ناو: کرێکاری کوڕی خەلفەی کوڕی وەستا
ناونیشان: بەیانیان و ئێواران لەبەر دەرگا
بڕوانامەکان: دبلۆمی هونەری لە سەقف شکاندنا
ماجستێر لە دیواری بەرد و بلۆک و خشتا
هەشت ساڵ ئەزموون لە تەختە بەستنا
دکتۆرای فەخری لە گەچکارییا
ئارەزوو: سیل و دیق بە ئەم و بە ئەو
وەعد بەخشین بە شەش حەوت زەلام لە عەینی وەختا
دەسبڕین بە مەترەکاری
سیخورمە ساڵی نۆیەم 1ئایاری 2005
یەکێک لەو باسە داغانەی لە کاتی گەڕانەوەمدا بۆ کوردستان لە سێپتێمبەری ساڵی پاردا کە لە هەموو کونج و کەلەبەرێکی شارێکی وەک سلێمانی و هەندێک ناوچەی تردا باسی لێدەکرێت، گیرخواردنی بەشێکی هاوڵاتییانە بە دەست کرێکارەوە. “بابە گیان هەناوم ڕەش بۆتەوە بە دەست کرێکارەوە، کەس ئامادە نییە کار بکات، یان بە ئارەزووی خۆیان کار دەکەن.”
ئەم یاخیبوون و ئامادەنەبوونەی بەشێکی زۆری کرێکارانی کوردوستان بۆ فرۆشتنی هێزی کاری خۆیان بەو شەرتەی کە کەسانی دیکە دەیانەوێت، هاوکاتە بە و پرۆسەی بیناسازییە بێ نەخشە و پلانەی کە سەرتاپای ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی گرتۆتەوە. کارێک کە ئەگەر بۆ ساتە وەختێکیش بێت ، جۆرێک لەدەسنەکەوتنی هێزی کاری کرێکارانی بیناسازی لە کوردستاندا بە وجود هێناوە، هاوکاتیش شەپۆلێک لە کرێکارانی تری شارەکانی تری عێراقی ڕاکێشکردۆتە ناو بازاڕی کوردستانەوە.
سەیریش لەوەدایە، بەشێک لەو کەسانەی کە لە نەبوونی هێزی کاری پێویستدا بۆ بە ئەنجامگەیاندنی کارەکانیان لە نەبوونی کرێکار دەناڵێنن، بە گاڵتەوە دەڵێن:” ئەمە ئەو پرۆلیتاریایە کە چەپەکان بە شان و باڵیدا هەڵدەدەن.” ئەوەی کە بۆ من جێگای سەرنجە، پرۆسەی هەناو ڕەش بوونی کەسانێکە بە دەست کەسێکەوە کە لە ئەدەبیاتی سیاسی کوردستان و زۆر شوێنی دیکەی جیهانی بەناو سێدا، بڕیار بوو پاکژکەرەوەی هەناوی ڕەشهەڵگەراوی ئەو کۆمەڵگایە بێت کە کاری کرێگرتە و کاریگەرییە ئابوورییە، کۆمەڵایەتییە، کولتورییەکانی ، لە یەک بە یەکی شانەکانی جەستەی کۆمەڵگادا کاریگەری داناوە.
“کرێکارانی بیناسازی ئەمڕۆکەی کوردستان تەمبەڵ بوون، هینی خۆیان شۆڕکردۆتەوە و بە کەیفی خۆیان کار دەکەن”، ئەگەر دەردی دڵی زۆرێک لەو کەسانەی کە دەبنە خاوەن مالی نوێی ئەمڕۆی کوردستان، بهێنرێتە سەر کاغەز، ئەوا لەم دەربڕینانە بریندارکەر تر و تەنانەت تووند تر دێنە بەر گوێ.
واقعییەتیش ئەوەیە لە مڕۆی کوردستاندا کرێکارانی بیناسازی، لانی کەم خۆیان بڕیاردەری ئەوەن هێزی کاری خۆیان “ئازادانە” لە بازاڕی ئازادی کوردستاندا بفرۆشن. واتا ئەوەی کە بە پرۆسەی ” عەرز و تەڵەب”ی کاڵا دەناسرێت، بە تەواوی هێزی خۆیەوە لە کاردایە.
