شیعری “کارەسات”ی شێرکۆ بێکەس لە گۆشەی “تایبەت بە ئاوێنە”دا و لە ڕۆژی 18ی نیسانی 2006دا بلاوکراوەتەوە. خەمێکی شاعیرانە و هەڵوێستوەرگرتنێکی دیکەی شێرکۆیە لە زەمەنێکدا کە ” هەموو ڕۆژێک تاَڵێک لە تیشکی چاوانی ئەم وڵاتە دەدزرێت و گەلێ شەویش، لە خوێنی مانگی خۆشبەختی دەدزرێت و دزیش هەر دەستی خۆمانە و خوێنیش هەر خوێنی خۆمانە”
بێگومان، دەستنیشانکردنی مێژووی شیعرەکە، واتا نیسانی ، 2006جێگایەکی تایبەت لەم نووسینەدا داگیردەکات، من لە شوێنێکی تایبەتی ئەم نووسینەدا دەگەڕێمەوە سەری. چونکە لە نێوان ساڵانی هەشاکانی سەدەی ڕابردوو و 2006ی سەدەی نوێدا، هەم کۆمەڵگا ئاڵوگۆڕێکی گەورەی بەسەردا هاتووە و هەمیش ئەو بزووتنەوەیەی کە لە سایەیدا ئەم شیعرە دەکاتە زەنگی کارەساتێک. ئەگەر پەیامی شاعیرمان درک پێکردبێت.
ئەوەی کە زەنگی کارەساتێک لیبَدەدات لەم شیعرەدا، بەجیا لەو وێنە شیعرییانەی سەرەوە، دزینی “تاڵی پرچی خانمەکەی دادپەروەرییە”، بە جۆرێک کە ئییدی “قژی پڕی خانمەکەی دادپەروەری هەمووی دزراو، پەنجەکانی هەمووی دزراو، دانەکانی هەر دزراو” . بۆیەش ئیدی غەمی گەورە دەبێ بەوەی کە:” ئەم خانمە بەستەزمانە، بە سەرێکی ئەسڵەعەوە وبە دەستێکی بێ پەنجەوە و بە زاری بێ ددانەوە، کێ دەیخوازێ.”
لەگەڵ ئەو وەسفکردنەی سەرەوەدا، ئێمە خۆمان لەبەرانبەر تابلۆی خانمەکەی دادپەروەریدا دەبینینەوەکە نەک ئارامی بە تەماشاچییانی ئەم تابلۆیەی کۆمەڵگا دەبەخشێتەوە، بەڵکو دەشیانتۆقێنێ. بەڵام ئەم تابلۆیە لە واقیعدا هێندە ناشیرین و دڕندە نایەتە پێش چاو. ئەگەر بۆ ساتە وەختێک ڕۆڵی کۆمەڵێک تەماشاچی جۆراوجۆر لە خۆ بگرین.
من ناوم بەردوەشێنێکی سەر شەقامەکانی کەلارە. بە تاوانی ئاژاوە و بەردگرتنە دەرودیواری بنکەیەکی پۆلیس یاخود ئاسایش لە کەلاردا، لە بەرانبەر خانمەکەی دادپەروەریدا ڕاگیراوم. تێهەڵدان و سووکایەتیکردن بەمن لە ئاسایش و پاشان زیندانیکردم، لە ژێردەستی پیاوانی بەردەمی خانمەکەی دادپەروەریدا ئەنجامدەدرێت. ئەو خانمی دادپەروەرییەی کە یەک بەیەکی ئەو یاساو چوارچێوە قانوونیانە دەداتە دەست پیاوانی دادگا. بڕیاری دادگا بۆ منی “تاوانبار”، لە بەرقەرارکردنی عەدالەتەوە سەرچاوەی گرتووە. ئاخر گوناحی من ئەوە بوو بۆ بەرقەرارکردنی چکێکی کەم لە عەدالەتی کۆمەڵایەتی، کاتێک بە زمانی دەنگ بۆم دابین نەکرا، کەوتمە بەردەفڕکێ. ئەگەر یاساکانی دەستی ئەم خانمەی دادپەروەری، بەو هەموو وەسفکردنەی شێرکۆوە بۆ من دزێو دێتە پێش چاو، بۆ پیاوانی دانیشتووی هۆڵی دادگا، تەواو پێچەوانەیە. واتا ئەم خانمە هێندە سیمایەکی تۆقێنەری نییە و بگرە جوانترین سیمای دەسەڵاتێک دەداتە دەست، کە منی سەربازی عەدالەتی کۆمەڵایەتی بۆ دەکاتە “ئاژاوەگێڕێک”ی تاوانبار.
