هەموو سەری ساڵێک، پەڕەکانی تەمەنم هەڵدەدەمەوە.
ئەگەر هیوام کەمی کردبوو
نیشانەی پرسیار لەسەر سەرم دادەنێم.
ئەگەر یادم، ئازیزترین ئازیزانمی تیاکاڵبووبێتەوە
بە پەنجەی شیعری وەفا، سەرلەنوێ تۆخی دەکەمەوە.
ئەگەر قەڵەمم باڵای کورتر بووبێ و باڵای وشەی لەخۆی کورتر،
هەموو ڕۆژێک پێدەنووسم: ئەی قەڵەم شەرم بتگرێ!
بەڵام ئەی ئەگەر کوانووی خۆشەویستیم ساردبووبێتەوە
ڕوو لە کوێ کەم؟
ئەوسا مەگەر ناوێکی تر، لە ناوی هەموو شتێ بچێ
ئینسان نەبێ
دووبارە بۆ خۆم بدۆزمەوە.
29ی دیسێمبەری 1995