ئەم سەرگوزشتانەی کە لێرە و لەوێ دەبیسترێن و کەمتریش هێنراونەتە سەر کاغەز، خاڵی دەسپێکردنی من دەبێت بۆ سەرنجدان لەو ئاڵوگۆڕەی کە بازاڕی ئەمڕۆی کوردستان لە بەرانبەر بەشێک لە چینی کرێکاردا هێناویەتە ئاراوە، سەرنجدانێک کە خاڵی دەسپێکردنەکەی “تەمبەڵ” ی و “ئامادەنەبوون بۆ کارکردن”ی بەشێک لە کرێکارانی کوردوستان نییە لە هەنگاوی یەکەمدا، بەڵکو سەرنجدانێک دەبێت لەو کائینەی کە بە کرێکار دەناسرێت و زرنگانەوەیەکی گەورەی لە گویماندا پێک هێناوە. ئەم ناو و ناتۆرانەی کە لە شێوەی گلەیی و گازندەی بەشێک لە خەڵکی کوردستانەوە باسی لێدەکرێت، بەر لەوەی چیرۆکی کارنەکردنی فڵانە کرێکار بێت، لە خۆیدا بەرز نیشاندانی وێنەی ئەو قارەمانەیە کە بزووتنەوەی چەپ لە مێژووی کوردوستاندا نەخشاندوویەتی. بەڵام وێنەیەکی پڕ لە دژایەتی، لەلایەک وێنەکە پۆزەتیڤ بەرجەستەدەکرێتەوە بەو چاوەڕوانییانەی کە کۆمەڵگا لە پڕۆلیتاریای هەیە کە خوڵقێنەری دنیایەکی دیکەیە ئەگەر خۆی بۆ ئەو مەبەستە بێتە مەیدان، لەلایەکی دیکەوە ، وێنەی کرێکارێک دەداتە دەست کە بێ دەنگ و وشە لە زارەوە دەرنەهاتوو کە ئەگەر هەرچییەکی پێبووترێت دەبێ جێبەجێیکات.
بەڵام لە هەر دوو لایەنی وێنەکەدا، ئەووی وندەبێت و دیار نییە ، ڕوخساری ڕاستەقینەی پڕۆلیتاریایە کە وەک قارەمانی چەپ دەناسرێنرێت. کۆشی من لەم نووسینەدا، گەڕانەوەی دەموچاوی ڕاستەقینەیە بۆ کرێکار وەک ئەوەی مارکس مەبەستییەتی، نەک وەک ئەوەی بزووتنەوە سیاسییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لە کرێکاریان نەخشاندووە.
ئەگەر پێشمەرگە، ڕۆحی گوتاری ناسیۆنالیزم بووە، ئەوا کرێکار بۆ بەشێکی زۆری بزووتنەوەی چەپ لە کوردوستاندا، هەمان جێگای هەبووە. ئەگەر چی کرێکار لەلایەن زۆرێک لە بزووتنەوە سیاسییە چەپە ناسیونالیستەکانی عێراق و کوردوستانەوە، لە مێژوویەکی درێژدا، جێی بە کەسێکی تر پێدەگیرێتەوە کە جووتیار یاخود گەلە . بە واتایەکی دی، “گەل ” و “جووتیار” لە ئەدەبیاتی چەپی سوونەتی عێراق و کوردوستاندا، ئەو ناوانەن کە لە پاڵ “داس و چەکوش”ی ئەو هێزانەدا، بە دەموچاوێکی ترەوە ئامادەیییان هەیە.
لە گوتاری ناسیۆنالیزمدا، پێشمەرگە ئەو کائینەیە کە لە هەموو خەسڵەتێکی سەر ئەرزی دابڕاوە و کراوەتە کائینێکی ئەفسانەیی. پێشمەرگە هێندە لە سۆپەرمان نزیک دەبێتەوە، هێندە بە زیندەوەرێکی زیندووی ناو کۆمەڵگا ناچێت. بێگوومان پڕوپاگەندەی ناسیۆنالیستی و شەڕی چەکداری ئەو چوارچێوە سیاسییە ئایدیۆلۆژییە کۆمەڵایەتییەن کە چەمکی پێشمەرگەی تیا پێناس و دووبارە پێناسدەکرێتەوە.
