هەولێری”، گوتارێک بۆ داشۆرین و گاڵتەپێکردن, یان ئاوێنەیەک بۆ لەخۆڕوانین.


 
سەرنجێک لە گوتاری  هەولێری لە نوکتەی کوردی ئەمڕۆدا

 
 

 

دەنگێک لە ڤانکوڤەری کەنەداوە( بەقسەی باوکم لەوپەڕی دنیاوە) دەگاتە گوێم. بەر لە کۆتاییهێنانی ئاخاوتنەکە، پێمدەڵێ: ئاخرین نوکتەت لەسەر هەولێری بیستووە؟ بەر لە وەڵامدانەوەی من، ئەو دەستپێدەکات:” دەڵێن مارینزە ئەمریکییەکانی سلێمانی گاڵتە بە هاوڕێ مارینزەکانی خۆیان دەکەن لە هەولێر.”

ئەمڕۆ هەولێری تاکە پاڵەوانی ناو نوکتەی کوردییە لە کوردستانی عێراقدا. ئەمە ڕاستییەکەو هیچ دوودڵی و دڵەڕاوکێیەک هەڵناگرێت لە درکاندنیدا. ئەم پاڵەوانەی ناو نوکتەکان لە شەقامەکانی سلێمانیدا، دەبینری، دەبرێتە کۆڕی ئارەقخواردنەوەوە. لە کۆبوونەوە خێزانییەکاندا بە بێ هیچ گوێدانە تابۆ سێکسیەکان، ڕووتدەکرێتەوە. لەگەڵ کۆڕی لاوانی کۆچکردوودا لە کاتی بڕینی سنوورەکانی تورکیادا، تەنها ئەوە دەگیرێت و سلێمانیەکان خۆیان دەربازدەکەن. 

لە یۆناندا، کاتێک دێوی ناو قۆرییە سیحرییەکە دێتە دەر تا داخوازی کۆچکردووان جێبەجێبکات، لەبەرانبەر داخوازی قورسی هەولێرییەکەدا، بڕیاردەدات کە خواستی هاوسەفەرە سلێمانییەکەی جێبەجێکات کە دروستکردنی پردێکی هەڵواسراوە لە پاترای یۆنانەوە بۆ تۆرێنتۆی کەنەدا. لە کەمپەکانی فەڕەنسادا ئەوە ئەوە گەورەترین شەقی بەردەکەوێت. لە لێپرسینەوە لە کەیسی داخوازی پەنابەرێتیدا، ئەوە هەولێرییە دەبێ ڕەفز وەربگرێت. چونکە کەیسەکەی بە کەیس و سەرگوزشتەی “کەر” نزیکتر دەبێتەوە وەک لە هی ئینسان. لە شەقامەکانی ئەوروپادا، ئەوە هەر هەولێریە کە مەدالیای گەمژەیی و گەلحۆیی بەبەرۆکی خۆیەوە هەڵواسیوە.

بە کورتییەکەی ، ئەمڕۆ ئێمە لەبەرانبەر کائینێکداین کە تاک و تەنیا لەسەر شانۆی داشۆرین و سوکایەتی پێکردن ڕاوەستاوە و تەنها ناوێکی هەیە ئەویش هەولێریە.

هۆی چپپە ئەم کائینە ڕۆڵی ئەم پاڵەوانە “گەمژە”یەی پێدەسپێردرێت؟ ئەو زەمینانە چین کە قارەمانی ناو نوکتە کوردیەکان دەکاتە هەولێری؟ ئەمانە بۆ ماوەی ساڵێکە مەشغەڵە و تێفکرینی منی داگیرکردوون. لە هەر دەرفەتێکیشدا، بواری ئاخاوتن لەسەر ئەم بابەتە هاتبێتە پێش، کۆمەڵێک وەڵامی حازربەدەست بەڕووی دامەزرێنەری باسەکەدا فڕێدراون. کۆمەڵە وەڵامێک نەک بەمانای ڕاوەستانەوە بەرانبەر ئەو هۆکارانەی کە بە دیدوبۆچوونی من ، دروستکەری ئەم پاڵەوانەی ئەمڕۆی ناو نوکتەی کوردییە. بەڵکو ڕێک بە مانای بەستنی گفتووگۆکەیە. ” ئاخر نوکتە لە نێوان شارەکانی دنیادا هەیە. ئەوە نییە شارەکانی وەکو ستۆکهۆڵم و مالموێ  هەر هەمان کار دەکەن. مەگەر نەرویجی و سویدی کەم بەیەک دەکەن، بۆ سەرنجێ لە تورکی ناو نوکتەی ئێرانیەکان نادەیت. بۆ کەس پرسیار لە ژنە لە ڕەشتییەکانی ناو نوکتە سێکسیەکانی ئێران ناکات. نوکتە لە هەموو شوێنێکی دنیادا بوونی هەیە و بۆ دڵخۆشکردنە و هیچی تر.” 

ئەمە ئەو وەڵامانەن  کە بە شێوەیەکی گشتی لە چەندین کۆڕ و کۆمەڵی جۆراوجۆردا بەرگوێی دەکەونەوە.  

بەڵام نوکتە دیاردەیەکی دابڕاو لە گۆرانکارییە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی تری ناو کۆمەڵگادا نییە. 

نوکتە بەوەی کە بەشێک لە دیدو بۆچوونی جۆراوجۆر دەگرێتە خۆ لە پەیوەند بەو مەبەستەوەی کە نوکتەکە گێڕەرەوەیەتی، توانای ئەوەی هەیە ببێتە گوتارێک. گوتارێک کە سیستەمێکی فیکری لە پشتییەوە کاردەکات و بە خوێندنەوەی زەمینە جۆراوجۆرەکانی بەرهەمهێنانەوەی ئەم سیستەمە فیکرییە، دەکرێ هۆکاری پەیدابووونەکەی بخرێتە ڕوو.

کۆششی من لەم نووسینەدا، لێکۆڵینەوەیە لەو پایە ئەساسییانەی کە لەسەریەوە ، گوتاری هەولێری دروستدەبێت و توانای خۆبەرهەمهێنانەوەی دەبێت. من دڵنیام ، بۆ شیکردنەوەی ئەم گوتارە ، دووچاری کۆمەڵێک گرفتی جدی دەبم کە تیایدا دەبێت کۆمەڵێک “گای پیرۆز” بەسەر بڕین بدرێن. ئاخر بۆ لێکۆڵینەوە لە گوتاری هەولێری، ئینسان ناچار دەبێت دەست بۆ بەشێکی گەورە لەو سەرمایە ڕەمزی و کۆمەڵایەتییانەی گروپی ئەمبەر بەرێت، کە لە ڕێگای نوکتەکانیەوە، لە شوناسی کەرێتی و گەمژەیی و ناپیاوی هەولێری بەولاوە ، هیچ شتێکی تری پێڕەوا نابینێت. بە کورتییەکەی، سەرنجدان لە گوتاری هەولێری، خود بەخود دەبێتە سەرنجدان لە دارێژەری ئەم گوتارە کە لەلایەن گروپی ئەمبەرەوە، واتا سلێمانی دروستدەکرێت. 
بەڵام  با جارێکی تر سەرنجێک بدەینەوە  لە نوکتەی هاوڕێکەم کە لە کەنەداوە بۆی کردم.
  دەڵێن:” مارینزە ئەمریکییەکانی سلێمانی گاڵتە بە هاوڕێ مارینزەکانی خۆیان دەکەن لە هەولێر.”

ئەم نوکتەیە، لەگەڵ کەمی وشەکانیدا، پەیامێکی تایبەتی و موقەدەسی لەناو خۆیدا هەڵگرتووە. پەیامەکەیش بە ڕۆشنی دەدوێ. ئەوە ئیتر تەنها خەڵکی سلێمانی نیە کە توانای گاڵتەپێکردن و داشۆرینی خەڵکی هەولێریان هەیە. بەڵکو ئەو مارینزە ئەمریکایانەیشی بەهۆی جەنگی ئەمریکاوە ئێستا لە سلێمانیدان، بەهەمان شێوە بارگاوی بوون بەم ڕۆحیەتە پڕ لە گاڵتە ئامێزەی سلێمانیەکان. پێچەوانەی ئەم ڕاستییەش وەک خۆیەتی. لە هەولێردا بوونی بەشێک لە مارینزەکانی ئەمریکا، ئەوان دەکاتە گەمژەیەکی هەولێری.

سلێمانی بوون لەم نوکتەیەدا، ئیتر تەنها شوناسی ئەو کەسانە نین کە لەم شارەدا ژیان بەسەر دەبەن و لەسەر کۆمەڵێک پەیمانی کۆمەڵایەتی شوناسی ئینتیمای شوێنی ژیانی خۆیان لەسەر دروستکردووە. بەڵکو سلێمانی بوون، دەبێتە ئەو شوناسەی  کە دەکرێ، کەسانی تریش بارگاوی بکات و بیکاتە سلێمانەیی.

بەڵام سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ئەم دەرگا ئاواڵەییەی سلێمانی بۆ لە ئامێزگرتنی “ئەوی دی” غەیری خەڵکی سلێمانیدا بۆ پێبەخشینی شوناسی خەڵکی سلێمانی بوون، لەبەرانبەر هەزاران خەڵکی هەولێردا کە لەم شارەدا ژیان بەسەر دەبەن و بەهۆی شەڕی ناوخۆوە هاتوونەتە ئەوێ، بە هەمان ئەندازە ئاواڵە نییە و هیچ کەسێکی هەولێری شانسی وەک مارینزە ئەمریکاییەکان نییە تا بوونی لەم شارەدا ئەو بکاتە کەسێکی خەڵکی ئەم شارە.

پەیامی ئەم نوکتەیە، لەگەڵ سادەیی ناوەڕۆکەکەیدا، بەردی بناغە و سەرخەتی دەستپێکردنی من دەبێت بۆ سەرنجدان لە گوتاری هەولێری ناو نوکتەکانی ئەمڕۆی زمانی کوردیدا. بە کورتییەکەی، چی وادەکات شوناسی سلێمانی بوون کە دەکرێ ببەخشرێت بە کەسێکی تری غەیری سلێمانیدا و لەم نوکتەیەدا مارینزێکی ئەمریکییە، بەڵام لەبەرانبەر “ئەوی دی”یەکی تری غەیری سلێمانیدا کە هەولێریە دەبێ هەر بە هەولێری بمێنێتەوە؟

لە “وینستۆن پراڤا”وە بۆ سلێمانی

The Established and the Outsiders، لێکۆڵینەوەیەکی سۆسیۆلۆگی (نۆربێۆت ئێلیاس و جۆن ئێل سکۆتسن)ە لە پەیوەند بە  کێشەکانی هاوسێیانەوە.  ئەم لێکۆڵینەوەیە وا بڕیاردرابوو  دەربارەی  ناوچەیەکی بچکۆلانەی ناوەڕاستی ئینگلتەرا بێت کە پێی هەواڵی پەخشکراو دەربارەی ناوچەکە، ئاستی تاوان و تاوانکاری لە یەکێک لە گەڕەکەکانی وینستۆن پراڤادا لە گەڕەکەکانی تر بەرزترە. پاش لێکۆڵینەوە لەم دیاردەیە لەو گەڕەکە ناوبراوەی وینستۆن پراڤا، ئێلیاس و سکۆتسن بۆیان دەردەکەوێت، بە دەرخستن و پشتبەستن بە کۆمەڵێک بەڵگەی زۆر، جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان گەڕەکەکانی وینستۆن پراڤادا نییە. بەڵام وێنەی دوو گەڕەکی تایبەتی وینستۆن پراڤا ، وەک خەڵکانێک کە تاوانکارترن و جیاوازترن لە خەڵکانی گەڕەکێکی دیکەی ئەو شوێنە، لە دوای دەرخستنی ئەو هەموو بەڵگانەی  کە  ئاستی کرێمیناڵێتی لە گەڕەکە جیاوازەکاندا وەک یەکە، بە هەمان شێوە درێژە بە ژیانی خۆی دەدات. 

پاش لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مانەوەی ئەم وێنە تایبەتییەی ئەو دووگەڕەکە، ئێلیاس و سکۆتسن، سەرنجیان بۆ پێکهاتی کۆمەڵایەتی ئەو گروپە جیاوازانە ڕادەکێشرێت، کە لە وینستۆن پراڤادا نیشتەجێن.

وینستۆن پراڤا گەڕەکێکی کرێکاریە و لە کۆمەڵێک ماڵ پێکهاتووە کە لە ماوەیەکی درێژتردا لەوێ ژیاون. هەردوو لێکۆڵەرەوەکە، ئەم خەڵکە کۆنەی کە دەمێکە لە وینستۆن پراڤادا دەژین ناو دەبەن بە خەڵکی زۆنی یەک.  بەڵام بەهۆی گەشەسەندنی پیشەسازییەوە لەم ناوچەیەدا، خەڵکانێکی تری کرێکار دەگوێزنەوە بۆ وینستۆن پراڤا و دوو گەڕەکی تری کرێکاری لە تەنیشت ماڵە کۆنەکانی گەڕەکە “ئەسڵی”یەکەی وینستۆن پراڤاوە دروست دەبێت. ئێلیاس و سکۆتسن ناوی ئەم دوو گەڕەکە تازەیە دەنێن، زۆنی دوو و زۆنی سێ.

ئەوەی کە سەرنجڕاکێشەرە لە پەیوەندی نێوان ئینسانەکانی ئەم سێ زۆنەدا کە جیاوازییەکی گەورەی چینایەتی لە نێوانیاندا نییە،  ئەو وێنەیەی زۆنی یەکەمە( زۆنی خەڵکە کۆنەکەی وینستۆن پراڤا) لەسەر خەڵکانی زۆنی دوو و سێ.

لەدیدی کەسانی سەر بە زۆنی یەکەوە، زۆنی دوو و سێ جیاوازترن، مناڵیان تا بەیانی لەدەرەوەن، ئەخلاقێکی تریان هەیە لە هی ئەمان ناچێت، تووڕە و شەڕانین. بۆ گەیاندنی ئەم وێنانە بەیەکتری دروستکردنی دیوارێکی نەبینراو، نوکتە و بوختانکردن لەسەر خەڵکانی زۆنی دوو و سێ، جێگایەکی تایبەتی لە دروستکردنی وێنەکانی زۆنی یەکدا داگیردەکات.

ئێلیاس و سکۆتسن دەنووسن:” لە وینستۆن پراڤا و شوێنەکانی دیکەدا، ئەوە بینرایەوە کە ئەندامی گروپێکی تایبەتی ، مۆر لە ئەندامانی گروپێکی دیکە دەدەن، نە بەهۆی ئەوەوەی کە هەریەکە بۆخۆی  تاکێکە و خاوەنی تایبەتمەندی خۆیەتی ،  بەڵکو  بەهۆی ئەوەوەی کە ئەوان سەر بە گروپێکی دیکەن کە وەک گشتێک( کۆلێکتیڤێک) جیاوازترن و لەژێر گرووپی خۆوەن.” (1)

ئەم نەخشەیە چۆن دروست دەبێت؟  ئێلیاس و سکۆتسن دەنووسن:” زۆنی یەکەم گروپی ئەو نیشتەجێبوانە بوون کە خێزان و تاکەکانیان بۆ نەوەیەک زیاتر یەکتریان دەناسی و شێوازێک لە ژیانی تایبەتی و سیستەمێک لە نۆرم و ڕێسایان بۆ خۆیان داڕشتبوو، هەر بۆیەش هاتنی شەپۆڵێک لە خەڵکی تری نوێ کە هاوزمانانی خۆشیان بوون، بە مانای هەڕەشیەک بۆ سەر ئەو شێوازە ژیان و نەزم و نۆرمەی خۆیان کە دایانمەزراندبوو  تەماشادەکرا.بۆ ئەوەی پارێزگاری لەوە بکەن کە بەلایانەوە بەهایەکی گەورەتری هەبوو، بەرانبەر تازە هاتووەکان ڕادەوەستانەوە، ئاخر ئەوان پارێزگارییان لە شوناسی خۆیان دەگرد و بانگەشەی سەروەری  و باڵادەستی ئەم شوناسەیان دەکرد.” (2)

بەلام کرۆکی ئەم نەخشەیەی کە بەهۆیەوە گروپێک توانای لە پەراوێزەنانی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی گروپێکی دیکەی هەبێت، لەم لێکۆڵینەوەی  ئێلیاس و  سکۆتسندا گروپی ئەو خێزانانەی کە لە چەند نەوەوە لە شوێنێکدا ژیاون  لە بەرانبەر گروپێکی دیکەی تازە هاتوودا،  بریتییە لە :” پەیوەندییەکی دەسەلاتی نابەرابەر.  هەر ئەم  نابەرابەرییەی پەیوەندی دەسەڵاتە کە بڕیاردەری  پرۆسەی لەپەراوێزەنانی چالاکانەی گروپێکی دەرەکی هەیە لە پەیوەند بە گروپێکی دیکەی دامەزراودا.” (3)

واتا گروپێک تەنها کاتێک توانای لە پەراوێزەنانی ئەوی دیکەی دەبێت کە لە پەیوەندییەکی دیکەی دەسەڵاتدا بێت لەبەرانبەر ئەوی دیکەدا. ئەم پەیوەندییەی دەسەلات چییە، دەکرێ لە گروپێکەوە بۆ ئەوی دیکە بگۆڕدرێت.  

لە پەیوەند بە دانیشتوانی زۆنی یەکەمی وینستۆن پراڤدا، ئەو دەسەڵاتەی ئەوان لەسەریەوە توانای لەکەنارەوەنانی گروپەکانی دیکەی ناوچەکەیان هەیە، بریتتیە لەو مێژووە درێژەی پێکەوە ژیانیان بەیەکەوە و ئەو ڕەسم و یاسا نەنووسراوانەی کە بۆخۆیان دایانڕشتووە کە بەپێی دیدی ئەوان، گروپی تازە لێی بەهرەمەند نین. بۆ بەرزڕاگرتنی ئەم شووناسەی گروپ، ئیتر پڕۆسەی ڕەشکردن و بێبەهاکردنی بەهاکانی ئەوی دی، دەبێتە سەنتەری هەموو هەنگاونانێک بۆ خستنەدەرەوەی ئەوانی دیکە لە چوارچێوەکانی ئەم پێکەوە ژیانییەدا.

مەبەستی سەرەکی من لە باسکردنی پرۆژەکەی ئێلیاس و سکۆتسن بۆ لێکۆڵینەوە لە پەیوەندییەکانی نێوان دوو گروپ کە لە پێکەوە ژیانییەکی هەمیشەییدان و لە دوو جێگا و ڕێگای پەیوەندییەکانی دەسەلات لەبەرانبەر یەکتریدا بەهرەمەندن، بۆ دەرخستن و پیادەکردنی ئەم مۆدێلی شیکردنەوەیە لە پەیوەند بە لێکۆڵینەوە لە پەیوەندیەکانی دوو گروپی دیکەی تر کە تەوەری ئەم باسەی من پێکدەهێنێت، واتا پەیوەندی نێوان هەولێری و سلێمانی.

