سەرنجێک لە سیاسەتسالار ی و زمان لای بەختیار عەلی.
یەکێک لەو ئامانجە سەرەکییانەی دامەزراندنی ئەوروپای یەکگرتووی لە پشت خۆیەوە ڕاگرتووە: “هاتووچۆی ئازادانەی سەرمایە، کاڵا، خەدەماتەکان و ئینسانەکان”ە . سەرنجێ لە جۆری ڕیزکردنی یەک بەیەکی وشەکان بدەن. ئەوەی نووسەری ئەم وشانەیە بە تواناترین محامییەکانی ئەوروپان. تەفسیری عەمەلی ئەم دێڕە سادەیە لە واقیعدا، پرۆسەی هەمان ئەو ئازادییەیە کە سەرمایە و کاڵا و خەدەماتەکان لە پێش هەموو شتێکی ترەوە بێت و دواتریش “ڕێککەوتننامەی شەنگ” بە هەموو ڕێگرییەکانەوە دەکاتە چوارچێوەی هاتوچۆی ئازادانەی ئینسانەکان. ئەوەی کە ئینسان خوڵقێنەری کاڵا و سەرمایە و خەدەماتەکانە و هیچ یەکێک لەوانە بەبێ بوونی ئینسان و پراکتیکی ڕۆژانەی ئەو لە کاردا ئیمکانی نابێت، لە پرۆسەی بەهرەمەند بوونی مافی “ئازادی هاتووچۆ”دا، ئەو دەکاتە ئاخرین کەسی ئەم سەفەرە “ئازاد” انەیە. بەڵام پرسیار لە خودی وشەکان نین، هێندەی پرسیار لەو سیستەمی بیرکردنەوەیە کە لە دیاریکردنی مافەکاندا، کام لەو کاتیگۆریانەی بەلاوە لەوی تر پێ گرنگترە.
جەلال تاڵەبانی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ پسپۆڕ و شارەزایانی بواری ئابووری کۆدەبێتەوە، بەمەبەستی تاوتوێکردنی پرسیاری بەرزبوونەوەی دراوی عێراقی و ئەو وەزعیەتە تازەیەی بەهۆی ئەم کێشەیەوە ڕووبەڕووی خەڵکی کوردستان بۆتەوە. پەیامی تاڵەبانی بۆ خەڵکی کوردستان بریتییە لە:”ئەوانەی خەڵکیان چەواشەکردووە گوایە دیناری ناوبراو بە چاپی سویسری دەچێتەوە دۆخی جاران، تەنیا نیازیان فریودانی خەڵک و لەناوبردنی پاشەکەوتەکانی خەڵکی کاسبکار و جوتیار و چینە مامناوەندیەکانە” (1)
سەرنج لە وشەکانی “خەڵکی کاسب”، “جوتیار” و “چینە مامناوەندییەکان” دەدەم. بۆچی وشەی کرێکار کە ناکرێ لە ژێر چەتری “چینە مامناوەندییەکان”دا جێیبێتەوە و یەکێک لە بێدەرامەتترین کەسەکانی کوردستانە لەم دەربڕینەدا شوێنی نابێتەوە؟ . ئەوە لەوەی گەڕێ کە ئەم ئەزمە تازەیە، نەک بەمانای لەناوبردنی “پاشەکەوتەکان”ی ئەم گرووپە کۆتایی پێدێت، بەڵکۆ بۆ هەزاران کەس لە ئینسانەکانی کۆمەڵگا، پەیداکردنی نانی ڕۆژ، پرسیاری سەرەکیە.
“دیاری قەرەداغی” لە یەکێک لە گۆرانییەکانیدا کە بۆ شەڕی ناوخۆ وتراوە، لە چیرۆکی :”دیسان شەڕی دەست و دەستمەوە دەستپێدەکات”. ئەو شەڕەی کە :”گۆرانیان تیا باڵبەستدەکرد و هەتاویان تیا لە هەتاو دەکرد” و بانگەوازی مناڵانی کوردستان دەکات کە ببنە گمەی کۆترێک و سروودەکەی جاران :” خوایە وەتەن ئاوا کەیت!” بڵێنەوە.
بەڵام مەگەر بەرێزانی شەڕی ناوخۆ پەروەردەی هەر هەمان ئەو گۆرانیانە نین کە ڕۆژگارێک ساحەی قوتابخانەیان پێدەهەژان؟ تۆ بڵێی ئەوان لە “خوایە وەتەن ئاواکەیت”یان کەمبێت؟ جەنگ بە نیازی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتی خۆ، لەگەڵ هەر دژایەتییەکدا کە لە نێوان جەنگ و ئاوەدانکردنەوەدا هەیە، مێژوویەکی درێژی هەیە.
سەدام حوسێن بە مەبەستی “ئاوەدانکرنەوە”ی زیاتری عێراق کوێت دەگرێت. ئاخر کوێت خستنە سەر عێراق بەمانای ئابوورییەکی گەورەتر بۆ وڵاتێک کە شەڕی هەشت ساڵەی عێراق تەپاندبووی تەواو دەبێت. هیتلەریش بەمەبەستی ئاوادانکردنەوە و گەورەکردنی سنوورەکانی وەتە ن ئەوروپای گرت. قسە لەسەر موتیڤە سیاسییە جۆراوجۆرەکان نین، قسە لەسەر ئەوەیە کە ئەگەر گرتنی عێراق بۆ کوێت بەو شەرە کۆتایی نەهاتایە، سەدام قارەمانی پلەیەکی وەتەنپەرست نەدەبوو بۆ خێڵی وەتەنپەرستان؟ ئەگەر هیتلەر بەو چارەنووسە نەگەیشتایە بۆ فراوانکردنەوە و گەورەکردنی سنوورەکانی وەتەن، بۆ ئەو کەسانەی کە شەڕکردن بۆ بەدەستهێنانی خاک و ئاو و سەروەتی زیاتر وەک گەورەترین خزمەتکردن بە وەتەن سەرنجیدەدرێتێ ، هیتلەری نەدەکردە گەورەترین قارەمانی نەتەوەیی ئەڵمان. شکستی بەدیهێنانی ئەم خەونە، لەوەتەنپەرستی قارەمانانی شەڕکەر کەمناکاتەوە، بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی هاوبەشی ئەم خەونی وەتەنپەرستییەن. “ئەگەر ئیبراهیم خەلیل بەدەست ئێمەوە بوایە ،پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی وەتەن لە شوێنێکی تردا دەبوو.” بەڵام باسی سەرەکی خودی ئاوەدانکردنەو و شەر نییە، بەڵکو ئامادەیی بەرزکردنەوەی چەمکی ” خوایە وەتەن ئاواکەیت” ە بۆ جەنگی وەتەنپارێزانێک کە سەرجەمی تەمەنی مناڵییان پڕ لەو سروودانەیە.
لە ونبوونی ناوی کرێکارەوە لە زاری جەلال تاڵەبانییەوە بۆ مافی ئازادانەی کاڵا و سەرمایە و خەدەمات و ئینسانەکان، تا دەگاتە وتنەوەی سروودی “خوایە وەتەن ئاواکەیت” ی دیاری قەرەداغی، ئێمە خۆمان لەبەرانبەر چەندین وشە و چەمکی جۆراوجۆردا دەبینینەوە کە زمان و بەکارهێنانی ئەو، بەخشینی مانایەکی دی بە وشەکان و چەمکەکان، بە چەندین ئاڕاستەی جیاوازدا دەبات. گۆڕینی مانای ئەو دەربڕینانەی سەرەوە، لە گۆڕینی دەلالەتە قاموسییەکانی وشەکانەوە نییە، بەڵکو لەو سیستەمی بیرکردنەوەوەیە کە وشەکان بارگاویدەکات و مانایەکی تری تەواو پێچەوانەیان پێدەبەخشێت.
لە زمانی چینۆکدا، یەکێک لە زمانەکانی باکوری خۆرئاوای باکوری ئەمریکادا دەربڕینێکی لە چەشنی
: ” ئەو پیاوە هارە، مناڵە فەقیرەکەی کوشت.”، دەبێتە : ” هارێتی پیاوەکە فەقیری مناڵەی کوشت” (2). لێرەدا وشەی فەقیر ئاماژە نییە بە دءخێکی ئابووری کە نەبوونی ئیمکاناتە مادیی و مەعنەوییەکان دروستی دەکات. بەڵکو فەقیری بەمانای ئەو دەربڕینەی کە لە زمانی کوردیدا بۆ وەسفکردنی کەسێک کە سالارە و بێدەنگە و تەواو بارگاوییە بە هەموو مانا پۆزەتیڤەکان. “بە ڕاستی باوکی فڵانە کەس پیاوێکی فەقیرە.” ئەوەی کە وشەگەلێکی وەک ” هار، هارێتی، فەقیر و فەقیری” ماناو دەلالاتی جیاواز لەم دوو دەستەواژەیەدا دەداتەدەست، لە جیاوازبوونی ماناکانی هارو هارێتی، فەقیر و فەقیریدا نییە لە پلەی یەکەمدا، بەڵکو لە بەکارهێنانی کۆمەلایەتی ئەو وشانەدا هەیە لە ناو کەش و هەوای ئەو کولتورە جیاوازانەدا کە بەهای کۆمەڵایەتی جیاواز لەسەر هار، هارێتی، فەقیر و فەقیریدا دادەنێت.
“کە درەختی ناو شیعر و چیرۆکەکان بەرناگرن، ئەوە ئیحای وشکبوونێکی سیاسییە، کە کانی ئاوی پیانایەت ئیحای سەردەمێکی سیاسی بەدفەڕە ، کە بولبول ناخوێنێت بە پێچەوانەی سەردەمی کلاسییکییەوە، دەلالەت نییە بۆ زیزبوونی مەحبووبە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ دۆخێکی سیاسی خەمگین و شکستخواردوو، کە درەخت دەقیژێنێت، لەبەر ئەوەیە ترسی سیاسییانەی هەیە. کە عیشق شکستدەخوات لەبەر جیاوازی سیاسی و ئابوورییە، کە باڵندەکان لە قەفەزدا خەمگینن، ئەو خەمە هیچ نییە لە خەمی سیاسیانەی خەڵکێکی دیل کە لە باڵندەدا ڕەمزی خۆیان دۆزیوەتەوە.”( 3)
ئەوەی لەم ڕستانەدا دەدوێ “بەختیار عەلی”ە لە وتاری سیاسەتسالاری و زماندا لە پەیوەند بەو دەسەڵاتەی سیاسەت بەسەر زماندا سەپاندویەتی لە کۆمەڵگای کوردیدا. بۆ بەختیار عەلی قسە لەسەر دەسەڵاتی سیاسەت بە پلەی یەکەم: ” قسە نییە لە دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی ئەم چاڵاکییە بەسەر ژیانەوە، بەڵکو قسەیە لەسەر دەسەڵاتە ناڕاستەوخۆکانی سیاسەت لە بوارێکی گرنگی ژیاندا کە زمانە.” بە مانایەکی دی بە ختیار عەلی قسە لەسەر ئەو ساتە دەکات:” کە سیاسیەکان تیایدا دەبێتە سیستەمێکی زمانەوانی، واتا مانای سیاسی وشەکان دەبنە ئابڵۆقەدەری ئەگەری هەموو مانایەکی دیکە. باس لەو ساتە دەکات کە تیایدا سیاسەت بە شێوەیەک لە شێوەکان، ڕەمزییەتی زمان دەکوژێت و دەیگۆڕێتە کەرەستەیەکی وەزیفەکاری موتڵەق کە لە دەرەوەی دەلالەتی سیاسی ، دەلالەتە خەوتووەکانی دی ڕێگایەک نادۆزنەوە بۆ لەدایکبوون.”
بۆ بەختیار عەلی ، بەر لەسیاسەت دین ئەم وەزیفەیەی هەبووە کە لەڕێگەی وشەوە ، لە ڕێگەی “ئەو سیستەمە مەجازییەوە کە بەلاغەتی داڕشتووە، بالاتر لە هەر نیازێکی خراپی شاعیر، مانای وشەکان و مەبەستی وەسفەکانی گێڕاوەتەوە بۆ ئامێزی تەفسیری لاهوتیانە.”
بەختیار دەنووسێ: ” لە کولتوری کلاسیکدا وشە بە جۆرێک بە مانا دینییەکەی بەستراوە، دەکرێ لە پشت مانای ڕاستەوخۆی هەر وشەیەکەوە، ڕەهەندە دینییەکەی بدءزیتەوە.”
بەڵام لەمڕۆدا دین کۆنترۆل و دەسەڵاتی بەسەر زماندا لاوازبووە. چیتر وشەکان بە مەدلوولاتی ئاینی بارناکرێن. هەر بۆیەش :” دین لە دوای خۆی دەسەڵات دەداتە مەرجەعییەتێکی ڕەمزی دیکە کە سیاسەتە. لە دوای دین سیاسەت دەبێتە ئەو هێزەی زمان لەناوەوە ڕا پڕدەکات لە مەدلوولاتی ڕەمزی. زمان ناچاردەکات تەنها یەک شێوە بنووسێت و لە یەک کایە ماناکانی خۆی وەربگرێت. ” هەر بۆیەش لە وڵاتی ئێمەدا سیاسەت دەبێتە:” ئەو حەوزەی وشەکانی تیا هەڵدەکێشین و لەوسەرەوە بەیەک بەرگ و ماناوە دەریاندەهێنین و دەیانخەینە ناو فەرهەنگی بەکارهێنانی فیکری و ئەدەبییەوە.”
ئەم دۆخە، واتا ئەمجۆرە کۆنترۆڵکردنە ناوەکییە وادەکات :” وشەکان بە ئەستەم بخرێنەوە سەر دۆخی سروشتی خۆیان، بە زەحمەت بگەڕێنەوە سەر ساتی پێش بارکردنی ئایدیۆلۆژی، بە گرانییەکی بێ سنوور لە و سیاقە دەرچن تیایاندا مانایەکی سیاسی دەسەپێنرێت بەسەر وشە و ئەگەرەکانی مانادا.” هەر بۆیەش بەختیار دەنووسێت:” کولتوری ئێمە دەبێتە باغێک، چەند درەختی جۆراوجۆری تیاسەوز بێت، لە کۆتاییدا درەختە جیاوازەکان هەموو یەک میوە دەگرن، چەند جۆر باڵندەی تیا بخوێنێت، دواتر هەموو یەک ئاواز دەخوێنن.”
بەختیار لە درێژەی وتارەکەدا دەنووسێت: ” لە هەموو حزبە کوردییەکاندا لەیەکدەچێت، لەبەر ئەوەی حیزب خۆی ئەم زمانەی دروستنەکردووە، بەڵکو بەلاغەتێکە بەر لەوەی بگاتە ناو گوتاری حیزبی، وەک گونارێکی زمانەوانی گشتی بووە و مەیدانی گرتووە، هێندە هەیە حیزب دواتر لە ناویدا دەوەستێت و بەکاریدەبات، بەرهەمیدێنێتەوە، کەناڵی سەپاندن و بڵاوبوونەوەی بۆ دابیندەکات ، لە دەرەوەی ئەو زمانەش شوێنی دیکە نییە تیا بوەستێت.”
هەر بۆیەش بەڵگەی گەورەی بەختیار عەلی بۆ گشتیبوون و مەیدانگرتنی ئەم زمانە ئەوەیە کە
:”فرە حیزبی لە کوردستاندا بە واتای فرە ڕەنگی زمان نەبووە. زۆری ژمارەی حیزبەکان و ئایدیۆلۆژییەکان، ئەو یەکێتییەی نەشاردۆتەوە کە لە بنەڕەتەوە ڕا سیستەمی مەعریفی ئەم حزبە بەناو جیاوازانەی ڕاگرتووە.”
بەڵام دەرئەنجامێک کە بەختیار عەلی بەشوێنیەوەیەتی لە سیاسەتسالاری و زماندا: “تەنیا ڕزگارکردنی بوارەکانی تری ژیان نییە لە سیاسەت، بەڵکو ڕزگارکردنی سیاسەتیشە لە کۆتە تەقلیدییەکانی سیاسەت خۆی.”
پێشەکییەکی پێویست:
هەتا ئێرە من لە نووسینەوەی گرنگترین پەیامی ناو وتارەکەی بەختیاردا دەسوڕێمەوە. ئەگەرچی بەختیار لە زۆر شوێنی وتارەکەدا لەبەرانبەر پرسیاری گەورەتردا سەرپێییانە بازدەدات. ڕەنگە هۆی سەرەکی ئەم بازدانە لەوەدا بێت کە “سیاسەتسالاری وزمان” وتارێکی کورتە و کارکردن لەسەری، لە چوارچێوەی دوولاپەڕەی هاولاتی بخوازێت. بەڵام ناوەڕۆکی ئەم سیاسەتسارییەی زمان لەو بەشانەی وتەکانی بەختیاردا چڕدەبێتەوە، کە من ئامانجدارانە نووسیمەوە.
بەڵام ئەوەی کە سیاسەتسالاری زمان دەبێتە ئەو دۆخەی ئینسان بە ئاسانی نەدەتوانێ دەست بۆ هیچ وشەیەک بەرێ و بیخاتەوە سەر ساتی پێش بارکردنی “ئایدیۆلۆژی”، هیچ شتێکمان پێناڵێت. ئاخر سیاسەت تەنها یەک مانای نییە و هەڵگری هەر هەمان پەیام نییە ئەگەر دەستنیشانی پێگە ئایدیۆلۆژییەکەی سیاسەت نەکرێ. کاتێک درەخت و کانی و بولبول و قەفەز ، دەبنە سیمبوولەکانی دۆخێکی سیاسی، تەنها لەپشت وشەکانەوە سیاسەتێکی ڕووت ڕانەوەستاوە، بەڵکو سیاسەتێکە کە سەرچاوەی ئیلهام و بوونی خاک و نەتەوەیە. بە کورتییەکەی بریتییە لە ڕەوتێکی سیاسی کە لە زمانی زانستەکانی سیاسەتدا بە ناسیۆنالیزم دەناسرێت.
