وه‌ڵامی به‌کر ئه‌حمه‌د بۆ سامان که‌ریم له په‌یوه‌ند به دۆزی گه‌نجاندا له کوردستان
به‌رای تۆ گه‌نج کێیه؟ ئایا پێوه‌رێکی ئه‌وتۆمان هه‌یه بۆ جیاکردنه‌وه‌ی له چینه‌کانی تر؟
به بڕوای من، ئه‌م پرسیاره له‌گه‌ڵ ساده‌یی و کورتی وشه‌کانیدا، به‌ردی بناغه‌ی کۆمه‌ڵێک ناڕۆشنی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌یه که به بێ دوو دڵی ده‌توانم بڵێم، به پێی ئه‌و ئاگاییه‌ی من له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای کوردی، تا ئێستا ده‌ستی بۆ نه‌براوه. من به ئاگایانه ئیستێکی گه‌وره له‌سه‌ر ئه‌م پرسیاره ده‌که‌م تا تیشکێکی تازه‌ی بخه‌مه سه‌ر. پرسیاری ئه‌وه‌ی کێ گه‌نجه، هه‌مان وه‌ڵام به‌رهه‌مناهێنێ له کونج و که‌له‌به‌ره‌کانی ئه‌مڕۆی دنیادا. وه‌ڵام به‌وه‌ی کێ گه‌نجه، له چوارچێوه کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتوریه جیاوازه‌کاندا، ده‌رئه‌نجامی جیاوازمان ده‌خاته به‌رده‌ست. ساده‌ترین ده‌ربڕینێک بۆ وه‌ڵامی کێ گه‌نجه، ئه‌وه‌یه که له ته‌مه‌نێکی تایبه‌تییه‌وه ده‌ستپێبکه‌یت. بۆ نموونه ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نییان نێوان 15 و 25 دایه ده‌کرێ وه‌ک گه‌نج پۆلاریزه بکرێن به بێ له‌به‌رچاوگرتنی تایبه‌تمه‌ندی تاکه‌کانی ناو ئه‌م گروپه. ده‌ستنیشانکردنێکی دیکه که هێشتا له سنووره‌کانی ته‌مه‌ندا گیری خواردووه و ده‌سوڕێته‌وه، سنووره‌کانی ئه‌و ساڵانه‌ن که له زمانه ئه‌وروپییه‌کاندا به “تین ئهیجهر” له قه‌ڵه‌مده‌درێت، واتا له سیانزه‌وه بۆ هه‌ژده. به‌ڵام له‌به‌رچاوگرتنی فاکته‌ری ته‌مه‌ن بێ گرێ نییه و پڕ کێشه‌یه. ئاخر ئاڵوگۆڕه‌کانی کۆمه‌ڵگا، پرسیاره‌کانی نیشته‌جێبوون، بازاڕی کار، داخوازییه‌کانی خوێندن که هه‌میشه له گۆڕاندایه، به جۆرێک ته‌مه‌نی گه‌نجێتی ئاڵوگۆڕپێداوه و به‌ره و سه‌ره‌وه هه‌ڵیکێشاوه. لانی که‌م له‌مڕۆی کۆمه‌ڵگا ئه‌وروپییه‌کاندا. ئه‌م هۆکاره مادییانه‌ی سه‌ره‌وه و کۆمێرشالیزهکردنی گه‌نجێتی وه‌ک کاڵایه‌کی پر قازانجی ئه‌مڕۆی سه‌رمایه‌داری، له باری کولتورییه‌وه گه‌نجێتییه‌کی گه‌وره‌ی به‌رهه‌مهێناوه که تا سنووره‌کانی 35 تا 38 ده‌ڕوات. واتا ئه‌وه‌ی که گه‌نج و گه‌نجیتی له سنووره‌کانی ته‌مه‌ندا قهتیسدهکات و ئه‌م پێوه‌رانه بۆ پێناسه‌ی پرسیاری “کێ گه‌نجه” له به‌رچاوده‌گرێت، له باره‌ی ئه‌م دۆخه تازه‌یه‌ی گه‌نجێتییه‌وه که زیاتر دروستکراوێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه، واتا social construction”، هیچ وه‌ڵامێکی پێ نییه. به‌ڵام هێشتا ئه‌م پێداویستییه مادیی و کولتورییه تایبهتییانهیش نین که گه‌نج و گه‌نجێتی ده‌ستنیشانده‌که‌ن، به‌ڵکو فاکته‌رێکی گرنگ هه‌یه که ئه‌ویش شێوه‌ی ژیانه، واتا ستایلی ژیانه. به واتایه‌کی دی، ئاماده‌ییه مادی و کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتورییه‌کان، ئه‌و سێ ڕه‌هه‌نده گرنگه‌ن که به‌هۆیه‌وه گه‌نج و گه‌نجێتی پێناسه‌ده‌کرێت. به‌ڵام له ڕاستیدا، من بۆ کۆمه‌ڵگای کوردی گومانم له بوونی گه‌نج هه‌یه. ئه‌مه به مانای نه‌بینینی ئه‌و هه‌زاره‌ها “گه‌نجه”ی کۆمه‌ڵگای کوردی نییه که پێناسه‌کانی ته‌مه‌نی گه‌نجێتی به‌رهه‌میهێناون و له ژێر چه‌تری پیوه‌ره‌کانی ته‌مه‌ندا جێگایان بۆ کراوه‌ته‌وه. به‌ڵکو سه‌رنجدانی من له گه‌نج و گه‌نجێتی وه‌ک دروستکراوێکی کۆمه‌ڵایه‌تی ، پڕۆسه‌یه‌کی به ئهنجامنهگهیشتووه. واتا هێشتا نه خوڵقاوه جا چۆن قسه له سه‌ر کێشه‌یه‌ک ده‌که‌یت، که بڕوای من بوونی نییه.
بۆ ئه‌وه‌ی باسه‌که زیاتر ڕۆشنبێته‌وه، ناچارم ئاماژه‌یه‌کی گرنگ به‌و لێکۆڵینه‌وه تازانه بده‌م که لێکۆڵینه‌وه‌کانی مندال و گه‌نجان له‌مڕۆی ئه‌وروپادا به ده‌ستیانهێناوه. به‌ڵام له‌هه‌ر شوێنێکی لێکۆڵینه‌وه‌کانی ئه‌مڕۆی دنیاوه ده‌ستپێبکه‌یت، Philippe Ariès ی مێژوونووسی فه‌ڕه‌نسی ده‌بێ کێشت بکاته‌وه بۆ به‌رده‌م لێکۆڵینه‌وه سه‌رنجڕاکێشه‌که‌ی که به ناونیشانی “مێژووی منداڵی”یه که له شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا هاته‌ده‌ر، واتا له ساڵی 1960. پرۆژه‌که‌ی ئارێز، مێژووی هه‌موو مرۆڤایه‌تی و به تایبه‌تی مێژووی منداڵ ده‌خاته جێگایه‌ک که نا‌توانیت لێیه‌وه ده‌ستپێنه‌که‌یت. پووخته‌ی باسه‌که‌ی ئارێز له‌وه‌دایه که ئه‌وه‌ی که ئینسانی ئه‌مڕۆ به شتێکی به‌ڵگه‌نه‌ویست و بێ گرێ سه‌رنجی داوه که ئه‌ویش قۆناغی منداڵی ئینسانه، هه‌میشه وا نه‌بووه و منداڵی ئینسان دروستکراوێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه و ته‌مه‌نی بۆ سه‌ده‌ی 17 و 18ی زاینی ده‌گه‌ڕێته‌وه. من بۆ ئه‌وه‌ی دیدێکی ڕۆشنتر له‌سه‌ر پرسیاری گه‌نج و گه‌نجێتی بده‌م، ناچارم له منداڵییه‌وه ده‌ست پێبکه‌م و دواتر ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ناوه‌ڕۆکی پرسیاره‌که. بۆ ئارێز له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپادا، سه‌رنجدان له منداڵ و منداڵی وه‌ک قۆناغێکی تایبه‌ت بوونی نییه.لای ئینسانی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا، منداڵ، گه‌وره‌یه‌کی بچکۆله‌یه. قۆناغی ڕاسته‌قینه‌ی منداڵی، له‌و ڕۆژه‌دا کۆتایی پێدێت که منداڵ ده‌توانێ بێ ئاگاداری و چاولێبوونی دایک ، خۆی و ژیانی خۆی بگووزهرێنێ. ئه‌وه‌ی که له زمانی کوردی‌دا، به ” له خه‌م ڕه‌خساوه” ناوزه‌دده‌کرێت. له سه‌ره‌تایی 1600ده‌کانی ئه‌وروپادایه که ئاڵ‌وگۆڕێک له ڕوانین و سه‌رنجدان بۆ منداڵ به مانا مۆدێرنه‌که‌ی پێکدێت و منداڵی وه‌ک قۆناغێکی هه‌ستیار و چاره‌نووسساز وپڕ له ڕووداو له مێژووی ئینساندا سه‌رنجی ده‌درێتێ. ئارێز بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌رئه‌نجامانه بداته ده‌ست که منداڵی له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستا بوونی نه‌بووه، له جلوبه‌رگی منداڵ و یارییه‌کانی ئه‌و، خوێندنی ئه‌وه‌وه ده‌ستپێده‌کات. ته‌نانه‌ت له زمانی فه‌ڕه‌نسی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌وروپادا، ده‌ربڕینێکی تایبه‌تی بۆ وشه‌ی منداڵی نابینێته‌وه. جلوبه‌رگی منداڵانی ئه‌و زه‌مه‌نه، هیچ جیاوازییه‌کی له‌گه‌ڵ پۆشاکی گه‌وره‌کاندا نییه. ئه‌مه ئه‌گه‌ر منداڵی ئه‌شرافزاده‌کانی ئه‌وروپا بووبێت، ئه‌وا بۆ خه‌ڵکانی خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا، دۆخه‌که باشتر نه‌بووه. له پۆله‌کانی خوێندندا، منداڵی 5 ساله له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ساڵاندا تیکهڵدهکران. ئه‌وه‌ی به سیسته‌می موراڵی کۆمه‌ڵگا له قه‌له‌م ده‌درێت، یان ئه‌وه‌ی له به‌رانبه‌ر منداڵدا ده‌بێ چی بووترێ و نه وترێ، بۆ منداڵ و گه‌وره جیاوازییه‌کی نییه. ته‌واوی ئه‌و تابلۆییانهی به جۆرێک له جۆره‌کان، منداڵی