسەڵاتی کوردی لە هەردوو ناوچەکەدا، هەم دەنگییان لەگەڵدا دەگۆڕێتەوە و هەمیش لەسەر کیسەی یەکتری دەژین. بە زمانێکی تر، تەواوی ڕەوتە جیاوازەکانی ئیسلامی سیاسی کە تۆڕێکی گەورە لە سازمان و ئەحزابی جۆراوجۆر لە خۆی دەگرێت، ناویان هەیە، ڕۆژنامەیان هەیە، بەر پرسییارانیان لە کەناڵە ئاسمانی و ئەرزییەکانەوە دەنگ و ڕەنگی خۆیان هەیە، دەگرێتەوە.
“ئەم مۆنیومێتە دەبێت بسوتێنرێت چونکە بە مەعبەد وەسفدەکرێت”، گێڕەرەوەی وتەکانی ئەم دەستە نهێنییەیە. بەڵام ئەم دەستە پێویستی بە قەڵەباڵغییەکی گەورەی وەک ڕۆژی شانزەی سێ نییە تا ئەم کارەی ئەنجامبدات. چونکە هێندە سەربازانی گیان لەسەر دەستی بۆمبی ئینسانی لەبەر دەستدایە، کە زۆر ئاسان ئەنجامدەدرێت.
گوتاری “لە مەعبەدچوونی” مۆنیومێتی هەڵەبجە، شتێک نییە لە شانزەی سێدا بەرجەستە بوو بێت، بەڵکو بۆ دەسەڵاتێک کە ئاسان ڕابەرانی خۆپیشاندانەکانی هەڵەبجە دەناسێتەوە و ڕاپێچی زیندانییان دەکات، بۆ ئەرکی خستە ژێر کۆنترۆڵکردنی ئەو هێزانە ناگرێت ئەستۆی خۆی؟ بۆ لە گەڵ ئامادەیی ئەم هەڕەشەیدا، هیچ ئیقدامێکی ئەمنی نیشاننادات و لە باری سەربازییەوە ، ئەم مۆنیومێنتە ناپارێزێت کاتێک لە ماوەی مانگێک زیاتردا دەزانرێت کە ئەو خۆپیشاندانە ئەنجامدەدرێت؟
بە بڕوای من، لەگەڵ دڕندەیی هێزەکانی ئیسلامی سیاسییدا، پێم وا نییە بزووێنەری سەرەکی سووتاندنی مۆنیومێنت، هێزەکانی دژی مەعبەد بن. بەڵام ئەگەرێکە و تا ڕوونبوونەوەی لایەنی زیاتری ئەم کێشەیە، لەلایەن دەسەڵاتەوە تاکە تەفسیرکەری ئەم ڕووداوەیە. هەر بۆیەش دەسەڵاتی کوردی لەبەرانبەر گەورەیی ئەم سکانداڵە ناوخۆیی و جیهانییەدا، بە شوێن دروستکردنی دوژمنێکەوەیە، کە لە هەموو دوژمەکانی دیکە زیاتر لەبەردەستدایە.