من لەیەکچوونی خیتابە سیاسییەکانی ئەحزابی کوردی، لەگەڵ”هەمەڕەنگییە ئایدیۆلۆژییەکانی”دا لە باڵادەستی سیاسەتسالاریدا نابینم بەسەر زمانەوە لە پلەی یەکەمدا، بەڵکو هۆکارەکەی لە شوێنێکی تردا دەبینمەوە کە ناچارم لەم نووسینەدا بێمەوە سەری. ئەم خاڵە یەکێک لە کلیلە گرنگەکانی تێڕوانینی من دەبێت بۆ لێکۆڵینەوە لە “سیاسەتسالاری زمان”ی بەختیار عەلی.
هاوکاتیش پێموانییە کە سیاسەت، ئەو سیاسەتە ڕووتەی بەختیار عەلی لێیدەدوێت، وەک “ئەو حەوزەیە وشەکانی نیا هەڵدەکێشین و لەوسەرەوە بەیەک بەرگ و ماناوە دەریاندەهێنین و دەیانخەینە ناو فەرهەنگی بەکارهێنانی فیکری و ئەدەبییەوە.”
ئاخر کاتێک بەختیار دەنووسێت:”بە سیاسیکردنی ماناکان گەیشتۆتە ئەو ئاستە کۆمیدییەی یەکێک لە ڕۆشنبیرە ئیسلامییەکان وا رڕبگەێنێت کە کورد تا لە سایەی ئیسلامدا بووە، شەهامەتی هەبووە و ئێستا شەهامەت و پیاوەتی نەماوە.” ئەم دەربڕینە خۆی لە خۆیدا نە شایەنی پێکەنینە و نە سەر سوڕمان. ئەم وتانە بەوەی من و بەختیار عەلی وهەزارانی تر پێیان دروست نییە، خیتابی “دەڵاڵانی فەلسەفە” نییە. ئەگەرچی بەکارهێنانی وشەی دەڵال لە خۆیدا سووکایەتیکردنە بە کەسێک کە کاری دەڵاڵییە. کاری ئینسانەکان شایەنی سووکایەتیپێکردن نییە. ئەم خیتابە، خیتابی هێزێکی سیاسییە کە بە ئیسلامی سیاسی دەناسرێت. ئەم خیتابە جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ئەو خیتابەدا نییە کە پێی وایە:”لە پێکدادانی بازاڕییانەی سیاسەتدا ، دوژمنەکان تەنیا خیانەتکار نین، بەڵکو بێئەخلاقیشن. هەر سیاسەتەکایان ناتەواو نییە، بەڵکو ژن و کچەکانیان ناتەواون. “
ئەوەی کە جیاوازییە لەبەینی ئەم دووگوتارەدا ، ئەو جێگۆڕکێ گرنگەیە بە ئەخلاق دەکرێت لە پەیوەند بە شتێکەوە کە نەتەوەیە. لە دۆخی یەکەمیاندا کە شەهامەت و پیاوەتی بوونی ئینسانی کورد بە موسوڵمان بوونیەوە گرێدەدات بۆ “ڕزگارکردن”ی نەتەوەی موسوڵمانی کورد. ئەوەی دووەمیان ئەخلاق هەر لە پەیوەند بەنەتەوەوە و نیشتیمانەوە گرێدەدات و پێی وایە خیانەتکردن لە دایکی نیشتیمان، خیانەتکردنە لە دایکی بایۆلۆژی خۆ. ئاخر دایک بۆ ئەم سیستەمی بیرکردنەوەیە درێژەپێدەری بایۆلۆژی و کولتووری نەتەوەیە. بۆ ئەوەی لووتی دوژمنەکان بشکێنرێت دەبێ خوشک و دایکەکانیان لاقەبکرێت. ئەمە خۆی لە خۆیدا هێمای ئەوە نییە کە :” بەلاغەتی سیاسی ئێمە، سیاقێکی تایبەتی بۆ مانا ئەخلاقییەکان دەکاتەوە” وەک بەختیار دەنووسێت.
بەڵکو چەمکی ئەخلاق لەم دەربڕینەدا تەواو پەیوەستە بە و سیستەمە فیکرییەوەی کە ناسیۆنالیزم لەسەر دایکی نیشتیمانی دروستکردووە. ئەمە نە دیاردەیەکی کوردییەوە و نە بەڵاغەتی سیاسی حزبی کوردییە کە کە سیاقێکی تایبەتی بۆ مانا ئەخلاقییەکان دەکاتەوە.
قبوڵنەکردنی کەسێکی هۆمۆسێکسوێل لە ڕابەرایەتی حزبی دیموکراتی مەسیحی سویدیدا، پەیوەستدەبێتەوە بۆ ئەو سیستەمی ئەخلاقییەی کە مەسیحییەت دایڕشتووە کە کەسی هۆمۆ، شایەنی ڕێز نییە و نەشازە بە پەیوەندییە سروشتییەکانی ئینسانەوە کە مەسیحییەت بانگەوازکەرێتی. ئەمە بە مانای نەبوونی پێناسەیەکی سەر و سیاسەت نییە بۆ ئەخلاق، بەڵکو ڕێک بەشێک لەو تێڕوانینە فەلسەفییەیە کە دین و ناسیونالیزم بۆ ئەخلاقیان داڕشتووە.
بەڵام بەوەی کە هێشتا لە تێڕوانینی ئەخلاقییانەی دوو هێزی سەرەکی ناو سیاسەتی کوردیدا دەسوڕێینەوە، باشترە ئەم وێنەیە بە کودێکی تری ئەخلاقی تەواو بکەین کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە بزووتنەوە سیاسیە جیاوازەکانی کوردستانەوە هەیە.بوونی ئەم نەخشە سیاسییە لەبەر دەستدا، کۆمەککەرە بە لێدوان لە سیاسەتسالاری زمانێک کە من نیازمە سەرنجی بدەمێ.
ڕەشە کوژی ژنان لە کوردستاندا هاومێژووە لەگەڵ لەدایکبوونی چەمکێکدا کە لە بادینانەوە تا سلێمانی پێیدەوترێت چەمکی :” لە قائیمەکەدا بوون” . سەرگوزشتەی لە قایمەکەدا بوون، حەکایەتی لیستێکی لە پێشەوە ئامادەکراوی هێزێکی سیاسییە بۆ ئەو ژنانەی کە ناتوانن درێژەپێدەری بەها کولتوری و بایۆلۆژییەکانی نەتەوە بن. ئەوان ئەو ژنانەن کە شەرەفی خۆیان لەدەستداوە و لەگەڵ پیاوانی ڕژێمدا دەستتێکەڵی سێکسییان بووە. لەگەڵ دەستپێکردنی ئەم کوشتنە کوێرانەیەی ژنانی کوردستاندا، هێزێک بەهەموو کەمووکوڕییەکانی سازماندەیی و فیکرییەوە وتی:”کوشتنی ژنان لەژێر بەهانەکانی نامووسپەرەستیدا قەدەغەیە. دەبێ نامووسپەرەستان لێیان بپرسرێتەوە.”
لەگەڵ بلاوکردنەوەی ئەم بەیاننامە سیاسیەدا، ئاسایشی سلێمانی چەند کەسێک لە پەخشکەرەوانی ئەم بەیاننامەیە دەستگیردەکەن و لە ئاسایشی سلێمانی پێیاندەڵێن:”ئەو کەسەی دیفاع لە قەحبەکانی کوردستان دەکات، دایک و خوشکی خۆی قەحبەیە.” ئەگەر نامووسپەرەستی هەتا بەرلەساتی لەدایکبوونی هێزێکی تری سیاسی لە کوردستاندا، چەمکێکەو زۆربەی زۆری خەڵکی کوردستان پرسیارێکی جەرگبڕی لێناکەن، نەک بەمانای نەبوونی هەڵوێستوەرگرتنێکی فەردی تاکەکانی کۆمەڵ و ڕۆشنبیران لە نامووسپەرەستی، ئەوا نامووسپەرەستی ئیتر هەر چەمکێک نییە کە بە ماناکانی دوێنێی بەکاردەبرێت، بەڵکو نامووسپەرەستی دەبێتە هەڵگری مانایەکی دی و تەوەری کێشمەکێشێکی سیاسی لە مێژووی نوێی کوردستاندا. ئەوەی ئەم هێزە سیاسییە تازەیە لەباری ڕێکخراوەییەوە چەندە، بۆچی دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی سوونەتی و ئیسلامی سەنگەری بەرانبەردەگرن، ناتوانێ پەردەپۆشکەری ئەو ڕاستییە مەوزوعییە بێت، کە دروستکردنی یەکەمین “سەنتەری پارێزگاری لە ژنان” لە کوردستاندا، دەبێتە پراکتیکی ئەم هێزە سیاسییە.ئیتر فیدراڵی، تاکە ئەڵتەرناتیڤی چارەسەری مەسەلەی میللی نییە، ڕیفراندۆم و گەڕاندنەوە بۆ ڕەئی خەڵکی کوردستان، دەبێتە چەمکێکی تری تازە لە زمانی کوردیدا.
لە نیشاندانی خیتابی:” کورد تا لە سایەی ئیسلامدا بووە شەهامەتی هەبووە و ئێستا شەهامەت و پیاوەتی نەماوە” بۆ خیتابی ” دوژمنەکان تەنیا خیانەتکار نین، بەڵکو بێئەخلاقیشن، هەر سیاسەتەکەیان ناتەواو نییە، بەڵکو ژن و کچەکانیشیان ناتەواون” تا دەگاتە خیتابی:” کوشتنی ژنان لە ژێر بەهانەکانی نامووسپەرەستیدا قەدەغەیە. دەبێ نامووسپەرەستان لێیان بپرسرێتەوە!”، ئێمە لەبەرانبەر نەخشەیەکی سیاسیدان بۆ ئەو هێزە دەرگیرانەی لەسەر شانۆی ململانێی سیاسی کوردستاندا، ئامادەییان هەیە. بەڵام هێشتا وەلامی ئەوەمان نەداوەتەوە کە بۆچی سیاسەتێک کە بەختیار عەلی لێیدەدوێت بووە بەو :” حەوزەی وشەکانی تیا هەڵدەکێشین و لەوسەر بەیەک بەرگ و ماناوە دەریاندەهێنین و دەیانخەینە ناو فەرهەنگی بەکارهێنانی فیکری و ئەدەبییەوە.” یاخود بە زمانێکی تری بەختیار:” کولتووری ئێمە دەبێتە باغێک چەند درەختی جۆراوجۆری تیا سەوزبێت، لە کۆتاییدا درەختە جیاوازەکان یەک جۆر میوە دەگرن و چەند جۆر باڵندەی تیابەخێوکەیت، دواتر هەموو یەک ئاوازدەخوێنن”یاخود وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئەم بەڵاغەتە سیاسییە لە کوێوە هاتووە؟ چونکە بەختیار تەنها پێماندەڵێت: “لەبەر ئەوەی حیزب خۆی ئەم زمانەی دروستنەکردووە، بەڵکو بەلاغەتێکە بەرلەوەی بگاتە ناو گووتاری حیزبی وەک گووتارێکی زمانەوانی گشتی بوە و مەیدانی گرتووە.” چۆن گشتی بووە و مەیدانی گرتووە؟ کێن ئەوانەی لە پشت ئەم پرۆسەی بەگشتیکردن و مەیدانگرتنەی بەلاغەتی سیاسییەوە ڕاوەستاون؟ شتێک هەیە لە نەبوونەوە بوو بێ؟ ئەم کرداری بەبوونکردنەی نەبوو چۆن مەیدانی گرتووە؟
ئەمانە ئەو پرسیارە سەرەکییانەن کە من خوازیارم وەڵامییان پێبدەمەوە.
گووتاری مانەوە وەک سەرەتایەک:
بەر لەوەی وەڵامی ئەو پرسیارانەی سەرەوە بدەمەوە، باشترە سەرنجێک لە گووتاری مانەوەی بەختیار عەلی بدەین . بە بۆچوونی بەختیار عەلی ، گووتاری مانەوە ئەو گووتارەیە کە :”سادەترین هاوکێشەکانی وجود (مان و نەمان) دەگۆڕێتە سەر هاوکێشەیەکی سیاسی و گووتاری مانەوە لە جەوهەریدا ئەو گووتارەیە دینەمۆی بە سیاسیکردنی هەموو گووتارەکانی دیکەیە” هەر بۆیەش کاتێک کێشەیەکی وەکو ژیان و مردن :” لە پرسێکی وجوودییەوە بووە پرسێکی سیاسی، لە ژێریدا ژیان و مردن دەبنە دوو زاراوەی سیاسی ڕووت.” قبووڵکردنی گووتاری مانەوە وەک ئەوەی داڕێژەرانی پێناسەی دەکەن، بەمانای تەواوی ئەو دەربڕینەی سەرەوەی بەختیار عەلی. بەڵام خودی گووتاری مانەوە تەنها گووتارێک نییە کە تەنها ژێردەستی نەتەوە بەرهەمی هێنابێت. ئەگەر ئەمە هۆکاری سەرەکی داڕشتنی گووتاری مانەوەیە، ئەوە ئەو بەرژەوەندییەی کە گووتاری مانەوە لە بناغەدا بە شوێنیەوەیەتی، بەتەواوەتی شتێکی ترە.
تا ناسیۆنالیزم بمێنێت ، گووتاری مانەوە بە جۆرێک درێژەبەژیانی خۆیدەدات. ئەگەر نەمان و تواندنەوەی نەتەوە ئەو بناغەیەیە کە گووتاری مانەوەی لەسەر رڕدەگیرێت، ئەوە لە قۆناغێکی تردا پاراستن و بەهێزکردنی نەتەوە لەبەرانبەر پەلاماری “دوژمنان”ی تردا، دەکرێ ببێتە زەمینەیەکی تر بۆ دووبارە سازدانەوەی گووتاری مانەوە.
بەڵام بناغەی سەرەکی گووتاری مانەوە تەنها ژێردەستەیی نەتەوە نییە، بەڵکو بۆ داڕێژەرانی ئەم گووتارە دەیەها ئامانجی تری لە پشت خۆیەوە ڕاگرتووە. هەر بۆیەش ئەم گووتارە ئامانجدارانە لەلایەن هێزێکی سیاسییەوە دەبێ شوێنی پلەیەکی لەبەرانبەر پرسیارەکانی دیدا پێبدرێت. گووتاری مانەوە لە مانا شاراوە نەبینراوەکانیدا ، پرۆژەی نابیناکردنی ئینسانی ئێمەی لەبەرانبەر تەواوی پرسیارەکانی تردا لە ناو خۆیدا هەڵگرتووە. ئەمە ئیتر دەرئەنجامی فشارێکی دەرەکیی نییە کە فەرزکراوە بەسەرمانا، ئەوەی کە سەرنجمان لە هەموو جومگەکانی ژیان لیدەدزێت و چاومان ئاڕاستەی شوێنێکی تایبەتی پێدەکات کە نیشتیمان و نەتەوەیە، ئەو فشارە گەورەیەیە کە گووتاری مانەوە فەرزیدەکات بۆ بە پلەیەککردنی پرسیارە سیاسییەکانی ئەو هێزەی کە دروستکەری گووتاری مانەوەیە.
