لەشکری ئاڕ ئاڕ ، لە کوردوستانەوە بۆ نیوئۆرلینز.

سەرنجێک لە کردەی ڕاوڕووت وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی

 

دەستەواژەی “ئاڕئاڕ” ، ڕاو وڕووت، بۆ یەکەمین جار لە دوای ڕاپەڕینی  جەماوەریی شارەکانی کوردوستانەوە کەوتە سەر زار. بەڵام بۆ جارێکی دی و لەگەڵ کەوتنی بەغدادا، بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک دێتەوە سەر زار و سەرنجی مێدیای جیهانی بەلای خۆیدا کێشدەکا و دنیا بە خۆیەوە دەهەژێنێ. دنیایەک کە لە چاوەڕوانییەکانی کەوتنی پەیکەرەکانی سەدامدا، جەماوەرێکی بەرین لە خەڵکی عێراق وەک لەشکرێکی تاڵانکەر دەبینێ و  هەر شتێک کە بەهایەکی هەبێت ، بەبەرچاوەکانی کامێراوە تاڵاندەکرێت. لەبەرانبەر ئەم دیاردەیەدا، بەشێکی گەورە لە کەسایەتییە عێراقییەکانی دەرەوەی وڵات، خەجاڵەتی خۆیان لە عێراقیبوونی خۆیان دەردەبڕن و بە پیلانێکی “سووککردنی”ی کەسایەتی عێراقی لە قەڵەمدەدەن .

ئەگەر لە دۆخی وڵاتێکی لەشەڕدا گەوزاویی وەکو عێراقدا، کۆمەڵێک دەستەواژەی ئامادەبەدەست بۆ ڕوونکردنەوەی دیاردەی “ئاڕئاڕچێتی” ئامادەیی هەیە و هەموو خەڵکێکی عێراق و کوردوستان بۆ ساتە وەختێک دەتوانێ قەناعەتی پێبهێنێ، ئەوا لەبەرانبەر لەشکری ڕاو وڕووتی شاری “نیو ئۆرلینز”ی ئەمریکادا، کردەوەکە ئاسان نییە. هەواڵی ئەو هێزە ڕوخێنەرەی کە لە ناخی ئینساندا شاراوەیە و لە ڕێگەی کارەساتی سروشتی کە دووچاری ئەو شارە بووە و بەرەڵا بووە، سەرسوڕهێنەرتر دێتە پێش چاو لەو هێزە مەزنە شاراوەیەی کە سروشت بە سەر کۆمەڵگایەکیدا هێناوە. 

ئەوەیشی کەسانێکی زۆر تووشی شۆک دەکات ، بەربڵاوی پەلاماری لەشکری ئاڕئاڕە  لە نیوئۆرلینزدا کە دەسەڵاتی بۆش و ئیدارەکەی ناچار دەکات بە ڕاشکاوی بڵێت:” ئەم سەربازانەی ئێمە دەینێرین بۆ ناوچەکە، کەسانێکن کە لە عێراقەوە هاتوونەتەوە، ئەوان دەزانن تەقە بکەن و فرمانی تەقەکردنیشیان پێدراوە. “

ئەگەر لە دۆخی ڕاپەڕینی یەکەمی کوردستان و کەوتنی شاری بەغدادا، کۆمەڵێک ڕوونکردنەوە ئامادەیی هەیە و هێشتا لە یادەوەریماندایە ، ئەی دیاردەی ڕاو وڕووتی کۆمەڵگایەکی شارستانی و مەدەنی وەک ئەمریکا لە خانەی کامە هۆکارە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕیزدەکرێت.

کۆششی من لەم نووسینەدا، بەراوردکردنی دوو دیاردەی لەیەکچووی ڕاووڕووتە کە لە دوو پێگەی کۆمەڵایەتی جیاوازدا دەگوزەرێت و دۆزینەوەی ئەو هۆکارانەیە کە بە بۆچوونی من، لەگەڵ  جیاوازییە گەورە سیاسی و کولتورییەکانیدا، لەیەک سەرچاوەوە دەکرێ تەماشا بکرێن. ئەگەر “داخراوی کۆمەڵگا” و “گەمارۆی ئابووری” و “نامەدەنیبوون”ی تاکەکانی کۆمەڵگای عێراق وەک سەرچاوەی بڵاوی لەشکری ڕاوڕووتی عێراق ئامادەییان هەیە، “کراوەیی کۆمەڵگای ئەمریکا ” و “ڕیفاهی کۆمەڵایەتی ” و “مەدەنیبوون”ی  کۆمەڵگای ئەمریکی ئەو ئاماژانەن کە ڕێک لە پێچەوانەی بەربڵاوی ئامادەیی دیاردەی ئاڕئاڕی ئەمریکادا لە بەرانبەر عێراقدا، دەکرێ ناویان بێنین.

