ده‌رگای ماڵی شیعری من
ئه‌مشه‌و ئێجگار به‌تووندی، كه‌وته به‌ر زرمه‌ی لێدان
زانیم ده‌ستی ژانێكی نائاسایی شه‌وانه و
هاتووته به‌ر ماڵی من
قه‌ڵه‌مم هه‌ر به‌پێوه لای ده‌رگادا ڕاوه‌ستا
بۆ پێشوازی له‌میوان
بینیم وا قوشته‌په‌یه و
چه‌ند كورته چیرۆكێكی
قیژه‌و زریكه‌ی كیژی، چوارده‌ساڵی خۆی هێنا.
وا سلێمانیش ڕۆمانی “له‌قائمه‌كه‌دا بوون”
گرتووه به‌ده‌ستیه‌وه و
خستییه سه‌ر ڕه‌فه‌ی به‌شی ژانه‌كانی ژان دارک و
زولفا و
ئه‌نجێلا و
به‌یان
باینجات هات، هه‌ولێر هات
بۆ پێشانگای چه‌مه‌ری، ئه‌م ڕسته كوژراوانه
چه‌ندین تابلۆی قریشكه و
چه‌ندین شیعری كوژراوی
قامیشه‌لانی یاخی، جه‌نگه‌ڵی شاریان هێنا.
پێشانگایه‌كم بۆ تابلۆ و
ڕسته‌ی هه‌موو په‌رتووكه‌كان، ئاماده‌كرد.
ده‌فته‌رێكم،
بۆ یاداشتی بینه‌رانی پێشانگاكه
ئاواڵه‌كرد.
زۆر شه‌قام و
زۆر شارۆچكه‌ی كوردستان‌م
بۆ بینینی، بانگه‌واز كرد.
ئه‌مشه‌و ده‌فته‌ری یاداشتی بینه‌رانم ده‌خوێنده‌وه
تیای نووسرابوو:
“تۆ خۆت، وه‌ك ئه‌مانه حیزی
یان شانه‌یه‌كی نهێنی تابووری پێنجی رژێمی”
(ک ناوێك)
“له‌گشت وشه‌و وێنه‌كانا
چاوانی پڕ له‌پرسیاری كیژۆڵه‌ی خۆمم بینی
به‌ڵام سه‌د ئاخ
نه له‌ڕه‌نگی ئاڵ و گه‌شی تابلۆكاندا
نه له‌پاڵ ته‌رمی رسته‌دا
لووله و
په‌نجه و
په‌له پیتكه‌ی چه‌كه‌كانی، نیوه شه‌وانم نه‌بینی”
(باوكێك)
“ناوێرم هیچ شتێك بنووسم
ده‌ترسم هه‌ر ئه‌وانه‌ی وا
ئه‌م دۆزه‌خی ترس و بیمه‌یان بۆ ژنان داخستووه
بیخوێننه‌وه
له‌سه‌ر سووچی كۆڵانێكدا
یان له‌ناو كورپه‌كانمدا
جه‌سته‌ی منیش ساردكه‌نه‌وه”
(ئافره‌تێك)
“له‌كوردا زۆر حه‌پسه‌خان و
قه‌ده‌م خێر و
چه‌ندین خانزاد هه‌ڵكه‌وتووه
جێگای ئا ئه‌م حه‌شه‌رییانه
هه‌ر شوێنێك بێت، بێگومان به، ئێره نییه”
” (یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان)
“ئه‌وه‌ی ئه‌مانه‌ی كوشتووه،
هه‌ر له‌م دنیا
به‌هه‌شتی ژێر پێی دایكانی “به‌شه‌ره‌ف”ی
بۆخۆی مسۆگه‌ر كردووه”
(موسڵمانێك)
“ئه‌م پێشانگایه، زلله‌یه
له‌په‌نا گوێی ئه‌و چاوانه‌ی
به‌چاویلكه‌ی ناو گه‌ڵه‌وه، ژانی هه‌ژاری و
نه‌داری و
خۆشه‌ویستی، گشت ئینسانێك ده‌خوێننه‌وه”
(كرێكارێك)
شیعر: ئه‌مڕۆ ده‌تنێرمه‌وه
به‌رگی خاكیت له‌به‌رناكه‌م
نه‌چه‌كت ده‌ده‌مه ده‌ست و
نه به‌فیشه‌ك بارت ده‌كه‌م
ده‌تنێرمه شه‌ڕێكی گه‌وره، شه‌ڕی هه‌ر ئه‌و ڕاوكه‌رانه‌ی
هه‌ر ئێستاكه
له‌شاره‌كه‌ی دارستاندا
چه‌ندین دایك و بێچووی تریان، ته‌ماڵكردووه.