بەرزڕاگرتنی گووتاری مانەوە و کردنی ئەو بە یەکەمین پرسیاری سەر ئەجێندای ژیانی ئێمە، ئامانجی ستراتیژی هێزێکە کە ژیان بە هەموو ماناکانیەوە لە نیشتیمان و سەروەری نەتەوەدا دەبینێتەوە. پرۆژەی دروستکردنی ئینسانی کۆیلەیە کە تاکە سەرچاوەی کۆیلەیەتییەکەی لە ژێردەستەیی نەتەوە و نیشتیماندا دەبینێتەوە. بەڵگەی رۆشنی ئەو کۆیلانەی کە باڵادەستی گووتاری مانەوە دروستی کردوون، بانگەوازی ئەو ژنانەیە کە دەڵێن: ” تا کوردستان ڕزگاری نەبوو بێ، ڕزگاری ژنی کورد مەحاڵە.” یان لە باشترین حاڵەتێکی تردا دەربڕینی سەربەرزانەی ئەو مامۆستایەیە کە لە پاش وەرنەگرتنی مووچەی کارەکەی لەبەرانبەر کامێراکانی تەلەفیزیۆندا ڕادەوەستێت و دەڵێ: “سەری بەرز بۆ مووچە نەوی ناکەین.” قبووڵکردنی گووتاری مانەوە بەو مانایەی کە مۆتۆری بە سیاسیکردنی هەموو شتێکە، واتا قبوڵکردنی گووتاری “ساوابوونی حوکمەتەکەمانە، پێنەگرتنیەتی”. بەرزڕاگرتنی گووتاری مانەوە، بە مانای دزینی نیگای ئێمە لەو کێشە و جەنگە ڕۆژانەیەی ژیان بەسەرماندا فەرزی کردووە و کردنی ئەو پرسیارانە بە پاشکۆی گووتاری مانەوە. بەڵام ئینسانی کورد ڕۆژانە گووتاری مانەوە ژێر پێ دەنێت. لە گەرمەی کیمیاباران و ئەنفالکردنی خەڵکی کوردستاندا، ژیان بۆ ساتێک سەرنجی ئینسانەکانی کوردستان دەبات و لە تەعزییەیەکی گەورەی نەتەوەیدا، چاوەکانی ئینسانی کورد پڕ لە فرمێسک دەکات. هەر پاش تەواوبوونی ئەم تەعزییە گەورەیە، تازییەباران دەچنەوە ماڵەکانی خۆیان و بۆ ڕۆژی دوایی شاری چاوتەڕی دوێنێ بێداردەبێت. مەیدانی کرێکارەکان پڕدەبێتەوە لەو ئینسانانەی کە ئەگەر ژیانی ئەمڕۆیان نەفرۆشن، بۆکڕینی نانی سبەی پارەیان لە گیرفاندا نییە. مامۆستایان ڕوو لە قوتابخانەکان دەکەن. کوڕانی گەڕەگ ژندەهێنن و کچانی گەرەک تەڵاقدەدرێن. هەندێکیان خۆیاندەسووتێنن و هەندێکیان دەبنە سۆزانی. بەشێک لە کرێچییەکانی گەڕەک بەهۆی نەتوانینی دانی کرێی مانگانەوە، دەگوێزنەوە بۆ ماڵێکی هەرزانتر. کۆمەڵگا لەگەڵ فشارەکانی گووتاری مانەوەشدا پڕ لە جووڵەیە. ئەوەی گووتاری مانەوە پێماندەکات، بەستنی هەموو دیاردەکانی گەڕەکی ئێمەیە بە ڕزگاری نەتەوەوە. کوێرکردنی ئێمەیە لەبەرانبەر پرسیاری پەیوەندی نێوان نیشتیمانی خۆ و کرێچێتیدا. لە بەینی پرسیاری بێکاری شەقام و نیشتیماندا. کوێرکردنی چاوانی ئێمەیە لەو هەمەڕەنگییەی پرسیارەکانی کۆمەڵگا و کردنی هەموویان بە پاشکۆی گووتاری مانەوە. کردنی گووتاری مانەوە بە جەوهەر و دینەمۆی بە سیاسیکردنی هەموو گووترەکانی دیکە، وەنەبینینی ئەو میکانیزمانەی کە لە پشت بەرهەمهێنانەوەی باڵادەستکردنی گووتاری مانەوەن، لە بوارەکانی بەکارهێنانی زمان و دەلالەتە جیاوازەکاندا هیچی لێناکەوێتەوە جگەلە وشەگەلێکی وەک کانی، بوولبول، درەختی قیژەکەر، باڵندە، خاک، شاخ، هەڵۆ. ئەوەی کە زمان پڕدەکات لە مەدلوولاتی ڕەمزی کە تەنها خاک و باڵندە و شاخ وکانییە، بە مانای قبوڵکردنی گووتاری مانەوەی نەتەوە وەک ئەوەی کە داڕێژەرانی ئەم گووتارە مەبەستیانە، نەک وەک ئەوەی کە تۆ چۆن دەیبینیت. بەڵام ئایا ئەگەر ئەم ڕەهەندە شاراوانەی گووتاری مانەوە، بووەوە بەو ڕووبەرە زانراوە بۆ ڕووشنبیر ، وەک چۆن خەڵکی گەڕەکی ئێمە هەستیان پێکردووە، دەکرێ لە جەبرەکانی گووتاری مانەوە ڕزگاربین؟ بەبڕوای من : بەڵێ. ئەمە ئیتر پێویستی بە تواناییەکانی ڕۆشنبیرێکی سۆپەرمان نییە بۆ ئەوەی لە ڕێگای سیستەمێکی فیکرییەوە دەروازە لەسەر زمانێکی دی بکاتەوە.
بەلام گووتاری مانەوە ئەنجامی باڵادەستی سیاسەتە، واتا پرۆژەیەکی دارێژراوی سیاسیە لەلایەن هێزێکەوە. بەڵام کامە سیاسەت؟ بۆچی ڕووناکبیری تازەگەری کورد هێشتاکە لەدوای کوڕان و کچەکانی گەڕەکی ئێمەوەن؟
سیاسەت، حزبی سیاسی و بزووتنەوە کۆمەلایەتییەکان
بۆ ئەوەی ئەم باڵادەستییەی سیاسەتسالاری زمانمان بۆ ڕۆشنتر بێتەوە، پێویستمان بە سەرنجدانێکی ئەو نەخشە سیاسییە هەیە لە کوردستاندا بوونی هەیە. بۆ ئەم مەبەستە من ناچارم سەرنجێک لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان بدەم و ئامادەیی ئەحزابی سیاسی ناو ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانە لە کاریگەرییدانان لەسەر زمان ڕۆشنبکەمەوە.
لە یادی تێپەڕینی 150 ساڵ بەسەر چاپکردن و بڵاوبوونەوەی مانیفێستی کۆمۆنیستدا لە ئایاری 1998، سیمینارێکی چوار ڕۆژە بۆ ئەم مەبەستە و پرسیارەکانی گلۆبالیزەیشن لە پاریس گیرا. لەوەڵامی هۆکاری ئەم سیمینارە چوار ڕۆژییەدا ، “دانیال بینساید” دەڵێ:” ئێمە لەمڕۆدا ناچارین لەگەڵ مارکسدا بیرکەینەوە، بە دژی ئەو بیرکەینەوە، بەڵام ناتوانین بەبێ مارکس بین.” (4) من خۆم کەسێکم ناتوانم بەبێ مارکس بم. هەر بۆیەش بۆ سەرنجدان لەو نەخشە سیاسییەی کە لە کوردستاندا بوونی هەیە، دەکرێ مارکس کۆمەککەر بێت. بۆیە سەرنجدانێک لە خودی مانیفێست و ووردبوونەوە لەوەی کە بۆچی ناوی مانیفێستی کۆمۆنیستە نەک سۆسیالیست دەکرێ هەنگاوی یەکەم بێت.
لەبەشی سێی مانیفێستدا ئەم ناونیشانە دەخوێندرێتەوە، ئەدەبی سۆسیالیستی وکۆمۆنیستی. مارکس بەووردبوونەوە لە تەواوی ئەو ڕەوتە سۆسیالیستانەی کە لەسەردەمی نووسینی مانیفێستدا هەبوون، یەک بە یەکی ئەو ڕەوتانە لە شوێنگەی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆردا دادەنێت و ئاسۆ و ئامانجی ئەم حزبە جۆراوجۆرانە لە ئاسۆی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی تردا دەبینێت کە لە کۆمەڵگادا بوونی هەیە. بۆ مارکس ، سۆسیالیزمی کۆنەپەرست تەیفێکی جۆراوجۆر لە ئەحزابی ناو بزووتنەوەیەکن کە لە سۆسیالیزمی دەرەبەگایەتی، سۆسیالیزمی ووردەبۆرژوا و سۆسیالیزمی ئەڵمانی یان بە زمانی مارکس سۆسیالیزمی ڕاستەقینەدا خۆیاندەبیننەوە.
. هاوکات سەرنجێک لەو بزووتنەوە جۆراوجۆرە بۆرژوازیانە دەدات کە بە پێی دیدی مارکس ناوی سۆشیالیزمی کۆنەخواز و بۆرژوازییە.
ئەنگلز لە چاپی ئەڵمانی مایفێستدا کە لە ئایاری 1890 دا بلاودەکرێتەوە، بەڕۆشنی لە هەڵبژاردنی ناوی کۆمۆنیست بۆ مانیفێست دەنووسێ: ” لە ساڵی 1847 دا وشەی سۆشیالیزم بریتی بوو لە بزووتنەوەیەکی بۆرجوازی و کۆمۆنیزمیش ناو بوو بۆ بزووتنەوەیەکی کرێکاری”. ( 5) مارکس لە مانیفێستدا ئەم ڕەوتە جۆراوجۆرانە وادەناسێنی کە بریتین
لە: ” بزووتنەوەی چینایەتی دیاریکراو، کە بەرهەمی هەلومەرجێکی دیاریکراون، کە بەرژەوەندییەکی دیاریکراوی چینایەتی لە پشتییانەوە راوەستاوە. ئەو ئەم بزووتنەوانە وەک قوتابخانەی فیکری ناناسێنێت.” ( 6 )
هەر بۆیەش پێناسەی مارکس بۆ کۆمۆنیزم:”بۆچوونە تیۆرییەکانی کۆمۆنیستەکان لەسەر ئەفکار و پرەنسیپەکان دانەمەزراوە، ئەو ئەفکار و پرەنسیپانەی کە ئەم یان ئەو (موسڵحی کۆمەڵایەتی ) دایهێنابێ یاخود پەیپێبردبێت. بەڵکو ئەوانە تەنها دەربڕی هەمەلایەنەی ئەو پەیوەندییە واقعییەی خەباتی چینایەتی و ئەو بزووتنەوە مێژووییە زیندووەیە کە بەرچاوی ئێمەوە لە گەشەکردندایە.” (5 )
بۆ مارکس، کۆمۆنیزم زادەی ئەو بزووتنەوە بەرینە کۆمەڵایەتیەیە کە بەرچاوی ئێمەوە وەک مێژوویەکی زیندوو ئامادەیی هەیە. نەک ئایدیایەکی داهێنراوی فەلسەفییانە، بەڵکو ناڕەزایەتییەکی زیندووی ناو کۆمەڵگا. ڕەخنەیەکی زیندووی بەشێکی کۆمەڵگا، کرێکاری کرێگرتە لە گشتییەتی سیستەمێک کە سەرمایەدارییە بە مەبەستی پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی. لە ڕۆشنگەری و شۆِڕشی پیشەسازییەوە، ئینسانەکان بزووتنەوەی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتییان ڕێکخستوە کە هەریەکەیان بەجۆرێک بە شوێن مەبەستێکی سیاسییەوە بوون. کاریگەری ئەم بزووتنەوە زیندووە واقعییانە لە کۆمەڵگادا وایکردووە گە ڕابەرانی عەمەلی و سیاسی و فەلسەفی خۆیانی هێناوەتە بەرهەم. بۆچوون و تێڕوانینەکانیان بە جۆرێک وەک ترادیسێۆنێکی جێکەوتوو لە کۆمەڵگادا هەستی پێدەکرێ. بزووتنەوەی یەکسانیخوازانەی ژنان، ناسیۆنالیزم و سۆشیالیزمی کرێکاری و لیبرالیزم، بەشێکی کەمی ئەو بزووتنەوە بەرینە کۆمەڵایەتییانەن. بەڵام مەنسووری حیکمەت، چەمکی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی مارکس وەردەگرێت و وەک مێتۆدێکی شیکردنەوە، لە بزووتنەوە جۆراوجۆرەکانی سەردەمی نوێ ورددەبێتەوە.
“بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە وەڵامدانەوە بە پرسیارە گرنگە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان، بە شێوەی بەشێک لە خەباتی چینەکان لە سەردەمانی درێژتردا پەیدا دەبن:” ( 7 )
کەمێک وردبووونەوە لەم دەستەواژەیە، بەمانای ئەوەی کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان چوارچێوەی دەرکەوتنی ئەو کێشمەکێشە چینایەتییانەن کە لە دەروونی کۆمەڵگادا بوونی هەیە و لە ئاستی سەرەوەدا و لە نێوان ئینسانەکاندا بە پێی بەرژەوەندییە جیاوازە چینایەتییەکانیان، ڕیزبەستنی جۆراوجۆر بە شوێن ئامانج و ئاسۆی ئەم بەرژەوەندیانەوە پێکدەهێنێت. لیبرالیزم و سۆشیالیزم و ناسیۆنالیزم، هەریەکەیان بە پێی خۆی بزووتنەوەی چینایەتی کۆمەڵایەتی ئەمڕۆکەن. بزووتنەوەی سۆشیالیزم ، لەگەڵ گەشە ی کرێکاری کرێگرتەی پیشەسازیدا دێتە مەیدان.
ئەو دەنووسێ: ” لیبرالیزم وە ک ترادیسێۆنێکی سیاسی کە ئەحزابی جۆراوجۆری لە وڵاتە جۆراوجۆرەکاندا بەرهەمهێناوە، لەگەڵ ترادیسیۆنی ناسیۆنالیزم کە بەهەمان شێوە خاوەنی ئەحزابی جۆراوجۆر بووە و هەیە، دوو ڕەوت و دوو ترادیسیۆنی سیاسی یەک چیینن، بەڵام یەک نین. چەندین جار لە مێژوودا لەبەرانبەر یەکیشدا دەبینرێن.”(8)
مەنسوور حیکمەت ئەم هەمە ڕەنگییەی ڕەوتە سیاسییەکانی بۆرجوازی لە وەدا دەبینێ کە: “ئەم ڕەوتانە لە بناغەدا ، نیشاندەری خودی دابەشبوونی چینایەتی کۆمەڵگا نین. بەڵکو نیشاندەری دابەشبوونێکی مەوزوعییانەیە لە ناو خودی بۆرجوازیدا.” (9)
پاشان ئەو دێتە سەر ئەحزابی سیاسی و دەنوسێت: “ئەحزابی سیاسی لە دڵی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی دیاریکراودا پەیدادەبن و بۆ سازماندانی هێزی ئەم بزووتنەوانە و هیدایەتکردنی، لەسەر کۆمەڵێک سیاسەتی تایبەتی کاردەکەن. بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی تایبەت دەیەها حزبی جۆراوجۆر و ڕەنگاوڕەنگ لە خۆیدا دەداتەدەر. ئەحزابی سیاسی بەیانکەری کاروکاردانەوەی خەباتکارانە و رێکخراوەیی کۆنکرێت تر و تا ڕادەیەک قۆناغدارانەتر و تەنانەت ناپایەدارتری ناو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانن”
ئەحزابی سیاسی دروستکەری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان نین، ئەگەرچی لە برەوپێدان و بەهێزڕاگرتنەوەی پایە سیاسی و کولتوری و ئایدیۆلۆژیەکانیدا کاریگەری دادەنێن.
ئەو دواتر لە پەیوەندی ئەحزابی سیاسیدا دەنووسێت :”ئەحزابی سیاسی شێوازی خۆڕێکخستنی ئینسانەکان و هاوبەشیکردنیانە لەو جەدەلە جیاواز و هەمەڕەنگەی کە لەسەرخانی کۆمەڵگادا بوونی هەیە. هەمە ڕەنگی ئەحزابی سیاسی نیشاندەری ئەوەیە کە ئینسانەکان لە ناو کۆمەڵگادا لە پێگەی بەرژەوەندی ئابووری ، حقوقی و فیکری جۆراوجۆردا قەراریان گرتووە و بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم کێشمەکێشانە دووچاری پێکدادان و جەدەلێکی سیاسی دەبن.” (10) هەر بۆیەش بۆ داوەریکردن لە ئەحزابی سیاسی :”بەدەر لەوەی ئەحزابی سیاسی دەربارەی خۆیان چیدەڵێن، بە تەماشاکردنی ئەو مێژووە واقعییەی کە ئەوانی بەرهەمهێناوە و وردبوونەوە لەوەی کە لە دنیای مادیدا لە باری پراکتیکەوە چ جوڵانەوەیەکی مێژووی لە خۆیاندا نیشاندەدەنەوە و دەبەنە پێش ، دەکرێ داوەری بکرێت. “(11 )
ئەحزابی سیاسی دەکری بمرێ و ناوی نەمێنێ، بەڵام بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان نافەوتێن. ئەوەی لە ڕاپەڕیندا یەکێتی و پارتی دەبنە باڵادەست و دواتریش سوکانی فەرمانڕەوایەتی لە کوردستاندا دەگرنەدەست، لەگەڵ قەوارەی بچووکی ڕێکخراوەیی و سازماندەیی ئەم دووهێزەدا لە و ڕۆژانەدا، بەرینی ئاستەکانی بزووتنەوی ناسیۆنالیزمە. ئەوە بزووتنەوە بەرینە کۆمەڵایەتییەکەی ناسیۆنالیزمە کە دەبێتە زەخیرەی ئینسانی ئەم دوو هێزەی کە لە پێش ڕاپەڕینەوە لە چەند چەکدارێکی دانیشتووی ئەو دیو سنوورەکانەوە تێناپەڕن. بەبڕوای من ناسیۆنالیزمی کورد وەک بزووتنەوەیەکی بەرینی کۆمەڵایەتی ، دەیەها ئەحزابی جۆراوجۆری لە پارچەکانی کوردستاندا داوەتەدەر. سەرنجدانێک لەم ئەحزابە جۆراوجۆرانە، نیشاندەری ئەوەیە کە لە چوارپارچەخوازی کوردستانەوە تا ئۆتۆنۆمیخوازو فیدراڵیچییەکانی تیادا جێدەبێتەوە. چوارپارچەخوازەکانیان ناسیۆنالیستتر نین لە فیدراڵیخوازەکانیان. ئەم هەمەڕەنگییەی لە بۆچووندا بۆ “چارەسەری” ستەمی میللی، زادەی کەمی تیۆری و لاوازی ناسیۆنالیزمی کورد نییە، بەڵکو لە جەوهەردا زادەی تەفسیری باڵەجۆراوجۆرەکانی بۆرجوازییە بە پێی بەرژەوەندییە جیاوازەکانیان. من گومانم لەوە نییە کە چ بارزانی و چ تاڵەبانی خوازیاری جیابوونەوەی کوردستانن. بەڵام بەرژەوەندییە جیاوازەکانی ئەوان بۆ بەدەستهێنانی ئەم خواستە، دوورەدەستتر دێتە پێش چاو لە چاو ئەو بەرژەوەندییەی کە لە فیدرالیزم یان خودموختاریخوازیی بۆ نموونە حزبی دیموکرات دەکرێ پێشکەشییان کات. خودموختاری و فیدرالیزم، زادەی ناکامڵی و پێنەگەیشتنی خواستی جیاکردنەوەی کوردستان نین کە دەبوایە ناسیۆنالیزمی کورد وەک خواستی سەرەکی هەڵگری بوایە.ئەمە خەونی زیندووی ئینسانەکانی کوردستانە. بەڵکو زادەی باڵادەستکردنی سیاسییانەی خواستی فیدراڵیچییەکانە کە گووتاری دڵخوازی بۆرجوازییەتی کوردە.