دروستکردنی کائینێکی ئەفسانەیی لە پێشمەرگە، هەر بەتەنها بە شوێن دیلکردنی ئەو کائینەوە نییە لە ناو زیندانەکانی “ئەفسانەئاسای” پێشمەرگە خۆیدا ، بەڵکو پەیامێکی کۆمەڵایەتییانەی تری هەیە ڕوو بە کۆمەڵگا.
لە دۆخی یەکەمییاندا، واتا بە “ئەفسانەکردنی” کەسایەتی پێشمەرگە، ئەو دەخاتە ناو جەنگێکی هەمیشەیی نەبڕاوە لە گەڵ خۆدا. جەنگێک کە تایبەتمەندییە زاتییە فیزیکییەکانی ئینسان جۆرێک لە ژیان و نۆرمی ئینسانی بۆ دەسنیشانکردووە، لەولایشەوە ئەفسانەی “پێشمەرگە بوون” کۆمەڵێک چوارچێوە و سنووری تری بۆ داڕشتووە کە ئەو دەبێت وەک پێشمەرگە بە وردی ئاگادارییان بێت و ملکەچی ڕێساکانی بێت.
پێشمەرگە لە گوتاری ناسیۆنالیزمدا، دەبێت کون لە جەرگیدا نەبێت، هەمیشە ئامادە و هەمیشە ڕاوەستاو لە بەرانبەر مەرگدا. ترس لێنیشتن، نەوێران و گریان، پێکەنین، تەواوی تایبەتمەندییە فیزیکییە زاتییەکانی ئینسان کە دەبوایە بەشێکی سروشتی و دانەبڕاوی خەسڵەتی ئینسانەکان بێت، لە ژێر کاریگەری ئەفسانەکانی پێشمەرگە بووندا دەبێت ئاسەوارییان کوێر بکرێنەوە و بچەپێنرێن. وای بە حاڵی ئەو پێشمەرگەیەی لە دواوە بریندار دەبێت، وای لە حاڵی ئەو پێشمەرگەیەی ئەگەر لە دووری سەدەها کیلۆمەتریشەوە بووە بتوانێ بە جلوبەرگێکی ئاسایی غەیری سەربازییەوە بیەوێت بخەوێت. ئەو ڕۆڵەی کە بە پارێزەری ئەم “شاخانە” دەسپێردرێت، دەبێت پێشمەرگە لە تەواوی خەسڵەتە ئینسانییەکانی خۆی بخات و بۆ ئەوەی بتوانێت پڕاوپڕی وێنەی ئەو کائینە ئەفسانەیی بێت کە ناسیۆنالیزم بۆ پێشمەرگەی کێشاوە .
وێنەی ئەم سۆپەرمانە هێندە بەرز دەکرێتە وە و لە قەوارەی خۆی جێگای بۆ داگیردەکرێت، کە نوکتەی لە چەشنی” پێشمەرگە ئەو کەسەیە کە دەبابە دەخوات و بە عەموودی کارەبا دانەکانی پاکدەکاتەوە” دەبێتە بەشێک لەو دژە وێنانەی کە لە ڕێگای نوکتەوە دەیەوێت پێشمەرگە بگێڕێتەوە بۆ ناو شوناسە ئینسانییەکەی خۆی.
بەڵام ئەفسانەکانی پێشمەرگەبوون هەر تەنها بە شوێن ئامادەکردن و لە پێشەوەی مەرگدا دانانی ئەو کەسانە نین کە دەبێ چەکلەشانی هێزەکانی ناسیونالیزمی کورد بن و لە ناو زیندانەکانی کائینێکی ئەفسانەیدا واز لە خەسڵەتە ئینسانییەکانی خۆیان بینن، بەڵکو بە دیوێکی تریشدا، ئەم ئەفسانەسازکردنە لە پێشمەرگە، لە کۆمەڵگادا کاریگەرییەکی دیکە دادەنێت کە بێئیرادەکردنی جەماوەرە لە دەسبردنیدا بۆ هەرکارێکی شۆڕشگێڕانەی دیکە. واتا چەمکی:” ئەگەر پێشمەرگە نەبێت، شاخەکانمان هەتیو دەبن” ، بە جۆرێکی تر لە کۆمەڵگادا کاریگەری دادەنێت کە ئەگەر ئەم کائینە ئەفسانەییە نەبێت، شارەکانیشمان هەتیو دەبن.