بەڵام من خەریکی چ گێچەڵگرتنێکم بە شێرکۆ؟
مەگەر شاعیریش ناڵێت کە ڕۆژگارێک دێت ئەم خانمە شیرینەی هۆڵی دادگا” کەس نایخوازێ”؟ بەڵام ئیشکالییەتە لێرەدایە. ئەم خانمەی دادپەروەری لە هیچ کونج وکەلەبەرێکی دنیادا، لەگەڵ مێژووی درێژی سیستەمی قەزائیدا، بۆ دەسەڵات و بێدەسەڵاتان بە هەمان شێوە نەبووە. بە واتایەکی دی، کاتێک ” ئەم خانمە بەستەزمانە بە دەستێکی بێ پەنجەوە و بە زاری بێ ددانەوە” وای لێ دێت کەسێک نەیخوازێ، ئەوە ئیدی “ئێمە”ی گشتی هاوڵاتییان نین کە بەرپرسیارێتی خوڵقاندنی ئەم دۆخە لە ئەستۆ دەگرین. واتا کاتێک خانمەکەی دادپەروەری چارەنووسی بەم ڕۆژگارەی ئەمڕۆی خانمەکەی دادپەروەری ناو شیعرەکەی شێرکۆ دەگات، کارەساتێکە بۆ زۆرایەتییەکی گشت نەک بۆ هەموو گشتێک. چونکە یاسا هەمیشە تێڕوانینی ئەو گروپە کۆمەڵایەتییە بووە کە لە یەکێک یاخود چەندین پێگەی دەسەڵاتی سیاسی، کۆمەڵایەتی یاخود کولتوری بە هرەمەندە. بە واتایەکی دی، ئەگەر ئیسلامیزەکردنی یاساکانی عێراقی خواستی ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەیە کە خوازیارە خانمەکەی دادپەروەریمان لەچکبەسەر و قانوونەکانی شەریعەی بەدەستەوە بێت، ئەوە ئیدی هەموو “ئێمە”یەکی گشت نییە کە دانی خانمەکەی دادپەروەریمان دەرهێناوە، بەڵکە ئەوە منی قوربانی ئەم یاسایەیە کە پێم وایە ڕوخساری خانمەکەی دادپەروەری دزێو و ناشیرینە نەوەک نوێنەرانی ڕەوتە ئیسلامییەکانی سەر ساحەی سیاسی عێراق. واتا خانمەکەی دادپەروەری ئەمڕۆی هۆڵی دادگاکانی عێراق، سەرڕووتاوە و بێدان نییە، بەڵکو شای جوانانی دنیای ئەو بزووتنەوەیە کە مۆدیلی ئەم خانمەی بۆ هەمووان خوڵقاندووە.
ئەوەی من لەم ڕوونکردنەوە کورتەدا دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە، لەمڕۆدا سنوورجیاکردنەوەیکی گرنگ پێویستە لە نێوان “من” و “ئێمە”دا. سنوورجیاکردنەوەیەک کە لە مێژووی شیعری کوردیدا بە ئاستێک لە هەڵکشانی خۆی دەگات لە ژێر دەستی گۆراندا و لە گەرمەی قوڵبوونەوەی ستەمی میللی خەڵکی کوردستان و بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کورددا دەبێتەوە بە ” ئێمە” و دەنگی “من” دووبارە دەکاتەوە بە پاشکۆی “ئێمە”.