تیادهبینرێتهوه، منداڵه‌کان به سه‌رێکی گه‌وره‌ی پیاوانه یاخود ژنانه‌وه، نیگاردهکێشرێن. له‌گه‌ل شۆڕشی پیشه‌سازی و ده‌رکه‌وتنی بۆرجوازیدایه که منداڵی و گهنێجیتی وه‌ک دوو کاتێگۆری تایبه‌ت ده‌رده‌که‌ون. به‌ڵام منداڵی و گه‌نجێتی نابێته دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی که هه‌موو چین و توێژه‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵ بگرێته‌وه. به‌ڵکه ئه‌م ده‌رکه‌وتنه‌ی منداڵی و گه‌نجێتی تایبه‌ته به منداڵانی بۆرژوازی خۆی. له کۆتایی 1770کاندایه منداڵ و گه‌نجی بۆرژوازی ده‌رده‌که‌ون و ده‌کێشرێنه قوتابخانه تایبه‌تییه‌کانی خۆیانه‌وه. ئه‌وه‌یشی ئه‌م ده‌رفه‌ته ده‌کاته‌وه، خێزان و قوتابخانه‌ن. له قوتابخانه‌دا، منداڵان و گه‌نجان ئاماده‌ده‌کران بۆ ئه‌و پۆسته سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی چینی بۆرژوازی پێویستی بوو. له ناو چوارچێوه‌کانی خێزاندا بوو منداڵی شوێنی بۆ ته‌رخانده‌کرا تا له پۆله‌کانی قوتابخانه‌دا، زیاتر پێبگه‌ن. به‌ڵام له گه‌ڵ گه‌شه و چوونه‌پێشی سه‌رمایه‌داری ساڵه‌کانی 1900دایه که سیسته‌می خوێندن ده‌رفه‌تێکی گه‌وره‌تری بۆ گه‌نجانی سه‌ر به چینهداراکان، به تایبه‌ت کوڕاندا خسته سه‌ر پشت و له دوایی جه‌نگی جیهانی دووه‌مه‌وه‌یه که کچان قوتابخانه‌کان داگیرده‌که‌ن. بۆ دروستکردنی منداڵی، ده‌بێت تاکێکی ئازاد دروست بێت. ئه‌م پڕۆسه‌یه قه‌رزدارباری بۆرجوازی و شۆڕشی پیشه‌سازی ئه‌وه. له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنی بۆرجوازیدایه منداڵی ماڵێکی تایبه‌تی بۆ دروستده‌کرێت و یاری مامه‌ڵه‌یه‌کی جیاوازتری له ژیانی بچکۆله‌کاندا پێده‌به‌خشرێت. به‌ڵام به‌وه‌ی بۆرژوازی خوڵقێنه‌ری سیسته‌می چینایه‌تییه له زه‌مه‌نی سه‌رمایه‌داریدا، پڕۆسه‌ی خوڵقاندنی منداڵی بۆ گروپ و چینه جیاوازه‌کانی دی، هاوکات نه‌بووه. ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی له پڕۆژه‌ی “مێژووی منداڵی” ئارێز ده‌گیرێن، له‌سه‌ر چۆنێتی پڕۆسه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی دروستکردنی منداڵی نییه، به‌ڵکو له‌سه‌ر زه‌مه‌نی ده‌ستپێکردنی ئه‌م پڕۆسه‌ی بیناسازییه‌ی منداڵییه له وڵاته جۆراوجۆره‌کاندا. بۆ نموونه ئه‌م مێژووه له سویددا جیاوازتره له به‌ریتانیا و له شوێنێکی دیکه‌ی ئه‌وروپادا. به‌ڵام تێڕوانینی ڕادیکاڵ له‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا له‌وه‌دایه که خودی منداڵبوون واک دۆخێکی فیزیکی و بایۆلۆژی، هاوتا نابێته‌وه به بوونی زه‌مه‌نێکه‌وه که پێیده‌وترێت منداڵی. بینینی ئه‌م ڕاستییه تاڵه له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا که زه‌مینه مادی و کۆمه‌ڵایه‌تیی و کولتورییه‌کانی منداڵی تا ئێستاش به ڕۆشنی ئاماده نین، کارێکی دژوار نییه. من له شوێنێکی دیکه‌ی ئه‌م باسه‌دا، ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر هه‌ندێک له ڕه‌هه‌نده کولتوری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ئه‌م پڕۆسه‌یه. به‌کارهێنانی ئه‌م میتۆدی شیکردنه‌وه‌یه بۆ لێکۆڵینه‌وه له مێژووی منداڵی و گه‌یشتن به‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی که منداڵی نییه و دروستده‌کرێ، نزیکده‌بێته‌وه له‌و تێروانینه‌ی که پێشوتر کاراییه‌کی گه‌وره‌ی نیشانداوه له په‌یوه‌ند به دروستکردنی نه‌ته‌وه و ڕه‌گه‌زدا.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر گه‌نجێتی که ته‌وه‌ری باسه‌که‌ی ئێمه‌یه، هه‌مان مێژوو له ئه‌وروپادا ، واتا شۆڕشی پێسه‌سازی و ڕۆڵی بۆرجوازی له خوڵقاندنی ئه‌و تاکه ئازاده‌ی که بازاڕ پێویستییه‌تی، کاریگه‌رییه‌کی گه‌وره‌ی له سه‌ر دروستکردنی گه‌نجێتیدا داناوه. به‌ڵام گه‌نجان ته‌نها له‌ویادا له سه‌ر شانۆی کۆمه‌ڵگادا ده‌رناکه‌ون هه‌ر به هۆی ئه‌وه‌وه‌ی که زه‌مینه مادییه‌کانی ژیانێکی گه‌نجانه ئاماده‌یی هه‌یه. به‌ڵکو گه‌نجه‌کان ئه‌و کاته ده‌بینرێن و ده‌رده‌که‌ون که که‌ڵک له‌و ئیمکاناته پێدراوانه‌ی کۆمه‌ڵگا وه‌ربگرن و گه‌نجانه ده‌ربکه‌ون و ببینرێن. ته‌نها له‌و کاتانه‌یدا گه‌نجان به شێوازێکی تایبه‌تی ده‌رده‌که‌ون، کۆمه‌ڵگا ده‌توانێت بیانبینێت. تۆ له هه‌موو جێگایه‌کی ئه‌وروپادا چه‌ند گروپی تایبه‌تی ببینیت، ئاسان له شێوازی خۆدهرخستنیانهوه، گه‌نجێتی ده‌دۆزییه‌وه. ئه‌م کاره بۆ کۆمه‌ڵگای ئێمه هێنده کارێکی ئاسان نییه.
به زمانێکی ساده‌تر، به‌رله‌وه‌ی که گه‌نجێتی ئۆبجێکت ( مه‌وزوع) بێت، بووه‌ته (سه‌بجێکت) بووه‌ته زات.
ئه‌گه‌ر ئه‌م نه‌خشه مێژووییه خێرایه‌ی ئه‌وروپا له به‌رچاو بگرین و سه‌رنجێک له مێژووی منداڵی و گه‌نجێتی کۆمه‌ڵگای کوردی بده‌ین، هه‌ستده‌کرێت کۆمه‌ڵێک فاکته‌ری گرنگ کاریگه‌ری داده‌نێن. من هیچ گومانێکم نییه که تا ساته وه‌خته‌کانی ئه‌مڕۆشمان، کۆمه‌ڵگای کوردی منداڵی دروستنه‌کردووه. سیسته‌می خوێندن له کوردستاندا له سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی بیست و پێش ئه‌ویشدا، له قوتابخانه‌کاندا سه‌رده‌رناهێنێت. به‌ڵکو خوێندن وه‌ک ئه‌وروپا له باوه‌شی ئایینه‌وه سه‌رده‌ردێنێ. ئه‌گه‌ر کڵێسا تا به‌ر له زه‌مه‌نی ڕۆشنگه‌ری، شوێنی فێرکردنی زانست و خوێندن بووبێت، ئه‌وا له ڕۆشنگه‌ریدا، ئه‌م باڵاده‌ستییه‌ی ئایین به جۆرێک کۆتایی پێدێت و ته‌واوی داموده‌ستگا ئایینییه‌کان ده‌که‌ونه به‌ر زه‌بری ڕه‌خنه‌یه‌کی هه‌مه لایه‌نه. قوتابخانه ده‌بێته شوێنی خوێندن و گه‌شه‌ی دیموکراتی و سۆشیالیزم و لیبرالیزم و سکۆلاریزم، سه‌رپه‌نایه‌کی ئارام ، به هه‌موو که‌موکوڕییه‌که‌وه، بۆ منداڵان و گه‌نجان ده‌خوڵقێنێ. له کوردستاندا، خوێندن تا مێژوویه‌کی درێژتریش له باوه‌شی ئاییندایهوه و خانه‌قا و مزگه‌وت شوێنی خوێندن و فێرکردنه. ئه‌گه‌ر چی په‌یوه‌ستبوونی کوردستان به پڕۆسه‌ی سه‌رمایه‌داریی و مودێرنیته‌وه له سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی بیسته‌وه ده‌ستپێده‌کات ، به‌ڵام خوێندن و فێربوون له په‌نجا و شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی بیستدایه که به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو و کۆمه‌ڵایه‌تی، تۆڕێک له قوتابخانه‌ی کوڕانه و دواتریش کچانه، به‌رهه‌مده‌هێنێت. تهماشاکردنیکی خێرای سیمای ئه‌و گه‌نجانه‌ی که له مزگه‌وته‌کاندا خه‌ریکی خوێندن بوون، سیمای پیاوێک ده‌خاته به‌رچاو. فه‌قێکانی کوردستان، له شێوازی به‌رگپۆشین و هه‌ڵسوکه‌وتی ڕۆژانه‌یاندا، هیچییان له مامۆستا ئایینییه‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگا که‌متر نییه. به فه‌قێ بوون، به‌ر له هه‌موو شتێک ده‌بوایه له چه‌پاندنی ته‌واوی ئه‌و خه‌سڵه‌ته فهردییانهوه بوایه که گه‌نجێتی پێوه ده‌ناسرێته‌وه.