بەوەی کە سەرتاپای مێژووی ناسیونالیزمی کورد و خەباتەکەی لە گشتییەتی خۆیدا خەباتی چەکدارییە، هیچ جێگا و ڕێگایەک بۆ خەباتی دیکەی جەماوەری نامێنێتەوە، ئەگەر چی دڕندەیی ڕژێمێکی وەکو بەعسیش نەیدەتوانی بەر بە خەباتی جەماوەری ناو شارەکانی کوردستان بگرێت، بەڵام گوتاری ئەفسانەسازکردن لە پێشمەرگە لە ناو جەماوەرێکی بەریندا کاریگەری گەورە دادەنێت. کشانەوەی یەکەمین مەفرەزەی هێزی پێشمەرگە لە شارەکانی کوردستان لە ئاخرین ڕۆژەکانی ڕاپەڕیندا، بە کەمەرشکاندنی ئیرادەی هەزاران کەسی دیکەی ناو شارەکانی کوردستان کۆتایی دێت. وەک ئەوەی بڵێیت کە ئەگەر پێشمەرگە نەبێت، جەماوەری بەرینی خەڵک هیچیان پێناکرێت . گەورەیی ئەم کاریگەری ئەفسانەسازییە لە پێشمەرگە، لە بڕگە مێژووییە جیاوازەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کورددا، دەیەها نموونەی زیندووترمان نیشاندەدات.
بەڵام لەمڕۆدا و لە پاش شەڕی ناوخۆوە و دەسەڵاتدارێتی باوکی ئەو بزووتنەوەیەی کە لە خوڵقاندنی ئەفسانەکانی پێشمەرگە بووندا وەستای گەورە بووە، پێشمەرگە ئەو ڕەونەقەی نامێنێتەوە و و زیاتر بە ئینسانێکی عادی ناو کۆمەڵگا نزیکبدەبێتەوە، بە تایبەتیش کاتێک ئەو لەمڕۆکەدا وەک هەر کرێکارێکی کرێگرتە خاوەنی مووچەی مانگانەی خۆیەتی و پشووی هەیە و چاویلکەی مارینز لە چاو دەکات و دڵداریش دەکات.
نیشاندانی ئەم وێنە ئەفسووناوییەی بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کورد و یەکێک لە قارەمانەکانی، بۆ دەرخستنی دژایەتی نێوان خودی پێشمەرگەیە وەک ئینسان و ئەو تایبەتمەندییە دروستکراوانەی تر لە پێشمەرگە کە پرۆژەیەکی سیاسی لە پشتییەوە کار دەکات. هاوکات بۆ تێگەیشتنە لە کرێکار، وەک پالەوانی بزووتنەوەیەکی دیکەی سیاسی کە لە یادەوەری کۆمەڵگا و ئینسانەکانیدا، بە جۆرێکی تر نەخشێنراوە. هەر بۆیەش لە قسەوقسەڵۆکی سەرجادەکانی کوردستانەوە سەبارەت بە و پڕۆلیتاریایەی بڕیار بوو ڕزگارکەر بێت، کەچی کەڵەکچی و فێڵباز و دەسبڕخۆی دەنووێنێت، دەمەوێت بگەڕێمەوە سەر وێنەی کرێکار و ئەو ئەفسانانەی کە لەسەر ئەو دروستکراون.