“ئەوان لەسەرە و ئێمە لە خوارەوە”
یەکێک لە ئیشکالییەتە گەورەکانی سیستەمی دیموکراسی لەمڕۆدا، ئەو دەستەواژەیەی سەرەوەیە. لە دیموکراسیترین وڵاتەکانی ئەمڕۆی دنیادا کە سویدە، کۆششێکی گەورەی سیاسی و ڕۆشنبیری لە کاردایە بۆ کەمکردنەوە و یاخود “نەهێشتنی” ئەو مەسافە گەورەیەی کە “خەڵک” و نوێنەرەهەڵبژێردراوەکانیانی خستۆتە دوو جێگای تەواو دوور لەیەکەوە. خواریشەوە بە دووربینە گەورەکانی دەستییەوە بۆ ئەوانەی سەرەوە دەگەڕێن. کاتێک دۆخی وڵاتێکی وەک سوید دێنیتە پێش چاوی خۆت، ئەوسا لە مەغزای قوڵی کارەساتێک دەگەیت کە بە “ئەوانی سەرەوە” و “ئێمەی خوارەوە” دەردەبڕێت.
ئەگەر ئێمەی خوارەوە ئاماژە بە جەماوەرێکی بەرین بکات لە کۆی “گشتێک”، ئەوا هێشتاکە ئێمە قسە لەسەر “گشتێک”ی گشت ناکەین وەک ئێمەیەک. چونکە ئەوانی سەرەوە، نوێنەرایەتی کەمایەتییەکی دیکە دەکەن کە دەکرێ لە خوارەوە بن و بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسی و کولتورییەکانیان ئەو جێگاوڕێگایەیان پێدەبەخشێت کە سیستەم لەسەر ئەو بناغەیە دابمەزرێت.
کاتێک ئەم هاوکێشە سیاسییەی دیموکراسی دەگوێزرێتەوە بۆ کوردوستان، ئەوا ئیتر نەک مەسافەیەکی کورت، بەڵکو جیهانێک لە جیاوازی بەرژەوەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئامادەیی هەیە، کە جگە لە ئێمە و ئەوان، من و ئێوە، هیچ زمانێکی سادەتر نامێنێتەوە کە گوزارە لەم دۆخە بکات. بەڵام شێرکۆ لە شیعری کارەساتدا، هێشتاکە پێماندەڵێت کاتێک ” تاڵێک لە تیشکی چاوانی ئەم وڵاتە دەدزرێت، دزیش هەر دەستی خۆمانە”. ئیدی دزو ماڵ لێدزراو یەک ناوییان هەیە.
واتا هێشتاکە لای شێرکۆ، هیچ جیابوونەوەیەک لە نێوان” ئەوان لەسەرە و ئێمە لە خوارەوە”دا دروستنەبووە. چونکە هەموومان دزین. ئەمە ئەو مەغزایەیە کە شێرکۆ بە زمانێکی شیعری دەیەوێ بیڵێت، ئەمە هەموو ئەو ڕادیکالێتییەیە کە دەدرێتە پاڵ ئەم شیعرە.
بەڵام ئەم دێڕە کورتە ئاماژەیەکی دیکەی تیایە کە ناکرێ فەرامۆش بکرێت. ئاخر دەکرێ دزەکان کەسانێکی دیکەی سەر بە “ئەوان”ێکی دیکە بن. بەڵام وەڵامی کورتیلە پرسیارێکی واهی سەخت نییە، چونکە دزانێکی دیکەی تیشکی چاوانی ئەم وڵاتە هەبووە کە ڕۆژگارێک ناویان داگیرکەرانی ئەم وڵاتە بووە. ئەم ڕوونکردنەوە بروسکەئاسایە ، ئێمە نزیکدەخاتەوە لەو پرسیارەی کە من لەسەرەتای ئەم وتارەدا ئاماژەم پێدا، ئەویش ڕۆژی لە دایکبوونی ئەم شیعرەیە: 18ی نیسانی 2006.