لە ساڵی 1994دا،  ئێلیاس پێشەکییەکی درێژی بە زمانی  ئینگلیزی بۆ وەرگێڕدراوی  هۆڵەندیی  

 The Established and the Outsiders    نووسی و دووپاتی ئەوەی کردەوە کە:” ئەم سەرنجدانە تیۆرییە لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان گروپی دامەزرا و دەرەکی ، وەسفی ئەوەیکرد کە چۆن تیۆرییەکە دەتوانرێت بەکارببرێت لە بوارێکی دیکەی هەمە ڕەنگدا بۆ ئەو نابەرابەرییانەی لەنێوان ئینسانەکاندا هەیە، پەیوەندی نێوان چینەکان، گروپە ئەتنییە جیاوازەکان، پیاو ژن، کۆلۆنیالیستەکان و کۆلۆنیالیزەکراوەکان، دایک و باوک و  مناڵ و پەیوەندی نێوان هۆمۆسێکسوالەکان و هێترۆسێکسوالەکاندا.”(4)

بەبڕوای من، ئەم شەپۆلی نوکتەکردنەی سلێمانی لەسەر هەولێری، ئەگەرچی بەپێچەوانەشەوە هەر هەیە بەڵام بە هەمان تووندوتیژییەکەی سلێمانییەوە نا،  دەگەرێتەوە بۆ پەیوەندیەکی نابەرابەری دەسەڵات کە ئەم دوو گروپە لەبەرانبەر یەکدا ڕادەگرێت. ئەوەی کە نووکتەبێژەکەیە، گروپێکە بە ناوی سلێمانی و ئەوی نوکتەکانی لەسەردەکرێت، هەولێریە.
هەر بۆیەش من لەم نووسینەدا، بە لێکۆڵینەوە لەو پەیوەندییەی دەسەڵات کە سلێمانی لەبەرانبەر هەولێریدا ڕادەگرێت، خوازیارم بە شوێن سەرچاوەکانی ئەم پرۆسەی لەکەنارەوەنانی هەولێریەوە بم .

ئەمڕۆ لە پاش چەند ساڵ لە لێکۆڵینەوەکانی ئێلیاس و سکۆتسندا، کارکردن بەم مۆدێلە، پانتاییەکی گەورەی لێکۆڵینەوەکانی سەردەمی داگیرکردووە و لێکۆڵینەوەکانی پۆست کۆلۆنیاڵ و کۆمەڵگای فرەکولتوری لە ئەوروپادا، کاراییەکی گەورەی لەخۆی نیشانداوە بۆ وەڵامی پرسیاری نێوان گروپەکان. جا ئەو گروپە “خۆرئاوایە” لەبەرانبەر “خۆرهەڵاتدا”، پەنابەرە لەبەرانبەر کۆمەڵگای نوێدا، دەوڵەتە گەورەکانە لەبەرانبەر دەوڵەتە بچووکەکاندا، قەرەجەکانن لەناو زۆرایەتییەکی غەیری قەرەجدا، لێکۆڵینەوە لەو پەیوەندییەی دەسەڵات لە نێوان ئەم کارگێڕانەدا، دەکرێ دەرئەنجامی گەورەمان بداتە دەست.

شوناسە کۆمەڵایەتییەکان و پێکەوەیی گروپ

“تەواوی گروپە ئینسانییەکان دروستکراوێَکی کۆمەڵایەتین.”(5) واتا ئەم گروپانە لە پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتیدا دروستدەکرێن. “تۆماس هیلاند ئێریکسن” لە کتێبی نەژاد و ناسیۆنالیزمدا، لە پێناسەکردنی ئەتنییەتدا دەنووسێت:” ئەوەی کە بناغەی ئەتنییەت پێکدەهێنێت، بریتییە لە بەکارهێنانی سیستماتیکانەی جیاوازی لە نێوان خۆیی  و  و ئەوی دیکەی دەرەوەدا، لە نێوان ئێمە و ئەواندا. ئەگەر پرەنسیپێکی لەم چەشنە بوونی نەبێت، شتێک نییە ناوی ئەتنییەت (نەژاد) بیت.” (6)

بۆ ئەوەی گروپێکی کۆمەلایەتی دروستبکرێت، سیستەمێکی تایبەتی لە کۆدەکانی خۆناسینەوە و مەسافەڕاگرتن پێویستی هەیە. ئەگەر ئەم پێناسەیەی ئێریکسن لە ئاستێکی بەرینی کۆمەڵایەتیدا لەبەرچاوبگرین، ئەوا دەکرێ بڵێن، جەختکردنەوە لەسەر جیاوازیەکانی خۆ و بەرزڕاگرتنی لەبەرانبەر هەر شتێکی تردا،  پێکهێنانی  گروپێک بەشوێن خۆیدا دەهێنێت.

“ئەوەی سەرنجڕاکێشەرە لە پەیوەند بە پرسیارێکی وەک شوناسدا، ئەوەیە کە هاوکات لێکچوون و لێکنەچوونەکان ، خۆناسینەوە و مەسافە دروستکردن دەگرێتەخۆ. شوناسی زاتی ئینسان، ئەوەی کە پەیوەندی بە هەستەکانی ئەوەوەیە وەک تاکێک، زیاتر دێتەپێشەوە و بەرجەستەدەبێتەوە بە پێی ئەو لێکچوونەی کە ئەو هەیەتی لە ناو ئەو گروپە کۆمەڵایەتییەدا کە ئەو سەر بەوە. بەڵام دیوێکی تری ئەم کردارە، واتا لێکچوونەکانی ئەم لەناو گروپی خۆدا، لە کاتێکی تردا وەک لێکنەچوون دەردەکەوێتەوە ئەویش لەبەرانبەر گروپێکی دیکەدا.  ” (7)

“ئێمە”و “ئەوان” دەستکردی هیچ شتێک نییە جگە لەو سیستەمی کاتیگۆریزەکردنەی کە گروپ بەهۆیەوە لێچوونەکانی خۆی دەکاتە چوارچێوەی خۆناسین و خۆپێناسەکردن، هاوکاتیش لەسەر بنەمای ئەم لێکچوونانە سنوورەکانی گروپی خۆی بۆ دروستکردنی مەسافەت لەگەڵ ئەوانی دیدا، جیادەکاتەوە.
ئەگەر ئەم جیاوازیانە بەرجەستەنەکرێتەوە و نەکرێتە خاڵی خۆجیاکردنەوە لەگەڵ ئەوانی دیدا، ناتوانین خاوەنی چەمکی ئێمە و ئەوان بین. 

ئێمەی سلێمانی و ئەوانی هەولێری

خاڵێک کە دەمەوێ ئاماژەی پێبکەم، ئەویە کە چڕوپڕی ئەم نوکتانە لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر، زۆر گەورەتر دێتە پێش چاو لەچاو ئەو پەرچەکردارە نوکتەییەی کە لەوبەرەوە بەرانبەر سلێمانی هەیە. واتا ئێمە ناتوانین پێمان وابێ کە ئەم پرۆسەی داشۆرینەی لە نوکتەکاندا دەردەکەون ، تەنها یەک ئاڕاستانەیە و لەوبەرەوە هیچ کاردانەوەیەک نابیسترێت.
بەڵام کەسیش گومانی لە پرۆسەی سیستماتیکانە و تووندوتیژی ئەم شەپۆلی نوکتەکردنەی سلێمانی لەسەر هەولێر نییە.

ئەم شەپۆلی نوکتەیەی کە ئێمە ڕۆژانە بەرگوێمان دەکەوێت لەسەر هەولێری، هیچ شتێکی تر نییە جگە لە کۆششی گروپێک کە بەشوێن پاراستن و پاکڕاگرتنی وێنەکانی خۆیەوەیەتی لەبەرانبەر ئەوی دیدا . ئەو ئەوی دییەی کە لە دۆخی نوکتەکانی سلێمانیدا هەولێرییە. ئەم ئەوی دییە دەکرێ لە قۆناغێکی تردا، هەورامی بێ، ئەو خەڵکە بێدەمووچاوانە بێت کە بەقسەی زۆر کەس :” هەستدەکەیت لەشارەکەی خۆتا غەریبیت”  بەڵام لەمڕۆدا کۆمەڵێک هۆکاری سەرەکی هەن کە پاڵەوانی  ئەم نوکتانە دەکاتە هەولێری.

زمان وەک هۆکارێکی پراکتیزەکردنی دەسەڵات

ئەو زمانەی کە لە سلێمانیدا قسەی پێدەکرێت، دیالێکتێکی تایبەتی زمانی کوردییە کە لە هەندێ شوێنی تری کوردستاندا بەکاردەهێنرێت. بەڵام دیالێکتێکی گەورە نییە لە چاو ئەو مۆزاییکە گەورەی کە زمانی کوردی لەخۆی دەگرێ. ئەم دیالێکتە تایبەتییە بە چەند کیلۆمەترێک دوورکەوتنەوە لە جەرگەی شاری سلێمانییەوە ، ئاڵوگۆڕێکی گەورەی بەسەردا دێت و بەئاسانی گوێگر دەتوانێت بزانێت کە دیالێکتی چ ناوچەیەکی تری کوردستانە. بەرە و چەمچەماڵ ڕۆیشتن و نزیکبوونەوە لە ناوچەکانی گەرمیان، تان وپۆی ئەم دیالێکتەی سلێمانی کاڵ و کاڵتردەبێتەوە. لە سەیدێادقەوە، ئیتر دەستەواژەی لۆکاڵی و ئاوازی ئاخاوتنەکان دەگۆڕدرێن. بەڵام لەگەڵ بەرتەسکی بەکارهێنانی ئەم دیالێکتەدا، ناکرێ فەرامۆشی ئەو دەسەڵاتە گەورەیە بکەین کە ئەم دیالێکتە لۆکاڵییە هەیەتی بەسەر دیالێکتەکانی دیکەی کوردستاندا، بەتایبەتی لە پەیوەند بە بواری نووسین و بەکارهێنانیدا لە کەناڵەکانی مێدیادا. ئەو جێگاوڕێگە گەورەیەی دیالێکتی هەورامی هەیبوو لە چەندین ساڵی ڕابردوودا کە دەیەها لە شاعیران و نووسەرانی تری غەیری قسەکەر بە زمانی هەورامی ناچاردەکرد بە دیالێکتی هەورامی بنووسن، ئەمڕۆ   بەدەست ئەم دیالێکتەی سلێمانییەوەیە. باڵادەستی ئەم دیالێکتە وایکردووە کە خوێنەر بە زەحمەت بزانێت نووسەری ئەم تێکستانە لە بناغەدا بە چ  دیالێکتێکی تر دەدوینَ. ئەمە نەک بەسەرنجدان لەو وشە لۆکاڵییانەی کە نووسەری تێکستەکە بەکاریاندەهێنێ،  بەڵکو لە گشتییەتی خودی تێکستدا. کەچی لەبەرانبەر بەشێکی زۆری شاعیرانی کوردستانی ئێراندا، ئەم تانوپۆ لۆکاڵییانە بە زەقی هەستی پێدەکرێ. زمانی نووسێنێک کە سوارەی ئیلخانیزادە و چاوەی شاعیر(فاتیحی شێخ ئەلئیسلامی)  وەک دوو دەنگی تازەگەری شیعری کوردی لە کوردستانی ئێراندا بەکاریاندەبرد، بە ئاسانی سەرنجت بۆ دیالێکتێکی تایبەتی کوردی دەبات لە کوردستانی ئێراندا. بە کورتییەکەی دەکرێ بووترێت، زمانی نووسین لە کوردستانی عێراقدا تا ساتەوەختەکانی ئێستاش، ئەگەر وەک زمانی عەرەبی خاوەنی (جڵفە و قەواعیدی) تایبەتی نیە، ئەو زمانەیە کە لە سلێمانیدا قسەی پێدەکرێت و بووەتە زمانی “ڕەسمی”   نووسین.
 بەڵام ئەوە هەر لە نووسیندا نییە کە باڵادەستی ئەم دیالێکتە خۆی دەردەخات، بەڵکو لە ئاستی مێدیاکانیشدا بەهارهێنانی ئەم دیالێکتە  تاکسواری خۆی نیشانداوە.
سەرنجدانێک لە زمانی مێدیا کوردییەکانی چەندین ساڵی پێش ئێستا، چ لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا و چ لە لە دوای ڕاپەڕینیشەوە، بە ئاسانی بەکارهێنانی باڵادەستانەی ئەم دیالێکتەمان دەخاتە بەردەست.  

لە تەلەفیزیۆنی کەرکوک و ڕادیۆی بەغدادا،  لە ڕادیۆکانی هێزە سیاسییەکانی کوردستاندا بە یەکێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی شیوعی و ڕادیۆی حزبە سیاسییەکانی دیش، گوێگر خۆی لەبەرانبەر هەمە ڕەنگییەکی  زمانی هەواڵگەیاندندا نابینێتەوە.
زۆربەی قسەکەرەکانی تەلەفزیۆنی کەرکوک خەڵکی شاری کەرکوک بوون، کەچی بە ئاستەم ئەم جیاوازییە زمانەوانیانە دەردەکەوێت. دەنگە گەورەکانی ڕادیۆکانی شاخ، هیچ کامێکیان خەڵکی شاری سلێمانی نین، بەڵام هیچ گوێگرێکی سلێمانی هەست بە نائاشنایی لەگەڵ خوێندنەوەکاندا ناکات. بەکارهێنانی دیالێکتەکانی تر(بیجگە لە بادینانی کە لە شوێنێکی تری ئەم باسەدا دەگەڕێمەوە سەری)، وەک تابوویەکە و ئەو هەستە لای گوێگر دروستدەکات کە دیالێکتەکانی دی خاوەنی جەمالیەتی خوێندنەوە نین. ئەم باڵادەستییەی دیالێکتی سلێمانی  کارێکی وایکردووە بە بیستنی زمانە لۆکاڵییەکانی دیکە  بە تایبەت بۆ قسەکەرانی زمانی سلێمانی، پێکەنینهێنەر و جێگای قەشمەریپێکردن بێت.

سەرنجدانێکی بەرنامەی (بەرنامە)ی تەلەفیزیۆنی کوردسات ڕەنگە کۆمەککەر بێت.
بوونی سمکۆ عەزیز و زاهیر وەک دوو دەنگی جیاوازی ناو پۆلەکەی میستەر، هێندەی بۆ پێکەنینە هێندە بۆ ئاخاوتنی دوو دەنگی جیاواتر نییە. ئەمە نەک بەمانای ئەوەی کە ئامانجی سەرەکی بەرنامە خەنداندنی گوێگران و تەماشاچیانی ئەم بەرنامەیە نەبێت. نە زاهیر وەک کەسێکی هەولێری و  نە سمکۆ عەزیز وەک دەنگی شارەزوور، خاوەنی دوو دەنگی لۆکاڵی جیاواز نین کە بە ناوەڕۆکی قسەکانیان خەڵک دەخەندێت، بەڵکو بەکارهێنانی ئەم دەنگە لۆکاڵیانە وەک دوو دەنگی دژ  لەبەنبەر زمانی باڵادەستی سلێمانیانەی میستە رو بەرزاندا جێگای پێکەنین. هەر بۆیەش قسەکەری ڕەسمی و بڕیاردەری پۆل بەرزانی قالەی خەڵووز و مستەفا ئەحمەدن. تەنانەت ڕۆڵی دابەشکراوی ئەم دوو کەسایەتییە لەلایەن نووسەری بەرنامەی بەرنامەوە، بە پلەی یەکەم لەسەر  جیاوازبوونی زمانی ئەم کەسایەتییانەوەیە نەک لەسەر خودی جیاوازی کەسایەتییەکان. ڕەنگە ئەمە ئەمە کارێکی ئامانجدارانە نەبێت، بەڵکو سەرچاوەکەی لەو سایکۆلۆژیەتی باڵادەستی بیرکردنەوەوە دێت کە قسەکەرانی ئەم زمانە وەک کارێکی ڕءتینی و بێ پرسیار لێکردن ئەنجامیدەدەن. 

بۆ یەکەم جار کە ستار عەبدوڵا وەک کۆمێنتاتۆرێک بۆ نیشاندانی یاری تۆپی پێ بە زمانی کوردی لە تەلەفیزیۆنی کەرکوکەوە بە گوێچگەی خەڵکی ئاشنابوو، هێندەی پێکەنین بە کۆمێنتەکانی ئەو بوو کەس تەماشای یارییەکانی نەدەکرد. هۆکارەکەشی نە لە پلەی یەکەمدا لە خراپبوونی ستار عەبدوڵاوە بوو وەک معلقێکی وەرزشی، بەڵکو لە نائاشنابوونی گوێچکەی گوێگرانەوە بوو بۆ بیستنی یارییەک بە زمانی کوردی. ئەگەر چی بۆ گوێگرتن لە کۆمێنتەکانی موئەید البدری بە زمانی عەرەبی کە هەمان وشەکانی ستار عەبدوڵای دووپاتدەکردەوە، شایەنی گاڵتەپێکردن نەبوو.  چەند گوێچکەکانی ئێمە نائاشنایە بە بیستنی ئاخاوتن سەبارەت بە یارییەکی تۆپی پێ بە زمانی کوردی، هەر ئاواش نەبوونی هەمەڕەنگیەکی زمانی لە مێدیای کوردیدا،  ڕۆژانە ئەم باڵادەستییەی زمانی سلێمانی لە شوێنی خۆیدا دەهێڵێتەوە. من لە شوێنێکی دیکەی ئەم نووسینەدا، جێگاوڕێگای دیالێکتی بادینانیم خستە دواوە و ئێستا ناچارم سەرنجێکی بدەمێ.

لەپاڵ ئەو باڵادەستییەی زمانی سلێمانیدا لە ماسمێدیای کوردیدا، ئەم دیالێکتە، واتا بادینانی لە ئاستێتی تری دەسەڵاتدا بووە لەبەرانبەر زمانی سلێمانی ناو مێدیاکاندا. ئەوەی ئەم جێگاوڕێگایە بەم دیالێکتە دەبەخشێت و هەورامی لێبێبەشدەبێت، لە زۆری قسەپێکەرانی ئەم دیالێکتەوە نین لە پلەی یەکەمدا، بۆ نموونە بەبەراوورد لەبەرانبەر قسەکردن بە لەهەجەی هەولێر کە ئاستێکی بەرینتری کۆمەلایەتیدا قسەی پێدەکرێت. بەڵکو بەکارهێنانی ئەم دیالێکتە لە پلەی یەکەمدا هۆکارێکی سیاسی بووە. واتا ئەو دەسەڵاتەی بەرپرسیاری یەکەمی هەبووە لە بە بەکارهێنانی مێدیایی ئەم دیالێکتەدا، ئەو دەسەڵاتە سیاسییە بووە کە پارتی دیموکراتی کوردستان خوڵقێنەرێتی. یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و حسک ئەگەر تاکە ئەندامێکیشیان لە ناوچەکانی بادیناندا نەبووبێت، یان تاکە گوێگرێکیشیان نەبوو بێت لەو ناوچانەدا، کەمن پێموایە وا نییە ، بەرنامەی چەند دەقیقەیی تایبەتیان بە زمانی بادینانی هەبووە. لە مڕۆشدا ئەم هاوکێشەیە ئاڵوگۆڕێکی گەورەی بەسەردا هاتووە و ئەم دیالێکتە لە ئاستێکی تری بەرابەرکێدایە لە بەرانبەر زمانی مێدیایی سلێمانیدا. سەرنجدانێکی بەرنامەکانی تەلەفیزیۆنی گەلی کوردستان، بە ڕۆشنی ئەم پێشڕەوییەی دیالێکتی  بادینانیمان نیشاندەدات.

دەرئەنجامی  باڵادەستی زمان

“ئەتنۆسەنتریزم” یەکێک لەو چەمکانەیە کە جێگایەکی تایبەتی لە لێکۆڵینەوەکانی سۆسیۆلۆژی و ئەنترۆپۆلۆژیدا داگیرکردووە لەمڕۆدا. بەوەی کە ئەم چەمکە نزیکایەتییەکی گەورەی بە باسەکەی منەوە هەیە لەپەیوەند بە جێگاوڕێگای ئەم باڵادەستییەی زمانی سلێمانیدا، من ناچارم سەرنجێکی بدەمێ و دواتر بێمەوە سەر بابەتەکەی خۆم.