وێنەی کرێکار و بزووتنەوەی چەپ
بۆ مارکس، دەستگرتن بە کرێکارەوە و بەکارهێنانی ئەم کائینە وەک ڕزگاریبەخشی کۆمەڵگا، هیچ بنەمایەکی نەداری و هەژاری و تەنانەت سیفاتە باشەکانی ئینسانی نییە. لە زەمەنی مارکس و شۆڕشی پیشەسازیدا دەیەها گروپی جۆراوجۆری دیکەی کۆمەڵایەتی ئامادەیی هەیە کە لە باری نەداری و هەژاری هەلومەرج خراپی ژییانەوە، چەندین جار لە پڕۆلیتاریا هەژار و نەدار تر بوون، بەڵام هیچ کام لە و گروپانە نابنە “قارەمان”ی ئەو شۆڕشە کۆمەڵایەتیەی کە مارکس لە ڕێگەی دژایەتییە ناکۆکییەکانی ناو سیستەمی سەرمایەدارییەوە بە پرۆلیتاریای دەبەخشێت. بۆ مارکس ڕۆڵی پرۆلیتاریا لە جێگا و ڕێگای ئەم کائینەدایە لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا و لە و هاوکێشەیەی کە دژایەتی نێوان کار و سەرمایە خوڵقاندوویەتی. پرۆلیتاریا بەوەی تاکە چینێکە لە موڵکایەتی تایبەتی دەسکۆتاکراوە و ناچاردەکرێت کاری ڕۆژانەی خۆی بفرۆشێت، توانای هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستەمەی هەیە کە لەسەر موڵکایەتی تایبەتی هەڵچنراوە. بێگومان ئەمە نەک بە و تەفسیرە میتافیزیکییەی کە کۆمۆنیزمی ڕووسی لە پەیوەند بە چەمکی “حەتمییەتی مێژووەوە” لە زەهنی بەرەیەکی گەورەی ئینسانە چەپەکاندا خوڵقاندوویەتی، بەڵکو ڕێک بە مانای ئەو پرۆلیتاریایەی کە مانیفێستی مارکس بەیاننامەی پراکتیکی شۆڕشگێڕانەیەتی. واتا پرۆلیتاریایەک کە کە دەیەوێت مولکایەتی تایبەتی هاڵوەشێتەوە تا نەک هەر خۆی، بەڵکو خودی کۆمەڵگاش لە دیوەزمەکانی موڵکایەتی تایبەت ڕزگار بکات. بە واتایەکی دی، کۆمەڵگای چینایەتی کە لەسەر جێگا و ڕێگای جیاوازی ئینسانەکان لەبەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی ئەواندا هەڵچنراوە و پلە و پایەی کۆمەڵایەتی جیاواز بۆ ئینسانەکان دروستدەکات، تەنها لە رێگای هەلوەشاندنەوەی کاری کرێگرتەوە ئەنجامدەدرێت کە پرۆلیتاریا توانای بە ئەنجامگەیاندنی هەیە. ئەمانەش هەمووی بە مەرجێک پڕۆلیتاریا ئەو ئیرادەیە لە خۆی نیشانبداتَ
مارکس لە ” ڕەخنە لە فەلسەفەی مافی هیگڵ”دا بە شێوەیەکی زۆر هەمەلایەنە لە پەیوەندی بە پرۆسەی ئازادی ئەڵمانیادا ئەمە ڕووندەکاتەوە:”چۆن فەلسەفە لە پرۆلیتاریادا کەرەستەی چەکی خۆی دەبینێتەوە، هەروەهاش پرۆلیتاریا لە فەلسەفەدا چەکە ڕۆحییەکەی خۆی دەبینێتەوە”
بەڵام تەفسیری جۆراوجۆری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لە پرۆلیتاریا، بە پێی ئەو بەرژوەندییەی کە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی بەشوێنیەوە بووە، وێنەی جۆراوجۆری پرۆلیتاریامان پێشکەش دەکات کە لە ئاستی نێونەتەوەیی و ناوخۆیی وڵاتە جیاوازەکاندا گەلێک لێکچوونی نزیکییان هەیە.
وێنەی کرێکار لە بەشێکی زۆری هونەری نیگارکێشاندا لە سەرتاپای جیهاندا و بە کوردوستانیشەوە، وێنەی “هەرقل”ێکە کە بازووی گەورە و ماسولکەکانی دەبێتە پەیام. بە واتایەکی دی، ئەو ڕزگارکەرەی لەم وێنانەدا نیشاندەدرێت، ئەو پاڵەوانە نییە کە مارکس ڕۆڵی ئەم شۆرشِِگێڕەی پێدەبەخشێت، بەڵکو قارەمانێکە کە توانا فیزیکییەکانی وەک داینەمۆی ئاڵوگۆڕپێهێنەر لە سەنتەردایە. لە کۆنتێکستێکی کوردیدا، سەرنجدانی ئەم وێنە شیعرییەی کە لە ڕێگای چەپی ئێرانەوە دێتە ناو بزووتنەوەی چەپی کوردستانی عێراق، دەکرێ سیمای ئەم قارەمانەمان پیشانبدات کە هەزاران فرسەخ لە دیدی مارکسەوە دوورە. لە دەورانی شوراکاندا، شیعاری :” سەرمایەدار چەک دانێ، لەش و لارت نایتوانێ”، گێڕەرەوەی وێنەی قارەمانێکە کە بازووی بەهێزی و ماسولکە گەورەکانی: لەش ولار توانینی، ئاستی شۆڕشگێڕبوونی ئەو دەنەخشێنێت.