“من”ی مایاکۆڤسکی و “دزیش هەر دەستی خۆمانە”ی شێرکۆ
دیوانی “من” ی مایاکۆڤسکی کۆمەڵێک شیعر لە خۆ دەگرێت کە مایکۆڤسکی بەهۆیە دەبێتە تازەگەرێکی شیعری ڕووسی. بەڵام بە “من” ئاخاوتن لە زەمەنی شۆڕشدا کارێکی ئاسان نییە. ئەمە تەنها ئیشکالییەتێک نییە کە هەندێک لە ڕووناکبیران بە شۆڕشێکی تایبەتی و ئایدیۆلۆژییایەکی تایبەتیییەوە دەلکێنن. لە زەمەنی شۆڕش و ڕاپەڕینە گەورەکاندا کە کۆمەڵگا دووچاری ڕاچڵەکاندنێکی گەورە دەبێت، گروپێک، کە دەکرێ نەتەوەیەکی ژێردەست بێت، چینێکی کۆمەڵایەتی بێت یاخود جەماوەرێکی بەرین بێت کە بەرژەوەندییەکی ئابووری، سیاسی یاخود کولتوری کۆیاندەکاتەوە، زمانی خۆی، تەنانەت خیتابی سیاسی خۆیشی دەکاتە زمانێکی گەورەی کۆمەڵایەتی و ئاخاوتنی کۆمەڵگاش لەگەل خۆیدا دەگۆرێت.
ئەگەر ئەم گروپە کۆمەڵایەتییە لە ئاستی سیاسیدا ڕێکخراوتر بێت، ئەوا گوتاری سیاسی خۆی دەکاتە گوتاری باڵادەست. هەر ئەم لایەنە گرنگەشە کە زەمانەتی بردنەوەی کێشە سیاسییەکە دەدات لە زەمەنی ئاڵوگۆڕە گەورەکاندا. هەر بۆیە کارێکی هێند سەرنجڕاکێش نییە کە دیاردەیەکی وەک “خودکوشی” لە زەمەنی جەنگ و شڵەژانە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە زەمەنی ئەزمە کۆمەڵایەتی و تەنانەت کارەساتە سروشتییەکاندا، دەگاتە ئاستێکی ئێجگار کەم. هۆکارەکەیشی سادە یە. ئاخر ئیدی شوناسی “من”ی تاک لە پاڵ گروپێکی گەورەتردا خۆی دەناسێتەوە کە لە خۆی گەورەترە و ئاستی ئەنتیگراسیۆنی “من”ی تاک لەگەڵ “ئێمە”ی گروپدا بە کەماڵی خۆی دەگات. ئیتر گوتاری سیاسی گشت دەبێتە “ئێمە”یەک و جێگایەک بۆ “من”ی تاک ناهێڵێتەوە.
لە ناو هەلومەرجێکی وەک ئەو چوارچێوە سیاسییە تایبەتییەی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا شاعیرێک دێت و بە من دەدوێ. منێک کە لە ناو خیتابی “ئێمە”ی چینی کرێکاردا کە لە زەمەنی بەر لە شۆڕش و دوای شۆڕشیشدا، باڵادەسترین گوتاری سیاسی و کولتوریی کۆمەڵگای ڕوسییە. بۆیە “من”ی مایاکۆڤسکی دووچاری ڕەخنەیەکی توونددەبێتەوە. ئیدی لە کاتی خوێندنەوەی شیعرەکانیدا لە ئێوارە کۆڕێکی شاری مۆسکۆدا، گوێگرێک هەڵدەستێتە سەر پێ و بە دەنگی بەرز هاوار دەکات:” شییعرەکانت زۆر کاتین، بەم زووانە لەبیردەچنەوە”
لە وەڵامدا مایاکۆڤسکی دەڵێ:” وەرە و لە پاش هەزار ساڵی کە سەردانم بکە، ئەو کات دەبینیت چۆنە”
هەتا ئێستاش، بەشێکی ئێجگار زۆری شیعرەکانی مایاکۆڤسکی ، بە قسەی بەشێکی زۆر لە ڕەخنەگرانی دنیا، ئەو گوڕ و تینە لەخۆیان نیشاندەدەن، کە کاتی و ساتەوەختییانە نەبن.