لەناو بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی ناسیۆنالیزمی عەرەبیشدا، ئەم هەمە ڕەنگییە دەبینرێت. دابەشبوونی ناسیۆنالیزمی عەرەب بەسەر سەدان حزبی جۆراوجۆردا و زیاتر لە هەژدە دەوڵەتدا، گێڕەرەوەی ئەوە نییە کە ناسیۆنالیزمی عەرەب لە میسردا نەتەوەپەرەستر نییە لەبەرانبەر ناسیۆنالیزمی پانعەرەبیزمی بەعسدا. بەڵکو گێڕەرەوەی ئەوەیە کە بۆرجوازییەتی میسر، بەشوێن بەرژەوەندیەکانی خۆیەوەیەتی. ئەمە تەفسیری باڵێکی بۆرجوازیەتی عەرەبییە لە ناسیۆنالیزم. ناسیۆنالیزم تیۆری ڕزگاری ئینسانەکان نییە لە ستەمی میللی، ناسیۆنالیزم خۆی دروستکەری نەتەوەکانە. هەر بەوەی ناسیۆنالیزم دەستکەوتێکی مۆدێرنێتەیە، پەیامەکەی ناکرێ مۆدێرن بێت. دواتر پێویستە ئەوە بووترێت کە ناسیۆنالیزمی سەردەم، ناسیۆنالیزمی سەدەی شۆڕشیی پیشەسازی نییە کە دروستکردنی دەوڵەتە قەومییەکان وەک پێداویستییەکی یەکبازاڕی ئامانجی سەرەکی بێت. کاتێک سۆسیال لیبرالیزم لە سویدا مۆدێلی دەوڵەتی ڕیفاه قبووڵدەکات و دابەشکردنەوەیەکی “عادیلانە”ی باجەکان دەبێتە شادەماری ئابووری دەوڵەتی ڕیفاه لە ڕێگەی مۆنۆپۆلیزەکردنێکی گەورەی دەوڵەتەوە بۆ ڕێکخستنی ئابووری لەبری “دەستەشاراوە و نەبینراوەکانی بازاڕ”، ئەمە خۆی لە خۆیدا بۆ لیبراڵەکانی سوید، پاشگەزبوونەوەیەکی فیکری نییە لە بنەماکانی لیبرالیزم، بەڵکو زادەی فشارێکی سیاسییە کە بزووتنەوەیەکی تری کۆمەڵایەتی ، سۆشیال دیموکراسی بەسەریدا فەرزیکردووە. بەڵام کاتێک سۆشیال دیموکراتی و مۆدێلی ئەو بۆ ڕێکخستنی ئابووری دەکەوێتە بەرپەلاماری لیبرالیزمی نوێ، ئیتر ملنەدان بە چەمکی “پەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی” دەوڵەت لەبەرانبەر هاوڵاتیاندا، دەبێتە وێردی سەرزار. بەڵام سۆشیال لیبرالیزم، تەفسیرێکی بڕگەییانەی بەرژەوەندییەکانی بۆرجوازییەکە لە قۆناغێکی بەرابەرکێی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و حزبە سیاسییەکانیدا کە ناچارە قبوڵیکات. .
سەرنجێکی ووردتر لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی عێرا ق و کوردستان
کۆمەڵگای عێراق بە گشتی و کۆمەڵگای کوردستان بە تایبەتی تووشی ڕاچڵەکاندنی فیکری سیاسی گەورە نەبووە. ئەمە نەک بە پێواندنی قەوارەی تراژیدیا ئینسانییەکانی ئەم کۆمەڵگایە. بەڵکو بەسەرنجدان لەو ئاڵوگۆرە فیکرییەی کە بەرابەرکێی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەیخوڵقێنێت. من بەبێ هیچ دوودڵییەکەوە دەتوانم بڵێم کە مێژووی عێراق بە گشتی و کوردستانیش بەتایبەتی، مێژووی باڵادەستی یەک بزووتنەوەی بەرینی کۆمەڵایەتییە کە ناسیۆنالیزمی عەرەب و کورد ئەندازیاری ئەم ساختتمانە سیاسییە بوون.
لە عێراقدا و بە هۆی داگیرکردنی ئەم وڵاتەوە لەلایەن بەریتانیاوە، وە بە هۆی گەشەی ناسیۆنالیزمەوە لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستدا، تاکە بزووتنەوەیەک کە پەرچەمی ئەم ناڕِەزایەتییەی دژی ئیستیعماری لەدەستدایە، ناسیۆنالیزمی عەرەب و کوردە. لەگەڵ هەر دژایەتیکردنێکی نێوان ناسیۆنالیزمی عەرەب و کوردا، خەباتی دژی ئیستیعمار دەبێتە ئەڵقەی هاوبەشی کارپێکەوە کردنی ئەم دوو هێزە. لە عێراقی بیست و سییەکاندا دەیەها ناوی جۆراوجۆری حزبی دێنە سەر شانۆی سیاسی عێراق و هەندێکیان وندەبن و هەندێکیان دەبنە زەخیرەی دووبارە خۆسازدانەوەی ناسیۆنالیزم لە ژێر پەرچەمێکی تردا.
ناکرێ باسی مێژووی ناسیۆنالیزم لە عێراقدا بکرێت، ئەگەر ناوی دوو ئەکتەری سەرەکی سەر ئەم شانۆیە نەبرێت. حزبی شیوعی عێراق و حزبی بەعس.
بەرابەرکێی ئەم دوو هێزە بۆ ئارایشدان بە ئایندەی وڵاتێک کە لەژێر دەسەڵاتی ئیستیعماردایە و دروستکردنی وڵاتێکی سەربەخۆی بێ دەسەڵاتی ئیستیعمار، پلاتفۆرمی هاوبەش و ئیمزانەکراوی نێوان باڵە جۆراوجۆرەکانی بۆرجوازی عێراقە کە لەدوو حزبی جیاوازدا خۆی ڕێکخستووە و ئیدیعای دوو ئایدیۆلۆژی جیاواز بەیەکدەکەن. بۆ هەردوولایان هەم قودس کەعبەیە و هەم وەتەنییەت و نیشتیماپەرستی زاراوەی هاوبەشە.
کۆدەتای قاسم و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی پاشایەتی، ئاسۆیەکی فراوانتر لەبەردەم باڵی چەپی بۆرجوازی عێراقدا دەکاتەوە. پرۆژەی چاککردنی کشتو کاڵی دەبێتە پلاتفۆرمی یەکەمی ئەم دەسەڵاتە سەربازییەی عێراق کە لە سەرەوە و لەڕێگەی کۆمەڵێک ڕیفۆرمەوە خوازیاری لابردنی کۆسپەکانی بەردەمی گەشەی سەرمایەداری عێراقە. عبدولکەریم قاسم بەهۆی نزیکایەتییەکانیەوە لەگەڵ سۆڤییەتی ئەوسادا، لەگەڵ ئەوەشدا ئیدیعای کۆمۆنیست بوون ناکات، دەبێتە قارەمانی نیشتیمانی حزبی شیوعی. حزبی شیوعی عێراق لەسەردەمی قاسم و تەنانەت پێش ئەویشدا ئەو هێزەیە کە چاوەڕوانی ئەوەی لێ بکرێت ئایندەی گەشەی سەرمایەداری لە عێراقدا بەو ڕێگایەدا بەرێت کە پلاتفۆرمە ئابوورییەکەی سەرمایەداری دەوڵەتی شورەوییە. هاوکاتیش باڵی ڕاستی بۆرجوازی لە عێراقدا، خاوەنی هەر هەمان خەونی مۆدێرنیزەکردنی عێراق و دامەزراندنی دەوڵەتێکی قەومییە کە لە ڕێگەی دیکتاتۆرییەتێکی بێ پەردەوە ئەم پرۆژەیە بە ئەنجام بگەێنێت. بەڵام بەدیهێنانی ئەم خەونە لە وڵاتێکدا کە بە” قەڵای کۆمۆنیزم” دەناسرێت ، کارو کردەوەکانی ئەم هێزە و دوورە دەستی لە بەدیهێنانی ئەم خەونەدا، ئەم هێزەی باڵی ڕاستی بۆرجوازی پاڵپێوەدەنێت بۆ خۆبەستنەوە بە غەربەوە. بەعس پرۆژەی موخابەراتی ئەمریکی و کۆششی باڵی ڕاستی بۆرجوازی ناسیۆنالیزمی عەرەبە بۆ گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا.
بە کۆدەتای ساڵی 68 و هاتنە سەر کاری بەعس، “خۆماڵیکردن”ی نەوت و دامەزراندنی دەوڵەتێکی قەومی عەرەبی لە عێراقدا و پرۆژەی سەرمایەداریکردن و لابردنی ڕێگرییەکانی بەردەم گەشەی سەرمایەداری ، یەکێک لە خاڵە بنەڕەتی و جەوهەرییەکانی بۆرجوازی لە عێراقدا عەمەلی دەکرێت. ئیتر پرۆژەی ” نیشتیمانێکی ئازاد و گەلێکی بەختیار” بە عەمەلی لەلایەن باڵی ڕاستی بۆرجوازییەوە لە واقیعدایە. پرۆژەی سەرمایەداریکردنی عێراق لە ڕێگەی بەکارهێنانی کەرتێکی گەورە ی ئابووری کە دەوڵەت ڕاستوخۆ سەرپەرەشتیدەکات و دەبێتە جێگری سەرمایەی تایبەتی لە عێراقی حەفتاکاندا، بەرنامەی ئابووری حزبی شیوعی عێراق دەکاتە کای بەر با. ئیتر سۆسیالیزمێک کە بەعس لە رێگەی بە گشتیکردنی تەواوی خەدەماتە ئابوورییەکانەوە بەرابەر دەبێتەوە بە سۆسیالیزمێک کە لە شۆرەویدایە. هەر بۆیەش جێگای سەر سوڕمان نییە کاتێک یەکێک لە ڕۆژنامەنووسانی بولگاری لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا و لە جەرگەی فرۆشتنی کەرتە گشتییەکانی ئابووری عێراقدا بە کەرتی تایبەتی، بە سەدام دەڵێت:” ئێمە عێراق وەک وڵاتێکی سۆسیالیستی دەناسین، ئایا فرۆشتنی ئەم بەشانەی کەرتی گشتی بە سەرمایەی تایبەتی زادەی پەشیمانبوونەوەی ئێوەیە لە سۆشیالیزم؟” سەدام لە وەڵامدا دەڵێت: “ئەگەر دەوڵەت هەتا ئێستا خەریکی بەخێوکردنی (الابقار) ە لە عێراقدا، ئەوە بە هۆی نەبوونی ئامادەییەکانی سەرمایەی تایبەتییەوە بووە. بەڵام لە ئێستادا سەرمایەی تایبەتی عێراق لە ئاستێکدایە کە ئیتر پێویستنەکات دەوڵەت بە بەخێوکردنی الابقارە وە خەریک بێت.”
بەرەکردنەوەی حزبی شیوعی عێراق لەگەڵ بەعسدا، زادەی “خیانەتی چینایەتی” حزبی شیوعی نییە لە ئایدیۆلۆژییەکەی، بەڵکو زادەی جووتبوونەوەی ئەو ئلسۆ و ئامانجە سیاسییەیە کە حزبی شیوعی لە بنەمادا هەڵگری بوو کە هێزێکی بەرینی ناو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکەی ناسیۆنالیزمی عەرەبە لە عێراقدا. ئابووری خۆ ، کولتوری خۆ و ئاینی خۆ لە ناو حزبی شیوعیدا جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ هەمان چەمکە بەکارهاتووەکانی بەعسدا نییە.
بوونی هەزاران ئینسانی شەریف لەناو حزبی شیوعیدا ناتوانێت پەردەپۆشکەری ئەو ڕاستییە سادەیە بێت کە ئاسۆ و ئامانجی نیهائی ئەم حیزبە هەر ئەوەیە کە کە بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی عەرەب ئامانجییەتی. بە پێی وتەکانی “حەمیدی تەقوایی” لە پەیوەند بە چەپی ناسیۆنالیستی ئێرانەوە : “ئێوە ئەگەر بیروبۆچوونەکانی چەپی ئێرانتان وەربگێرایەتە سەر ئیتاڵی، دەیانبینی کاتێک باس لە کولتووری خۆمان و نەژادی پاکی خۆمان و ئاسنی خۆمان و مەسینەیی مسی خۆمان و سەیارەی پەیکانی خۆمان دەکات، وەک مۆسۆلینی قسەدەکات.” پاشان دەنووسێت:”کرێکارانیان لەبەردەم کارگەکان دەگێڕایە دواوە و دەیانگووت مانمەگرن. دەیانووت خومەینی پێشکەوتووخوازە. بزووتنەوەی خۆمانە، دەیەوێت مەسینەی مسی بێنێت، بڕیارە پارەی نەوت بەشبکات، خانمەکەی پیانۆ لێدەدات، لە ستراتیج و تاکتیکی ئەو بزووتنەوە چەپەدا خومەینی جێگای هەبوو. ئیسلام ڕزگاریبەخش بوو. ئەو بزووتنەوەیە باڵی ڕاستی خومەینی و باڵە چەپەکەی چریکی فیدایی بوو.” (12)
بەڵام ئێمە لە کوردستاندا لەگەڵ میژوویەکی تری چەپ و ڕاستبوونی هێزە سیاسییەکانی کوردستاندا ڕووبەڕووین. لە شێخ مەحموودەوە بۆ بارزانی، ئێمە شاهیدی ڕێکخراو و ئەحزابی جۆراوجۆری سیاسین. بەڵام مێژووی حزبایەتی و خۆڕێکخستنی ناسیۆنالیزمی کورد لە عێراقدا، هاوکاتە بە مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە. ئەم هێزە لەگەڵ ئەوەشدا کە کۆنسێرڤاتیڤە و عەشیرەتییە، دەبێتە شوێنی کۆبوونەوەی ئەو ڕووناکبیرە ناسیۆنالیستەیشی کە ئیدیعای چەپگەرایی دەکات. کێشەکانی نێوان باڵی ڕاست و باڵی چەپی ئەم حزبە بە کۆمەڵێک جیابوونەوە و فراکسیۆنسازی کۆتاییدێت، کە جیابوونەوەی شەست و شەش بەرچاوترین نموونەکانیەتی. ڕەخنەی باڵی چەپی ئەم هێزە، دابراِنێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی نییە لە ئاسۆ و ئامانجەکانی بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی کورد. بەڵکو کێشەیە لەسەر جێگاوڕێگایەکی شیاوتر بۆ ئەم نووخبە سیاسییە ی کە دەسەڵاتی ڕەهاو بێ ئەملاولای باڵی رڕستی ناو حزب وەک مناڵە وردکەی سیاسی چاویان لێدەکات. بۆیەش کە ڕێککەوتننامەی ئازار شکستدەهێنێت و شەڕ دەستپێدەکاتەوە، نەوەی شەست و شەش ئاسانتر دەچێتەوە ژێر ڕکێفی باڵی ڕاستی بۆرجوازی کورد. شکستی ڕاپەڕینی چەکدارانەی پارتی لە ساڵی 75 دا و تراژیدیایەک کە بەهۆی ئەم ڕابەرایەتییەوە ڕووبەڕووی خەڵکی کوردستان دەبێتەوە، ئاسۆ و دەرفەتێکی دی لەبەرانبەر باڵی چەپی ناسیۆنالیزمی کورددا دەکاتەوە. کۆمەڵەی ڕەنجدەران، زادەی ڕادیکالیزەبوونەوەی سوشیالیزمی مارکس نییە لە کوردستاندا، بەڵو زادەی ناڕەزایەتی نەوەیەکە کە بەدەست باوکی حزبی ناو بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی سوونەتی کوردییەوە دەناڵێنێت و بە شوێن سنوورجیاکردنەوەیەکی تری ئایدیۆلۆژییەوەیە کە ماویزم و گیڤارایزم پێشکەشی دەکات. ئەویش هەر وەک باوکی کۆنسێرڤاتیزمی ناو بزووتنەوەی ناسیۆنالیزم خاوەنی بەرنامەیەکی تری ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی نییە. کێشەی ئەم دوو هێزە هێندەی کێشەیە لەسەر دەسەڵات بۆ ڕابەرایەتیکردنی ناسیۆنالیزمی کورد، هێندە پرسیار نییە لەسەر ئاسۆ ئامانجە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان. جیابوونەوەی حسک لە یەکێتی، جیابوونەوەی پارتی گەل لە پارتی دیموکراتی کوردستان، هێندەی لەسەر بەرژەوەندی حزبی و شەخسییە هێندە لەسەر چوونەدەرەوە نییە لەناو سنوورەکانی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستیدا. هەربۆیەش ئەم هێزانە زۆر ئاسان دەچنەوە ناو یەکتری و کێشەیەکیشیان لەگەڵ ئەو هەموو خوێنەدا نییە کە پرۆسەی جیابوونەوەکانیان خوڵقاندی.