سەرنجدانێک لە ئاڕ ئاڕ

 من ئاڕئاڕ بەو دۆخە ناودەبەم کە لە غیابی دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری ناوچەیەک یان وڵاتێکدا، نەک هەر ئیمکاناتە مادییەکانی کۆمەڵکا و دامەزراوە مەدەنییەکانی دیکە دەکەونە بەر پەڵاماری لەشکری ڕاوڕووت، بەڵکو خودی سەروەت و ئیمکاناتی مادی تاکەکانی کۆمەڵگاش دەگرێتەوە. دۆخێک کە تیایدا ئیتر بە تەنها تاڵان و ڕاوڕووت کردەوەی  شەخسی کۆمەڵێک کەسانی پیشەیی نین کە بە دز یان تاڵانچی ناو دەبرێن، بەڵکو دۆخێکە کە تاکە ئاساییەکانی دیکەی کۆمەڵگا دەستی بۆ دەبەن و کۆمەڵگاش لە ئاستێکی بەرینی کۆمەڵایەتیدا، وەک کارێکی تاڕادەیەک ڕۆتین، چاوی لێدەکات.

ئەوەی کە تایبەتمەندی ئەم دیاردەیە دەردەخات، گۆڕینی کردەی دزی و بەتاڵانبردنی ئیمکاناتەکانی کۆمەڵگایە لە کارێکی ناشایستە و قێزەونەوە بۆ کردەیەکی پۆزەتیڤ ئەگەر بۆ ساتە وەختێکی کەمیش بووە. ئەوەیشی کە ئەم کردەوەی تاڵانکارییە دەکاتە کردەوەیەکی پۆزەتیڤ، ئەو ئاڵوگۆڕە گرنگەیە کە کە لە زەمەنی بەربڵاوی ڕاوڕووتدا، بەسەر سیستەمی ئەخلاقی کۆمەڵگادا دێت. واتا ئەو سیستەمە ئەخلاقییەی کە ڕۆژکارێک ئەم کردەوانەی نێگەتیڤ دەنەخشاند، ئەوا لە زەمەنی ڕاوڕووتدا، ئەو بەها ئەخلاقییانە ناتوانێت بە هەمان پێوەرەکانی دوێنێیەوە کار بکات. لە پاش ئەم ڕوونکردنەوە کورتە، کە بێگومان لە شوێنیکی دیکەی ئەم نووسنەدا دەگەڕێمەوە سەری، بەراوردێک لە نێوان ئەم کردوەیەدا  دەکەم لە عێراق و نیوئۆرلینزدا. بەڵام وەک سنوورجیاکردنەوەیەک بۆ سەرنجدانی من لە کردەوەی ڕاوڕووت بەو پێناسەیەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، دەبێ ئاماژە بە دیاردەیەکی دیکەی ڕاوڕووت بکەم کە ڕەنگە لای خوێنەر ئەو هەستە پێکبێنێت کە ناکرێت باس لە مێژووی ڕاوڕووت لە عێراقدا بکرێت و ئەم ئاماژەیە دیار نەبێت. ئەویش کردەی ڕاوڕووتێکی سیستیماتیک و بە نەخشەیە کە لە ئەنفال و پرۆسەی داگیرکردنی کوێتدا خۆینیشاندەدات. تەنانەت لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی شەڕی ناوخۆی کوردستانیشدا لە هەولێردا، چەندەها نموونەی زیندوو لەبەردەستدان.

دەڵێن عەلەشیشێک “جاشێک”ی کوشت

 سەرگوزشتەی ئەم ناونیشانەی سەرەوە، ڕوونکردنەوەی ئەم پرۆسەی ڕاو وڕووتە سیستیماتیک و بەنەخشەیەیە کە بەعس لە کوردستاندا دەستی بۆ دەبات. لە ژێر پەرچەمی:” سەری بۆ من و ماڵی بۆ تۆ”، بەعس لە عێراقدا، ڕاوڕووت و بەتاڵانبردنی شتومەک و پێداویستییە سەرەتاییەکانی هاوڵاتییان دەکاتە ئەو غەنیمەیەی کە هێزە جێبەجێکەرەکانی پرۆسەی ئەنفال پێیهەڵدەستن. لە گەرمەی هێرشەکانی ئەنفالدا، نوکتەیەکی لە چەشنی ئەو ناو نیشانەی سەرەوە، دەبێتە وێردی سەر زار. دەڵێن یەکێک لەو چەکدارە کوردانەی ڕژێم، لە یەکێک لە دێهاتی ئەنفالکراودا لەلایەن عەلەشیشێکەوە دەکوژرێت. بابە عەلەشیش چۆن زەلام دەکوژێت، پرسیارەکە و زۆر کەس بە مێشکیدا دێت.  بەڵام بەپێی نوکتەکە، ڕوونکردنەوەیەکی لەم جۆرە قەناعەت بە گوێگر دەکات. لە پاش ئەنفالکردنی ئینسانەکانی ئاوایی، یەکێک لە چەکدارەکانی ڕژێم عەلەشیشێک دەگرێت و دەیخاتە بن باڵی. بێ ئاگا لەوەی کە چەکەی زامن نییە، عەلەشیشی بەستەزمان لە باڵەفڕتەی خۆیدا، چنگی دەخاتە سەر پەلە پیتکەی تفەنگ و زرمەی لێهەڵدەستێنێ و کەسی چەکدار بەلادا دێت.  