بەڵام “کارەسات”ی شێرکۆ بێکەس لە کویێ:” ” شییعرەکانت زۆر کاتین، بەم زووانە لەبیردەچنەوە”ی خوێنەرێکی کورددا، خۆیان دەبیننەوە. وەڵامی ئەم پرسیارە، پەیوەندە بەو زەمەنەوەی کە ئەم شیعرەی تیادەنووسرێت. واتا 18ی نیسانی 2006، هەر ئەم زەمەنە مێژووییەشە ناچارماندەکات، نەک هەر بە شیعرێکی “تەمەن کورت”ی لە قەڵەم بدەین، بەڵکو ئەگەر ئەمڕۆ سەردانێکی شێرکۆ بکەین لە زەمەنی : “ئەوان لەسەرە و ئێمە لە خوارەوە”، چی دەبینین؟
لە 18ی نیسانی ناوەڕاست و کۆتایی حەفتاکانەوە بۆ کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو
کەم شاعیری کورد هەیە لە تۆمارکردنی مێژووی سیاسی کۆمەڵگای ئێمەدا، لەو جومگە زەمەنییەی سەرەوەدا، هێندەی شێرکۆ پڕبەرهەم بێت. شیعری کوردی لەم زەمەندا کە شێرکۆ یەکێک لە زمانحاڵە سەرەکییەکانییەتی، بە هۆی ئەو زەمەنە سیاسییەوە کە کوردستان پیایدا تێدەپەڕێت، زەمەنی کوشتنی دەنگی “من”ێکە کە گۆران سادە دەیخاتە بەردەستی ئێمە. “من”ی گۆران، لە پاڵ هەر کەموکوڕییەکی مەوزوعی کە لەبەردەم لە دایککبوونی تاکێکی ئازاددا بوونی هەبووبێت لەو زەمەنەدا، مژدەی تاکگەراییەکی تاڕادەیەک سەربەخۆمان پێدەدات، کە نەک هەر خەمی نیشتیمان تاکە مەراقی سەرەکییەتی، بەڵکو منێکە بەتەنگ کێشە ئەزەلی و فەردییەکانی خۆیەوەیەتی. واتا لەپاڵ خەمێکدا کە ستەمی میللی لەسەر کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا دروستیکردووە، ئەم تاکە بە شوێن غەمە وجودی و چینایەتی و ڕۆمانسییەکانی خۆیەوەیەتی. تووندبوونەوەی فشارەکانی ستەمی میللی، دڕندەبوونەوەی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی عەرەب و بەهێزبوونەوەی بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کورد، کۆتایی بەم دەنگهەڵبڕینە “گۆران”ییەی شیعری کوردی دێنێت . ئیتر ئەگەر غەمێکی فەردییانەی کۆچکردنی باڵندەکانی باکوور بەرەو باشوور دەبێتە هەوێنی شیعر، ئەوسا ئێمە وەک خوێنەر، خۆمان لەبەرانبەر غەمێکی فەردی و وجودییانەی تاکێکدا نابینین. بەڵکو کاتێک باڵندە کۆچکردووەکانی باکوور لە قەفەسی ڕاوکەرەکانی باشووردا، خۆیان بە بەشی باکووری قەفەسەکەوە دەلکێنن، ئاماژەیەک بە غەمەکانی نەتەوەیەک دەدرێت کە تاکەکانی بەرەو باشوورنەفیدەکرێن. ئیتر قیژەی بەرد و زریکەی دار و زستان و بەستنی ئاوی گۆلاوێک، هیچییان ئاماژەیەکی فەردییانەیان لە پشتەوە نییە بۆ تاکێک و تێڕوانینی ئەو بۆ سروشت، بەڵکو لە پشت یەکبەیەکی دەربڕینەکانی منەوە،
” ئێمە”یەکی نەتەوەیی وەک گشتێک ئامادەیی هەیە.