هەڵبژاردنی دوژمنێک لە سەربازانی ئیسلامی سیاسی بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتییان بخاتە ئەستۆ، یەکلاکردنەوەی حساباتێکی سیاسی دیکەیە کە لە خۆپیشاندانی ڕۆژی یادی هەڵەبجەوە سەرچاوە ناگرێت. هاوکات بە داتاشینی ڕوخسارێکی تایبەتی بۆ ئەو دەستەی لە پشت سووتاندنی مۆنیومێتی هەڵەبجەوەیە، سەرجەمی پەیامی ناڕەزایەتی هەڵەبجەییەکان وندەبێت و فشاری قورسی ئەم سکانداڵە سیاسییە لە ئاستی نێو نەتەوایەتیدا، کەمتر دەکاتەوە. ئاخر هێشتا قسە لەسەر دەستێکی شاراوە لە ئارادا نییە، کەچی کۆردۆ باکسی، بە ئاژانسی “تی تی” سوید ڕادەگەێنێت کە “تێرۆریستەکان” لە پشت ئەنجامدانی ئەم کارەوەن. بە واتایەکی دی، گوتاری دەستی شاراوە، نەک تەنها کار لەسەر خاڵیکردنەوەی ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی ناڕەزایەتییەکانی جەماوەر دەکات، بەڵکو ئەو ترس و دڵەڕاوکییەش لای کۆمەڵانی خۆپیشاندەر دروستدەکات، کە خۆی لە قەرەی هیچ خۆپیشاندانێکی دیکە نەدات و دەمی ناڕەزایەتییەکانی ببەستێت. یەکێک لەو جومگە گرنگانەی کە یاساکانی “دژی تێرۆر” لە ئەمریکا و وڵاتە ئەوروپییەکان هێناویەتە ئاراوە، هەر ئەو خاڵەیە کە هاوڵاتییان دەبێ لەبەرانبەر هەڕەشەی “تێرۆریزمدا” دەسبەرداری بەشێکی زۆر لە ئازادییە سیاسی و فەردی و مەدەنییەکانی خۆیان بن. دەستی شاراوە، بە جیا لەو پەیامەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، بۆ لێسەندنەوەی ئەو ئازادییانەی ترە کە ئێمە پێمان وایە، هەمانە و هێشتا نەکەوتووینەتە جەنگی دووبارە وەرگرتنەوەیان.
دەستێکی دیکەی شاراوە و ڕوخسارێکی دیار
ئەگەر مەبەستی سەرەکی خۆپیشاندەرانی هەڵەبجەیش، نەسووتاندنی مۆنیومێنت بێت، ئەوا ڕەوتی خۆپیشاندان و تەقەکردنی هێزەکانی ئاسایش، جەبرێکی تایبەتی دروستدەکات کە مۆنیومێت دەبێ بسووتێنرێت. کەسێک دەیەوێت لە چۆنێتی سووتاندنی مۆنیومێنت و چرکەساتی پەلاماری خۆپیشاندەران ئاگاداربێت، دەتوانێت گوێبیستی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی ڕادیۆی هاوپشتی بێت، کە ڕۆژی 18ی مارسی 2006 ، لەگەڵ کەسانێک لە ڕابەرانی خۆپیشاندانەکە ئەنجامدراوە.
چەندین جار و لە بۆنەی جۆراوجۆردا، هەڵوێستی خەڵکی هەڵەبجە لەسەر شوێنی مۆنیومێنتی هەڵەبجە، وتار و سکاڵای جۆراوجۆری بەرهەمهێناوە و بڵاوکراوەتەوە. بۆچی ئەم مۆنیومێنتە لە خوارەوە و دەرەوەی شاردا دروستکراوە؟ پرسیاری ئەو کورتیلە نامانە بوون کە لە گۆڤار و ڕۆژنامە جۆراوجۆرەکانی ناوخۆدا بڵاوکراونەتەوە. سادەترین دەربڕینێکیش کە ئەو وتارانە ئاماژەی پێدەدەن، لەسەر “شوێنی مۆنیونێنتی هەڵەبجەیە”. شوێنێک کە ڕەمزی مەرگەساتەکانی قوربانییە و نزیکایەتییەکی گەورەی لەگەڵ وێنەی مەسیحی سەر خاچدا هەیە.