ئەم هەموو حزبە جۆراوجۆر و ڕەنگاوڕەنگە لە کوردستاندا ، بە حزبی شیوعی کوردستانەوە کە زادەی بەهێزبوونەوەی بزووتنەوە بەرینەکەی ناسیۆنالیزمە لە کوردستاندا و لەناو حزبی شیوعیدا کاریگەریدادەنێت، ئەحزابی ناو یەک بزووتنەوەی بەرینی کۆمەڵایەتیین کە ناسیۆنالیزمە. فرەڕەنگی و فرەناوی ڕێکخراوەیی حزبەکانی ناو ئەم بزووتنەوەیە ئەو راستییە سادەیە ناشارێتەوە کە ئەمانە هەموویان، یەک تایەفە و یەک قەبیلەی سیاسی گەورە لە مەرکەزی سیاسەت لە کوردستاندا پێکدەهێنن. ئاسۆی کۆمەڵایەتی و بەرنامەی ئابوورییان( ئەگەر هەبێت) یەکێکە. ڕەخنەیان بە مێژووی هەتا ئێستای کوردستان یەکە. ئەفسانەو پاڵەوان و دێوە سیاسییەکانیان هەر هەمان شتە. فەرهەنگیان یەکە. ئەخلاقیان یەکە. جەژن و ساڵگردی سیاسی پێکەوەییان هەیە. خاوەنی یەک گەنجینەی ئەدەبین. شاعیران و ئەدیبان و فیلمسازەکانیان یەکە. موقەدەساتی سیاسی و کۆمەڵایەتییان یەکە. سیاسەتی خاریجییان وەک یەکە. هێز بەیەکدەدەن و هێز لەیەکتری دەگرن. دۆست و دوژمنە هەمیشەییەکانیان یەکە. چەمک و فەرهەنگی سیاسییان یەکە. چەپەکانیان بەیەکدەنگ هاواردەکەن کە کەس سووکایەتی بە ئایینی خەڵکی کوردستان و ئیسلامی پێشکەوتوو نەکات. ئەمانە لەگەڵ هەر جیاوازییەکی ڕێکخراوەیی و حزبییاندا لەگەڵ یەکدا، بەرانبەر بەیەکتری خۆیین.
بەڵام لەناو شارەکانی کوردستاندا، بزووتنەوەیەکی ژێرزەمینی چەپ دەستپێدەکات بۆ خۆجیاکردنەوە لە چەپی ناو ناسیۆنالیزمی سوونەتی. بەرزە، کار، کارگەران، دەستەی پێشڕەوانی پرۆلیتاریا، ڕەوتی کۆمۆنیست، یەکێتی خەباتی کۆمۆنیزمی کرێکاری، سەرنجی کرێکار و دەیەها ئەڵقەی کرێکاری تر، دیاردەی چەپگەراییەکی تری ژێرزەمینی شارەکانی کوردستانە. شوراکان بەرئەنجامی کاریگەری و پراکتیزەکردنی سیاسی ئەم ڕەوتە سیاسییە تازەیەیە.
تێزی سیاسەتسالاری و زمان لای بەختیار عەلی
کاتێک بەختیار عەلی بە شوێن ئەوەوەیە پێمان بڵێت ئەم زمانە بەسیاسیکراوە لە کوێوە هاتووە دەنووسێت: “ئەم زمانە لە هەموو حزبە کوردییەکاندا لەیەکدەچێت، لەبەر ئەوەی حزب خۆی ئەم زمانەی دروستنەکردووە، بەڵکو بەلاغەتێکە بەرلەوەیبگاتە ناو گووتاری حیزبی، وەگ گووتارێکی زمانەوانی گشتی بووە و مەیدانی گرتووە، هێندە هەیە حزب دواتر لەناویدا دەوەستێت و بەکاریدەبات و بەرهەمی دەهێنێتەوە.” بەڵگەشی بۆ ئەم ڕوونکردنەوەیە ئەوەیە کە :” فرە حیزبی لە کوردستاندا بەواتای فرە ڕەنگی زمان نەبووە. “
ئەوەی لای بەختیار و سیستەمی بیرکردنەوەی ئەودا جێی نییە، چۆنێتی هاتنەکایەوەی ئەم بەلاغەتەیە کە بە قسەی بەختیار بەلاغەتێکە و وەک گووتارێکی زمانەوانی گشتی بووە و مەیدانی گرتووە. ئەوەی کە ئەم گووتارە زمانەوانییە گشتی بووە و مەیدانی گرتووە هەر لە خۆیەوە، ئەوەیە کە لە جەژن و شادیگرتنی حاجی قادری کۆییەوە بۆ قەتلوعامی ئەرمەنەکان، لە ئەفسانەسازی دوانزەسوارەی مەریوانی پیرەمێردەوە بۆ ئەی ڕەقیب، لە شیعرە ئاگراوییەکانی کامران موکریە وە بۆ “قەحبەن ئەوانەی پێمدەڵێن گوێزان و موو برای یەکن”ی پەشێو، لە شێرکۆ بێکەسەوە بۆ ناسیۆنالیزمی دوورمەودای مەریوانی ووریا قانع، ئەمانە هەر هەموویا ن ئەو ناو و دەنگە جیاوازانەن کە لە پرۆسەی پێگەیاندن و دروستکردنی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستدا ئەندازیارێکی کارامە بوون. ئەوەی کە وشەیەک ناتوانرێت بخرێتەوە سەر دۆخی جارانی بەر لەبارکردنی ئایدیۆلۆژی، بەر لە هەموو شتێک زادەی باڵادەستی بزووتنەوەیەکی کۆمەلایەتییە لە کوردستاندا کە پێیدەوترێت ناسیۆنالیزم. ڕەوتێکی فیکری کە ئینسان و حورمەتی ئینسانی ئەو لە خاک و کانی و دار و شاخدا دەبینێتەوە و هەر بەم چاوەشەوە دەبێ بیابانی وشکهەڵاتووی بەر تیشکی خۆر لەبەرانبەر کێوی بەرزی کوردستاندا چۆکدابات و داربەڕوویش ببێتە شای درەختەکانی دنیا.
ئەوەی کە فرە حیزبی لە کوردستاندا بە واتای فرەڕەنگی زمان نەبووە، گێڕەرەوەی ئەو چیرۆکەیە کە تاکە هێزێک کە وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی کاریکردبێت لە درێژەی مێژووی کۆن و نوێی کوردستاندا ناسیۆنالیزمی کوردبووە. ئیتر چۆن چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت زمان و بەلاغەتێکی تری سیاسی جیاواز پەیدا بێت. ئەوەی کە حزبی کوردی ئەرک ناکێشێت بۆ دروستکردنی بەلاغەتێکی سیاسی تازە و یەکسەر لەناو ئەم زمانەدا کاردەکات، سەرچاوەکەی ئەوەیە کە حزبی کوردی بەرلەوەی دروستبووبێت، ناسیۆنالیزم بزووتنەوەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی بۆ ئامادەکردووە کە ئەوی لە ناوخۆیدا داوەتەدەر. ئەو بە زمانی بزووتنەوەکەی خۆی نامۆ نیـە. زمانێکی تر دروستناکات بەجیا لەو زمانەی کە پێشتر ناسیۆنالیزم پێشکەشیکردووە. کاتێک بەختیار دەنووسێت:”لە پێکدادانی بازاڕیانەی سیاسەتدا، دوژمنەکان تەنیا خیانەتکارنین، بەڵکو بێئەخلاقیشن، هەر سیاسەتەکەیان ناتەواو نییە، بەڵکو ژن و کچەکانیشیان ناتەواون.” ئەمە هەر وەک چۆن لە جێیەکی تری ئەم وتارە ئاماژەم پێکرد، تەنها بەلاغەتێکی سیاسی نییە حزبی کوردی دایهێنابێ، بەڵکو زادەی ئەو جیهانبینیی و سیستەمە فیکرییەیە کە ناسیونالیزم لە سەر ژن و دایکی نیشتیمانی داناوە. ئەم بەلاغەتە بەر لەوەی وەک بەلاغەتێکی سیاسی و حزبی جێکەوتبێ، ناسیۆنالیزم وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی کاری لەسەر کردووە. جا کە بەختیار عەلی پێشنیارئەوە دەکات کە:”ئازادی ئافرەت دەبێ بەشێک بێ لە کوردبوون و ئازادبوون”،(13) ئەوە ئەو هێڵکاری پرۆژەیەکی تری ناسیۆنالیستی دەخاتەبەردەست کە ئەو دڵخوازیەتی.
بەلام ئەم زمانە بەسیاسیکراوەی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی ناسیۆنالیزم کە گووتاری مانەوەکەی ڕۆژانە ئاوپرژێنی سیاسی یەکبەیەکی وشەکانی زمانی پێدەکات، تەنها بە بوونی فاکتەرێکی تری کاریگەر دەیتوانی سەد هێندەی تر سیاسی بێت و مانای سیاسی بۆ سەرجەمی وشەکان بدۆزێتەوە، ئەویش ئامادەیی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆریی سیاسیە کە بەعس یەکێک لە ئەکتەرەکانییەتی. بوونی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری گەورە کەبۆ فەرزکردنی هەیمەنەی خۆیی و لێدان لە هەر نەیارێکی بەرانبەری، چاکتر وایە سەرسەجەمی ژیانی کۆمەڵگا سیاسی بکات، لە داواکردنی کارەوە وەک مامۆستای قوتابخانەیەک، بۆ کارکردن وەک مەلایەکی ئایینی کە دەبێ لە پێش دووعاخوێندنی نوێژەکانەوە، خوا سەرۆکمان بپارێزێت بڵێتەوە، ئەمانە هەر هەموویان بە شوێن ئەوەوەن کە سەرجەمی ژیانی ئێمە بکرێتە پرسیارێکی سیاسی و لەگەڵ خۆیشیدا زمانی کۆمەڵگا ببێتە زمانێکی بە سیاسەت مینڕێژکراو. واتا هۆکاری گرنگی ئەم سیاسەتسالارییەی زمان ، تەنها ناسیۆنالیزمی کورد نییە و خودی دەسەڵاتی سیاسی بەعس ، بە سیاسیکردنی جوڵەی گەورەی و بچووکی ئینسانەکانی کۆمەڵگا، لە زاخۆوە بۆ فاو، جوڵەی گەورە و بچووکی وشەکان دەکاتە جووڵەیەکی سیاسی. بەبڕوای من ئەگەر ئینسان لە چوارچێوەی دەسەڵاتێکی سەرکوتگەرییانەی دیکتاتۆریدا نەژیایە، خود بەخود سیاسەتسالاری نەدەبووە جومگەی گەورەی زمانی کۆمەڵگایەک. بەلام لەبەرابەرکێی دوو بزووتنەوی بەرینی کۆمەڵایەتی سیاسیدا کە سەرچاوەی سیستەمە فیکرییەکانیان یەکە کە ناسیۆنالیزمە، بێ لەبەرچاوگرتنی سەردەستەبوونی یەکێکیان و ژێردەستەبوونی ئەوی دییان، ناکرێ سیاسەتسالاری نەبێتە تاکە مەرجەعی زمانەوانی. من لە شوێنێکی تری ئەم وتارەدا دەگەڕێمەوە سەر پەیوەندییەکانی نێوان زمان و دەسەڵاتی سیاسی.
بەڵام لەمڕۆدا، جا من پێمخۆشبێ و یان نا بەلاغەتێکی تری سیاسی لە کوردستاندا بوونی هەیە کە بەلاغەتی ئیسلامی سیاسییە. لە دوای شووراکانی ئازاری 1991 وە ئێمە لەبەرانبەر ڕەوتێکی تری سیاسیداین کە ڕووناکبیران بەهۆی هەڵوێستی دژەکۆمۆنیستانەی خۆیانەوە ناتوانن هێندە مەوزوعی بن، تاکو بیبینن. کاریگەری ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانە لەسەر زمان و فەرهەنگ و کولتووری کۆمەڵگای کوردستاندا ناکرێ پەردەپۆشبکرێت. ئەوەی کە زمانی ئەم هێزانەش بەهەمان ڕادە سیاسییە، لە شوێنێکی تری ئەم وتارەدا، وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد، دەگەڕێمەوە سەری .
بەڵام بەختیار تێبینییەکی زۆر گرنگمان بۆ جێدێڵێت:”ئەوەی زمان خۆبەخۆ سیاسییانە بیربکاتەوە، ڕاڤیار میکانیکیانە بۆ ڕاڤەی سیاسی بگەڕێت ، شیکردنەوەکان خۆبەخۆ ئاماژەیەکی سیاسی لەپشت هەموو ڕەمزێکەوە ببینن، وادەکەن ناکۆکی لەگەڵ دەسەڵاتی حزبدا، نەبێتە ناکۆکی لەگەڵ دەسەڵاتی کۆی سیستەمدا. واتە دەشێت تۆ لەگەڵ ئەم حزب یان ئەو حیزبدا ناتەبابیت، بەڵام قوڵ لەناو ئەم سیستەمەی ئەمڕۆدا چەقیبیت.”
ئەوەی جێی سەرنجدانە ئەوەیە کە تەنها بەڵاغەتی زمانەوانی نییە وا لە کەسێک دەکات ، لەگەڵ هەر ناتەباییەکی حزبیدا لەگەڵ ئەم حزب یان ئەو حزبدا کە تۆ لە چەقی ئەم سیستەمەدا دابنێت و ناکۆکیت لەگەڵ دەسەڵاتی حزبدا لێنەکاتە ناکۆکی لەگەڵ کۆی سیستەمدا، بەڵکو خودی چەقبەستنی “راڤیارە” لەناو سیستەمی بیرکردنەوەی ناسیۆنالیزمدا کە ئەکتەرێکی گەورەی دروستکردنی سیاسەتسالاری زمانە.
قبوڵکردنی کەرەستە زمانەوانییەکانی، فەرهەنگی ، بنەما فەلسەفیی و کولتووریەکانی ناسیۆنالیزم کەبووە کەرەستە و بنەمای سیستەمی فیکری و شیکردنەوە دەربارەی خودی ناسیۆنالیزم بۆ راڤیار، لە گرنگترین ڕەخنەکانیدا لەچوارچێوە فیکرییەکانی ناسیۆنالیزم دەربازنابێت.
ڕەخنەی بەختیار عەلی لە “سەدەی ناسیۆنالیزم، بەرە و داڕشتنی زەمینەیەکی تیۆری بۆ خوێندنەوەی ناکۆکییە ناوەکییەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی”، دەرچوون نییە لە بنەما فیکریەکانی ناسیۆنالیزم. بەڵکو کۆششی ڕووناکبیرێکی ناسیۆنالیستە بۆ باشترکردن و چاکترکردنی ناسیۆنالیزمی کورد. پرۆژەیەکە بۆ کردنی کوردبوون لە :”میراتێکی لە باو و با پیرانە جێماوە” بۆ کردنی کوردبوون بە:”کردەیەکی ئیرادەگەرییانە و کردنی بە کردارێکی هەمیشەیی و هەنووکەیی بۆ کورد بوون.” (14)
چ حیزبێکی ناسیۆنالیزمی کورد و کەسێکی ناو بزووتنەوەبەرینەکەی ناو ناسیۆنالیزم ئەم وشانەی قبووڵنییە و لەسەر دڵی خۆی ناینووسێت؟ کاتێک ئینسان لە مەرکەزی ناسیۆنالیزمدا چەقدەبەستێت و بە ئامانجی بەرە و پێشبردنی ناسیۆنالیزم تێدەکۆشێت، ناتوانیت بکەوێتە دژایەتی کۆی سیستەمەوە. ڕەخنەی ڕۆشنبیرێکی ئایینی لە سیستەمی ئیلاهیاتی ئاین، ڕەخنەی ڕۆشنبیرێکی ئاتەئیست نییە لە کۆی سیستەمی ئیلاهییات. بەڵام قسە لەسەر ئەوە بکە کە ناسیۆنالیزم کۆمەڵگای خەیاڵە و فابریکی دروستکردنی ئینسانی جۆراوجۆرە بۆ ئەوەی لەبەرانبەر یەکدا ڕاگیرێن و سکی یەکتری بدڕن، پرۆژەیەکی ئامادەکراوە بۆ پەردەپۆشکردنی جیاوازییەکانی کۆمەڵگاو دروستکردنی دەموچاوێکی لەیەکچوو بۆ ئەو هەموو هەمە ڕەنگییەی دەموچاو و بەرژەوەندیە جیاوازانەی ناو کۆمەڵگا، دووپاتی شوناسی ئینسانی ئینسانەکان بکەرەوە و بۆ چارەسەری کێشەی ستەمی میللی، لەگەڵ”ڕیک ویڵفۆرد” دا بڵێ:” چۆن شۆڕش ڕۆڵەکانی خۆی هەڵدەلووشێت، هەرواش بزووتنەوە ناسیونالیستیەکان ژنەکانی خۆیان هەڵدەلووشن.” (15) لەم گۆشە نیگایەوە، سەرنجی پەیوەندی نێوان هەڵلوشینی جەستەی ژنە کوژراوەکان و دەمی بزووتنەوە ناسیۆنالیستیەکان بدە لە هەر سوچێکی دنیادا، بۆ نموونە لە کوردوستاندا کە لەگەڵ باڵادەستی سیاسی ئەودا ، گۆڕستانێکی لە ژنان بە شوێن خۆیەوە جێهێشتووە، لای بەعس کە بە شمشێر سەریاندەپەڕێنێت و جەستەکانیان هەڵدەواسێت، لای پەکەکە کە جەستەی کوڕ و کچە ئاشقەکانی گوللەباران دەکات بە هۆی ئەوەوەی خۆشەویستییانکردووە ، ئەو کاتە هەستدەکەیت نەک هەر دەسەڵاتی حزبی، بەڵکو هونەرمەندان و نووسەرانی قەڵەمبەدەست و سکرتێری ڕێکخراوەکانی یەکێتییە جۆراوجۆرەکانی ژنانی ناو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکەی ناسیۆنالیزم، ورگت نادڕن.