ئەتنۆسەنتریزم بریتییە لەوەی کە:” ئینسان کولتوری خۆی دەخاتە سەنتەرەوە و سەرنجدان و داوەریکردنی خۆی لەسەر جیهان لە پۆزیشیۆنی خۆیی و تاقیکردنەوەکانی خۆیەوە هەڵدەهێنجێنێت. ئینسان بە جۆرێک سەرنج لە شوێنی تایبەتی خۆی دەدات وەک ئەوەی گەردوونی بێت و پێی وایە کە بەشەکانی دی زەوی دەبێ هاوبەشی دیدوبۆچوونە کولتوریەکان و نۆرمەکانی ئەو بن. لایەنێکی گرنگ لە جیهانبینی ئەتنۆسەنتریزم ئەوەیە کە ئینسان پێیوایە کە ئەو پەیوەندی و دیدوبۆچوونە کولتووریانەی کە بۆ گروپی یان کولتوری خۆی دەشێن، لە هەموو شوێنێکدا هەیە. بەڵام ئەتنۆسەنتریزم دەکرێ بە مانای ئەوش لێبدرێتەوە کە کە ئینسان وادادەنێت کە ئەو جیهانبینی و بەهایانەی کە خۆی خاوەنیەتی، تاکە جیهانبینی ڕاست و دروستن و هەموو ئەوانی دیکە دەبێ پەیڕەوی لێبکەن.” (8)

بە پێی ئەم جۆرە دیدو بۆچوونە، دیالێکتێکی وەک “ڕێنکێبی” کە لەیەکێک لە گەڕەکە پەنابەر نشینەکانی وەک ستۆکهۆڵمدا قسەی پێدەکرێت، دیالێکتێکی دزێو ناشیرینە و زمانی سویدی تێکدەدات. ئەو بۆچوونەی لەپشت ئەم ڕەشکردنەی  دیالێکتی ڕێنکێبییەوە دەنگهەڵدەبڕێت، لە ئەتنۆسەنتریزمدا چەقیوە و پێوەرەکانی ئەو بۆ ئەم بەراووردە زمانی ئەسڵی و زگماکی سویدییە. واتا تەماشاکردنی زمانی سویدی وەک یەکەیەکی ئەزەلی و ئەبەدی و قابیل نەگۆڕ بە بێ بوونی هیچ کاریگەرییەکی دیکەی زمانەکانی دیکە.   لە کاتێکدا دیالێکتی ڕێنکێبی ، زادەی تێکەڵبوونی زیاتر لە 150زمانی دیکەی هەموو گۆشەکانی دنیایە لەم گەڕەکەدا کە جگە لە زمانی دایکی نەوەکانی ئەم شوێنە، زمانی سویدی، زمانی هاوبەش و جۆرێکی دی لە زمانی دایکییانە. بەڵام کاتێک پێوەرەکانی بەها و کولتوری خۆ و زمانی خۆ لە سەنتەردا بێت و هەموو جیهان بۆ ئەم شوێنە بگێڕدرێتەوە، ئیتر جێگایەک بۆ قسەکەرانی ئەم گروپە نامێنێتەوە و ڕۆژانە دەبێ لەڕێگەی  پراکتیزەکردنی دەسەڵاتی زمانی “ئەسڵی” سویدییەوە بۆمبارانێکی مێدیای ڕێنکێبی بکرێت بەمەبەستی لەپەراوێزخستنیان وەک گروپێکی دیکەی بەرانبەری خۆ. وەک “ئەوانی دی” “ئێمە”ی  سویدی.
بەڵام ئەوەی لە پەیوەند بەم باسەدا بۆ من گرنگە، تێکشکاندنی ئەم چەمکەیە لەباری زمانەوانییەوە وە کردنێتی بە سلێمانیسەنتریزم. بەبێ ئەوەی مانای جەوهەری پێناسینی ئەتنۆسەنتریزم بگۆڕدرێت. 

سلێمانیسەنتریزم لە پەیوەند بە زماندا کە تەوەری باسی منە لە پەیوەند بە زمان وەک هۆکارێکی پراکتیزەکردنی دەسەڵات، بەو مەبەستەی کە “زمانی خۆ” واتا دیالێکتی سلێمانی، بە وشە و چەمک و دەربڕین و تەنانەت بەدەملارکردنەوەوە بۆ درکاندنی هەندێک وشە، ئەو زەمینە گەورانەن کە ئەم دیالێکتەی لەسەر هەڵچنراوە و هەر دیالێکتێکی تریش لەمە نەچوو، هیچ بەها و نرخێکی دیکەی نییە. یان دەبێ وەک زمانی من بپەیڤی، یان دەمت دابخە  تا نەبوویتەتە  گاڵتەجاڕی من!

واتا ئەو دەسەڵاتەی کە زمانی سلێمانی لێ بەهرەمەندە، چ لە بواری نووسیندا و چ لە بواری بەکارهێنانی مێدیاییدا، تواناییەکی گەورە بە قسەکەرانی ئەم گروپە دەبەخشێت کە بە چاوێکی کەمترەوە لە تەواوی زمان و دیالێکتەکانی دی دەورووبەری خۆی بڕوانێت. هەر بۆیەش لە کاتی نوکتەکردن لەسەر گروپەکانی دیکەدا کە بەهەمان شێوازی ئەوان نادوێن، زمانی گروپەکانی تر، یەکەمین سنوورەکانی خۆجیاکردنەوەی سلێمانیی لەبەرانبەر ئەواندا دەکێشێت. 

هەر لەسەر ئەم سڵێمانیسەنتریزمەی زمانەوەیە کە “فەریقە کوێر”  لە جەرگەی مۆدرینیزاشیۆنی ساڵەکانی حەفتادا، دەکەوێتە داشۆرینی “لادێیی” کوردستان کە لە باشترین حاڵەتدا ئەو لادێییە شارەزوورییە. ئەم جیهانبینیە لە ناو گرووپی سلێمانیدا تەنها لە ئاستی زماندا دەرناکەوێتەوە و لەو دەسەڵاتانەی تردا کە ئەم  گروپە پێی وایە خاوەنێتی ، لەژێر دەیەهادەمامکی تردا دەردەکەوێتەوە.

سەرنجدانی بەشێکی ئەو نوکتانەی کە لەسەر هەولێرییە، ئەوە دەسەلمێنێت کە هەندێک لە نوکتەکان، کە لە ڕاستیدا شایەنی پێکەنین نین و خاڵی گرنگی نوکتەکە لەسەر جیاوازبوونی ئەو دەربڕینە یان وشەیەدایە لە بەرانبەر هەمان دەربڕین یان وشەدا کە بە زمانی سڵێمانی مانایەکی دیکەی هەیە.  “دەزانیت بە هەولێری بە سپڵ دەڵێن چی: فاتەڕەش”
  ئەگەر ئەم سلێمانیسەنتریزمە لەم ئاستە گەورەییەی خۆیدا نەبێت، ناکرێ ئیدیعای ئەوە بکرێت کە( سلێمانی شۆڕگێڕترە لە هەموو شارەکانی تری کوردستان ، شاعیری هەیە کەس نییەتی، ئەنوەر قەرەداغییەکی هەیە تەقلە بە دڵشادی کەمانچەژەن لێدەدات. سلێمانی شارێکی مەدەنی ترە، خەڵکەکەی چوختی و قسەخۆشن، تەنانەت کەرەکانی سلێمانی لە کەرەکانی هەولێر عاقڵترن.) بەڵام بەوەی سلێمانیسەنتریزم جێگایەکی تایبەتی لەم باسەی مندا داگیردەکات، لە شوێنی تری ئەم نووسینەدا دەگەڕێمەوە سەری. 

سلێمانی وەک شاری شۆڕش

جگە لە دەسەڵاتی زمان کە لەسەرەوە باسمکرد، شۆڕگێڕبوونی شاری سلێمانی ، یەکێک لە فاکتۆرەکانی تری پارسەنگی دەسەڵاتی شوناسی لۆکاڵی سلێمانییە لەبەرانبەر هەولێردا. ڕەنگە بەشێوەی تێکستێکی نووسراو نەتوانیت سەلماندنی ئەم ئاماژەیە پەیدا بکەیت، ئەگەرچی بەکارهێنانی “شاری هەڵمەت و قوربانی” وێردی سەرزاری ئەو هێزە سیاسیانەن کە لە خیتابی ڕۆژانەی خۆیاندا لەبەرانبەر ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم شارەدا و بۆ ڕاکێشانی سەرنجی دانیشتوانی ئەم شارە، دەبێت ئەم دەستەواژەیە بڵێنەوە. کەم شار و شارۆچکەی کوردستان هەیە، نازناوێکی تایبەتی پێنەبەخشرابێت لەلایەن هێزە سیاسیەکانی کوردستانەوە. لە “دەروازەی ڕاپەڕینەوە  بۆ” شاری قەڵا و منارە”، لە “شاری شەهیدانەوە” بۆ “شاری شاعیران”، لە “شاری قودسی کوردستانەوە” بۆ شاری “کوڕە کونلەجەرگدا نەبووەکانی گەرمیان”، تەنها مشتێکی کەم لە خەرواری ئەم نازناوداتاشینە سیاسیانەن کە سەرجەمی شار و دێهاتی کوردستان دەگرێتەوە. بەڵام ئەوە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان نین کە پۆزەتیڤانە بەرجەستەکراونەتەوە،بۆیە  بەبێ دەستنیشانکردنی هیچ شوێنێکی کوردستان، دەتوانرێت لیستێکی درێژ لە دێهات و شارۆچکەی تری کوردستان ببژێرین، کە بەهۆی سەرەکخێڵێکیەوە کە چەکداری ڕژێم بووە، نازناوی “جاشێتی” و”جاشاوا” بوونیان بەسەردا دا بڕاوە. یان بەهۆی ئەوەی کە فشارێکی گەورەی هێزی پێشمەرگەیان بەسەرەوە بووە لە پەیوەند بە نان پێنەدانیاندا لە ڕۆژگارێکدا، ئیتر نازناوێکی تری نێگەتیڤ کە داڕێژەرەکەی سیاسییە، بەباڵای دانیشتوانی ئەو ناوچانەدا بڕاوە. هەر بۆیەش نازناوی “شاری هەڵمەت و قوربانی بوون” دەکرێ لە سیاقی ئەو هەڵوێسوەرگرتنە سیاسییەوە سەرنجیبدرێتی کە هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە ڕاگرتنەوەی پایەکانی  شۆڕشگێڕبوونی خەڵکی ئەم شارەوە بەرهەمیدەهێننەوە.  بێگومان ، گومانخستنەسەر ئەم چەمکی شۆڕشگێڕبوونەی سلێمانی بەمانای کەمڕەنگکردنەوەی ڕِۆڵ و شوێنپەنجەی دانیشتوانی ئەم شارە نییە کە لە بەرانبەر دەسەڵاتە سەرکوتگەرەکاندا نیشانیداوە، بەڵکو بەبینینی شۆِرشگێڕیتییە وەک پرۆسەیەک کە لە ئاڵوگۆڕدایە و ناکرێ وەک شوناسێکی ئەزەلی و ئەبەدی بەسەر سینەکانەوە هەڵبواسرێت. 
 بەڵام کاتێک باسی شۆڕشگێڕبوونی خەڵکی ئەم شارە دێتەپێش، کە جومگەیەکی گەورەی شوناسی “سلێمانی بوون” داگیردەکات، ئەوا لە کەللەی هەر کەسێکی ئەم شارەدا، “شۆڕگێربوون”ی خەڵکی ئەم شارە گەورەترین پلەی شانازییەکانی شوناسی ئەم گروپە داگیردەکات.
ئیتر بۆ سەلماندنی ئەم چەمکە، دەستپێشخەربوونی خەڵکی ئەم شارە بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوی سیاسی تازە و کردەوەی سیاسی تازە، تەنها کردەوەیەکی سلێمانیانەیە و شار و شارۆچکەکانی دی، یان دەبێ لاسایی سلێمانی بکەنەوە، یان دەبێ لە سێبەری ئەم شۆڕشگێڕیبوونەی ئەواندا، سوپاسگووزار بن.

“هەرچی بزووتنەوەیەکی تازەیە لەم شارەوە سەر هەڵدەدات”، ئەم تێزە نەنووسراوە،زۆرجار وەک بەڵگەیەکی حشاهەڵنەگر لەملا و لا باسیلێوەدەکرێت. بەڵام سەرنجڕاکێشەریش ئەوەیە کاتێک نیگایەک لە ناوە گەورەکانی ناو سیاسەتی ئەمڕۆ و دوێنێی کوردستان دەدەیت، لانی کەم زۆربەی ڕابەرانی سیاسی ناسراو خەڵکی شاروشارۆچکەکانی دیکەی کوردستانن. نە بارزانی و بنەماڵەکەی سڵیمانەین، نە تاڵەبانی و بەشێکی زۆری مەکتەبی سیاسییەکەی. نە کەریم ئەحمەد و عەزیز محەمەد خەڵکی ئەم شارەن، نە ڕێبوار ئەحمەد و نە دەیەها ناوی تر. بەڵام ئەفسانەی شۆڕشگێڕبوونی ئەم شارە کاریزمای خۆی لە دەستنادات. بە کورتییەکەی ، دەتوانم بڵێم ئەفسانەی شۆڕگێڕبوونی ئەم شارە و بەرزکردنەوەی هێندەی پرۆژەیەکی سیاسی دەستی یەکێک لە زلهێزەکانی کوردستانە، هێندەی پەیوەندی بە ناشۆڕشگێڕبوونی ناوچەکانی دیکەی کوردستانەوە نییە. من لە شوێنێکی تری ئەم وتارەدا دێمەوە سەر پیشەسازی بەرهەمهێنانی شۆڕشگێربوونی سلێمانیی و بەڵام دەبێ سەرنجێک لە خودی چەمکی شۆڕشگێڕبوون بدەم. 

وەک لەسەرەوە ئاماژەمپێکرد، شۆڕگێڕبوون بەهایەک نییە کە بۆ هەمیشە وەک خۆی بمێنێتەوە. تەماشاکردنی شۆڕگێڕێتی وەک بەهایەکی قابیل ئاڵۆگۆربەسەردا نەهاتوو وە دابڕینی لە هەموو ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هیچ شتێکی لێناکەوێتەوە جگە لە باڵادەستی ڕابردوو بەسەر ئەمڕۆ و بەیانییەوە نەبێ. بۆ پێوانی ڕادەی شۆِشگێڕبوون لە شوێنێکدا ، خودی تاک تاکی ئینسانەکان پێوەر نین و ئەو هەلومەرجەی کە ئەو شوێنە لەناویدا خۆیدەبینێتەوە ، دیاریکەرە. واتا سەنگ و سوکی هێزە دەرگیرەکانی ئەو ساتە مێژوویەی کە ئینسانە شۆِڕگێڕەکان لە ناویدا چالاکی دەنوێنن. تووندبوونەوەی ئاستەکانی سەرکوت و بەرتەسککردنەوەی هەڵسوڕانی سیاسی، دەکرێ تەواوی ئینسانە شۆڕشگێڕەکانی ناوچەیەک ناچاربکات کە شوێنی چالاکی سیاسی خۆیان بگۆڕن و ئەم سەروەری شۆِڕگێڕبوونە بە ناوچەیەکی تری غەیری شوێن ژیانی خۆیان ببەخشن. هەڵەبجە هێندە شاری شاعیران و هونەرمەندانە کە دەسەڵاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی ناوی ڕێگر نییە لەبەرانبەر گەشەسەندنی ئەم چالاکیانەدا. بەڵام لە نێوان هەڵەبجەی شای شاعیران و هەڵەبجەی شیعرکوژدا، ماوەیەکی زەمەنی گەورە هەیە. دوو هەلومەرج و دوو دوو دەسەڵاتی سیاسی و کولتووری ئامادەیی هەیە. هەڵەبجەی ژێردەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی، ئیتر ناتوانێت هەڵەبجەی شای شیعر و گۆرانی و شانۆ بێت. نە لەبەر ئەوەی شاعیر و گۆرانیبێژ و ئەکتەرەکانی نایانەوێت هەڵسوڕاوی چالاکی ڕێی پەیامە کولتوری و ئەدەبییەکانی خۆیان بن، بەڵکو بەوەی کە ئیسلامی سیاسی شیعر و شانۆ و گۆرانی سەردەبڕێت.  بەڵام ئەوەی کە هەڵەبجە وەک شاری شاعیران دەهێڵێتەوە پەیامی ئەو گروپ و هێزە سیاسییانەن کە ئەم ڕابردووە وەک درەخشانترین لایەنەکانی شوناسی ئەم شارۆچکەیە بەرزدەکاتەوە، ئەگەر چی بەشێک لە هێزی کۆنەخوازی هەڵەبجە شەریکی بەرهەمهێنانەوەی هەڵەبجەیەیکی شیعر کوژە. 

بەڵام پێناسەی شۆڕشگێڕبوون، لەسەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر ئاڵوگۆڕی گەورەی بەسەردا دێت. بۆیەش  ئەو ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییانەی کە دێنە پێش و ئەو پێداویستییە تازانەی کە کۆمەڵگا دەیخاتە بەردەمی هێزەکان بۆ وەلامدانەوە پێی، چەمکی شۆڕشگێڕبوون دەخاتە ئاستێکی دیکەی دووبارەپێناسکردنەوەوە. تەواوی مانیفێستی کۆمۆنیست بە شانو باڵهەڵکێشانی چینی بۆرجوازیدا دەستپێدەکات وەک چینێکی شۆڕشگێڕ کە کۆمەڵێک ئاڵوگۆڕی گەورە دەخوڵقێنێت. هەر ئەو بۆرجوازییەی پاڵەوانی (مافی دەنگدانی هاوڵاتییانە) لە زەمەنێکدا، لە زەمەنێکی تردا و لە چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتی تردا، بەرانبەر هەمان داخوازی چەکەکانی لەسەر پێیە.