کاتێک قوتابخانه ده‌بێته شوێنی دووه‌می منداڵان و گه‌نجان، دابڕانێکی گه‌وره‌ی کولتوری و کۆمه‌ڵایه‌تی له نێوان ماڵ و قوتابخانه‌دا پێکنایه‌ت. یه‌کێک له‌و شۆکه کولتورییه گه‌ورانه‌ی خێزانی کورد له ئه‌وروپا تووشی ده‌بێت، ئه‌و کۆنتراسته گه‌وره‌یه‌ی نێوان ژیانی قوتابخانه و ماڵه. ئه‌مه یه‌کێک له‌و عه‌زابه گه‌ورانه‌ی منداڵان و لاوانی کورده له ده‌ره‌وه‌ی وڵات. کۆمه‌ڵگا په‌یامێکی ڕوون و دیاریکراوی پێیه له په‌یوه‌ند به چۆنێتی مامه‌ڵه‌ی منداڵان و گه‌نجاندا و ماڵه‌وه‌ش به پێوه‌ره کولتورییه‌کانی کۆمه‌ڵگای خۆی ڕه‌فتار ده‌کات که له زۆرترین جومگه‌کانیدا، دژه منداڵ و لاوانه. به‌ڵام له کوردستاندا، ئه‌م دۆخه پێچه‌وانه‌یه. ده‌سته‌واژه‌ی:” ئێسقانه‌که‌ی بۆ من و گۆشتاوه‌که‌ی بۆ ئێوه” ده‌سته‌واژه‌ی سه‌رزاری به‌شێکی زۆر له دایکان و باوکانی کۆمه‌ڵگای ئێمه بووه کاتێک منداڵه‌کانیان له قوتابخانه له یه‌که‌م ڕۆژدا جێهێشتووه. باخچه‌ی ساوایان له کوردستاندا که له زه‌مه‌نێکی دره‌نگی کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا دێته شاره‌کانی کوردستانه‌وه، دیارده‌یه‌کی هێنده بچکۆله‌ی کۆمه‌ڵگایه، که زۆربه‌ی زۆری منداڵانی کوردستان لێیبههرهمهند نین. بێگومان ئه‌وه‌شمان له بیر نه‌چێت که باخچه‌ی ساوایانیش شوێنێک نه‌بووه بۆ پێگه‌یاندنی منداڵی. سیسته‌می خوێندن له کوردستاندا، نه منداڵی بۆ دروستکردین، نه گه‌نجێتیش وه‌ک کاتیگۆرییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی. له ته‌واوی سیسته‌می نه‌خشه‌سازی و پلاندانانی کوردستاندا، شوێنێک بۆ مندال و گه‌نج له‌به‌رچاو نه‌گیراوه. شوێنی یاری و جێگایه‌ک که به تایبه‌تمه‌ندی منداڵانه و گه‌نجانه‌وه بناسرێته‌وه، له کوردستاندا په‌یدا ناکه‌یت.
خاڵێکی گرنگ که ده‌بێ ئاماژه‌ی پێبدرێت ئه‌وه‌یه که به‌ته‌نها ئاماده‌ییه مهتریاڵییهکانی کۆمه‌ڵگا نییه له شێوه‌ی باخچه‌ی ساوایان و شوێنی گه‌نجاندا که به هۆیه‌وه ده‌کرا منداڵی و گه‌نجێتی تیا دروستبکرێت، به‌ڵکو بوونی کولتورێکی بالا ده‌سته که منداڵ و گه‌نج، کچ و کوڕ، دایک و باوک، پیر و لاو و هه‌موو کاتیگۆرییه جۆراوجۆره‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگا به شێوه‌ی کۆنتراکتێکی ده‌سته‌جه‌معی له نێوان خۆیاندا ئیمزایان کردووه و جیاوازی نێوان نه‌وه‌کان و کاتیگۆرییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی دیکه‌ی نه‌هێشتووه‌ته‌وه.
لینین له نووسینێکیدا ئاماژه به خاڵێکی گرنگی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری ڕوسیا ده‌دات و سه‌رنجێکی بایه‌خدارمان بۆ جێدێڵێت. ئه‌و ده‌نووسێت؛” ئه‌وه گه‌شه‌کردنی سه‌رمایه‌داری نییه له ڕوسیادا که چینی کرێکار به ده‌ستییه‌وه ده‌نالێنێ، به‌ڵکو خودی گهشهنهکرنی سه‌رمایه‌دارییه له‌م وڵاته‌دا که گرفتی به‌رده‌م چینی کرێکاره.”
کوردستان کۆمه‌ڵگایه‌کی سه‌رمایه‌دارییه و ته‌واوی یاسا و کارکرده ئابوورییه‌کانی ئه‌م سیسته‌مه له‌مڕۆدا کارده‌کات. دژایه‌تییه‌کانی نێوان کار و سه‌رمایه، له بواره جیاوازه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. ڕۆژ به ڕۆژ په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌چێته ژیر چه‌تری په‌یوه‌ندییه مادییه‌کانه‌وه. به‌ڵام ئه‌م کۆمه‌ڵگایه له ڕووی سه‌رخانی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، به‌وه‌ی که ئه‌م چه‌مکه له مارکسیزمدا چی ده‌گه‌ێنێت، هێشتا په‌یڕه‌وی کۆمه‌ڵێک کۆدی کولتوری و په‌یوه‌ندی تایبهتدهکات، که له واقیعدا له گه‌ڵ سه‌رخانی سه‌رمایه‌داریدا ده‌بوایه نه‌هاتایه‌ته‌وه. به‌ڵام واقعییه‌ت ئه‌وه‌یه که سه‌رمایه‌داری له دنیادا بڕیار نییه به هه‌مان مۆدێلی خۆرئاوادا تێپه‌ڕێت. سه‌رمایه‌داری له سعودییه‌دا ئال ئه‌لسعودی ده‌وێت و له پاکستان‌دا موشه‌ڕه‌ف و له شیلیشدا پێنۆشه. ئه‌مه زاده‌ی ئه‌و کاردابه‌شکردنه جیهانییه‌ی ئه‌مڕۆکه‌ی بازاری سه‌رمایه‌دارییه وهیچ سه‌رسوڕمانێک پێکناهێنێت. به واتایه‌کی دی ، چین و توێژ و گروپه جیاوازه‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردی له نه‌بوونی گه‌شه‌ی سه‌رمایه‌داری نا ناڵێنن له پله‌ی یه‌که‌مدا، به‌ڵکو ئه‌وه باڵاده‌ستی کولتورێکی دژی منداڵ و لاوان و ژنان و دژی به‌ها ئینسانییه‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگایه که ده‌ست و قاچی به‌ستوون. به بڕوای من، هۆی مانه‌وه‌ی ئه‌م کولتوره باڵاده‌سته که ڕێگا به‌ده‌رکه‌وتنی هیچ Sub-cultur ێکی دیکه نادات ده‌رکه‌وێت، جێگا و ڕێگای دوو ته‌وژمی فیکری و سیاسی کۆمه‌ڵگایه که له مێژوویه‌کی درێژه‌وه، هه‌ژموونی خۆیان پاراستووه. ئه‌وانیش ئایین و ناسونالیزمن. کۆمه‌لگای كوردی له مێژووی درێژی سه‌ده‌ی بیست و ئێستایشیدا، دووچاری ڕاچڵه‌کاندنێکی گه‌وره‌ی فیکری نه‌بووه. مێژووی فیکر له کوردستاندا، به ته‌نها مێژووی ئایین و ناسیونالیزمه. ئه‌م دوو ڕه‌وته فیکرییه، سه‌رتاپای مێژووی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و کولتوری کۆمه‌ڵگای ئێمه‌یان داپۆشیوه. ئایین له دوای گه‌شه‌ی ئیسلامی سیاسییه‌وه باری ترادیسیۆنی خۆی له ده‌ستده‌دات و له ئاستێکی به‌رینی کۆمه‌ڵایه‌تی تردا، له پرۆسه‌ی ئیسلامیزه‌کردنی کولتوری کۆمه‌ڵگادا، چالاکانه کارده‌کات. ناسیۆنالیزم مێژوویه‌کی درێژتری له هه‌ژموونی فیکری خۆی هه‌بووه و ئاماده‌یی سیاسی و خۆڕێکخستنی حزبی ئه‌م ڕه‌وته، چه‌ندین بار کولتوری باڵاده‌ستی کوردی ناسیۆنالیزه کردووه. قژدرێژکردنه‌وه‌ی گه‌نجان، هه‌ر تووڕه‌یی پیاوانی ئایین به‌رهه‌م ناهێنێت، به‌ڵکو له‌شکری پارێزه‌رانی کولتوری کوردییش به هه‌مان ئه‌ندازه تووڕه‌ده‌کات. هه‌ردوو له‌م ڕه‌وته فیکرییه، جیگای ئینسانی تاکی تیا نابێته‌وه. لای هه‌ر دوو ڕه‌وته‌که، ئێمه‌یه‌کی گه‌وره ئاماده‌یی هه‌یه که باشترین ده‌ربڕین بۆی ئێمه‌ی موسوڵمان و ئێمه‌ی کورده. گه‌نج کاتێک ده‌توانێت بوونێکی کۆمه‌ڵایه‌تی گه‌نجانه‌ی هه‌بێت، که له‌سه‌ر سێ ته‌وه‌ری ماددی و کولتوری و کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ک تاکێکی ئازاد ده‌ربکه‌وێ. دروستبوونی تاکی ئازاد که لیبرالیزمی بازاڕ له پڕۆسه‌ی خوڵقاندنیدا کاریگه‌رییه‌کی گه‌وره‌ی هه‌بووه، به جۆرێک له جۆره‌کان له سه‌ر لاوازکردنی شوناسی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی کاریکردووه. ناسیۆنالیزم له دۆخه ئه‌وروپییه‌که‌ی ئه‌مڕۆدا، شوناسێکه و له پاڵ شوناسه‌کانی دیکه‌ی ئینساندا و ده‌کرێ هه‌ندێک جار له پێشه‌وه بێت و هه‌ندێک جاریش رۆڵیکی