وێنەی ئەم پڕۆلیتاریا شۆڕشگێڕە، کاتێک بە تەواوەتی دەردەکەوێت کە لە بەرانبەر دژە وێنەی خۆیدا دادەنرێت. بە واتایەکی دی، وێنەی بۆرژوازی وەک دژە چینی پڕۆلیتاریا. بۆرژوازی لەم دژە وێنەیەدا و لە هونەری نیگارکێشان و شیعریشدا، کائینێکە کە ورگێکی زل و غەبغەبەیەکی چەند کیلۆیی سادەترین تایبەتمەندییەکانییەتی. ئیتر بۆرژوازی نەک بەوەی خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و موڵکایەتی تایبەتییە و دەکرێ وەزنی لە پەنجا کیلۆش تێنەپەڕێت، توانای ڕاگرتنی سیستەمی کاری کرێگرتەی هەیە، بەڵکو سیمای جەستەیی ئەو دەبێتە جێگای تێڕامان. هیچ کام لەم وێنانە، بە وێنەی پڕۆلیتاریا و بۆرژوازیشەوە، تەماشاکردنی دوو چینی کۆمەڵگای سەرمایەداری نین وەک ئەوەی مارکس لێی دەدوێت، بەڵکو دروستکراوی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆرترن کە جەوهەری ڕەخنەی خۆی لە سەرمایەداری لە ڕەخنەیەکی ئەخلاقیدا چڕدەکاتەوە. هەر بۆیەش لە دوا ئەنجامدا ئێمە خۆمان لەبەرانبەر دوو کائینی دیکەی دروستکراوداین بە چەندین تایبەتمەندی شەخسی دروستکراوەوە.
ئەگەر کەمێک بگەڕێنەوە سەر وێنەی ئەو پڕۆلیتاریایەی کە کەرەستەی ڕەخنەکانی بەشێکی ئەمڕۆی شەقامی کوردییە، کرێکارانی بیناسازی و پڕۆلیتاریایەک کە داخی کردۆتە دڵی خاوەن ماڵە تازەکانی کوردستانەوە ، ئەوا دەکرێ خۆمان لەبەرانبەر وێنەیەکی دیکەی پڕۆلیتاریادا ببینینەوە کە تایبەتمەندی بەشێکی بەرچاوی بزووتنەوەی چەپی کوردوستان بووە، نەک هەموو ڕەوتەکانی ناو بزووتنەوەی چەپ.
“بابە گیان هەناوم ڕەش بۆتەوە بە دەست کرێکارەوە، کەس ئامادە نییە کار بکات، یان بە ئارەزووی خۆیان کار دەکەن. ئەمە ئەو پرۆلیتاریایە کە چەپەکان بە شان و باڵیدا هەڵدەدەن.”
وەک لە سەرەتاوە ئاماژەم پێدا، ئەم دەربڕینە دوو شتی جیاواز لە خۆیدا هەڵدەگرێت. یەکەمییان وێنەی پڕۆلیتاریایە وەک قارەمانێکی ڕزگاریبەخش، بەڵام ڕزگاریبەخشی کامە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی، هێشتا ڕۆشن نییە. دووەمیان: وێنەی پرۆلیتاریایەکە کە تەنها لە شیعاری سیاسیدا وێنەی قارەمانئاسای خۆیمان نیشاندەدات، نەوەک کاتێک سنوورێک بۆ فرۆشی کاری خۆی دادەنێت و خۆی بڕیاردەرە بە کێی دەفرۆشێ و بەکێی نافرۆشێ.