ڕەنگە ڕوونکردنەوەی ئەم چەمکی شۆڕشگێڕبوونە لە پەیوەند بە ئاڵوگۆڕە مێژوویەکانەوە، لە کۆنتێکستێکی کوردیدا، ڕووخساری خۆیمان باشتر نیشانبدات.  ئەگەر تا بەر لە لەشکرکێشی ئەمریکا و بەریتانیا ، شێخ مەحمود و بەردەقارەمان و موشیری حەمەی سڵێمان، ناوەکانی ناو مێژوویەکی شۆِڕشگێربوون و ناشۆڕشگێڕبوونی  بەشێک لە خەباتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردیان داگیرکردووە، ئەوا لە دوای ئەم جەنگەوە، هەمان ئەم ناوانە ناتوانرێت بە پێودانگەکانی ئەمڕۆ، لە خانەی “شۆڕشگێڕبوون” و “ناشۆڕشگێڕبوون”دا بهێڵرێنەوە. بەردەقارەمان و شێخ مەحمود سیمبوڵی شۆڕشگێڕبوونی زەمەنێکن کە داگیرکردنی عێراق لەلایەن بەریتانیاوە دەیخوڵقێنێت. کامە شاعیر نەهات و لەم جەنگەی بەردەقارەمان ئەفسانەی دروستنەکرد، کام چیرۆکنووس نەهات و ئەم شوێن و ئەم ناوانەی لە چیرۆکدا جێنەکردەوە. بەڵام لە زەمەنێکی تردا، هاتنەناوەوەی هەر هەمان ئەو هێزانەی شێخی بەردەقارەمان بەرانبەریان دەجەنگا، لەژێر ناوێکی تردا دێنەوە ژوور. ئەگەر موشیری حەمەی سڵێمان(بەجیا لە هەر هەڵەیەکی مێژووی لە پەیوەند بە ناوهێنانی ئەم کەسە کە چۆن بووە و چۆن دەکرێ بە خائیین پاش ڕوونکردنەوەکەی دکتۆر  کەمال مەزهەر کە لە وتارێکدا ئاماژەی پێدەکات)، بە پێدزکە و بە چرایەکی دەستییەوە بەبناری دەربەندەکەی بازیاندا هەڵدەگەڕێت تا پەیوەندی بە هێزەکانی ئینگلیزەوە بکات و لە مێژووشدا وەک خائینترین ڕووخسارەکانی خیانەت  ناودەرکات، ئەوا چەندین ساڵ لە دوای سەروەرییەکانی بەردەقارەمانەوە، ئەمجارەیان، موشیرەکانی سەردەمی گڵۆبالیزاسیۆن، سەرەک هۆزی حیزبە کوردییەکان، بەبەرچاوی کامێراکانی دنیاوە، دەرگا لەسەر دەربەندە گەورەکانی عێراق دەکەنەوە و بە تەقەی شادییەوە پێشوازی لەشکری ئینگلیزەکان دەکەن. چەند کۆلۆنیالیزەکردنی عێراق لەسەردەمی خۆیدا لە ژێر ناوی تەمەدون دەکرێ گوومانی گەورە بەشوێن خۆیەوە بهێنێت کە هێنایشی ، بە هەمان شێوە هاتنەناوەوەی ئەمجارەی لەشکری ئەمریکا و ئینگلیزیش لەمڕۆدا لە ژێر ناونیشانی ڕزگارکردنی گەلانی عێراقدا، دەکرێ گوومانی گەورەتر دروستبکات. بە پێوەرە شۆِرشگێڕییەکانی تا پێش ئەم پەلامارەی ئەمریکا، شێخ مەحموود پەیکەری گەورەی ناو شارەکانی کوردستانە و تاکە شۆڕشگێری زەمەنی خۆیەتی بەهۆی جەنگی بەردەقارەمانییەوە. بەڵام کاتێک شۆڕشگێڕبوون دەبێتە پیِشلەشکری بۆ هەمان ئەو هێزانەی دوێنێ  و پێناسەکانی شۆڕشگێڕبوونیش ئەم هەلومەرجە تازەیە دووبارە چوارچێوەی دیکەی بۆ دادەنێت، ئیتر پەیکەرەکەی شێخ هەر ئاوا بە ڕاوەستاوی لە شوێنی خۆیدا وەک ئاماژەیەک بە شۆڕشگێڕبوون، شوێن پرسیاری ڕێبوارانی سەر شەقامە. شەقام بە پێوەری پێناسەکانی ئەمڕۆ بۆ شۆڕِگێڕێتی ، پەیکەری موشیری حەمەی سڵێمانی دەوێت. گۆڕینەوەی پەیکەرەکانی شێخ مەحمود بە پەیکەرێکی نوێ بۆ موشیری حەمەی سڵێمان، ئەو چیرۆکەیە کە لێیەوە، سەرمەدی بوونی چەمکی شۆڕشگێربوون و پاڵەوانەکانی دەخاتە ژێر پرسیارێکی گەورەوە. بەڵام شۆڕگێربوونی سلێمانی لەسەر هەموو ئاڵوگۆڕە مێژوویەکانەوەیە. ئەگەر مێژوویش ئاڵوگۆڕێکی گەورە بە بەشێکی گەورە لە سەرمایە ڕەمزییەکانی ئەم گروپە بکات، ئەگەر هێزە شۆڕشگێڕەکانی دوێنی ئەم شارەش ، لەبەرانبەر شۆڕشگێڕانی سەردەمی ئەمڕۆدا ، چەکەکانیان لەسەر پێیە، ئەوا  شۆڕشگێڕبوونی ئەم شارە، بە ئاوی پیرۆز نووسراوە.  
 بەڵام شۆڕشگێڕبوونی سلێمانی و خەڵکەکەی ، لەسەر و هەموو ئاڵوگۆڕێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتیەوەیە کە هێزە سیاسییە دەرگیرەکانی کۆمەڵگا لەناویدا چالاکی سیاسی و کولتوری خۆیان ئەنجامدەدەن.

بەڵام هەر خەڵکە شۆڕگێڕەکەی سلێمانییە کاتێک فشاری ئامادەیی سەرکوتی بەعس لەم شارەدا زیاتر و زیاتر دەبێت، ئەوا ئیتر تەنها وەرەقەی “خەفیفە”  هەڵگرتنی پێ عەیب نییە و دەبێ ئەمجارە چەکیش بکاتە شان و لە مانگێکدا دوو هەفتەش واجبی ڕەبایەیەک ببینێت. ئیتر بۆ کارکردن وەک مامۆستا، بۆ دانانی دوکانی فۆتۆکۆپی، بۆ وەرگیران لە خانەی مامۆستایان، لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان، بۆ دەرهێنانی وەکالەتی بایەعی، بۆ زۆرێک لە کاروبارە ئاساییەکانی ناو کۆمەڵگا، دەبێت خەڵکە شۆڕگێڕەکەی سلێمانی ئەندامی حزبی بەعس بن و کەسیش نکۆڵی لەمە نییە.
واتا هەر ئەو ئینسانانەی کە سەردەمانێک چەکهەڵگرتنیان بۆ ڕژێم پێ شوورەیی بوو، لەسەردەمێکی تردا کە سەردەستەیی دەسەڵاتی ڕژێم ئامادەیی هەیە، دەبێتە چەک لەشانی ڕژێم.

شاری هەڵمەت و قوربانی وەک پرۆژەیەکی سیاسی

من لەسەرەوە  “بەِهەڵمەت بوون و هەستی خۆبەقوربانیدان”ی شوێنێک لە شوێنەکانی کوردستانم خستە گرەوی پرۆژەیەکی سیاسییەوە. بەڵام سەرنجدانێکی ووردتری “هەڵمەت و قوربانی بوونی” سلێمانی کارێکی پێویستە.

 شاری هەڵمەت و قوربانی بوونی سلێمانی لەمڕۆدا ئیتر ئاماژە نییە بە ڕووداوێکی مێژووییەوە کە لەسەرەتاکانی سەدەی بیستدا لەم شارەدا ڕوویداوە و ئەم نازناوە بە خەڵکە شۆِرشگێڕەکەی لەلایەن شاعێرێکی ئەم شارەوە بە سلێمانی دەبەخشرێت، بەڵکو نازناوی شۆڕگێڕبوون و خۆبەقوربانیدانی خەڵکی ئەم شارە، لەگەڵ ڕووداوە سیاسییەکانی مێژوی تازەی کوردستاندا لە ناوەڕاستی حەفتاکانەوە  ، گیانی دەکرێتەوە بەبەردا و هەر ئەم بڕگە مێژووییەی کوردستانە کە “شاری هەڵمەت و قوربانی” دەکاتە بەرجەستەترین بەشێک لە شوناسە لۆکالییەکەی ئەم شارە.

لە کۆمەڵگایەکدا کە سیاسەت قورساییەکی گەورە لەسەر زەینی ئینسانەکان داگیردەکات و  سیمبوڵە سیاسییەکانی هێزە سیاسییەکان لەسەر قارەمانبوون و  “شۆڕشگێڕبوون”ی ئەندامەکانی دامەزراوە، لە کۆمەڵگایەکدا کە تاکە کەناڵی خەباتی سیاسی لە لوولەی چەکەوە پێناسە دەکرێت و هیچ جێگایەک بۆ سیاسەتکردن لە دەرەوەی خەباتی چەکداریدا نامێنێتەوە، “شاری هەڵمەت و قوربانی بوون” گەورەترین پانتایی ناو گوتاری سیاسی دەبێت.
هەر لەم چوارچێوە کۆمەڵایەتییەشدایە کە شاری قەڵا و منارە ناتوانێت ڕەقیبێکی باشی هەڵمەت و قوربانی بوون بێت.
کاتێک سەرنج لە شوناسی گروپی بەرانبەر دەدرێت کە لەبەرانبەر “هەڵمەت و قوربانی بوون”دا ، “شاری قەڵا و منارە” دەکاتە پۆزەتیڤترین تایبەتمەندییەکانی   شوناسی خۆ، ئەو کات بۆماندەردەکەوێت کە ئەو زەمەنە مێژوویەی ئاماژە بە شارستانی بوونی ئەم شارە دەکات ، ناتوانێت لەمڕۆدا شتێکی وامان پێبڵێت  کە لوولەی تفەنگەکان بانگەوازکەری سینەی کوڕە ئازاکانی ئەمڕۆیە تا بە قوربانی بن.  لە ڕۆژگارێکدا کە هێزە سیاسییەکان بۆ بانگەوازکردنی سنوورەکانی دەرەوەی خۆی، پێویستی بەقارەمانی چەکبەدەست زیاترە وەک  لە شانازییەکانی سەردەمێک کە لەناو لاپەڕەکانی مێژوودا خەوتووە و توانای کۆکردنەوەی کوڕە چەکلەشانەکانی نییە لە دەوری، “شاری هەڵمەت و قوربانی”ی بوون، زۆر سیحراویتر دێتە بەر گوێ و زۆر بەهێزتر دەتوانێ لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێت. هەر ئەم نزیکییەی چەمکی “هەڵمەت و قوربانی” بوونی ئەم شوناسە لۆکاڵییەی سلێمانییە لەگەڵ ڕووداوەکانی ڕۆژدا کە لەبەرانبەر شوناسی”قەڵا و منارە”ی هەولێردا بالادەستییەکی وای پێدەبەخشێت، کە تەرازووی دەسەلات، وەک دەسەڵاتێکی ڕەمزی بەلای گروپی سلێمانیدا بشکێنێتەوە. بێگومان بەلەبەرچاوگرتنی ئەو هەلومەرجە کۆمەڵایەتییە سیاسییەی کە چەک بە شارستانیبوون ناگۆڕێتەوە.   

بەڵام ووردبوونەوەیەکی کورت لە چەمکی “شاری هەڵمەت و قوربانی” بۆماندەردەخات کە ئەم وێنەیە لە واقیعدا جۆرێکی تر دێتە پێش چاو. . ئەگەر قوربانیبوون و ژمارەی زۆری کوژراوەکان کە  هەتا ئێستاش پێوەری شۆڕگێڕبوونی هێزە سیاسیەکانی کوردستانە وەک پێوەرێک بۆ شۆڕگێڕتربوونی ئەم شارە لەبەر چاو بگرین، ئەوا هەستدەکەین کە لە پێش شاری هەڵمەتبەرانەوە، لە ناسکترین لاپەڕەکانی مێژووی کوردستاندا، ڕانیە دەبێتە دەروازەی ڕاپەڕیوان و هەڵمەتبەرانی سلێمانی چاوەڕوانی کەسێکی لە خۆیان بەهەڵمەتتر دەبن، تا ئەم مێژوویەیان بۆ تۆمارکات . ژمارەی زۆرترین قوربانییەکانی کوردستان، ئەنفالەکانن و هیچ کام لە کوڕ و کچە کوژراوەکانی ئەم شارە ناتوانێت خۆی لە بەرزی ژمارەی قوربانییەکانی ئەنفال بدات.

شاری هەڵمەت و قوربانی ، لە بەرانبەر ناشۆڕگێڕبوونی هەولێردا

من لە شوێنێکی تردا دووپاتی ئەوەم کردەوە کە چەمکی شۆِڕشگێڕبوون ، شتێک نییە کە توانای هەڵگرتنی هەبێت و لەگەڵ تێپەڕینی زەمەنە جۆراوجۆرەکاندا نەقاوەتی خۆی ڕابگرێ. هەر بۆیەش من چەمکی “هەڵمەت و قوربان”ی بوونی شاری سلێمانی دەبەستمەوە بە مێژوویەکی تایبەتییەوە کە هاوکاتە بە دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە. ئەوە لەگەڵ دامەزراندنی ئەم هێزەی ناسیۆنالیزمی کورددایە، کە سلێمانی دەکرێتە پێشەنگی هەڵمەتبردن و خۆبەقوربانیدان لە چاو شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستاندا. هیچ هێزێکی سیاسی لە کوردستان و عێراقدا ، بەقەدەر یەکێتی نیشیمانی کوردستان جەختی لەسەر “هەڵمەت و قوربان”ی ئەم شارە نەکردۆتەوە. یەک بەیەکی “کوڕە ئازاکان”ی  ئەم شارە کە شەهید دەبن، لەلایەن شاعیران و دەستگا ئیعلامییەکانی ئەم هێزەوە دەکرێنە سەر قافڵەی شەهیدان و هەر هەمان ئەو کەسانەی تر کە خەڵکی ئەم شارەن و لە ناو هێزێکی تری سیاسی ئەو سەردەمەدا چالاکیدەنوێنن وە شەهیددەبن، گووماناوترین شەهیدەکانی کوردستانن. ئەوە چ جای لەو هەزاران دەموچاو وناوانەی تر  کە لە ناو هێزێکی تری غەیری یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا چالاکی سیاسیان نواندووە و شەهید بوون.  ئەمە نەک بە مانای کەمڕەنگتر بوونی شەهیدپەرستی لە ناو هێزە سیاسییەکانی دیکەی کوردستاندا، بەڵکو وەک کەمڕەنگتربوونی  بەرجەستەکردنەوەی لۆکالیزم لە ناو ئەواندا. سلێمانی بە مێژووی شیوعییەکانی ناوییەوە شاری هەڵمەت و قوربانی و شۆڕش نییە. بە هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی شوراکانی ئازارەوە، شاری هەڵمەت و قوربانی و شۆڕش نیە، بەڵکو ئەوە لەگەڵ مێژووی یەکێتی نیشتیمانیدایە، کە ئەفسانەکانی هەڵمەت و قوربانی بوونی ئەم شارە، دووبارە ڕۆحی دەکرێتەوە بەبەردا. 

بەڵام هاوکاتی ئەم گۆڕانکارییە سیاسییانەی کە لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکاندا ڕوودەدا، هەولێر لەلایەن دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسەوە دەکرێتە پایتەختی ئۆتۆنۆمی لە کوردستانی عێراقدا. گواستنەوەی زانکۆی سلێمانی و بەرجەستەکردنەوەی هەولێر وەک پایتەختی ئۆتۆنۆمی ڕژێم، ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان سلێمانی و هەولێر دەگەێنێتە شوێنێکی دی، واتا بە پایتەختبوونی هەولێر، لەگەڵ خۆیدا شەپۆلێک لە نوکتە لە کوردستاندا بە دوای خۆیدا دێنێت کە بە “زێڕە” و “خشەی دێ” دەستپێدەکات.

لە “زێڕەوە”  بۆ مارینزە گەمژەکانی هەولێر

کاتێک قوتابیانی خانەی مامۆستایانی هەولێر،سروودی ” سەرۆکمان زێڕە”یان چڕی، ئیتر شەپۆلێک لە نوکتەی سلێمانیانە بەرانبەر خەڵکی ئەم شارە دێتە ئاراوە.  بەڵام نوکتەکانی زێڕە و ئەو شەپۆلە نوکتەیەی بەدوایدا هات، ماشێنێکی گەورە لە پشتییەوە کاردەکات، کە لە باشترین و سادەترین ماناکانی خۆیدا، شۆڕشگێڕبوون و قارەمانبوونی ئینسانەکانی ئەم دوو شارە دەردەخات. خەڵکی هەولێر، ئەو کەسانەن کە سەر بۆ دەسەڵاتی ڕژێم دادەنەوێنن و بە شان و باڵی جەللادەکەی بەغدادا هەڵدەدەن. ئەمە پەیامی ئەم بۆمبارانە نوکتەییەی گروپی سلێمانییە لەبەرانبەر هەولێردا.

سروودی زێڕە بە جیا لەوەی کە فشارێکی ڕژێمی بەعس دەیخوڵقێنێت، هاوتا دەبێتەوە بەو پێوەرەی کە شۆڕشگێڕبوون و قارەمانبوونی خەڵکێک کە لەم شارەدا ژیان بەسەردەبەن، دەخاتە ڕوو.

تیپە مۆسیقاییەکانی هەولێر، بەمەبەستی تۆمارکردنی ئەو گۆرانیانەی کە ڕژێم و سەرانی ئەو قارەمانی ناو سروود و گۆرانیەکانن، دەکەونە ژێر فشارێکی گەورەترە و بەشێک لە گۆرانییەکانی جەنگی عێراق و ئێران تۆماردەکەن. کاتێکیش ئەم فشارە لەسەر سلێمانی گەورەتر دەبێت، پەتای گۆرانی وتن و شیعر هەڵبەستن بە باڵای سەرانی ڕژێمدا لەم شارەدا دەبێتە دیاردەیەکی زەق و بەشێکی بەرچاو لە ڕوخسارە مۆسیقی و شیعرییەکانی ئەم شارە، لە “زێڕە ” وتنەوەدا بۆ ڕژێم ، کەمتر ناهێنن.

بەڵام لە “زێڕە” وە  بۆ هەولێریە “گەمژە”کەی  ناو  نوکتەکانی ئەمڕۆ، نەخشەیەکی تری زەوق و میزاجی نوکتەیی لە کوردستاندا دەردەکەوێت. واتا هەولێری لە نوکتەکانی سلێمانیدا ، لە زێڕەوە تا ئەمڕۆ قارەمانی ناو نوکتەکانی کوردستانی عێراق نییە، بەڵکو ئەو ئاڵوگۆڕ سیاسی و کۆمەڵایەتییەی لە نێوان ئەم فەترە زەمەنییانەدا ڕوودەدەن، پاڵەوانی نوکتەکان دەگۆڕن و ئەم ڕۆڵە بە کەسانی جۆراوجۆر ەبەخشرێت.

لەگەڵ باڵادەستی دەسەڵاتی ڕژێمدا لە کۆتایی ساڵەکانی هەشتا و تووندبوونەوەی شەڕی عێراق و ئێران لە کوردوستاندا، بەسەربازیکردنی کۆمەڵگای کوردستان و باوک و کوڕ پێکەوە ناچارکردن بۆ بوون بە سەرباز، 736و 737کان دەبنە پاڵەوانێکی دیکەی ناو نوکتەی کوردی. 736و 737کان، ئەو سەربازانە بوون کە بەم دوو بڕیارە سەربازییەی ڕژێم لە کردنی خزمەتی سەربازی ئازادکران و پاشانیش لە پەشیمانبوونەوەیەکی خێرایی ڕژێمدا هەموویان کرانەوە بەسەرباز. 

لەو ڕۆژگارانەدا ئیتر قسەیەک لەسەر هەولێری نییە و خەڵکی کوردستان لە پرۆسەیەکی داشۆرینی گەورەی فەردی و کۆمەڵایەتیدا، لە هەلومەرجێکدا کە نەفەسدانێک بۆ هەناسەدانی ئازاد و ژیانێکی زۆر ئاسایی ڕۆژانە بەرتەسک و بەرتەسکتر دەبێتەوە ، وە بۆ خوڵقاندنی ترووسکاییەک لە شادی و دەنگهەڵبڕین لەبەرانبەر ڕژێمدا، کەوتنە سەرکوتینەوەی  کوڕ و باوکەکانی خۆیان. ئەگەرچی نوکتەکانی ئەم سەردەمە لە گاڵتەکردن و داشۆرینی  کوڕ و باوکەکانەوە دەستپێدەکات،  بەڵام پەیامەکەی بەگشتی دەنگی ناڕەزایەتی هەڵبڕینە بەڕووی سەرچاوەکانی ئەو مەینەتەی کە دەسەڵات خوڵقاندوویەتی. واتا تۆ لە ڕَێگای بە پاڵەوانکردنی باوک و براکانی خۆتەوە وەک سەرچاوەیەک بۆ پێکەنین،  دەتەوێت بە جەبەرووتەکانی دەسەڵات پێبکەنیت و دەنگێک هەڵبڕیت. 

بەڵام لە دوای ڕاپەڕینەوە، نەخشەی نوکتە و میزاجی خەڵکی شارەکانی کوردوستان دەگۆڕدرێت و هەر ئەو کەسانەی ڕۆژگارێک سیمبوڵی خەباتی شاخ بوون، دەبنە پاڵەوانی نوکتە تازەکانی شارەکانی کوردستان. نوکتەی خەڵکی کوردوستان لەسەر  ڕابەرانی هێزە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان و “مەنسولەکانیان”، گێڕەرەوەی ئەو ئاڵوگۆڕەی دەسەڵاتە کە لە کوردستاندا پێکدێت و ئاوابوونی ئەو ئومێد و خەونانەن، کە لەگەڵ دەسەڵاتدارێتی تازەی کوردستاندا، ڕۆژانە خۆینیشاندەدات. ئیتر حوکمەتەکەمان و سابوونی ئەو، سەرگوزشتەی فلانە مەسئول و دەیەها نوکتەی تر، سیمای ئەو میزاجە تازەیەی خەڵکی کوردستانە کە هەلومەرجێکی تازەتر دەیهێنێتە ئاراوە.