“مەسیحی قوربانی بەسەر خاچەوە، هێندەی جێگایەکی گەورە و ئەفسووناوی داگیردەگات، کە ئیتر ئینسان ناتوانێت ئەو جیهانە لە خاچ ببینێت کە لە پشت خاچەکەی ئەوەوەن و ئاینی مەسیحی خوڵقاندوویەتی. وێنەی مەسیحی قوربانی دەبێتە هێند وێنەیەکی گەورە کە ئیتر قوربانییەکانی مەسیحییەت توانی دەنگهەڵبڕیینییان نابیت و بە ژمارەی ملیۆنی خاچەکانییانەوە، ناتوانن سامی خاچی مەسیح بشکێنن” (1)
بۆ هەڵەبجەییەکان، مۆنیومێنتی هەڵەبجە دەبێتە مۆنیومێنتی ئەو دەموچاو جەستە بەگازخنکێنراوانەی کە لە شانزەی سێی 1988وە هێشتاکە نەنێژراون. واتا دەبێتە مۆنیومێنتی ئەو کوژراوانەی ئەمان هەموو ڕۆژێک بە جەستەی نەناژراویاندا دەڕوانن. واتا مۆنیومێنت، وەک خاچەکەی مەسیح، لە ڕۆژی دروستکردنییەوە ڕێگرییەکی گەورەی پێکهێناوە تا ژیانی ئەو دیوی مۆنیومێنت نەبینرێت. بۆیە مۆنیومێنت بۆ خەڵکی هەڵەبجە، ئەو دیوارەیە کە بە هۆیەوە ژیانی واقعی هەڵەبجەییەکان کە لە پەراوێز و نەبوونیدا خۆی دەبینێتەوە، بە شاراوەیی بهێڵرێتەوە. بۆ ئەوەی ئەم مەینەتئاوایە ببینرێت، دەبێت سەرنجی چاوەکان و کامێراکان بۆ ئەو شوێنە ڕابکێشرێت کە باڵای بەرزی مۆنیونێنت ڕێگا نادات دەرکەوێت. مۆنیومێنتی هەڵەبجە لە دیدی قوربانی خۆیەوە بۆ وێنەی خۆی وەک قوربانییەک، نەک وێنەی کورد بۆ هەڵەبجە، گەلێک تایبەتمەندی هەیە، کە ئەگەر وەک قوربانی لێی نەڕوانرێت ناتوانرێت درکی پێبکرێت. بۆیەش بۆئەوەی گۆڕستانی لەخاچدراوەکانی مەسیحییەت دەرکەوێت، دەبێت مەسیح بۆ ساتێکیش بێت، لە خاچ بهێنرێتە خوار. ئەوەیشی توانای بینینی ملیۆنەها ئینسانی دیکەی هەیە کە لە پشت خاچەکەی مەسیحەوەن، ئەو دیدەیە کە لە چاوی قوربانییەکانی مەسیحەتەوە دەڕوانێتە وێنەی مەسیح. .
من لە وتاری” قوربانییەکانی من لە هەڵەبجەدا، موڵکی گشت نین” (2)، ئاماژە بە پرۆسەی لە خۆنامۆبوونی هەڵەبجە دەکەم کە لە شانزەىسێوە، بە دەستییەوە دەناڵێنێت. لە خۆنامۆبوونێک کە بە کورتییەکەی لە هەڵەبجەی ناو فەنتازیا و هەڵەبجەی ناو واقعدا چڕم کردۆتەوە. هەڵەبجەی ناو فانتازیا، بەو هەڵەبجەیە ناودەبەم، کە ئێمە وەک کورد لە فەنتازیای خۆماندا جێگایەکی تایبەتییمان بۆ داناوە و باشترین کارەکتەرەکانی ئەو مەرگپەرستییە ڕووتەیە کە لە شانزەی سێدا، نیشانی دەدەین. هەڵەبجەی ناو واقعیش، هەڵەبجەی ئەو هەڵەبجەییە زیندووانەیە کە گازی کیمیاوی نەیکوشتوون و نەبوونی و لەپەراوێزداکەوتنییان، تایبەتمەندییەکی ڕۆژانەیانە. هەڵەبجەیەک کە تەرمی قوربانییەکانی چیدی هی خۆی نین و لە مامەڵە و سەودای سیاسەتدا، کەسێکی دیکە خاوەنییەتی.
لە شانزەی سێوە، تەرمی قوربانییەکانی هەڵەبجە بەسەر شانی بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کوردەوەیە و پایتەخت بە پایتەخت، شار بە شار و وڵات بە وڵات دەگێڕدرێت.
لە شانزەی سێی 1988وە، ئێمە لەبەرانبەر پیشەسازی قوربانیسازکردنێکداین لە هەڵەبجە کە دەربڕینی سادەی جەماوەر بۆی” هەڵەبجە بۆتە توورەکەی سواڵی حزبە کوردییەکان”، بە گوێی کەسمان نامۆ نییە.
