هه‌تا دوێنێ، تۆ زه‌مینێكی یه‌خسیر و
سنووركێشراوی ئێره بوویت
سواربووانی پاسه‌كانی كارێزه وشك
ته‌نها چه‌ك و
چه‌ند پرسیاری بێ وه‌ڵام و
چه‌ند هه‌نگاوی
به‌ده‌نگی فه‌رمانی یه‌س یه‌م، هاتووچۆكه‌ریان
تیا ده‌دیت
شه‌وان كاتێ، بینا سووره‌كه‌ی ته‌نیشت
هه‌ر به‌چرپه
داڵ و ئه‌ستێره له‌شانی
ژووره‌كانی سه‌ر سینه‌تی،ته‌یار ده‌كرد
ئیتر هه‌ردوولا به‌جووته
“سری و فه‌وری”، “من‌ع التجول” یان بۆ رێی
هاتوچۆی شه‌قام‌و كۆڵان
گورج ڕێكده‌خست
هه‌ر ئه‌و كاته
تۆ ده‌بوویته توونی بابا و
چه‌ندین ناوی، له‌دڵی دایكا هه‌ڵكۆڵراو
چه‌ندین نیگای هه‌رزه‌كاری
تازه سه‌ری كۆڵان گرتووت
له‌ناو خۆتا گومناو ده‌كرد
ئه‌وه‌تانێ
ئه‌وه ده‌فته‌ری سنگی تۆ
مه‌له‌فێكه و هه‌ر لاپه‌ڕه‌ی
چه‌ندین عاشقی، گه‌ڕه‌كی ناو شاری تیایه
چه‌ندین خورپه‌ی دڕاوی ناو
ده‌فته‌ری شیعرمی تیایه
ئه‌وه‌ته‌ی هه‌یت
تۆ گۆرانیت نه‌بیستووه
شیعرێكت نه‌خوێندۆته‌وه
شانۆگه‌ری: “ده‌ستی ماندووی سه‌ر سكی برسی”ت نه‌دیوه
تا ئێستا تۆ نه‌تزانیوه
جۆگه‌له‌ی فرمێسكی چاوی
منداڵانی دایككوژراو
چه‌نده دڵۆپی هێمنی
ورده پرسیاریان پیا ده‌ڕوا
بۆچی لێوی سفره‌ی زۆربه‌ی ماڵی ناو شار
له‌جێژوانیا
له‌بری سێ جار
ته‌نها جارێك له‌ڕۆژێکدا
لێوی یاری نان ماچ ده‌كات
به‌ڵام ئه‌مڕۆ
به‌هه‌ناسه‌ی ده‌ربه‌ندی هه‌زاران سینه
دووباره شیكرایته‌وه
به‌ده‌ست هه‌زاران سروود
تۆ سه‌ر له‌نوێ شێلرایته‌وه
ئه‌مڕۆ بوویته خاكێكی تر
ئه‌مڕۆ بانگێكی تازه‌تر، له‌سه‌ر زاری ئایاره‌وه
به‌گوێچكه‌ی تۆدا هه‌ڵدرا
من بزانم
تا هه‌ڵپه‌ڕكێ و
شیعر و
ده‌نگ و
گۆرانی نان
له‌م شاره‌دا بچریكێنێ
نابێته‌وه به‌و زه‌مینه‌ی
سه‌وزه گیای سه‌ر سینه‌ی دوێنێت
سامی هه‌بێ و
وه‌ك دڕك و داڵ خۆی بنوێنێ.
حامییه: سه‌ربازگه‌ی گه‌وره‌ی شاری سلێمانییه، كه له‌ناوه‌ڕاستی شاردا قووت كرابۆوه‌وه.
19930616
یۆتۆبۆری