دەبێ چی بکرێت؟
بەڵام دەرئەنجامی کۆتایی بەختیار عەلی لە سیاسەتسالاری و زماندا بۆ ڕزگارکردنی ئەم زمانەی کە سیاسەت کۆنترۆڵی ناوەکی وشەکانی کردووە ئەوەیە کە :”تاکە کەسێک بتوانێت لە ئابڵۆقەی ئەو مانایانە دەرچێت، ڕۆشنبیرانن، دیارە هەموو ڕەنگەکانی ناو ڕۆشنبیریش ناتوانن لەو ئابڵۆقەیە دەرچن. ئەوانە نەبێت کە لە ڕێگای سیستەمێکی فیکرییەوە، دەروازەکانی زمانێکی دی دەکەنەوە. زمان بۆئەوەی خۆی ئازادبکات دەبێت بێتە هەڵگری فیکرێک، هێدی هێدی لەناوەوە ڕا خۆی لە سیستەمە باوەکانی تەعبیرجیابکاتەوە.”
من لە تواناییەکانی “ڕۆشنبیر” بۆ دەستپێشخەرییەکانی ئەو تاکو خۆی لە سیستەمە باوەکانی تەعبیر جیاکاتەوە زۆر بە گومان نیم. بەڵام گومانم لە چەمکی “هەڵگری فیکرێک بێت” هەیە. ئەوەی کە زمانی کوردی کۆنترۆڵێکی ناوەکی کراوە و سەرجەمی وشەگەلێکی وەک درەخت، کانی ، شاخ ، هەڵۆ، ناچار لە دوائەنجامیدا ماناودەلالاتی سیاسی لەخۆدەگرێت، ئەگەر مەبەستی خودی بەکارهێنەری وشەکانیش وانەخوازێت، زمانی سیستەمێکی فیکرییە کە تەواوی کەناڵە جۆراوجۆرەکانی ناو ئەم زمانە دەگەێنێتەوە سەر تاکە ڕێگایەک کە نیشتیمان تیایدا سەروەرە. من پێموانییە کە ئیشکالییەتی گەورە لە سیاسەتسالاری و کاریگەرییەکانی بەسەر زمانەوە بە گەڕانەوە بۆ زەمەنی بەر لە بارکردنی ئایدیۆلۆژی مەیسەر دەبێت. بەڵکو ئیشکالییەتەکە لەوەدا دەبینم کە قودسیەتی ئەم تاکە ڕۆحلەبەرەی ناو زمان ناخرێتە ژێر پرسیار و بەر گورزی ڕەخنەیەکی وا ناکەوێت کە نیشتیمان بخاتەوە شوێنی شیاوی خۆیی و کۆتایی بە باڵادەستی ئەم موقەدەسە بەسەر ژیانەوە بهێنێت.
من پێموانییە زمانی کۆمەڵگا و تەنانەت ڕۆشنبیرانیش لەو کەش و هەوا سیاسییەی کۆمەڵگا و بەرابەرکێی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا سەلامەت دەرچێت.
ئەو دۆخەی کە زمانی کوردی تێکەوتووە و بۆ بەختیار بە سیاسەتسالاری بەسەر زمانەوە ناو دەهێنرێت کە وا لەبەختیار و هەموو ئەو کەسانەی تر دەکات کە نەتوانن :” وشەکان بە ئەستەم بخەنەوە سەر دۆخی سروشتی خۆیان، واتا دۆخی پێش بارکردنی “ئایدیۆلۆژی”، کەڕو لاڵەو ناتوانێت لەبەرانبەر وشەیەکی وەک “بێوەژن”دا شتێکی ترمان پێبڵێت.
بێوەژن وشەیەکی سروشتی ناو زمانی کوردی نییە. بێوەژن دەستکردی سیستەمێکی فیکرییە کە “کونکردنی ئافرەت” بە مانای لەدەستدانی بەها ئینسانییەکانی ئەو دەنەخشێنێ. ئاخر بێوەژن لە زمانی کوردیدا تەنها بەو ژنانە ناوترێت کە مێردەکانیان مردوون، بەڵکو بێوەژن مانای ئەو ژنانەش لەخۆدەگرێت کە تەڵاقدراون و لە مێردەکانیان جیابوونەتەوە.
مانای بێوەژن بە “ژنی کوونکراو”، دەستکردی سیستەمێکی فیکرییە کە ئەخلاق و بەها ئەخلاقییەکان دەبەستێتەوە بە دوو دڵۆپە خوێنی ڕژاوی ژنانەوە. ئینسان بۆ خاڵیکردنەوەی ئەم کۆدە ئەخلاقیانەی کە لەدەوری وشەی بێوەژن دروستکراون، تەنها بە دۆزینەوەی وشەیەکی ترەوە ناتوانێ کۆتایی بە ئەفسانەی ژنانی کوونکراو بێنێت، ئەگەر ئەخلاق بەو مانا ئایینییەی نەخرێتە ژێر پرسیار. ئەمە ئیتر تەنها کارێکی ڕۆشنبیری ڕووت نییە و بۆ ئاکامەکانی ئەم شەڕە، ئەوە تەنها بەرابەرکێی بزووتنەوە ئینساندۆستەکان و بزووتنەوە ئەخلاقپارێزەکان دەکرێ وەڵامێکمانباتەوە. ئەمە جەنگێکی سیاسییە و هەر لە ئێستادا بەهۆی باڵادەستی بزووتنەوە ئەخلاقپارێزەکانەوە، چ ناسیۆنالیزمی کورد و چ ئیسلامی سیاسی، لە پاش دوانزە ساڵ لە کێشمەکێش، تازە بەتازە قسە لەسەر گۆڕینی تەنها بڕگەیەکی کورتی ئەم یاسایانە دەکرێت. بەڵام کردنەوەی “ژنی کوونکراو” بە ژن و نەخوێندنەوەی “کوونبوون یان نەبوون”ی ئەو بۆ شوناسی ئینسانی ژن، جا شوویکردبێ یان نەیکردبێ، لە دواماناکانی خۆیدا تەنها بە تێکشکاندنی کاریگەری ئەو کۆدە ئەخلاقییەکان کۆتاییدێت کە لە دەوری ئەو دروستکراون. ژنێک کە کوونکرابێ یان نەکرابێ، زادەی ئەم سەرکەوتنەی بزووتنەوەی ئینساندۆستی کۆمەڵگایە و جەنگ و بەرابەرکێی سیستەمە فیکرییەکان دەیخوڵقێن، لەسەر پەڕەی ڕۆژنامەکان نا، بەڵکو لەبەرابەرکێی سیاسییانەی ئەو دوو بزووتنەوە جیاوازەدا کە خاوەنی دوو جیهانبینین لەسەر ئەخلاق. . کاتێک ژنی کوونکراو بە تەنها ژنە و کەس لە کوونبوون یان نەبوونی ئەو ناپرسێتەوە، ئێمە لەبەرانبەر وشەیەکی سروشتیداین. بەڵام کردنەوەی بێوەژن بە وشەیەکی سروشتی ، تەنها و تەنها بەرابەرکێی ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانە دەیخوڵقێنێ کە ئینسان لە سەنتەریدا ڕاوەستاوە. نەک ئینسانێکی ئایینی یاخود میللی.
من دووپاتی ئەوەمکردەوە کە گوومانم لە تواناییەکانی ڕۆشنبیر نییە بۆ دەربازبوون لەو ئابلۆقەیەی سیاسەتسالاری خوڵقاندوویەتی، بەڵکو گومانم لە “سیستەمی فیکر”یەک هەیە کە بەختیار عەلی لێیدەدوێت. بۆ ڕەوینەوەی ئەم گومانانە با سەرنجێکی ئەم نموونەیەی خوارەوە بدەین. بەختیار لە شیعری ” ستایشی مندا بۆ دەسەڵاتداران” دا دەنووسێت:”ئێوە واتانکرد بۆ یەکەم جار جەهەنەم لە بەهەشت جوانتر بێت. ئیِوە واتانکرد بۆ یەکەمجار تاراوگە لە ماڵ جوانتر بێت. ئێوە واتانکرد بۆ یەکەم جار شەیتان لە خودا جوانتر بێت.” (16)
بەکارهێنانی دوولانەیەکی وەک جەهەنەم بەهەشت، تاراوگە ماڵ، شەیتان خودا لەم شیعرەدا، تەنها لە ژێر کاریگەرییەکانی سیستەمێکی فکری تایبەتدا دەکرێ ئەمیان بکاتە جوانتر لە ویدی. ئاخر ئەوان وایاننەکردایە، ئەوا (بەهەشت) ، وڵاتی خۆ زۆر جوانتر بوو لە دۆزەخ، (ولاتی ئەوی دی). ئەگەر ئەوان وایاننەکردایە ماڵ (وڵاتی خۆ) جوانتر دەبوو لە تاراوگە، ( وڵاتی ئەوی دی). من پیموانییە دۆزەخ و جەهەنەم دوو شوێنی زۆر لەیەک دووربن. دەکرێ کوردستان بۆ بەختیار عەلی بە دۆزەخکرابێت. بەلام بۆ زۆر کەسی دی بەهەشتێکە. لە تاراوگەیشدا بەهەشت و جەهەنەم دیوارێکیان بەینە. ئەوە ئایینە خوای لە ئایەتەکانی جوانی گرتووە و شەیتانی ناشیرینکردووە، ئەگینا شەیتان دەنگی نەئێکی یاخییە. ئەگەر ئایین جوانییەکی بۆ بەشەرییەت جێهێشتبێ، ئەوە تەنها شەیتانە.
ئەم وێنانە هێندەی لەژێر تەوژمی خۆیی و ئەویدیدا دەسوڕێنەوە، هێندە زادەی سیاسەتسالاری زمان نین. ئەمە پرۆسەی نائاگاییانە کەوتنە ناو سیاسەتسالاری زمانەوە نییە کە بەختیار باسیدەکات. بەڵکو ئەمە زادەی هەڵبژاردنێکی بەئاگاهانەی سیستەمێکی فیکرییە کە نیشتیمانی لە خەرمانەی موقەدەسەوە ئالاندووە و تەواوی چەقبەستنی مانا لەوە سەرچاوەدەگرن.
کاتێک نیشتیمانی خۆ کە بەهەشتە بووە سەنتەری سیستەمی بیرکردنەوە، ئیتر ئینسان توانای بینینی دۆزەخەکانی نامینێ. یان لە باشترین حاڵەتدا، دەیبینێ و بۆ نەهێشتنی بە ئاییندەیەکی دوورتری دەسپێرێ کە نیشتیمان بووە خاوەنی پەرچەمی خۆ. ئەو زمانەی لە کوردستاندا باڵادەستی هەیە، زمانێکە کە بزووتنەوەی بەرینی کۆمەڵایەتی ناسیۆنالیزم، تەواوی کونج و کەلەبەرەکانی مانای یەکبەیەکی وشەکانی پێ ئاخنیوە. ئەمە تەنها زادەی بە سیاسیکردنی وشەکان نین، بەڵکو زادەی بە کۆمەڵایەتیکردنی ئەفکار و بەهاکانی ناسیۆنالیزمە. خۆ ڕزگارکردن لەم زمانە و بە ئینسانیکردنەوەی کە دەکرێ رۆشنبیران ئەرکی گەورەی تیا ببینن، تەنها کۆششێکی بچووکە. ئاخر زمان وەک کێڵگەیەکی جەنگی بزووتنەوە کۆمەلایەتییەکان، لە دەرەوەی ئەم شەڕەدا ڕانەوەستاوە.
شەڕ لەسەر وشەکان.
من ئەم ڕوونکردنەوەی خوارەوە بە پێویست دەزانم بەرلەوەی دوا سەرنجەکانی خۆم سەبارەت بە سیاسەتسالاری زمان بدەمە دەست. سیاسەتسالاری زمان تەنها زادەی کاریگەری باڵادەستی ئەحزابی سیاسی نییە لە کۆمەڵگادا، بەڵکو زۆر هێزی تری دەرگیر لەناو دەروونی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکاندا کاریگەری خۆیان دادەنین.
کاتێک وشەگەلێکی وەک:”درەخت، کانی، بوولبول، باڵندە، قەفەز، هەڵۆ، کەڵ…” هەموویان بە جۆرێک لە جۆرەکان دەبنەوە سیمای دۆخێکی سیاسی، ئەمە خۆی لە خۆیدا زادەی باڵادەستی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و ئەحزابە سیاسییەکانی ناو ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەن کە من بە ناسیۆنالیزم ناویدەبەم. لە کاتێکدا وشەگەلێکی وەک:”ئازادی، تاک، دەولەتی ریفاه، سۆلیدارێتی، باج، بەرپرسیارێتی” ، ئەم وشانە هەموویان ئەو وشە بەسیاسیکراوانەن کە لە ئەوروپادا جێگایەکی سەرەکی لە باسو خواستەکانی کۆمەڵگای ئەوروپیدا داگیرکردووە. ئەم وشانە سەنتەری بەرابەرکێی دووبزووتنەوەی تری کۆمەڵایەتین کە لیبرالیزم و سۆشیال دیموکراسی و ئەحزابە جۆراوجۆرەکانیان لەدەوریدا گووتاری سیاسی خۆیان داڕشتووە. بە جیا لەم بەرابەرکێ سیاسیەش، لە دنیای ئەکادیمیک و زانستەکانی تریشدا ، هەریەک لەم چەمکانە جێگای لێکۆڵینەوە و باس و جەدەلێکی گەرمی ڕووناکبیران پێکدەهێنن. رێگای سێیەمی ” ئەنتۆنی گدینز”، بەشێک لەو کۆششە سۆسیۆلۆگیانەی ئەوروپان بۆ هاوبەشیکردن لە جەدەلی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا. بەڵام دەوڵەتی ڕیفاه و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی دەوڵەت لەبەرانبەر هاولاتیاندا، هەروا خاوەنی زرنگانەوەی پۆزەتیڤانەی خۆی نییە، بەڵکو لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، ڕووخسارێکی تر بەخۆوە دەگرێت. ئیتر باجەکان کە شادەماری بنیاتنانی سیستەمی دەوڵەتی ڕیفاهی پێکدەهێنا، هەروا خاوەنی ڕەونەقی پۆزەتیفانەی خۆی نیە و “فشاری باج” و ” دەوڵەتی پاسەوانی نیوەشەو” و “کوشتنی بەرپرسیارێتی ئازادانەی ئینسان” جێگایان دەگرێتەوە. تاتچەریزم و ڕیگانیزم لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا ئەو دوو ڕەوتە سیاسییەن کە نەک هەر لە باری سیاسییەوە، بەڵکو لە بواری پراکتیکیشدا، دەبنە گۆڕهەڵکەنی مۆدێلی ڕیفاه. بەڵام ئەم مۆدێلە بەر لەوەی بەر پەلاماری ڕاستەوخۆی تایبەتیکردن” خێخێە” بکەوێت، دەبوایە لە زەینی ئینسانەکاندا زرنگانەوەی یەک بەیەکی وشەو بەهاکانی مۆدێلی دەوڵەتی ڕیفاه خاڵیبکاتەوە لە ناوەڕۆکە سۆسیال دیمۆکراسییەکەی.
“تۆماس فێرگسن” و “جۆیل ڕۆجەرز” لە ئەمریکادا و “ستیوارت هاڵ” ( 17 ) لە بەریتانیادا ئەم جەنگی خاڵیکردنەوەی فەرهەنگی سۆسیال دیموکراسی لەو ناوەڕۆکەی کە کولتوورە زمانەوانییەکی ئەو دروستیکردبوو، بە ڕءشنی شیدەکەنەوە. بەڵام من زیاتر سەرنجی کارگێڕێکی تری چالاکی دەرەوەی ئەحزابی سیاسی دەدەم، کە چۆن توانای خاڵیکردنەوەی مانای ئەو وشانەی هەیە، بەبێ ئەوەی کە پەیامهەڵگری حزبێکی سیاسی بێت.
” نینا بیۆرک” لە هەڕەشەی کانیبالیزمێکی کولتووریدا، سەرنجمان بۆ ئەو مشەخۆرییەی دنیای ڕیکلام ( اعلانات) ڕادەکێشێت کە چۆن چالاکانە لە خاڵیکردنەوەی بەها بنەڕەتییەکانی فێمێنیزمدا، سەربازێکی قارەمانە. بۆ نموونە وشەگەلێکی لە چەشنی ( ئازادی، سەربەخۆبوون، لەسەرپێی خۆڕاوەستاو ) کە جومگەیەکی گەورەی بەها فیکرییەکانی فێمێنیزم پێکدەهێنێت، لەلایەن ڕیکلامەکانی بازاڕەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و مانایەکی دیکەی پێدەبەخشرێت کە “بازاڕ” خوازیارییەتی.