ئێجگار لاوه‌کی ببینێت. ئینسان به جیا له شوناسی کوردبوونی، ده‌کرێ لاو بێت، بێکاربێت، ئه‌ندامی فڵانه تیپی فوتبۆڵین بێت. به‌ڵام له دۆخه کوردییه‌که‌یدا، ته‌واوی ئینتیما جۆراوجۆره‌کانی ئینسان، ده‌که‌ونه ژێر چه‌تری ئینتیمای کوردبوونه‌وه. تۆ ئه‌گه‌ر نیشتیمانت خۆشنه‌وێت، نهفرهتلێکراوێکیت و ته‌واوی شوناسی ئینسانیت لێزه‌وتده‌کرێت. بێگومان، ئینتیمای ناسیۆنالیستییانه‌ی گه‌نجی کورد لای من به پێوه‌ری ئینتیمای حزبی بۆ ئه‌م حزب یان ئه‌و حزب لێکنادرێته‌وه، به‌ڵکو ناسیۆنالیزم له کوردستاندا، کولتورێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه. تۆ ئه‌گه‌ر گۆرانی به شێوه‌ی ته‌ره‌بی عه‌ره‌بی بخوێنیت، باوکه گه‌وره‌کانی ناو گۆرانی کوردیت لێڕاستدهبنهوه و ده‌ڵێن: ئه‌ها ئه‌نفالی گۆرانی کوردی کرا. چ جای ئه‌وه‌ی که ئێمه قسه‌یه‌کمان له‌سه‌ر گۆرانی ڕاپ و تێکنۆ و هیپ هۆپ و جۆره‌کانی دیکه‌ی گۆرانی ئه‌مڕۆکه‌ی دنیا نه‌کردووه. بڵێ: با ئینسان ئازاد بێت له په‌یوه‌ندییه سێکسییه‌کانی خۆیدا، قازی و حاکمی دنیات لێکۆدهبێتهوه و هاوارده‌که‌ن موراڵی کۆمه‌ڵگا هه‌ره‌سی هێنا. ئایین و ناسیۆنالیزم وه‌ک دوو بزووتنه‌وه‌ی سیاسی، زه‌نگی مه‌رگی خۆیان لێده‌ده‌ن که ده‌رگا له‌به‌رده‌م له‌دایکبوونی تاکی ئازاد‌دا بکه‌نه‌وه. بازاڕگه‌رمی ناسیۆنالیزم و ئایین له‌و کاتانه‌دایه که سه‌رجه‌می ئینتیما جۆراوجۆره‌کانی دیکه‌ی ئینسان ، بوونی نه‌بێت و کوردبوون و موسوڵمان‌بوون له پێشی پێشه‌وه ڕاوه‌ستابن. به کورتییه‌که‌ی ئێمه له کوردستاندا کولتورێکی باڵاده‌ستمان هه‌یه که بنه‌ما فیکرییه بناغه‌ییه‌کانی ناسیۆنالیزم و ئایین به جۆرێک تیایدا له یهکههڵپێکراون که نازانرێت کامه، کامیانه. هه‌ر بۆیه‌ش، منداڵی کورد، گه‌نج، پیر، نیر و مێ، هه‌ر هه‌موویان قاچیان له ناو تۆڕه‌کانیدا به‌ستراوه و به جۆرێکیش به‌رهه‌می ده‌هێننه‌وه. ئه‌م کولتوره باڵاده‌سته، که سه‌رجه‌می ئه‌و به‌ها مادیی و مه‌عنه‌ویی و سیمبوڵییانه ده‌گرێته‌وه که له ژێریدا کولتور پێناسه ده‌کرێت، له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه ده‌پارێزرێت و به‌رهه‌مده‌هێنرێته‌وه. تۆ چۆن ده‌توانیت قسه له‌سه‌ر ده‌رکه‌وتنی کولتوریی و کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی گه‌نجی کورد بکه‌یت، کاتێک هه‌مان گه‌نج نیوهشهوانێکی دره‌نگ له ڕێگه‌ی مۆبایله‌که‌یه‌وه له گه‌ڵ کچێکی هاوڕێیدا قسه‌ده‌کا و ئه‌گه‌ر بزانێت خوشکه‌که‌ی هه‌مان کارده‌کات، به هه‌مان کولتوری باوک و باپیره‌ی ده‌یکوژێت.
له پاش ئه‌م ڕوونکردنه‌وه کورته، من پێموایه ئێمه گه‌نجمان وه‌ک ته‌مه‌ن، به‌و ته‌مه‌نه‌ی که ده‌کرێ له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا باسی لێوه‌ده‌کرێت، هه‌بێت، به‌ڵام شتێک به ناوی گه‌نجێتییه‌وه بوونی نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌یشی که له کۆتاییدا باس له بوونی گه‌نج ده‌کات، خودی گه‌نجێتییه وه‌ک دروستکراوێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌رکه‌وتنی گه‌نجیشه له ناو ئه‌و کولتوره‌دا . به‌لام به‌وه‌ی که ئێمه له باری کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتورییه‌وه، له هیچ شوێنێکی کۆمه‌ڵگادا ، گه‌نج به‌و ده‌رکه‌وته تایبه‌تییه‌ی گه‌نجێتییه‌وه نابینین، من پێموایه که گه‌نجمان نییه. ئه‌وه‌ی که له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا هه‌یه، تێکه‌لێکه له ئینسانی یه‌ک ڕه‌نگ له‌ناو هه‌ژموونی کولتورێکی باڵاده‌ستدا که تیایدا گه‌نجه‌که‌ی له گه‌ڵ باوکی‌دا جیاوازی نییه و شوناسی گهنجبوونێکی وه‌همییانه‌ی هه‌ڵکردووه. به کورتییه‌که‌ی، ئه‌وه بوونی له‌شکرێک له ئینسانی سه‌ر به ته‌مه‌نێکی دیاریکراو نییه که به پێی دابه‌شکردنه کولتورییه‌کانی کۆمه‌ڵگا و له ژێر چه‌تری ته‌مه‌نێکی تایبه‌تدا ده‌کرێ وه‌ک گه‌نج ناوزه‌دبکرێن، به‌ڵکو ئه‌وه گه‌نجێتییه وه‌ک ئاماده‌ییه‌کی کولتوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و مادیی که گه‌نجێتی ده‌خوڵقێنێ. به واتایه‌کی تر، ئه‌وه خۆدی بوونی نه‌ته‌وه نییه وه‌ک پێشمه‌رجێک بۆ دروستکردنی ناسیۆنالیزم، به‌ڵکو ئه‌وه ناسیونالیزمه که نه‌ته‌وه دروستده‌کات. له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌و ڕوونکردنانهوهی سه‌ره‌وه‌دا، من گومانێکی گه‌وره‌م هه‌یه که گه‌نجێتی له کوردستاندا بوونی هه‌بێت. ئێمه ئه‌گه‌ر تا ساته‌وه‌خته‌کانی ئێستاش منداڵیمان پێنهگهیاندبێت و دروستمان نه‌کردبێت، کارێکی سه‌ختتره توانرابێت، گه‌نجێتی بخوڵقێنین. به‌ڵام سه‌باره‌ت به به‌شی کۆتایی پرسیاره‌که که گوایه چی گه‌نج جیاده‌کاته‌وه له چینه‌کانی دی، ده‌مه‌وێ بڵێم، گه‌نج چینێکی کۆمه‌ڵایه‌تی نییه و کاتیگۆرییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییه که ئه‌ندامه‌کانی ناوی، ده‌کرێ دابه‌ش بن به‌سه‌ر چین و توێژه جۆراوجۆره‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵدا.
وه‌ک ئاشکرایه له ئێستادا گه‌نجی کورد به شیوه‌یه‌کی گشتی نائومێدن و هه‌ندێکیان سه‌ری خۆیان وه‌کو به‌ختیار عه‌لی ده‌لێ: بۆ ناشوێن هه‌ڵده‌گرن. هه‌ندێکی تر خۆیان له ناو ده‌به‌ن یان شتی خراپ تر. فاکته‌ر و هۆکاری نائومێدبوونی گه‌نج له‌م واقیعه‌دا چییه؟
من نازانم ئه‌و ده‌ربڕینه‌ی به‌ختیار عه‌لی له کوێدا وتراوه، به‌لام ئه‌گه‌ر سه‌رهه‌ڵگرتن ده‌رئه‌نجامی ئه‌م نائومێدییه‌ی ئه‌وان بێت، ئه‌وا “ناشوێن” ئه‌و مهملهکهتانهن که گه‌نجان سه‌ری بۆ هه‌ڵده‌گرن. به‌ڵام هه‌ستده‌که‌م ده‌ربڕینی ناشوێن له په‌یوه‌ند به‌و دۆخه‌وه‌ی که نائومێدی گه‌نجان به‌رهه‌مدێنێت، ده‌ربڕینێکی دروست نییه. با که‌مێک گه‌مه له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌ربڕینه‌دا بکه‌ین. هه‌مومان ده‌زانین که ئه‌و شوێنه‌ی نائومێدی به‌رهه‌مهێناوه، کوردستانه. به‌مه‌به‌ستی کڕینه‌وه‌ی ئومێد و به‌ده‌ستهێنانی خه‌ونه چه‌پێنراوه‌کانیان، ڕووده‌که‌نه ناشوێن. واتا ده‌ره‌وه‌ی وڵات. گه‌نجان له شوێن هه‌ڵدێن، شوێنێک که جگه له نامۆییه‌کی گه‌وره به خۆ و کۆمه‌ڵگا، ترووسکاییه‌کی بۆ ژیانی گه‌نجان تیا نه‌ماوه. بۆیه ئه‌وان ڕووده‌که‌نه ناشوێن. به‌ڵام خودی نائومێدی گه‌وره‌ی گه‌نجان، زاده‌ی له خۆنامۆبوونێکی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییه. هه‌ر ئه‌م له خۆنامۆبوونهشه که شوێن له ناوه‌وه ده‌کاته‌وه به ناوشوێن. ئه‌وان وه‌ک گه‌نج، له شوینی ژیانی خۆیاندا، شوین ناناسنه‌وه. به په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی، به