ئه‌مشه‌و ده‌چمه شه‌قامی ئه‌ڤینیی
له‌ناو پڕووشه‌ی به‌فردا
له‌سووچێكی كتێبخانه‌ی گشتی شاردا
له‌به‌رانبه‌ر
په‌یكه‌ره به‌ردڕه‌شه‌كه‌ی “كارین بۆی”دا
ڕاده‌وه‌ستم.
پێی ده‌ڵێم:” واهاتوومه لات
هۆ شیعره به‌خه‌به‌ره‌كه‌ی ، سه‌ر شه‌قامی خه‌ولێكه‌وتوو
ئه‌مشه‌و به‌فر
شانۆی سپی شیعری منه و
تۆش گوێگرێكی شیعری شه‌و”
له‌سووچێكی ئه‌م جیهانه له‌دایك بووم
ناویان نام كورد
كه‌چی له‌شوناسنامه‌كه‌میان نووسی عه‌ره‌ب
له‌سه‌رووی ئه‌و ڕووباره‌وه‌ی
كه به به‌ر ماڵه‌كه‌ماندا تێده‌په‌ڕی
كرام به‌توورك
له‌سووچێكی تری ئه‌م دنیایه
ناویان لێ نام، په‌ناهه‌نده
هه‌ندێگ بانگمده‌كه‌ن غه‌ریب
ڕه‌نگی قژم
نیگای چاوم، ئه‌وانیش ناویان لێ‌نرا.
من هه‌موو شه‌وێك له‌جه‌نگدام
جه‌نگی سڕینه‌وه‌ی ناوه‌كانم
جه‌نگی سڕینه‌وه‌ی لیستی شوناسنامه‌كانم
جه‌نگی وه‌رگرتنه‌وه‌ی شوناسنامه سه‌ره‌تاییه‌كه‌م؛ ئینسان.
كه‌چی هه‌ر هێنده‌ی خۆر هه‌ڵهات
هه‌ر هێنده‌ی، رێم بكه‌وێته ده‌ستگایه‌ک له‌ده‌ستگاكانی ده‌وڵه‌ت
هه‌ر هێنده‌ی داوای كارێ بكه‌م
ناچار ده‌كرێم به‌ده‌ستی خۆم
ناو و
شوناسنامه‌كانی دوێنێ شه‌وم بنووسمه‌وه.
ئاخ ئه‌م جه‌نگه‌ی من و
شوناسنامه‌كانم كه‌ی دوایی دێ
ناوه‌كانم هه‌میشه له‌زیادبووندان
كه‌چی خۆشم هه‌ر یه‌ك كه‌سم
ئاخ، تۆ بڵێی
له‌م جه‌نگه‌ی من و شوناسنامه‌كانمدا، كێ ببه‌زێ؟!
نێوانی باڵكۆنی من و دراوسێكه‌م
به‌قه‌ده‌ر درێژی وشه‌ی سه‌لامه، ئه‌گه‌ر منداڵێك بینووسێ
كه‌چی هیچ پێوانه‌یه‌ك نییه پێم بڵێ چه‌ند دووره؟
ئاخر، ته‌نها یه‌ك ئاڵامان له‌به‌یندایه
ئاڵایه‌ك، لێم بۆته پۆلیس و
داوای پاسپۆرت له وشه‌كانم ده‌كات
ئاڵایه‌ك
گۆرانییه‌كانمانی له‌یه‌كتر كردۆته غه‌ریب
گه‌رچی به‌یه‌ك نۆته‌ی مۆسیقا ده‌نووسرێن
ئاڵایه‌ك
گوڵه‌كانی ناو ئینجانه‌ی باڵكۆنه‌كانمانی كردۆته غه‌ریب
گه‌رچی پێكه‌وه له‌به‌ر باران ته‌ڕ ده‌بن
ئاڵایه‌ك
ڕوخساری كورسییه‌كه‌ی ئه‌و دیوی وه‌رگێڕاوه و
له‌پشتی كورسی به‌ولاوه، كورسییه‌كه‌م چیتر نابینێ
ئاڵایه‌ك
خۆم
قه‌ڵه‌مم
ته‌نانه‌ت ده‌رگای ماڵه‌كانیشمانی له‌یه‌كتر كردۆته غه‌ریب
ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ
“ویلهێم مۆبێری” بژییایه
من ده‌بوومه ڕۆحێكی تازه بۆ وشه‌ی
هه‌وێنی سه‌دان چیرۆكی قه‌ڵه‌می ئه‌و
ده‌مووت: گه‌وره‌م ئه‌وه‌تانێم
ئه‌وه من و
هه‌وێنی سه‌دان چیرۆكی هێشتاكه له‌دایكنه‌بوو
ئه‌وه سه‌رم
بێ ئه‌وه‌ی خه‌ونی ڕه‌نگینی بخوێننه‌وه
ڕه‌نگی قژی ده‌خرێته ژێر پرسیاره‌وه
ئه‌وه چاوم
نه‌فره‌ت له‌ڕه‌نگی خۆی ده‌كا و
به‌لینسی شین، نیگاكانی خۆرهه‌ڵاتیی حه‌شار ده‌دا
ئه‌وه ناوم
هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی له‌كارگه‌ی ڕۆحفرۆشتندا
شوێنێك بۆ خۆی بكاته‌وه
وه‌كو ده‌رپێی كیژۆڵه‌یه‌كی سۆزانی
چۆن له‌به‌ر خۆمم داكه‌ند و
تووڕم هه‌ڵدا
ده‌مووت: هاوڕێم
زنجیره‌ی” كۆچكردووه‌كانت” هێشتا له‌سه‌ره‌تادایه
هه‌ر هێنده‌ی قه‌ڵه‌م ببزوێ
چیرۆكه‌كانی سه‌رم
قژم
ناوم، چاوم، دوای نایه.
کارین بۆێی: شاعیرێکی تازه‌گه‌ری به‌ناوبانگی سویده
ویڵهێم مۆبێری: نووسه‌ری کۆمه‌ڵه ڕۆمانی “کۆچکردووه‌کان”ی سویده که مێژووی کۆچی به کۆمه‌ڵی هاوڵاتییانی سویده بۆ ئه‌مریکا
19960920
یۆتۆبۆری