نینا بیۆرک دەنووسێت: “بەڵام ڕیکلام ئەم کارە چۆن دەکات؟ لۆژیکی ئەو چییە؟ لەبەر ئەوەی ئەو بەها جۆراوجۆرانەی ڕیکلام دەیەوێت کەڵکی لێوەربگرێت، بە نموونە بەهاکانی وەک ئازادی، سەربەخۆبوون، نەقاوەت، … تەنها لە واقیعدا توانای خوڵقاندنیان هەیە و لەلایەن ئینسانی واقعییەوە و بە بوونی هەست و نەستی واقعییەوە دەکرێ بوونی هەبێت، بۆیە ئینسان دەتوانێت بڵێ: کە ڕیکلام بە پلەی یەکەم لەسەر زەمینەی مشەخۆرییەکی چالاکانەوە دادەمەزرێنرێت. ڕیکلام بەهاکان لە واقیعەوە دەگوێزێتەوە بۆ ئەتمۆسفێری کاڵاکان. بەجۆرێک کە ئیتر بەها( بەها سیاسییەکانی فێمێنیزم) و کاڵاکان لەیەکەوە دەئاڵێنرێن. بۆ نموونە ئیتر ئازادی، یەکساندەکرێتەوە بە بیرەی (کارلس بێرگ)، سەربەخۆبوون دەکرێتەوە بە ڤۆڵڤۆ. ئەمە کاری بەشێ لەو پیشەسازییەی ئەمڕۆیە کە ئەو بەهایانەی ئینسان بەشوێنیەوەیەتی و خوازیاریەتی، دەبەستێتەوە بە هەڵبژێردراوێک لەو کاڵایانەی کە کۆمپانیاکان بەرهەمی دەهێنن. مەبەستیش ئاشکرایە: تا ئێمە والێبکەن کە هەست و ئارەزووی کڕینمان لەگەڵ مانای بەهاکاندا تێکەڵ بکەین.” ( 18 )
بۆ نینا بیۆرک ، لەمڕۆدا کەم شت هەیە :” لە چنگاڵی ئەم کانیبالیزمە کولتوورییە سەلامەت دەرچووبێت. بزووتنەوەی فێمێنیزم، بێگومان لەبەرەی ڕزگاربووەکانی بەردەمی ئەم پەلامارەدا نییە. بۆیە کاتێک کۆمپانیایەکی وەک ( ئێایزابێس ئەیدن) ڕیکلام بۆ بۆنی Avenue 5th ی خۆی دەکات، زیاتر ئاشکرا دێتە پێش چاو کە کایەکردن بە چەمکەکانی ئازادی ژنان و لەسەرپێی خۆڕاوەستان، چەند ڕەهەندێکی تر بەو کاڵایە دەبەخشێت و چۆن لەمسێکی تر دەبەخشێتە بەرهەمەکە.”
بەڵام ئەوەی کە دەرئەنجامی ئەم هێرشی کانیبالیزمییەی ڕیکلامە وەک نینا بیۆرک دەنووسێت:” کاتێک کۆمپانیا بەم شێوەیە مشەخۆری خۆی بەسەر بزووتنەوەیەکی سیاسی و بەهاکانیەوە دەکات، ئەو بەهایانەی کە بۆ خاوەنی کۆمپنیاکان هیچ شوێنێک داگیرناکات، نەک بەمە هەر کاڵاکانیان بارگاویدەکەن بە بەهاکانی ئەو بزووتنەوە سیاسییەوەی کە هی ئەوان نییە، بەڵکو خودی بزووتنەوە سیاسیەکە و بەهاکانیشی لە بناغەوە دەگۆڕن. کاتێک ئینسان دەیەوێت لە خیتابی ڕیکلام بکۆڵێتەوە لەو گۆشە نیگایەوەی کە چی لە فێمێنیزم دزیوە، ئەوا بۆمان ڕۆشندەبێتەوە کە هەندێک لە بەهاکان لەلایەن ڕیکلامەوە دەستی بەسەردا گیراوە و هەندێکی تریشیان وەک خۆی هێڵراونەتەوە. ئایدیاکانی سەربەخۆبوون، مافی شووناسی کار و خەونی لەسەرپێیخۆڕاوەستان، ئەو لایەنانەن کە دنیای ڕیکلام دەستی بەسەردا گرتووە ، نەوەک ئەو سیستەمی شیکردنەوەیەی کە فێمێنیزم بە شوێنیەوەیەتی و باس لە خوشکایەتی، بوونیاد، ڕێگاچارە کۆلێکتیڤەکان یاخود هاوپشتی لە ناو ژناندا دەکات. ئەو فێمێنیزمەی کە بەبەرەکەتە بۆ کۆمپانیاکان و دنیای ڕیکلام، فێمێنیزمێکە کە تا ئاستێکی ئێجگار گەورە ئیندیڤیجوالیزە کراوە. “
هەر بۆیەش لەسەر شانۆی کولتووری و ژیانی کۆمەڵایەتیشدا دەکرێ نموونەی ئەم فێمێنیزمە ببینرێت. کاتێک کچەکانی گروپی مۆسیقای ئەمریکی” دێستینی چایەڵد” لە ئاخاوتنێکی تەلەفیزیۆنی کەناڵی مۆسیقای ئینگلیزیدا ( ئێم تی ڤی) دەمدەکەنەوە دەلێن:”ئێمە جوانین، دانایین، قسەخۆشین، هەڵەوەرین، جەربەزەین و لەگەڵ ئەوانەشدا ئێمە فێمێنیستینن”، بۆ نینا بیۆرک ئەم فێمێنیزمە تازەیەی کە کۆمپانیا و دنیای ڕیکلام دروستیکردووە، فێمێنیزمێکە کە گۆڕدراوە :” بە پرسیاری ئەو سیفەتە شەخسییانەی کە دەکرێ لە ژنێکدا بوونی هەبێت، نەک فێمێنیزمێک کە خاڵی دەستپێکردنەکەی گۆڕینی هەلومەرج و سیستەم بێت.” کاتێک ئازادی لە دنیای ڕیکلامدا دەگۆڕدرێتەوە بەو کەسەی کە خاوەنی کاتژمێرێکی لە چەشنی Patek Phillipe ، ئەو مەترسییە دێتەئاراوە کە ئەگەر: “لەهەر جێیەک لەم سەر زەوییەدا ئینسانێک پەیدا بێت و خەون بە ئازادییەوە ببینێ، ئەوا کەسانێکی تر پەیداببن کە هێندە ئیمکاناتی ئابوورییان بەهێزە، تا ئەم خەونە بگۆڕنەوە بە خەون بە کاتژمێرێکەوە کە هەڵگری مارکەی Patek Phillipe.”
ئەوەی کە لە ئەوروپادا مانا سیاسیی و فەلسەفییەکانی فێمێنیزم دەکەوێتە بەر پەلاماری کانیبالیزمێکی کولتووری، بەمانای کەمڕەنگتربوونی سیاسەتسالاری زمان نییە، بەڵکو لە ناوەڕۆکی خۆیدا، بەمانای زاڵکردنی دیدێکی تری سیاسییە بەسەر مانای وشەکاندا. گەڕانەوەیەک نییە بۆ وشەو ماناکانی بەر لە بارکردنی ئایدیۆلۆژی، بەڵکو بارکردنی وشەیە بە بەها و مانایەکی دیکەی ئایدیۆلۆژی کە پەیامی بزووتنەوەیەکی ترە بۆ ئازادی.
ئەوی لە کوردستاندا بە سیاسەتسالاری زمان دەناسێنرێت، خودی پرۆسەی سیاسیکردنی وشەکان نییە، بەڵکو باڵادەستی یەک تێڕوانینی سیاسییە کە لە خاک و ئاو و نیشتیمان بەولاوە، جێگای هیچی تری تیانابێتەوە ، لەگەڵ ئامادەیی دەسەڵاتێکی سەرکوتگەرانەی سیاسیدا. تەحەزوبی سیاسی لە کوردوستاندا بەقەدەر ئەوروپا نییە، بەڵام کەناڵە سیاسییەکانی بردنە پێشەوەی پرسیارەکان هەمەڕەنگترە.
ئەمەش بە خاڵێکی گرنگتری سیاسەتسالاری زمانمان نزیکدەخاتەوە کە پەیوەندی نێوان زمان و دەسەڵاتی سیاسییە. خاڵێک کە من لە شوێنێکی تری ئەم ووتارەدا ، وتم دەگەڕێمەوە سەری.
سیاسەتسالاری زمان و دەسەڵاتی سیاسی
بەختیار لە جێگایەکی تری وتارەکەیدا سەبارەت بەوەی کە هەموو پرسیارەکانی کۆمەڵگا دەکرێتەوە بە پرسیارێکی سیاسی و سیاسەتسالاری زمان بە هۆکاری سەرەکی ئەم نەخۆشییە دەناسێنێت، دەنووسێت:” بە سیاسیکردنی بەردەوامی کێشەکان و بابەتەکان، تەنیا سیفەتی حیزبەکان نییە، بەڵکو سیفەتی ئەو هێزە مەدەنیانەشە کە لە ڕێگای بەسیاسیکردنەوە شەڕ لەگەڵ حیزبەکاندا دەکەن. سیفەتی ئەو ڕۆژنامە ئەهلییانەشە کە کێشەکان تەنیا لە گۆشەنیگای سیاسییەوە دەخەنەڕوو. بەڵام ئەمجۆرە بەسیاسیکردنە تووندڕەو و بێلەمپەر بەشدارییەکی گەورەشە لەبەرتەسککردنەوەی بایەخی ڕۆشنبیری ئێمە بە کێشە فیکری و ستاتیکی و تیۆرییەکان. تا ئەو ئەندازەیەی دەگەینە ئاستێک تیایدا گرنگی ڕۆشنبیر بە ئامادەگی لەسەر پرسیارە سیاسییەکان دەپێورێت. نرخی ئەم ڕۆشنبیرە بە هەڵوێستە سیاسییەکانی دەستنیشاندەکرێت.”
بۆیەش ئەم کێشەیە وادەکات:” کە ڕۆشنبیران کەمتازۆر بکەونە ناو کێشە سیاسییەکان. کێشەی نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی سیاسی ڕاستەقینە یە کە وەزیفەی سیاسی خۆی ڕاستگۆیانە جێبەجێ بکات، غیابی ئەو جۆرە ئۆپۆزسیۆنە ڕۆشنبیران ناچاردەکات، ئەو بۆشاییە پڕکەنەوە کە دەبایە ئۆپۆزسیۆنی سیاسی پڕیبکردایەتەوە.”
ئەوەی کە لێرەدا جێگای ڕەخنە و غەزەبی ڕۆشنبیری بەختیار عەلی پێکدەهێنێت، خودی دەسەڵاتی سیاسی نییە، بەڵکو ئەوە ئەو زمانە بە سیاسیکراوەیە کە تەنانەت هێزە غەیرە حزبیەکان و تەنانەت ڕۆژنامە ئەهلییەکانیش بەهۆیەوە دەچنە شەڕی دەسەڵاتی سیاسی.
بۆ ئەم هێزانە کە دەبێت ڕۆژانە قسەوباس لەسەر پرسیارەکانی کۆمەڵگا بکەن کە دەسەڵاتی سیاسی ئەحزابی حاکم هەموویانی زەهراویکردووە، ئەوە ئیتر ڕەخنە لە دەسەڵات نییە بۆ چۆنێتی زەهراویکردنی تەواوی پرسیارەکانی کۆمەڵگا، بەڵکو لە هەڵبژاردنی زمانی سیاسییانەی ئەم هێزانەدایە کە ئێمە تووشی ئەم ڕۆژڕەشییە بووینەتەوە. ئەمە لە دوا ئەنجامەکانی خۆیدا لە یەک وشەدا چڕدەبێتەوە کە دەبێ بە دەسەڵاتی سیاسی کوردی بووترێت کە ئێوە چۆنتان پێخۆشە، با ئێمە لە بەر ڕۆشنایی خواستەکانی ئێوەدا، پرسیارەکانمان فۆرمولێرەبکەین.
بەڵام ئەم گلەییە لە سیاسیکردنی زمان کە هێزەکانی تر ناچارن ڕەچاوی بکەن، بۆ لابردنی سەرچاوەکانی سیاسەتسالاری زمان نییە لە پلەی یەکەمدا، بەڵکو بۆ خوڵقاندنی دەرفەتێکی گەورەی پڕ لە سوڵح و سەفایە بۆ ئەو ڕۆشنبیرانەی کە دەبوایە سەر قاڵی پڕۆژە فیکری و ستاتیکی و تیۆرییەکانی خۆیان بن. واتا ئەم تووندرەِووییە سیاسییەی هێزەکانی دیکەی کۆمەڵگا، بە بەرتەسککردنەوەی :” بایەخی ڕۆشنبیری ئێمە بە کێشە فیکری و ستاتیکی و تیۆرییەکان” ی خۆیان تەواو دەبێت.
داخوازی دانی سۆپا و نەوت و فەرش بۆ قوتابیانی زانکۆ، هیچ داخوازییەکی سیاسی نییە لە خۆیدا. داخوازی کاسبکارانی سلێمانیش بۆ دیاریکردنی شوێنی کەسابەتیان ناکرێ داخوازییەکی سیاسی ڕووت بێت. کاتێک خانووەکانی حامییە تێکدەدرێت، خەڵکەکەی خوازیاری ئەوەن ، لەگەڵ دەسەلاتدا دیالۆگ بکەن و بە ڕێگاچارەیەکی دوولایەنە بگەن، ئەمە خۆی لە خۆیدا پرسیارێکی سیاسیی نییە. بەڵام کاتێک یەک بەیەکی ئەم خواستە سەرەتاییە پرسیارهەڵنەگرانە بە کوشتن و دیلکردنی ڕابەرانی ئەم ناڕەزاییەتییانە کۆتایی دێت، کاتێک بەرپرسیارانی دەسەڵات ، ڕابەرانی ئەم خواستە ناسیاسیانە بە “سەری مارەکە” دەشوبهێنن، ئیتر خود بەخود، داخوازی خوێندکارانی زانکۆ، کاسبکاران و بێ خانە ولانەکانی حامییە دەبێت بە پرسیارێکی سیاسی. کاتێک خواستێکی سادە و سەرەتایی ئینسانەکان لەلایەن دەسەڵاتەوە بە کردەوەی ئەو مارە هارانە دەشوبهێنرێت کە گاز لە جەستەی ساوا ی دەسەڵاتی کوردی دەگرن، ئیتر شتێک نامێنێتەوە، بۆ ناسیاسیبوون.
کاتێک دەسەڵات ئامانجدارانە پرسیارە ناسیاسیەکانیش دەکاتە سیاسی، بەشوێن پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیەوەیەتی. کۆششێکی ئامانجدارانەیە کە بەرلەوەی سیاسەتسالاری زمان خوڵقاندبێتی، دەسەڵاتی سیاسی هێزێکی سیاسی لێی بەرپرسیارە. کاتێک گۆرەوی سپی لە پێکردن لە ژێردەسەڵاتی بەعسدا دەبێتە سیاسەتی ڕۆژانەی دەسەڵات بۆ سووکایەتیپێکردن بە گەنجان، خود بەخود گۆرەوی سپی دەبێتە سیمبوڵێکی سیاسی. کاتێک جەستەی ژنان دەبێتە ئەو مەملەکەتەی کە ئیسلامی سیاسی دەیەوێت بیشارێتەوە، ئیتر ڕۆشتنە سەرجادە بە ڕووتی پەیامێکی سیاسییە. کاتێک گۆرەویی و جەستەیی ڕووتی ژنان و ڕیش هێشتنەوە و نەهێشتنەوەی پیاوان لە کردەوەیەکی سروشتی ئینسانییە وە دەگۆڕدرێتە سەر کردەوەیەکی سیاسی، ئیتر ئیشکالییەتەکە تەنها لە مانا سیاسییەکانی گۆرەوی و ڕیش و جەستەی ئافرەتدا نییە، بەڵکو لەو سیستەمی دەسەڵاتی سیاسییەدایە کە مانای سیاسی بۆ گۆرەوی و ڕیش و جەستەدەکاتەوە. ئەمە ئیتر بەرلەوەی زادەی سیاسەتسالاری زمان بێت کە جۆرێک لە دیکتاتۆرییەتی تایبەت دەخوڵقێنێت، زادەی خودی دیکتاتۆرییەکی واقعییە کە لە کۆمەڵگادا بوونی هەیە.
بە بڕوای من ، ئیشکالییەتێکی زۆر گەورە لەو زمانە شەرمنۆکەی دەستگا مەدەنیی و ڕۆژنامە ئەهلییەکانی کوردستاندا نییە کە بە زمانێکی بە سیاسیکراوەوە لەگەڵ حزبەکاندا دەدوێن، بەڵکو ئیشکالیەتێکە لە خودی دەسەڵاتی سیاسییدایە کە ئامانجدارانە پرسیارە کۆمەڵایەتییەکانی ژیان بە سیاسیدەکات. هیچ یەکێک لە ڕۆژنامەکانی کوردستان بەقەد ڕۆژنامەو گۆڤارێکی “پۆڕ”یی ئەوروپی سیاسی نین، بەڵام ئەوان لەبەرانبەر سیستەمێکی تری پراکتیزەکردنی دەسەڵاتی سیاسیدا ڕووبەڕوون. ئەگەر سیاسەتسالاری لە زماندا لەژێر دەسەڵاتی بەعسدا بەهۆی ئامادەیی سیستەمێکی دیکتاتۆریەوە کە خودی ژیان و پرسیارە ناسیاسییەکانیشی سیاسیدەکات ، درێژە بەژیانی خۆیدەدات لەلایەکەوە، لەولایشەوە ناسیۆنالیزمی کورد بە بوونی گووتاری مانەوەکەی لەم پرۆسەیەدا هێندەی تر لە بەسیاسیکردنی زماندا چالاکی دەنوێنێت، ئەوا لەدوای ڕاپەڕینەوە ئەم هاوکێشەیە گۆڕانێکی بنەڕەتی بەسەردا دێت. لەم هاوکێشە تازەیەی سیاسەتسالاری زمان لە دوای ڕاپەڕینەوە، ئەمجارەیان خودی ناسیۆنالیزم نەک وەک هێزێکی خۆپارێز لەبەرانبەر دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری دیکەدا، بەڵکو وەک بزووتنەوەیەکی بەرینی کۆمەڵایەتی و حزبی، ئەمجارەیان لەدەسەڵاتی سیاسیدا، درێژە بە بەسیاسیکردنی یەک بە یەکی جومگگەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی دەدات. واتا ئەو سیستەمە دیکتاتۆرییەی کە جومگەیەکی گرنگی بەرهەمهێنانەوەی سیاسەتسالاری بوو لە زماندا، بە شێوازێکی تر و لە ڕێگەی دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی کوردییەوە درێژە بە ژیانی خۆیدەدات.