هەر بۆیەش مەسافەیەکی گەورە لە نێوان مۆنیومێنت و هەڵەبجەی ناو واقعی پشتی مۆنیومێتەوە دروستبووە. مەسافەیەک کە لەخۆنامۆبوونی هەڵەبجەییەکان سادەترین دەربڕینی ئەو دۆخەیە. بەلەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی کە هەڵەبجەییە زیندووەکانی ئەمڕۆکە خۆیانی تیا دەبیننەوە، سووتاندنی مۆنیومێت، پرۆسەی خۆدەربازکردنێکی سروشتی ئەم ئینسانانەیە لەو دۆخە نامۆییە گەورەیەی ئەوان کە لە شانزەی سێوە بە دەستییەوە دەنالێنن.
بۆیەش سووتاندننی مۆنیۆمێنت، ناشتنی تەرمی ئەو قوربانیانەیە کە بە هۆیەوە دەسەڵاتێک لە نیشاندانی ئەواندا، سەرچاوەیەکی گەورەی ئیمکاناتە مادیی و سیمبوڵییەکانی خۆی بەرهەمدەهێنێتەوە. واتا ئەگەر مۆنیومێنت، لەلایەکەوە سەرچاوەی سەروەت و سامانێکە کە بەسەر کەسانی دیدا دەڕژێت و لەمبەریشەوە نەهامەتی کۆدەبێتەوە، کەواتە هۆکاری مانەوەی چییە؟ سووتاندنی مۆنیومێنت، واتا سروشتیکردنەوەی ئەو پەیوەندییەیە کە قوربانی بە وێنەی خۆیەوە دەبەستێتەوە و لە شوناسی ڕاستەقینەی خۆی نزیکدەکاتەوە کە هەڵەبجەی ناو واقیعە.
بەڵام درکاندنی ئەم ڕاستییە کارێکی وا ئاسان نییە. بە تایبەت لە دۆخێکدا کە کۆمەڵێک بە دەمووچاوی ئاشکراوە بێنە سەر شاشەی تێڤێکان و ئەم ڕاستییە بدرکێنرێت و زیندانەکان چاوەڕوانی ئەوان بکات. ئەگەرچی لەپاش ئەو بۆمبارانە خەستەی مێدیای دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کوردییەوە، ئەم پەیامە بەڕۆشنی لێرە و لەوێ درکێندراوە.
بەڵام ئەمە یەکەمجار نییە کە ئیسان پەلاماری ناسکترین لاپەڕەکانی مێژووی خۆی دەدات و گڕی تێبەردەدات. بەڵکو دۆخی هۆلۆکۆستی جووەکان کۆمەڵێک نموونەی زیندومان دەخاتە بەر دەست.ئەگەر لە دۆخی تووڕەیی جووەکاندا، هیچ مۆنیومێنتێکی زیندوو نەسووتێنراوە، بەڵام لە ئاستی مەعریفە و لێکۆڵینەوەی ئەو مێژووەدا، دوکەڵی سووتاندنە مێژوویەکەی هۆڵۆکۆستی جووەکان، لە دوکەڵی مۆنیومێنتی هەڵەبجە کەمتر نییە. بە واتایەکی دی، ئەگەر ئاستی لێکۆڵینەوە و شکاندنی تابووەکان بۆ ڕووناکبیرانی جوو فەراهامە، ئەوە دەکرا ئەم پرۆسەی سووتاندنی مۆنیومێنتی هەڵەبجە، سووتاندنێکی ڕەمزییانە بوایە، نەوەکو جەبری چەکڕاکێشان، ئەم دۆخە تازەیەی بهێنایەتە ئاراوە. بەڵام هەڵوێستی ڕۆشنی هەڵەبجەییەکان لە مەراسیمی دەسەڵات کە نابێت لە شانزەی سێی 2006دا بگیرێت، خستنەوەژێر پرسیاری خودی مۆنیومێنتە کە چیدی ناتوانێت خاوەنی ئەو سیحرە بێت و تەنانەت خەڵکیش لە پەیمانی خۆی پەشیمانکاتەوە. واتا بەرلەوەی مۆنیومێنت لە باری واقعییەوە دوکەڵی تێبەردرێت، لە باری سیمبوڵییەوە، بە و پەیمانە، ئاگری تێبەردرا.