داستانی کوشتنی چەکدارێکی ڕژێم لەلایەن عەلەشیشێکەوە، گێڕەرەوەی ڕوخساری ئەو دیوی ئەنفالە کە تیایدا نەک هەر ئینسانەکانی ئەم هێرشە دڕندانەیە بێ سەر و شوێنکران، بەڵکو موڵک و ماڵ و ئیمکاناتە مادییەکانیشییان بە غەنیمەت بران.

لە زەمەنی گرتنی کوێتیشدا، هەمان پرۆسەی بەتاڵانبردنی تەواوی ئیمکاناتە مادییەکانی کوێت، بەشێک لە نەخشەی داگیرکردنی کوەیتە، ئەم جۆرە لە کردەوەی ڕاوڕووت، بەشێک لە سیاسەتی هێزە دەرگیرەکانی شەرە و لە چوارچێوەی نەخشە جەنگییەکاندا ئامانجدارانە لەلایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە دەستی بۆ دەبرێت. واتا ئەم جۆرە لە کردەی ڕاوڕووت، دەچێتە خانەی کردەوەیەکی ڕێکخراوی تاوانکارییانەوە کە کەمتر لە لێکدانەوەی مندا بۆ دیاردەی ڕاوڕووت وەک کردەیەکی کۆمەڵایەتی، جێگای دەبێتەوە. 

  بەڵام وەک لەسەرەتاوە ئاماژەم پێکرد، لەشکری ئاڕ ئاڕ، وەک دەستەواژە لە ڕاپەڕینی شارەکانی کوردستانی بەهاری نەوەد و یەکدا، دەبێتە دەستەواژەیەکی کۆمەڵایەتی. بۆ یەکەمین جار لە مێژووی شارێکی وەکو سلێمانیدا، چرپای نەخۆشی خەستەخانەکان بەسەر شەقامەکانەوەیە و تەلەفزیۆن و ئینجانە و کارتۆنە جگەرەی لەسەرە. گەورەترین عەمباری شیش و ئاسنی شار  لە ماوەی کەمتر لە دوو ڕۆژدا، گسکی لێدەدرێت. وێنەی ئەو ژنەی کە فەردە ئاردی بەسەر شانەوەیە و قەد ڕەنگە ڕۆژێک بەبێ عەبا و لەچک نەچووبێتە دەر، دەم بە بۆڵە و گلەی لەوەی کە کەسانی ناپیاوی بێشەرەف نەیانهێشتووە وەک ئەوەی ئەو  دەیەوێت، فەردەیەکی زیاتر بێنێت، دیمەنێکی ئاساییە.

دراوسێتە و پشتی پیکاب دەنێ بە دەرگای ماڵەکەیەوە و لە ئێوارەی هەمان ڕۆژدا دێتەوە ناو کۆڕی پیاوان و ژنانی گەرەک. هەیانە پیاوەتی بەسەر ئاوی حەمامەوە دەکات و نەک هەر پاکەتە جگەرەیەک، بەڵکو پارچەیەک جگەرەت بۆ دەخاتە حەوشەی مالەوە:” بیگرە! پیاوی بێدەسەڵاتی وەک تۆ چی پێدەکرێت. “

ئەگەر دزی کردەیەکی دزێوە و لە ڕێگای سیستەمە ئەخلاقیی و قەزائییەکانی کۆمەڵگاوە  بەر نەفرەتکەوتووە و لە ناوشیاری دەستەجەمعی تاکەکاندا هەمیشە ئامادەیی هەیە وەک کردەوەیەکی ناشیرین، ئەوا لە زەمەنی بەربڵاوی کولتوری ڕاوڕووتدا، ڕێک پێچەوانەی ئەم تێڕوانینە باڵادەست دەبێت.

بەکارهێنانی چەمکی کولتوری ڕاوڕووت بەو مەبەستە بەکاردەهێنم کە خودی کردەی ڕاوڕووت وەک دیاردەیەکی دزێو ، زرنگانەوەیەکی ناشیرین لە گوێدا پێکناهێنێت و لەشکری ڕاوڕووتچییان بە ڕوخساری خۆیانەوە بەبەرچاوماندا دەگەڕێن. بە واتایەکی تر، گۆڕانی کردەیەکی وەک ڕاوڕووت و بەتاڵانبردنی ئیمکاناتەکانی کۆمەڵگا، هێندە سادە دەبێتەوە کە ئیدی توانای بەرهەمهێنانەوەی جۆرێک لە فشاری کۆمەڵایەتی دەبێت لەسەر ئەو تاکو گروپانەی دی کە پرەنسیپە ئینسانی و ئەخلاقییەکانیان ڕێیانپێنادات بەشداری پرۆسەی ڕاوڕووت بن.