بەڵام بەشی دووەمی ئەم وێنەیە هێندەی لەو تایبەتمەندییە دروستکراوانەدا خۆی دیلدەکات کە بە کرێکاروە لکێنراون، هێندە بە شوێن تایبەتمەندیی کرێکارەوە نییە وەک ئەوەی مارکس باسی لێوەدەکات. بە واتایەکی دی، ئەم پاڵەوانە ڕزگاریبەخشە، بە شوێن و جێگای تایبەتی خۆیەوە ناناسرێتە وە کە ئەگەر دەست بۆ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە بەرێت بە شوێن ئامانجی بزووتنەوەکەی خۆیەوە، بەڵکو هێشتا بە شوێن ئەو تایبەتمەندییە شەخشسی و دروستکراوانەوەیە کە بە کرێکارەوە لکێنراون و داوای لێدەکات لەبەر ئەوەی قارەمانی ڕزگاریبەخشە، دەبێ کوڕی چاک بێت و ملکەچی یاساکانی بازاڕ بێت و لە سنورییان نەچێتە دەرەوە. من تەئکید لەسەر کوڕی چاک بوونی کرێکار دەکەم، چونکە تا ئێستاش وێنەی کرێکار لە زەینی گشی کۆمەڵگای کوردوستاندا وێنەی پیاوە نەک ژن.
ئەوەی ڕەخنەی شەقامی ئێستای کوردی لە کرێکارانی بیناسازی دەیگێرێتەوە، کاڵبوونەوەی وێنەی قارەمانێکە کە پەیامی بەشێکی زۆری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لە کرێکارییان خوڵقاندووە و لە سنووری تایبەتمەندییە فەردی و شەخسییەکانی ئینسانێکی باشدا دەسوڕێتەوە. ئەگەر ئەو قارەمانێکی ڕزگاریبەخشە، دەبوایە کەڵەکچی نەبوایە و بەو شێوەیە ببوایە کە ئێمە چاوەڕوانیمان لێی هەیە، ئەمە ئەو پەیامەیە کە بە زمانێکی سادەتر دەیەوێت بدوێت. هاوکات شەقبوونی ئەو وێنەیەیە کە کرێکار و کرێکار بوونی وەک دیاردەیەکی پۆزەتیڤ نەخشاندووە و یەک خەرمانەی موقەدەسی بە دەوردا گێڕاوە.
بەڵام ئەم وێنەیە کە تیایدا پڕۆلیتاریا قارەمانە، تایبەتمەندییەیکی خۆرهەڵاتییانەیشی هەیە کە زیاتر لە وێنەی ئەو “الناجی”یانە نزیکدەبنەوە کە ڕوخسارێکی پێغەمبەرئاسایان هەیە ءبێغەلوغەش نیشاندەدرێن. وێنەیەک کە کەمتر لە پاڵەوانەکانی ئەو کۆمەڵگایانە دەچن کە ئومێدیان بە گەیشتنی “ڕزگاریبەخشێک” نەماوە و سۆپەرمان تەنها لەسەر شاشەی سینەماکان دەکرێ سۆپەرمان بێت نەوەکو ئومێد و خەونێکی گەورە ی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبێت. بەڵام لە وێنەی “پێشمەرگە” و “پڕۆلیتاریادا”، قارەمانێکی بێغەل وغەش و ڕزگاریبەخش، بە هەموو قورساییەکانی کە ئەم وێنانە لەسەر زەینی ئینسان دایدەنێن. ئامادەییان هەیە.
کرێکاربوون لە خۆیدا شایەنی ڕێزلێنان و بە پیرۆز سەرنجدان نییە. ئەمە نەک بە مانای ڕێزنەگرتن لە کەسی کرێکار. ئەوەی کاری پیرۆزکردووە لە کۆمەڵگای ئێمەدا لەو دیدە ئایینییەوە سەرچاوەی گرتووە کە “کاسب بە حەبیبی خوا” لە قەڵەم دەدات. کرێکارێک کە پاڵەوانی ڕزگاریبەخشی کۆمۆنیزمی مارکسە، خودی چەمکی کرێکار و کرێکار بوون هەڵدەوەشێنێتەوە بە مێژووی دەسپێرێت. ئەو تێناکۆشێت تا کرێکاربوون وەک شوناسێکی ئەزەلی و ئەبەدی بهێڵێتەوە، بەڵکو ئەو لە سڕینەوەی شوناسی کرێکاربوونەوە کە هاوشانە بە سڕینەوەی کاری کرێگرتە، شوناسی ئینسانی خۆی دەدۆزێتەوە. واتا پڕۆلیتاریای مارکس، قارەمانێک نییە تا لەسەر تەختی پیرۆزی دانیشێت، بەڵکو خودی خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە. واتا ئەگەر بە زیندووگەڕانەوەی قارەمان لە جەنگدا، سەرەتای نمایشی قارەمانئاسای پاڵەوان دەسپێدەکات، ئەوا پڕۆلیتاریای مارکس، ئەم گەڕانەوەیە لە مەرگی خودی پڕۆلیتاریادا تەواو نمایشدەکات.