 لەگەڵ درێژەدان بە نوکتەکردن لەسەر بەرپرسیارانی دەسەڵاتی ئەحزابی کوردیدا، هەولێری بۆ جارێکی تر و لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆدا، دووبارە دێتەوە سەر شانۆ و ئەم ڕۆڵە گەمژانەیەی پێدەبینرێت.

شەڕی ناو خۆ و گوتاری هەولێری

یەکێک لە فاکتەرە گرنگەکانی ئەم شەپۆلی نوکتانەی سلێمانی لەسەر هەولێری، لە شەڕی ناوخۆ و جێگا و شوێنی هەولێر لەم جەنگەدا وەک سەنتەرێکی یەکلاکردنەوەی دەسەڵاتی سیاسی هێزە دەرگیرەکانی ئەم جەنگەدا شاراوەیە. ڕەنگە ئەم جەنگە و ئەم دابەشبوونەی کوردوستان بەسەر کۆمەڵێک دەسەڵاتی لۆکاڵیدا ، دەرئەنجامی دیکەی لێکەوتبێتەوە و بەو هیوایەی کەسانی دی، لە دەرخستنی کاریگەرییەکانی ئەم ڕووداوە خەتەرناکەی کۆمەڵگای کوردستان، ڕوونکردنەوە و لێکۆڵینەوەی زیاتر ئەنجامبدەن.

بە یەکێتیکردنی هەولێر یان بە پارتیکردنی، یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ناو ئەو ئەجێندا نەبینراو و بڵاونەکراوەی  ئەمدوو هێزە دەرگیرەن. هۆکارەکەیشی بێگومان ڕۆشنە. یەکلاکردنەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە هەولێردا، بە مانای شکاندنەوەی پارسەنگی دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی هەرلایەکی ئەم هاوکێشەی شەڕی دەسەڵاتەی کە هەولێر دەکاتە خوێناویترین  شارەکانی ژێر دەسەڵاتی “ئازادی” کورد.

لە دەستدانی ئەم شارە لە لایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و هەڵهاتنی هەزاران لایەنگری ئەم هێزە بۆ شاری سڵێمانی، وە تێکشکاندنی هێزەکانی پارتی لەلایەن یەکێتییەوە پاش گرتنەوەی جارێکی تری شاری سلێمانی و هەولێری بوونی ئەم “پاڵەوان”ە ی کە شاری هەڵمەت و قوربانی لە دەستی پارتی ڕزگاردەکات، کۆمەڵێک فاکتەری گرنگن لە شکڵپێدان بەو هۆکارانەی کە نوکتەی دوای شەڕی ناوخۆ بکاتە کەسێکی هەولێری.

لەم دۆخە تازەیەدا، هەم “کۆسرەتیزم” وەک سەنتەرێکی گەورە و فراکسێۆنێکی دیکەی دەسەڵات لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا و بەرپرسی پلە یەکی دەسەڵاتی ئەم شارە، هەم ئامادەیی هەزاران هەولێری لە شاری سلێماندا، ئەو چوارچێوە دەروونییەیە کە تیایدا گروپی سلێمانی ، بۆ لە پەراوێزەوە نانی “ئەوی دی” خۆی کە هەولێرییە، دەست بە داوێنی تۆپەکانی نوکتەوە دەگرێت و ئەم “ئەوی دی”یەی کە تا دوێنێ لە دوورەوە بۆ بەرزڕاگرتنی شوناسی خۆی نوکتەبارانیدەکرد، ئێستاش هاتووە و دەیەوێ لە نزیکەوە  هاوبەشی ئەو فانتازیای “پێکەوەیی” بوونە بێت. بەڵام خاڵێکی گرنگ کە ناکرێ فەرامۆش بێت ئەوەیە کە شەپۆلی ئەم نوکتانەی سلێمانی لەسەر هەولێری لەم ساتە وەختەدا، خاوەنی دوو پەیامی دژ بەیەکن. یەکێکیان پەیامێکە بە دەسەڵاتی سیاسی لە شارێکدا کە هێشتا تەرمی قوربانییەکانی خۆی نەناشتووە و ئەوی تریان پەیامێکە بە ئەندامەکانی ناو گروپی خۆ لە بەرانبەر “نامۆ”یەکدا کە دەیەوێ لەم خەونی پێکەوەیی بوونەی گروپدا، شەریک بێت.

ئەگەر کەمێک سەرنجبدەین لە پەیامی یەکەمی ئەم شەپۆلی نوکتانەی کە هەولێری پاڵەوانەکەیەتی، ئەوا بە ڕۆشنی بۆمان ڕووندەبێتەوە کە ئەم نوکتانە هێندەی لەسەر دەسەڵاتی سیاسییە، هێندە لەسەر خودی هەولێری نییە وەک “ئەوی دی” یەکی “ئێمە”. هەولێری لەم نوکتانەدا تەنها ئامرازێکە بۆ دەنگهەڵبڕین بە ڕووی دەسەڵاتدا. دەسەڵاتیش لەم ساتەوەختەدا خاوەنی ڕووخسارێکی دیاریکراوە و بەرجەستەیە کە کەسێکی” هەولێرییە”. دوای دووبارە لێسەندنەوەی سلێمانی لە دەست هێزەکانی پارتی، سلێمانی دەبێتە ئەو شارەی کە لەم ساتەوەختەدا  لە ئاستانەی دەیەها کۆست و برین و نەبوونیدایە. لەلایەکەوە بەشێکی زۆری ئەم شارە لە دڵەڕاوکێی تۆڵە لێسەندنەوەیەکی گەورەی یەکێتی نیشتیمانیدا چاوەڕوانی دەکێشێت، لەلایەکی دیکەوە ، بەشێکی ئەم شارە بە شوێن کۆکردنەوەی تەرمی قوربانییە کوژراوەکانی خۆیەوەیەتی. 

بەرپرسیارانی دەسەڵاتی ئەم شارە هەر کەسێک بن، ئەم دڵە ڕاوکێ و نا ئارامییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەی کە لە دۆخی پەنگخواردنەوەی خۆیدایە، یان دەبێ ببێتە ئەو هێزەی کە پەلاماری دەسەڵات دەدات، یان ئەوەتا بەهۆی نەبوونی ئەم تەرازووی هێزەوە، لە باری ڕەمزییەوە لە هەیبەت و تواناییەکانی دەسەڵات کەمکاتەوە. بەڵام بۆ گەیاندنی ئەم پەیامە بەدەسەڵات، چی لەوە ئاسانترە بە مەبەستی داشۆرینی،  بەرچاوترین سیمبوڵەکانی  ئەو بکاتە کەرەستەی نوکتەکانی.

نوکتەی هەولێرییەک کە لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی کۆسرەت و دەستودائیرەی ئەو لە سلێمانیدا دێتە ئاراوە، لەسەر هەولێری و هەولێرێک نییە کە کۆسرەتی لێ لەدایک بووە، بەڵکو هەولێری ئەو کەناڵە حازربەدەستەیە کە لە ڕێیەوە دەسەڵاتی پێدادەشۆرێت.  ئەو ڕەمزەیە کە خەڵکی لە ڕێگایەوە، پەیامەکانی خۆی بە دەسەڵاتی سیاسییەک دەگەێنێت کە بەرپرسیارێتییەکی گەورەی ئەم چارەنووسە ڕەشەی کۆمەڵگای لە ئەستۆدایە. 

بەڵام وەک لەسەرەوە  ئاماژەمپێکرد، لایەنی دووەمی ئەم نوکتانە، ڕاستەوخۆ پەیوەستدەبێتەوە بە هەولێرییەوە وەک “ئەوی دی “یەکی بەرانبەری گروپی خۆ کە سلێمانییە.ئەوەیشی کە ئەم تایبەتمەندییە بە هەولێری ناو نوکتەکان دەبەخشێت، ماناو دەلالەتە نوستووکانی ناو چەمکێکە کە پێی دەوترێت نامۆ.

بەڵام بەرلەوەی سەرنجێک لەم هەولێرییەی ناو نوکتەکان بدەم، ڕۆشنکردنەوەیەکم پێویستە لە پەیوەند بە چەمکی نامۆدا تا لەوێوە بێمەوە سەر باسەکە. بۆ ئەم مەبەستەش، هەردوو سۆسیۆلۆگی ناسراو کە بە شێوەیەکی فراوانتر لەسەر نامۆیی کاریانکردووە، جۆرج سیمیل و زیگمۆند باومان دەکرێ کۆمەککەر بن.

سەرەتا با لە پێناسە بەناوبانگەگەی “سیمیل” وە دەست پێبکەین لە پەیوەند بە کەسی نامۆدا.
ئەو دەنوسێ:” گەڕان، بەمانای ئازادبوونە لە خاڵێکی دیاریکراو لە شوێندا و لەباری ماناو دەلالەتەکانیشیەوە تەواو پێچەوانەی ئەوەیە کە تۆ پەیوەست بیت بە خاڵێکی دیاریکراوەوە لە شوێندا. بەڵام (کەسی نامۆ) وەک شێوەیەکی  سۆسیۆلۆگی، بە پلەیەکی دیاریکراو نیشاندەری یەکگرتنێکی هەردوو تایبەتمەندییەکەی سەرەوەن. من نامۆ لەو مانا بەربڵاوەی هەتا ئێستادا نابینم وەک گەڕیدەیەک(ڕێبوارێک) کە ئەمڕۆ دێت و بەیانی دەڕوات، بەڵکو وەک ئەوەی دەبینم کە ئەمڕۆ دێت و بەیانی دەمێنێتەوە. وەک ئەوەی بڵێی ئەو کەسەیە کە توانای بەهێزی گەڕانی هەیە.” (9 )
بەڵام باومان نامۆ وەک چەمکێک کە توانای فۆرمپێدان و پێناسە لەخۆگرتنی نییە دەناسێنێت. بۆ باومان
 نامۆ:” گوزارشتکەری ئەو دوولانە قوڵەی ناو کولتورە و هاوکاتیش دەرگا لەسەر کایەکانی زمان بەجۆرێک دەکاتەوە کە پڕە لە دژایەتی و چەمکی ناپێناسەکراو..”(10)  هەر بۆیەش باومان نامۆ وەک بەرهەمێکی مۆدێرنێتە دەناسێنێ و پێیوایە
 کە:” لە کۆمەڵگایەکی ترادیسیۆنیدا، نامۆ هەمان هەڕەشەی پێکنەدەهێنا وەک ئەوەی کە لە کۆمەڵگایەکی مۆدێرندا ئەو توانایەی هەیە”(11) ئاخر لەو زەمەنەدا، هەمیشە توانای دابەشکردنی نامۆکان هەبوون بەسەر هاوڕێ و دوژمناندا. هەر بۆیەش بەلای باومانەوە :” بۆ ئەوەی کەسێک وەک نامۆ بناسێنرێت، وەک (ئەوی دی)یەک، پێویستە تەواوی کۆمەڵگاکەی دەورووبەری وەک ناسراوێک نەک وەک نامۆیەک،  وەک پێکەوەییەکی ئێمەیی  بناسێنرێت. ” (12) نامۆ وەک چەمکێک کە پڕلە دژایەتییە،لە دیدی باوماندا کاتێک دەردەکەوێت کە لە نزیکترەوە سەرنجێ لە دژایەتییە ناوەکییە کۆبووەوەکانی ئەم چەمکە بدرێت:” نامۆ دەرخستنێکی ئەبستراکتانەی یەکنەگرتوو و ناویستانەی سێنتێزێکە لە نزیکی و مەسافەت. ئەو لە پەیوەند بە شوێنەوە ئامادە و نزیکە و  لە  ڕۆحیشدا  دوورە.  ئەو بەرهەمهێنەرەوەی ئەو جۆرە لە لەیەکنەچوونە کە دەکرێ بوونی هەبێ و تاڕادەیەکیش پەسەندبکرێ لە مەسافەیەکی دیاریکراودا. بەڵام قورستر دەبێت لەگەڵیا بیت کاتێک لە شوێندا ئامادەیی هەیە.”(13) ووردکردنەوەی ئەم تێڕوانینەی باومان بە مانای ئەوە دێت، نامۆ هاوکات جێگای سەرسامبوون و خۆدوورەپەرێزڕاگرتنە. خۆرهەڵات وەک نامۆیەک(ئەوی دی)یەکی خۆرئاوا، هەم جێگای سەرنجڕاکێشانە بۆ ئەو سیحرەی کە هەیەتی، هاوکاتیش مەترسیدارە و دەبێ مەسافەی لەبەرانبەردا ڕاگیرێت. بەڵام بۆ ڕوونکردنەوەیەکی زیاتر لە پەیوەند پێناسەی سیمیل و باومانەوە لە کۆنتیکستێکی کوردیدا، سەرنجدان لە وێنەی هەورامی لە زهنییەتی خەڵکی سلێمانیدا، دەکرێ زیاتر لە ڕوونکردنەوەکانی هەردوولا بگەین.

هەورامی، “ئەوی دی” یەکی سلێمانییەو ئەو نامۆیەیە کە لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی مێژووی ئەم شارەدا، وێنەکانی دەگۆڕدرێن. هەورامی و هەورامان وەک جێگایەکی دوورە دەست، جێگای سیحر و سەرسامی خەڵکی ئەم شارەن. واتا ئەو بەشەی ناو چەمکی نامۆیی وەک قبوڵکردنی ئەوی دی لە دوورەوە و سەرمەست بوون بە نهێنییەکانی ئەم نامۆ دوورەدەستە، لە ڕێگای وێنەکانی ئەم شوێنە و کەسەکانییەوە خۆیماننیشاندەدات. هەورامی ئەو نامۆیەیە کە:” لەمەملەکەتی سیاچەمانەدا دەژی، خەڵکێکی چاپووک و کارامەن کە لەسەر بەردی ڕەقیش توانای خۆبژێوی پەیداکردنیان هەیە. دەستڕەنگینن و هونەرمەند. بۆ شەکرو چا نەبێت پێویستیان بە هیچ شارێک نییە. بەڵام زمانێکیان هەیە ، خوا و خۆیان نەبن، کەس لێیانتێناگات. کاتێکیش دووانیان لە ناو سەد کەسی غەیری هەورامیدا بن، ئەوا یەکسەر دەستدەکەن بە هەورامی قسەکردن.” ڕەنگە کەم گروپی وا هەبێت لە کۆمەڵگای کوردستاندا کە وێنەیان لە چاوی گروپێکی دیکەوە، هێندە پۆزەتیڤ بێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم وێنەیەی هەورامی لای سلێمانی،  دەبێت سنوورەکانی خاڵی خۆجیاکردنەوەی  گروپی خۆ تێنەپەڕێنێت.  ئەگینا شتێک نییە ناوی هەورامی و سلێمانەیی بێت. هەر بۆیەش ئەو وێنانەی دواییان لە پەیوەند بە زمانیان و کەس تێنەگەیشتن لێیان، خۆیان و خوا نەبێت، سنووری جیاکردنەوەکانی گروپی سلێمانییە لەبەرانبەر هەورامیدا. بەڵام ئەم وێنە پۆزەتیڤەی گروپی هەورامی لای گروپی سلێمانی، هەر وا خاوەنی ڕەونەقی پۆزەتیڤانەی خۆی نییە و لەگەڵ بەزاندنی سنوورەکانی خۆیدا بەهۆی ئەو ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتی و سیاسیانەوەی کە ڕوودەدات، ئەویش گۆرانی بەسەردا دێت. 

ناوچەکانی هەورامان لە سایەی جەنگی عێراق و ئێراندا دەبێتە شوێنی ئەم شەڕە خوێناوییە و لەگەڵ کارەساتی هەڵەبجە و پێشتریش لەگەڵ داگرتن و ڕاگواستنی دییەکانی ئەم ناوچانەدا، شەپۆلێکی گەورەی خەڵکی ئەم ناوچەیە ناچاردەکات کە ڕووبکەنە سلێمانی. ئیتر ئەو نامۆ دوورەدەستانەی کە لە دوورەوە شوێنی پیاهەڵدان و پێسەرسامبوونن وەک ئەوەی باومان رۆشنیکردەوە،یان بە زمانی سیمێل،  “ئەو رێبوارەی  کە  ئەمڕۆ دێت و بەیانی دەڕوات”، دەبێتە “ئەو نامۆیەی کە ئەمڕۆ دێت و بەیانی دەمێنێتەوە”. لەگەڵ مانەوەی نامۆ دوورەدەستەکانی دوێنێکەدا لەمڕۆدا، چەمکی ئەو دیوی ڕوونکردنەوەکەی باومان لەسەر نامۆ دەستدەکات بەکار. ئیتر کەسی نامۆ لەم دۆخە تازەیەدا کە ئامادەییەکی زیندووی جەستەیی هەیە لە شوێندڕ، لە سلێمانیدا، دەبێ بێتە سەرچاوەی مەسافەتڕاگرتن لەبەرانبەریدا.

کاتێک لە زمانی “حەسەنی شیرینەوە” باس لە گێڕانەوەی بۆمبارانی کیمیاوی هەڵەبجە دەکرێت و دەبێتە نوکتەیەکی کاریگەر لە شاردا، وەک ئەوەی کە نوکتەکە گێڕەرەوەیەتی، ئیتر مەوداکانی ئەم مەسافەیە لە ڕۆحی گروپی نوکتەکەردا، تەواوی ڕەهەندەکانی خۆیمان نیشاندەدات. حەسەنی شیرین دەڵێت:” سەدام کیمیاوی کرد بە هەڵەبجەدا و هەڵەبجەیشی کرد بەسەر شاری سلێمانیدا.” یان:” بۆ دەڵێن کەس لە هەوراماندا نەماوە بەهۆی بۆمبارانی کیمیاوییەوە، ئەی ئەوە نییە چایخانەی هەورامییەکان لە ئەسحابەسپیدا، هەر جمەی دێ” 

بە پاڵەوانبووونی هەورامی وەک قارەمانی نوکتەکانی شاری سلێمانی لە دوای کارەساتی هەڵەبجەوە، لە پلەی یەکەمدا لە ئامادەیی شوێنی و جەستەیی ئەم گروپەدایە کە کارەساتی ماڵوێرانییەکانی شەڕی عێراق و ئێران لە کوردستاندا دەیخوڵقێنێت و دێتە ناو ناوچەی شکاری گروپی باڵادەستەوە کە تا دوێنی لە دووربوونی ئەودا، جێگای سەرسامبوونییەتی و لە ئامادەیی ئەودا، دەبێت لە ڕێگای نوکتەکانیەوە، بیخاتە پەراوێزەوە تا سنوورەکانی شوناسی گروپ بە پیرۆزی بمێنێتەوە.

لە پەیوەند بە هەولێریشدا، ئەم نەخشەیە بە تەواوی تواناییەکانی خۆیەوە لە کاردایەو ئامادەیی هەزاران لەو نامۆ هەولێرییانەی کە تا دوێنێ”ماستەکەیان خۆش بوو” بەڵام لە ئامادەیی جەستەییاندا، ئەگەر “سەرببڕێن ماستیان لێدێت.” بۆیە ئەم شەپۆلەی نوکتەو گاڵتەپێکردنەی سلێمانی لەبەرانبەر هەولێریدا، وەک میکانیزمێکی پراکتیزەکردنی دەسەڵاتی گروپێک دەردەکەوێتەوە کە ئامانجە کۆتاییەکەی دوورڕاگرتنی ئەوانە بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئەو “هەڕەشە”یەی  کە نامۆکان دەیخەنە سەر پیرۆزییەکانی گروپی خۆ.

 

سلێمانی وەک سەنتەری تەمەدون و پێشکەوتوویی 

هەولێر وەک سەنتەری دواکەوتوویی و ناشارستانی.