کولتوری که جێگایه‌کی بۆ گه‌نجێتی ئه‌وان نه‌هێشتووه‌ته‌وه، نامۆیه‌کی ناو مه‌مله‌که‌ته گه‌وره‌که‌ی نیشتیمانن. خودی پڕۆسه‌ی نامۆبوون که نائومێدی و بێخه‌ونی ئه‌وان ته‌نها ده‌رکه‌وتنێکی که‌می ئه‌وه، شوێن و ژینگه‌ی ده‌وروبه‌ری خۆیان لێده‌کاته مه‌مله‌که‌تێک که هیج په‌یوه‌ندییه‌کیان له‌گه‌ڵیدا نامێنێته‌وه. له واقیعدا، گه‌نجی کورد، له ناشوێندایه، شوێنێک که ئه‌و ڕۆژانه مه‌سافه ڕۆحییه‌کانی خۆی له‌به‌رانبه‌ریدا گه‌وره‌تر ده‌بن. ئه‌و له‌م ناشوێنه‌ی نیشتیمانه‌وه‌یه که نامۆیی ڕۆژانه‌ی ته‌نگی پێههڵدهپچڕێت و بۆ دۆزینه‌وه‌ی مه‌مله‌که‌تی خه‌یاڵه‌کانی، به شوێن، شوێنێکی دیکه‌ی دیاردا ده‌گه‌ڕێت. ئه‌و له ناشوێنه‌وه بۆ شوێن ده‌چێت. له نامۆییه‌وه، بۆ خۆدۆزینه‌وه. لێره‌دا قسه له‌سه‌ر به‌به‌هه‌شت نیشاندانی ده‌ره‌وه‌ی کوردستان نییه‌و هیچ به‌هایه‌کی تایبه‌تی له‌سه‌ر دانانێم. گرفته‌کانی کۆمه‌ڵگای نوێ، جۆرێکی دیکه له پڕۆسه‌ی نامۆیی به‌رهه‌مده‌هێنێت. به‌لام ئه‌وه‌ی گرنگه ئێمه هه‌زاره‌ها ئینسانی کۆمه‌ڵگای کوردستان‌مان هه‌یه که له‌گه‌ڵ بوونی ئیمکاناتێکی زۆری بهردهستیشیاندا، رووده‌که‌نه ده‌ره‌وه‌ی وڵات. که‌واته ئه‌وه‌ی به کاریگه‌رییه‌کانی نائومیدی گه‌نجانی کۆمه‌ڵگای ئێمه ده‌ناسرێت و کۆچ ده‌کاته دوا ڕێگای نیهائی، سه‌رهه‌ڵگرتنه له ناشوێن و دۆزینه‌وه‌ی ئومێده له شوێندا. له هیچ مێژوویه‌کی کۆچی کوردستاندا، ئه‌م شوێنه‌ی که گه‌نجان ڕوویتێده‌که‌ن، به‌قه‌در کۆچی گه‌نجانمان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، سنووره جوگرافییاییه‌کانی دیاری نه‌بوون. گه‌نجی کورد له سهرههڵگرتنیدا رووناکاته، مه‌قه‌دیشۆی سۆماڵیا، به‌ره و تشادی ئه‌فریقا جانتا ناپێچێته‌وه، ناچی به‌ره‌و و که‌راتچی، بگره له ئه‌سته‌مبوڵیشدا نامێنێته‌وه. ئه‌و به‌ره و ئه‌وروپا ده‌چێت. ئه‌و له باشترین مامۆستاکانی جوگرافیای کوردستان، شاره‌زای کۆسپ و که‌ندڕی ڕێیه. ئه‌و سنووره‌کانی تورکیا و ئێران ده‌به‌زنێت و له ئه‌سته‌مبوڵدا ئیستێکدهکا و که‌مێک پاره به کڕێکاری پێکه‌وه ده‌نێ و به به‌له‌م به‌ره‌و یۆنان ده‌ڕوات. سواری شاحینه ده‌بێت و ده‌چێته ئیتالیا، به‌ره‌و فه‌ره‌نسا و دواتریش بۆ ئه‌وروپای خۆرئاوا. ئه‌م پرۆسه‌ی سهرخۆههڵگرتنهی گه‌نجی کورد، شیعری له چه‌شنی:”پێت ناخنکێنرێم گۆمه شین، یان یۆنان یاخود گۆڕستان” به‌رهه‌مده‌هێنێ. ئه‌مه سه‌ر هه‌ڵگرتن نییه به‌ره و قه‌ده‌رێکی نادیار، به‌ڵکو نه‌خشه‌دانانێکی به ئاگاهانه‌ی سه‌فه‌ره. گه‌نجی کورد بۆ ناشوێن ناچیت، به‌ڵکو ئه‌و له ناشوێنه‌وه به‌ره‌و شوێن ده‌چێت. بۆیه ئێستا دێمه‌وه سه‌ر هۆکاره‌کانی.
من کاتێک له وه‌ڵامی پرسیاری یه‌که‌مدا، جه‌ختم له‌سه‌ر نه‌بوونی گه‌نجێتی کرده‌وه و دیکتاتۆرییانه نهفیم له بوونی هه‌زاره‌ها گه‌نجی کۆمه‌ڵگای کوردستان کرد، به‌هۆی نه‌بوونی به‌شێکی زۆر گه‌وره‌ی ئه‌و پایه ئه‌ساسیانه‌ی ده‌رکه‌وتنی گه‌نجێتییه‌وه بوو که گه‌نج له‌سه‌رییه‌وه، ده‌کرێ موماره‌سه‌ی گه‌نجێتی خۆی بکات. له غیابی لایه‌نه مادیی و کولتوری و کۆمه‌لایه‌تییه‌کانی دروستکردنی گه‌نجێتیدا، یانی نه‌بوونی چوارچێوه‌یه‌کی کۆمه‌لایه‌تی که که گه‌نجێتی ته‌مه‌ن خۆی تیا بدۆزێته‌وه، هه‌ر باشه کاره‌ساتی گه‌وره‌تر ناقه‌ومێ.
ئایا چی ده‌ڵێت ده‌رباره‌ی ئه‌م دوو وشه‌یه، (گه‌نجی ناو حزب) و (گه‌نجی ده‌ره‌وه‌ی حزب). ئایا شتێک هه‌یه به‌م ناوه‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌یه، چ جیاوازییه‌ک له نێوانیاندایه؟
به بڕوای من پۆڵێنکردنی ئینسان له‌سه‌ر ئینتیمای بۆ ئه‌م گروپ و ئه‌و حزب، دانی ئیمتیازێکی زیاتر به‌م یان به‌ویان و بێبههرهمهندکردنی ئه‌وی دی له ئیمتیازێکی دی، هه‌ڵاواردنێکی ڕووته. ئینسانه‌کان له کۆمه‌ڵگادا ئازادن چ ئینتیمایه‌کی سیاسی هه‌ڵده‌بژیرن ته نانهت هه‌ره پیسترین ئینتیما حزبییه‌کانیش بێت. چۆن پیاوان و گه‌وره‌ساڵانی دی بۆیان هه‌یه سه‌ر به‌م گروپ یان به‌و گروپی سیاسی جیاواز بن، گه‌نجانیش به هه‌مان شێوه. ئه‌و دیده‌ی له پشت ئه‌م ڕه‌ش و سپیکرنهی ئینتیمای حزبییه‌وه کارده‌کات، میکانیزمه‌کانی ئاڵوگۆڕی کۆمه‌ڵگا ناناسێت و پێیوایه ئاڵوگۆڕه گه‌وره‌کان، خود به خود هاتوونه‌ته پێش و کاریگه‌ری خۆڕێکخراوبوون به سفر وه‌رده‌گرێت. به‌ڵام تۆ چی له ژیانی کۆمه‌ڵگایه‌ک ده‌که‌یت که بۆ په‌یداکردنی نانی ژیان، ده‌بێ بڵێی بژی فڵانه که‌س و بمرێ ئه‌وی دی. به‌عس میراتێکی ته‌حه‌زوبی له‌م جۆره له کۆمه‌ڵگای ئيمهدا دروستده‌کات و ده‌سه‌ڵاتی کوردی و ئیسلامی کوردیش هه‌مان شت کۆپیده‌کاته‌وه. ئاخر ده‌سته‌واژه‌ی ” فڵانه که‌س حه‌به سه‌وزه‌که‌ی قووتداوه” هێشتا له گوێچکه‌ی خه‌ڵکی کوردستاندا ده‌زرنگێته‌وه. ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌بێ جێگای ڕه‌خنه بێت، ئینتیمای حزبی ئه‌م تاکانه‌ی کۆمه‌ڵگا نییه بۆ ئه‌م یان ئه‌و گروپ، به‌ڵکو میکانیزمی به گرتنی ژیان و چاره‌نووسی هه‌زاره‌ها ئینسانه وه‌ک کۆیله‌یه‌ک که بۆ هێشتنه‌وه‌ی بژێوی خۆی ده‌بێ سه‌ربه کونی ئه‌م حزبانه‌دا بکات. من ئه‌گه‌ر گه‌نجانی ناو حزبی که‌لار بتوانن باشترین پێداویستییه‌کانی گه‌نجان و لاوانی ئه‌و ناوچه‌یه فه‌راهام بکه‌ن و هه‌زاران گه‌نج له سایه‌یدا مۆمارهسهی گه‌نجێتی خۆیان بکه‌م، ده‌ڵێم ده‌ستان خۆش. کاتێک ئینتیمای حزبی له‌و شێوازه‌ی سه‌ره‌وه گۆڕدرا به ئینتیمایهکئ بێ قهیدو شه‌رت و چاره‌نووسی بژیوی ئینسانی پێوه بهندنهکرا، ده‌ڵێم ته‌حه‌زوب بوون و خۆڕێکخستن، هه‌نگاوی سه‌ره‌تایی هه‌ر ئاڵوگۆڕێکه که ئینسان له کۆمه‌ڵگادا ده‌بێ دستی بۆ بردبێ. خاڵیکی گرنگ که ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ی پێبده‌م له‌سه‌ر ئه‌م مۆدیلی کارکردنه حزبییه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی، ئه‌وه‌یه که هه‌موو کۆششێکی ئامانجدارانه بۆ خۆڕێکخستن و تهحهزوببهخۆدان ناشیرین ده‌کات و خه‌ڵکی لێدهتهکێنێتهوه. ئه‌م دیده له کوردستاندا و له ناو جه‌ماوه‌رێکی به‌رینی خه‌ڵکیدا ، به تایبه‌ت وه‌ک کاردانه‌وه‌یه‌کی سروشتی خه‌ڵک به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵات ڕۆژ به ڕۆژ له بهرینبوونهوهدایه و تاکه قازانجکه‌رێکی باشی ئه‌م دۆخه، خودی ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه. واتا ده‌سه‌ڵاتی کوردی له په‌یڕه‌وکردنی ئه‌م مۆدێله‌ی تهحهزووبدا، تاکه قازانجکه‌رێکی گه‌وره‌یه و هاوکاتیش پرۆسه‌ی ئینتیمای ئینسانه‌کان بۆ حزبی سیاسی له‌به‌ر چاوی جه‌ماوه‌رێکی به‌رین، هێنده‌ی تر ناشیرین ده‌کات.