ئه‌وان زۆرن
به‌قه‌د ژماره‌ی فرمێسكی، چاوه‌كانی كوڕه‌وه‌که
له‌شكری وشه‌ی ڕۆژنامه و
وتاری به‌بێ سانسۆر و
چه‌ندین زرێپۆشی چاپی، پۆشته‌و په‌رداخیان لا هه‌یه
چه‌ندین ستۆدیۆی ڕه‌نگینی
شتنه‌وه‌ی وێنه‌ی ئاوه‌ژووی
ڕوخساری من، ڕوخساری تۆ
رووخساری ئه‌ویان لا هه‌یه
شه‌ڕێكه ڕه‌نگه فیشه‌كی زیندووی تیا به‌كار نه‌هێنرێ
به‌ڵام ده‌ستڕێژی جنێو و
زۆنگاوێك له‌تف و له‌عنه‌ت
له‌كه‌میندایه، چاوه‌ڕێ.
ده‌زانم پێت ده‌ڵێن: وه‌ره، با ژه‌مێكیش سواری تۆ بین
به‌ڵام بڕۆ
ئه‌وه‌ش بڵێم: هه‌ر خۆت نیت كه‌چوویته ئه‌وێ
ئه‌وه زۆر وشه‌ی فه‌رهه‌نگی كارخانه‌كان
زۆر ویژدانی به‌خه‌به‌ری، دڵه هێشتا نه‌مردووه‌كان
له‌گه‌ڵ مێژوو
گشت له‌وێن و ده‌ڵێن وه‌ره!
ئه‌مشه‌و به هه‌ولێردا ڕه‌ت بووم
له‌شێخه‌وڵا
قه‌ڵه‌مێكی شه‌لاڵی خوێن
به‌شه‌له شه‌ل ڕێی پێ گرتم
سه‌رنجمدا، ناسیمه‌وه
چه‌ند ساڵێكی به‌ر له‌ئێستا
له‌جه‌ژنی له‌دایكبوونی عه‌بدولخالقی ڕاستیدا
له‌گه‌ڵیدا دانیشتبووم
له‌پاش سڵاو، ڕووی تێ‌كردم:
“هه‌موو په‌نجه‌كانمیان شكاند
من ناتوانم، ئه‌و كتێبه‌ی ده‌ستمدایه
ته‌واوی كه‌م
ته‌نها داوام لێت ئه‌وه‌یه
ئه‌م دارستانی هاوار و قریشكانه‌ی
شه‌وان زامم پڕ خوێن ده‌كه‌ن
وه‌ك پاشكۆی ژماره (یه‌ك)ی
كتێبه‌كه‌م تۆمار بكه‌یت!
گه‌ر توانیشت
به‌نهێنی بۆم چاپ بكه‌یت”
له‌وێ ڕه‌ت بووم
له‌به‌رده‌م كۆشكی چه‌ند قاتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا
هه‌ردوو چاوم
بوون به نیشانه‌ی پرسیار و
قه‌ڵه‌میشم، بوو به‌نیشانه‌ی سه‌رسوڕمان.
شووشه‌كانی چاویلكه‌كه‌م
بۆ چه‌ند جارێك پاك كرده‌وه
چی ده‌بینم؟!
ئای هه‌ولێر چه‌نده داماوی
بۆ تا ماوی
هه‌روه‌ك شارێكی هێشتاكه، تۆزی مێژووی سه‌رده‌مه‌كان
له‌شانی خۆ نه‌ته‌كاندوو
خۆت ده‌نوێنی
هه‌تا دوێنێ هه‌ر لێره‌دا
تۆ كۆمه‌ڵێك قه‌ره قۆزت، له‌ناو خۆتا ڕیز كردبوو
كه به‌غدا ده‌می بڕیاری ده‌كرده‌وه
ئه‌مان لێره
كێچی جووڵه، ده‌كه‌وته كه‌وڵی له‌شیان و
ده‌میان كاوێژی هه‌ر هه‌مان ڕسته‌ی به‌غدای
ده‌كرده‌وه
ئای هه‌ولێر، چه‌نده داماوی
ئه‌وه كۆشكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه
یان هۆبه و هه‌واری تازه‌ی
ئه‌بو جه‌هله‌كانی كوێستان
ئه‌وه نییه
هێشتا فریشكه‌ی ژێر گڵی
ده‌ورو به‌ری ده‌واره‌كان، هه‌ر ده‌نگی دێ.
ئه‌وه نییه
مه‌نسوری حه‌للاجی ڕاستی، به‌زنجیر‌ی بڕیارێكی
“دار الندوه”ی ژێر ده‌وارت، په‌لبه‌ست ده‌كرێ
ئای هه‌ولێر چه‌نده داماوی
ئه‌وه كۆشكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه
یان هۆبه‌و هه‌واری ڕه‌شی
قوڕه‌یشییه‌كانی پێش ئیسلام
قوڕه‌یشییه‌کانی دوای ئیسلام
یان قوره‌یشییه نوێیه‌كانی، ئه‌مڕۆی سه‌ر خاكی كوردستان؟!
ته‌ماڵ: ساتی به‌دیكردنی نێچیره له‌لایه‌ن ڕاوکه‌ره‌وه
له قائیمه‌که‌دا بوون، ده‌سته‌واژه‌یه‌کی تایبه‌تی بوو له‌سه‌ره‌تاکانی کوشتنی ژناندا، خرایه سه‌ر زار و به‌رگوێی هاوڵاتیان
دار الندوه: شوێنی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركرده و پیاوانی قوڕه‌یش بوو.
19930705
یوتوبۆری