بەڵام بە ڕاستی چ نەهامەتی و ڕۆژڕەشییەکە کە ڕووبەڕووی خەڵکی کوردستان بووەتەوە کاتێک “ڕۆشنبیران” ڕۆڵی ئەو ئۆپۆزسیۆنە “ڕاستگۆ” و “ڕاستەقینە”یە دەبین لە بەرانبەر دەسەڵاتێکدا کە لەسەر خواستی یەکسانی ژن و پیاو و داخوازی ڕیفراندۆم بۆ چارەسەری ستەمی میللی، کوڕو کچەکانی کۆمەڵگا بە بەرچاوی شارێکی گەورەوە گوللەباراندەکات و تەرمەکانیشیان بە نهێنییەوە دەشارێتەوە . خاوەنی چ ئۆپۆزسیۆنێکی “ڕاستگۆ” و “ڕاستەقینە”ی “ڕۆشنبیرین لە کوردستاندا، کاتێک نەوە تازەگەرەکەی بەرپرسی یەکەمی ڕۆژنامەکانی دەسەڵاتە و دەنگە بڵندەکەی ئەم پرۆژەی ڕۆشنبیرییەی کوردی، بەبێ هیچ ئیشکالییەتێک لە گۆڤارەکان و ڕۆژنامەکانی دەسەڵاتدا قسەکانی خۆیدەکات. بە ڕاستی دەبێ سوپاسگوزار بین کاتێک ئۆپۆزسیۆنی “ڕاستگۆ” لە ئۆرگانەکانی دەسەڵاتەوە سەردەردێنێ
دوا وتە
دەرئەنجانی کۆتایی باسی سیاسەتسالاری و زمانی بەختیار عەلی، لەم وشانەی خوارەودا چڕدەبێتەوە
:”سیاسەت لە دونیای ئێمەدا، هێندەی جۆرێک لە گرووپگیری کۆمەڵایەتییە، هێندەی جۆرە ڕەفتارێکە بۆ ڕێکخستن و کۆنترۆڵکردن ، زانستێک نییە بۆ ڕاگرتن و گەشەکردنی شووناسی کۆمەڵایەتی، لێرەوە سیاسەت کایەیەکە ناتوانێت لێکدانەوە و نوێکاری بکات، بەڵکو پێویستی بە زانستەکانی دیکەیەبۆ ئەوەی ئەو توێکارییەی بۆ بکەن. سیاسەت بۆ ئەوەی سیاسەتێکی عەقلانی بێت، دەبێت خۆی بۆ ڕاڤەکارییەکان بکاتەوە، دەبێت بتوانێت دەروونی خۆی ببینێت، بەڵام سیاسەتی کوردی نایەوێت لە خۆی تێبگات.”
هەر بۆیەش بۆ بەختیار عەلی، ئیشکالییەتی گەورەی سیاسەتی کوردی، لەوەدایە کە هێشتا:”دوورنەکەوتۆتەوە لەو چەشنە سیاسەتەی سەرەک قەبیلەکانی سەدەی هەژدە و نۆزدە پراکتیزەیاندەکرد، بۆتە سیاسەتێکی دابڕاو لە هەموو زانستەکانی دونیا، ….بۆیەش ئێستا گرنگ تەنیا ڕزگارکردنی بوارەکانی تری ژیان نییە لە سیاسەت، بەڵکو ڕزگارکردنی سیاسەتیشە لە کۆتە تەقلیدییەکانی سیاسەت خۆی.”
بەڵام ئیشکالییەتی گەورە لێرەدایە، بۆ ئەوەی لە سەردەمی گلۆبالیزەیشندا بژیت و دەنگ و ڕەنگت بەسەر شەپۆلی سەتەلایتەکانی دونیاوەبێت، بە ئینتەرنیت پەیوەندی لەگەڵ دنیادا بگریت، قاچێکت لە تاران بێت و قاچێکی ترت لە واشنتۆن، زیندان و ڕۆژنامە و لەشکرت لەبەر دەستدا بێت و سیاسەتەکەیشت بۆنی سەدەکانی هەژدەو نۆزدەی لێبێت، ئیتر ئەمە زادەی دابڕانی سیاسەتی کوردی نییە لە زانستەکانی دونیا. بەڵکو زادەی پرۆژەیەکی عەقلانی و سیاسییە بۆ بردنە پێشەوەی سیاسەتێکی ناعەقلاِنی. سیاسەتی کوردی کە لەناو تۆڕەکانی گلۆبالیزەیشن و مۆدێرنیتەی ئەمڕۆدا چالاکی دەنوێنێ، سیاسەتێکی ناعەقلانی نییە، بەڵکو یەک سیستەمی عەقلانی گەورە لە پشتییەوە کاردەکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەو هێزانەی لە پشتییەوە وەستاون. بەعس پڕۆژەی سیاسەتکردن نییە بە فەرهەنگی سەردەمی خەلیفەکانی ڕاشدین، نازیزمی ئەڵمانی زادەی دابڕانی عەقڵی ئەڵمانی نییە لە گەشەی زانستەکانی دیکە، بەڵکو زادەی بەرژەوەندییەکانی ئەو هێزانەن کە ئەم تەفسیرەیان لە پراکتیزەکردنی سیاسەتدا هەیە. ئەو سیتەمە فیکرییەی کە پێی وایە ئیشکالییەتی سیاسەتی ناسیۆنالیزمی کوردی لە ناعەقلانی بوونی و پراکتیزەکردنی سیاسەتی بە شێوازی سیاسەتی قەبیلەکانی سەدەی هەژدە و نۆزدە دەچێت، خاوەنی ئیشکالییەتێکی گەورەیە کە عاتیفە و خەیاڵی ڕۆشنبیرانە لەپشتییەوە ڕاوەستاوە. سیاسەت خود بەخود چالاکی جوانکردنی ژیان نییە. ئەوە ئەو هێزە جیاوازانەی ناو کۆمەڵگان کە تەفسیری جۆراوجۆریان لەسەر ئینسان هەیە و بەرابەرکێی ئەوانە کە دەکرێ کۆمەڵگا نوقمی خوێن بکات، یان حورمەت و ڕێزی ئینسانی بۆ ئینسان بگێڕێتەوە. کاتێک (باومان) لە :” ئاوشویتس و کۆمەڵگای مۆدێرن”دا (19 ) لە زمانی
( ئیمانۆێل لێڤیانس) وە وتەکانی دۆیستۆڤسکیمان بۆ تۆماردەکات لە پەیوەند بە چەمکی موراڵەوە، دەنوسێت:” ئێمە هەموومان بەرپرسیارێتیمان لەبەرانبەر هەموو ئینسانەکاندا هەیە، لە هەموو شتێکدا، وە منیش لە هەموو ئەوانی تر زیادتر.” ئەم پێناسەیە بۆ موڕاڵ، دەکرێ تەفسیری جۆراوجۆری لێبکرێت. گرنگ نییە کە ئێمە بەرهەمەکەی “باومان”مان بە کوردی لەبەردەستدا نییە، بەڵام ناسیۆنالیزمی کورد تەفسیری خۆی لەم وتانە دەکات. بۆ ئیمانۆێل لێڤیانس، چەمکی :” لەگەڵ ئەوانی دی”دا بوون، بەمانای “بەرپرسیارێتی” لێکدەدرێتەوە. بەڵام ناسیۆنالیزمی کورد ئەم بەرپرسیارێتییە لەگەڵ ئەوانی دیدا دەگۆڕدرێت بە چەمکێکی تر و مانایەکی دی لە خۆی دەگرێت. بۆیەش کاتێک گەمارووی ئابووری، ملیۆن و نیوێک لە ئینسانی عێراق دەکاتە قوربانییەکانی گەورەترین پرۆسەی هۆڵۆکۆستێک لە مێژووی کۆتاییەکانی سەدەی بیستدا، گووتاری هێشتنەوەی گەمارووی ئابووری دەبێتە گووتاری ناسیۆنالیزمی کورد. ئیتر چەمکی “ئەوانی دی”، بۆ نیشاندانی بەرپرسیارێتی بەرامبەریان، دەبێتە هەڵگری پاشگرێکی دیکەی ” عەرەب” ی و ئەم بەرپرسیارێتییە مۆرالیێە ئینسانییەی دۆیستۆڤسکی ، لەناو تەپوتۆزەکانی “ئەوی دی” غەیری کورددا وندەبێت.
دەساڵە فۆکۆ وێردی سەرزاری ڕۆشنبیری نەوەی تازەگەری کوردییە. بەڵام ئەگەر فۆکۆ لەسەر لاپەڕەی ڕۆژنامەکان بێتە خوارەوە و سەرێکی خەستەخانە و “شێتخانە” و قوتابخانەکانی کوردستان بدات و بە دەنگی بەرز هاوار بکات:” ئەمە چ وەحشیگەرییەکە بە ئینسانی سەدەی بیست و یەکەم دەکرێت”، ئەوا بە دڵنیایی دەگیرێت و مێشکی لە کارەبا دەدەن.
نە کوردستان کۆمەڵگایەکی دابڕاو بووە لە جیهان و نە عێراقیش. زیاتر لەسەد ساڵە مۆدێرنیتە مێژووی کوردستان دەهێنی َ و دەبا. ئێمە ئەگەر وشەیەکی “کانت” یاخود “هیگڵ” یشمان بە زمانی کوردی نییە، ئەوا چەمکی سزا بۆ تاوانباران بە مەبەستی بەرقەرارکردنی عەدالەت، جومگەیەکی گەورەی ناو سیستەمی قەزایی دادگاکانی کوردستان پێکدەهێنێت.
زیاتر لە دەساڵە لە کوردستاندا خواستی لابردنی سزای ئیعدام، لابردنی سزای ئەبەدی، دانانی بەرنامە بۆ چۆنێتی لەباربردنی منداڵ، قەدەغەکردنی کاری منداڵ، ئازادی بێقەیدوشەرتی سیاسی، لە ناو کۆمەڵگای کوردستاندا ئامادەیی هەیە. بەڵام ئەوەی کە هەریەک لەم خواستانە ببنە جومگەیەکی گەورەی ژیانی کۆمەڵایەتی ئێمە، ئەوە بەرابەرکێی ئەم هێزانە لە کوردستاندا دەیخوڵقێنێت. ناسیۆنالیزمی کورد ناتوانێت ئەم خواستانە پراکتیزە بکات، بگرە سەرکووتی ئەو هێزەش دەکات کە بەشوێن ئەم خواستانەوەیە.
تەواوی باشووری ئاسیاو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا لەلایەن دەسەڵاتدارێتییەکی دیکتاتۆرییەوە بەڕێوە دەچێت. هۆکارەکەی لە نەبوونی سیاسەتێکی ناعەقلانییەوە نییە کە لەم جەهەنەمانەدا پیادەدەکرێت. بەڵکو لە بوونی ئەوەدایە کە بازاڕەکانی ئەم وڵاتانە دەبێت لەلایەن ئەو هێزانەوە بپارێزرێت کە توانای پاراستنی هاوکێشەی ( کاری هەرزان و کرێکاری خامۆش) ی لە دەستدا بێت. دیکتاتۆری بوونی ئەم وڵاتانە، زادەی دابڕانی سیاسەتی ئەوان نییە لە زانستەکانی دیکە، بەڵکو پرۆژەیەکی تەواو عەقلانییە بۆپاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەو بۆرجوازییەی کە ئەرکی بەرهەمهێنانەوەی کاری هەرزان و خامۆشکردنی کرێکار و هێزە ئینساندۆستەکانی ئەم ولاتانەی لە ئەستۆدایە.
“لەوانەیە ئەمڕۆ ئیتر ڕۆژی دروستکردنی بورجێکی دیکەی بابل بێت. لە چیرۆکەکەدا، ئینسانەکان بڕیاریاندا بورجێک دروستبکەن کە تا ئاسمان بڕوات. خوا ئەمەی بەدڵ نەبوو و نەفرەتی (پچڕاندنی پەیوەندییە زمانەوانیەکان) ی بەسەر زەویدا ناردەخوار. بەو مەبەستەی کە هەموو هاریکارییەک بۆ دروستکردنی بوورجەکە سەرنەگرێت. بەلام ئەمڕۆ ئێمە ، هەموو ئینسانەکان دووبارە، لە هەموو پرسیارە گرنگەکاندا بەیەک زمان دەپەیڤین:
زمانی فاینانشیاڵی بازاڕ. Say after me:Shareholder value!. ” ( 20 )
ئەمە پێناسەی گلۆبالیزاسیۆنە لەلایەن قسەکەرانی بازاڕی ئازادەوە. لەمڕۆدا ئینسانەکانی ناو بازاڕ، لە باشووری ئاسیاوە بۆ نیۆیۆرک، لە سانتیاگۆوە بۆ نیو دەلهی، لە تارانەوە بۆ کوردستان، بە هەمان زمان دەپەیڤن و هیچ کامێکیان ناڕۆشنییەکیان نییە لە چۆنێتی بردنە پێشەوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا. ئەم زمانەی پیاوەکانی ناو بازار،ِ لە هەندێ شوێندا زمانی ئەو تفەنگچییە کارامانەن کە هەمیشە چەکەکانیان لەسەر پێیە، لە هەندێ شوێنی تردا، جگە لە ئامادەیی چەکەکان کە لە کاتی پێویستدا دەبێ ڕابکێشرێن، سی ئێن ئێن و بی بی سی ، ئەم زمانحاڵییە دەبەنە پێش.
لە کوردستانندا ئەم زمانە ڕەهەندێکی دی بەخۆیەوە دەگرێت، واتا ئەو پرۆسەیەی کە ئێمە هەموو دووبارە بەیەک زمان دەپەیڤین، زمانی تفەنگبەدەستەکانی بازاڕ و زمانی قەڵەمبەدەستەکانی فیکرە. زمانێک کە زۆر لەیەکدەچێت. ئەگەر جیاوازییەکی گەورەی هەبێت، لەوەدایە کە زمانی قەڵەمبەدەستەکانی فیکر، داواکردنە لە تفەنگبەدەستەکانی بازاڕ کە :” کوردایەتی بۆچی بۆ ناکاتە ئیرادە، بۆچی دەرفەتێکی وا ناخوڵقێنێت کە ئەوان تەنها خەریکی پرۆژەفیکرییەکانی خۆیان بن.” هەر بەهۆی ئەم ئاخاوتنەشەوە، مەدالیای ئۆپۆزسیۆنی ڕاستگۆ و ڕاستەقینە بەخۆیدەدات. بەڵام لە خوارەوەی ئەم بوورجەدا، ئینسانەکان بە زمانێکی دی دەدوێن کە تەواو پێچەوانەی تفەنگبەدەستەکانی بازاڕ و قەڵەمبەدەستەکانی فیکرە.
سەرچاوەکان:
1 – جەلال تاڵەبانی، کوردستانی نوێ ژ: 2962 1412003
3 – بەختیار عەلی، ڕۆژنامەی هاوڵاتی ژ: 104 و 105، 30122002 و 612003
لەبەر زۆر دووبارەبوونەوەی ئەم سەرچاوەیەی سەرەوە، ناچارم تەنها یەککەڕەت ناوی بێنم.
5- مارکس انجلس ، البیان الشیوعی، دار التقدم، ێ 10
6- منێور حکمت، اختلافاتنا، حوار حول الشیوعیە العمالیە، ێ 53
7- منێور حکمت، سە جنبش، سە ایندە، انترناسیول هفتگی شمارە 7 ، 16 72000
8- هەمان سەرچاوەی پیشوو
9- سەرچاوەی 6 لا 73
10- منێور حکمت، دربارە فعالیت حزب در کردستان ێ 9
11- هەمان سەرچاوەی پیشوو لا 8
12- حەمیدی تەقوایی، ئەو پێویستی سەردەم بوو، ڕۆژنامەی ئۆکتۆبەر ژ: 48 لا 5
13- بەختیار عەلی، سەدەی ناسیۆنالیزم، گۆڤاری ڕەهەند ژ : 10-9 لاپەڕە 189
14- هەمان سەرچاوە ، لاپەرە 189
16- بەختیار عەلی، بوهێمی و ئەستێرەکان ، لاپەرە 115 و 116
2-Claude Le`vi-Strauss، 1987، Det vilda tänkandet، sid 13
5- Karl Marx، Fredrich Engels، Kommunistiska manifestet، 2000، sid 39
15- Anita Goldman، I nationens sköte، Dagens Nyheter، 16/9/1999
4- Jonass J Magnusson، Med Marx، mot Marx، men inte utan ، Göteborgs-Posten 21-07/2000
17a- Hall Stuart، The Great Moving Right Show، 1988
17-b Ferguson، Thomas& Rogers Joel 1986 Right Turn
18- Nina Björk، Hotet från den kulturella kannibalismen، Dagens Nyheter 5/5/2002
19- Zygmunt Bauman، Auschwitz och det moderna samhället، 1994 sid 249
20- Sture Nordh، Trender i den globala ekonomin ، 2000، sid 4