ڕەنگە ئاماژەدان بە دەستەواژەیەکی لەچەشنی ئەم دەربڕینەی خوارەوە کە لە زمانی گەنجێکەوە کە بەشداری لە کردەی تاڵان و ڕاوڕووتی ئەم دواییانەی عێراقدا نەکردووە و خۆی بە مایە پووچ  لە قەڵەمدەدات، کارێکی پێویست بێت و کەمێک لەو ڕاستییانەمان بۆ ڕۆشنبکاتەوە کە کولتورری ڕاوڕووت کە لە دۆخی نەمانی دەسەڵاتی سیاسی و ئیداریدا پەیدا دەبێت و دەکرێ چەند ڕۆژێک یاخود چەند مانگێکیش بخاێنێت. ئەو دەڵێت:” بۆ ئەوەی منیش وەکو ئەو جەماوەرە بەرینەی کە ڕووخاندنی سەددام لە پڕێکەوە کردی  بە کوڕێک، دەبێت دەستە و دوعا دابنیشم خوازیاری ئەوە بم ئەمریکا لە ئێران بدات و لەو فڕکان فڕکانەدا شتێکم بەرکەوێت.”

ئەوەی کە دیاردەی تاڵان و ڕاوڕووت بە جۆرێک هێندە بەرینبووەتەوە و ئەوانەی کە نایانەوێت بەشداری ئەم پرۆسەیە بن بەهەر هۆکارێکی ئایدیۆلۆژییەوە بێت، لە ژێر فشارێکی  هێندە گەورەی باڵادەستی ئەم کولتووردا دەناڵێنن، کە تەنها جۆرە دەربڕینێکی لە چەشنی سەرەوە، توانای وەسفکردنی دەبێت.

دیاردەی نەکڕینی سەیارەی علوج و هەستکردن بە شەرمەزاری و دواتریش قبوڵکردنی لە ئاستێکی گەورەی کۆمەڵایەتیدا ، چیرۆکی باڵادەستی کولتورێکە کە دۆخی ڕاوڕووت دەیخوڵقێنێت.

ڕاوڕووت وەک کردەیەکی تاوانکارییانەی ڕێخکراو

 لە هەموو ئاڵوگۆرێکی گەورەی کۆمەڵایەتی و نەمانی دەسەڵاتی سیاسیدا، گروپێک لە کەسانی تاوانکار هەیە کە خوازیاری کەڵکوەرگرتنە لە ڕووداوەکان. من قسەم لەسەر ئەم بەشە کەمە لە لەشکری ئاڕئاڕ نییە کە وەک تۆڕێکی ڕێکخراو، بەشداری پرۆسەی ئاڕئاڕن. ئەم گروپە لە دوای تاقیکردنەوەکانی ڕاوڕووتی ساڵی نەوەد و یەکی کوردستانەوە، بە خۆئامادەییەکی گەورەتر و سازمانترە وە، لەبەرانبەر ڕاوڕووتی کەوتنی بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراقدا، ئامادەییان هەیە.

سەفەری ئەم هێزە تاڵانچییە ڕێکخراوەی شارەکانی کوردوستان بۆ بەغدا و موسڵ و گرتنی هوتێل لەم شارانەدا بەر لە ڕوودانی جەنگ بۆ ئەوەی قەپاڵی گەورەتر بگرێت، دیمەنی ئەو ئاڕئاڕچییە نییە کە لە یەکێک لە دامەزراوەکانی بەغدادا هیچی بۆ نەماوەتەوە و ئینجانەی ژووری بەڕێوەبەری بە دەستەوەیە و لە بەرانبەر چاوەکانی کامێرای کەناڵی العربیەدا دەڵێت:” چیبکەم هەر ئەوە مابوو”. بەڵکو ئەم بەشە لە لەشکری ئاڕئاڕ، گروپێکی تاوانکاری سازماندەیە و نەخشەدارانە دەیەوێ لەم هەلومەرجەدا، کردەوە تاوانکارییەکانی خۆی ئەنجامبات.

مەبەستی سەرەکی من لە لەشکری ئاڕئاڕ، ئەو عەشامەتە بەرینەیە کە قەت ڕۆژگارێک لە خەیاڵی ئەوەدا نەبووە، سەتڵی دراوسێکەیان بەرێت و کەچی بەبەرچاوی هەموو ناسیاو و نەناسیاوەکانی خۆیەوە، شتومەکە تاڵانکراوەکانی پیشانی ئەوانی دی وەک خۆی دەدات.

چی وادەکات حەشاماتێکی زۆر لە یەک لەحزەدا بە جۆرێک ڕەفتار بنوێنێ کە جاران وا نەبووە؟

 ڕاوڕووت لە عێراقدا و مۆدیلی ڕوونکردنەوە.

من ناچارم سەرنجێکی  ئەم دیاردەیەی عێراق بدەم و دواتر بگەڕێمەوە سەر نیوئۆرلینز. چونکە بە بڕوای من، لەگەڵ دووری مەسافە جوگرافی و کولتوری و ئاستی پێشکەوتووی تەکنیکی ئەم دوو شوێنەدا کە لەیەکەمین نیگادا زۆر گەورە دێتە پێش چاو،  هێشتا ئەو خاڵە هاوبەشانەی کە هۆکار و بەرپرسیارێتی  بەربڵاوی ئەم دیاردەیە لەوێ و لێرە، زیاتر گەورەتر دێتە پێش چاو وەک لە جیاوازییەکانیان.