بەڵام سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە لەم زەمەنەیشدا، لەپاڵ ئێمەیەکی گشتدا، “ئەوان”ێکی دیکە بوونی هەیە. ئەوانێک کە پێیان دەڵێن دوژمن. ئەوانێک کە بە زمانی خۆ دەپەیڤن و چەکی دوژمنییان لە شانکردووە. یاخود ئەوانێکی دیکەن و سەر بە چەکدارەکانی گروپێکی دیکەن کە لەبەرانبەر چەکدارەکانی سەر بە گروپی خۆدا، کەوتوونەتە سەنگەری بەرانبەرەوە. واتا لەم زەمەنەدا، لەپاڵ گەورەیی “ئێمە”ی ناو شیعر و پانتاییە فراوانەکانیدا، “ئەوان”ێکی دیکە ئامادەیی هەیە بەو ناونیشانانەی سەرەوە.
بەڵام ئەو منەی کە لەم جومگە زەمەنییەدا قسە دەکات، “ئێمە”یەکی گەورەیە کە دەبێتە زمانحاڵی گروپێکی گەورەتر کە ئێمەی کوردە. ئەگەرچی ئەو ڕاستییە سادەیە لەبەرچاو بگرین، کە تەنها تێڕوانێنێکی ناسیونالیستانەیە کە ئەو توانا سیحرییەی هەیە کە ئەو هەموو دەنگ و ڕەنگ و بەرژەوەندییە جیاوازانە لە بۆتەی “ئێمە”یەکدا کۆبکاتەوە و ئێمەیەیەکی یەک دەنگ و یەک ڕەنگ بخوڵقێنێ. ئەگەرچی لە ژیانی واقیعی ئینسانەکاندا، “من”ە کانی ناو ئێمە، درێژە بە ژیانی جیاوازانەی خۆیان دەدەن.
لەدوای ڕاپەڕینەوە، لەدوای شەڕی ناوخۆ و سەقامگیربوونی دەسەڵاتی ئەو بزووتنەوەیەی کە لە زەمەنێکدا منی شێرکۆ دەکاتە ئێمە، ئاڵوگۆڕێکی گەورە پێکدێت. دابڕانێکی گەورە سەرتاپای کۆمەڵگای ئێمە دادەگرێت. ئەو جەدەلە بێ مانایەی کە بە جەدەلی نەوەکان خۆی پێناسەدەکات و چیرۆکی ئەو شەپۆلە بەرینە لە ناڕەزایەتی جەماوەری، هاتوهاوارەکانی دەسەڵات خۆی بۆ بوونی گەندەڵی لە سیستەمی ئیدارەیدا، سووتاندنی بەهاپیرۆزەکانی ڕۆژگاری “ئێمە”یەکی گەورە لە “من”ەکان، ئیدی دەربڕینی” دزیش هەر دەستی خۆمانە” بۆ دزینی تاڵێک لە تیشکی چاوانی نیشتیمان دەکاتە گاڵتەجاڕییەک بۆ ئەو منداڵانەی کە باوکییان چەندین جار لەسەر خۆپیشاندان و دەنگهەڵبڕین فیشەکی بەرکەوتووە و شەقی ئاسایشی کوردی بە کلاشی کوردییەوە تاقیکردۆتەوە. کاتێک بە لەشکری بەرینی کرێچییەکانی کوردستان دەڵێت کە ئێوە خۆتان دزی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەن، چاوەڕوانی چ وەڵامێک دەکرێت.
