وه‌ك عاده‌تی، له‌خه‌و هه‌ستانی كۆڵان و
نان خواردن و
چوونه سه‌ركار
یان دانیشتن، هه‌ردوو ده‌ست تووند له‌ئه‌ژنۆدا
له‌پاڵ سێبه‌ری بن دیوار
ئه‌م شار و گووندانه‌ی ئێمه
هه‌مووساڵێك، بۆ چه‌ند جارێك
كۆچ ده‌كه‌ن و
رێگای کێوان ده‌گرنه به‌ر.
هه‌موو ساڵێك
هه‌موو جارێك
رادیۆیه‌ك تووند ده‌شیرێنێ و
به‌ر له‌وه‌ی خۆی شار جێبێڵێ، بانگمان ده‌كات:
هۆ خه‌ڵكی شار
ئێمه ده‌ڕۆین، ئێوه‌ش هه‌موو به‌دواماندا
ده‌چینه‌وه سه‌ر هه‌مان ڕێگای ساڵی پار
له‌لێواری هه‌مان شیودا
منداڵێكی ته‌مه‌ن یه‌ك ساڵانه‌ی خۆمان
ده‌ده‌ین به‌ده‌م شه‌پۆله شێته‌كانه‌وه
له‌پاڵ هه‌مان پیره‌داردا
چه‌ند شه‌وێك له‌به‌ر باراندا سه‌ر خه‌وێكی لێ ده‌شكێنین
به‌لای هه‌مان گاشه به‌ردا تێ ده‌په‌ڕین
قاچ ده‌خه‌ینه‌وه ناو هه‌مان كۆنه چاڵی
مینی پێرار
ده‌گه‌ینه‌وه سه‌ر لێواری هه‌مان سنوور
هه‌مان سه‌رباز ده‌مانبینێ
له‌گه‌ڵ هه‌مان دراوسێكانی خۆماندا
له‌سه‌ر تاكه كولێره‌یه‌ك
ده‌ست ده‌خه‌ینه گه‌رووی یه‌كتر
پاشان به‌هه‌مان ڕێگادا
ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ ناو شار.
ئاخ له‌م گوێچكه به‌مس ئاخنراوه‌ی ئێمه
هیچ نابیستێ
هه‌موو ساڵێك
هه‌موو جارێك
كه‌ماڵه‌كان به‌جێدێڵین
ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌كان ده‌ڵێن:
“ده‌بێنه نه‌ئێكی گه‌وره و تووند داخراو
بۆ جارێك شه‌رم بتانگرێ
زۆر ئاسان، مه‌مان كه‌نه‌وه
هاژه‌ی شی‌و، به‌ده‌نگی شه‌پۆل
به‌سه‌رمانا ده‌قیژێنێ:
نامه‌وێ شه‌پۆله‌كانم زیاتر شێت بن
ده‌با ئیتر ئه‌مجاره‌یان دوا كۆرپه بێت
پیره‌دار به‌ده‌نگێكی له‌رزۆك:
نامه‌وێ له‌به‌ر باراندا، به‌سه‌ر لاشه‌ی شه‌ڵاڵتانا
به‌م چاوه كزانه‌مه‌وه، ئیتر جارێكی تر بگریم
دراوسێكه‌یشم پێم ده‌ڵێ:
بۆ ئه‌وه‌ی ئیتر بۆ دواجار
ده‌ستمان له‌یه‌خه و گه‌ردنی یه‌ك بێته‌وه
ئه‌مساڵ فه‌رده‌یه‌ك ئاردی تر
له‌گه‌ڵ خۆماندا هه‌ڵده‌گرێن
ئاخ له‌م گوێچكه به‌مس ئاخنراوه‌ی ئێمه
له‌زمانی په‌نجه‌ره ناگات
توڕه‌یی شه‌پۆل نابیستێ
گریانی هیچ پیره‌دارێ ناخی ناله‌رێنیته‌وه.
19960922
یۆتۆبۆری