عێراق وەک کۆمەڵگایەکی داخراو

 رەِنگە تێزی داخراوی کۆمەڵگای عێراق بەهێزترین ئەو تێزانە بێت کە لە پشت ڕوونکردنەوەی پرۆسەی تاڵان و بڕینی ڕووداوەکانی بەهاری نەوەد و یەکی کوردستان و دوای کەوتنی  بەغداوە ئاماژەی پێدرابێت. کۆمەڵگایەکی داخراو بە هەموو مانا سیاسی و کولتوری و کۆمەڵایەتییەکانییەوە. کۆمەڵگایەک کە سیستەمێکی تۆتالیتاری بەڕیوەی دەبات و هیچ دامەزراوەیەکی سیاسی دیموکراسی تیادا نەبووە. کۆمەڵگایەک کە تیایدا جەماوەرێکی بەرینی خەڵک وەک “گەلەیەک” لە ئاژەڵی دیلکراو تیایدا یەخسیرن. کاتێک دەرگاکانی ئەم زیندانە دەخرێتە سەر پشت، ئیتر ئەم زیندانییە دیلکراوە، لەگەڵ پرۆسەی ئازادکردنی خۆیدا، وەک ئاژەڵێک ڕەفتار دەکات . بەوەی کە لە کۆمەڵگایەکی وادا گەورەبووە، هیچ متمانەیەکی بە دامەزراوی دەوڵەت و سەروەت و سامانی کۆمەڵگاش نییە. ڕێک لەگەل ئەو دەربڕینەدا ڕەفتار دەنوێنێت کە لە “تۆپینی خۆی و زەرەری خاوەنەکەیدا” شاگەشکە دەبێت.

بەڵام عێراقی کۆمەڵگای داخراو، عێراقی حەساری ئیقتیسادی و عێراقی جەنگەکانە. ئەم ئاماژەیەیان زیاتر لەو هۆکارە ئابوورییانەدا دەسووڕێتەوە کە کردەی ڕاوڕووت دەکاتە پەرچەکردارێکی هەژارەکان بۆ بەدەستهێنانی فەردە ئاردێکی زیاتر.

بە واتایەکی تر، ئەم ڕوونکردنەوە ئابوورییە، هێندەی پاساوی تاڵانکردنی ئیمکاناتەکانی کۆمەڵگا دەداتەوە و مۆری تەئیدی لێدەدات، هێندە بە شوێن هۆکارە واقعییەکانی ئەم کردارەوە نییە کە چ سایکولۆژییەک لە پشت لە شکرێک لە هێزی ئاڕئاڕەوەیە.

بەڵام لە هەمووی سەرنجڕاکێشەر تر ئەوەیە، بە جیا لەو چوارچێوە سیاسییە ئابوورییەی کە ئاماژەی پێدەدرێت، عێراقی زەمەنی ئاڕئاڕ، عێراقی زەمەنی شۆڕش و  ڕووداوە گەورەکانە. واتا لە ڕاپەڕینی یەکەمی کوردستاندا، پرۆسەی ڕاوڕووت، لە چوارچێوەی هەلومەرجێکی” شۆرشگێڕانە”دا چاودەکاتەوە کە هێشتا ڕزگاری و ئازادی و خوێنی شەهید و بۆنی قوربانییەکان هەر گەرمن. لە دوای کەوتنی پەیکەرەکانی سەددامەوەیە کە کۆتایی ڕەشترین ڕۆژگارەکانی کۆمەڵگای عێراقە. واتا ئەگەر چەمکی موسادەرەکردنی شۆڕگێڕانە پرۆسەی بەشێکی گەورەی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی دیکەی گۆشە و کەنارەکانی دیکەی دنیایە و بەشێک لە هێزە شۆڕشگێڕەکان دەستیان  بۆ بردووە،  ئەوا  لە عێراق و کوردستاندا تاڵان و تاڵانکاری لێدەکەوێتەوە. بەڵام ئێمە لە بەرانبەر هەلومەرجێکی شۆڕشگێرانەدا، خاوەنی ئەحزابی سیاسی “شۆڕشگێڕانە”ی واین کە خۆی بەشێک لە پرۆسەی سازماندەی کردەی ئاڕئاڕچێتییە.  ئەم لایەنە دەکرێ وردکردنەوەی زیاتری لەسەر بکرێت کە ئەگەر بزووتنەوە سیاسییە باڵادەستەکانی سەر گۆڕەپانی عێراق، پێکهاتەیەکی تەواو پێچەوانەی ئەم بزووتنەوە باڵادەستانەی ئەمڕۆی عێراقییان هەبوایە، دەکرا قسە لەسەر دۆخی ئاڕئاڕ بکرێت؟ 

 بەڵام بەوەی عێراق کۆمەڵگایەکی داخراوە و خاوەنی هیچ دامەزراوەیەکی دیموکراتی نییە، بۆیە کارێکی ئاساییە کە پەیوەندییەکانی هاوڵاتییان بە دامودەستگا خەدەماتی و حکومییەکانەوە، لە نەبوونی متمانەی هاوڵاتییاندا بناڵێنێت. واتا ئەوەی بە متمانەی هاوڵاتییان دەناسرێت کە ڕێزی بۆ خەدەماتە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگا و دامەزراوە دەوڵەتییەکان هەبێت، لە وڵاتێکی وەکو عێراقدا سفرە. هەر بۆیەش لەگەڵ تێکچوونی شیرازەی ئەو پەیوەندییەی دەسەڵات کە لە نێوان هاوڵاتییان و ئەواندایە، فەرهودکردنی تەواوی ئەو ئیمکانانە مادییانە، دەبێتە کردەوەیەکی سروشتی.  