بە کورتییەکەی: ئەوەی پرسیاری سەرەکی منە لەم شیعرە: بۆچی دەنگی ئێمە لە زەمەنی شۆڕشی شاخدا، دەنگێکی کەی “ئەوان” لەبەرانبەر خۆیدا دەدۆزێتەوە و بەڵام لەمڕۆدا ئەم “ئەوان”انە بوونییان نییە؟ دیارە ئەمە خستنەژێرپرسیاری ئایدیۆلۆژی سیاسی شێرکۆ نییە بە پلەی یەک. بەڵکو سەرنجدانی ئەو دۆخە تازەیەیە کە “ئەوان لەسەرەوە، ئێمە لە خوارەوە”، یەکێک لە سادەترین کارەکتەرەکانییەتی.
بۆچی ئێمەی ئەمڕۆی شیعری شێرکۆ، ناتوانێت لەم زەمەنە تازەیەدا، ئەوانێک بدۆزێتەوە، تاکو هەموومان نەکات بە دز؟
بەڵام داستانی 18ی نیسانی 2006، نزیکایەتییەکی گەورەی بە داستانی” 18ی برءمێر”ی مارکسەوە هەیە. داستانێک کە تیایدا جەماوەرێکی بەرین لە خەڵکی فەرەنسا و عەقڵە گەورەکانی ئەم مەملەکەتەی ڕۆشنگەری پرسیاری” مەگەر بۆچی هەورە بروسسکە لە ئاسمانێکی ساماڵدا”، دەکاتە هەوێنی زەنگلێدانێکی جدی لەبەرانبەر “کارەسات”ێکدا کە بەڕێوەیە.
ئاخر 18ی برۆمێر، مێژووی دووبارە دەسەڵاتگرتنەوەی دیکتاتۆرییانەی ناپلیۆنە لە زەمەنێکدا کە پەیامی شۆڕش لە گوێچکەی زۆربەی زۆری کۆمەڵانی خەڵکیدا دەزرنگێتەوە. بۆچی دەسەلاتێکی سەرکوتگەر، چ نەفرەتێک بەر ئەم شۆڕشەکەوتووە. بەشێکی کەمی ئەو پرسیارانەن کە زۆر کەس بەهۆی نەناسینی ماهییەتی ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو سەردەمە، لە مێشکیاندا ئازارییان دەدات. 18ی برۆمێری مارکس، داستانی دژەشۆڕشێکی بۆرژوازییە لە زەمەنێکدا، کە لە دیکتاتۆری بەولاوە، هیچ ڕێگاچارەیەکی دی لەبەردەمدا نەماوە بۆ بەرپێگرتنی ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە دەسەڵاتی کۆماری ناتوانێت وەڵامی پێبداتەوە. بۆیە لەبەرانبەر سەر ئەسڵەعکردنیی خانمەکەی دادپەروەریدا، لەبەرانبەر زیندانیکردنی دەنگە ناڕەزایەتییەکانی دەسەڵاتی ناپلیۆندا، لە بەرانبەر دزینی نانی جەماوەرێکی بەرینی نەداری شاری پاریسدا، مارکس لە هەژدەی برۆمێردا پێماندەڵێ: ئەوەتانێ سەرنج بدەن و ببینن! ئەوە دەستەکانی پشت بەرهەمهێنانەوەی دزەکانی کۆمەڵگا. ئەوە ڕوخسارییان و ئەوەشی سیمای ئەو هەورانەی کە زۆر کەس نایبینن و پێیانوایە ئاسمانی فەڕەنسا بە بێ بوونی پەڵەیەک هەور پێیەوە، چەخماخە دەهاوێژی. بەڵام شێرکۆ لە شیعری کارەساتدا، چ پەیامێکی 18ی برۆمێریانەی بۆ 18ی نیسانی 2006 پێیە؟
بەڵام چیرۆکی کارەساتی شیعرەکەی ئێمە لە 18ی نیسانی 2006دایە. شێرکۆ دوای زیاتر لە 20ساڵ، بە زمانی بیست ساڵ پێش لەمڕۆوە لەگەڵماندا دەدوێت. زمانێک کە بۆ زەمەنی خۆیشی بێبەزەییانە دەنگی “من”ی تاکی کوشت و هەر هەموو دەنگە جیاوازەکانی لە لوولەی یەک تفەنگداکۆکردەوە و تەقاندی. بە واتایەکی دی، کارەسات لە شیعری “کارەسات”ی شێرکۆدا، وەستانی زەمەنە بەو ئاڕاستەیەی کە شێرکۆ خوازیاریەتی نەک بەو ئاماژەیەی لە کۆمەڵگادا خۆیمان نیشاندەدات. زەمەنێک کە هیچ ڕۆژنامەنووسێک ناتوانێت پێی وابێت ئەوە دەستی خانمەکەی ناو ناخی خۆیەتی کە لە هەناوی یاساکانی بەعسەوە ئەوان زیندانی دەکات. ئەوە دایکانی چاوتەڕن دەڵێن: کوڕەکانمان لە شەڕی ناوخۆدا سەردەبڕین.