پێتەر نۆڤیچ و سووتاندنی مێژووی هۆلۆکۆست
تێزێکی تیۆری کە نۆڤێچ ، پرۆفیسۆری شیگاغۆ کە لەسەرجەمی لێکۆڵینەوەکانیدا دەگەڕێتەوە سەری ئەوەیە کە:” ئەو جووە گەردوونییەی کە بەشێکی گەورەی نووسەرانی جوو بانگەوازی بۆدەکەن لەدوای هۆڵۆکۆستەوە، گۆڕدراوە بە بڕوا بوون بە خۆجیاکرنەوەی جوو و قوربانیسازکردن لەو” هەر بۆیەش دەستەواژەیەکی لە چەشنی ئەمەی خوارەوە، دەبێتە دەرئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە نۆڤێچ بە دەستی هێناون:” (3) هۆکاری مانەوەی جووەکان لەمڕۆدا ، زیاتر پەیوەندی بە هیتلەرەوە هەیە تاوەک خواند”
چ تراژیدیایەک و گڕتێبەردانێکی ویژدانییە کاتێک کەسێکی جوو بێت و ئاوا ڕاشکاوانە بڵێ: ئەگەر جوولەکە لەمڕۆدا زیندووە، هۆکاری مانەوەکەی پەیوەستە بە هیتلەرەوە نەوەک بە قودرەتێکی ئیلاهییەوە. واتا ئەوە هیتلەرە کە جووەکانی ڕزگارکرد نەوەک خودا. ئەگەر کەمێک دەماری هەست ونەستەکان گرژنەکەین وردتر لەم دەربڕینە سەرنج بدەین، هەستدەکرێت کۆمەڵێک ڕاستی شاراوەی تێدایە کە ناکرێ فەرامۆش بکرێن. ئەگەر چی هیتلەر، بە قڕکەری جووەکان دەناسرێت و کورەکانی ئینسانسووتاندنی ئاوشویتش بە ناوچەوانی هیتلەر و نازیزمی ئەڵمانییەوە، وەک لەکەیەکی شەرمازاری دەمێنێتەوە، بەڵام بە دیوێکی تریشیدا، ناسیونالیزمی جوو، لەسەر بە پیشەسازی قوربانیدروستکردنی جووەکان، جوویەکی ئەزەلی و ئەبەدی خوڵقاندووە.
بە دەربڕینێکی دی، ئەگەر جوو لەمڕۆدا بوونێکی گەردوونی هەیە، ئەوە ئەم سوپاسگوزارییە بۆ هیتلەر دەگەرێتەوە کە بە قەتلوعامی ئەوان، ناوی جووی هەمیشە زیندوو ڕاگرت. ئەوەیشی ڕەهەندێکی زیندووگەراییانە بە جووی گەردوونی دوای هۆڵۆکۆست دەبەخشێت، ناسیونالیزمی جووە کە لە تەرمی قوربانییەکانی ئاوشویتش گەورەترین پیشەسازی قوربانیدروستکردنی وەگەڕخستووە و ئەم پیشەسازییەشی وەک گوتارێکی سیاسی لە ناو چوارچێوە ئایدیۆلۆژییەکانی ناسیونالیزمی جوودا، جێکردۆتەوە.
ئەگەر لەم گۆشە نیگایەوە سەرنجی کارەساتی هەڵەبجە بدەین، ئەوا دەتواننی بڵێین کە قەتڵوعامی خەڵکی هەڵەبجە، دەبێتە یەکێک لە شادەمارە گەورەکانی ئەو بزووتنەوە سیاسییەی کە هەڵەبجەی کردۆتە هی خۆی و سروتێکی ئاینی موقەدەسی لە گوتاری کەرنەڤاڵە حزبییەکانی دەسەڵاتی کوردی بۆ خوڵقاندووە. هەر بۆیەش لە هیچ تاکێکی کوردی قبوڵناکات بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە لەم کەرنەڤاڵی مەرگپەرستییەی دەسەڵاتی کوردی بڕوانێت.