ڕێبوار سیوه‌یلی له چاوپێکه‌وتنێکدا ده‌ڵێت: گه‌نج تاکه ئۆپۆزسیۆنی ڕاسته‌قینه‌ی په‌ڕته‌وازه‌یه. ئایا به ڕای تۆ تاکه‌ی ئه‌م پهڕتهوازهییه به‌رده‌وام ده‌بێت، ئایا گه‌نج ئه‌ڵته‌رناتیڤی هه‌یه بۆ ده‌سه‌ڵات؟
ده‌ڕبڕینه‌که‌ی سیوه‌یلی جۆرێک له ڕۆمانتیزهکردنی تیدایه. ئاخر کێ له توێژ و گروپه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردی ناڕه‌زایه‌تی خۆی نییه به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی کوردی. پێم وایه بۆرجوازی کوردیش ئازاد نییه به پێی یاساکانی بازاڕ کێبه‌رکێی سه‌رمایه‌ی حزب بکات. گه‌نجی کورد، وه‌ک هه‌موو توێژ و چینه‌کانی تری کۆمه‌ڵگا، خه‌ونی به‌ده‌ستهێنانی زۆرێک له داخوازییه سهرهتاییهکانییهتی. ناڕه‌زایه‌تییه جه‌ماوه‌رییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان بۆ به‌ده‌ستهێنانی داخوازییه‌کانییان، به پیی ده‌ربڕینه‌که‌ی سیوه‌یلی، هه‌مویان ده‌خاته ڕیزی ئۆپۆزسیۆنه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه زۆر ئاسان ده‌کرێ وه‌ک ئۆپۆزسیۆنێکی په‌رته‌وازه چاوییان لێبکرێ. به‌لام ئۆپۆزسیۆنێک که بۆ وه‌رگرتنی نه‌وت و پێداویستییه‌کانی دی دێته سه‌ر شه‌قام، بۆچی له‌گه‌ڵ پێشێلکردنی ئازادییه سیاسییه‌کاندا، قوڕوقه‌پی کردووه و ده‌نگی لێوه نایه‌ت. ئه‌وه چ ئۆپۆزسیۆنێکه که له‌به‌رانبه‌ر ڕه‌شه‌کوژی ژناندا، ده‌نگی لێوه نایه‌ت به‌لام خوازیاری کردنه‌وه‌ی یاریگایه‌که بۆ خۆی. گه‌نج وه‌ک گروپێکی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌کرێ کاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌بێت و له هاوکێشه‌کانی ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌لاتدا حسابی بۆ بکرێت. گه‌نج له ئێران‌دا به‌وه‌ی داخوازییه‌کانی ڕێک ده‌که‌وێته دژایه‌تیی بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامه‌وه، ده‌توانێ به‌له‌به‌رکردنی کراسێکی قۆڵ‌کورت، یان به‌بی حیجاب چوونه‌ده‌ر، رۆڵی ئۆپۆزسیۆن ببینێت. بوونی داخوازی جه‌ماوه‌ری وه‌ک ئه‌وه‌ی که له کوردستاندا هه‌یه، خود به خود خه‌ڵک ناکات به ئۆپۆزسیۆن. له لایه‌که‌وه ده‌سه‌لات خوازیاری لکاندنی ئاوه‌ڵناوێکی له‌و جۆره‌یه به جه‌ماوه‌ره‌وه تا ئاسانتر سه‌رکوتی کات. له لایه‌کی تریشه‌وه ، پێویست ناکات خه‌باتی ڕۆژانه‌ی جه‌ماوه‌ر بۆ به ده‌ستهێنانی خواسته‌کانی، ئۆپۆزسیۆنانه بێت.
تۆ بۆ زیادکردنی کرێ ده‌کرێ مانبگریت، کاتێکیش به ده‌ست هات، ده‌چیته ماڵ. ئۆپۆزسیۆن بوون پڕۆژه‌یه. بوونی ئه‌ڵته‌رناتیڤێکی دیکه‌یه له به‌رانبه‌ر ده‌سه‌لاتدا. ئاماده‌یی ڕێکخراوه‌یی خۆی هه‌یه. له کوێی دنیادا ئۆپۆزسیۆنی بی ڕێکخراو بووه. له به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌ی که ئایا گه‌نج ئه‌ڵته‌رناتیڤی هه‌یه بۆ ده‌سه‌ڵات، ده‌کرێ هه‌یبێت، به‌لام من له ئێستادا نه‌مبینیوه. دروستبوونی ڕێکخراو و ناوه‌ندی مه‌ده‌نی و گه‌نجانه، هه‌وڵێکه بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئومێد بۆ گه‌نج، یاخود خه‌ساندنی توانا و دووباره ڕاکێشانه‌وه‌ی گه‌نجه بۆ کۆششی حزب.
من گومانم نییه که میکانیزمی ده‌سه‌ڵاتی کوردی له کردنه‌وه‌ی ده‌یه‌ها ڕێکخراوی لاوان و گه‌نجان و ژنان و مامۆستایان، له‌به‌ر چاوی کاڵی ئه‌و گروپه جۆراوجۆرانه نه‌بووه. ده‌بێت قازانجێکی بۆ ئه‌و تیا بێت. ئه‌م جۆره له‌ده‌ستبردن بۆ ڕێکخراوی مه‌ده‌نی و پیشه‌یی، ده‌مێکه یارییه‌کی ده‌سه‌لاته تۆتالیتێره‌کانه و ده‌سه‌لاتی کوردیش له بناغه‌وه، کوڕی ئه‌م کولتوره سیاسییه‌یه.
ڕه‌وتی ڕۆشنبیری و مه‌عریفی ئێستای گه‌نج چۆن ده‌بینیت، ئایا ئومێدبه‌خشه بۆ ئه‌وه‌ی کاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات دروستبکات و وای لێبکات که بیگۆڕێت؟
به پێی ئه‌و ئاگاییه‌ی من له هه‌ندێک له گرووپه جۆراوجۆره‌کانی گه‌نجان له کوردستاندا، ده‌یه‌ها ڕۆحی زیندوو ده‌بینرین و ده‌بیسترێن که ئومێدبه‌خشن. به‌ڵام به‌وه‌ی قسه له‌سه‌ر ئاستی ڕۆشنبیریی و مه‌عریفییه، که‌مێک سڵهمینهوهم هه‌یه له وه‌ڵامدانه‌وه‌دا. گه‌نج به ئاستی مه‌عریفییه‌وه ناناسرێته‌وه، لانی که‌م له‌مڕۆی ئه‌وروپادا. گه‌نجێتی قۆناغێکی تایبه‌تی ئینسانه که ده‌بێ چێژی لێوه‌ربگرێت. زه‌مه‌نی به‌زاندن و تاقیکردنه‌وه‌ی سنووره کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتوورییه‌کانه تا خۆی بدۆزێته‌وه و له کۆنترۆڵه‌کانی گه‌وره ساڵان ڕزگاری بێت. داهێنانی کولتورێکی تازه‌یه تا له ڕییه‌وه شوناسی خۆی بدۆزێته‌وه. سه‌رچاوه‌یه‌کی مه‌عریفی گه‌وره پێویست ناکات تا ئه‌م زه‌مه‌نه‌ی گه‌نجێتی پێبناسرێته‌وه. پرتهوژمترین قۆناغی ئینسان ئه‌م قۆناغه‌یه. من له زۆر شوێنی تردا قسه‌م له‌سه‌ر سیحر و ئه‌فسانه‌کانی ڕۆشنبیری و مه‌عریفه‌ت کردووه له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا ونامهوێ جارێکی دیکه بچمه‌وه سه‌ری. من پێموانییه ئه‌وه نه‌قسی مه‌عریفه و ڕۆشنبیرییه که کاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌سه‌لات جێده‌هێڵێت. تۆ ئه‌گه‌ر برسیت بوو، داوای نان ده‌که‌یت، ناکرێ به‌که‌سێک بڵێت تۆ جهههنهمێکت هه‌یه و له رێگای تیۆریزه‌کردنی به‌هه‌شت و چه‌مکه‌کانییه‌وه باسی ژیانێکی باشتری بۆ بکه‌یت، له دوای شکستی 1974وه ته‌نها 8 و 9 که‌سێک چه‌کییان هه‌ڵگرت و چوونه‌وه شاخ. هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان گه‌مژه نه‌بوون. جاهیل نه‌بوون. پێشمه‌رگه هه‌بوو پێی وابوو مارکس و ئه‌نگلز ژن و مێردن. ئه‌م تێڕوانینه بۆ جێگا و ڕێگای ڕۆشنبیری و مه‌عریفه‌ت، تێڕوانینێکی ئه‌کادیمیانه‌ی به‌شێک له ڕووناکبیرانی کورده که پێیان وایه، شۆڕش ده‌بێ له مێشکه‌وه ده‌ست پێ‌بکات و کونجه تاریکه‌کانی ناو مێشک ڕۆشنبکرێنهوه، پاشان ئاڵ‌وگۆڕێک پێک دێت. یه‌که‌مین شریخه‌ی دژی ڕاسیزم و ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ی که به “بزووتنه‌وه‌ی هاوڵاتی” ئه‌مریکی ده‌ناسرێته‌وه و بووه سه‌ره‌تای بانگه‌وازه گرنگه‌که‌ی مارتن لوسه‌ر کینگ و په‌یامی” من خه‌ونێکم هه‌یه”، له ڕازینه‌بوونی ئافره‌تێکی ڕه‌شپێستی ئه‌مریکییه‌وه بوو کاتێک ئاماده نه‌بوو جێگاکه‌ی چۆڵبکات بۆ هاوڵاتییه‌کی سپی له پاسێکدا. ئه‌مه له زه‌مه‌نێکدا، که ڕه‌شپێسته‌کان بۆیان نه‌بوو بچنه زۆر شوێن و یاساکانی ڕه‌گه‌ز هه‌زاران شوێنی گشتییان له‌وان قه‌ده‌غه کردبوو. ئه‌و ئافره‌ته ڕه‌شپێسته ئهلف و بێیه‌کی له‌سه‌ر تێۆرییه‌کانی ڕاسیزم نه‌خوێندبووه‌وه. به‌لام جه‌هه‌نه‌مه‌کانی ڕاسیزمی به خوێن و گۆشت تاقیکردبووه‌وه. ئه‌م تێڕوانینه‌ی من بۆ جێگا و ڕێگای ڕۆشنبیری و مه‌عریفه‌ت به مانای به که‌مگرتنی ئه‌م لایه‌نه‌ی ژیان نییه. به‌ڵام کاتێک بوونی ئه‌م ڕۆشنبیرییه ده‌کرێته ئه‌و ئومێده‌ی بۆ ئه‌وه‌ی کاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات دروستبکات و وای لێبکات بیگۆڕێت، ناتوانم بێده‌نگ بم. یه‌ک ملێۆن خه‌ونی گه‌نجی کورد فه‌رامۆشکراوه، وه‌ره سه‌ر شه‌قام و به شێوه‌یه‌کی رێکخراو داوای که بزانه چۆن ده‌سه‌ڵات ملی پێدادات. هه‌ر ئه‌مڕۆ له ناو گه‌نجانی کوردستاندا سه‌ده‌ها رۆحی گیان له‌سه‌ر ده‌ست هه‌ن که ڕۆژانه له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا له شه‌ڕێکی دهستهویهخهییدان.