 

“بە خوا بابە هەولێری دواکەوتوون”، “کورە خۆ کچێک ناتوانێت بە تەندوورەوە بگەڕێت، بە چاو لووشیدەدەن”، ” بابە سلێمانی شارێکی موتەمەدینترە لە هەولیر، ئاخر چۆن بەراوورددەکرێنَ” ، ئەمانە بەشێکی کەم لەو دیدوبۆچوونە باوانەن کە ئاستی شارستانی بوون و پێشکەوتووبوونی خەڵکی سلێمانیدا لە چاو هەولێردا دەخرێنە ڕوو. بەڵام ئاستی تەمەدون بوون و پیِشکەوتووبوونی ئینسانەکانی جێگایەک، لە کردەوەی تاکەکانی کۆمەڵگادا نابینرێت و دەبێ پێوەرێکی گەورەترت لەبەرچاودا بێت. هاوکاتیش دەبێ ئەو زەمەنە مێژوویی و ستراکتۆری دەسەڵاتی سیاسی کۆمەڵگا، جێگایەکی دیاریکراوی لە درکاندنی ئەم بۆچوونەدا هەبێت. یِشکەوتنی کۆمەڵگا و ئاستی تەمەدونبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگایەک، پەیوەندییەکی ڕاستەوانەی لەگەڵ چوونە پێشەوەی زەمەندا نییە.  واتا دانانی سەقفێکی زەمەنی ، گریمان ساڵی دوو هەزاری زاینی بەبەراوورد لەگەڵ حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، نیشاندەری شارستانی بوون و پیشکەوتوو بوونی کۆمەڵگایەک ناداتە دەست، هەر بەوەی سی ساڵ بەسەر گەشەی ئەم کۆمەڵگایەدا تێپەڕیوە. ئاخر گەشەکردن بە تەنها خاوەنی ئاڕاستەی بەرەوپێشەوە بوون نیەو دەکرێ تیری ئەم ئاڕاستەیە لە زەمەنێکی دیاریکراودا پێچەوانەی ڕۆیشتنی کات بێت بۆ پێشەوە. کولتوری جلوبەرگپۆشینی ژنان لە کوردستاندا، وەک ئاماژەیەک بۆ ئازادتر بوونی ئەو لە هەڵبژاردنی ئەو جلەی کە ئەو دەیخوازێ، نەک خودی تەمەدونبوون وەک شێوازی ئەو جلەی کە دەپۆشرێت، زۆر لە پێشەوە ترە لە حەفتاکانی سلێمانیدا بەبەراوورد لەگەڵ دوو هەزاری شارێکی وەک سلێمانیدا. 

تەنوورە بە مینی جۆبەوە لە کۆتایی شەستەکاندا دێتە کوردستان و لە ساڵی دوو هەزاری سلێمانیشدا، درێژترە لە ماکسییەک کە ژنان لە ماڵەوە لە پێیاندەکرد و هووهاش دەخاتە سەر زاری بەشێک لە خەڵکی ئەم شارە. . سینەمای حەفتاکانی هەڵەبجە فلیمی پۆڕی لێدەدا و لە دووهەزاری هەڵەبجەدا لەسەر ڕیشنەهێشتنەوە شەللاقکاری ئینسانەکانی دەکرێت. گۆرانی کوردی لە حەفتاکاندا، جاز و گیتار دەکاتە کەرەستە گرنگەکانی و لە سەرەتای هەزارەی نوێدا، بە سینەکوتان و گۆرانییەکانی تەکیە و خانەقاوە، دەیەوێ ئەو هەستە بلاوێنێ کە باڵادەستی ئیسلامی سیاسی و ناسیۆنالیزم خوڵقاندوویەتی.

خوێندنی وانەکانی بایۆلۆژی لە سیستەمی خوێندنی کوردستاندا، بەو هەموو کەموکوڕییانەیشیەوە، زۆر موتەمەدینترە لە هەمان وانەکانی بایۆلۆژی کە لە  بەشێکی زۆری ئەو “کەمەربەندە ئینجیل” یەی هەندێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکادا دەخوێنرێت. سیستەمێک کە تیۆرییەکانی “بیگ بان” و چۆنێتی دروستبوونی کەون بە پێی ئەو تیۆرییە قەدەغە دەکات و چیرۆکی دروستبوونی گەردوونی ناو ئنجیل دەبێ جێگای بگرێتەوە.

زانکۆی سلێمانی هەمیشە وەک یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی ئەم ئاستی پێشکەوتووبووونەی سلێمانی بەرجەستەدەکرێتەوە. بەڵگەی لە چەشنی کاریگەری ئەم ناوەندە زانیارییە لەسەر کولتور و تێکەڵاوبوونی کوڕان و کچانی ئەم شارە، خۆی لە خۆیدا دەکرێتە بەڵگەیەکی شارستانی بوونی سلێمانی. بەڵام ئەم زانکۆیە، لە مێژوویەکی تا ڕادەیەک درێژەوە لە هەولێردایە و ئەو سیحرەیشی بۆ بەشارستانیکردنی هەر شارێک کە زانکۆی تیادایە، دەبێ هەولێریش بگرێتەوە. واتا مێژووی درێژی ئەم زانکۆیە بە بەراوورد لەگەڵ مێژوویەکی کورتتردا کە لە سلێمانییە، دەبوایە ئاستی تەمەدونبوون و شارستانی بوونی هەولێری چەند هەنگاو لە پێش سلێمانییەوە بقەبڵاندایە. بەڵام خەبەرێک لە کاریگەری زانکۆی سەڵاحەدین لەسەر هەولێر نیە و کڕینی هەرزانبایینانەی ئەو بەڵگەیەی کە زانکۆی سلێمانی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر سلێمانی و ئاستی تەمەدونبوونی هەیە، ناتوانێت، بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو بێت. 

“بەڵام هەولێر شارێکی عەشیرەتی تر و دواکەوتووانە تر دێتە پێش چاو.” ئەمە بەڵگەیەکی ترە کە لێرەو لەوێ دەبیسترێت.  ئەم دەربڕینە، ئەگەر چی پشتی بە لێکۆڵینەوەیەک نەبەستووە و هیچ شتێکی ترمان پیناڵێ کە ئایا بەرینی ئەم ستراکچەرەی عەشیرەتبوونە لە سلێمانیدا چۆنە و لەسەر چ بەراووردکردنێکەوە دەنگهەڵدەبرێ، کەچی وەک وێنەیەک بە حەقیقەتی ڕەها گەێنراوە. بەڵام ئەگەر ئەم وێنەیە کەمێک نزیکایەتی لەگەڵ واقیعدا هەیە، ئەوە دەبێت لەگەڵ لێکۆڵینەوە لەو زەمەنە مێژوویەی کە ئەم درکاندنەی تیا دەردەبڕدرێت، بەراوورد بکرێت. من پێم وایە هیچ یەکێک لەو ئیدیعایەی دواکەوتووبوونی هەولێر و بەرینبوونی سیستەمی عەشیرەتی تیایدا، پەیوەندی بە چەندین دەیەی پێشووترەوە نییە. گەشەی سەرمایەداری لە عێراق و کوردستاندا هاوکاتە و ئەوە یەکەمین جادەی قیر نییە کە گەیشتبێتە سلێمانی و هەولێریش لەپاش چەندین ساڵی ترەوە بە جادەی قیر ئاشنا بوو بێ تا قسە لەسەر دابڕانی هەولێر بکرێت بە سەنتەرەکانی دیکەی تەمەدوونەوە. ئەگەر ئەو ڕاستییەش بدرکێنیین کە هێڵی شەمەندەفەر لە شارێکی وەک هەولێردا مێژوویەکی درێژتری پێکەوەلکاندنی هەولێری هەبووە بەسەرتاسەری سەنتەرە بازرگانی و پیشەسازییەکانی عێراقەوە. خەونێک کە سلێمانی تەنها بە نوکتە توانیوییەتی، دڵنەوایی خۆی پێبداتەوە.

بەڵام بانگەوازی دواکەوتوی هەولێر و عەشیرەتبوونی ئەم شارە، لە کاتێکدا دێتە ئاراوە کە ئینسانی سەر بە گروپی ئەمبەر واتا سلێمانی ، لە پێکەوە ژیانییەکی نزیکتردا خۆی لەم شارەدا دەبینێتەوە.

لەگەڵ گواستنەوەی زانکۆی سلێمانیدا بۆ هەولێر، نوکتەی ئەو هەولێرییانەی کە “خەریکە بە چاو کچان ڕووتدەکەنەوە” و ڕەفتاری سەیری هەولێرییەکان، دەبێتە بەشێک لەو دیدوبۆچوونە باوانەی گروپی سلێمانی لەسەر هەولێر.  ئیتر ئەوەی کە کەسێکی سەر بە هەولێر ئەم ڕەفتارەی نواندبێ، جێگایەکی ئەوتۆ داگیرناکات و ئەوە هەموو هەولێرییەکانن  کە پەیڕەوی لەم کولتوری “بەچاو کچان ڕووتکردنەوەی” کچەکانی زانکۆی سەڵاحەدیینن. بەڵام هەولێرێک کە مێژوویەکی درێژتری لەگەڵ تێکەڵی کچان و کوڕاندا هەیە بەهۆی ئەو شەپۆلی توریزمەوە کە ساڵانە ڕوودەکەنە هاوینەهەوارەکانی ئەم شارە، حاجی بازاڕییەک کە بۆ فرۆشتنی کاڵاکانی بە کچە دەوڵەمەندەکانی چینی باڵای عێراق کە لە بەسرەوە تا موسڵ هاتوونەتە ئەوێ ، ناچارە هەم تەنوورە بفرۆشێت و هەمیش کەمێک فێری ڕەفتارێکی سەرمایەدارییانە ببێت بەرانبەر مشتەرییەکانی، ناکرێ وەک نوێنەری خەڵکە “چاو حیزە”کەی هەولێر تەماشا بکرێت.  بەڵام وێنەی هەولێرییەکی دواکەوتوو، بەوەی دژە وێنەی سلێمانی نیشاندەدات  و بەشێکە لەو وێنە دروستکراوانەی کەلەگەڵ ئەم شەپۆلە نوێیەی نوکتەی سلێمانیدا بەرانبەر هەولێر بەرجەستەدەکرێتەوە، پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ شاری هەولێری ئەمڕۆدا هەیە. واتا ئەو پرۆسەیەی کە هەڵەبجە دووچاری بوو و لەشاری شاعیرانەوە گۆڕدرا بە شاری شیعرکوژ، بە جۆرێکی تر دووچاری هەولێر دەبێت. بەڵام بەوەی کە هەڵەبجەییەکان ئەو گروپە نین کە سلێمانی خۆی لەبەرانبەردا پێناسە بکات، نوکتەکان ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی ئەو دەسەڵاتە سیاسییە دەکرێت کە خوڵقێنەری دواکەوتووی کولتوری ئەم ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسییە. ئەو هەموو بەرنامە تایبەتییانەی لەسەر هێزە ئیسلامییەکان، چ لە لە بەرنامەی بەرنامەدا و ئەو هەموو داشۆرینەی ئیسلامییەکان لە گۆڤاری سیخورمەدا، تەنها بەشێکی کەمی ئەم نمایشە کۆمیدیەیە لەبەرانبەر ئیسلامی سیاسیدا. واتا ئەو دواکەوتوویە کولتورییەی کە لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی ئیسلامی سیاسیدا پەرەدەگرێت، دەکرێتە نوکتەیەک لەسەر خودی دەسەڵاتی سیاسی ئەم ناوچانە. بەڵام بەرهەمهێنانەوەی دواکەوتوویی کولتوری لە شارێکی وەک هەولێردا کە ئەنجامی پراکتیزەکردنی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی ئیسلامی سیاسیی نییە، نوکتەکان بە شوێنێکی تردا ئاڕاستەدەکات و ئەمجارەیان نەک دەسەڵات، بەڵکو خودی ئینسانەکانی کۆمەڵگا دەکاتە نیشانەی تیری خۆی. 

بەڵام ئایا دەکرێ ئیدیعای ئەوە بکرێت کە ئاستی دواکەوتوویی کولتوری لە شارێکی وەک هەولێردا ئامادەییەکی بەرچاوتری هەیە؟ بەبڕوای من بەڵێ. ئەمە نەک بە دووپاتکردنەوەی ئەو ئیدیعایەی کە شوناسی دواکەوتوویی بە گەردنی هەولێرییەکاندا هەڵدەواسرێت لە دۆخی نوکتەکانی سلێمانیدا، بەڵکو بەسەرنجدان لەو هەلومەرجە تازەیەی کە هەولێر دەکرێتە  یەکێک لەو  شارە گرنگانەی کە چارەنووسی سیاسی هێزەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی تیا ساغدەکرێتەوە.

من بە بێ هیچ دوودڵییەک دەتوانم ئەوە بڵێم کە کولتورێکی مودێرنتر، تانوپۆی بەها ئینسانییەکانی کۆمەڵگای کوردستانی داگیرکردبوو لە حەفتا و تەنانەت هەشتاکانی کوردستان و عێراقدا. بەڵام لەگەڵ ئەو ئاڵوگۆڕە گرنگانەی کە ئەم وڵاتە دەگرێتەوە، هەر لە حەساری ئابووری سەر عێراق و شەڕی ناوخۆ و سەرهەڵدانی ئیسلامیی سیاسییەوە لە کوردستانی عێراقدا، بەشێکی گەورەی ئەم جومگە گەشانەی کۆمەڵگا لە مافێکی ئاسایی قبوڵکراوەوە، دەگۆڕدرین بە خەونێکی دوورە دەست. ئەم ئاڵوگۆڕە لەسەر تاسەری کوردستاندا هەستی پێدەکرێت و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، بە پێی دەسەڵاتە سیاسییەکانی ناوی و سەنگ و سووکی هێزە ڕادیکاڵەکانی کۆمەڵگا، جیاوازی دروستدەکات. 

ئەگەر کتێب ئەفسانەیەکی گەورەی ناو زمانی کوردییە و توانای بەرهەمهێنانی دەستەواژەیەکی لەم چەشنەی هەیە کە دەڵێ:” کتێبێکم بدەرێ تا گەلێکی پیِشکەوتووت بدەمێ”، ئەو بە شکاندنەوەی ئەم ئەفسانەسازییە لە کتێب دەکرێ بووترێت:”  دەسەڵاتی سیاسی کۆمەڵگایەکم نیشاندە،  تا ئاستەکانی تەمەدون و کەشوهەوای کولتوری کۆمەڵگایەکت بدەمێ!” ئەگەر چی هێشتاش ناتوانرێت وێنەیەکی هەمەلایەنە بە سەرنجدانی دەسەڵاتی سیاسی، دەربارەی ئاستەکانی پێشکەوتووبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بە دەستبێنرێت ئەگەر جێگاو شوێنی تەواوی هێزە کۆمەڵایەتییە سیاسییەکانی ئەو کۆمەڵگایەت لەبەر چاوتا نەبێت.  بۆ هێزی کۆنسەرڤاتیزمی ئینگلیزی خێزان و پەیوەندییە خێزانییەکان تەنانەت سێکسکردنی ئینسانەکان، جێگایەکی گەورەی”سیاسەتی خێزان”ی ئەم هێزانە پێکدەهێنێت. بەڵام بۆ کۆنسێرڤاتیزمی سویدی، ئەم لایەنە تا ئاستێکی بەربڵاوتر، دەخرێتە دەرەوەی سیاسەتەکانیانەوە. واتا کۆنسەرڤاتیزمبوونی ئەم هێزانە، خود بە خود نابێتە ئەو ناوکۆییەی کە ئەم هێزانە پێکەوە دەبەستێتەوە بەوەی کە هەڵگری هەمان تێڕوانینی سیاسیین. بەڵکو بینینی دژەهێزی بەرانبەر، کاریگەرییەکی گەورە لەسەر ئەو سیاسەتە دادەنێت. هەر بۆیەش چۆنێتی سێکسکردنی ئینسانەکانی سوید، قەت جێگایەکی گەورەی سیاسەتی خێزانی کۆنسەرڤاتیزمەکانی سوید نەبووە. لە کاتێکدا ئەم جومگەیە، بەردی بناغەی کۆنسەرڤاتیزمی ئینگلیزی و ئەو کۆنسەرڤاتیزمە نوێیەیە کە بۆش لە ئەمریکادا نوێنەرایەتی دەکات. لەگەڵ ئەم ڕوونکردنەوەیەشدا :”  دەسەڵاتی سیاسی کۆمەڵگایەکم نیشاندە،  تا ئاستەکانی تەمەدون و کەشوهەوای کولتوری کۆمەڵگایەکت بدەمێ!”، خاڵی دەستپێکردن و تێڕوانینی من دەبێت بۆ سەرنجدان لە دواکەوتوویی و ئەو بەها خێڵەکییانەی کە دەکرێ لە هەولێردا و لە جومگەیەکی زەمەنی تایبەتدا، جێگایەکی فراوانتر بگرێت.

لە کاتێکدا دەبێت ئەوەش بووترێت کە بەهێزکردنەوەی ستراکچەری خێل و کولتورەکەی، هەمیشە پرۆژەیەکی حازربەدەستی ڕژێم بووە . دروستکردنی ئەفواجی خەفیفە و سپاردنی فەرماندەیی ئەم لەشکرە سەربازییە بەسەرەک خێڵەکان، دیاردەی بەرچاوی ناوەڕاستی هەشتاکان بووە و بە شێوەیەکی بەرچاوگیر سەرتاپای کوردستانی گرتبووەوە.

کارێکی دژوار و بێمانایە پێت وابێت ژماری ئەفواجی خەفیە لە هەولێر و دەوروبەریدا  زۆر تر  بووە  لە بەرانبەر سلێمانیدا تا بەم هۆیەوە دەرئەنجامی گەورەتر بوونی پانتاییەکانی خێلەکێتی و دواکەوتووی کولتوری ئەم شارە بسەلمێنرێت. بەڵام با سەرنجێک لە دەسەڵاتی سیاسی شاری هەولێری ئەمڕۆ بدەین.  

هەولێر بەوەی لە دوای ڕاپەڕینەوە ئەو شانسەی پێدەدرێت کە لە یەکلاکردنەوەی باڵەکانی ناو ناسیۆنالیزمی کوردا، بێتە سەنتەری ململانێیەک، هاوکاتیش دەکرێتە ئەو فابریکە گەورەیەی کە دەبێ دواکەوتوویی و کۆنەپەرەستی تیادا بەرهەمبهێنرێتەوە. من ئەو فابریکە گەورەیەی کە ئەرکی بەرهەمهێنانەوەی دواکەوتوویی و کولتوری خێڵی لەسەر شانە ناو دەنێم، پیشەسازی کۆنەپەرەستی و کولتوری خێل ڕاگرتن. ئەو خاوەنکارەیشی لە پشت وەگەڕخستنی ئەم ماشێنەوەیە، بە پارتیکردن و بەیەکێتیکردنی ئەم شوێنەیە.

بۆ تەرازووبەرزکردنەوەی هێزی سیاسی خۆ لەم شارەدا، هەردوو زلهێزەکەی کوردستان لە دوای ڕاپەڕینەوە، لە پرۆژەیەکی گەورەی پێشبڕکێدان بۆ زیندووکردنەوەی هێزە کۆنەخوازەکانی ئەم شارە. کۆمەککردنی لایەنێک بە بزووتنەوەی تورکمان بەباڵە جۆراوجۆرەکانییەوە، دەبێ بە کۆمەککردن و باوەشکردنەوەی هێزی بەرانبەر تەواوبێت بۆ فڵانە سەرەک خێل کە بە هۆی بوونی هەزاران چەکدارەوە ، دەکرێ ئەم پێشڕەوی و باڵادەستییەی ئەوبەر پووچەڵکاتەوە. پرۆسەی دەستگرتن بەو سەرەکخێڵانەوە کە ڕۆژگارێک چەکداری ڕژێم بوون لە دوای ڕاپەڕینیشەوە و دابەشبوونیان بەسەر هێزەکانی ئەم گروپ یان ئەوی د یدا، یەکێک لە سیما بەرچاوەکانی ئەم کێشمەکێشەیە لەسەر پەیداکردنی هەژموونی سیاسی بۆ گروپی سیاسی خۆ.