بۆیە بە جەختکردنەوە لە تێڕوانینی نۆڤیچ، ئەمجارەیان بە لەبەرچاوگرتنی قەتلوعامی کوردەکان لە هەڵەبجەدا، ئەوا سەددام، هەم جەللادە و هەمیش ڕزگاریکەری کوردەکان. واتا جەللادێک کە قەتڵوعام دەکات و ڕزگاریکەرێکێش کە ناوی کورد لە ئاستێکی نێونەتەوایەتیدا، وەک قوربانییەکی هەمیشەیی، لە ناوشیاری دەستەجەمعی خەڵکی جیهاندا جێدەخات. لەگەڵ جێکەوتنی کوردی قوربانیدایە لە ئاستێکی نێونەتەوایەتیدا، کە ناسیونالیزمی کورد دەبێتە دەمڕاستی ئەم قوربانییانە و پیشەسازی دووبارە قوربانیدروستکردن لە کورد، دەبێتە یەکێک لە جومگە گەورەکانی گوتاری ناسیونالیزمی کوردی. بە مانایەکی دیکە، ئەگەر سەددام لە جینۆسایدی کوردەکاندا، دەبێتە ئەو ڕزگاریکەرەی کە ناوی کورد لە ئاستێکی نێونەتەوایەتیدا لە ونبوون و فەرامۆشکردنەوەیەکی گەورەی جیهانیدا ڕزگاردەکات، ئەوا دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کوردیش وەک هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن، لە کەناری گوومناو بوون و تەنانەت بێناوبوونی خۆیەوە، لە ڕێگەی قوربانییەکانی هەڵەبجەوە، ڕزگار دەبێت و ناو و شوناس و جێگەیەکی گەورەتر لە هاوکێشە نێونەتەوایەتییەکاندا داگیردەکات. لێرەوەیە کە کارەساتی شانزەی سێی 2006، گەورەترین ئەزمەی ئەخلاقی بۆ ناسیونالیزمی کورد دروستدەکات. مەگەر بۆ قوربانی ڕادەپەڕێت و محامی و دەمڕاستی خۆی دەخاتە بەر پەلامارێکی ئاوا ئاشکرای بەر چاوی کامێراکانی جیهان؟
بۆ ئەو کوردانەی کە لە کۆتایی هەشتکاندا لە ئەوروپا ژیاون، بە جۆرێکی زۆر سەرنجڕاکێش سەرگوزشتەی ئەم خوێنڕێژییەی سەددام دەگێردرێتەوە کاتێک دوای وەستانی جەنگ هەواڵی ماڵوێرانییەکانی کوردوستان جێگایەکی ئەوتۆی مێدیای جیهانی داگیرناکات . هەر بۆیەش بە قسەی یەکێک لە کادرەکانی ئەم حزبانە:” ئەو ڕۆژگارە نە خۆپیشاندانمان ما، نە هیچ چالاکییەکی دیکەی سیاسی، ئاخر لە گەڵ قەتلوعامی خەڵکی کوردوستان، ئاسان خەڵک دەهێنرایە سەر شەقام و جوڵەیەکی بە کوردانی دەرەوە دەدا. لەگەڵ نەمانی خوێنڕشتن بە و شێوەیەی لە هەڵەبجەدا بینرا، چالاکی سیاسی ئێمەش، کۆتایی پێهات.”