کاریگه‌ری کولتوری داخراو چییه له‌سه‌ر گه‌نج، ئایا ته‌کنۆلۆجیا و به‌کارهێنانی له لایه‌ن گه‌نجه‌وه، هه‌وڵێک نییه بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای داخراو.؟
خنکاندنیه‌تی، به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی مه‌وداکانی ئازادی و بچووککردنه‌وه‌ی خه‌ونه‌کانییه‌تی، زیادکردنی مه‌مله‌که‌ته‌کانی حهسرهتییهتی. هه‌تا ده‌توانی قسه‌ی له‌سه‌ر بکه‌یت. له په‌یوه‌ند به ڕووبهڕوبوونهوی کۆمه‌ڵگای داخراودا، ده‌بوایه وا بوایه که باسی ده‌که‌ن. به‌ڵام ده‌کرێ له پهیوهندێکدا هۆکاری ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه بێت و هاوکاتیش هۆکاری تووندکردنه‌وه‌ی کۆنترۆڵیش بێت.
له ڕێگای ته‌کنیکه نوێیه‌کانی وه‌ک ئینته‌رنێت و مۆبایله‌وه، ده‌کرێ ئینسان ده‌ستی به به مه‌مله‌که‌ته‌کانی حه‌رام بگات که کۆمه‌ڵگای داخراو دروستی کردوون. جێی داخه که من جه‌خت له‌م لایه‌نه‌یان ده‌که‌مه‌وه، چونکه به‌کارهێنانی ئینته‌رنێت و دواتریش ته‌له‌فۆن، هێشتاکه له‌م دوو بواره‌دا، سوارتاکی خۆیان نیشانداوه. ته‌ماشاکردنی سایته پۆڕه‌کان هێشتا له پێش سایته‌کانی گه‌ڕان به دوای زانیاری و لێکۆڵینهوهکانهوهن. ئه‌گه‌ر مۆبایل ده‌کرێ کوڕێک و کچێک نزیکخاته‌وه. به‌ڵام هاوکاتیش له لایه‌ن براو باوکه‌وه، وه‌ک هۆکارێکی ده‌ستپێڕاگه‌یشتنی خێرایی ئه‌وان بۆ کوڕ و کچه‌کانیان که‌ڵکی لێوه‌رده‌گرن. بۆ گه‌نجان ئه‌م ته‌کنیکه هۆکاری نزیکبوونه‌وه و په‌یوه‌ندیگرتنه، بۆ باوک و دایکه‌کانیش هۆکاری کۆنترۆڵکردنێکی زیاتره. ئێمه له ڕۆژگارێکداین که خه‌ریکه قوربانییه‌کانی ته‌له‌فۆن، نزیکده‌بێته‌وه له قوربانییه‌کانی په‌ره‌مێز. به بڕوای من، زیادبوونی ئه‌م ته‌کنیکه نوێیه، هه‌م ده‌رفه‌تێکه بۆ فروانکردنی بواره‌کانی ئازادی و هه‌میش بۆ کۆنترۆلکردن و به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی ئازادی.
ئایا تووند و تیژبوونی گه‌نجان له کاتی داواکردنی مافه‌کانیاندا، بۆ نموونه خۆپیشاندانه‌که‌ی که‌لار، به شتێکی سروشتی گه‌نجانه ده‌بینی، یاخود ئه‌وه‌ی کاریگه‌ری ده‌ره‌کی له‌سه‌ره، بۆ نموونه وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌ی له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه.؟
ده‌سه‌ڵاتی کوردی هیچ کاتێک نه‌رم و نیان نه‌بووه له به‌رانبه‌ر هاوڵاتیاندا. ئه‌و ڕق و قینه‌یه‌ی له شه‌قامی کوردی‌دا شهپۆلدادات، ده‌کرا زه‌بر و زهنگیكێ گه‌وره‌تری له‌به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا به‌رهه‌م بێنایه. ئاخر له کۆمه‌لگای کوردستاندا، ئا و کاره‌با نییه. له هه‌ر شوێنێکی دیکه‌ی دنیادا وا بووایه، حکومه‌ت ناوی له کوله‌که‌ی ته‌ڕیشدا نه‌مابوو. به بڕوای من خه‌ڵکی کوردستان و گه‌نجانی کوردستان هێشتا هیچییان نه‌کردووه. من لایه‌نگری زه‌برو زه‌نگ نیم له گشتییه‌تی خۆیدا. به‌لام هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌ک ڕق و تووڕه‌ییه‌کانی خۆی ده‌بێ به جۆرێک له جۆره‌کان بێنێته‌ده‌ر. ئه‌و زه‌بر وزهنگهی له که‌لار و هه‌ڵه‌بجه‌دا به‌کار هات، پێداویستییه‌کی زه‌رووری ته‌ندروستبوونی کۆمه‌ڵگایه. ده‌سه‌لات ده‌بێ سوپاسگوزار بێت که تووره‌بوونی گه‌نجان و جه‌ماوه‌ری کوردستان، له‌م ئاسته‌دا کۆتایی هات. ئه‌گه‌ر چی من به‌رپرسییارێتی گه‌وره ده‌خه‌مه سه‌ر شانی ده‌سه‌ڵات، به‌لام ده‌شکرێ لێره و له‌وێ تووڕه‌یی گه‌نجان ئه‌و ئاڕاسته‌یه به خۆوه بگرێت. هه‌ر له به‌ر ئه‌و هۆکاره ساده‌یی که گه‌نجن و رۆحی یاخیبوون له گه‌نجدا هه‌میشه له پێشه‌وه‌یه.
ده‌سه‌ڵات ویستوویه‌تی گه‌نج به چ ئاڕاسته‌یه‌کدا به‌رێ، ئه‌ی ئایا ڕۆشنبیران ئه‌رکییان چییه بۆ ئاڕاسته‌کردنی گه‌نج به شێوه‌یه‌کی باشتر، ئایا ڕۆشنبیرانی ئێمه ئه‌م کاره‌یان کردووه تا ئێستا؟
له ئه‌وروپا ئاسان ده‌توانیت سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت له‌به‌رانبه‌ر مناڵ و گه‌نجاندا ببینیت. سیاسه‌تێک هه‌یه ناوی سیاسه‌تی منداڵ و گه‌نجه. ئێمه له کوردستاندا، سیاسه‌تێکی له‌و جۆره‌مان نییه، ئه‌گه‌ر چی وه‌زاره‌تێکی به ناوی وه‌زاره‌تی لاوانه‌وه هه‌یه، به‌لآم زیاتر سه‌رقاڵی ئاهه‌نگگێڕان و کردنه‌وه‌ی یانه‌یه‌کی بلیارد یان هه‌ندێ شتی زۆر که‌م بایه‌خن. به‌لام له ڕێگای ڕێکخراوه کانی لاوانه‌وه، سه‌ر قاڵی کێشکردنی ئه‌وانه بۆ ژێر ڕکێفی ده‌سه‌ڵاتی خۆیی و تا ئێستاش سه‌که‌وتوو نه‌بووه. به بڕوای من، له پهراوێزهوهنانی سه‌رتاپای خواسته‌کانی خه‌ڵکی کوردستان، سیاسه‌تێکی ڕه‌سمی و ڕانهگهێنراوی ده‌سه‌لات بووه. ده‌سه‌لات ج سیاسه‌تێکی له‌به‌رانبه‌ر کرێکاراندا ڕاگه‌یاندووه، جگه له بێده‌نگییه‌کی ته‌واو و سپاردنی هێزی کاری ئه‌وان به بازاڕێکی بێ یاسا، چی بۆ ژنان کردووه، چ سیاسه‌تێکی ڕاگه‌یاندووه کاتێک په‌ره‌مێز بووه به جه‌للادی ژنان. ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی له به‌رانبه‌ر گه‌نجاندا کردوویه‌تی، کردنه‌وه‌ی ده‌رگا خهتهرناکانی سه‌فه‌ره له‌به‌رده‌م ئه‌واندا. گۆڕینی سه‌رتاپای ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی ئینسانی ئێمه‌یه به مه‌مله‌که‌تی چاوه‌ڕوانی و خه‌وبینین به شوێنێکی تره‌وه. له فیلمی قه‌نده‌هاردا، کاتێک یه‌کێک له پاڵه‌وانه‌کانی فیلم ده‌یه‌وێ خواستی هاوڵاتییه‌کی ئه‌فغانی ده‌رببرێت و له‌به‌رانبه‌ر پرسیاری ئه‌وه‌ی که له ژیر سایه‌ی تاڵه‌باندا، چی ده‌خوازیت، ئاوا وه‌ڵامده‌داته‌وه:” تاڵه‌بانه‌کان هێنده ڕووبه‌ره‌کانی ژیانیان بچووککردۆته‌وه، که ئینسان ئاره‌زه‌ووی ئه‌وه ده‌کات ببێت به مێرووله. ئاخر له چاوی مێرووله‌وه ته‌ماشاکردنی شوێنی ژیان،کاتێک هێنده بچووککراوه‌ته‌وه بۆ ئینسان، ده‌کرێ که‌مێک گه‌وره‌تر بێته به‌رچاو.” بچووککردنه‌وه‌ی خواست و ئاواتاکانی ئینسانی کور دواتریش ئاواتخواستن بۆ بوون به مێرووله، سیاسه‌تی هه‌تا ئیستای ده‌سه‌ڵاتی کوردی بووه. ڕۆشنبیران چی‌یان کردووه؟ هه‌ندێک کارییان کردووه. ڕۆشنبیرانی ئیسلامی بانگه‌وازی گه‌نجان ده‌که‌ن بگه‌ڕێنه‌وه باوه‌شی ئایین و له خوادا ڕێگای سه‌ر لێشێوانی ئه‌مڕۆییان بدۆزنه‌وه. سه‌فی ڕۆشنبیرانی دژهجههلیش که کاریگه‌رییه‌کی زیاترییان له‌سه‌ر گه‌نجانی ئێمه هه‌یه، پێیانوایه، ده‌بێ مه‌مله‌که‌ته‌کانی جه‌هل کهشفبکرێن و مێشکمان ڕۆشنبکرێته‌وه، ئه‌و کات بجوولێین. ئه‌وان شۆڕشی خۆیان له‌به‌رانبه‌ر جه‌هلدا ڕاگه‌یاندووه و پێیانوایه ده‌سه‌لات جاهیله. به‌ڵام ده‌سه‌لاتی کوردی به ئاگاترین ده‌سه‌ڵاتێکه که مه‌عریفییانه و ئاقڵانه کارده‌کات. ئاخر له فراوانکردنی ده‌سه‌ڵاته‌کانی جههلیشدا، سیسته‌مێکی ڕاتسیۆناڵ له کاردایه . له فهوزاترین سیسته‌مه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی دنیادا، سیسته‌مێکی عه‌قڵانی کارده‌کات تا فه‌وزا به‌رقه‌رار بێت. ئه‌م سهفه له ڕۆشنبیرانی کورد، له باشترین حاڵه‌تدا، ڕۆڵێکی ته‌واو پاسیفیستانهیان بینیوه و ئاڵوگۆڕی ڕیشه‌یی ناو کۆمه‌ڵگایان سپاردووه به ڕۆشنکردنه‌وه‌ی عه‌قڵه‌کان. له کاتێکدا، زۆربه‌ی زۆری ئه‌م رۆشنبیرانه، فه‌رمانبه‌ر و مووچه‌خۆری ئۆرگانه ئه‌ده‌بی و ناوه‌نده‌کانی ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردین. به‌وه‌ی که ڕۆشنبیری کورد، ده‌نگی جۆراوجۆری تیایه، کارکردنیان به‌و ئاڕاستانه‌دا بووه، که ئینتیما جۆراوجۆره‌کانیان، بۆی دیاری کردوون..