تراژیدیای شیعری کارەساتی شێرکۆ و تەمەنکورتبوونی ئەم شیعرە، زەمەنی لەدایکبوونییەتی. زەمەنێک کە تیایدا تاکی کوردی، ناتوانێت دزینی سەروەتەکانی کۆمەڵگا، بەکاری شەخسی خۆی بزانێت، لە کاتێکدا زیاتر لە پانزە ساڵە بە دەنگی بەرزهاوار دەکات: بەسییە دزی.
ڕەنگە ئەم دێڕانەی خوارەوە، بەهیزترین وەسفی ڕۆمانی شاری مۆسیقارە سپییەکانی بەختیار عەلی بێت کە لە زمانی شێرکۆوە دێنە سەر کاغەز:”لە پاش خوێندنەوەی ڕۆمانی (شاری مۆسیقارە سپییەکان)، لە دامێنی دوا لاپەڕەیدا، خۆم بۆ خۆم، ئەم ڕستەیەم نووسی: باشبوو، بەختەوەر بووم، بەر لە دەرچوون و بڵاوبوونەوەی ئەم ڕۆمانە نەمردبووم، ئەگینا دەرفەتی خوێندنەوەی شاکارێکی گەورەی ئەدەبی کوردیم لەکیس دەچوو” .
لەپاش خوێندنەوەی شیعری “کارەسات”ی شێرکۆ، دەڵێم خۆزگە شاعیرێکی گەورەی وەک شێرکۆ، بەر لە مردنی، کۆمەڵگای تەنها لە سەر خوانی نیشتیمان کۆنەکردایەتەوە و کۆمەڵێک خوانی دیکەی ناو چوارچێوەکانی نیشتیمانی ببینیایە. خوانێک کە تیایدا دزینی تاڵێک لە تیشکی چاوانی ئەم وڵاتە، سەرچاوەی بەختەوەری بەهەشتەکانی شارە و نەهامەتییشە بۆ مەینەتئاواکانی دیکەی شار. بێجگە لە کوردی قسەکردن کە دەکرێ وەک شوناسێکی ئەتنی خەڵکی “بەهەشتی شار و مەینەتئاواکانی دیکەی شار” پێکەوە ببەستێتەوە، دەیەها ئینتیمای دیکە هەن کە ئەم گروپانەی ناو شار لەیەک جودادەکاتەوە.
ئەگەر خانمەکەی دادپەروەری، لە بەرانبەر ئەم دزینە جۆراوجۆرانەدا، بەوەی کە ناکرێ خانمێکی دادپەروەری زەمەنی دزینی سەروەتە زۆر و زەبەندەکانی نیشتیمان بێت، ناتوانێت شتێکمان پێبڵێت، دەکرێ خانمەکەی دادپەروەری ناو شیعرەکانی شێرکۆ، شتێکی دیکەی پێ بووتینایە؟ پرسیارێکە و هەر هاوڵاتییەک کە خۆی لەژێر پەرچەمی:”دزیش هەر دەستی خۆمانەی”ی شێرکۆدا نەبینێتەوە، دەکرێ بیکات.