واتا ئەو سیستەمی قوربانیسازکردنەی بەعس لە مێژووی ڕەشی خۆیدا بەرانبەر خەڵکی کوردستان تۆماری دەکات، بە جۆرێک لە جۆرەکان دەبێتە هۆکاری ڕزگاریبەخشی خودی ناسیونالیزمی کوردیش . هەر بۆیەش پیشەسازی قوربانیدروستکردن دەبێتە یەکێک لە پرۆژە گرنگەکانی دووبارە خۆپێناسەکردنەوەی دەسەڵاتی حزبی ناسیونالیزم و بەبێ ئەم مێژووە خوێناوییەی خەڵکی کوردوستان، ئەم دەسەڵاتە هیچ شتێکی دیکە شکنابات بۆ خۆ ناساندنی بە جەماوەر. واتا ئەگەر لیستی قوربانییەکانی خەڵکی کوردوستان لە ناسیونالیزمی کورد بسەندرێتەوە، ئەم دەسەڵاتە هیچ شتێکی دیکەی نییە خۆی پێوە با بدات. ئەوەی لە شانزەی سێی 2006دا دەگوزەرێت، کۆششێکی کەمی لەشکری قوربانییەکانی کوردە بۆ ئەوەی کوژراوەکانی بکاتەوە بە موڵکی خۆیی و ئەم کۆنتراکتە ئەزەلییە، لانی کەم لە بڕگەیەکی ناسکیدا، هەڵوەشێنێتەوە.
هەر بۆیە، هێندەی هەڵەبجە گوڕ و تین بە بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کورد دەدات، ئەنفال ئەو توانایەی نییە. ئاخر هەڵەبجە هەم لەباری شوێنی تراژیدیاکە و هەمیش لەباری دۆکۆمێنتە وێنەییەکانی کە لەسەری هەیە، زیاتر هەستەکان دەبزووێنێت وەک لە ئەنفال. سەیریش نییە لە گەرمەی جەنگی عێراق و ئەمریکادا، ناسیونالیزمی کورد کەسانێکی سەر بە حزب و بزووتنەوەکەی خۆی دەباتە لای جۆرج بۆش و حەقانییەتێکی تری ئەخلاقی بە پەلاماری ئەمریکا بۆ سەر عێراق دەبەخشێت. بەڵام لە شانزەی سێی 2006دا، ئێمە ڕووبەڕووی وەرچەرخانێکی دیکەی گەورەین لە پەیوەند بە پەیوەندی نێوان ماتەمی قوربانی بۆ کۆستی خۆی و ماتەمی دەسەڵاتێکی حزبی بۆ ئەم کۆستە.
لە شانزەی سێی 2006دا، قوربانی دەیەوێت ببێتەوە بە خاوەنی کوژراوەکانی خۆی و ڕێگەنەدات هیچ هێزێکی تر بەبەرچاوی کەسوکاری قوربانییەکانەوە، ئەم قەتاری جەنازانە بگێڕێت. بەبڕوای من، ئەگەر مۆنیومێنی هەڵەبجەش نەسوتێنرایە، هەڵوێستوەرگرتنی زیاتر لە پێنج هەزاری خەڵکی هەڵەبجە کە هیچ دەسەڵاتێکی حزبی بۆی نییە لەو ڕۆژەدا بێتە ناو شارەوە و کەرنەڤاڵە مەرگپەرستییەیکەی خۆی درێژە پێبدات، هیچ لە گەورەیی پەیامی خۆپیشاندانی هەڵەبجە کەمناکاتەوە. ئەگەر چی ئەم پەیامە، خەریکە لەژێر تەپووتۆزی دروستکردنی دەمووچاوێکی دیاریکراودا بۆ دوژمنێکی “دەستدار”، تەواوی ماناکانی خۆی وندەکات. هاوکاتیش ئەمڕۆژە، سنوورجیاکردنەوەیەکی گەورەی مێژووییە کە دەلالەتە سیمبوڵییەکانی لە دووبارە هارمۆنیکردنەوەی پەیوەندیەکی فەردییانەی کەسوکاری قوربانییەکانە بە ئازیزە لەدەسچووەکانی خۆیانەوە.
واتا پاش هەژدە ساڵ، کەسوکاری قوربانییەکانی هەڵەبجە، دەیانەوێت ببنەوە بە خاوەنی قوربانییەکانی خۆیان و کۆتایی بەم مەرگپەرستییە بازرگانیئاسایەی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد بهێنن. هەر بۆیەش، دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد تووشی گەورەترین شۆکی مێژووی خۆی دەبێت و دەبێت بیسەلمێنێت ئەو خێڵی شەهیدەکانی من نین کە لێم یاخیبوون.