لە بەغداوە بۆ نیوئۆرلینز

 بە لە بەرچاوگرتنی ئەو هۆکارانەی کە بۆ دەرکەوتنی دۆخی ئاڕئاڕ لە عێراقدا لەبەرچاودەگیرێن، ئێمە لە بەرانبەر ڕووداوێک و کۆمەڵگایەکی تەواو پێچەوانەی وەک عێراقداین. کارەساتێکی سروشتی قەوماوە و خەبەرێک لە شۆڕش و حەماسەی شۆڕگێڕانە نییە، دراوسێ و پیرو پەککەوتەکانی شارت لە بەرانبەر ڕەحمەتی هێزێکی سروشتیدا، بە چۆکدا هاتوون. گەورەترین دەوڵەتی دنیا کە توانای ناردنی چەکە کۆکوژەکانی هەیە بە هەموو کونج و کەلەبەرێکی دنیا  لە کەمترین کاتدا، دەوڵەتە و مێژووی درێژترین دەسەڵاتە “دیموکراسی “و گەورەترین دەسەڵاتە دیموکرات”ەکانی دنیایە. هاوکاتیش کە هیشتا تەرمی قوربانیەکای لافاو بە سەرشەقام و لە ناو ماڵەکاندا کەوتوون کەچی جەماوەرێکی بەرینی خەڵک، لە پرۆسەی تاڵانکردنی تەواوی دوکان و دامودەسگا حکومییەکاندان. وەک چۆن لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، دیسانەوە لەشکری ئاڕئاڕ لە ڕاوڕووتی شاری نیوئۆرلینزدا، سیمای ئەو پیاوە ڕەشپێستە نییە کە دێتە سەر شاشەی تەلەفیزیۆنەکان و دەڵێ:” بەوەی کە هیچ ئیمکاناتێکی کۆمەک نەگەیشتووەتە ئەم شارە، ناچارم شیر بۆ مناڵەکانم بدزم”

مەبەستم، ئاڕئاڕچی لەم دۆخەدا ئەو کەسە نییە کە دێتە سەر شاشەی تەلەفزیۆن و ئاوا دەدوێت، بەڵکو ئەو دەمووچاوە ناسراوەیە کە لەگەڵ تیپی کامێرای کەناڵەکانی ڕاگەیاندندا دوکان دەشکێنێت و تەلەفزیۆن دەدا بە شانیدا لە شارێکدا کە کارەبای تیا نییە. دۆخی ئاڕئاڕ لە نیو ئۆرلینزدا لە زەمەنێکدا ڕوونادات کە دەوڵەت هیچ ئیقدامێکی لە خۆی نیشاننەداوە و جەماوەرێکی بەرینی خەڵک پێیان وایە، ئەمریکا هێندە دەسەڵاتێکی گەورەیە، کە توانای چارەسەری ئەم کێشەیەی هەیەلە کەمترین کاتدا. بە واتایەکی دی، دۆخی ئاڕئاڕ لە نیوئۆرلینزدا کاتێک دەگوزەرێت، کە هێشتا خەڵک نازانێت، کۆمەکە ئینسانییەکان دوا دەکەون و هێشتا لە ئومێدی گەورەی دەسەڵاتی دەوڵەتەکەیاندا،  پشت ئەستوورن. بەڵام نیوئۆرلینز شاری ڕەشپێستەکانی ئەمریکایە. ئەوانەی لە شاردا دەمێننەوە، ئەو کەسانەن کە ئیمکانی دەرچوونیان نییە. ئەمە بەشێک لە چیرۆکەکانی ڕوونکردنەوەی مێدیای خۆرئاوایە. بە واتایەکی دی، دیسانەوە هەژاربوونی لەشکری ئاڕئاڕ دەکرێتە موتیڤی ڕاوڕووتی ئەم شارە. ئیتر چەمکەکانی ” مەدەنیبوون” و “کراوەیی کۆمەڵگا” “بوونی متمانەی هاوڵاتییان” بە دەسەلاتە سیاسی و مەدەنییەکانی ئەم کۆمەڵگایە، هیچ شتێکی تایبەتمان پێناڵێن.

