لێره بووم كه هاتن
كاروانێك گۆرانی دڵته‌نگ بوون
بێره‌دا، به به‌رچاوی خۆمدا تێپه‌ڕین
من ده‌نگی ئاوازی ئه‌وانم
به‌گیانم هه‌ڵمژی
من ترپه‌ی پێیانم
له‌گوێما هه‌ڵكه‌نی
به‌ڵام ئاخ
چاوانم بۆ كوێر بوون
بۆ شوێن پێی كاروانم دیار نییه و
كام ده‌ستی ساحیر هات سڕییه‌وه
تا ئاوا لێم وون بوو!
هۆ خۆری سه‌ر سه‌رم
هه‌ر ئێستا لێره‌وه تێپه‌ڕین
تۆ و هه‌وریش لێره‌بوون
سه‌رنج به، بزانه
تۆ شوێن پێی كاروانی گۆرانیم هه‌ڵناگری
” له‌ده‌نگی ئاوازی قه‌تاریان
سه‌رسام بووم
بۆ ساتێك
هه‌ر هێنده‌ی هه‌ناسه‌ی تیشكێكم
له‌مه‌ستی گۆرانی ئه‌واندا
چاوانی خۆم داخست
هه‌ر هێنده‌ی هه‌ناسه‌ی تیشكێكم
چاوانم كرده‌وه
لێم وون بوون”
هۆ هه‌وری سه‌ر سه‌رم
سه‌رنج به، سۆراخێ
مه‌گه‌ر تۆ كاروانمت نه‌بینی؟؟
“من چه‌تری سه‌ریان بووم
لێره‌وه، به‌نیگای شه‌ونمی چاوانم
ده‌مبینین
به‌ڵام ئاخ
هه‌ر هێنده‌ی گه‌یشتینه مه‌ڵبه‌ندی بێ هه‌ور
هه‌ر هێنده‌ی گه‌یشتینه، مه‌ڵبه‌ندێك كه من خۆم
ناتوانم به‌سه‌ریا تێ په‌ڕم
هه‌ر هێنده‌ی گه‌یشتینه، سنووری بیابان
له‌چاوانم وون بوون”
لێره بووم، كه هاتن
به‌به‌رچاوی خۆمدا تێپه‌ڕین
به‌ڵام ئاخ، تا ئێستاش
نه من و
نه هه‌ور و
نه‌خۆریش
یه‌ك شوێن پێی كاروانمان
نه‌دییه‌وه و
نازانم، هه‌ر سێكمان
هه‌مان كات، بۆ كوێر بووین؟؟
19950715
یۆتۆبۆری