ڕه‌خنه، یاخیبوون، داهێنان، سێ خاسییه‌تی گه‌نجن. تۆ جه‌ند له‌م خاسییه‌تانه له گه‌نجی کورددا ده‌بینیت.
یاخیبوون، خه‌سڵه‌تێکی زۆر سروشتی و کۆمه‌ڵایه‌تی گه‌نجه. خودی کۆچی گه‌نجان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ده‌کرێ وه‌ک جۆرێک له یاخیببون سه‌رنجی بدرێتێ. ڕه‌خنه، نه‌ک به مانا، ڕۆشنبیرییه‌که‌ی، به‌ڵکو به مانا پراکتیکییه‌که‌ی ئاماده‌ییه‌کی هه‌میشه‌یی گه‌نجی کورده. بێگومان ئه‌ویش به حوکمی ئه‌و دۆزه‌خه قاندراوه‌ی گه‌نج خۆی تیا ده‌بینێته‌وه. داهێنان، له باری کولتورییه‌وه، من ناتوانم فه‌زایه‌ک ببینم و بڵێم ئه‌وه شوێن په‌نجه‌ی کولتوری گه‌نجه. له ئه‌وروپادا، زۆر ئاسان ده‌کرێ له مۆسیقا و کایه جۆراوجۆره‌کانی دیکه‌ی کولتوردا ئاماژه به کولتوری گه‌نج بدرێت. به‌لام لای ئێمه، زۆر ئه‌سته‌مه. تۆ دیقه‌ت به له بواری گۆرانیدا، هیچ جیاوازییه‌ک نا‌بینیت له نێوان گۆرانی ترادیسیۆنی کوردی و گۆرانی گه‌نجاندا.
ئایا گه‌نجی ئێمه توانیویه‌تی پرسیار دروست بکات، ئه‌گه‌ر توانیویه‌تی بۆچی نه‌یتوانیوه گۆڕانکاری بکات؟
به بڕوای من هه‌له‌بجه‌و که‌لار، دوو پرسیاری زۆر گه‌وره‌ی گه‌نجی کوردستان بووه له به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا. دوو پرسیار که گرنگتینیان سووتاندنی مۆنیۆمێنتی هه‌له‌بجه بوو. تا ئێستاش رۆشنبیرانی کورد ده‌ستییان بۆ موقه‌ده‌سترین به‌هاکانی ده‌سه‌ڵاتی ناسیۆنالیزم نه‌بردبوو. له هه‌ڵه‌بجه‌دا گه‌نجان کردیان. پرسیاری سووتاندنی مۆنیۆمێنتی هه‌له‌بجه ئه‌وه بوو که ئێمه ده‌بینه‌وه خاوه‌نی قوربانییه‌کانی خۆمان و نامانه‌وێ که‌س بازرگانی به جه‌سته‌ی کوژراواکانی ئیمه‌وه بکات. که‌لار پرسیاری جێگا و ڕێگای زیندووه‌کانی دوای ئه‌نفال بوو له هاوکیشه‌ی کولتوری مهرگپهرهستی ده‌سه‌ڵاتدا. به‌ڵام بۆ گۆرانکاری نه‌کردووه، به بڕوای من کراوه. به‌لام سه‌مه‌ره‌کانی ئێستا ناکرێ بچنرێته‌وه.
په‌یوه‌ندی گه‌نجی کورد‌و ده‌سه‌ڵات چۆن ده‌بینیت؟
پێموایه وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌م له سه‌ره‌وه داوه‌ته‌وه.
گه‌نج و ڕاهاتن له‌سه‌ر خواردنه‌وه کهولییه‌کان و مادده بێهۆشکه‌ره‌کان بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه، که‌مته‌رخه‌می کۆمه‌ڵگا یان نا به‌رپرسیارییه‌تی ده‌سه‌ڵات؟
هه‌ندێ کرده‌وه هه‌ن ناکرێ ته‌نها یه‌ک وه‌ڵام هه‌ڵبگرن. به بڕوای من ئه‌گه‌ر بڵێم هۆکارێکه بۆ خۆمه‌ستکردن و بیربردنه‌وه‌ی ژیانێکی تاڵ ، ڕاستم نه‌وتووه. چونکه هه‌مان دیارده له ناو گه‌نجانی ئه‌وروپاشدا هه‌یه و که‌مترین جێگاش بۆ فاکته‌ری بیربردنه‌وه‌ی ژیانێکی ناخۆش وه‌ک فاکته‌ری خواردنه‌وه‌ی گه‌نجان باسده‌کرێ. به‌شێکی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ تاقیکردنه‌وه‌ی ئه‌و سنوورانه‌ی که پڕۆسه‌ی گه‌وره‌بوون و دروستبوونی شوناسی “بوون به پیاو” فه‌رزی ده‌کات. خواردنه‌وه، ناردنی زه‌نگێکی گه‌نجانه‌یه که ئیتر من منداڵ نیم و پێدهنێمه سنووری گه‌وره ساڵانه‌وه. به‌شێکی فشاره‌کانی گروپی ده‌وروبه‌ر فهرزیدهکا ت و نه‌خواردنه‌وه به ترسنۆک له قه‌ڵه‌مدان و نه وێران سه‌رنجده‌درێت له لایه‌ن گروپی ده‌وروبه‌ره‌وه. سنووره‌کانی خۆدوورخستنه‌وه له کۆنترۆله‌کانی گه‌وره‌ساڵان ، هه‌ندێک جار به عه‌نته‌رییاتی سه‌یر ته‌واو ده‌بێت، که ته‌نها که‌سی گه‌نج توانای ئه‌نجامدانی هه‌یه. ده‌کرێ له ڕۆژگارێکی دیکه‌دا به چاوێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه ته‌ماشا بکرێت که چی کراوه و چی نه‌کراوه. له په‌یوه‌ند به مادده بێهۆشکه‌ره‌کانه‌وه، پرسیاره‌که ئاڵۆز تره و ده‌بێ کۆمه‌ڵگا ئاماده‌یی ته‌واوی بۆ ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ئه‌م گرفته هه‌بێت. به بڕوای من، له هاوڕێیه‌کی نزیکه‌وه تا ئه‌وانه‌ی دی که به‌ده‌وری که‌سی دووچاربووی ئه‌م کێشه‌یه‌وه هه‌ن، به‌رپرسیارێتییان له‌سه‌ر شانه. به‌ڵام به‌رپرسیارێتی گه‌وره ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه که ده‌بێ پلانی ڕۆشنی هه‌بێ بۆ ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه.
ئایا ململانێی نه‌وه‌ی کۆن و نه‌وه‌ی نوێ له کۆمه‌لگای کوردی‌دا هه‌یه؟
به بڕوای من شتێکی له‌و جۆره بوونی نییه. به تایبه‌ت کاتێک نه‌وه‌ی نوی مه‌به‌ست له گه‌نجان بێت، ئه‌گه‌رچی چه‌مکی نه‌وه ده‌کرێ کۆمه‌ڵێک ته‌مه‌نی جۆراوجۆر له خۆ بگرێت. من له وه‌ڵامی پرسیاری یه‌که‌مدا ئاماژه‌م به کولتوری باڵاده‌ست دا له کوردستاندا و پێموایه، زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستان، به‌ها جۆراوجۆره‌کانی ئه‌م کولتوره‌یان له وشیاری و ناوشیاری خۆیاندا هه‌ڵگرتووه. کاتێک قسه له‌سه‌ر ململانێیه که سه‌رخه‌ته گرنگه‌کانی ئه‌م جیاوازییانه ڕۆشن بن. ده‌کڕی یاخیبوون و درکاندنی هه‌ندێ شت له ئاستی فه‌ردیدا لێره و له‌وێ بوونی هه‌بێ، به‌ڵام نه بووه‌ته پڕۆژه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی.
له‌م سه‌رچاوانه‌ی خواره‌وه کهڵکوهرگیراون
*Barndomens historia, Philippe Ariés, 1973 Gidlunds
*Ett nytt paradigm i synen på barn och barndom, Bodil Rasmusson
*Självskador och självmord bland barn och unga, Maria Leijonhielm