لەم نێوەندەدا، دەرگاکردنەوە لەسەر چالاکی سیاسی بێقەیدوشەرتی تەواوی هێزەکانی ئیسلامی سیاسی لەم شارەدا، بە مەرجێک سیمپاتی بە گروپی خۆوە نزیکتر بێت، دەکرێتە یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ئەم پرۆسەی دروستکردنی هێزی کۆنەپارێز و دواکەوتووی ئەم کۆمەڵگایە. بەبڕوای من، دواکەوتوویی و بەرزڕاگرتنی پایەکانی کولتوری خێل هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئاستی گەشەی کۆمەڵگادا نییە و هەر یەکێک لەم دیاردانە، نەک وەک پاشماوەکانی گەشەنەکردنی سەرمایەداری و کولتوری سەر بە ڕابردوو کە لەلایەن ڕوناکبیرانی کوردەوە بەرجەستەدەکرێتەوە، دەکرێ سەرنج بدرێن، بەڵکو ئایین و دواکەوتوویی و کۆنەپەرەستی فەرهەنگی و بەهێزبوونی سترەکچەرەکانی پاتریارک، هەر هەموویان دیاردەی مۆدێرنن و لە پێداویستییەکانی کۆمەڵگای نوێوە دەکرێ لە پرسیاری: بۆچی هێشتاکە توانای بەردەوامبوونیان هەیە؟  بکۆڵرێتەوە.

هەر یەکێک لەم پایانەی سەرەوە( ئایین و دواکەوتوویی و کۆنەپەرەستی فەرهەنگی و بەهێزبوونی سترەکچەرەکانی پاتریارک) کە بە جۆرێک کار لە سەر درێژەپێدان و بەهێزکردنەوەی بەها و سیستەمە فیکرییەکانیانی کۆنە پەرەستی و دواکەوتویی کولتوری ئینسانەکان دەکات، لە پلەی یەکەمدا بەرهەمی سەردەمێکی پێشوو تر نین . بەڵکو پێداویستی ئەمڕۆکەیی ناو کۆمەڵگای مۆدێرنن کە هێزێک بەهۆیەوە، لە درێژە هێشتنەوەی پایەکانیدا، ئامانجدارانە کاردەکات. واتا بەرهەمهێنانەوەی هەر یەکێک لەوانە، بەدەردی کەسێک دەخوات و لە پێداویستی ئەم “بەدەردخواردنە”ی ئەوانەوەیە کە ئەم جومگانە توانای ژیانی تا ئەمڕۆکەی ناو کۆمەڵگای ئەمڕۆیان هەیە.  کێ لە ژنانی کوردستانی پرسیوە، ئێوە دەخوازن سەرببڕدرێن لەبەر ئەوەی بە خواستی خۆتان خۆشەویستیتانکردووە؟ بەڵام پاراستنی کولتوری شەرەف، بە سەدان چەکبەدەستی قانونی و ئایینی و کولتوریەوە خۆی تەیارکردووە. 

خێل و خێڵەکی بوونی کۆمەڵگا، لە شارێکی گەورەی ملیۆن نەفەری وەک سلێمانی و هەولێردا بۆ جێگای دەبێتەوە ئەگەر پێداویستی ئەو هێزە سیاسییانە نەبێت کە بەهۆی ئەوانەوە درێژە بە دوکان و بازاڕی سیاسی خۆیاندەدەن.

کێ گومان لە پێشکەوتووبوونی ئەمریکا دەکات، کەچی لەو ویلایەتانەیدا سزای ئیعدام ئامادەیی هەیە و لە کاتی ئیعدامکردنی کەسێک دا، ئەوانەی کە خوازیاری درێژەپێدانی ئەم سزایەن، جەژن و شادیدەگرن لەبەر زینداندا. ئایا سزای ئیعدام لەمڕۆی ئەمریکادا کە لەگەڵ چنینەوەی هەر قوربانییەکدا، کولتوری تۆڵەسەندنەوە چەندبارە بارگاویدەکاتەوە، بەڵگەی دواکەوتوویی کولتورییە( سەماکردن بۆ مەرگی کەسێکی دی) یان دەیەها هێزی جۆراوجۆر خوازیاری درێژەپێدانی ئەم ڕیتواڵی مەرگەن. 

ئەفغانییەکان کۆنەپەرست و عەشیرەتی و دواکەوتووبوون یان ئەو دەسەڵاتەی کە کۆنەپەرەستی و دواکەوتوویی کردە پرۆژەیەکی سیاسی ئەم کۆمەڵگایە؟

ئەگەر لە هەولێردا دواکەوتوویی کولتوری و کۆنەپەرەستی جێگایەکی گەورەتری لە کۆمەڵگادا هەیە ئا لەم ساتەوەختەدا کە ئێمە دەربارەی قسەدەکەین، هۆکارەکەی لە هەولێری بوونی ئینسانەکانی ئەم کۆمەڵگایانەدا نییە و دەبێ ئەو سترەکچەرە سیاسییە بخرێتە ژێر پرسیار کە ئامانجدارانە بۆ بەرژەوەندییە سیاسیەکانی خۆی، لە دەستپێوەگرتنی دواکەوتوویی کولتوری و کۆمەڵایەتی ئەم شوێنەدا، بڕیاردەری سەرەکییە. هەر بۆیەش کاتێک بەشێک لە هەولێرییە نیشتەجێکانی ئەمڕۆی شاری سلێمانی، بە دەهۆڵکوتینەوە بە شەقامەکانی سلێمانیدا دەگەڕێن لە ئاهەنگی زواجی کەسێکدا،  ئەگەر ئەمە ترادیسیۆنی کەمایەتییەکی زۆر کەمی خەڵکی هەولێریش بێت، ئیتر ئەوە ئەم “دواکەوتووییە بۆ زەماوەندگێرَان” لە دیدی گروپی سلێمانییەوە، دەکرێتە وێنەیەکی بەگشتیکراوی هەولێرییەکان.  واتا جومگەیەکی جیاوازتر بۆ زەماوەندگێڕان کە لە ترادیسیۆنەکانی سلێمانی ناچێت، دەبێتە وێنەیەکی گشتیگروو هەموو هەولێرییەکان لەژێر خۆیدا جێدەکاتەوە، بەڵام ژنکوژییەک کە لەشاری سلێمانیدا لە دوای ڕاپەڕینەوە بە چڵە پۆپەکانی خۆیدەگات، تەمەدونبوون و پێشکەوتووبوونی ئەم شارە، ناشێوێنێت . بەڵام وێنەی سلێمانی وەک شارێکی پێشکەوتوو تر لە پەیوەند بە کولتوری تەمەدونبوونی ئینسانەکانی ئەم چوارچێوە جوگرافیاییەوە، هیچ پەیوەندییەکی بە ئاڵوگۆڕی زەمەنە جۆراوجۆرەکانەوە نییە و وەک وێنەیەکی بێگەرد لە زهنی ئینسانەکانی ئەم شوێنەدا، بە موقەدەسی هێڵراوەتەوە و ڕۆژانە بەرهەمدەهێنرێتەوە. هەر بۆیەش فراوانکردنەوەی ڕووبەرەکانی کۆنەپەرەستی و دواکەوتوویی کولتوری لە شارێکی وەک هەولێری ئەمرۆدا وەک پرۆژەیەیک سیاسی، جێگای ڕەخنە نییە و ئەوە هەولێری بوونی ئینسانەکانە کە تیری ڕەخنەی بەردەکەوێت.  

 

من هەتا ئێرە، قسەم لەسەر چەند لایەنێکی ئەو دەسەڵاتە مەعنەوییەی گروپی سلێمانی کرد کە بەهۆیەوە، توانای لەپەراوێز نانی ئەندامەکانی گروپی ئەوبەری هەیە. بێگومان زمان و شۆڕگێڕبوون و دواکەوتووی شاری هەولێر، وەک سەرەکیترین وە بەهێزترین پایەکانی ئەم شوناسە لۆکالِییەی سلێمانی کاردەکات. ئەگەر چی دەکرێ ئاماژە بە کۆمەڵێک دەربڕینی تر بکرێت.  بەڵام هەر دەربڕینێکی تری گروپی سلێمانی بگریت، ئەوا بەرزترین پلەی پێدەدرێت و دەخرێتە ئاستێکی باڵاتر لە بەرانبەر هەولێردا. 

شوکرولای بابان ، لە ناساندنی کارە هونەرییەکانی حەسەن زیرەکدا دەڵێ: هونەر تەنها وا بەلای ئێرانییانەوە. بۆ گروپی سلێمانیش، مۆسیقا و شانۆ و هونەری تەشکیلی و شاعیر و نووسەر و قسەخۆش و هتد ، تەنها وا بە لای سلێمانییەکانەوە.

ئەم درکاندنە لە هەستی بەرابەرکێ بوونەوە نییە بۆ خۆباشترکردن، بەڵکو سلێمانیسەنتریزم، وەک بەشێکی گرنگی پێکهێنەری خۆناسینی ئەم گروپە، جێگایەکی گەورەی هەیە بە هۆی ئەو دەسەڵاتانەوە کە ئەم گروپە لێی بەهرەمەندە.  

. لە کۆتایی ئەم بەشەدا کەمن ئامانجدارانە بە شوێن ئەو سیستەمی دەسەڵاتانەوە بووم کە توانای ئەم داشۆرینەی هەولێری دەخاتە دەست گروپی بەرانبەر، پێویستی سەرنجدان لە ئاستی ڕادەی ئەنتیگراسیۆنی گروپ (کە ڕەنگە ئاوێزانبوون وەرگێڕانێکی دروستتری چەمکەکە بێت) ، ئەم بەرابەرکێی شوناس و لەپەراوێزنەی ئەوی دی، زیاتر ڕۆشنبکاتەوە.

 

 

 

سلێمانی وەک شارێکی نەگۆڕ

 

بەشێکی زۆر لەو کەسانەی دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان بۆ سەردانی کەسوکاریان، لە کاتی گەڕانەوەیاندا و باسکردنیان دەربارەی  ئەم شارە، ئەوا هەستی “نامۆبوونی خۆ” لەبەرانبەر ئەم شارەدا ڕادەگەێنن. ” بە شەرەفم کەسێکی دیکە ناناسی، هەر دەڵێی لە شاری خۆیشتا نیت” ، ئەم دەستەواژە کورتە، بە زمانێکی دیکەی کوردی لەلایەن ئەو کەسانەوە دەدرکێنرێت کە خۆیان ڕۆژانە لەم شارەدا ژیانبەسەردەبەن. ئەوەی لە پشت  ئەم دەربڕینەوە ڕاوەستاوە، نەناسینی خودی کەسەکانی سلێمانی نییە، بەڵکو ئەو وێنەیەی سلێمانییە کە کەسی هەندەرانی و کەسی نیشتەجێی ئەمڕۆکەی ئەم شارە، لە فەنتازیای خۆیاندا بۆ ئەم شارەیان کێشاوە و ئامادە نییە بیگۆڕێت. ئەو دیدەی لە پشت ئەم گوتارەوە کاردەکات، سلێمانی وەک کانی ئاسکان و گاوران و مەڵکەندی و چوخمەکە و حاجی حان دەناسێنێت. وێنەیەک لەباشترین حاڵەتەکانیدا، هێندەی ئینتیمای لۆکاڵی کەسەکانی ئەم شارە بەم چوارچێوە جوگرافیا نەگۆڕەوە دەناسێتەوە، هێندە بۆی قابیلی درک پێکردن نییە کە سلێمانی ساڵانی شەست و حەفتاکان ، ناکرێ هەر هەمان گەڕەک و هەر هەمان دەمووچاوەکانی ناوی بێت. بەڵام بە بارێکی تریشدا، ئەم دەستەواژەیە ، گێڕەرەوەی بەهێزی ئەم شوناسە لۆکاڵییەی ئینتیما بۆ شوێنێکە کە هیچ کەسێکی دیکەی “ئەوی دی” ناتوانێت لە خۆیدا جێبکاتەوە. شوناسی سلێمانی ئەو شوناسەیە کە لەسەر لەیەکچوونبوونی بەها و کەس و سەرمایە ڕەمزییەکانی ئەم شارە، وەک دیوارێکی هیچ درز تیا نەبوو، هەڵچنراوە. ئەوەی سەرخانێکی گەورەی بەبێ درز و کەلێن بۆ ئەم شوناسە لۆکاڵییە پێکدەهێنێت و هەموو “ئەوی دی”  یەکی دیکە دەخاتە پەراوێزەوە و بە زمانی نوکتەکانی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیدا، سنووری بۆ دادەنێ، ئەو ئاستی بەرینی ئەنتیگراسیۆنەیە کە ئەم گروپە لێیبەهرەمەندە. 

بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم خاڵە، واتا ڕێژەی ئاوێزانبوون و لەیەکچوونی گەورەی ئەو بەها و یادەوەری و سەرمایە ڕەمزیانەی کە بە پێی دیدوبۆچوونەکانی خودی گروپ، نزیکایەتییەکی گەورەی هەیە و تەواوی ئەندامەکانی گروپ وەک لێکچوون و کۆنتراکتی ئیمزاکراوی نێوان تاکەکانی ئەم گروپە  پەسەندی دەکەن. هەر بۆیەش کارێکی هێندە سەخت نییە کە تاکەکانی ئەم گروپە، هەر لە بەرزنرخاندنی زمانی سلێمانییەوە بگرە بۆ ئاستی شۆِڕشگێربوونی تاکەکانی و موتەمەدنبوونی شارەکەیانەوە، وەک شوناسێکی کۆلێکتیڤ چاوی لێدەکەن. بەڵام ئەم ئاستی ئەنتیگراسیۆنەی گروپ و پێکهاتەکانی لە شارێکی وەک هەولێردا، خاوەنی هەر هەمان لێکچوونی گەورە نییە وەک لە سلێمانیدا. هەولێر و شوناسی هەولێری بوون وەک پەرچەمی خۆپێناسەکردنی لۆکاڵی ئەم شارە، تایبەتمەندییەکی گرنگی هەیە کە دەبێ ئاماژەی پێبکرێت. 

هەولێر شارێکی “لەیەکچوو” نییە بۆ ئەندامەکانی. واتا هەولێر وەک سلێمانی لەم پرۆسەی هۆمۆجێن(چوونیەک) بوونەی سلێمانی بەهرەمەند نییە.  بە واتایەکی تر شاری هەولێر زیاتر وەک شارێکی ئەمڕۆکەی ئەوروپا دێتەپێش چاو لە بەرانبەر ئەو مۆزایکە هەمەڕەنگەی کە تانوپۆی دانیشتوانی ئەم شارە پێکدەهێنێت. هەولێر شارێکی (هێترۆجێن)ە و یەکە لەیەکنەچووەکانی لە یەکە لەیەکچووەکانی گەورەترن.

شوناسی هەولێری، وەک ئەو چەترە وایە کە کۆمەڵێک شوناسی جۆراوجۆر تری ئایینی و ئەتنی و لەژێر خۆیدا جێدەکاتەوە و هەریەک لەو شوناسە جۆراوجۆرانە، لەپاڵ هەڵگرتنی شوناسی لۆکاڵی هەولێری بووندا، سەربەخۆ خاوەنی شوناسی ئەتنی و کولتوری و ئاینی ترن.

لە هەولێردا، جگە لە کورد، تورکمان و مەسیحی تەنانەت عەرەبیش،  ئامادەییەکی هەمە ڕۆژەی ئەم شارە پێکدەهێنێت. هەریەکە بەجیا لە شوناسی ئینتیمای لۆکاڵی بوونیان وەک کەسێکی سەر بە گروپی هەولێر،  خاوەنی شوناسی جۆراوجۆری تری خۆیانن. ئەم پێکهاتەی شوناسی هەولێر، ئەو تواناییە بەم شوناسە لۆکاڵییە دەبەخشێت کە قبوڵکردنی ئەوی دیکەی غەیری کورد، کارێکی سەخت نەبێت و توشی هیچ ڕاچڵەکاندنێکی گەورە نەبێت کاتێک “نامۆیەک” دەبینێت. ڕەنگە ئاماژەکردنەوەیەکی تر بە چەمکی “نامۆ”ی زیگمۆند باومان و “جەی  کریستێڤا” ، لە پرۆسەی ئەم هەڵوەشاندنەوەی نامۆیی تاکەکانی کۆمەڵگایەکی فرە کولتوری و فرە ئەتنیدا، تیشکێک بخاتە سەر ئەم لایەنە.

کرێستیڤا دەنووسێت:” لە کولتورێیکی  فرە ڕەهەنددا، هەر کەسێک ئاراِستەی ئەوە دەکرێت کە بچێتەوە لای تەنهایی و لەدەرەوەبوونە وجودییەکەی خۆی. لەدەرەوەبوون لەم دۆخەدا، زیاتر فەردیدەکرێتەوە و کەمتریش هەڕەشەئامێز خۆینیشاندەدات. کولتورێکی فرەڕەهەند، نامۆکان لەناوخۆدا ناتوێنێتەوە(ئەسیمیلاسیۆنیان ناکات)،بەڵکو خودی نامۆیی هەڵدەوەشێنێتەوە  لە ڕێگەی ڕێگریپێکهێنان لە دروستبوونی ئەو سنوورە تیژانەی کە لە نێوان ئینسانەکاندا

دروستدەبن.”(14) بە وتەی کرێستیڤا، “ئەوی نامۆ” ئیتر لەناو خۆماندایە و هیچ کەسێکمان لەبەرانبەر ئەوی دیدا نامۆ نیە . واتا کاتێک ئینسان لەکۆمەڵگایەکی ئاوادا ژیان بەسەردەبات کە کۆدەکانی لەیەکناچن و پڕە لە “دژ”ی هەمە ڕەنگ، ئیتر پێویستی بەوە نییە کە دەستنیشانی “نامۆ”کانی کۆمەڵگا بکات و مەسەفەیان لەبەرانبەردا ڕابگرێت. نە بە عەرەبی قسەکردن لە هەولێردا کاردانەوەیەکی زمانەوانی زۆر گەورە پێکدەهێنێت، نە بە تورکومانی گۆرانیوتن. لەم شارەدا “نامۆ” و “نامۆیی” بە مانا سۆسیۆلۆژییەکەی هەڵدەوەشێتەوە و دەکرێتە پرۆژەیەکی تاکانە و هەر هەمووان نامۆیی خۆیان لە ناوخۆیاندا هەڵدەگرن و چیدی دەستنیشانکردنی نامۆکان، وەک جیاکردنەوەی سنوورێک بۆ خۆناسین، ماناکانی خۆی لەدەستدەدات. لە کاتێکدا ئەم پرۆسەیە بۆ تەواوی ئەو کەسانەی کە بە دیالێکتێکی تر قسەدەکەن و بۆ یەکەمجار لە سلێمانیدا بوون، سەرگوزشتەی گەورە گەورەی لێدەگێڕنەوە.  هەر ئەم هەمە ڕەنگییەشە کە کە کرانەوەیەکی زیاتر بە شوناسی لۆکاڵی هەولێر دەدات  لەبەرانبەر سلێمانیدا.