بەڵام کرێکار خۆیشی وەک هەر تاکێکی کۆمەڵگا ئەگەر بە شوێن ئەو پەیامە سیاسییەی بزووتنەوەی سیاسی خۆیەوە نەبێت و بۆ ڕزگارکردنی خۆیی و کۆمەڵگا تێنەکۆشێت، دەکرێ قارەمانێکی دیوەزمەی خوڵقێنەری دڕندانەترین سیستەمی تۆتالیتاری وەک نازیزمی ئەڵمانی بێت. هیچ هێزێک لە کوردستاندا بەقەدەر یەکێتی و پارتی ئەحزابی کرێکاری نین. ئەمە بەوەی کە پەیکەرەی گەورەی ئەندامانی ئەم دوو هێزە سیاسییە کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستانن و زەخیرەی گەورەی بەرهەمهێنانەوەی بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردن کە دژایەتییەکی گەورەی بە پەیامی ئەو کرێکارانەوە هەیە کە مارکس ڕۆڵی قارەمانییان پێدەبەخشێت.
ئەو پرۆلیتاریایەی کە جێگای سەرنجدانی مارکسە، پرۆلیتاریایەکە کە لە دۆخی” چین لە خۆیدا” خۆی کردووە بە “چینێک بۆ خۆی”. بەڵام ئەو دۆخەی ئەمڕۆ ئێمە لە کوردستاندا خۆمانی لەبەرانبەردا دەبینینەوە، کۆششی بەشێک لە پڕۆلیتاریای بیناسازییە کە گەشە و ڕەونەقی سەرمایەداری کاردانەوەیەکی خۆڕسکانەی پێبەخشیو ە و هێشتاکە لە دۆخی “چین لە خۆی”دا خۆی نەگۆڕیوە بۆ “چین بۆ خۆی” .
ئەگەر کارکردنی بەشێکی زۆری کرێکارانی بیناسازی بە خواستی خۆیان لەم پرۆسە کاتییەی ڕەونەقی ئابووری کوردستاندا، وێنەی قارەمانی چەپ لە کرێکارێکی گوێڕایەڵی یاسکانی بازاڕ و کوڕی چاکەوە دەگۆڕدرێت بە کابرایەکی تەمبەڵی کارنەکردووی دەسبڕ، وەک قسەڵۆکەکانی بەشێکی شەقامی کوردی دەیگێڕێتەوە، هاوکات کرێکار دەخاتەوە شوێنی خۆیی و تەواوی ئەو تایبەتمەندییە دروستکراوە شەخسییە پۆزەتیڤانەی بەم پاڵەوانەوە لکێنراوە دەگۆڕێت و دەبێتەوە بە و قارەمانەی کە مارکس لە مێژوودا دەیدۆزێتەوە. کرێکارێک کە دەکرێ “کورێکی باش” نەبێت بەڵام قارەمانێکی سەرسەختی بەدەستهێنانی کۆمەڵگایەکی باشتر بێت.
لە کۆتاییدا دەمەوێ ئەوە بڵێم کە بەرنەفرەتکەوتنی کرێکارانی بیناسازی لەمڕۆدا کاتێک دەیەوێت کاری خۆی بە ئارەزووی خۆی بفرۆشێت، کۆششی ئەو دیدە سیاسیەیە کە خوازیارە قارەمانانە دروستکراوەکەی دەستی لەو بەرگەدا بمێنێتەوە کە ئەو خوازیاریەتی، وێنەیەک کە کرێکاری لە تایبەتمەندییە شەخسی و زاتییەکانی ئەودا قەتیسکردووە و ئەفسانەیەکی سەیری ئاسمانی لەم کائینە خوڵقاندووە، نەک بەوەی ئەم کائینە لە واقیعدا چۆنە، بەڵکو بەپێی خواستەکانی ئەو بزووتنەوەیەی کە ئەم جۆرە کرێکارەی پێویستە.