لەبەردەم ئیستگای پاسێکدا ڕادەوەستم.
بێ دەربایست، لە ڕێبوارانی سەرشەقام.
ئەو دێ و کەمێک لەولامەوە ئیستێک دەکا.
ئاوڕێکی زۆر ئاسایی دەداتەوە و
من بە ڕێکەوت بەدی دەکەم.
لەسەرمەوە تا نووکی پێم ڕادەچلەکێ.
چ هێمنییەک لە چاویدا دەجریوێنێ؟
ئەم ڕووخسارە بەو هەموو ئارامییەوە، بۆ ئارامیم دەشێوێنێ؟
قاچەکانم هەڵمدەگرن، بێ ویستی خۆم بۆلای دەچم.
من پێی دەڵێم: ئەم ڕوخسارە و ئارامییەکەی
بۆ من تەنها لەیەک ساتدا هەست پێدەکرێ.
کاتێک بەدەست شیعرێکەوە
دەگەمە سەر سەری دێڕێ
کاتێک ڕستە، تامەزرۆی عەشقی وشەیە و خەیاڵ خاڵی
کاتێک دەکەومە گەڕانی ناو بۆشایی ناو ناخمەوە و پڕ بێدەنگی
دواتر هەندێک وشە دێن و
هەر کە گەیشتنە سەری دێڕ
کە ڕوخساریانم بەدی کرد
ئارامییەک دەخوێنمەوە، ڕێک وەک ئارامی ڕوخسارت.
لە چاویانا، هێمنی دەدرەوشێتەوە، ڕێک وەک هێمنی ناو چاوت.
لەبەردەمیا ڕادەوەستم.
چاوەڕوان نیم هیچ وەڵامێک وەرگرمەوە.
نەئەوەتا پاسێک بێت و لەبەردەمما هەڵی بگرێ
نە ئەوەتا قاچی خۆیشم، توانای هەبى ڕێگا بگرێ.
کەمێک زەردەیەک دەکات و
بە دەنگێکی زۆر ئارامتر لە ئارامی:
من بەدەست شیعری عیشقەوە، گەیشتوومەتە سەری دێڕێ.
زۆر چاوەڕوانی وشە بووم
بەناو بۆشایی ناخمدا چەندین جاران دەستم گێڕا
بەڵام ئەم ساتی وەستانی بەر پاسە بوو
وشە هات و بە منی وت:
دوودڵ مەبە لەو کەسەی تۆزێک پێش ئێستا تۆ لەلای بووی
ئەو عیشقێکی چاوەڕوانە و هاتۆتە لات.
ئەوە بریسکەی هێمنی وشەی ئەم بڕیارەی من بوو
کە بەچاوما گوزەری کرد.
ئەوە ئارامی عیشقە وا
سەرتاپامی غەرقی خۆی کرد.
25.1.200