 

هەولێری ناو نوکتەکان، کائینێکی زیندوو یان وێنەیەک لە خەیاڵ

 

ئەو هەولێرییەی کە لە نوکتەکانی سلێمانیدا ڕۆڵی ئەم پاڵەوانە گەمژەیەی پێدەسپێردرێت، زادەی کردەوەی ڕۆژانەی  کەسێکی سەر بەم شارە نییە. واتا ئەوە کەسێکی زیندووی ناو ئەم شارە نییە، کە هەموو ڕۆژێک دەکەوێتەچاڵێکەوە و بۆ کۆتایپێهێنان بەم پرۆسەی گەیاندنی ئەو بە خەستەخانەی هەولێر، خوازیاری  ئەوەیە کە ئەو چاڵەی کە هەموو ڕۆژێک ئەوی تێیدەکەوێت، دەبێ پڕنەکرێتەوە ببرێتە نزیک خەستەخانەی هەولێر. ئەم پاڵەوانە گەمژەیە،  هێندەی دەستکردی گروپی ئەمبەرە، هێندە کائینێکە لە خەیاڵ، هێندە بوونەوەرێکی زیندووی ناو کۆمەڵگا نییە.  بە کورتییەکەی بۆ گەڕان بە شوێن هۆکارەکانی گەمژەیی و بێدەماغی ئەم ئینسانەدا، ناکرێ تاوانەکە بە گەردنی کەسێکی سەر بە شاری هەولێردا هەڵبواسیت بەوەی کە ڕۆژێک کردەوەیەکی سەیری ئەنجامداوە. بەڵکو بۆ گەڕان بە دوای ئەم کائینەدا، ئەوە گەڕەکەکانی هەولێر نییە  کە دەبێ تۆ بە شوێنیدا عەوداڵ بیت، بەڵکو ئەوە ئەو جیهانە فەنتازیایە کە گروپی سلێمانی دروستیکردووە و بەرەڵای کردۆتە ناو فانتازیای تاکەکانی گروپی خۆوە. دەبێ تۆ لەو سیستەمە خیتابییەی شوناسی سلێمانیدا بۆی بگەڕێیت کە لەڕێگەی بەگەمژەنیشاندانی ئەوی دی هەولێرییەوە، خوازیاری بەرزڕاگرتنی وێنە بێگەردەکانی خۆیەتی. ئەگەر کەسێکی هەولێری خوازیاری سڕینەوەی ئەم “لەکەی عارەی ناوچەوانی خۆی ” بێت و بە زمانێکی  سلێمانییانە “خۆی بدات بە عەرزا و تەپەی ورگیشی بێت” ناتوانێت لەم تایبەتمەندییانەی کە گروپی ئەوبەر پێیبەخشیوە، ڕزگاری بێت.

تا پەیوەندییەکانی دەسەڵاتی گروپی ئەمبەر لەبەرانبەر ئەو بەردا ، لەم تەرازووی دەسەڵاتە بەهرەمەندە بەلای خۆیدا، هەولێری هەر هەولێرییە. هۆکارەکەیشی وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد، لە زاتی تاکەکانی خەڵکی هەولێردا نییە،  بەڵکو لەو خیتابە گەورەیەدایە کە گروپی ئەمبەر لەسەر هەولێری داڕشتووە. 

وتە بەناوبانگەکەی “جان پۆڵ سارتەر” لە پەیوەند بە گوتاری ئەنتیسیمیتیزمدا( دژایەتی جووەکان)، بە تەواوی هێزی خۆیەوە لەم دۆخەی نوکتەکانی سلێمانی لەسەر هەولێردا کاردەکات. ئەو دەنوسی:َ” ئەگەر جوولەکەش نەبوایە، گوتاری ئەنتیسیمیتیزم  دروستیدەکرد.” (15)

هەر بۆیەش بە دووپاتکردنەوەی وتەی سارتەر، بە بێ هیچ دوودڵییەک دەتوانم بڵێم: ئەگەر هەولێری، هەورامی، لادێیش نەبوونایە، گوتاری سلێمانیسەنتریزم کە دینەمۆی بەرهەمهێنانەوەی ئەم شوناسە لۆکاڵییەی سلێمانییە، توانای دروستکردنی یەک بە یەکی ئەو کائینانەی دەبوو.

 

 

دەر ئەنجامەکان

“جوولەکە هەر جوولەکەیە، هەر جوولەکەیە، هەر جوولەکەیە….هتد”، لێکۆڵینەوەیەکی گەورەی  622 لاپەڕەیی (لارش . ئێم ئەندەرسۆنە) لەسەر ئەو گۆڤارە ساتیریانەی کە لە سەرەتای سەدەی بیستدا(1900-1930) ی سویددا دەردەچوون. تەواوی مەتریاڵی ساتیرئاسای ئەو سەردەمەی سوید، بە کاریکاتێر و نوکتە و چیرۆکەکانیانەوە، قارەمانێکی هەیە کە جووە. پرسیاری ئەندەرسۆن ئەوەیە، بۆچی جوو دەبێتە پاڵەوانی ئەم نوکتە و کاریکاتێرانەی سەرەتای سەدەی بیستی سوید؟ ئەو هۆکارانەچین لە پشت بەرهەمهێنانەوەی ئەم وێنەیەی جووەوەیە؟ ئەگەرچیش جوولەکە لەو زەمەنە مێژووییەی سویددا، بەبەراورد بە ولاتەکانی دیکەی ئەوروپادا، ژمارەیەکی ئێجگار کەمن.

بەڵام گوتاری ئەنتیسیمیتیزم(دژایەتی جوو) لە سویدیشدا وەک سەرتاسەری ناوچەکانی ئەوروپا گەورەیە. ئاخر ئەم گوتارە گەورەترین پانتایی لە ڕۆشنبیری ئەوروپادا داگیر کردووە و لە تەواوی پرۆژە فیکری و ئەدەبی و سیاسییەکانی ئەوروپادا، ئەنتیسیمیتیزم، جێگای هەیە.

ئینسانی جوو لە تەواوی ڕۆژنامە ساتیرییەکانی ئەم سەردەمەدا، لە بچووکترین جوڵەیەوە بۆ گەورەترینی، جێگای تەنزە. پیاوی جوو لە پیاوی ئاسایی ناچێت. ژنانی ترن و هەتا بڵێی ناشیریینن. ژنەکانیان وەک پیاوانی جوو چاوچنۆک و پارەپەرستن. نە ڕیتواڵە ئایینییەکانیان نە ڕیتواڵێکی ئایینی دەچێت، نە سێکسکردنیان. زەواجیان پرۆسەیەکی تەواو بازرگانییە. ئیسانی جوو پیسوپۆخڵە، نە لەبەر ئەوەی خۆی ناشوات، بەڵکو بەهۆی ئەوەوەی کە کارەکەی پۆخڵە. 

بەڵام ئەندەرسۆن وەلامی ئەو پرسیارانە لەوەدا دەبینێتەوە کە ئەم زەمەنە مێژووییە سوید، هاوکاتە بە شەپۆلە گەورەکانی مۆدێرنیتە و پرۆسەی دروستکردنی نەتەوەی سویدەوە. 

ئەنەرسۆن دەنووسێت:” لەناو گۆڤارە ساتیرییە ناودارەکانی  ئەو سەردەمەدا بوو کە کە دید و بۆچوونی ڕۆژانە سەبارەت بە شوناسی نەتەوەیی خوڵقێنرا. سویدیبوون وەک دژێکی ئەوی دیکەی  جوو پێناسەدەکرا، ئەنتیسیمیتیزمیش بووە ئەو گوتارەی گرنگەی کە بە هۆیە وەسفی ئەوە بکەیت کە سویدییە”.(16)   

هەر بۆیەش ناپیاوبوونی پیاوی جوو دەکرێتە دژەوێنەی پیاوی سویدی، مناڵەکانیان، ژنەکانیان، کولتورییان، ئایینیان، هەر هەموو ئەو بڕگە گرنگانەی کە شوناسی تاکی نەتەوەیی لەسەر دادەمەزرێنرێت و دروستدەکرێت، دەبنە ئەو دژە وێنانەی سویدی و سویدیبوون. ئەو گوتارە گەورەیەیشی کە ئەم تواناییە بەم پرۆژەی دروستکردنی ئینسانی سویدی دەدات بۆ ئەوەی بکرێتە قارەمانێکی میللی، گوتاری ئەنتیسیمیتیزمە.

بەڵام  ئەم لێکۆڵینەوەی ئەندەرسۆن دەکرێ چیمان پێبڵێت لە پەیوەند بە قارەمانی نوکتەکانی ئەمڕۆی سلێمانییەوە؟

ئەوەی کە گروپێکی گەورەتر(نەتەوەیەک) بەکەڵکوەرگرتن لە گوتاری ئەنتیسیمیتیزم کە پانتاییەکی گەورەی ناو پرۆژەی ڕۆشنبیری ئەوروپایە، شوناسی میللی خۆی دروستدەکات و پێویستی بە “ئەوی دی”یەکی تری غەیری سویدیە کە جووە،  پەیامی ئەندەرسۆنە. بەڵام لە دۆخی نوکتەکانی گروپی سلێمانیدا لەبەرانبەر هەولێردا، قسە لەسەر شوناسی لۆکاڵی کەسانێک نییە کە لە پرۆسەی دروستکردندایە. ئەم شوناسە لۆکاڵییەی سلێمانی دەمێکە دروستکراوە و تەنانەت کۆمەڵێک ئەفسانەی گەورە لە پێکهێنانی ئەم شوناسەدا،وەک حەقیقەتی ڕەها ڕاگەێنراوە. واتا لەم قۆناغەدا و پاش تێپەڕاندنی چەند سەد ساڵ بەسەر مێژووی شاری سلێمانیدا، سەرنجدان لە هەولێری ناو نوکتەکان، بە مەبەستی سنوور جیاکردنەوە و دروستکردنی “ئێمە” ی سلێمانی نییە لەبەرانبەر “ئەوان”ی دی هەولێردا. ئەم دۆخە ناچێتە خانەی دروستکردنی “سویدیبوون” ی ئەندەرسۆنەوە لەبەرانبەر “جووبوون”دا. واتا سلێمانی بوون وەک پیاو، وەک ژن، قسەخۆش، ئازا، چوختی، زمانپاراو، شاعیری چاک، ئەکتەر، هەتیو باز، گەمژەیەک، هەر یەکە لەو تایبەتمەندییانەی کە سلێمانیبوونی تاکە جیاوازییەکانی ناو ئەم شوناسە لە خۆیدەگرێ،  دەمێکە سنوورەکانی جیاکراونەتەوە و بە ئەفسانە گەێنراوە.

بە بڕوای من ، گوتاری هەولێری کە سلێمانیسەنتریزم هەناسەکەیەتی لە درێژەپێدانیدا، لەم دۆخەی ئێستاماندا، بەشوێن پێناسەکردنی سلێمانی و دروستکردنی ئینسانی سلێمانییەوە نییە.، بەڵکو ترس و دڵەڕاوکیێی گروپە لە تواناییەکانی خۆی بۆ بەدەستەوەگرتنی ئەو سەرمایە ڕەمزییانەی کە چەندین ساڵە شوناسی لۆکاڵی خۆی لەسەر بنیاتناوە. دەکرێ بووترێت، ئەم جیهادە موقەدەسەی کە لە ڕێگای داشۆرینی هەولێرییەوە کەوتۆتە ڕێ، هێندە دڵەڕاوکێی گروپ لە پشتییەوە  ڕاوەستاوە، هێندە لە دڵنیابوونێکی گەورەی ئەندامەکانی ئەم گروپەوە نییە. 

بە زمانێکی تر دەکرێ بووترێت، ئەم دۆخە تازەیە ، نیشانەی دەرکەوتنی شارێکە(هەولێر) کە لە بوارەکانی کولتور و ئەدەب و سیاسەتدا ئامادەیی هەیە و لە کۆششی بەرابەرکێیەکی گەورەدایە لەبەرانبەر سلێمانیدا. واتا گەمژە وکەرە هەولێریەکەی ناو خیتابی هەولێری سلێمانی، لە واقیعدا ئەو گەمژەیە نییە و هەر ئەم دەرکەوتنەی ئەویشە، دەبێ لەبەرانبەر وێنەی “خۆ” ی سلێمانیدا، کە خەریکە درزدەکەوێتە ناوچەوانی، دەست بە بۆمبەکانی نوکتەوە بگرێت تا لە ناگەمژەبوونی”خۆ”، دڵنیاییەکی وەهمییانە بە خۆیی و گروپ ببەخشێت.   

دوا وتە

بەڵام ئایا مەبەستی من ئەوەیە کە بڵێم با چیدی کەس لەسەر هەولێری نوکتە نەکات؟ بە بڕوای من دەرکێشانی دەرئەنجامێکی وا، مەبەستی سەرەکی من نییە. بەڵکو ترسی من لە سڕینەوەی ئەم ئینسانەیە لە زەهنییەت و لە سایکۆلۆژییەتی خۆماندا. ڕەنگە کەسێک پێیوابێت کە ئەمە زیادەڕەوییە و بە دێوەزمەنیشاندانی نوکتە و کاریگەرییەکانییەتی. بەڵام تاقیکردنەوەکانی ئینسان لە تەواوی شوێنەکانی دنیادا ئاماژە بەوە دەکەن. جووەکانی ئەڵمانیا بەر لەوەی لە ئاوشویتسدا بسوتێنرێن، دەبوایە  لە ناوشیاری دەستەجەمعی ئینسانی ئەڵمانیدا ئاسەواریان کوێربکرێتەوە. ئاوشویتس، شوێنی ونبوونی جەستەیی جووەکانی ئەڵمانیا بوون، بەڵام پێشتر لە ڕێگای ئەو سیاسەتە سیستماتیزەکراوەوە کە دەسەڵاتی نازی کاریپێدەکرد، لە ڕێگای قەدەغەکردنی کڕین و فرۆشتن لە جووەکان، سەرنەدانیان، جیاکردنەوەی شوێنی ژیانیان، جیاکردنەوەی قوتابخانەکانیان، دواتریش لە ڕێگای گێتۆکانیانەوە، ووردە ووردە جوو لە ژیانی ئاسایی کەسانی ئەڵمانیدا دوورخرانەوە. نوکتە لەم پرۆسەیەدا، یەکێک لە چەکە کاریگەرەکان بوو.

ئێمە تا ئەم ساتە وەختانەیش، ئەو دابەشکردنە سیاسییە لۆکاڵییەی کە لە کوردوستاندا کاریپێدەکرێت، لەباری سایکۆلۆژیەوە لە ناخماندا کاریگەری گەورەی داناوە. زۆر ئاساییە کە لە خەڵکانێکی زۆری دەرەوەی وڵات ببیسترێت کە بۆ سەرنجدان لە هەواڵە ڕۆژانەییەکانی شاری یەکەمی خۆ، دەبێ سەرنجێک لە ڕۆژنامە و گۆڤاری ئەو هێزە سیاسییانە بدات کە لە ناوچەکەی ئەودا باڵادەستە. چ کەسێکی خەڵکی دهۆک دەتوانێت لە ڕێگای کوردستانی نوێ و کەناڵە ئاسمانییەکانی دەسەڵاتی سەوزەوە شتێکی سەبارەت بە دهۆک دەستکەوێت. بەهەمان شێوەش بۆ خەڵکی ناوچەکانی دیکە ئەم دەربڕینە هەر وایە. لە دوایی شەڕی ناوخۆ و جیاکردنەوەی شارو شارۆچکەکانی کوردستان بەسەر کۆمەڵێک دەسەڵاتی لۆکاڵیدا، ئەم ئیحساسی لۆکالیزمە، ئینسانەکانیشی بە ئاستێکی گەورەتر لۆکاڵیتر کردۆتەوە.

ئەم شەپۆلی نوکتەییەی کە ئێمە ڕۆژانە بەر گوێماندەکەوێت و قارەمانەکەی هەولێرییە، ئەو هەولێرییەی کە لە واقعدا بوونی نییە و دەستکردی خەیاڵە وەک پێشووتر باسمکرد، لە دوا ئەنجامەکانی خۆیدا، لەسەر کاڵکردنەوەی هەستی ئێمە بەرانبەر ئینسانە واقعییە هەولێرییەکەدا کاریگەری دادەنێت. واتا هەولێری فەنتازیای ناو گوتاری هەولێری، بۆ لەپەراوێزە نانی هەولێری ناو واقیعە. بۆ بڕینی تەواوی پەیوەندییەکانی هاودەردی و هاوپشتی نێوان ئێمەیە وەک 

ئینسان .

کاریگەری ئەم بۆمبارانی نوکتەیە، نزیکایەتییەکی گەورەی بەبۆمبارانی واقیعی شاری سلێمانییەوە هەیە لە جەرگەی شەڕی ئێران و عێراقدا. کەسانێک کە لەم شارەدا ژیاون و ئەو ڕۆژگارانەیان دێتەوە یاد، بێگومان هەست بە خەستوخۆڵی ئەم بۆمبارانەی ئێران دەکەن کە لەسەر گەڕەکی ئازادی(خانووە قوڕە)کانی سلێمانی بوو. لە  بۆمبارانی ئەم شارەدا،  گەڕەکەکانی  ئازادی، گۆیژە، سابوونکەران، بەشێکی تایبەتی بەرکەوتبوو. بەڵام هیچ شوێنێکی ئەو گەڕەکانە وەک ئازادی نەبوو، ڕەنگە بەهۆی ئەو سەربازگەیەوە بێت کە بە بناری گۆیژەوە بوو. بەڵام چەند بارە بوونەوەی بۆمبارانی گەڕەکی ئازادی، جۆرێک لە دڵنەوایی لای زۆربەی گەڕەکەکانی دیکەی شاری سلێمانی دروستکردبوو. پێڕی ئەو کوڕانەی کە لەناو جەرگەی شاردا لە گەرمەی پیاسەی خۆیاندا بوون،  کە بۆمباران دەستیپێدەکرد، پیاسەکانیان نە دەبڕی و بە زمانێکی گاڵتە ئامێزەوە دەیانووت: “بابە هیچ نییە ، ئازادییە”، واتا دیسانەوە بۆمبارانی ئەو گەڕەکەیە.

من ترسم لەوەیە کە ڕۆژێک هەولێر ئاو بیبات، یان بەر بوومەلەرزەیەکی گەورە کەوێت. کاتێکیش ئەم هەواڵە لە سلێمانیدا پەخشدەبێت، کەسانێک هەبن وەک گەنجە پیاسەکەرەکانی ڕۆژی بۆمبارانەکانی سلێمانی بڵێن:” موشکیلە نییە، چەند هەزار هەولێرییەک کەمتر”. بەردەوامبوونی ئەم بۆمبارانە نوکتەییەی هەولێر، دەکرێ دەستەواژەکەی سەرەوە، بکاتە دەستەواژەیەکی واقیعی، ئەگەر ئێمە ئێستا بەو ئاستە نەگەیشتبێتین.

 

20ی تەمووزی 2003

 

1-                 Norbert Elias،  John L. Scotson،  Etablerade och outsiders Arkiv 1999 sid xxxii

5-                 Seija Wellros،  Språk،  Kultur och identitet،  Studentlitteratur 1998 sid 115

6-                 Thomas Hylland Eriksen،  Etnicitet och Nationalism،  Nya Doxa 2000 sid 28

8-     www.sverigemotrasism.nu 

9-                 Gunilla Hallerstedt. Thomas Johansson،  Främlingskapets anatomi،  Carlssons 1996 sid 13

15-   www.sverigemotrasism.nu  ،  Sartre،  J،P  ،Tanker i judefrågan،  Bonniers

16-   Lars M Andersson،  En jude är en jude، är en jude، är en jude،  Academic press 2000 sid 14،  474،  483  

2-               سەرچاوەی یەکەم لا:  xxiv

3-               سەرچاوەی یەکەم لا:  xxxii

4-               سەرچاوەی یەکەم لا:xxi

7-               سەرچاوەی 5 لا: 117

10-             سەرچاوەی 9 لا: 24

11-             سەرچاوەی 9 لاپەڕە 24

12-             سەرچاوەی 8

13-             سەرچاوەی 9 لا: 178

14-             سەرچاوەی 9 لا: 24

 
 
 

Check Also

ئاپۆکالیپس لە “سەرما و بەرد”ی دلاوەر قەرەداغیدا

بەکر ئەحمەد: لە فیستیڤاڵی فیلمی ٢٠١٨ ی یۆتۆبۆریدا، چەترێک وەک ناونیشان کۆمەڵێک تەوەری ناوەرۆکی فیلمەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *