بۆ ئەو ئازیزانەی، هەفتەیەک پێکەوە بووین، هەفتەیەک پێکەنین، کەچی کاتێک لاپەڕەی یادی ڕۆژانی ئەو هەفتەیە نیگادەکەم، تێر تێر دەگریم
.
“ئەوان گەورە بوون وەخەڵکی ئەمڕۆ بوون” *
هەمیشە لە خۆرهەڵاتەوە دەردەکەوتن
بەرە و خۆرهەڵاتیش دەچوون.
ئەوان وەک تیشک، پڕ بوون لە ڕەنگ.
وەک ڕووبار لەسەر سەفەر بوون، لەگەڵ بارانا تەڕدەبوون.
ئەوان پێکەوە دەگەڕان
بەیەکەوە نانیان دەخوارد
لە ئاسمان و ئەستێرەکان، بە تەنیا وورددەبوونەوە.
شەوان بە تەنیا دەخەوتن،
خەونێکیش چاوی گشتیانی، بەیەکەوە دەبەستەوە.
ئەوان وەکو شووشە وابوون،
هەم تیشکیان پیا تێدەپەڕی و
هەم تیشکیشیان دەدایەوە.
ئێواران، لای باخەوانەکەی باخی گشتی لایان دەدا
باسی ئەو چۆلەکانەیان دەکرد کە باخچە دەبێتە شاریان
ئەو باخەوانانەی کە شار دەبێ بە جەنگەڵیان.
لەگەڵ کرێچییەکانی شاردا، بۆ ماڵی بێ کرێ دەگەڕان.
لەگەڵ کچانیشدا بۆ زمانێک ،تیایدا وشەی:”خۆشم دەوێی”
بە ئاسانی دێتە سەر زار.
مناڵانیش هەمیشە بە قەڵاندۆشکانیانەوە بوون.
ئەوان لە بێکاری چاکتر
چیرۆکی شەقامی ساڵ و
پیاسەی پۆلەقاچی ڕۆژیان دەخوێندەوە.
هەستێکی زۆر سەیریان هەبوو
دەیانزانی: ئەو کاتانەی ترپەی دڵی عەرەبانەکان
خەریکە قەفەسەی سنگیان کون کوندەکا
ئەوە شەرە بەڕێوەیە و
هاکا گەیشتە بەردەم دەرگا.
ئەوان هێندە ئاشقی چاوی خۆرەتاو بوون
کە تاریکی بۆ ساتێکیش لەگەڵیانا دانەدەنیشت.
کەچی کونج بە کونج بەدوایەوە بوون.
ناو مزگەوت و
ژێر جامانە
بەناو ڕستەی ئەو دێڕانەدا دەگەڕان
کە تیایدا وشە کوژراوە و بکەر وونە.
ئاخر بۆیەش
هەمیشە لە خۆرهەڵاتەوە دەردەکەوتن و
بەرە و خۆرهەڵاتیش دەچوون.
کەچی ڕۆژێک
بەبەرچاوی هەتاوەوە، لە تاریکیدا وونکران.
بە تاریکی شاردرانەوە.
بەڵا کاتێک ئەوان هاتن، کە بەم گوزەرەدا ڕەتبوون،
هەر بەتەنها خۆیان نەبوون،
ئاخر ئەوان، تەنیا نەبوون.
* ئەو گەورە بوو وە خەڵکی ئەمڕۆ بوو، دێرێکی سهراب سپهری یە