دەرئەنجامەکان
بەبڕوای من، ئەو پەیامەی خۆپیشاندانی شانزەی سێی 2006 دەیەوێت پێمان بڵێت، بە جیا لەوەی مۆنیومێنتی هەڵەبجە بسوتێنرایە یاخود نا، خستنەوە ژێرپرسیاری یەکێک لە گەورەترین موقەدەساتەکانی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کوردە کە تا ئاستێکی گەورەی کۆمەڵایەتی توانیویەتی، بە موقەدەساتی خەڵکی بناسێنێت. بەڵام پرسیار ئەوەیە: کاتێک خاوەنی قوربانییەکانی کارەساتی هەڵەبجە لە شانزەی سێدا، پێماندەڵێن: دەمانەوێ ئەم تەرمانە لە دەستی ئەوان دەربهێنین کە بازرگانی بە تەرمەکانی ئێمەوە دەکەن، ئیتر تەواوی سیستەمی یادکردنەوەی ئێمە بۆ هەڵەبجە دەکەوێتە ژێر پرسیار. کاتێک کەسێک دەڵێ: لە سەرەخۆشی مەرگی باوک و خوشک وبراکانمدا، خۆم پرسەی ماتەمینی دادەنێم و بۆ کەسی دی نییە بێتە پرسەی ماتەمینی منەوە، چ عەزابێکی قوڵ و شەرمەزارییەکی گەورە داماندەگرێت.؟ ئەوەی تا ئێستا ئێمە بۆ هەڵەبجەی دەکەین، لە کوێی ئەم لۆژیکە تازەیەی هەڵەبجەییەکاندا جێدەبێتەوە؟
لە کۆتاییدا دەمەوێ ئەوە بڵێم: لە کارەساتی یانزەی سێپتێمبەردا، یەکێک لە گرنگترین سیمبوڵە عەسکەرییەکانی ئەمریکا کەوتە ژێر پرسیار. بەوەی کە ئەفسانەی تواناییەکانی ئەمریکا هێندە گەورە دەکرێتەوە کە دەربڕینێکی لە چەشنی ئەوەی کە ئەگەر چۆلەکە بەسەر کۆشکی سپیدا بفڕێت، دەستگا ئەمنییەکانی ئەمریکا کەشفی دەکەن، لەگەڵ پۆلی ئەو فڕۆکانەدا کە خۆیان دەکەن بە تاوەرەکانی نیویۆرک و پەنتاگۆندا، ئەم ئەفسانەیە هاڕەدەکات. هەر بۆیەش بەبێ هەڵوێستوەرگرتن لەوەی کە ئەم کردارە تێرۆریستی بوو یاخود نا، ئەفسانەی “گوێ لە خشەی مار و مێروو”بوونی دەستگا جاسووسییەکانی ئەمریکا کەلێنێکی گەورەی تێدەکەوێت. بۆیە بەبێ لەبەرچاوگرتنی کێیە ئەو دەستە نهێنییەی کە مۆنیومێنت دەسووتێنێت، پەیامی ڕاکێشانەدەرەوەی قوربانییەکانی خۆ لە ژێر ڕکێفی ئەو بزووتنەوەیەی کە خۆی بە باوکی قوربانییەکان دەزانێت، وەک ڕاستییەکی زۆر بچکۆلە، بە ئاسمانی دوکەڵاوی هەڵەبجەوە، ناکرێت نەبینرێت.
سەرچاوەکان
1 لە دۆزەخی ڕوانداوە، بۆ دۆزەخی شاری کوێرانی ساراماگۆ و وێنەی مەسیح، بەکر ئەحمەد ماڵپەڕی ماڵێک لە ئاسمان
2 قوربانییەکانی من لە هەڵەبجەدا، موڵکی گشت نین، بەکر ئەحمەد هەمان ماڵپەر
3 The Holocaust in American Life 1999; Peter Novic