کچەکەم تەمەنی دەساڵە.
ئەو بە سویدی خەو دەبینێ و
بە کوردیش بۆ ڕۆژی دوایی، خەونەکەی دەگێڕێتەوە.
بە ئینگلیزی ستران دەچڕێ و
دوای قوتابخانەش، هەتا زاری جێی وشەیەکی تیا مابێ
بە کوردی لەگەڵما دەدوێ.
کاتێک وشەی تازەی کوردی دێتە بەر گوێ
دەڵێ: ئەمەیان نازانم ، بە سویدی پێم بڵێ یانی چی؟
بەڵام ئەو ڕۆژەی فاتمە هات،
هێور هێور سەرگوزشتەی فاتمەکانی گێڕایەوە
ئەو ڕۆژەی پێلا بەبێ دەنگ، لە گۆڕستانێکی دهۆکدا لێی ڕاکشا
ئەو ڕۆژەی چاوی کامێرای تی ڤی یەکەمان
وێنەی دەسماڵی ڕەنگینی نارینێکی، هێشوویەکی
شارێکی ئەم ئەوروپایەی لە ماڵەکەمدا بەجێهێشت
ئەو ڕۆژە کچەکەم پێیگوتم:
بابە بۆچی پێلا و سارا
بۆچی فاتمە، هێشوو، نارین…. یانی شەرەف؟
بۆچی وشەیەک بە کوردی ئەو هەموو ناوانەی هەیە؟
بۆیە بابە ماندووت ناکەم
پێویست ناکات، بە سویدی پێم بڵێی یانی چی؟
16 نۆڤێمبەری 2002