بەڵام من چ لە دۆخی عێراق و چ لە دۆخی نیوئۆرلینزدا، تێزی ئینتیمای چینایەتی، “هەژار ونەداربوون” لەشکری ئاڕئاڕ دەخەمە  دەرەوەی لێکدانەوەکەمەوە. نەک بە هۆی ئەوەوەی کە هیچ پەیوەندییەک لە نێوان کردەی ڕاوڕووت و شوێن پێی چینایەتی ئینسانەکاندا نییە، بەڵکو بە ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە قبوڵکردنی چیرۆکی هەژاری و نەداری ئینسانەکان بۆ پەیوەستبوونی ئەوان بە لەشکری ئاڕئاڕەوە، ڕێک گروپێک دەکاتە تیری نیشانی لێکدانەوە. هۆکارەکەیشی ئەوەیە، هەر هەموو توێژ و چینەکانی کۆمەڵگا لەم زەمەنە تایبەتییەی نەمانی دەسەڵاتی سیاسیدا، ئامادەیی ئەوەی هەیە وەک ئاڕئاڕچییەک ڕەفتار بنوێنێ. بە واتایەکی دی و بەو هۆکارانەی کە سیستەمی ئەخلاقی باوی کۆمەڵگا بە شێوەیەکی گشتی لەکاردەکەوێت تاکو تاکەکانی کۆمەڵگا لە چوارچێوەی بەها ئەخلاقییەکاندا ڕابگرێت، دیاردەکە سنووری ئینتیما چینایەتییەکان دەبەزێنێت و ئەندامانی سەر بە هەموو چینەکانی کۆمەڵ ئەو ئامادەییە لە خۆیاندا نیشاندەدەن وەک ئاڕئاڕچییەک ڕەفتار بنوێنن. هەر بۆیەش من  هۆکاری سەرەکی دروستبوونی ئەم دۆخە و پەیوەستبوونی لەشکرێکی بەرین لە ئینسانەکانی کۆمەلگا بە لەشکری ئاڕئاڕەوە، لە کردەی “لەخۆنامۆبوون”ی ئینسانی ناو کۆمەڵگای چینایەتیدا دەبینمەوە. کردەیەک کە بە یەکێک لە خەسڵەتە زاتییەکانی کۆمەڵگای چینایەتییە و لە سەرتاپای هەموو سیستەمە سەرمایەدارییەکانی ئەمڕۆی دنیادا، بە ئاستە جۆراوجۆر و جیاوازەکانییەوە ئامادەیی هەیە. لە خۆنامۆبوونێک کە بنەماکەی لە سیستەمی ئابووری سەرمایەداریدایە . پرۆسەیەک کە هێندە سروشتی بووەتەوە لە بەرچاومان، وەک بەشێک لە سایکۆلۆژیەتی ئینسانەکانی کۆمەڵگای چینایەتی لێهاتووە. کردەیەک لە مبەرەوە ئینسان ڕۆژانە هەزاران کاڵای جۆربەجۆر بەرهەمدێنێ و خۆیشی دەستی بەبەشێکی زۆر لەو کاڵایانەدا ناگات. ئەم دۆخە ئەگەر لە نیوئۆرلینزدا بێت، بە تەواوی پانتایی چەمکەکەوە ئامادەیی هەیە و، لە کوردوستان و عێراقیشدا بە هەمان شێوە. ئەگەر دروستییەک لە دەربڕینی چەمکی کۆمەڵگای داخراودا هەبێت و عێراق و کوردوستان بەم کۆمەڵگایانەوە بناسرێنەوە، ئەوا ئامادەیی کۆمەڵگای داخراو لە وڵاتیکی وەک ئەمریکادا، وەک دابەشبوونی چینایەتی کۆمەڵگا ، بە هەزاران شێوازی جۆراوجۆر دەردەکەوێتەوە. ڕەشبوون لە خۆیدا، بە مانای لەپەراوێزەوە نانی تۆی ئینسان لە زۆرێک لەو بوارە کۆمەڵایەتییانەی کە لە کۆمەڵگادا هەیە و ئینسان وەک ڕەش هیچ کات ناتوانێت سنوورە داخراوەکانی نەبینێت.  بۆیەش دیوارەکانی نێوان ئینسان و ئیمکانتانە مادی و مەعنەوییەکانی کۆمەڵگا هەمیشە لەبەرزبوونەوەدان.

ئەوەی کە چەمکی هەژاری تاکەکانی کۆمەڵگا لەم تێڕوانینەی مندا دەکاتە دەرەوەی بنەمایەک بۆ شیکردنەوەی دیاردەی ڕاوڕووت چ لە کوردوستان و چ لە ئەمریکادا، خودی پرۆسەی لەخۆنامۆبوونی ئینسانەکانی کۆمەڵگای چینایەتییە و دەکرێ کەسێک هەژاریش نەبێت و ئەم دۆخی نامۆییە بە قورسترین شێوازەکانیەوەی لەمس بکات.

ئەم پرۆسەی لەخۆنامۆبوونەی ئینسان، ئەم پرۆسەی دابڕانەی  ئینسان لە بەهرەمەندبوونی لەو ئیمکاناتانەی کە خۆی خولقێنەریەتی، تەنها دەکرێ بە کەمکردنەوەی قڵشت و بەرزیی و نزمییەکانی سنوورە چینایەتییەکان کەمبکرێتەوە. بە واتایەکی دی، کۆمەڵگایەک کە لە ڕێگای تۆڕی خەدەماتی و کۆمەڵایەتییەکانی سیستەمی دەوڵەتی ڕیفاهیەوە  توانیبێتی ئەم پرۆسەی دابڕانە ئینسانیەی ئینسانەکان لە ئیمکاناتە مادیی و مەعنەوییەکانی کۆمەڵگا بە ئاستێک گەیاندبێت، کە پرۆسەی لە خۆنامۆبوونی ئینسان نەک ڕیشەکێش کراوە، بەڵکو بە ئاستێک گەێنراوە، کە حەسرەتەکانی تاک ، لە دۆخی ئاخ و حەسرەتێکدایە  کە لە وڵاتێکی وەک سوییدایە نەک لە ئەمریکادا.

لە دۆخی عێراقدا، ئێمە لەبەرانبەر کۆمەڵگایەکداین کە تەواوی ئیمکاناتە مادییەکای لەلایەن حزبێکی دەسەڵاتداری وەک بەعسەوە قۆرخکراوە و کۆمەڵگا بە دەوڵەمەند و هەژارییەوە، دەبێ لە ڕێگای کۆپۆنەکانی بایعییەوە لە پێداویستییە زەرورییەکانی کۆمەڵگا بەهرەمەند بێت. لە مەملەکەتی نەوتدا، دەبێ ئینسانەکان، بە گاڵۆن و تەنکەوە بچنە وێزەی شەڕی وەرگرتنی .

لە ئەمریکادا، ئێمە لەبەرانبەر بێڕەحمترین سیستەمە چینایەتییەکانی سەردەمداین. بۆ ئەوەی لە ئاستێکی ڕیفاهی سادەی مامناوەندی وەک هاوڵاتییەک ژیان بگوزەرێنی، دەبێ لانی کەم خاوەنی سێ تاچوار کاری جۆراوجۆر بیت. واتا دیوارەکانی کۆمەڵگای چینایەتی هێندە بەرزن، کە لە نێوان ئینسان و حەز و خواستەکانیدا، مەملەکەتێک هەیە کە جگە لە خۆنامۆیی هیچ شتێکی دی ناکرێ ناوی لێبنرێت. 

بەرزی و نزمییەکانی ئینتیمای چینایەتی ئینسانەکان لە وڵاتێکی وەک سوییددا، لە ڕێگەی مۆدێلی دەوڵەتی ڕیفاهەوە تا ڕادەیەک کەمکراوەتەوە نەک نەهێڵرابێت. بەڵام لە ئەمریکاو لە عێراقیشدا، لەگەڵ جیاوازییە جوگرافی و کولتورییەکانی نێوانیاندا، لەیەک سیستەمی سەرمایەداری بێ تۆڕی ڕیفاهی گشتی بۆ ئینسانەکاندا هاوبەشن .

بە بڕوای من، ئاستی پرۆسەی لە خۆنامۆبوونی ئینسانەکانی کۆمەڵگا لە پرۆسەی دەستنەگەیشتنیاندا بە ئیمکاناتە مادیی و مەعنەوییەکانی کۆمەڵگادا، پەیوەندییەکی ڕاستەوانەی هەیە بە خوڵقاندنی دیاردەی ڕاو وڕووت لە کۆمەڵگادا.

واتا تا کۆمەڵگای چینایەتی و ئاسەوارەکانی لە ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگادا لە ڕێگەی خەدەماتە کۆمەڵایەتییەکانی دەوڵەت و دامودەستگاکانیەوە کەمکرابێتەوە، خۆپارێزی کۆمەڵگا بە ڕووی دیاردەی ڕاوڕووتدا بەهێزتر دەبێت.

ڕەنگە قسەی ئەو پیرەمێردە ئاڕئاڕچییەی کە لە گەرمەی ڕاوڕووتی شارەکانی کوردوستاندا، ڕۆشنتر ئەم پرۆسەیەمان بۆ ڕوونبکاتەوە. ئەو پیرەمێردێکی بە ساڵاچووە و  سۆپایەکی نەوتی ناوەتە سەر سەری و ژنێکی ڕێبوار پێیدەڵێ:” وەڵا مامە گیان هەر بۆ تۆ باشە”، کەچی مامە پیرە بەو پەڕی توڕەبوونەوە وەڵامدەداتەوە و دەڵێ:” بۆ دادە گیان پێمان ڕەوا نابینیت؟” ئەو هێزە چییە کە وا لە تاکێکی کۆمەلگا دەکات کە سۆپای مەکتەبێکی مناڵانی قوتابخانەیەکی شارەکەی بەهی خۆی بزانێت، جگە لەو خەون و خولیا چەپێنراوانەی کە سیستەمی چینایەتی لەو دیو سنوورەکانی حەز و خواستە فەردییەکانی ئینسانەکانەوە دیلیکردوون. 

 

 
 

 
 

Check Also

ئاپۆکالیپس لە “سەرما و بەرد”ی دلاوەر قەرەداغیدا

بەکر ئەحمەد: لە فیستیڤاڵی فیلمی ٢٠١٨ ی یۆتۆبۆریدا، چەترێک وەک ناونیشان کۆمەڵێک تەوەری ناوەرۆکی فیلمەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *